فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

فەڕۆخ نێعمەتپوور نووسەر و رۆژنامەنووس لە ساڵی ١٣٤٤ی ھەتاوی لە شاری بانە، کوردستانی ئێران لە دایکبووە.. خاوەن لیسانسە لە بواری فەلسەفە لە زانکۆی بلیندەرن لە ئۆسلۆ. ئەم نووسەرە لە بواری رۆمان، چیرۆک و وتاری سیاسی و فکری دا چالاکە و گەلێک بەرھەمی لەم بوارانەدا پێشکەش کردووە. ئیستاکە لە وڵاتی نۆروێژ دەژی و بەردەوامە لە کاری نووسین. --- بەرهەمەکان ---- رۆمان: پەڕەسێلکەکانی کۆچ — ١٩٩٨ ساڵەکانی خەون — ٢٠١٠ پێنج سەفەر، وێنەیەک — ٢٠١٣ باڵندەی بریندار، ماسی سەرسام — ٢٠١٤ گوناھی گەورە — ٢٠١٥چیرۆکی شۆڕش — ٢٠١٦سەرۆک — ٢٠١٦خەیاڵاتی بێھودە — ٢٠١٨کاتێک ھاشم لە زیندان گەڕایەوە — ٢٠١٩ماجراهای بابا — (مجموعه داستانهای به هم…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

زەمەن لە گێڕانەوەدا

کات 14/10/1393 41 بازدید

زمانی گێڕانەوە دەکرێ بە گشتی لە سێ حاڵەتدا رووبدات: رابردوو، ئیستا و داهاتوو. ئەگەرچی لە ژێر دوو گروپی رابردوو و داهاتوودا دەکرێ ژێرگروپی تریش هەبێ، وەک داهاتووی دوور و رابردووی دوور.

من لێرەدا هەوڵ دەدەم تەنیا خۆم ببەستمەوە بە دوو گروپی رابردوو و ئیستاوەو بە هێنانەوەی دوو نموونە جیاوازییەکانیان بخەمە روو.

لە زمانی کوردیدا کاتێک باس لە ئیستا دەکرێ، لە راستیدا فۆرمێک بەکاردەبرێ کە بۆ داهاتوویش دەگونجێ. بۆ وینە کاتێک دەڵێین “من دەڕۆم” دەتوانرێ هەم زەمەنی ئیستا بگرێتەوە و هەم داهاتوو:

“من ئیستا دەڕۆم”، “من سبەی دەڕۆم”

وەک دەبینین فۆڕمی وشەی کردار (فعل) هەر هەمانە. لە کاتێکدا ئەم وشەیە بۆ رابردوو دەبێ بە “رۆیشتم”.

بەڵام کاریگەرییەکانی ئەم دوو زەمەنە لە زمانی گێڕانەوەدا چین؟ با لێرەدا بە هێنانەوەی دوو نموونە باسەکە کەمێک کۆنکرێت تر بکەین:

نموونەی یەکەم، لە زەمەنی رابردوودا:

“بلیتەکانمان کڕی و چووین بۆ سینەما. فیلمێکی زۆر خۆش بوو، لەو فیلمانەی باسی شەڕی دووهەمی جیهانیان دەکرد، شەڕ و خۆشەویستی و مەرگ و هومێد وەک هەمیشە چوار بابەتی سەرەکیی رووداوەکان بوون. کتوپڕ لە ریزەکانی دوواوە بوو بە دەنگە دەنگ و هاوار هاوار. کە سەرمان وەرگێڕا، بینیمان دووکەڵێکی خەست لە یەکێک لە دەرگاکانەوە دەهاتە ژوورەوە. خەڵکەکە پەشۆکا و بوو بە راکە راکە. دۆستەکەم لە ترسانا بورایەوە. من لە نێوان راکردن و رزگارکردنی دۆستەکەمدا مامەوە. بە داخەوە زیاتر لە سی کەس بە ئاور و دووکەڵ مردن. یەکێک لەوانە ئەو بوو، دۆستەکەی من! رۆژێکی یەکجار ناخۆش بوو.”

نموونەی دووهەم، هەمان چیرۆک لە زەمەنی ئیستادا:

 “بلیتەکان دەکڕێن و دەچین بۆ سینەما. فیلمێکی زۆر خۆشە، لەو فیلمانەی باسی شەڕی دووهەمی جیهانی دەکەن، شەڕ و خۆشەویستی و مەرگ و هومێد وەک هەمیشە چوار بابەتی سەرەکیی رووداوەکانن. کتوپڕ لە ریزەکانی دوواوە دەبێ بە دەنگە دەنگ و هاوار هاوار. کە سەر وەردەگێڕین، دەبینین دووکەڵێکی خەست لە یەکێک لە دەرگاکانەوە دێتە ژوورەوە. خەڵکەکە دەپەشۆکێ و دەبێ بە راکە راکە. دۆستەکەم لە ترسانا دەبورێتەوە. من لە نێوان راکردن و رزگارکردنی دۆستەکەمدا دەمێنمەوە. بە داخەوە زیاتر لە سی کەس بە ئاور و دووکەڵ دەمرن. یەکێک لەوانە ئەوە، دۆستەکەی من! رۆژێکی یەکجار ناخۆشە.”

بە رای من دوو شت لە کاتی خوێندنەوەی ئەم دوو نموونەیەدا بەرچاون:

یەکەم، کاتێک چیرۆک بە زەمەنی “ئیستا” دەگێڕدرێتەوە، کاریگەری و سریمەی لە سەر کەسی گوێگر زیاترە. لە بەر ئەوەی کەسی بەرامبەر وا هەست دەکا کە بە هۆی زەمەنی گێڕانەوەوە، ئەویش بە جۆرێک لە چیرۆکەکەدا بەشداری هەیە و یەکێکە لە کاراکتێرەکان،

دووهەم، گوێگر هەست دەکا کە بەسەرهاتەکە تەواو نەبووە و کەواتە هێشتا دەکرێ حەقیقەتی تاڵی مەرگی دۆستەکە و لاوازیی ئەشق، دوو راستی سەلمێندراو نەبن و گۆڕانیان بە سەردا بێت. واتە لە شێوازی دووهەم دا هێشتا هومێد بە گۆڕانکاری هەیە و مردن کۆتایی چیرۆکەکە نیە.

هەڵبەت وەک گوترا بە هۆی فۆڕمی هاوبەشی “ئیستا” و “داهاتوو” لە زمانی کوردیدا، گوێگر ئەو سەرنجەیشی تێدا دروست دەبێ کە رەنگە ئەمە چیرۆکێک بێت کە بەڵێنە لە داهاتوودا رووبدات و بۆیە ئەندێشەی بەرگری کردن لە روودانی کارەسات تێیدا پێک بێت. بە گشتی ئەگەرچی گوێگر دەزانی کە چیرۆکەکە سەرەڕای بە کاربرانی فۆڕمی ئێستا لە راستیدا رووی داوە و ئیدی تەواو بووە، بەڵام جوڵەیەکیشی (لە فۆڕمی ئەندێشە) تێدا پێک دێت بۆ کردەیەک لە پێناوی گۆڕینی حەقیقەت.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *