فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

هەتاوفرۆشی

کات 23/04/1399 1,372 بازدید

ژیان کتوپڕ زۆر سارد هەڵگەڕا. دەرەوە بوو بە زەمهەریر. ژیان سپی سپی دەدرەوشایەوە. چاوەکان بەر بەفرکەوتن و بیناییەکان کزبوون. روومەتەکان پەڵەیان خست. برینیان گرت. برینەکان تەقین و کێم و زوونی سوور و رەش لێیان بەربووەوە و تکا. کچەکان چیتر روویان نەبوو بێنەدەرەوە. کۆڵانەکان ئەوەندەی تر بێدەنگ بوون.

بڕیارمدا دووکانێکی تازە بکەمەوە. مەگەر نەک ئەوەیکە بەگوێرەی وەرز کەسابەتیش دەگۆڕدرێ. سەرەتا بڕیارم دا دووکانی فرۆشتنی نەوت بکەمەوە، دوواتر بڕیارم گۆڕی و بوو بە گاز و بوو بە دەستەچیلە و سەرئەنجام بڕیاری کردنەوەی دووکانێکی پاڵتۆفرۆشی. بەڵام ئەو سارد و سەرمایەی من دەمبینی ئەمانە چاریان نەدەکرد. بۆیە بڕیارمدا دووکانی فرۆشتنی هەتاو بکەمەوە.

تازە بگرە بە کردنەوەی دووکانی تر ئەم بۆنە پیسەیش کە تا قووڵایی ئێسک و پروسکم رۆچووە، لە کۆڵ خۆم دەکەمەوە.

رەنگە ئەم بڕیارەتان لا سەیر بێت، بەڵام نا، لاتان سەیر نەبێ. من لە جێگایەک خوێندوومەتەوە کە تەنیا ئەم هەتاوە نیە بە ئاسمانی ئێمەوە دەستدەکەوێ. پێم وابێ لە کتێبی ئەستێرەناسی و گەردوونناسیدایە خوێندوومەتەوە کە لە گەردووندا گەلێک هەتاوی تریش هەن. بێ ئەژمار. بگرە رەنگە گەورەتر لەوەی ئێمە. جا من دەبێ تەنیا لە بیری ئەوەدا بم رێگایەک بدۆزمەوە بچم ئەو هەتاوانە پەیدابکەم، بیانکڕم و بیانهێنم بۆ ئێرە، بۆ ئەم شارەی ئێمە کە خەڵکەکەی خەریکە بە ناحەق و هەر لەخۆوە رەق دەبنەوە.

رۆژێک جانتام لێهەڵگرت و جل و بەرگی گەرمی سەفەرم لێ پۆشی و وەڕێ کەوتم. نازانم بۆ، بەڵام هەتا گەییمە بەر گاراژ خەڵکی هەر سەیریان دەکردم. گەیشتمە گاراژ. ئاگام لێ بوو یەک هاواری دەکرد سەقز سەقز و یەکی تر سنە سنە و ئەوی تر بۆکان بۆکان و کەسێکی تر تاران تاران و… ئیتر من گوێم لە کەسێک نەبوو هاواربکا گەردوون گەردوون. بۆیە لە یەکیان نزیک کەوتمەوە و بە ئیحترامەوە لێم پرسی کاکە ئەرێ هەر ئەمانەن. کابرا کە کوڕێکی جحێڵی سمێڵ بابڕ بوو بە سەرسووڕمانەوە سەیری کردم و وتی مامەگیان دەتەوێ بۆ کوێ بچی. من کە نوقمی مینی بووس و ئوتوبووسەکان ببووم و رەنگە جۆراوجۆرەکانیان سەرنجیان دەقۆستمەوە، گوتم گەردوون،… دەچم بۆ گەردوون.
شاگردە دەست و پل چڵکنەکە کە دەستماڵێکی سپیی چڵکنی بە سەر شانەوە بوو و جاروبارە بە گوێرەی عادەتێکی کۆن هەر لە خۆوە دەستی پێ خاوێن دەکردەوە و بە دەوری ملیشیدا دەهێنا، دیسان بە تەعەجوبەوە لێی رووانیمەوە و گوتی کوێ؟… گەردوون! گوتم گەردوون بەڵێ گەردوون. گوتی لە کوێیە من کە قەت نەمبیستووە. ئەوسا کتوپڕ رووی وەرگێڕا، دەنگی هەڵبڕی و هاواری لە کەسێکی تر کرد کە ئەویش پێم وایە شاگرد بوو، بەڵام ئەمجارەیان لووسکەڵە و بێ سمێڵ، گوتی کاک نەجم گیان ئەرێ گەردوون لە کوێیە تۆ بیستووتە،… ئام خالەیە دەیەوێ بچێ بۆ ئەوێ. من کە یەکجار بەم مامە و خاڵەیە پەست ببووم ویستم شتێک بڵێم کە شاگردەکە بە پێچەوانەی روواڵەتی لووسکەی بە دەنگێکی بەرزتر لەوەی تەنیشتی من هاواری کرد نەوەڵڵا نازانم… تۆ بڵێی قوڕوە نەبێ و بۆی نەیەت و دەڵێ گەردوون. شاگردەکە بە نیگایەکی پڕ لە پێکەنین رووی تێکردمەوە و گوتی مامە گیان دەبێ ئوتوبووسی تاران بگریت و ئەوجا لە ناو رێ لە قوڕوە دابەزی. یان بچیت و ماشینێکی سەواری بە دەربەست بگری، بێ منەت دەتگەیەنن. من کە زەینم لای مامە و خاڵەکانی بوو، گوتم کاکە گیان قوڕوەی چی و شتی چی من دەچـم بۆ گەردوون،… تێدەگەی گەردوون،… بۆ پێت وایە منداڵی دوێنێم و جیاوازیی نێوان گەردوون و قوڕوە نازانم! ئەوسا سەرم بەرەو ئاوێنە گەورەکەی تەنیشتی مینی بووسەکە کە بە خۆشییەوە دوورنەبوو وەرگێڕا و دەستم بۆ بنەڕیشە سپییەکەم برد و گوتم نایبینی ها نایبینی،… لات وایە لە کوێ سپیم کردووە،… ها،… لە قەبری ساحیبت!؟ کوڕە کە لە دەمەوەری من واقی وڕمابوو، گوتی خاڵە گیان ئەمە خۆناڕاحەتکردن و خۆسوورکردنەوەی ناوێ،… بڵێ دەچم بۆ گەردوون و تەواو. گوتم ئێ! گوتی دەی وەڵڵا لێرەوە هیچ شتێک بۆ ئەوێ ناچێ، هیچ کەسیش نازانێ کوێیە. ئەمەی گوت و بە پەلە دوورکەوتەوە. دەستماڵە سپییەکەی سەر شانی بە دیوی پشتەوە سپی سپی بوو.

لەپڕدا ریقنە چۆلەکەیەک درا بەسەر شانی چەپمدا و بڵاوبووەوە. ژنێک کە نیگای لەسەر من بوو دایە پێکەنین و بە چارشێوەکەی روومەتی داپۆشی. ریقنە بە شانمەوە رووم لە مینی بووسێکی تر کرد. ئەرێ کاکە دەچم بۆ گەردوون، نازانێ کام ماشینە دەچێ بۆ ئەوێ. ئەم شاگردەیان کە نە سمێڵ بابڕ بوو و نە لووسکە، کەمێک لێم راما و ئەوسا بە بێ ئەوەی وەڵامم بداتەوە رۆیشت. بۆنی ریقنەکە تازە دەگەییە لووتم. مێشێک بە دەوری سەرمدا کەوتە ویزەویزە کردن.

لەبیری ئەوەدا بووم رووی لە کێی تر بکەم کە یەکێک لە دوواوە دەستی بەسەر شانە راستەکەمدا، کە هێشتا ریقناوی نەببوو، کێشا و گوتی قوربان گیان بۆ دەتەوێ بچی بۆ گەردوون؟ لامکردەوە. پیاوێک بە تەمەن لە خۆم گەورەتر بە ریشێکی پڕ و سەرتاپا سپییەوە راوەستابوو. گوتم وەڵڵا کاکە دەمەوێ بچم هەتاو بکڕم، ئەی ئاگات لێ نیە زستانی ئەمساڵ خەریکە قڕمان دەکا! گوتی سەرما!؟ گوتم سەرما. گوتی کاکە گیان بە سایەقەت بم گەر زستانێکی وەهایە ئەی چۆن چۆلەکە پەیدا دەبێ و دەتوانێ ئاوەها ریقنە بەسەر شانتدا بکا،… ها کەسەکەم! زستانی چی و مستانی چی. چاوەکەم ئێرە گاراژە گاراژ، جارێکی تر ئەم پرسیارە لە کەسێکی تر بکەیت خەڵکت لێ کۆدەبێتەوە و لێت دەکەن بە چەپڵەلێدان و حەلحەلە کێشان و حەیاتدەبەن. شوێنت دەکەون،… رۆحە سووکەکەم، هەر چۆن هاتووی ئاوایش بگەڕێوە، رەنگە ماندوو بیت یاخود شتێکت لێقەوماوە کە نازانی چییە و چۆنی چارەسەر بکەیت و بەزستانەوە گرتووتە،… دەی یاڵڵا،… وەرە حەیاتم،… وەرە.

ئەوسا پێشم کەوت. من کەمێک لە دوواوە لێم رووانی و بۆ جارێکی تر لە دەوروبەرم رووانییەوە. دونیا سەرمایەکی سەیر بوو و هەموو شتێک بەستبووی. توێژاڵێک لە سەهۆڵ بەسەر هەموو شتەکانەوە نیشتبوو. شوێن کابرا کەوتم. هەر گەیشتمە تەنیشتی گوتم دڵنیای زستان نیە، ئەی کەواتە کەیە؟ کابرا بە بێ ئەوەی رووم تێبکا گوتی رێک ناوەڕاستی هاوینە، ئەی ئاگات لێ نیە گاراژ چەندە قەرەباڵغە، ئەی مەگەر نازانی خەڵک لەم کاتانەدا زیاتر سەفەردەکەن؟

نازانم بۆ بەڵام بەقسەی کابرام کرد. بەکاوەخۆ بەرەو ماڵەوە بوومەوە. ئەو شەقامەی پیایا دەڕۆیشتم، کۆڵانەکان، سەربانەکان و بگرە شاخەکانیش کە لە دوورەوە پەیدا بوون هەر هەموویان ئاماژە بوون بە زستان،… زستانێکی یەکجار سەخت و دژوار.

بەڵام بەڕاستی نەکا ئەو کابرایە راست بکا. لام کردەوە و لە ژێر چاوەوە سەیری ریقنەکەی سەر شانم کردەوە. ریقنەکە لەوێ بوو بە توێژاڵێکی لووسی سەهۆڵەوە. “نەکا هی هەڵمەکەی بێت!” من کە لە ناو بەستەڵەکی دەرەوە و ریقنەکەی سەر شانمدا مابوومەوە، بیری ویزەویزی مێشەکەیش کەوتمەوە.

ئەو زستانە وازم لە هەتاوفرۆشتن هێنا و دووکانەکەم دەست لێنەدا و وەک هەمیشە درێژەم بە تاناکۆرافرۆشی دایەوە. پەلەم نیە. هەتا خەڵک باوەڕ بەوە نەکا کە دەرەوە زستانێکی یەکجار سەخت و تووشە بیر لە کردنەوەی دووکانێکی هەتاوفرۆشی ناکەمەوە. ئەو کات خۆیان دێن داوام لێدەکەن،… بە تکاوە!

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *