فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

ژیان بەردەوامە

کات 08/04/1399 1,343 بازدید

براگەورەکەم شاعیر بوو. وەک بۆخۆی دەیگوت لێدانەکانی سەردەمی منداڵی باوکم و تووڕەبوونەکانی باوەگەورە و مەزڵومییەکەی دایکم ببوونە هۆکاری شاعیریەتییەکەی. ئەو کە نزیکەی سی ساڵ تەمەنی بوو و هێشتا بە دزییەوە جگەرەی دەکێشا، لە ژوورەکەی دادەنیشت و لە کاتێکدا دەفتەرەکەی بەباوەشەوە دەگرت، بە قەڵەمە ‘بیگ’ە رەشەکەی بە وتەی خۆی شیعرە نەمرەکانی دەنووسی.

یەکێک لە شیعرەکانی ئەمە بوو:

منداڵیی من

لە کۆڵانێک بەجێما

خۆڵاوی

بە کۆمەڵێک منداڵ و

لەتێک نانی بە ڕۆن و…

حەزێک

کۆڵانێک رووەو رۆژئاوا

ئەو کۆڵانەی هەموو رۆژێک

مشتێ گەنمی خەیاڵم تیا دەچەند

بە تەمای گەورەبوون

تا رۆژێک

بەڵکو لە گەنمەجاڕەکانی گەورەیی

بۆنی نان و

بۆنی ژیان و

بۆنی… داهاتوو بکەم.

برا گەورەکەم عادەتێکی سەیری هەبوو. کاتێک شیعری دەگوت، یاخود وەک بۆخۆی دەیگوت کاتێک ئیلهامی بۆ دەهات، بە دەنگی بەرزیش بە دەم نووسینەوە دەیخوێندەوە. باوەگەورە کە لە ژوورەکەی تەنیشتی دادەنیشت و ساڵانی ساڵ بوو کاسبی نەدەکرد و بە تەمای پارە و یارمەتیی کوڕەکەی، واتە باوکی براگەورەکەی شاعیرم بوو، بە دەنگی بەرز لە کاتێکدا تەسبێحە دەنک قەزوانییەکەی هەڵدەسووڕاند، هاواری دەکرد: “تڕحێو!”

بەڵام براگەورەکەم مکوڕ بوو. گوێی بە تڕحێوەکان نەدەدا و بەردەوام بوو لەسەر بەزەمینی کردنی ئیلهامەکان و وەک بۆ خۆی دەیگوت بەتەمای “بۆنی نان و بۆنی ژیان و بۆنی… داهاتوو” وازی لە رەشکردنەوەی لاپەڕە سپییەکان نەدەهێنا.

من کە زۆر عەقڵم بە دنیا نەدەشکا، لام سەیر بوو کە براگەورەکەی شاعیرم چلۆن بە سی ساڵ تەمەنەوە هیشتا خۆی وەک مرۆڤێکی گەورە نەدەبینی و بیری لە رۆژێک دەکردەوە کە بەڵێن بوو بێت.

باوەگەورە دەیگوت “کەرە و بێگومان چووەتەوە سەر یەکێک لە باو و باپیران!” کە ئەویش بۆ خۆی نەیدەزانی کێیە. منیش لام وایە ئێمە کتومت لەیەکێک دەکەین لەو کەسانەی وا لە رابردوویەکی دووردا ژیاوە. کەسێک کە بەردەوام لە ئێمەدا دەژی و واز لە ژیان ناهێنێ. رەنگە ئێمە تەنیا بۆ خەیاڵکردن پێمان نابێتە ئەم دونیایەوە. خەیاڵکردنی کەسانی تر لە رێگای ئێمەوە.

برا شاعیرەکەم عارەقیش دەخواتەوە. کە سەرخۆش دەبێ پلکە لێدەدا و بە دەنگی بەرز گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک دەڵێتەوە. جاری وایە هەڵدەستێتە سەرپێ و قونیشی بۆ بادەدا. دووکەڵی جگەرەکەی لالێوی وەک دووکەڵی ئاگری سوورپێستەکان لە کاتی پێش جەنگدا پێچ و لوول دەخوا و بەرەو ئاسمان دەبێتەوە. رەنگە دوژمنێک لەو دوورانەوە بیبینێ و خۆی بۆ جەنگێکی نەخوازراو ئامادەبکا. گەر بە جوانی لەبیرم مابێ پێم وابێ تووتن و پەڕە بوو دەکێشا. باوەگەورە دەڵێ “ئەوە دیسان لە گووەکەی خواردووەتەوە…” من کە نازانم ئەم رستەیە پرسیارە یاخود رستەی هەواڵە، بە خۆم دەلێم رەنگە هەر دووکیشیان بێت. باوکیشم گوێی ناداتێ و دەڵێ چاوی دەرێ! دووادیمەن گۆشەی تەڕی لەچکەکەی دایکمە کە ئەوەندە کۆنە و ئەوەندەی شۆردووەتەوە لەچکەکە چیتر ناتوانێ ئاو و فرمێسک لێک بکاتەوە.

یەکێک لەو ساڵانە وا براگەورەکەم بەردەوام بوو لە شیعروتن تیایا، باوەگەورە داوای ژنی کردەوە. مامم پێی گوت عەیبە و خۆ ئەوەندە نیە دایکم (یەعنی دایەگەورەی من) مردووە. گوتی جگە لەمە تۆ تەمەنت گەڕاوەتەوە و عەیبە و دەبینە قەشمەجاڕی خەڵکی. بەڵام باوەگەورە هەر دوو قاچەکانی خستبووە ناو یەک پێڵاوەوە و سووربوو لەسەر ژن هێنان. سەرئەنجام لە گوندێکی سەر سنوور پیرەژنێکیان بۆ دۆزییەوە کە تەنیا بیست ساڵ لە خۆی بچووکتر بوو. شەوی گواستنەوەی بووکێ براگەورەکەم یەک بتڵ ئارەقی خواردەوە و لە پشت پەنجەرەی ژووری پەردە تا بەیانی گریا. باوکم سوێندی خوارد ئەمساڵ نا، ساڵێکی تریش نا بەڵکو پێنج ساڵی تر ژنی بۆ بێنێ. برا شاعیرەکەم لە خۆشیا ئەو رۆژە چوو لە جیانی تووتن و پەڕە پاکەتێک وینستۆنی ئامریکایی ئەسڵی کڕی و ئەوەندەی لا بەتام بوو کە تا نیوەڕۆ هەمووی کێشا. من کە تازە ناوی سەرەتانم بیستبوو، بە کاوەخۆ لێی نزیک کەوتمەوە و گوتم ئاگات لەخۆت بێت سەرەتان دەگری و بە ژووری پەردە ناگەی! براشاعیرەکەم بە نیگا خەمگینەکانی لای لێکردمەوە و بە بزەیەکی تاڵەوە یەک بە خۆی دەنگی هەڵبڕی: “لە سینەی قەبران هاوارە، حاکم بمدا لە سێدارە، دەستهەڵگیر نیم لەو یارە!”

بۆ شەو من میزم کرد بە خۆما.

باوکم کە ئەم هەواڵەی بیست گوتی کەمەری شلە دەبێ بۆی سفت کەینەوە. من کە ماوەیەک بوو نیگام زۆر دەچووە سەر سینگ و سمت و لار و لەنجەی کچان و پێم وابێ سمێلیشم تازە بە گوتەی باوەگەورەم گووگرە ببوو، شەوێکیان باوکم کەمێک تریاکی بۆم هێنایەوە و پێی کێشام. من کە کەمەرم سفت ببوو و هەستم بە ئازایەتییەکی سەیردەکرد لە سەر لاشان لێی پاڵ کەوتم و لە کاتێکدا بەردەوام مژم لە حەیاتەکە دەدا دەستم کرد بە گوتنەوەی گۆرانییەکانی محەممەد کەمال: “کەشتییەکی وێڵ لە دەریای تووشا، تۆ بڵێی رۆژێ بگاتە کەنار”. ئەوەندەی پێ نەچوو باوە گەورە زرم زرم بە مشت بە دیوارەکەی نێوان ژوورەکەی ئێمە و خۆیدا کێشا و قیڕانی “دیسان گووەکە!” باوکم بۆ ئەوەی باوەگەورە ناڕاحەت نەبێ توورەکەیەکی هێنا، بۆ ئەوەی نەخنێکم دوو کوونی تێکرد و گوتی لە ناو ئەمەدا گۆرانی بڵێ. کە لە گۆرانی وتن بوومەوە، هەر لە ناو توورەکەکەوە لە باوکمم پرسی داخۆ کەمەر سفت و سۆڵ بۆچی تر باشە؟ باوکم گوتی کوڕم بۆ شتێکی تریش باشە کە جارێکە زووە تۆ بیزانی. گوتم خۆ کاکم دەیزانێ بەکەڵکی چیهات؟ باوکم کە تەواو تێکچووبوو هەستایە سەرپێ، رووی لە پەنجەرەکە کرد و یەک بە خۆی هاواری کرد “دەمت داخە گوو بخۆ!”

من کە هەستم دەکرد بە تێپەڕینی کات هەتا دێت، لە شاعیری بەدەر، زیاتر دەچوومەوە سەر کاکم، ئێوارەیەکیان چوومە ژوورەکەی و لێم پرسی لای وانیە ئەو شیعرەی بە سەر منداڵی و کۆڵان و نان و شتەکانی تردا هەڵیداوە بەهەڵە گوتوویەتی، داخۆ ئەمە هۆکاری بە ڕەبەن بوونەکەی نیە؛ گوتم داخۆ ئەمە هۆکاری ئەوە نیە باوکم و باوە گەورە ژنیان بۆ نەهێناوە. گوتم وا باشتر نەبوو لە جیانی کۆڵانی رووەو رۆژئاواو و گەنمەجاڕەکانی گەورەبوون و شتەکانی تر رێک بچووایەتە سەر بابەتەکە بەڵکو فکرێکیان بەحالیان بکردایە و ئیستا چوار ناڵ بەرەو چلەکانی تەمەن بێهوودە لە غاردان نەبووایە. گوتم لای وانیە باوەگەورە بەو تەمەنەی خۆی و بگرە هەر زۆر زوو لە دووای مردنی دایەگەورە زوو ژنی هێنایەوە تەنیا لەبەر ئەوەی شاعیر نەبوو؟

برا شاعیرە بەستەزمانەکەم بێدەنگ بوو. هەروا لە ناوچاوانمی دەڕوانی. سەرئەنجام غیرەتم دا بە خۆم و گوتم لات وانیە ئەو ئاوەی تۆ رشتووتە منیش خۆبەخۆ قاچم تێناوە و منیشی گرتووەتەوە.

سەرئەنجام وەک بڵێی لە خەوێکی قووڵ خەبەری بووبێتەوە، گوتی: “وادیارە شیعرەکەت بە جوانی لەبیر نەماوە. من لەوێ باسی شتەکەم کردووە. لەوێ وشەی ‘حەز’م هێناوە و بگرە لە دووادێڕیشدا دیسان زۆر بە روونی باسم لێکردووە. ئەها ئەو دێڕەی دەڵێ ‘بۆنی… داهاتوو بکەم…’، گوتم کوا لەم دێڕەدا باست کردووە، مەبەستت چییە؟ گوتی ئەو سێ خاڵە کە لە پێش ‘داهاتوو’ هاتووە ئەو شتەیە وا من مەبەستمە!

ئەو شەوە پێش خەوتن شیعرەکەم هێنایەوە و جارێکی تر بە جوانی خوێندمەوە. من جگە لە حەزی مرۆڤێک کە لە نێوان منداڵی و گەورەییدا دێت و دەچێ و سەرئەنجام دەیەوێ گەورە بێت چی ترم نەدۆزییەوە. گەورەبوونێک کە خۆی دەشارێتەوە.

حەک کە شاعیرەکانیش چەندە گەمژەن! نازانم بۆ پارووەکە لە پشتەوە دەبەن بۆ دەمیان! رەحمەت لە گۆڕت باوەگەورە، ئیستا مابای بێگومان سێهەمی و چوارەمیشت حەڵاڵ دەکرد… رەحمەت لە گۆڕت،… نۆشی گیانت بێت!

دەرەوە مانگەشەوە. کوننەپەپوویەک دەخوێنێ. گوێم لە باوێشکەکانی باوکمە. دایکم چەند رۆژێکە لەچکێکی تازەی سپی بەدیاری بۆ هاتووە. ئاگام لێیە ئەو شەوە دیسان براگەورە شاعیرەکەم شیعری دێتەوە. دەفتەر و قەڵەمەکەی هەڵدەگرێتەوە و بە لاجانگە سپییەکانییەوە خۆی بە ژوورە هەمیشەییەکەیدا کە رەنگی ئەوی گرتووە، دەکاتەوە. هەر لەو کاتەدا باوەگەورە و نەنکە زڕەکەیشم بە لەرەلەر خۆیان بە ژوورەکەی خۆیاندا دەکەنەوە. بۆ تڕحێوێکی تر،… ئەمجارە باوەگەوەرە تەنیا نیە.

منیش لەگەڵ ئەوەی لەگەڵ ژووری باوەگەورە دراوسێ نیم، بەڵام گوێم لێیانە. تڕحێوەکان سنووری دوو دیواری خانوویەکی قەدیمی دەبەزێنن و دەگەنە منیش. تڕحێوێکی دوو قۆڵی. من تەنانەت گوێم لە دەنگی راکردنی قەڵەمەکەیشە بەسەر لاپەڕەکاندا.

ژیان بەردەوامە.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ، ، ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *