فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

پێ و قەدەم

کات 05/07/1399 1,384 بازدید

ئەو شەوەی من لە دایکبووم، شەوێکی خۆش و فێنکی کۆتاییەکانی هاوین بوو. بە هۆی منەوە ناو ماڵ قەرەباڵغ بوو. خێزان ورووژابوو. لە کۆڵانیش منداڵان کۆببوونەوە و حەقایەتیان بۆ یەکتر دەگێڕایەوە. نەسیمێکی خۆش بە کۆڵاندا دادەگەڕا و پەردەی پشت پەنجەرە کراوەکانی دەلەراندەوە. ژیان پێدەکەنی.

بەڵام من بەختم نەبوو. لەگەڵ یەکەم قیژەم مانگ گیرا،… دراوسێیەکمان کە بۆ بەردانی مانگ چووبووە سەر بانی تەنەکە بکوتێ کەوتبووە خوارەوە و قاچێکی شکابوو، شیرە هەوێنکراوەکەی دایەگەورە نەببووە ماست، لە هەموو خراپتریش شێری ئاوەکەی حەوشە کتوپڕ تەقیبوو. باوەگەورە رایکردبووە حەوشە و نەڕاندبووی “یا رەسوڵڵا!… یا غەوسی گەیلانی!”

 هەر ئەو ساڵەیش حکومەت رووخا، لە کۆڵانەکەی ئێمە کابرایەک بە دەمانچە دوو کوڕی خۆی کوشت و بەدەشتەکەی پشتی قوتابخانەی ئەحمەدی دەرچوو بۆ ئێراق، دیسان لەمەیش خراپتر پیاوێکیان بەسەر ژنێکی دراوسێمانەوە گرت.

من ئەگەرچی ئەقڵم بەدونیا نەدەشکا و ئەو سەردەمانە تەنیا کارم ئەوە بوو لە دونیا بڕوانم و گغە و بڤە بکەم، بەڵام دێتەوە بیرم باوەگەورەم لەگەڵ ئەوەی من کوڕ بووم و، وەک دەڵێن کوڕیش بڕبڕەی پشتە، کەچی نەک تەنیا دڵی پێم خۆش نەبوو بەڵکو وەک کەسێکی غەریبیش لێی دەڕوانیم، کەسێک کە نەک تەنیا پێ و قەدەمی بۆ دنیا خێر نەبوو بگرە لەگەڵ خۆی دنیایەک نەهامەتی و بەدبەختیشی هێنابوو!

باوەگەورەم لەدڵی دابوو پێ و قەدەمی نگریسی من بەمە راناوەستێ و شتی تریشی بە شوێنەوەیە، بەڵام نەیدەزانی چی بکا. سەرەتا نوێژەکانی زیادکرد، جگە لەمە کاتی دۆعاکانیشی درێژتر کردەوە، زیاتر دەچوو بۆ نوێژی جومعە و سەردانی شەخسەکەی پیرمرادیشی زیادکردبوو. هەر لەو کاتانەدا بوو کە دیسان دز چووە سەر ماڵێکی دراوسێمان، کچی دراوسێیەکمان کە دوو ماڵ لەولاترەوە بوو تەڵاق درا، مامم بۆ هەمیشە پشتی لە باوکی کرد و رۆیشت و برایەکیشم لە قوتابخانە دەرنەچوو و ساڵێک دوواکەوت.

باوەگەورەم ئەمجارە لەگەڵ تۆیۆتایەک پڕی مریدی ‘شێخ باقی’ یەک کەوت و چوو بۆ دێی ‘ناوە’ بۆ ئەوەی بەڵکو خوا بەزەیی پیامانا بێتەوە و دۆعا نهێنییەکانی باوەگەورەم گیرابن و لە بەڵای من رزگاریان بێت. جگە لەمە خێروخێراتەکانیشی زیادکرد و هەتا دەیتوانی دەستی یارمەتیی لە فەقیر و هەژاران نەدەگێڕایەوە، بەڵام دیسان بێسوود بوو. هەر لەو ساڵانەدا بوو تەیارە شارەکەی بۆمباران کرد و سەدان کەسی کوشت و بریندارکرد، خاڵۆزایەکم لەسەر سیاسەت گیرا و ئیعدام کرا، پوورزایەکیشم خرایە زیندانەوە و کتوپڕ نرخی شتومەکیش چووە سەرەوە.

باوەگەورەم کە نەیدەزانی چی بکا، لە دووای بیرکردنەوە و هێنان و بردنێکی زۆر بڕیاری دا لە جیاتی تەسبێحێک دووانی تر بخاتە گیرفانییەوە، دیارە هەر کامەی لە رەنگێک و لە جنسی قەزوان، بۆ ئەوەی تا بتوانێ ناوی ئەڵڵا بێنێ تا بەڵکو ئەو شەیتانەی لەگەڵ لەدایکبوونی من رووی کردبووە دونیا، وازمان لێ بێنێ و بۆ هەمیشە روخساری نگریسی لە ژیان وەرگێڕێ.

من ئیتر بەرەبەرە تەمەنم هەڵکشابوو و ئیستاکە مێردمنداڵێکی چاوڕەشی گەردن قەیتان بووم کە لە راکردندا هیچ منداڵێکی نەک گەڕەک بەڵکو شاریش نەیدەگەیشتێ. باوەگەورە ئەم توانای راکردنەی منیشی بە توانای شەیتان لێکدایەوە و پێی وابوو من تەنیا بە قاچەکانی خۆم راناکەم، بەڵکو بە دوو قاچی شەیتانەوە بە چوار رادەکەم.

دیسان ساڵەکان نیشتنە سەریەک و ئەمجارە وشکە ساڵییەکی سەیر رووی لە وڵات کرد، تەپ و تۆزی مەککە و مەدینە کە قەدیم جاروبار دەهات و بەفری ئاربەبای بۆردەکرد، ئەمجارە وەها زیادی کردبوو کە هەناسەی بەتووش کێشەوە کردبوو. یان بەفر نەدەباری، یان کە دەیشباری ئەوەندەی دادەکرد دار و بەرد هەڵینەدەگرت و لە پاش چەند رۆژیش بەهۆی هەوایەکی گەرمی ناوەختەوە خێرا دەتوایەوە. هاوینانیش هەوا ئەوەننە گەرم دەبوو پەنکە و مەنکەیش دادی نەدەدا. چەمەکەی گەڕەکی خوواروو رووی لە وشکی کردبوو. ماشینیش لە شارە بچکۆلەکەمان ئەوەندە زۆر ببوو رێ بەر رێدار نەدەکەوت. باوەگەورەم کە تەواو بەمانە تۆقیبوو، ئیتر ملی دابوو کە هیچ دۆعا و نزایەک دادی پێ و قەدەمی پڕ لە ناخێری من ناداتەوە، بۆیە وازی هێنا و وەک هەموو خەڵکی تری ناو شار ملی دایە چارەنووسی خۆی.

ئەو ئیستا سەیرم ناکا. تا دەتوانێ خۆم لێ دەدزێتەوە. بەخۆی دەڵێ بەڵکو ئەمەیان جواب بداتەوە. ئەوەیکە نەبینینی من ببێتە هۆی رەوینەوەی هەموو نەهامەتییەکان.

دیارە من وەک سەردەمی ناو بێشکە ئاگام لەم خەیاڵاتەی باوەگەورەم نیە. من وەک هەموو کەسێکی تری ناو ئەم شارە، ناندەخۆم، دەخەوم، دەگریم، پێدەکەنم، دەچم بۆ گەڕان، هەواڵەکان دەخوێنمەوە، حەزم لە ژنانە و جگە لەمە جاروبارەیش حەزدەکەم خوا رێکی بخات و بچم بۆ سەفەری شارێکی گەورەو و خۆش.

هەڵبەت با ئەوەیش بڵێم ماوەیەکە بوومەتە کۆمۆنیست! بەڕێکەوت بوو. لێم مەپرسن چۆن. هەر ئەوەندە بزانن جارێکە وام لێهاتووە. لام وایە فەقیر و هەژار نابێ بمێنن و نە کەس لە کەس زیاترە و نە کەس لە کەس کەمتر. باوەگەورەم بە بیستنی ئەم قسانە هەڵدەچێ و دەڵێ فڵتە فڵت… نانەکەت بخۆ! من زۆر خۆشحاڵم وام لێهاتووە. سەروگەردنێک بەرزتر خۆم رادەگرم و هەوڵدەدەم هەمیشە بەڕووی دونیا و ژیاندا پێبکەنم.

ئاگام لێیە باوەگەورە هەڵس و کەوتی سەیرتر بووە. بە چاوە کتوپڕ یەکجار بزەوەبووەکانی لێم دەڕوانێ و خێرا خۆی وندەکا. دەرگای ژوورەکەی لەسەر خۆی دادەخا و کەمتر دێتە دەرەوە. کاتی ژەمەکان خواردنەکەی بۆ دەبەنە ژوورەکەی. بە دایکم و دایەگەورەی وتووە با ئەو هەتیوە ناجسنە نەیانهێنێ! هەمیشەیش شتێک لە ژێر لێوەکانییەوە دەڵێتەوە کە نازانم چییە.

رۆژێک سەعاتی دووی دووانیوەڕۆ کاتێک خێزان لە دووای ژەمی نیوەڕۆ پاڵکەتبوون و دەحەسانەوە، بوومەلەرزەیەکی سەیر جیهانی هەژاند. گەڕەک رادەکەنە دەرەوە. هەموو یەکجار ترساون. کەس جارێکە ناچێتەوە ژوورەوە. باس باسی بوومەلەرزەکەیە. یەک دەڵێ چاوت لێبوو چۆن دونیا لەرییەوە؟ ئەوی تر دەڵێ گوێت لە قرچەقرچی دیوارەکان بوو؟ سێهەم کەس دەڵێ هەستم دەکرد زەوی لە ژێر قاچەکانمدا دەڕوا!

ئاگام لە چاوەکانی باوەگەورەیە لە ناو حەشیمەتەکەوە بە گۆچانێک بە دەستییەوە زیت زیت لە من دەڕوانێ. خۆشحاڵم باوەگەورە هیچی لێنەهاتووە و وەک هەموو خەڵکی، ئیستا لەناو کۆڵانە. راستی راوەستە! ئەو چۆن بەو گۆچانە و بەو تەمەنەوە لە پێش ئێمەیشەوە گەییە دەرەوە!؟

ماوەیەکە باوەگەورە گرینۆکی لێ دەرچووە. وەخت و ناوەخت دەگری. باوکم دڵ نیگەرانە. لای وایە هی پیرییە. منیش هەروا بیردەکەمەوە. هەموومان وا بیر دەکەینەوە. دایەگەورە دەڵێ پیری و دڵناسکی!

تەنیا باوەگەورە خۆی وا بیر ناکاتەوە،… تەنیا خۆی!

شەوێکیان هەموو خێزان لە دووای نانخواردن کۆبووینەوە و سەیری تەلەفزیۆنمان دەکرد. هەواڵەکان بوو. بێژەر دەڵێ بەردێکی زلی ئاگرین لە ناو کاکەشان بە سورعەتێکی سەیر بەڕێوەیە و گوایا زۆربەی زانایانیش لەسەر ئەو رایەن بەرەو گۆی زەوی دێت، دەڵێ ئەو بەردە زەوی دەپێکێ و بەم شێوەیە بۆ هەمیشە ئەگەری ئەوە هەیە زەوی بە هەموو شتێکیەوە لەناوبچێ. ئاگام لێیە باوەگەورە خێرا سەر وەردەگێڕێ و لە من دەڕوانێ کە لە تەنشتی چەپییەوە دانیشتووم. لە بەر خۆیەوە دەڵێ “ئاخر زەمان،… قیامەت!” من بە هەستی کۆمۆنیستیانەی خۆمەوە دەڵێم ئەم سەگبابانە درۆ دەکەن دەیانەوێ سەری میللەت بە شتی قۆرەوە سەرقاڵ بکەن بۆ ئەوەی دزی و حیزی خۆیان بچێتە بەرەوە! باوەگەورە کە زۆر تووڕەیە دەڵێ فڵتەفڵت دیسان!

ئەو رۆژەی قەراربوو بەردە زەلامە ئاگرینەکە زەوی بپێکێ، باوەگەورە لە ژوورەکەی نەهاتەدەرەوە. هەتا ئێوارە دەرگای لە کەسیش نەکردەوە. ئێمە کە لامان وابوو رەنگە نەخۆش کەوتبێ و بە گوێرەی عادەتە کۆنەکەی کە لە کاتی نەخۆشیدا هیچی نەدەخوارد و وەڵامی کەسی نەدەدایەوە، گوێمان نەدایە. شەو بینیمان بۆ نانخواردن هاتەدەرەوە و خۆی کرد بە ژووری دانیشتنەکەدا. هاواریکرد تەلەفزیۆنەکە هەڵکەن. هەڵمانکرد. هەواڵەکە گوتی کە بەخۆشییەوە بەردەکە بە لاتەنیشتی زەویدا تێپەڕیوە و بەم شێوەیە مرۆڤ و ژیان لە مەترسییەکی گەورە رزگاریان بووە. باوەگەورە بۆ یەکەم جار لە ژیانیدا لایکردەوە و بە بزەوە لە منی رووانی. من هەلەکەم قۆستەوە و گوتم نەمگوت فشەیە! باوەگەورە هیچ ناڵێ. منیش نازانم کە ئەو ئیستاکە لای خۆی وای لێکدەداتەوە کە شەیتان سەرئەنجام لە دووای ساڵانی ساڵ جەستەی منی جێ هێشتووە و رەنگە ئیستا رووی کردبێتە ناو مرۆڤێکی ترەوە.

دیارە گرینگیش نیە بزانم. پێویستە ئەم ماوە کورتەی باوەگەورە لە ژیاندا ماوە کەمێک پێبکەنێ،… کەمێک دڵی خۆش بێت. ژیان ئەوە ناهێنێ!

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان :

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *