فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

فەڕۆخ نێعمەتپوور نووسەر و رۆژنامەنووس لە ساڵی ١٣٤٤ی ھەتاوی لە شاری بانە، کوردستانی ئێران لە دایکبووە.. خاوەن لیسانسە لە بواری فەلسەفە لە زانکۆی بلیندەرن لە ئۆسلۆ. ئەم نووسەرە لە بواری رۆمان، چیرۆک و وتاری سیاسی و فکری دا چالاکە و گەلێک بەرھەمی لەم بوارانەدا پێشکەش کردووە. ئیستاکە لە وڵاتی نۆروێژ دەژی و بەردەوامە لە کاری نووسین. --- بەرهەمەکان ---- رۆمان: پەڕەسێلکەکانی کۆچ — ١٩٩٨ ساڵەکانی خەون — ٢٠١٠ پێنج سەفەر، وێنەیەک — ٢٠١٣ باڵندەی بریندار، ماسی سەرسام — ٢٠١٤ گوناھی گەورە — ٢٠١٥چیرۆکی شۆڕش — ٢٠١٦خەیاڵاتی بێھودە — ٢٠١٨کاتێک ھاشم لە زیندان گەڕایەوە — ٢٠١٩ماجراهای بابا — (مجموعه داستانهای به هم پیوسته) —…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

چیرۆکی فەرماندە (1)

کات 07/08/1399 86 بازدید

فەرماندە کە لە شاخ دابەزی، بەسەر کەرێکەوە هات. ئەو کە لەوە پێش مایینەکەی بە هۆی تۆپبارانی دوژمنەوە لە دەست دابوو، لەبەر ئەوەی جارێکی تر ماهینێکی تر بەر تۆپ نەکەوێ، بە سواری کەر دابەزییە خوارەوە. لای ئەو مایین ماڵی کووشتن نەبوو. مایین لەوە بە نرختر بوو تۆپێکی حیز قڕی بکا. مایین خوا داینابوو بۆ… بۆ… با جارێکە لەمە گەڕێین.

کەرە شین دێزە بوو، بەردەوام لاقەکانی جووت دەکرد، گوێی قوڵاغ دەکرد و لە شوێنێکی قەراغ جادەی دەڕوانی… یاخود دوور. لەم کاتانەدا نەعوزوبیللا بەخوایش نەدەجوولا. فەرماندە کەمێک رادەوەستا و ئەوسا دەبووایە هەر تێی ژەنێ. لە شار راپەڕین کرابوو و دەبا خێرابگا بۆ ئەوەی نەڵێن دوواکەوت و ئەو نەبوو کردی. بەڵام مەگەر گوێدرێژی نەگبەت ئاگای لەم جۆرە شتانە بوو! بە کەیفی خۆی هەنگاوی هەڵدێنا. فەرماندە سوێندی خوارد گەر جاری جاران بایە و پەلەی نەبووایە ئەوا رایدەسپارد ‘ئار پی جی’یەکی پێوە بنێن و بۆ هەمیشە هەیکەلی نەحسی لەسەر کورەی زەوی کۆبکەنەوە. ئاخر کەر بوونەوەر بوو خوای گەورە خوڵقاندنی!

لە دوورەوە دەنگی تەقە، دروشمدان و هات و هاوار دەهات. فەرماندە کە تا ئیستا چەند نەقیزەیەکی لە کەرەکەدا شکاندبوو و ئەوەندەیشی بە قاچەکانی لە لاکەلەکەی سرەواندبوو پووزەکانی دەیشان، ئەمری کرد نەقیزەیەکی تری بۆ سازکەن. یەکێک لە هەڤاڵان لقێکی لە داربەڕوویەکی قەراغ رێگاکە کردەوە و لە دووای ئەوەی گەڵا و چیلکە و چەوێڵەکەی لێکردەوە، دایە دەستی. فەرماندە جوان لێی رووانی، ئەمەی بەدڵ بوو. ئەوسا هەتا هێزی تیا بوو دانەیەکی مزری تێسرەواند. دیاردە ئەمجارە لەبەر گوونانی. کەرە شین کە چاوەڕوانی ئەمە نەبوو، وەها هەڵبەزییەوە کە فەرماندە خەریک بوو بە خۆی و مزەللیەکەی بەر کۆشی بە پشتا بکەون و تەختی زەوی بن، بەڵام وەک هەمیشە بە هۆی کارزانی و وشیاریی خواپێداوانەوە خۆی گرتەوە و، زیت و وریا بە پشتی کەرە شینەوە لە سورعەتێکی چل کیلومەتر لە سەعاتێکدا بەرەو مەکۆی راپەڕین کەوتنە رێ.

کەرەشین کە کتوپڕ زەوق گرتبووی، هەر غاری نەدەدا بەڵکو بەدەمیشییەوە جووتەی دەهاویشت و دەیزەڕان. جاری وابوو گەردنیشی بۆ دەکێشیا و هەر سی و دوو دیانیشی پیشانی ئاسمان دەدا. دیارە گەر ئەویش وەک مرۆڤ سی و دوو دیانی هەبێ. فەرماندە کە یەکجار لە پێش هاوڕێیانەوە بوو و کتوپڕ هەستی بە ترسێکی یەکجار سەیرکرد، هەوڵیدا هەرچۆنێک بێت کەرەشین راوەستێنێ. بەڵام چۆن چۆنی؟ کەرەشین بە پێچەوانەی مایینەکە هەوساری نەبوو. ئەوسا لە ناو ئەو هەراوهەنگامەیەدا هاتەوە بیری کە کەر هەر لە ئەزەلەوە هەوساریان نەبووە. بیری کردەوە باشە کەر بۆ هەوساری نیە؟ یەعنی ئەوەندە ئاقڵن؟ فەرماندە کە لەو بێنەو بەرەیەدا دەرفەتی ئەوەی نەبوو وەڵامی پرسیارەکانی بدۆزێتەوە و نیشتمانی بێ سەرکردەیش بە تامەزرۆییەوە چاوەڕانی بوو، ئیتر خۆی دایە دەست قەزاوقەدەر. کەرە شین کە هەتا دەهات خێراتر غاری دەدا، گەییە قەراغ شار. ژاوەژاوی شار ئیستاکە باشتر دەهاتەگوێ. راپەڕین بوو بەڕاستی راپەڕین! بینی بەخۆشییەوە رەبایەکەی قەراغ شار سووتابوو و ئاداری بەسەر پادارەوە نەمابوو. تەرمی دوژمن لێرە و لەوێ کەوتبوون و مێش و مەگەز لێیان ئاڵابوو. فەرماندە بینی سەگەبەڕڵاکان مڵومۆیانە و بۆ دەرفەت دەگەڕێن لە تەرمەکان نزیک بکەونەوە. ئەم دیمەنە چەندە بۆی ئاشنا بوو. ئەم کە چاوەڕوانی ئەوە بوو بە گەیشتنە ناو شار، کەرە شین سورعەتەکەی کەم بکاتەوە، بینی نەک تەنیا کەمی نەکردەوە بگرە تینی زیاتریشی دایە و بە جووتە هاویشتن شێتانە خۆی بە یەکەم کۆڵاندا کرد. فەرماندە نائومێدانە لایکردەوە. هەڤاڵانی بینی ئەوانیش بە هەڕاکردن لە دووای دوواوە خەریکبوو لە دووا تەپۆڵکە دادەبەزینە خوارەوە. لە کاتێکدا کۆڵان دیمەنەکەی بەرەبەرە لەبەر چاو وندەکرد و ئیتر هیچ هومێدێکی نەمابوو لەبەر خۆیەوە بۆ یەکەم جار لە ژیانیدا دۆعای کرد کەرە دێز ئەمجارە نەیکا بە ناو رەباییەکدا هێشتا نەگیراوە.

لە ناوەڕاستی شار خەڵکێکی یەکجار زۆر دەبینرا. هات و هاوار و بێنەوبەرەیەک بوو نەبێتەوە. لە کووچە و کۆڵانان خەڵک دەستە دەستە کۆببوونەوە و بە دزە و بەخۆحەشاردانەوە لەو بینا بەرز و گەورەیان دەڕوانی وا گەمارۆ درابوو و شەڕە تەقەیەکەی گەرم و گوڕی بەدەوردا دەکرا. لێرە و لەوێ تەرمی کوژراوەکان کەوتبوون و دەنگی ناڵەناڵی برینداران دەگەییە ئاسمان. بە ئامبوڵانس و ترۆمبیلی تر و هەرچی دەستدەکەوت بریندارەکانیان رادەگواست. رەنگی سووری خوێن جێ بە جێ لێرە و لەوێ دەبینرا. بیناکە سەرسەختانە بەرگری لە خۆی دەکرد و لەوە نەدەچوو بەتەمای خۆبەدەستەوەدانەوە بێت.

فەرماندە بە کەرەشینەوە لەو کۆڵانەوە وا راستەوخۆ لە سەرەوخوارییەکدا بەسەر مەیدانەکەدا دەکەوت، بەپڕتاو خۆی بە ناو جەرگەی شەڕەکەدا کرد. دیسان هەرچی هەوڵیدا کەرە راوەستێنی سوودی نەبوو. ویزەویزی فیشەکە سەرگەردانەکان دەوریان تەنیبوو. ئەوسا چاوی بەو گڕ و تەپ و تۆزی ئەو تەقینەوانە کەوت وا بە هۆی ئارپی جی و بازووکەوە دوو پەنجەرەی بیناکەیان بە ئاسماندا برد. لە پێشەوە لە ناوەڕاستی مەیدانەکە رێک لەو شوێنەیدا حەوزێکی ئاوی لێبوو جەماعەتێک چەکدار چەقیبوون و لە ژێر رێژنەی گوللەدا نەیاندەوێرا سەر هەڵبێنن. کەرە دێز رێک بەرەو ئەوێ غاریدەدا. فەرماندە کە تەواو هەناسەی سوارببوو، توانی مزەللیەکەی بخاتە سەرپێ و لەگەڵ ئەوەی زۆر پیس بە پشتی کەرەکەوە بەم لاولادا دەکەوت توانی بینێ بە شانییەوە و سیرەی پێ بگرێ. پەنجەی بە پەلەپیتکەی تفەنگەکەدا نا و ریزێکی لە بیناکە بەرامبەری کرد. لەم کاتەدا ئەوانەی وا لە ناو بیناکەوە تەقەیان لە جەماعەتەکەی ناو مەیدانەکە دەکرد رووی تفەنگەکانیان لە فەرماندە وەرگێڕا و تەقەیان لێ کرد. کەرەشین شێتانە بە بێ راوەستان لە کاتێکا ناوە ناوە ملێکی بۆ خواردەکردەوە و دیسان سی و دوو دیانەکەی دەردەخستەوە دەوری مەیدانەکەی تێپەڕاند و هەتا پشت حەساری بیناکە رانەوەستا. لەوێ بە بێ ئەوەی فەرماندە پێی بڵێ و رەنگە لە ترسی ئەوەی بەر دیوارە چیمەنتۆییە زبرە خۆڵەمێشییەکە نەکەوێ هەر بەو خێراییە کتوپڕ راوەستا. فەرماندە بە چەکەکەیەوە زۆر خراپ کەوتە خوار و هاوارێکی پڕ لە ئێش و ئازاری لێ بەرز بووەوە. لەم کاتەدا جەماعەتی ناو مەیدانەکە دەرفەتیان بەگیرهێنا و خۆیان گەیاندە پشت دیوارەکە لای فەرماندە. ئیتر لێرەوە کارەکە ئاسانتر چووە پێش. بە نارنجۆک دەروازەکەیان تەقاندەوە و جەماعەت خۆیان بە حەوشەی بیناکەدا کرد. شەپۆلی ئەو چەکدارە تووڕانەی وا چاوەڕوانی ئەم هەلە بوون جووڵان و، ئەوانیش لەگەڵ ئەوەی بەدەم پێشڕەوییەوە لێیان دەکەوتە سەر عەرز، خۆیان بە بیناکەدا کرد. فەرماندە کە قاچی ئازاری گەیشتبوو و سەرئەژنۆیەکی بە خراپی بریندار ببوو لەوێ بەدیار کەرە شینەوە مایەوە. فەرماندە بینی کەرەشین سەرەتا لووتی بە دیوارەکەوە نا و پاشان سەری وەرگێڕا و بە چاوە مەزڵوم و غەمگینەکانی سەیرێکی ئەمی کرد. فەرماندە کە قەت وەهای نەبینیبوو لە کاتێکا دەستی بە قاچی خۆیدا دێنا و چاوی لە تاو ژان رەشکە و پێشکەی دەکرد لە کەرەشین وردبووەوە. ئەوسا بینی لە ژێر ورگییەوە خوێن دەچۆڕێ. کەرەشین پێکرابوو. ئەوەندەی پێنەچوو بەرەبەرە ئەژنۆکانی کە دەلەرزین، شل بوون و جەستەی قورس و گرانی بەلای راستدا کەوتە سەر زەوی. فەرماندە هەروا سەیری دەکرد و تیایا مابوو چی بکا. ئەوەندەی پێنەچوو جەماعەتێک گەیشتنە سەر سەری و دەستیان دایە بن هەر دوو باڵی و بۆ دوواوەی بەرەی شەڕەکە رایانگواست. کەرە شین هەتا دەهات دوور و دوورتر دەکەوتەوە.

هەر ئەو ئێوارەیە لە خەستەخانە مەرەخەسیان کرد و هەڤاڵانی کە ئەوانیش گەیشتبوونە ناو شار و دۆزیبوویانەوە، بردیانە ئەو مەقەڕەی وا هەر ئەو رۆژە بەهۆی دەستبەسەراگرتنی یەکێک لە بینا حکومییەکان لە ناوەڕاستی شار سازیان کردبوو. هەڤاڵان بۆیان گێڕابووەوە لەناو خەڵکی شار باس باسی ئازایەتی فەرماندەیە کە چۆن چۆنی بە مایینەکەیەوە وەک رۆستەم خۆی بەناو بەرەی شەڕەکەدا کردبوو و بە کردەی پڕ لە ئازایەتی خۆی نەک تەنیا گیانی ئەو کەسانەی رزگارکردبوو وا لە دەوری مەیدانەکە لەژێر تەقەی دوژمندا گیریان خواردبوو، بەڵکو بەهۆی نزیککەوتنەوەی لە بیناکە ببووە هۆی گرتنیشی.

فەرماندە کەمێک بیری لە وشەی مایین کردەوە. ئەوسا لای خۆی لێکی دایەوە کە لەوەها مەیدانێکی شەڕدا دەکرێ هەموو شتێک تا ئەوپەڕی خەیاڵی خۆی بڕوات. جگە لەمە بیری کردەوە کە رەنگە بەڕاستی مایینەکەی بووبێ وا ئەو ئەمڕۆ لە شاخەوە بە سەریەوە دابەزیبێتە خوارەوە و لە راستیدا کوژرانی مایینەکەی بە دەست دوژمنەوە تەنیا وەهمێک بووە و بەس. ئاخر دەکرێ کەر شتی وەهای لێ بوەشێتەوە! بۆیە لە کاتێکا پاڵی بە پشتییەکانەوە دەدا و جێی خۆی زیاتر خۆش دەکرد. گوتی “بەڵێ مایینەکە!”

ئەوجا ئەمری دەرکرد هەر ئەو شەوە هەڤاڵان بچن و کەلاکەکەی بێننەوە و لە تاریکیدا لە دەشتەکەی قەراغ شار لە شێوێک فڕێی بدەن و جێی بێڵن. گوتی گەر کرا خراپیش نیە کەمێک گڵی بەسەردا بکەن.

ئەوسا ناردی قاپێک ویسکیش بێنن و بەیادی مایینەکەی، ئەو شەوێ تا درەنگان پێک لە دووای پێک هەڵیدا. سوێندیشی خوارد سەردەمێکی نوێ دەستی پێکردووە. سەردەمێک کە ئیتر قەت گەڕانەوەی بۆ نیە.

بۆ سبەی فەرماندە کاتێک لە خەو خەبەری بووەوە، بینی سەری یەکجار قورسە. سەرێشەیەکی پیس دونیای لەبەرچاو تاریک کردبوو. داوای ئاوی کرد. بۆیان هێنا. سەهۆڵاوێکی کەلەتەزێن کە هەر لە ناو قوڕگییەوە هەتا ناو مەعیدەی دڕی. هاتەوەبیری ئەمشەو خەوی بینیبوو. کەرەشین هاتبووە خەوی. چەند خێرا! لە ناو دەشتە کاکی بە کاکییەکەدا لە ژێر گڵەکە هەستابووەوە و بەو شەوە نووتەکە لەمی رووانیبوو و بە پێکەنینێکی گاڵتەجاڕانە بە سەر لێوە درێژەکانییەوە رۆحی گەستبوو. پێکەنینێکی بێدەنگ کە دیسان تیایا هەر سی و دوو دیانی دەرکەوتبوون. فەرماندە حەزی لەم پێکەنینە نەبوو. بیری کردەوە باشە ئەوە چیبوو وا ماینەکەی لێ کردبووەوە بە کەر. هەر لەو کاتەدا بیری رووداوەکانی دوێکەیش کەوتەوە. هەموو شتێک چەند لە خەیاڵ دەچوو. بە دژواری چاوی هەڵێنا، دەستی بە ناوچاوانییەوە گرت و لە چواردەوری خۆی رووانی. نا، درۆ نەبوو. ئەو لە جیاتی چادر یاخود کەپرێک ئیستاکە لەناو ژوورێکی جوان و خاوێن و شاریدا بوو. بەو دیوارە سپی و لووسانەوە وا مێشیش لەسەری هەڵدەخزی. هێشتا خەیاڵی لە ناو روخساری گاڵتەئامێزی کەرەکە و رووداوەکانی دوێکەدا دەهات و دەچوو کە کەسێک بە دۆلکەیەک ئاو و تەشتێکەوە خۆی کرد بە ژوورەوەدا. ئەگەرچی فەرماندە یەکجار میزی دەهات، بەڵام سەرەتا دەست و دەموچاوی شۆرد و ئەوسا هەستا و بە لۆژەلۆژ چوو بۆ ئاودەست. لەگەڵ خاڵیکردنەوەی میزەڵدانی کتوپڕ هەستی کرد وەزعی باشترە. سەرئێشەکە کەمێک پاشەکشەی کردبوو.

بەدەم خواردنی ناشتاوە هەواڵ هات شار بەتەواوی پاک کراوەتەوە و ژمارەیەکی زۆر چەکدار و سیخوڕ و پیاوی حکومی گیراون. ئەوسا گوتیان نەک تەنیا ئەم شارە بەڵکو گەلێک شوێنی تریش ئازادکراون. فەرماندە لە پەنجەرەکەوە سەیری دەرەوەی کرد. ئەو شارەی ئەم زۆر جار لە دوورەوە بە دووربین لێی رووانیبوو، ئیستاکە لە ژێر دەستیدا بوو. یەکێک لە هەڤاڵان گوتی قوربان هەڤاڵان دەستیان بەسەر زۆر خانوودا گرتووە. ئیستا لە زۆر شوێن بنکەمان هەیە. فەرماندە لایکردەوە و چاوەکانی بریقانەوە. ئەوسا پرسی داخۆ خانووەکەی خولەی جامانەخوار کە جاشێکی بەناوبانگ بوو و کاتی خۆی زۆریک لە هەڤاڵانی بەدەستی خۆی شەهیدکردبوو و ئەمیش یەکجار بە شوێنییەوە بوو، گیراوە یان نا. گوتیان قوربان نەک دەستی بەسەردا گیراوە، بەڵکو تاڵانیش کراوە! فەرماندە بەمە یەکجار تووڕە بوو و ئەمری دەرکرد بچن و هەرچی دزرابوو لە خەڵکی بسێننەوە. هەڤاڵان گوتیان قوربان تازە شتی وا مەحاڵە و بەڵام دەتوانن لە شوێنی ترەوە شمەکی بۆی بێننەوە. بەم شێوەیە فەرماندە گواستییەوە بۆ ماڵی خولەی جامانەخوار و دەستی بەسەردا گرت و کردی بە ماڵی خۆی. خانووەکە بینایەکی چوار قاتی زەلام بوو بە هەر چواردەوریدا حەوشە و بەو درەختە میوانەوە وا لە نێوانیاندا بە چیمەن و موزاییک نەخشێنرابوون. لە رۆژانی داهاتوو هەموو ئەو خانوو و شوێنانەی وا هی پیاوانی حکومەت بوون دەستیان بەسەرداگیرا و هەر کامەیان هەڤاڵێکی مەسئول چووە ناوییەوە.

بۆ چەند رۆژ دوواتر کاتێک خەریکی داڕشتنی پلان بۆ چۆنیەتی چەکدارکردنی ئەو هەموو لاوە بوو کە روویان کردبووە موقەڕ و حەزیان دەکرد چەکی شەرەف لە ژێر ئەمری فەرماندەدا بکەنەشان، هەواڵ هات کە کورێکی گەنجی سوور و سپی هاتووەو دەیەوێ چاوی بە فەرماندە بکەوێ. ئیزنیان دا و کوڕە گەنجەکە کە لوولەیەکی سپیی درێژی بە دستەوە بوو خۆی بە ژوورەوەدا کرد. دووای سڵاو و ئاراستەکردنی ئەو نیگایانەی وا پڕاوپڕی رێز و خۆبەکەمزانین بوون، لوولەکەی کردەوە و رەسمێکی یەکجار جوان دەرکەوت. لە رەسمەکەدا فەرماندە بە مزەللییە رووسییەکەیەوە بەسەر مایینێکی سپییەوە دەبینرا کە بە نیگا تیژەکانی لە شوێنێکی دووری دەڕوانی. هەیبەتی ئەسپ و فەرماندە بەسەر وێنەکەدا بە تەواوی زاڵبوو و لەناو پانتایی ئاسمانی شینیشدا پڵەهەورێکی سەرگەردانی سپی دەبینرا کە وەک بڵێی ئەوەیش دەیەویست بەهەمان ئاراستەدا بڕوات وا فەرماندە لێی دەڕوانی. گەنجەکە چاوەڕوانی فەرماندە مایەوە. لە دووای چەند خولەکێک سەرئەنجام فەرماندە بە غرورێکی سەیرەوە سەری هەڵبڕییەوە و ئەمجارە بەو نیگایانەوە کە یەکجار نامۆتر دەیاننواند لە کوڕەکەی رووانییەوە. ئەمردەرکرا وێنەکە لە نایلۆنێکی سپی گەورە بپێچن و بەرز لەسەر دیواری مەقەڕ هەڵیواسن. گەنجەکەیش بانگکرا بۆ ژوورێکی قاتی یەکەم و لەوێ لەپاش ئەوەی دەسخۆشانەیەکی باشیان دایە، دەسخۆشانەیەک کە دەیتوانی هەموو ئەو مانگە هەموو ئێوارەیەک بۆ خواردنەوە بچی بۆ نادیە، بەڕێیانکرد.

بەڵام فەرماندە مێشکی هەر ئاڵۆز بوو. ئەو ئێوارەیە باوەڕپێکراوترین کەسەکانی خۆی بانگکرد و رایسپاردن بچن و شوێنی کەرەشین بدۆزنەوە و ئەمجارە بە هەڵکەندنی چاڵێکی تەواو، چاڵێک کە بتوانێ جەستەی زەلامی بەجوانی لەخۆبگرێ، وەهای لەبەرچاو ونبکەن کە تەنانەت لە خەویشدا نەتوانێ بگەڕێتەوە. هەڤاڵان بە لەندکڕۆزرێکی سپیی تازە رۆیشتن. بە سەرسوڕمانەوە بینیان کەرەشین نەک لەوێ نەماوە بەڵکو هیچ ئاسەوارێکیشی لێ نەدەبینرا. یەکیان گوتی بەخوا سەیرە، من بەچاوی خۆم بینیم کە جەستەی خوێناوی بوو و بۆ هەمیشە تۆپابوو. ئەوی تریان کە بە کابرایەکی بێخەیاڵ بەناوبانگ بوو گوتی وەڵڵا من فێربووم ئەوەی بە چاوی خۆیشم دەیبینم باوەڕنەکەم. هەڤاڵێکی تر بە سەرسوڕمانەوە لێی رووانی و گوتی پێم سەیرە چۆن توانیووتە ئەم هەموو ساڵە شۆڕشگێڕ بیت! یەکی تریان کە هەمیشە جامانەیەکی لە ملدا بوو گوتی رەنگە گورگ خواردبێتیان. هەڤاڵێکی سمێڵ فش کە بە رۆن چەوری کردبوو گوتی بەخوا بێ ئەقڵی گورگی چی و شتی چی، مەگەر نابینی یەک قەترە خوێن چییە لێی نیە، جگە لەمە لەو خاک و خۆڵەیش وا پیاماندا دابوو ئاسەوارێک نەماوە! لێرەدا کتوپڕ ترسێک لە گیانی هەموویان نیشت. رۆح! ئاە، نەکا رۆحەکان هاتبن و… . سەیرێکی یەکتریان کرد. ئەوسا بەپەلە لە شوێنەکە دوورکەوتنەوە.

کاتێک سوار سەیارەکەیان دەبوونەوە، یەکیان گوتی راستی لەبیرتان دێ کاتی خۆی چەند ساڵ لەمەوبەر لێرە لەم دەشتە بەتووش شەڕێکی گەورەوە بووین،… ها… لەبیرتانە دوو هەڤاڵمان شەهیدکران و هەشتمان لێ برینداربوون و سیانیشمان لێ بێسەروشوێن کرا؟

هەڤاڵان لەیەکتریان رووانی و بە پەلە لە شوێنەکە دوورکەوتنەوە. شەو بە فەرماندەیان گوت ئەمرەکەی جێبەجێکراوە. فەرماندە ئەمری دەرکرد خواردنیان بدەنێ. هەڵبەت لە دڵەوە دڕدۆنگ بوو. حەزیدەکرد باوەڕیان پێنەکا. شتێک لە وەڵامیاندا غەریب دەینواند. وەک بڵێی بەپەلە جوابیان دابێتەوە، یاخود وەک بڵێی نیگایان دەدزییەوە. ئەمیش پڕکێشی لێنەکردن. گرینگ ئەوە بوو دونیا بە بارێکی تردا وەرگەڕابوو، وەها کە خولەی جامانەخواریش کە نێرەکەری دەکرد و دونیای عاسی کردبوو، لێی قەومابوو. هەوڵیدا بەشە غەمگینەکەی دڵی پاڵ پێوەنێ بۆ دووادوواوە. بۆ ئەو شوێنەی وا بەچەند ساڵێک جارێک نۆرەی بەردەکەوێ. بەڵام شتێک پێی دەگوت دەکرێ ئەم نیشتمانە لە درۆکەی خۆش بێت، کە خۆشیش ببوو، بەڵام کەرەشین نا. ئەو کەرەشینەی ئەو دەیناسی لەوە قیرسیچمەتر بوو بەم زووانە وازبێنێ!

خێرا دوو هەفتە تێپەڕی. ئەوسا فەرماندە کتوپڕ بیری ژن و منداڵەکەی کەوتەوە. یەکێک لە شانازییەکانی ئەو ئەوە بوو کە لە پێناوی نیشتمان بە شێوەیەک لە شێوەکان وازی لە ژن و منداڵ هێنابوو و لە گوندێکی سەر سنوور جێی هێشتبوون. دیارە ژنەکەی کردە بوو و دەیتوانی بەڕەی خۆی لە ئاو دەرکێشێ. مانگایەک و دوو بزنی هەبوو لەگەڵ چەند مریشک و کەڵەشێرێک. ئەمیش ئازووقەی حیزبی دەگەیاندێ و بڕێ پارە و پووڵیشی بۆ جێدەهێشت. گەر جەولە دەرفەتی بدایە و رێگای بکەوتایە گوندەکە ئەوا زووزوو سەردانی دەکرد، ئەگینا بە سێ مانگ جارێک دەچووەوە ماڵەوە. ژنەکەی بە هاتنەوەی خۆشحاڵ دەبوو، بەڵام خۆشحاڵییەکەی تەنیا بە لێڕوانین دەردەبڕی. فەرماندە کە خاوەن کوڕ و کچێکی گچکە بوو، یەک دوو شەوێ لە ماڵەوە دەمایەوە و دیسان وندەبووەوە. هەتا دووردەکەوتەوە ژنەکەی لەسەر بانییەوە لێی دەڕوانی. ئاگای لێبوو فەرماندە بۆ جارێکیش لای نەدەکردەوە.

بەیانییەک کاتێ لە خەوهەستا، ناردی ژن و منداڵەکەی بۆ بێننەوە. لە دووای دوو رۆژ ئێوارەیەک گەیشتنەوە ماڵەوە. فەرماندە رایسپاردبوو هەرچی هەیە ژنەکەی جێی بێڵێ و تەنیا بە دوو منداڵەکەی و جلی بەریەوە خۆی بگەیەنێتە لای مێردەکەی. ژنەکەیشی چونکە هاوسەرێکی گوێڕایەڵ بوو بەقسەی کرد. مانگا و بزن و مریشکەکانی بەخشی. خەڵکی ئاوایی بەمیهرەبانییەوە بەڕێیانکرد. رێگا دژواربوو و پڕ لە چاڵە و چۆڵ و تەپ و تۆز. بۆ خۆی سەری لە گێژەوە هات و منداڵەکانیشی رشانەوە. کاتێک ژنەکەی گەیشتە بەر خانووە کەشخەکە سەرەتا لای وابوو بەهەڵە هاتوون، بەڵام کاتێک مێردەکەی لەسەر بەڵکۆنەکە بینی دەستبەجێ باوەڕی هێناو بەکاوەخۆ وەژوورکەوت. لە ناو ژووری دانیشتنەکەی قاتی دووهەم هەر دوو منداڵەکەی کە لێی جیانەدەبوونەوە و لە قاچ و قولی دەئاڵان، راوەستان و لە جیاتی ئەوەی لە فەرماندە بڕوانن نوقمی شمەک و قەنەفەکانی ناو ژوورەکە ببوون. فەرماندە منداڵەکانی لە باوەش گرت و ئەمری کرد دانیشن.

لە راستیدا چەندین رۆژی خایاند تا ژنەکەی بە خانووەکە راهات و باوەڕیکرد کە ئەمە ئەو خانووەیە ئەوان دەبێ پاشـماوەی ژیانیان تیایا بژین. هەڵبەت زۆر خێرا راهاتن، بەتایبەت منداڵەکان. بەڵام فەرماندە هەستیکرد شتێک ناڕاستە. بیری لە روخساری شکاوی ژنەکەی و جۆری هەڵسوکەوتی دەکردەوە کە بە هیچ کلۆجێک لەگەڵ دۆخی تازەی خۆی و خانووەکە نەدەهاتنەوە. ژنەکەی زیاتر وەک کارەکەرێک دەهاتەبەرچاو کە بۆ خاوێنکردنەوەی خانووەکە بانگکرابێ هەتا هاوسەرێک شیاوی ئەو بێ. بەمە یەکجار قەڵس بوو. نەدەکرا کەسێکی وەک ئەو بەم شان و شکۆیەوە خاوەنی وەها ژنێک بێت. جاران جاران بوو و راستییەکەی ئەوە بوو دوو هەفتەیەک دەبوو گەردوون بە لایەکی تردا کەوتبوو. بۆیە رایسپارد خانوویەکی تر کە کەمێک سادەتربوو بۆ ژن و منداڵەکەی لە گەڕەکێکی تری شار بگرن و بۆ ئەوێ بەڕێی کردن. هەر لەو کەین و بەینەیشدا بوو کرایە مەسئولی سوپای ناوچەکە و ئیتر بڕیاریدا لە جیاتی دوو خانوو ببێ بە خاوەنی چەندانی تر.

فەرماندە لە مەقەڕ ژوورێکی یەکجار گەورەی جیاکردەوە بۆ شوێنی کارەکەی. هەروەها لەو شوێنە بوو خەڵکی دەیانتوانی سەردانی بکەن. لە راستیدا فەرماندە لە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیدا یەکجار سەرکەوتووبوو. لە شاخیش هەر وا بوو. لەگەڵ هەرچی سەرۆک عەشیرە و پیاوماقوڵی ناوچە جۆربەجۆرەکان لەپێوەندییەکی باشدا بوو. لە رێگای ئەوانەوە توانیبووی کۆنتڕۆڵێکی باشی بەسەر دۆخەکەدا هەبێ. هەتا ئەو جێگایەی ئەوان رێزی ئەم و هەڤاڵانیان بگرتایە و خزەمەتیان بکردنایە و جگە لەوە لە کاتی تەنگانەدا بەدەمەوە بوونایە، ئەوا ئەویش زۆر خۆی لە قەرەی کێشە کۆمەڵایەتییەکانیان نەدەدا و ئیزنی دەدا خۆیان بە یاسای خۆیان چارەسەری بکەن. ئەو تەنیا لەو گوندانە دەستی لە دۆخەکە وەردەدا کە لایەنەکانی تر، بەتایبەت لایەنێکی سەرەکیی تر کە رەقیبی ئەسڵیی ئەمان بوون، دەسەڵاتیان هەبایە. لەم کاتانەدا یاساکانی حیزب دەهاتنە پێشەوە و پێ لەسەر ئەوە دادەگیرا کە دەبێ بێ ئەملاولا رەچاوبکرێن. بگرە بەشێکی بەرچاوی سەرۆک عەشیرەکان و پیاوماقوڵان، بەڕواڵەتیش بایە، کرابوونە ئەندامی نهێنی و شوێنیان بەم شێوەیە هەم پارێزراو بوو و هەم لەوەی کە ببن بە ئەندامی لایەنەکانی تر یاخود پیاوی حکومەت خۆبەخۆ بەرگری کرابوو. هەڵبەت هیچ گارانتییەک نەبوو کە بەڕاستی ئەندامی ئەمان بن و لە ژێرەوە لەگەڵ ئەوانی تر دەستیان تێکەڵ نەکردایە، بەڵام لە هیچ باشتر بوو و لانیکەم دەیانزانی شتێک هەیە ئەوان بە فەرماندەوە دەبەستێتەوە و دەبێ لە یادیان بێت کە ئیتر تەنیا خۆیان نین. راستییەکەی ئەوە بوو هەمووان لە سەردەمێکدا دەژیان کە دەبا لایەنێک هەڵبژێرن. بێ لایەن دەفەوتا، یان باشتر بڵێین فەوتابوو. کاتێک شەڕە سەرەکییەکانی دێن، کاتێک باس باسی نیشتمان و مانەوە یاخود نەمانەوەیەتی کەس ناتوانێ لەو لاوە راوەستێ. فەرماندە و هەڤاڵان بەمە گەیشتبوون و پێداگریش بوون لەسەر ئەوەی کە گشتی نیشتمانیش دەبێ بەم راستیە بگەن. راستییەک کە هەم تاڵ بوو و هەم خۆش. بۆیە لای فەرماندە زۆر ئاسایی بوو کە هەڤاڵان بنێرێتە سەر سنوور و لە قاچاخچیەکان سەرانە و باج بستێنێ، یاخود هەڤاڵان بە کۆمەڵ خۆ بە گونددا بکەن و چاوەڕوانیی ئەوەیان هەبێ خەڵکی نان و ئاویان بدەنێ و خزمەتیان بکەن. لەم بارەیەوە فەرماندە و هەڤاڵان تەواو ویژدانیان ئاسوودە بوو، گەر قەرار بوو ئەوان خوێن و ژیانیان بدەن بۆچی خەڵکی بە پارە و بە خواردن ئەرکی نیشتمانیی خۆیان رانەپەڕێنن! لای فەرماندە ئەمە یاسایەکی یەکجار سروشتی بوو. لای ئەو خەڵکی گەر لێیان گەڕابای هەر خەریکی ژیانی خۆیان دەبوون و کاریان بە هیچەوە نەبوو. بۆیە ئەرکی ئەو و هەڤاڵەکانی بوو خەڵکی لە خەوی قووڵ راپەڕێنن و وشیاریان بکەنەوە کە ژیان واوەترە لە ئیش و کاری رۆژانە. ئەوەیکە ژیان خۆی لە خۆیدا خاوەن ئامانجە، ئامانجێک کە زۆر ئاسان خۆی نانوێنێ و بۆیە دەبێ هەندێ کەسی پێشڕەو کاری لەسەر بکەن، بیدۆزنەوە و ئەوسا بە پێشکەشکردنی، مانا بە ژیانی خەڵکی و بە نیشتمان ببەخشن.

ئەو خەڵکانەی لە کاتی دیاریکراوی هەر رۆژەدا روویان دەکردە ژوورەکەی فەرماندە و قسەیان لەگەڵ دەکرد و داواکاریی خۆیانیان پێشکەشدەکرد، یەکجار جۆراوجۆر بوون. فەرماندەیش کە دەیزانی ئەمە باشترین شێوازی پێوەندی لەگەڵ خەڵک و راگرتنیانە، وەک ئەرکێکی حزیبی بە جوانی رایدەپەڕاند. خەڵکی گوندی، مامۆستا، رۆشنبیر، خوێندکار، دوکاندار، کارمەند، دوورەخزم، مۆسیقار، چیرۆکنووس، شاعیر، رەخنەگر، شانۆگەر، سینەماچی، کۆنەهەڤاڵ و ئەندامی حیزبەکانی تر لەو جۆرە کەسانە بوون بەردەوام دەهاتن و دەورتادەور لەسەر ئەو کورسییانەی بۆیان دانرابوو دادەنیشتن و بەنۆرە قسەیان دەکرد، یاخود داواکاریی خۆیان پێشکەش دەکرد. فەرماندە یەکەبەیەکە ئیزنی دەدان و ئەوسا بە کەسێکی دەگوت داواکارییەکان بنووسێتەوە. جاری وایش بوو بۆخۆی یادداشتی هەڵدەگرتەوە. ئەوەی زۆرتر دەبیسترا یان داوای پارە و یارمەتی بوو، یاخود داوای دامەزراندن. زۆربەشیان باسی رۆژانی رەشیان دەکرد کە چۆن چۆنی بە خۆیان و بە بنەماڵەیانەوە لە خزمەت شۆڕشدا بوون و ئەمەیان وەک بەڵگەیەک بۆ سەلماندنی رەوایی داواکەی خۆیان دەهێنایە گۆڕێ. فەرماندە زۆر جار دەیتوانی بەدەم داواکارییەکانەوە بچێ، هەرچەند نەک لەو ئاستەیدا وا کەسەکان داوایان دەکرد. لەسەرێکی ترەوە فەرماندە بەم دۆخە خۆشحال بوو، ئەگەر جاران بەهۆی جۆرێک لە رەوایی شۆڕشگێڕی و هێزەوە خەڵکی روویان تێدەکردن، ئەگەر جاران فەرماندە و هەڤاڵان بوون بۆ بژیوی نیازیان بە خەڵکەکە بوو، ئیستاکە دۆخەکە وەرگەڕابوو و ئەوە ئەو خەڵکە بوون نیازیان بە فەرماندە بوو. نیازێک نەک تەنیا لە ئاستی گوندەکاندا بەڵکو بە پانتایی نیشتمان. بەم شێوەیە هەم لەو هەستە ناخۆش و شاراوەیەی وا جاران هەیبوو دەهاتە دەرەوە و، هەم ئیستاکە هەستی بە وەها باوکایەتییەک دەکرد نەبێتەوە. باوکێک کە بەردەوامیی نیشتمان تەواو بەوەوە بەسترابووەوە.

فەرماندە ئەمەی یەکجار بەدڵ بوو. جاری وابوو ئەوەندە دڵخۆش بوو کە لە دانیشتنە ئاساییەکانیشدا زیا لە رادەی پێویست بە دەنگی بەرز قسەی دەکرد و زیاتر لە هەر کاتێکی تریش بە دەنگی بەرز پێدەکەنی. جۆکی بێتامی دەگێڕایەوە و بۆخۆیشی زیاتر لەوانی تر بە جۆکەکەی پێدەکەنی!

فەرماندە بیری دەکردەوە بێگومان وێنەکەی ئەو کە هەیکەلێکی رۆمانسی بوو بە سەر مایینێکی سپیەوە، بۆ هەمیشە لە یادەوەریی مێژوویی خەڵک و نیشتماندا دەمێنێتەوە،… ئەرێ، بۆ هەمیشە. ئەو وێنەیەی وا کۆپی کرابوو و بە هەموو شوێنێکدا بڵاوکرابووەوە.

درێژەی هەیە…

نووسینی: فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *