فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

فەڕۆخ نێعمەتپوور نووسەر و رۆژنامەنووس لە ساڵی ١٣٤٤ی ھەتاوی لە شاری بانە، کوردستانی ئێران لە دایکبووە.. خاوەن لیسانسە لە بواری فەلسەفە لە زانکۆی بلیندەرن لە ئۆسلۆ. ئەم نووسەرە لە بواری رۆمان، چیرۆک و وتاری سیاسی و فکری دا چالاکە و گەلێک بەرھەمی لەم بوارانەدا پێشکەش کردووە. ئیستاکە لە وڵاتی نۆروێژ دەژی و بەردەوامە لە کاری نووسین. --- بەرهەمەکان ---- رۆمان: پەڕەسێلکەکانی کۆچ — ١٩٩٨ ساڵەکانی خەون — ٢٠١٠ پێنج سەفەر، وێنەیەک — ٢٠١٣ باڵندەی بریندار، ماسی سەرسام — ٢٠١٤ گوناھی گەورە — ٢٠١٥چیرۆکی شۆڕش — ٢٠١٦سەرۆک — ٢٠١٦خەیاڵاتی بێھودە — ٢٠١٨کاتێک ھاشم لە زیندان گەڕایەوە — ٢٠١٩ماجراهای بابا — (مجموعه داستانهای به هم…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

جیاوازیی رزگاری و ئازادی

کات 11/06/1399 98 بازدید

زۆر جار زۆر کەس، گروپ، چین، گەل و نەتەوە لە ستەم رزگاریان بووە بە بێ ئەوەی بە ئازادی گەیشتبن! لە راستیدا رزگاری نەبووەتە هۆکاری دابینکردنی ئازادی. لێرەوە بەو مانایە دەگەین کە دەکرێ لە نێوان چەمکی رزگاری و چەمکی ئازادی جیاوازی هەبێ. واتە رزگاری و ئازادی کتومت یەک شت نین و هەر کامەیان خاوەن تایبەتمەندیی خۆیانن لەگەڵ ئەوەی دەتوانن لە هەندێ پانتاییدا یەکبگرنەوە.

رەنگە بەرچاوترین جیاوازیی نێوان رزگاری و ئازادی ئەوە بێت کە رزگاری زۆرتر دیاردەیەکە لە پێوەندی لەگەڵ بەربەستێکی دەرەکیدا مانا وەردەگرێ، بەڵام ئازادی جگە لە بەربەستە دەرەکییەکان مانا لە رەوینەوەی بەربەستە دەروونییەکانیش وەردەگرێ. بەواتایەکی تر بۆ ئەوەی بتوانین ئازاد بین دەبێ جگە لە رەوینەوەی دژی دەرەکی، دژی دەروونیش بڕەوێتەوە.

ئەگەر بۆ رزگاری تەنیا پێویستیمان بە لادانی بەربەستی دەرەکییە، ئەوا بۆ ئازادی زیاتر لە لادانی بەربەستی دەروونی پێویستمان بە دابینکردنی سیستمێکی سیاسی ـ کۆمەڵایەتییە تێیدا پێوەندی نێوان دەسەڵات و تاک و گرووپە جیاوازەکان لەسەر بنەمای ماف دابین بکرێ وەها کە هەم دەسەڵات شوێنی کاریگەریی و حوزوری تاکەکان بێت و هەم ئەم دەسەڵاتە بتوانێ بەردەوام لە ژێر کاریگەریی کۆمەڵگا و تاکدا بێت. گەر پرۆژەی رزگاری ببێتە بیانوویەک بۆ بەدەسەڵات گەیشتنی تاقمێک (با کاتی خۆی گەل دەنگیشی پێدابن)و، ئەم تاقمە لە رێگای خۆبەرهەمهێنانەوەی دیماگۆگیانە و ستەمکارانە و لە رێگای کەڵکی ناڕەواوەرگرتن لە ئیمکانیاتی دەسەڵات و لە گوتاری باو، دیسان خۆیان بسەپێننەوە ئەوا نەک تەنیا ئازادی بەدی نەهاتووە، بەڵکو پرۆژەی رزگاری بووە بە بیانوویەک بۆ بەدەسەڵاتگەیشتنی تاقمێک کە هەر لە سەرەتاوە نەک تەنیا لە ئازادی نەگەیشتوون بەڵکو زیرەکانە هەوڵیانداوە بەریشی پێ بگرن.

بەم شێوەیە ئازادی بریتییە لە تەنزیمکردنی پێوەندی نێوان گەل و دەسەڵات، یاساییکردنی ئەم پێوەندییە لەسەر مافەکانی تاک و کۆ و بەڕێژەیی کردن و کورتکردنەوەی مەوداکانی ئەو کەسانەی وا دەتوانن بگەنە دەسەڵات.

هەروەها دەبێ لە رێگای پەروەردە و فێرکردنەوە هەر لە منداڵییە منداڵان و گەل فێری ئەوە بکرێن کە چلۆن مافی رەخنەیان هەیە و چۆن چۆنی دەتوانن ئەم مافە لە رێگای خۆپێگەیاندن و جورئەتی دەربڕینەوە بنوێنن.

بەداخەوە لە سەردەمی رزگاریدا کەم کەس بیر لە ئازادی دەکەنەوە و، لایان وایە رزگاری و ئازادی یەک شتن، غافڵ لەوەی دابینکردنی ئازادی ئەرکێکی یەکجار قورسترە و گەر لە سەردەمی رزگاری بیری لێ نەکرێتەوە و بنەماکەی دانەڕێژرێ ئەوا خودی رزگاری دوواتر دەتوانێ تا ساڵانی دوورودرێژ ببێ بە بەربەستێکی گرینگ لە بەردەمیدا.

دیارە هەمیشە پێناسەکردنی چەمکی ئازادی دژوار بووە و بەپێچەوانەی چاوەڕووانییەکان زۆر ئاسان نیە. رەنگە هەر ئەمەیش بێت وا ئەوانەی بەناوی رزگارییەوە دێن دەتوانن زۆر ئاسان چەمکی ئازادی بشێونن و بەردەوام وا دەرخواردی گەلی بدەن کە رزگاری هەمان ئازادییە و لە دووای گەیشتن بە رزگاری واچاکە ئیتر زۆر پڕکێشی لێ نەکرێ.

بەڵام ژیان نیشانیداوە کە لە دووای رزگاری دەستبەجێ گرفتەکان و پرسەکانی ئازادی سەرهەڵدەدەن و دەستبەجێ گەلێک کەس سەرنجی دەچێتە سەر ئەو هاودژییە کە زۆر خێرا خۆی لە کۆمەڵگادا دەنوێنێ. بەو مانایە کە دەبینن هەندێ کەس لە ژیانی باشتر و لە دەسەڵاتی یەکجار بەرزتر بەهرەمەندە و دەتوانێ ئەوانی تر بە زەبروزەنگ و بە بەکار‌هێنان و زاڵکردنی گوتاری خۆی بخنکێنێ و زۆرینەیش تەنیا دەبێ شوێنهەڵگرەوەیان بن.

ئەمە بە جۆرێک بەرەو چەمکگەلی ‘ئازادیی نگەتیڤ و ئازادی پوزەتیڤ’مان دەباتەوە. لە راستیدا ئازادی نگەتیف زیاتر لە چەمکی رزگاری نزیکە و ئازادیی پوزەتیفیش لە چەمکی ئازادی.

بۆ ئەوەی ئازاد بین تەنیا پێویست نیە لەمپەرەکان لابەرین، بەڵکو پێویستە توانای لابردنیشمان بە هۆی دابینکردنی پێداویستییەکانەوە هەبێ. بۆ وێنە مەرج نیە تەنیا لە یاسادا نووسرابێ کە هەموو کەس دەتوانن خوێندنی باڵا بخوێنن، بەڵکو دەبێ دۆخی ماددی وەها ژیانێک هەبێ بۆ ئەوەی هەموو کەس بتوانێ بەکردە بچێ بخوێنێ بێ ئەوەی ترسی دابیکردنی خەرجەکانی خوێندنی هەبێ. ئازادی پێش لەهەر شتێک بەمانای دەرفەت و توانای خەمڵاندنی تواناکانی خۆمانە.

کەواتە با چەمکی رزگاری بەردەوام لەگەڵ چەمکی ئازادیدا پێناسە بکەین و لەبیرمان بێت کە رزگاری زۆر جار زۆر ئاسان دەتوانێ ببێ بە هۆکارێک یان بیانوویەک بۆ خیانەت لە ئازادی. پرۆژەی رزگاری بە بێ ئازادی پرۆژەیەکی یەکجار پڕ لە کەموکووڕییە و، رەنگە لە ژیانکردن لە دۆخی دووای رزگاری (بە بێ ئازادی) مرۆڤەکان زیاتر لە هێماکانی ژیانێکی ئینسانی بەتاڵ ببنەوە هەتا ئەو کاتەی لە پێش ژیانی بێ رزگاریدا ژیاون!

گەر وشیارنەبین ئەوا رزگاری دەتوانێ ببێ بە هۆکارێک بۆ دیلبوونەوەی دووبارە، بەڵام ئەمجارە بە ناوی ترەوە. جا بۆ ئەوەی بەردەوام لە رەوتی پرۆژە یەک لەدووا یەکەکانی رزگاریدا نەبین، دەبێ چەمکی ئازادی لە رزگاری جیابکەینەوە و پلانی دیکەمان بۆی هەبێ.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *