فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

گرینگیی یۆتۆپیا

کات 20/06/1399 1,415 بازدید

‘ئۆسکار وایلد’ی رۆماننوس روانگەیەکی تەواو پوزەتیڤی بەرامبەر بە یۆتۆبیا هەیە. لای ئەو یۆتۆپیا یارمەتی مرۆڤ دەدا بە شێوەیەکی باشتر کۆمەڵگا دامەزرێنێ. لای ئەم نووسەرە پێشکەوتن بریتییە لە بەحەقیقەتکردنی یۆتۆپیا.

یۆتۆپیا لە ژیانی هەمووماندا هەیە، هەر لە تاکەوە بگرە تا کۆ، کۆی وەک حیزب و گروپ و رێکخراو. ئێمە چ لە ژیانی تاکەکەسیماندا و چ لە ژیانی گشتیماندا کەم تا کورت خاوەن یۆتۆپیاین. بەم شێوەیە یۆتۆپیا دەتوانێ هەم خەسڵەتی تاکەکەسی وەربگرێ و هەم خەسڵەتی گشتی. لەهەر دوو کەیسەکەیشدا ئاراستەکە بەرەو باشترکردنی ژیانی تاک و کۆمەڵگایە.

بەم پێیە ئەو کەس و کۆمەڵگایەی وا خاوەن یۆتۆپیا نەبێ ناتوانێ ژیانی خۆی باشتربکا. لە یۆتۆپیادایە کە ئێمە خەونەکان و پلانەکانی خۆمان دادەڕێژین و هەوڵدەدەین بۆ بەدیهێنانیان وەها خۆمان رێکبخەین کە بتوانین دەستەبەریان بکەین.

دیارە یۆتۆپیا دەکرێ زۆر بەرزەفڕانە بێت و یاخود زۆر ریالیستی و یان لە ئاستێکی نزمتریش دا. ئەمە زۆر لە گرنگیی پرسەکە کەم ناکاتەوە. موهیم ئەوەیە خاوەن یۆتۆپیا بین. واتە خاوەن خەونێک کە دەتوانێ سنوورەکانی ئیستا تێپەڕێنێ و ئێمە بەرەو قۆناغێکی جیاواز ببات.

بەڵام زۆر جار خاوەن یۆتۆپیاین بە بێ ئەوەی خاوەن پلان و رێکاری گونجاوبین بۆ دابینکردنی. دەتوانین بڵێین کە هەموو کەس و هەموو کۆمەڵگایەک خاوەن یۆتۆپیایە، بەڵام دەکرێ هەموویان خاوەن پلان و رێبازی شیاو بۆ بەدیهێنانی نەبن. یان دۆخ وەها بێ کە بە هۆی زەبروزەنگەوە ئیرادە و مەیلی بەدیهێنانی یۆتۆپیایان تیا لاوازکردبێتن.

بۆیە گرینگترین کار لەم کاتانەدا زیندووکردنەوەی ئیرادە و یەکانگیربوونە لەسەر شێواز یان شێوازەکانی بەدیهێنانی یۆتۆپیا. ئەمەیش کارێکی زۆر ئاسان نیە.

لەسەرێکی ترەوە دەتوانین بڵێین جاری وایە یۆتۆپیا تاکەکەسییەکان ئەوەندە بەرجەستەدەبنەوە کە جێ بە یۆتۆپیا گشتییەکان لەق دەکەن و بەم شێوەیە هاوترازی لە نێوانیاندا نامێنێ. ئەمە لە کاتێکدایە لە کۆمەڵگای تەندروست و بەختەوەردا یۆتۆپیای تاکەکەسیانە و یۆتۆپیای گشتی پێکەوە رێدەکەن و لە یەکتر جیانین. خۆشبەختی ئێمە لە راستیدا هەم بە خەونە تاکەکەسییەکانمانەوە گرێدراوە و هەم بە خەونە گشتیەیەکانەوە.

جاری وایە کەسێک یان تاقم و دەستەیەک هەوڵدەدەن یۆتۆپیای خۆیان بەسەر هەموو کۆمەڵگادا بسەپێنن. ئەوان دەڵێن یۆتۆپیای ئەوان راستەقینەیە و دەبێ هەمووان بە ئاراستەی ئەواندا بڕۆن. لە کاتێکدا لە یۆتۆپیایشدا وەک زۆربەی شتەکانی تر فرەچەشنییەک هەیە. واتە یۆتۆپیا دەکرێ بە گوێرەی مرۆڤەکان و گروپەکان جیاوازبن. بۆیە لە کۆمەڵگادا هەمیشە جۆرێک لە ململانێ بۆ ئەوەی کامە یۆتۆپیا سەربگرێ لە ئارادایە. هەتا بەستێنی ئەم ململانێیەیش زیاتر خۆی لە بواری ئازادی و دیمۆکراسی و دەرفەتی وەک یەکتردا خۆی ببینێتەوە، ئەوا ململانێکە هەم ئینسانیترە و هەم دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەکانیان ئاسانتر.

ئەزموون نیشانیداوە سەپاندنی یۆتۆپیا ئاکامی پێچەوانەی لێدەکەوێتەوە. ئەوانەی دەرفەت بۆ خەونەکانی تر ناهێڵنەوە و هەڵسوکەوتی فیزیکیان لەگەڵدەکەن، تەنانەت نە دەتوانن یۆتۆپیای خۆیان باش بناسێنن و پێناسەی بکەن، نە دەیشتوانن لە درێژخایەندا پشتیوانی گشتی بۆ خۆیان لەنێو خەڵکیدا دەستەبەربکەن. یۆتۆپیاکان بەردەوام پێویستیان بە گفتوگۆ و قسەباس هەیە بۆ ئەوەی بتوانن لە رەوتی خۆبەحەقیقەتکردنیاندا باشتر لەگەڵ واقعی ژیان پێوەندی بەرقەراربکەن.

کۆتاقسە ئەوەیکە یۆتۆپیا هەروەها ئایدیا و بیرێکی جووڵێنەری گرینگە کە جووڵەی ئێمە لە هێڵی زەمەندا بە گوێرەی کڤاڵیتی دابیندەکا و ئەو پەیامە دەدا کە ژیان زیاترە لە کردە دووپاتکراوەکانی رۆژانە. یۆتۆپیا نەک بیر، بەڵکو هەستی ئێمەیش نوێدەکاتەوە و بەردەوام ئامادەکاریی زیاترمان بۆ داهاتوو تیا پێکدێنێ. لە راستیدا چێژی ژیان بە یۆتۆپیاوە گرێدراوە.   

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *