فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

چیرۆکی کوردی هێشتا نرخی خۆی پێنەدراوە، بۆیە دەقە باشەکانیش دەتوانن لەگەڵ لە دایکبوونیاندا بمرن

کات 22/03/1398 1,361 بازدید

یەکێک لە دەنگە دیارەکانی ژانری چیرۆکی ئێمە کە تاڕادەیەک لە دونیای تایبەت و بێدەگی خۆیەدا کار دەکات چیرۆک نووس(فەڕۆخ نێعمەتپوور)ە. کە بەم دواییانە دوو بەرهەمی نوێی بڵاوکردەوە. کە پێکهاتبون‌ له‌ رۆمانێک بە ناوی 'خەیاڵاتی بێهوودە' و کۆمەڵە چیرۆکێک بە ناوی 'دەستەکلیل' دەربارەی چیرۆک بەگشتی و کێشەکانی چیرۆکی کوردی لەم دیدارەدا ڕاو سەرنجەکانیمان وەرگرت.

چیرۆکی کوردی هێشتا نرخی خۆی پێنەدراوە، بۆیە دەقە باشەکانیش دەتوانن لەگەڵ لە دایکبوونیاندا بمرن

هاوڵاتی ـ چیرۆک یه‌کێک له‌ کۆنترین ژانره‌کانى ئه‌ده‌به‌ که‌ هه‌میشه‌ مرۆڤ له‌ قۆناغه‌ جیاوازه‌کاندا چ به‌ زاره‌کى یان به‌نووسین هه‌وڵى گێڕانه‌وه‌ى داوه‌، عه‌تا محه‌مه‌دیش ده‌ڵێ “ئه‌وه‌ى مرۆڤى له‌ فه‌وتان ڕزگارکرد گێڕانه‌وه‌بوو” ده‌پرسم گرنگى چیرۆک و گێڕانه‌وه‌ بۆ مرۆڤ چین؟

ـ برووسکە ڕستەکان هەمیشە بە هۆی تیژبوونیان لە گەیاندنی مانا، جێگای سەرنجن، بەڵام هەر بەو شێوەیە دەتوانن جێگا بە یەک لەق کەن و یەکتر بسڕنەوە. برووسکەڕستەکان، چونکە پشت ئەستور بە بەڵگە نین و زیاتر هەلێنجراوی زەینی نووسەرن دەتوانن یەکجار فرەچەشن بن. جا هەر بەم پێیە، لە مانایەکی ئاوەژوودا، دەتوانین بڵێین “ئەوەی مرۆڤی فەوتان گێڕانەوە بوو!”

رەنگە پێت سەیر بێت ئەمە دەڵێم، بەڵام زۆر جێگای سەرسووڕمانیش نیە، چونکە زۆر جار مرۆڤ لە رێگای گێڕانەوەکانەوە بەرەو دۆزەخ راپێچکراوە. بۆ وێنە لە بواری ئایدیۆلۆژیا دونیاییەکاندا سەیری فاشیزم بکە. فاشیزمی ئاڵمانی گەلێک چیرۆکی جوانی لەسەر مێژووی نەتەوە هۆنییەوە و لێرەوە ئاڵمان و گەلی ئاڵمانی بەرەو کارەساتێکی مێژوویی پاڵ پێوەنا. یان لە بواری ئایدیۆلۆژییە ئاسمانییەکان، بڕوانە ئەو چیرۆکانەی دینی یەهوود بۆ باوەڕدارانی خۆی دەیانڵێتەوە و بزانە یەکێک لە دەرکەوتەکانی کارەساتی گەلی فەلەستین و ئەو شەڕە بێکۆتاییەیە مێژووی نوێی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست داگیرکردووە.

ئەمەم وت نەک لەبەر ئەوەی رستەکەی عەتا محەممەد رەدبکەمەوە، نا، بێگومان ئەو رستەیە لە خۆیدا و لە گۆشەنیگایەکی ترەوە خاوەن مانایەکی پوزەتیڤ و جوانە، بەڵام ویستم پێ لەسەر ئەوە دابگرم کە گێڕانەوە لە بەربڵاوترین مانای خۆیدا دەتوانێ دیاردەیەکی ترسناکیش بێت وەک هەموو دیاردەکانی خوڵقاوی دەستی بەشەر. بۆیە ئێمەی نووسەر نابێ زۆر خۆمان بە هونەرەکەمانەوە بابدەین و پێمان وابێ خاوەنی خاوێنترین کەرەسەین وەها کە دەتوانێ مرۆڤایەتی رزگار بکا.

کەواتە گێڕانەوە لەخۆیدا پارادۆکساڵە.

بەڵام ئەوەیکە چیرۆک یەکێک لە کۆنترین ژانرەکانی ئەدەبە، دەبێ بلێم کە ئەم پێناسەیە زۆر دەقیق و ورد نیە. لەبەر ئەوەی چیرۆک لە راستیدا ژانرێکی مودێڕنە و خۆی جیادەکاتەوە لەوەی سەردەمی کۆن کە بە حەقایەت و ئەفسانە ناوبانگی دەرکردبوو. چیرۆکی مودێڕن خاوەن کاراکتێری کۆمەڵایەتییە، موتیڤ و پێوەندی (علت ـ معلول)ی تیا رچاو کراوە و هەندێ تایبەتمەندیی تریش. راستە لە حەقایەت و ئەفسانەدا رەگی گێڕانەوە هەیە، بەڵام نەفسی ئەمە ئەم دووانە ناکا بە یەک. (هەڵبەت لە چیرۆکی ئەمڕۆدا مەرج نیە ئەو پێناسانەی وا باسم کرد توخمی سەرەکیی چیرۆک بن.)

چ حەقایەت و ئەفسانە و چ چیرۆک ئەوە دەسەلمێنن مرۆڤ هەمیشە مەیل و حەزی گێڕانەوەی هەبووە. رەنگە گێڕانەوە یەکەمین شێوازی مرۆڤ بووە بۆ تەعبیر لە ژیان، لە بوون و لە دونیا. ئەو کاتانەی هێشتا بیرکردنەوە بە شێوەی ئەبستراکت باو نەبووە، گێڕانەوە رۆڵی گرینگی لە بەماناکردنی ئەو دیاردە ئاڵۆزانە هەبووە وا لە دەرەوەی مرۆڤ، واتە لە دونیای دەورووبەری بینیویەتی. گێڕانەوە شێوازێک بووە بۆ ناسین و بۆ تێگەیشتن لە دونیا و رووداوەکانی. کەواتە چیرۆک میتۆدێکی ناسینە، رێک وەک زانست و فەلسەفە. سەیر ئەوەیە دوواتر بە هاتنە ئارای زانست و فەلسەفە و بە گشتی زانستە مرۆییەکان، قەت گێڕانەوە (بەمانای مودێڕنی خۆی چیرۆک) پاشەکشەی نەکرد و بەردەوام لە پاڵ ئەو جەمسەرانەی تردا رێگای بڕیوە. بگرە هەندێ جار لە هەندێ دۆخدا پشکی شێریشی بەرکەوتووە.

بەڵام دەبێ بڵێم کە ناکرێ هەموو پێناسەکە لەسەر ناسین خڕبکەینەوە. لەبەر ئەوەی چیرۆک سەر بە بەشی هونەر و ئەدەبە، هەڵگری هەستی مرۆڤیشە و لێرەوە توخمێکی تری وەک پێناسە پێ زیاد دەبێ کە جیای دەکاتەوە لە زانست و لە فەلسەفە. چیرۆک هەڵگری دونیای چیرۆکنووسە، ئەگەرچی باسی دونیا دەکا. چیرۆک بەرهەمی لێککەوتنی دونیای دەرەوە و دونیای دەروونییە. شێوازێکە بۆ بینینی جیهان بەو شێوازەی چیرۆکنووس دەیەوێ. ئەم نیازەیش لەوێوە سەرچاوە دەگرێ کە مرۆڤ هەمیشە لە خولیای داڕشتنەوەی جیهانی دەرەوە بە شێوازی دڵخوازی خۆی بووە. واتە مرۆڤ لێرەدا رۆڵی خوڵقێنەر دەگێڕێ. وەک خودا. بەڵام خودایەکی زەمینی. چیرۆک سەرلەنوێ داڕشتنەوەی جیهانە، جا چ جیهانی دەرەکی و چ ناوەکی.

هاوڵاتی ـ واته‌لبنیامین ده‌رباره‌ى گێڕانه‌وه‌ ده‌ڵێت “ڕه‌نگه‌ له‌ داهاتوودا که‌سمان نه‌بێت تواناى گێڕانه‌وه‌ى هه‌بێت” ئه‌م قسه‌یه‌ تاچه‌ند په‌یوه‌ندى به‌ کاریگه‌رى ته‌کنه‌لۆژیاوه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌ده‌ب و به‌تایبه‌ت چیرۆک و گێڕانه‌وه‌، ئایا له‌ ئێستادا مه‌ترسى نه‌مانى کاریگه‌رى چیرۆک بۆ دونیاى مرۆڤه‌کان هه‌یه‌؟

ـ بەڕای من گێڕانەوە هەمیشە وەک نیازێک دەمێنێتەوە و هیچ دۆخێک ناتوانێ بیکوژێ. رەنگە لاواز بێت، بەڵام نامرێ. مەگەر تەکنەلۆژیایش بەردەوام کەڵک لە گێڕانەوە نابینێ؟مەگەر نوێترین فیلمەکان پشت ئەستور بە گێڕانەوە نین؟ مەگەر کایە دیجیتاڵییەکان پشت ئەستور بە بەسەرهاتێک نین؟ مەگەر لە جیهانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئێمە هەموو رۆژێ بەسەرهاتەکان ناخوێنینەوە؟ بێگومان، بەڵام هاوکات دەبێ دان بەوەدا بنێین کە رەنگە گێڕانەوە گەورەکان ئیتر وەک جاران لە دوو توێی کتێبەکاندا حوزوریان نەبێ. رەنگە بزربوونی رەوایەتە گەورەکان (وەک پۆستمودێڕنەکان باسی دەکەن) تەنیا بەرۆکی بە ئایدیۆلۆژیاکانی نەگرتووە و بەڵکو بەرۆکی گێڕانەوەیشی گرتووە. بە رای من گێڕانەوە وەک هەمیشە فۆڕم دەگۆڕێ. وەک چۆن لە حەقایەت و ئەفسانەوە بوو بە چیرۆک، ئاوایش دەتوانێ ببێ بە شتی تر. کەواتە ژیانی لەگەڵ ژیانی مرۆڤە.

هاوڵاتی ـ له‌ ئێستادا چیرۆکى مۆدێرن و شێوازى گێڕانه‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ى پشت به‌ ته‌کنیک ده‌به‌ستێت هێنده‌ گوێ به‌ ڕه‌گه‌زو ئامرازه‌ و بنه‌ماکانى تر نادات که‌ له‌ پێکهاته‌ى بونیادى چیرۆکدا پێویستن. که‌ به‌بڕواى هه‌ندێک ئه‌مه‌ کارى له‌ چێژى گێڕانه‌وه‌ کردووه‌. ئێوه‌پێتان وایه‌ مۆدێرنێته‌ تا چه‌ند زیانى له‌ بنه‌ماکانى چیرۆک و گێڕانه‌وه‌ داوه‌ له‌ ئێستادا؟

ـ چێژ، دیاردەیەکی مێژووییە، واتە بە گوێرەی دۆخ و نەریت شێوازی تر بە خۆیەوە دەگرێ. نە مرۆڤی سەردەمی شکسپیر دەتوانێ ئەو چێژە لە شانۆی سەردەمی نوێ ببینێ و نە مرۆڤی ئەم سەردەمە هەمان چێژ لە شانۆی سەردەمی شکسپیر. ئاساییە بونیادەکان، یاخود توخمەکانی گێڕانەوە گۆڕانیان بەسەردابێت. وە هەمیشەیش چێژ لەگەڵ ئەم گۆڕانانە خۆی دەگۆڕێ.

من وا تێدەگەم کە مەبەستی تۆ لە چیرۆکی مودێڕن، چیرۆکی پۆستمودێڕنە. ئەگینا چیخۆفیش چیرۆکنووسێکی مودێڕنە و تەنیا پشت بە تکنیک نابەستێ. کەواتە ئەو دیاردەی تۆ باسی لێدەکەی دیاردەی زیاتر پۆستمودێڕنە تا مودێڕن.

منیش پێم وایە چیرۆکی باش ئەو چیرۆکەیە کە باڵانس و یەک وەزنییەک لە ناو هەموو توخمەکانی پێکهێنەریدا هەبێ (دیارە ئەم توخمانە لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی تر گۆڕانیان بەسەردا دێت). تەنیا تکنیک ناتوانێ خوڵقێنەر بێت، تکنیک بە تەنیا رۆحی چیرۆک کە بریتییە لە گۆشەنیگای تایبەتی چیرۆکنووس سەبارەت بە رووداوێکی تایبەت، دەکوژێ و وەک پۆڵای ساردی لێدەکا. گێڕانەوە لەهەر حاڵەتێکدا دەبێ گەرمییەکی تیا بێت کە ئەمەیش تەنیا ئەو کاتە دروست دەبێ چیرۆکنووس رووداوەکان لە دەروونی خۆیەوە گوزەر بدا و مۆرکی خۆیانی لێبدات. واتە دەبێ لە گەڵیان بژی. نووسەر گەر ئەمە نەکا تەنیا دەبێ بە راگوێزەری وشە ساردەکان و بەس.

هاوڵاتی ـ ئه‌گه‌رچى له‌ دونیادا چیرۆک قۆناغه‌کانى به‌ره‌و پێشچوونى زۆر بڕیوه‌و زۆر گۆڕانکارى به‌سه‌ردا هاتووه‌. به‌ڵام تا ئێستاش چیرۆکى کوردى له‌ قۆناغه‌کانى کلاسیک و تا ڕاده‌یه‌ک پێش مۆدێرن دا له‌ شێوازى گێڕانه‌وه‌ى ته‌قلیدى باو و زۆر که‌م به‌ چیرۆکى جوان به‌ ئاست و ته‌کنیکى نوێ ده‌که‌وین، ئێوه‌ هۆکارى ئه‌مه‌ بۆچى ده‌گێڕنه‌وه‌؟ کێشه‌کان له‌ گێڕانه‌وه‌ى چیرۆکى ئێمه‌دا چین؟

ـ من زۆر لەگەڵ ئەم رایە نیم. چیرۆکی کوردی بەڕای من تا رادەیەکی زۆر نەدۆزراوەتەوە، پیش لەهەر شتێک بە هۆی نەبوونی رەخنەگری شارەزا و باشەوە. دەق گەر خوێندنەوەی لەسەر نەکرێ و بە شوێن چاپبوونی بەرهەمدا نەبێتە جێگای گفتوگۆ ئەوا دونیای ئەدەب نازانێ چی نووسراوە و چی کراوە. چیرۆکی کوردی خاوەن دەقی باشە، بەڵام بێ ناز کەوتووە. چیرۆکی کوردی لە دونیایەکی ئاڵۆزدا دەژی. دەقەکان لە دایک دەبن بە بێ گفتوگۆ و رەخنە لەسەریان و بۆیە کەس نازانێ ئەدەبی کوردی لە بواری چیرۆکدا لە کوێدا راوەستاوە. بەڕای من چیرۆکی کوردی هێشتا نرخی خۆی پێنەدراوە و بۆیە دەقە باشەکانیش دەتوانن لەگەڵ لە دایکبوونیان بمرن، مەگەر ئەوەی لە داهاتوودا نەوەیەکی بە مشوورتر بێت و ئاوڕێکی جددییان لێبداتەوە.

هاوڵاتی ـ هه‌ندێک له‌ نوسه‌ران ده‌ڵێن ئه‌وه‌ى به‌ چیرۆک ده‌ى نوسین ده‌توانین بیکه‌ینه‌ ڕۆمان و ئه‌وه‌ش به‌ ڕۆمان ده‌ى نوسین ده‌توانین بیکه‌ینه‌ چیرۆک، تا چه‌ند له‌گه‌ڵ ئه‌م بۆ چونه‌ن؟ ئایا کارى وا ده‌کرێت؟

ـ چیرۆک دەتوانێ ببێ بە رۆمان، بەلام رۆمان ناتوانێ ببێ بە چیرۆک. رۆمان ناتوانێ ببێ بە چیرۆک پێش لە هەر شتێک بەم هۆکارانە:

ـ زۆریی وشە و رستەکان،
ـ زۆربوونی کاراکتێرەکان،
ـ کردنەوەی بەردەوامی جیهانە نوێیەکان لە ناو دەقی رۆماندا،
ـ سەرئەنجام ئەگەری هەبوونی گێڕەرەوەی زۆر لە دەقی رۆماندا.

بەڕای من ئەوانەی بەم شێوازە لەسەر چیرۆک و رۆمان دەدوێن، ئاگاداری جیاوازییەکانی ئەم دوو ژانرە نین. رەنگە ئەوان ‘تێم’یان لا بەرجەستە بێت بۆیە وا دەڵێن، بەلام خۆ تێم Theme تەنیا رەگەزەی پێکهێنەری رۆمان و چیرۆک نیە.

هاوڵاتی ـ چۆن له‌ چیرۆکى ئێستاى کوردى ده‌ڕوانن؟ پێتان وایه‌ ئه‌ده‌بى گێڕانه‌وه‌ى ئێمه‌ له‌ کوێى دونیادایه‌؟ ئه‌توانین بڵێن چیرۆکى کوردى خاوه‌ن سه‌بک و تایبه‌تمه‌ندێتى خۆیه‌تى؟

ـ  پرسیارێکی قورسە و ئەمە لە راستیدا کاری رەخنەگرە. وەک ئەنجامی خوێندنەوەکانی خۆم دەتوانم بڵێم کە چیرۆک و رۆمانی کوردی، چونکە پشت ئەستوور بە بەرهەمی ریالیستی و رۆمانتیکی باش نیە بە تووش کێشەوەیە. سەیری سەدەی نۆزدە بکە. سەدەی نۆزدە سەدەی نووسەرە گەورە ریالیستی و رۆمانتیکیەکانە لە ئۆرووپا و لە رووسیا. ئەوان لە سەر ئەو بنەمایانە شۆڕش دەکەن و دەگەنە ئەدەبی سەدەی بیست و کۆتایی سەدەی بیست.
دیارە مەبەستم ئەوە نیە ئێمە دەبێ بگەرێینەوە ئەو سەردەمە و بەو شێوازە بنووسین، بەڵام ریالیزم هەمیشە بەرگی گۆڕیوە و وەک دەشزانین یەکێک لە بنەماکانی ئەوەیە کە نووسەر دەبێ زانیاری زۆری لەسەر کۆمەڵگاکەی خۆی هەبێ بۆ ئەوەی بتوانێ دەقی ریالیستی پێشکەش بکا. بەلام داخۆ نووسەری ئێمە خاوەن ئەو زانیاریانەیە؟ من کە بۆ خۆم گومانم لەمە هەیە. من لام وایە چیرۆکنووسی ئێمە لە رۆمان و چیرۆکیش وەک شیعر دەڕوانێ و بۆیە دەقەکانی زیاتر دەروونین و کەمتر خوێنەر بە رووداوەکانی دەرەوە، ئەو رووداوانەی وا خوێنەریش دەتوانن خۆیانی تیا ببیننەوە، گرێ دەدا.

بەڵام سەرەڕای هەموو کەم و کوڕییەکان من دڵخۆشم بە ئایندەی چیرۆکی کوردی. بەو مەرجەی نووسەرەکەی خۆی لە جیهانی شیعر راپسکێنێ!

وتووێژ لەگەڵ فەڕۆخ نێعمەتپوور
سازدانی: شاخەوان سدیق
چاپ1: رۆژنامەی هاوڵاتی
چاپ2: کتێبی چێژی گێڕانەوە

«چێژی گێڕانەوە»، وەشانخانەی نووسیار، سلێمانى۲۰۱۹

دوو روخسار، چەند مانایەک لە نێواندا

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *