فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

فەڕۆخ نێعمەتپوور نووسەر و رۆژنامەنووس لە ساڵی ١٣٤٤ی ھەتاوی لە شاری بانە، کوردستانی ئێران لە دایکبووە.. خاوەن لیسانسە لە بواری فەلسەفە لە زانکۆی بلیندەرن لە ئۆسلۆ. ئەم نووسەرە لە بواری رۆمان، چیرۆک و وتاری سیاسی و فکری دا چالاکە و گەلێک بەرھەمی لەم بوارانەدا پێشکەش کردووە. ئیستاکە لە وڵاتی نۆروێژ دەژی و بەردەوامە لە کاری نووسین. --- بەرهەمەکان ---- رۆمان: پەڕەسێلکەکانی کۆچ — ١٩٩٨ ساڵەکانی خەون — ٢٠١٠ پێنج سەفەر، وێنەیەک — ٢٠١٣ باڵندەی بریندار، ماسی سەرسام — ٢٠١٤ گوناھی گەورە — ٢٠١٥چیرۆکی شۆڕش — ٢٠١٦خەیاڵاتی بێھودە — ٢٠١٨کاتێک ھاشم لە زیندان گەڕایەوە — ٢٠١٩ماجراهای بابا — (مجموعه داستانهای به هم پیوسته) —…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

چیرۆکی فەرماندە (٣)

کات 21/08/1399 64 بازدید

یەکێک لەو کارانەی هەڤاڵان هەر لە سەرەتاوە کردیان، دەست بەسەراگرتنی هەموو دایرە حکومییەکان بوو. ئەمەیش ئاسان بوو. لەبەر ئەوەی دایرەکان لەوێ لە شوێنی خۆیان مابوونەوە، هەر ئەوەندە بەس بوو چەند هەڤاڵێک بچن لەوێ لانیکەم یەک لە خۆیان بکەن بە بەرپرس (یاخود چاوەدێری بەرپرس) و هەروەها دەستبەجێ نیگابانێکیش لە بەر دەرگاکەدا دابنێن. ئیتر خۆبەخۆ هەموو کارمەندەکان دەیانزانی دەسەڵاتداری هەنووکە کێیە و دەبێ لە لایەن کێوە پرس و جۆیان لێ بکرێ. راستییەکەی ئەوە بوو ئەو خەڵکەی وا رژابووە سەر شەقام و دەستی بەسەر شوێنە چەکداری و ئەمنییەکانی دیکتاتۆردا گرتبوو، هەر بیریشیان لەم بەشە نەکردبووەوەو، بۆیە ئیشەکە بە دەست فەرماندەوە یەکجار ئاسان هات. ئەوان لایان وابوو دەسەڵات تەنیا یەعنی هێزی چەکدار و سیخوڕ.

بەڵام لەتەکیا هەواڵی ناخۆشیش دەهات. بۆ وێنە فەرماندەی بچوک بچوکی تریش کە سەر بە رەوتی و لایەنی دیکەبوون هەبوون کە وەک ئەم هەمان داوایان هەبوو و لایان وابوو نیشتمان هەر بەو رادەیە هی فەرماندەیە هی ئەوانیشە. بۆیە لێرە و لەوێ دەستیان بە سەر هەندێ شوێندا گرتبوو و وەک سەردەمی شاخ چەکداری خۆیان هەبوو و لایان وابوو دەکرێ خاوەن یاسا و رێسای خۆیان بن. هەڤاڵان گوتیان دەبێ کارێک بکەین کۆتایی بەم پشێوییە بێنین. گوتیان نابێ ئەو خەڵکە لایان وابێ ئەوە بۆ خۆیان خاوەن مەسەلەکەن و ئامرمەفرەزەکانی تریش (ئەم ناوەیان خستبووە سەر فەرماندەکانی تر بۆ ئەوەی لە فەرماندە جیایان بکەنەوە) نابێ خۆیان لێ ببێ بە شێر. بۆیە فەرماندە لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی و نهێنیدا، کە لە ژێر ناوی (با رێوییەکان لایان وا نەبێ شێرن)، بڕیاریدا بە پلانێکی گەورە کۆتایی بەم دۆخە بێنن. جا لەم پێناوەدا چەند شتیان کرد:

ـ ئەوەی وا کارمەند بوو یاخود دەیەویست دامەزرێ دەبا بچێتە سەر لیستەیەک بە ناوی لیستەی “ساڵی شۆڕشی مەزن”، (دیارە بەرەبەرە ئەم ناوە لەبەر ئەوەی دوورودرێژ بوو و گوتنەوەی کەمێک زەحمەت، خەڵکی لە ناو خۆیاندا کورتیان کردبووەوە بۆ “لیستەی ساڵی شۆڕش” و، لەوێوە لە حەزێکی گاڵتەئامێزدا بۆ ناوی بێ مانای “لیساڵەشۆ”!

ـ هەموو ئەو رەوتانەی وا شوێن و بینایان داگیرکردبوو، دەبا بۆ راگرتنی بەردەوامی ئیزن لە فەرماندە بخوازن، بۆیە دەبوایە بۆ وەرگرتنی ئیجازەنامە روو لە ئیدارە حیزبییەکان بکەن،

ـ بە بەربڵاوی یاد و ناوی شەهیدان بژییەننەوە و بە بڵاوکردنەوەی وێنە و پۆستەرەکانیان لە هەموو شوێنێکی شار نیشانی بدەن کە بەڕاستی کێ خاوەنی نیشتمانە،

ـ ئەوەی ملی نەدا بەم کارانە و نەهاتە سەر رێگای راست، ئەوا سەرەتا بە هەڕەشەی نهێنی لە رێگای وشەوە، دوواتر بە هەڕەشەی ئاشکرا لە رێگای وشەوە، ئینجا بە لێدانی جەستەیی (بە بێ چەک)، پاشان بە لێدانی جەستەیی (بە چەک)، بیهێننە سەر رێگای راست کە هەمان باوەڕ بە نیشتمان و سەرفرازییەکەی بوو.

هەڤاڵان دەستبەجێ کەوتنە جێبەجێکردنی پەسندکراوی دانیشتنە نهێنییەکە. بە خۆشییەوە دەستبەسەراگرتنەوەی ئیدارەکان و بینا حکومییەکان ئاسان بوو. ئەمە زۆر خیرا جێبەجێکرا. ئەوەیکە خەڵکی بچنە سەر “لیساڵەشۆ”، ماوەیەکی خایاند، بەڵام ئەویش زۆر دژوار نەبوو. راستە کۆمەڵێک کەس ملیان نەدەدا یاخود زۆر بە جیددیان وەرنەدەگرت، بەڵام لە پاش ئەوەی کاتێک دەچوون بۆ سەر ئیش و کاریان رێگایان لێدەگیرا، لە گرینگیی بڕیارەکە تێگەیشتن. بەم شێوەیە لیساڵەشۆ بوو بە لیستێکی یەکجار دوورودرێژ کە ئەو سەری دیار نەبوو. بە سەدان هەزار کەس ناونووسینیان کردبوو. بەم شێوەیە فەرماندە تەواو لەوە دڵنیا بوو زۆربەی هەر زۆری جەماوەری نیشتمان سەر بە خۆین و هیچ لایەن و رەوتێکی تر ناتوانن بە لاڕێدا بیانبەن. هەڤاڵان لە بڵاوکردنەوەی وێنەی شەهیدانیش بەڕاستی کارامەییان لە خۆیان نیشاندا. لە ماوەی یەک دوو هەفتەدا هەموو شوێنە گشتییەکانی وەک شەقام، دایرەکان، پارکەکان، قوتابخانەکان، وەزارەتەکان، مەودای نێوان شار هەتا بازگەکانی پشکنین و تەنانەت بازگەکانی سەر سنووریش بە وێنەی شەهیدان رازانەوە. فەرماندە هەتا ئەم وێنانەی بەم شێوازە نەبینی بەڕاستی نەیدەزانی کە لە شاخ چی گوزەرابوو. ئەو هەموو شەهیدە! دیارە ناحەقیشی نەبوو. راستە بە ژمارە ئەو کاتیش دەیزانی چەندن، بەڵام بە وێنە جیاوازە. وێنەکان ژمارە نەبوون. ئەگەرچی زیندوویش نەبوون، بەڵام زیاتر دەربڕی ئەوە بوون کە یەک کەس لە واقعدا یەعنی چەند کەس! وێنەکان سەرلەنوێ چاو، نیگا و روخساری ئەوانی دەژیاندەوە و سۆزێکی وەهای لە نیشتماندا دەورووژاند، نەبێتەوە. وەها کە خەڵکی زۆر ئاسان لیساڵشۆیان لەبیرکرد و سەرەڕای ئەوەی وەک کارەکانی سەردەمی دیکتاتۆر دەیانشوبهاند، بەڵام عەینەهوو هەر هیچ رووینەدابێ، فەرامۆشیانکرد. فەرماندە لە تێفکرینێکی فەلسەفییانەدا ئەمەی بۆ ساڵەکان دەگێڕایەوە. لای ئەو زەمەن هەموو شتێکی بچوک دەکردەوە. تەنانەت شەهیدانیش. جا بۆ ئەوەی شتەکان بچوک نەبنەوە دەبێ دەست بەکاربی و لە رێگای رێکلامەوە دیسان گەورەییان بسەلمێنیتەوە. جا هیچ شتێکیش وەک وێنە نیە. تازە ئەم خەڵکەیش لەوە بچوکترن پیاو بیری لێدەکاتەوە. فەرماندە ئەوەتەی لەبیری دێ دەبینێ خەڵکی زیاتر خەریکی ژیانی رۆژانەی خۆیانن و زۆر ئاگایان لە سیاسەت و شۆڕش و شتی لەم بابەتە نیە، بۆیە گرینگە جاروبارە نەقیزەیان تێوەشێنی و لە خەوی دەیان ساڵە رایانچڵەکێنێ. ئەوەی کە جاروباریش، وەک ئەمجارە، رادەپەڕن زۆر عەجایەب نیە. کە قازانجیان دەکەوێتە خەتەر ئەوجا بیری شت دەکەنەوە. لێرەدا رق و قینێکی بێ بەزەییانە لە فەرماندەدا بەرامبەر خەڵکی جووڵا. هاتەوە بیری کە چلۆن لە شاخ لە ناو برسیەتی و سارد و سەرمادا ئەوان دەکوژران و کەچی گڵۆپەکانی شار هەر لە دوورەوە وەک هەمیشە باق و بریقیان بوو. ئەو زۆر جار بە دیتنی ئەم دیمەنە رقێکی سەیر گرتبووی و سوێندی خواردبوو سەرئەنجام ئەم دیمەنە درۆیینە تێکبدات. جا یان ئەوان وەک خۆی لێدەکات، یان خۆی وەک ئەوان. نا، نەدەکرا ئەمان وەها و ئەوانیش وەها. باشە مەگەر خەڵک لە راستیدا کۆمەڵێک مرۆڤی سادە و بێ بیروباوەڕ نەبوون کە تەنیا بە هۆی بنیادەمە وریا و وشیارەکانەوە بەئاگادەکرانەوە؟ بێگومان وابوو! فەرماندە بەم پرسیار و وەڵامەی خۆی خەنی بوو و دڵنیا لەوەی رۆژێ هەموو دێنە سەر رێگای ئەو، لە ئاسۆی دەڕوانی.

هەڤاڵان راپۆرتیان دا بەشی چوارەمیش بە خۆشییەوە چووەتە پێش، هەرچەند لێرەولەوێ بەناچار بە هەڕەشە و بگرە و بەردە و کوشتن و، دەست بەسەرا گرتنی هەندێ بینا و بنکەی خۆڕسک جێبەجێکران. فەرماندە بەشێک لە کوژراوەکانی هەر لە سەردەمی شاخەوە دەناسی، بەلام داخۆ مەگەر هەر ئەو کاتیش لە شاخ وەها نەبوو؟ بێگومان وەها بوو. لە نیشتمانێکدا ناکرێ چەند کوێخا هەبن و کڵاویان لە کڵاوی یەک گیرنەبێ. جا هەتا زووتر ئەم کێشەیە یەکلابکرێتەوە، باشتر. بەڵام لەبەر ئەوەی فەرماندە خاوەن بەزەییش بوو سەرەخۆشیی لە خاوەن کوژراوەکانیش کرد و تەنانەت سەردانیشی کردن. بگرە لە بروسکەکانیشی دا پێی لەسەر ئەوە دادەگرتەوە کە ئەمە ببێتە ئەزمونێکی چاک بۆ ئەوەی بتوانن پێکەوە نیشتمان باشتر بەرەو پێشەوە ببەن.

لە چەند دانیشتنی تردا کە بۆ تاوتوێکردنی دۆخەکە کردبوویان، هەڤاڵان گوتبوویان لێرە و لەوێ ئیستاکە دەنگی ناساز دەبیستین، باسمان دەکەن و دەڵێن سەرکوتگەرن، دەڵێن لایان وایە هەر خۆیان کردیان و گوایا هەر خۆیانن خاوەنی ئەم نیشتمانەن. فەرماندە بەم قسانە بیری کەرەشین کەوتەوە. بۆ یەکەم جار بیرێکی سەیر بە خەیاڵیدا هات کە بە لایەوە یەکجار سەیربوو و لەهەمان کاتدا بووە هۆی دڵخۆشیدانەوەی خۆیشی. بە خۆی گوت راستە هەموو دیمەنی پێشڕەویی من لەو رۆژەدا بەهۆی دێزبوونی کەرە و مۆزکردنییەوە بوو، بەڵام گرینگ ئەوەیە ئەوە من بووم خاوەنی ئەو کەرە بووم و ئەوە من بووم لەو رۆژە مەزنەدا بە پشتیەوە بووم، جا هەرچی دەڵێن با بڵێن،… ئاخر نەک ئەوەی رێکەوت بەشێکی گرینگی رووداوەکانی ناو مێژووە!

لەیەکەم هاوینی گەرمی دووای راپەڕین، دووانیوەڕۆیەکی یەکجار گەرم کاتێک فەرماندە لە مەلەوانگە سەرکراوەکەی ناو حەوشەکەی خۆی بە چاویلکە رەشەکانەوە خەریکی مەلە پشتەکی بوو، یەکێک لە هەڤاڵان بە پەلە لە کاتێکدا ئارەقە بە نێوچاوان و ملیدا دەچۆڕا، هات و گوتی کە هەواڵێکی یەکجار گرینگی پێیە. گوتی لە دوو وڵاتی دراوسێوە پەیام هاتووە کە بۆچی ماوەیەکە خەبەریان نیە، گوتی لە پەیامەکەدا هاتووە کە داخۆ بەم زووییە ئێمەتان لەبیرکرد، ئێمەی هاوڕێ و پشت و پەنای رۆژانی تەنگانە!

فەرماندە بە بیستنی ئەم قسانە رەوتی مەلەکەی لێ تێکچوو، کەوتە شڵپەشڵپ و نوقمی ئاوەکە بوو. عەینەکە رەشەکەی ڵێ کەوت و بۆخۆیشی یەک دوو قوڵپ ئاوی مزری خواردەوە. کەوتە کۆکەکۆکێکی ترسناک. هەڤاڵان و ئەو نیگابانانەی وا بە دەورییەوە بوون کەوتنە هەڵپە، نەیاندەزانی چیبکەن. داخۆ خۆ هەڵداوێنە ناو ئاوەکە، یان بچن و بە هێنانی گوریسێک بە هانایەوە بچن. تیایا مابوون. نە دەکرا بە ج و بەرگ و چەک و رەختەوە خۆ بهاوێنە ناو ئاوەکە و، نە گوریسێکیش دەست دەکەوت. بەڵام بە خۆشییەوە مەلەوانگەکە قووڵ نەبوو، تەنیا تا شانی فەرماندە دەهات و بۆیە لە دووای شڵپ و هوڕێکی کورت خایەن فەرماندە خۆی خستەوە سەر قاچەکانی و نیشتمان لە مەترسییەکی یەکجار گەورە نەجاتی بوو. بێنە بەر چاوی خۆت گەر تەنیا لە یەک دوو مانگی دووای شۆڕشی مەزن، سەرکردە لەدەست بدەی! بەڕاستی بیرلێکردنەوەکەیشی ترسناک بوو چ بگا بەوەی روویدابا.

دوو کەس لە هەڤالان بن باڵیان گرت و لە ئاوەکە دەریان کێشایە دەرەوە، هەر لەو کاتەدا هەڤاڵی سێهەم خێرا خاولییەکی رەنگاوڕەنگی بە سەر شان و باهۆی فەرماندەدا دا و گەیاندیانە کورسییە تایبەتەکەی. چاویلکەکە بەسەر ئاوەکەوە ماوەیەک مایەوە و پاشان نوقم بوو. فەرماندە بەمە بیری سەردەمی شاخ کەوتەوە، بیری کەوتەوە چەند دانە لە هەڤاڵان کاتی خۆی بە رەخت و تفەنگەوە لەکاتی پەڕینەوە لە چەمە سەرشێتەکانی سەرسنوور ئاو بردبوونی. لای کردەوە و لە کاتێکدا هێشتا بە جوانی دەنگی دەرنەدەهات بە نووزەوە گوتی “ئەوەندەی نەمابوو!” هەڤاڵێک گوتی “قوربان تەنیا تاقیکارییەک بوو لە لایەن خوداوە بۆ ئەوەی گرینگیی جەنابت دیسان بۆ ئێمە و بۆ نیشتمان بسەلمێتەوە.” هەڤاڵێکی تر گوتی “مەرگ لە ئاستی جەنابتدا کۆیلەیە!” فەرماندە بزەیەکی خنکاوانەی هاتێ. ئەوەتەی لەبیری دێ مەمنوونی ئەم جۆرە هەڤاڵانە بوو. هەر کاتێک ویستوویەتی بە گژ ئاو و ئاگریدا کردوون بە بێ ئەوەی نووزەیەکیان لێوە هاتبێ. دۆست و دوژمنی بە کەیفی خۆ پێ قڕکردبوون. بەڕاستی گەر ئەوانی نەبووایە چی بکردایە،… ئەسڵەن لە بنەڕەتدا ئەمەی کە کرا، دەکرا؟… بێگومان نا. بۆ خۆیشی وەڵامی خۆی دایەوە، هەڵبەت لە دەروونی خۆیدا. بەڵام هاوکات دەبا لە بیریدا بووایە نابێ ئەمە بەئاشکرا بنوێنێ. ئەو دەبێ ئەمە کاتێک بنوێنێ هەڤاڵان دەکوژرێن، یاخود دەمرن. لەو کاتانەدا هەرچی وشە و رستەی دونیا بوو بانگی دەکرد و بەکاری دەبرن بۆ وەسفی هاوڕێیان. تەنانەت هەندێ هەڤاڵی شاعیریش هەبوون بە جوانی ئەم ئەرکەیان رادەپەڕاند و نیشتمانیان لەوپەڕی خۆیدا دەهەژاند. هاوڕێ شایەرەکان.

گوتی ئەمجارە نامەکەم بەجوانی بۆ بخوێننەوە. خوێندیانەوە. نووسرابوو ئەم سەرکەوتنە بە تەنیا سەرکەوتنی فەرماندە و نیشتمان نیە و بەڵکو سەرکەوتنی ئەوانیشە کە لە تەواوی ساڵانی رابردوودا بەدەم فەرماندە و نیشتمانەوە بوونە و یارمەتیی ئەوانیان داوە بۆ ئەوەی بە سەر دوژمنیاندا سەرکەون. بەسەر دوژمنی هاوبەش. گوتیان فەرماندە دەبێ لە بیری بێ کە هێزەکانی لە سنووری ئەوانەوە بەرەو نیشتمان کشان و توانیان بەشداری بکەن لەو رووداوە مێژوویی و گەورەیەدا. لێرەدا فەرماندە گوتی راوەستن. فەرماندە ئەو رۆژەی جوان لەبیرە، بەڵام هاوکات رقێکیشی لەدڵا بوو کە هەتا سنوور بە ماشین هێنابوویان و لەوێوە ئیتر دەبا ئەو کەرە بەکاربێنێ وا لە تاقە مەقەڕی شاراوەی ناو نیشتماندا هەیانبوو. کەرێکی ملکەج کە هیچ سنوورێکی لەگەڵ چەمووشیدا نەبوو. ئەو دەیتوانی هەتا ناو شار بە سەیارە بڕوا، بەڵام نەیاندایێ. بە هەڤاڵەکەی گوت دەست پێبکاتەوە. خوێندییەوە. نووسرابوو بۆیە ئەوان چاوەڕوانی ئەوەن بە زووترین کات چاوپێکەوتنیان لەگەڵ فەرماندە هەبێ بۆ ئەوەی دۆخی نوێ تاوتوێ بکەن، بۆ ئەوەی بزانن بۆ داهاتوو چ پلانێکیان هەبێ.

فەرماندە کەوتە بیرێکی قووڵەوە. ئەو کە لای وابوو رۆژانی رابردوو تەواوبوون و ئیتر لەمە بەدووا خۆی دەبێ لەگەڵ نیشتمان، کتوپر هەستێکی ناخۆش دەستی پێدا. هەڤاڵەکەی وەک بڵێی ئاگای لەم مەسەلەیە بێت هەڵیدایە و گوتی جەناب خۆت دەزانی ئێمە ئیستا حکومەتین و هەموو حکومەتێکیش خاوەن سیاسەتی دەرەوەیە، ئێمە دەبێ لە گەڵ جیهان پێوەندی دیپلۆماسیمان هەبێ، بە تایبەت لەگەڵ دراوسێکانمان، ئەمە وەک جەنابت باشتر دەیزانی یاسا و ئەرکێکی یەکجار گرینگە. فەرماندە کە بەم قسە زل و بێ مانایانە یەکجار قەڵس ببوو، خۆی راگرت و هیچی نەگوت. بەخۆی گوت ناحەقی نیە! تەنیا فەرماندە خۆی دەیزانی کە بە بێ دۆستانی ئەو دیو سنوور ئەوەی نەدەکرا کە لە تەواوی ئەم ساڵانەدا کردبووی. لە هیچ هەواڵێکدا باسی ئەو یارمەتییە گرینگانە نەکرابوو کە بڕبڕەی پشتی شۆڕشەکەیان بوو، هەر لە چەک و تەقەمەنیی و پارە و پووڵەوە بگرە، هەتا بەشی دەرمانی و دەرفەتی هاتوچۆ و زۆر شتی دیکەیش. ئەوان لە تەواوی ئەم ساڵانە وەک هێزێکی سەربەخۆ خۆیان ناساندبوو کە تەنیا لەسەر پێی خۆیان و لەسەر ورە و توانای خۆیان خۆیان راگرتبوو. لە رادیۆ و لە هەموو چاپەمەنییەکانیشیاندا پێیان لەسەر ئەمە داگرتبوو. بەڵام مەگەر هەموو سیاستەتێک خاوەن دیوە شاراوەکانی خۆی نیە؟ جا ئەوانیش یەک لەوان. بەمە بزەیەکی هاتێ. بەڵام هاوکات بزەیەکی تاڵیش بوو، لەبەر ئەوەی ئەو ساڵانە هێشتا دەسەڵات نەبوون و بۆیە هەمیشە ئەمان بوون کە دەبووایە خۆیان لەگەڵ ئەوان رێکبخەن. فەرماندە دەیزانی خۆی و هەڤاڵانی لەناو ململانێی هێزە زلەکاندا جێگایان بۆ خۆیان کردبووە و ئەمەیش گەلێک ترسناک بوو، ترسناک لەبەر ئەوەی دەبوویتە بەشێک لە کێشەکە و هاوکات هەردەم ئەگەری ئەوە هەبوو پشتت تێبکەن و خیانەتت لێبکەن، وەک چۆن زۆر جار کرابوو. هەڤاڵان هەروا لەو دووانیوەڕۆ گەرمەی هاویندا چاوەڕوانی وەڵام و هەڵوێستی فەرماندە بوون. کۆمەڵێک چۆلەکە لە سەر درختێک شێتانە دەیانجریواند و شەڕیان دەکرد. فەرماندە بەمە یەکجار قەڵس بوو، دەستی دایە دەمانچەکەی سەر مێزەکەی تەنیشتی و چەند فیشەکێکی ئاراستەکردن. چۆلەکەکان فڕین و دوورکەوتنەوە. چی بکا، چی نەکا؟ ئا، دەبێ چاوی پێیان بکەوێ و لەگەڵیان دانیشێ،… بەڵام،… بەڵام ئیتر ئەمجارە دۆخەکە جیاوازە، ئیستا ئیتر ئەم خاوەن حکومەت و خاکە و چیتر وەک جاران نەماوە. بەم بیرە بزەیەکی هاتێ و بەو نیوەڕۆ گەرمەی هاوین دایە قاقای پێکەنینێکی شێتانە. بە خۆی گوت ئیتر نۆرەی منە،… ئا نۆرەی من. ئەوان دەبێ تێبگەن من کەسەکەی جاران نەماوم،… من ئیستا سنووری کایەم فراوانترە.

لەم بیرانەدا دەهات و دەچوو کە گوێی لێبوو لە دەرگای حەوشە درا. ئەوەندەی پێنەچوو پێیان گوت وەفدێکی دراسێ لەو دیو سنوورەوە هاتوون بۆ سەردانی جەنابی فەرماندە. وەفدێکی یەکێک لە دوو دراوسێ گرینگەکە. فەرماندە کە بەمە پەشۆکابوو، بە پرسیارەوە لە هەڤاڵانی رووانی. ئەوانیش بێدەنگ بوون. ئەوسا زانی دەبێ بڕوا و خۆی بگۆرێ و، لەگەڵ میوانە ناوەختەکان دابنیشێ.

وەفدەکە چوار کەس بوون. هەر هەموویان بە جلی کوردییەوە و بەو چەکدارانەوە وا لە دەرەوە راوەستابوون. یەکیان بە زمانی کوردییەکی پاراو قسەی دەکرد و موتەرجمی هاوڕێکانی بوو. لەتەنیشت حەوزی ئاوەکە دانیشتن. فەرماندە کە چاوەڕوانی ئەمەی نەدەکرد، بە بزەیەکی تاڵەوە دانیشتبوو و لە سیمای هەر چوار کەسەکەی دەڕوانی. وا دیاربوو رابردوو ئەوەندە زوو وازی نەدەهێنا. هاوڕی کۆنەکان بۆ وەرگرتنی بەشی خۆیان هاتبوون. بیری کردەوە بۆ تا ئیستا خەیاڵی بەم لایەدا نەچووبوو.

تاوتوێی زۆر شتیان کرد. دیارە وەفدەکە سەرەتا لە رۆژانی کۆنەوە دەستیان پێکرد، لە هاوخەباتییان لەدژی دیکتاتۆر، لە یارمەتی لێقەوماوان، لە خوێنی هاوبەشی هێزەکانیان کە پێکەوە رژابوونە سەر زەوی. ئەوسا باسی پتەوکردنی زیاتری پێوەندییەکانیان وەک دوو دراوسێ لە دۆخی تازەدا کردبوو. قسەکان وەک قسە هەر هەموویان راست دەیاننواند، مەعقول بوون، بەڵام لەگەڵ قسەکان شتێک رێی دەکرد کە کەسیان باسی لێنەدەکرد، بەڵام لەگەڵیان بوو. فەرماندە دەیزانی ئەمە هەمان شتی جارانە.

وەک یەکەم چاوپێکەوتن، ئەگەرچی چاوەڕواننەکراو بوو، بەڵام دانیشتنێکی خراپ نەبوو. کاتێک وەفدەکە هەستان و ویستیان بڕۆن، یەکیان کە هەمان کوردیزانەکە بوو نامەیەکی لەسەر مێزەکە جێ هێشت. فەرماندە نەیهێشت کەس دەستی لێبدا. دووای رۆیشتنی دۆستانی کۆن، نامەکەی هەڵپچڕی. تێیدا تەنیا وێنەیەکی تیا بوو، وێنەی فەرماندە بەسەر کەرە شینەوە لە رۆژی گرتنی بنکەی ناوەندی شاری، لە کاتێکدا کەرەشین چوار ناڵ بەرەو بینا ترسناکەکە لە غاری دەدا.

فەرماندە دەستی شل بوو و وێنەکەوە کەوتە خوارەوە بۆ سەر عەرزە هێشتا نیوەتەڕەکە.

لەگەڵ ئەوەی فەرماندە و هەڤاڵانی کارێکی وەهایان نەدەکرد، کەچی نیشتمان و گەل کەم تا کورت ئیش و کاریان بەڕێوەدەچوو. حەوزی لێڵی نیشتمان بەربەرە دەزرینگایەوە. لێرەوە فەرماندە بەو ئەنجامە گەیشت کە لە راستیدا وڵاتداری سەرەڕای ناوە زل و زەبەندەکەی کارێکی ئەوەندە زەحمەتیش نیە. بیری قسەیەکی دۆستانی کۆمۆنیستی خۆی لە شاخ کەوتەوە کە دەیانگوت دەوڵەت هەمیشە نەبووە و مەرجیش نیە بۆ هەمیشەیش هەبێ، دەوڵەت رۆژێک لە رۆژان لە دایکبووە و رۆژێکیش دێت بۆ هەمیشە دەمرێ. فەرماندە ئەگەرچی کۆمۆنیستەکانی بە کەسانی خەیاڵاوی و بەدوور لە راستیەکانی ژیانی رۆژانە دەبینی، بەڵام لای وابوو لانیکەم هەندێ قسەیان راستە، راستییەک لە چەشنی ئەو راستییانەی کە بە هۆی راستبوونیانەوە قەت بەدینایەن! لەبەر خۆیەوە گوتی “لێیانگەڕێ با هەر بەو خەیاڵاتانەوە بژین!” وە رۆژێک لە کاتی خویندنەوەی راپۆرتی هەڤاڵان لەسەر دۆخی نیشتمان، باسی ئەوە کرا کۆمۆنیستەکانیش وەک هەموو ئەوانی تر تەنیا یەک بنکەیان لە شار پێ بڕاوە و بەشێکی بەرچاوییشیان لە رێگای قسەوباسی دۆستانە و ترساندن و تەمەح بەرخستنەوە کراون بە ئەندامی حیزبی فەرماندە و ئەوەی لێیشیان ماوەتەوە ئیستا تەنیا رەوتێکی بچووکی دەستبەسەرا گیراون کە بە پێچەوانەی شاخ چیتر هەڕەشە نین بەسەر هەڤاڵانەوە.

فەرماندە کە لەم هەواڵە یەکجار خۆشحاڵ بوو، هەستایە سەرپێ، بە ناو ژوورەکەدا سووڕێکی خوارد و ئەوسا گوتی “بەرچاو روونی لە داهاتوویەکدا کە هەندێ کەس تەنیا بە هی خۆیانیان دەزانی، مانای ئەوەیە ئێمە یەکجار مەزنتر بووین لەوەی بۆخۆیشمان بیرمان لێدەکردەوە.” هەڤاڵان هەموویان بزەیەکیان هاتێ و چەپڵەیەکەی بەرزیان تەقاند. لەدەرەوە خۆری نیشتمان بە حەوت تەبەقی ئاسمانەوە گەشاوەتر لە جاران بەرەو رۆژئاوا لە جووڵەدا بوو. پۆلێک باڵندە لە قووڵایی ئاسمان بەرەو شوێنێک بەڕێوە بوون.

ئەوەندەی پێنەچوو گوێی لە هەراهەرایەک بوو. کەسێک دەیەویست رێ لە کەسێکی تر بگرێ و ئەویش دەیقیڕاند و دەیەویست بەزۆر رێگا بۆ خۆی بکاتەوە. لە ناو قسەکاندا تەنیا وشەی “کێۆپۆغڵی” ناسییەوە. ئەوجا پیاوێکی قاتلەبەری سمێڵ پانی چاوکاڵی بینی کە بەپڕتاو لە کاتێکدا یەکێک لە هەڤاڵان بە شوێنییەوە بوو و دەیویست رێگای لێبگری، خۆی کرد بە ژوورەکەدا. فەرماندە دەستبەجێ ناسییەوە. بۆیە زۆر خێرا هەڤاڵەکەی دەنگدا کە “دۆستی دێرینمانە و لێیگەڕێن با بێتە ژوورەوە!”. هەڤاڵەکە کشایەوە.

کابرا بە بێ ئەوەی دەست لە گەڵ فەرماندە لێبداتەوە و ئیزنی خواستبێ رێک چوو و لە شوێنی فەرماندە لە پشت مێزە قاوەییە دارگوێزە گرانباییەکە دانیشت و هاوکات پلکەیەکی بەرزیشی تەقاند. دەستبەجێ پیاوێکی تر کە ئەویش قاتێکی جوانی بە کڕاواتەوە لەبەردا بوو، خۆی بە ژوورەوەدا کرد. موتەرجم بوو. فەرماندە بە ئارامی لە میوانە نابەوەختەکەی نزیک کەوتەوە و دڕدۆنگ لەوەی ئاماژە بە شوێنەکەی خۆی بکا یان نا، هەروا راوەستا و لە کابرای رووانی. کابرایش هەر وا لێی دەڕوانی. لە پاش ماوەیەک هەستا و ئارام چوو لە سەر کورسییەکەی تر دانیشت. فەرماندە کە لەم تێگەیشتنەی میوانەکەیدا جۆرێک لە زۆڵیەتی دەبینییەوە، هیچی نەگوت و بگرە بەشەرمەوە لەسەر شوێنەکەی خۆی دانیشت. موتەرجمەکە پەلەپەل کەوتە وەرگێڕانی قسەی کابرا. کابرا زۆر لەوە تووڕەبوو کە لەو کاتەوە فەرماندە بە دەسەڵات گەیشتووە رێزی پێویستی لە دراوسێی سنووری باکوور نەگرتبوو، گوتی راستە ئەوان بەدرێژایی مێژوو لەگەڵ یەکتر دۆستی زۆر باش نەبوونە، بەڵام بە بێ یارمەتی نێونەتەوەیی ئەوان قەت ئەم دۆخە بۆ فرماندە نەدەڕەخسا و بۆیە دەبا پێش ئەوەی وەفدەکەی دوێنێی ولاتە دراوسێکەی تر هاتبا، دەبووایە ئەمان یەکەم وەفد بوونایە. گوتی لەبەر ئەوەی وڵاتی ئەوان تاقە وڵاتە رێگای بەرەو رۆژئاوا لەوێوە گوزەردەکا بۆیە خاوەن پێگەی تایبەتە و فەرماندە نابێ بە هیچ کلۆجێک ئەمە فەرامۆش بکا. هەر لەم کاتەدا دەنگی فڕۆکەیەکی شەڕکەری بەرز کە بەر سەر ئاسمانی شارەکەدا تێدەپەڕی بیسترا کە کابرا بۆ ئەوەی جوانتر ئەو دەنگە ببیستن قسەکانی راگرت و لە کاتێکدا بە قامک ئاماژەی بە بەرەو حەوا دەکرد، گوتی “خۆ گوێت لێیە؟ ئەمە لە وڵاتی منەوە هەستاوە. ئەو تەیارانەی کە هێزەکانی دیکتاتۆریان راونا و دەرفەتی راپەڕینیان دروستکرد.” فەرماندە کە هەستی بە بێ رێزییەکی زۆر بەرامبەر بە خۆی دەکرد چەند جارێ ویستی قسەکانی کابرا ببڕێ و بڵێ بە بێ خەڵکی و بە بێ هەڤاڵان ئەگەر تەواوی ئاسمانیش لێوالێوی فڕۆکەی شەڕکەر بان ئەوا هیچیان پێنەدەکرا. ویستی بڵێ خۆ ئاگاین لێیە لە شوێنی تری نیشتمان چونکە خەڵکی رانەپەڕین و فەرماندەی لێنەبوو سەرەڕای فڕینی فڕۆکەکان هێچ شتێکی ئەوتۆ رووینەدا. بەڵام دەمی تەڵەیەکی تەقیو بوو بەو نیگایانە بە سەریەوە وا تەنیا لە کابرایان دەڕوانی و بەس.

بە تێپەڕینی کات وەک بڵێی بە هۆی بێدەنگیی فەرماندەوە کابرا ئەهوەندتر دەبووەوە، کەمکەم قسەوباسەکە ئاراستەیەکی تری پەیدا کرد. میوانەکە باسی لەوە کرد ئەگەرچی ئەمە راستە فەرماندە و وڵاتی ئەوان پێوەندێکی مێژوویی پتەویان پێکەوە نیە، بەڵام لەسەردەمێکدا دەژین کە مێژوو وەک جاران گرینگیی تایبەتی نیە. گوتی بەهۆی گەشەی تکنۆلۆژیاوە داهاتوو ئیستاکە گرینگترە لە رابردوو و بۆیە هەموویان دەبێ ئاگایان لەمە بێت. ئەوسا دیسان کتوپڕ بابەتی قسەکانی گۆڕی و ئەمجارە باسی لە هێزێکی چەکدار کرد کە لە هەرێمی فەرماندەدا دەژین و دژی دراوسێی باکورن و ئیستا کە ئەوان حکومەتی نوێی ناوچەکەن دەبێ مشوری ئەوە بخۆن ئەو چەکدارانە بنەبڕ بکەن و وەک دراوسێیەک ئاگایان لە ئاشتی و ئارامیی وڵاتەکەی ئەوان بێت. ئەم رستانەی دووایی بە شێوازێک دەربڕی کە زیاتر لەوەی بۆنی داواکاری لێ بێت بۆنی هەڕەشەیەکی تەواو ئاشکرای لێدەهات.

شتەکان ئەوەندە خێرا و ئەوەندە بە شوێن یەکتردا بە بێ پشوو و خێراخێرا روویان دەدا کە تەنانەت هاوڕێیان فریا نەکەوتن بە دانانی چایی، قاوە یاخود شەربەتیک میوانداریی میوانە نابەوەختەکەیان بکەن. کابرا هەر بەو خێراییە رابووە سەر پێ و لەگەڵ موتەرجمەکەی بەرەو دەرگاکە رۆیشتن کە دیسان کتوپڕ لە ناوەڕاستی رێگادا راوەستان و گەڕانەوە. کابرای سمێڵ فش دەستی کرد بە گیرفانی باخەڵیدا و نامەیەکی دەرهێنا و لەسەر مێزەکە بەفڕێدان هەر فڕێیدا و ئەمجارە ئیتر بۆ هەمیشە لە چاوان ونبوون.

فەرماندە کە یەکجار هەستی بە ماندووی دەکرد، شل خۆی فڕێدایە سەر کورسییەکەی و دانیشت. دونیا لەوە بێڕەحمتر بوو دەینواند. زۆر بە قووڵی رۆچووە بیرانەوە. باشە قەرار بوو ئەم دۆخە بەرەو کوێ بڕوات،… ئەسڵەن بەڵێن بوو شتی لەم چەشنە رووبدات! لە بیری دێت قەت نە خۆی و نە هەڤاڵانی بیریان لەمە نەکردبووەوە. ئەوان لایان وابوو زۆر شت لەو سنوور بۆ هەمیشە جێ دەمێنن و دەبن بە رووداوی ئەو دیو سنوور. بەڵام وادیاربوو سنورەکان چیتر مانایان نەمابوو. بیری قسەی میوانەکەی لەسەر گرینگیی داهاتوو کەوتەوە، ئەوەیکە مێژوو بووە بە فشە. باشە ئەگەر وایە بۆچی مێژوو ئاوەها بەرەو داهاتوو دەکشا.

چاوە ماندوو و خەمینەکانی هەڵبڕی و کتوپڕ چاوی بە نامەکە کەوتەوە کە لە گۆشەیەکی مێزەکدا بێ ناز کەوتبوو. دەستی برد و کردییەوە. وێنەیەک بوو! وێنەیەک کە دەڵێی بە تەیارە لە ئاسمانەوە گیرابوو. هەندێ خانوو و مەیدانێک دیاربوون. وێنەکەی نزیکتر کردەوە. نا، نا، نا،… دیسان خۆی بوو،… خودی فەرماندە،… بە سەر کەرەشینەوە لە رۆژە مێژووییەکەدا.

فەرماندە ئیستا تەواو لەوە دڵنیابوو کە ئەو بۆ یەک ساتیش لە تەواوی ئەم ساڵانە لەبەر چاوی ئەواندا ون نەببوو. ئەو هەمیشە لەوێ بوو،… لە ناو کۆشک و تەلار و بیناکانی دەسەڵاتی ئەواندا. ئەوان هەمیشە لێرە بوون.

لە دووای ئەوەی کابرای میوان رۆیشت، فەرماندە کە نەیدەزانی مانای “کێۆپۆغڵی” چییە و لە دڵیا مابووەوە، ناردی موتەرجمێک بێنن. هەڤاڵان لە دووای یەک دوو سەعات پیاوێکی لەڕ و لاوازیان هێنا کە بۆنی سیگارەکەی رۆژەڕێیک دەڕۆی. موتەرجمەکە سەرەتا رووی نەبوو بیکاتەوە بە کوردی، کەمێک سەیری ئەم لاولای کرد و لە دووای ئەوەی هەندێ لە سەقفەکەیش راما، سەرئەنجام پرسیاری کرد پێش ئەوەی وەریگێڕێتە سەر کوردی دەیەوێ بزانێ کابرای میوان ئەمەی بە کێ گوت. هەڤاڵان گوتیان تۆ کارت بەوە چییە بە کێی وتوە، تۆ لە سەرتە بیکەیتە کوردی، پارەی خۆت وەربگرە و خواحافیزت! هەر کە تەرجەمەی کردەوە، فەرماندە رەنگ بە روخسارییەوە نەما. هەڤاڵان لە شەرما سەریان داخست و یەکیان بە تووڕەیی کابرای موتەرجمی کردە دەرەوە. لە دەرەوە دەنگەدەنگێک دەگەییە گوێ. وەک بڵێی پارەی تەواویان بە کابرا نەدابێ. موتەرجمەکە هاواری دەکرد یەک وشە بێت یان هەزار، ئەوا ئەو پارەی سەعاتێکی دەوێ.

فەرماندە لە بیری نایەت لە تەواوی ساڵانی شاخ و تەنانەت لە کاتی پێوەندییەکانیان لەگەڵ ئەودیو سنوریشدا کەس زاتی ئەوەی کردبێ قسەی وەهای بە تەنگەیاندا دابێ. ئاسمان کونی تێ ببوو. شەرم و حەیا باری کردبوو و ئەو دیو کەل کەوتبوو. یەکێک لە هەڤاڵان هەنگاوێ هاتە پێش و گوتی قوربان لەم رۆژانەدا لە هۆڵی رۆشنبیری کۆڕێک بوو، کۆمەڵێک گەنجی سەرڕووت خەڵکیان لە دەوری خۆیان کۆکردبووەوە و قسەیان بۆ دەکردن، یەکیان کە یەکجار زۆربڵێ بوو و یەکجار شاییشی بە خۆیی دەهات دەیگوت سەردەم سەردەمی عەولەمەیە، من کە نەمدەزانی عەولەمە چییە رووم کردە ئەوەی تەنیشتم و لێم پرسی، کابرا کە گەنجێکی سەروسمێڵ تاشراو بوو لە وەڵامدا پێی گوتم یەعنی ئەوەیکە ئیتر ئێمە ئیستا هەر دراوسێی جیرانە کۆنەکانمان نین، بەڵکو دراوسێی قول رەشەکان و تەنانەت قن رووتەکانی ئامازۆنیشین، ئەگەرچی بە هەزاران کیلۆمەتر لەولامانەوە دەژین! جا قوربان بەم پێیە ئێمە لە سەردەمێکداین پیاو هەموو شتێک دەبیستێ! فەرماندە تەنانەت سەریشی لێ بەرزنەکردەوە تا لێی بڕوانێ. بەڵام قسەکە گرتی. راست دەکا سەردەمی بەجیهانیبوونە و خوا دەزانێ چیتر لە سەر رێگایە. ئەوسا کتوپڕ بیری ژنە کۆنەکەی کردەوە. بە هەڤاڵانی گوت سەیارە ئامادە بکەن.

هەر کە گەیشتن هەڤاڵان دەوری ماڵەکەیان گرت و فەرماندە وەک هەمیشە تەنیا بۆ خۆی چووەوە ژوورەوە. ژنەکەی کە چاوەڕوانی ئەمە نەبوو، خێرا ساوەر و گۆشتێکی چاکی بۆ کرد، ماستاوێکی خەستیشی بۆ گرتەوە و لەگەڵ کەمێک سەوزە کە جاترەکەی زۆرتر بوو لەبەر دەمیدا داینا. فەرماندە ئەگەرچی زۆری برسی نەبوو، بەڵام پارووی تێنا. ئەوسا کتوپڕ گەدەی بزوا و هەستی بە برسیەتییەکی سەیرکرد. هەتا توانی خواردی. دوو پەرداخ ماستاوی چاکیشی بە سەراکرد و لە پاشان کێشانی جگەرەیەک دەستبەجێ لەسەر دۆشەکەکەی وا لەسەری دانیشتبوو، خەوی لێکەوت. فەرماندە کە قەت بە رۆژدا خەوی نەبینیبوو، خەوێکی زۆر سەیری بینی. لە خەوەکەیدا کەرەشینی لە وێنەیەکی رەش و سپیدا بینییەوە لە نێوان هەر دوو میوانەکەی ئەم دوو رۆژەی دوواتردا، قۆل لە سەر شانی هەدووکیان بە بزەوە لە کاکی وێنەگریان دەڕوانی. دوو میوانەکەیش دەستیان خستبووە سەر پشتی کەرەشین و ئەوانیش لە بزە کەمیان نەدەهێنا. وێنەکە لەوە دەچوو لە سەردەمی شاخ کیشرابێ. ئاخر فەرماندە شاخەکەی پشتەوەی وێنەکەی ناسییەوە. ئەو شاخەی بە چەندین جار شەڕی قارەمانانەی تیاکردبوو و پشتی دوژمنی هێنابووە لەرزین. کە لە خەو راچڵەکا هەموو ئازای جەستەی شەڵاڵی ئارەقێکی سەیربوو. کەس لە حەوشە نەبوو و ژنەکەی و هەر دوو کوڕەکەی لە ژوورەوە دەنگیان دەهات. دەستی برد و لە بەفراوەکەی بەردەمی پەرداخێکی خواردەوە. ئەوسا کتوپڕ حەزی جووتبوونێک گرتی. جووتبوونێکی شێتانە. بە جوانی لە بیری نایەت کەی لەگەڵ ئەم ژنە کۆنەی جووت ببوو. ئەو ژنەی کە لەوە نەدەچوو لەوەتەی هاتبوونەوە بۆ شار هەر بیریشی بەلای ئەم جۆرە شتانەدا چووبێ . فەرماندە لە بەر خۆیەوە بەخۆی گوت نەکا لەگەڵ کەسی تر دەستی تێکەڵکردبێ،… ها، نەکا! ئەوسا جامانەکەی هەڵگرت و ناوچاوان و دەوری ملی پێ سڕی و خۆی کرد بە ژوورەوەدا. هاواری لە منداڵەکان کرد ئاوی سارد بۆ هەڤاڵان لە دەرەوە ببەن کە هەروا لە کۆڵان مابوونەوە. ئەوسا بە ژنەکەی گوت بچنە ژوورەکەی پشتەوە. ژنەکەی بە سەرسووڕمانەوە لێی رووانی، پاش کەمێک تێگەیشت و گوتی بێ نوێژم! فەرماندە کە چاوەڕوانی ئەمەی نەدەکرد پڕ بە دەمی بە تووڕەییەکی سەیرەوە گوتی “کێۆپوغڵێ!” ژنەکەی هەروا واقوڕماو لێی دەڕوانی. فەرماندە جامانانەکەی لە ملی پێچا، پشتێنەکەی لە دەوری کەممەری ئاڵاند، چواردەخۆرەکەی بەستەوە و بەپەلە دەرکەوت. تووڕە لەوەی ئەم چەند رۆژەی دووایی هیچی بە دەستەوە نەهاتبوو و وەک بڵێی دونیا لە دژی ئەو هەڵگەڕابووەوە، بە هەڤاڵانی گوت دەچن بۆ نادیە. خێرا لە نیوسەعاتدا گەورەترین نادیەی شار کە بەسەر تەپۆڵکەیەکەوە بوو و بە سەر شاردا دەیڕوانی بۆ ئەو ئێوارەیە تاپۆکرا. مێزێکی گەورە و جوانیان بە جۆرەها مەزە، خواردنەوە و خواردنی جۆراوجۆر رازاندەوە. فەرماندە هەر کە کەمێک سەرخۆش بوو، بۆ یەکەم جار لە دووای راپەڕین حەیا بەریدا و بە پلکە لێدان کەوتە خوێندنی گۆرانییە بەناوبانگەکەی عەلی مەردان “گیانە بەسیەتی”: “گیــانە بەسیـەتی ، گیــانە بەسیەتی  /توخوا بەسیـــەتی، دەرد و مەیـنەتی

‌هەر هێندە ئەبێ لەیلێ تووشی و نەگبەتی /قـنیـــاتم تــەنهـــا ژاراوی پــەتـــی

‌لە نەحسی چارە و بەختی گومڕاهم /عــالـــەم بـــێزارە، لە نــاڵـــە و ئـــاهم

‌ئەجـــەل، قولاپی گیـرکرد لە جەرگــم/ نیشـــانم ئـەدا نیـــشـــانەی مەرگـم”

 هەڤاڵان کە سەرەتا تیایا مابوونەوە چی بکەن، داخۆ دەنگ هەڵبڕن یان نا، داخۆ چوونە ناو گۆرانییەکەی فەرماندە بێ رێزییە یان نا، سەرئەنجام لە دووای ئەوەی ئەوانیش کەمێک کەلەسەریان گەرم بوو لەگەڵی کەوتنە گوتنەوەی گۆرانییەکە. لەوە دەچوو هەر هەموویان بیرەوەریی خۆشیان لەم گۆرانییە هەبێ، لەبەر ئەوەی هەر هەموویان زۆر سەیر لەگەڵیا خۆیان دەلاواندەوە. تەنانەت یەکیان مەقامی ناو گۆرانییەکەی گرتە ئەستۆ و دەنگی بەرزبەرز هەڵبڕی: “ئەی مانگ من و تۆ هاودەردین، هەردوو گرفتار یەک ئاهی سەردین…”. گۆرانییەکە ئەگەرچی تام و بۆنی دەشتی گەرمیانی دەدا، بەڵام تێکەڵ بە هەوای کوێستانیش بوو. ئەوسا بینیان فرمێسکەکان بە چاوی فەرماندەدا هاتنەخوارەوە. ئەو فرمێسکانەی تەنیا رێزی فەرماندەی لای ئەوان زیا و زیاتر دەکرد. ئاخر مەگەر تەنیا پیاوخاسان و نیشتمان پەروەران نین دەتوانن ئاوا لە کانگای دڵەوە بگرین؟… بێگومان.

دەورووبەری سەعاتی دوانزەی شەو نادییەکەیان جێهێشت و بەرەو ماڵەوە گەڕانەوە. خەڵکی، ئەوانەی وا هێشتا نەخەوتبوون و لە سەر بانی لەناو جێگاکانیان جگەرەیان بەبادەکرد، ئەو ریزە دوورو درێژە چراخانییەیان بینی وا لە تەپۆڵکەکەی دەرەوەی شار بەرەو خوار وەک مار رادەخوشا و بۆ ناو شەقامەکانی شار خلۆردەبووەوە.

فەرماندە هەر گەیشتەوە ماڵەوە یەکێک لە هەڤاڵانی بانگ کرد بە کاغەز و قەڵەمەوە بچێتە خزمەتی. پێی گوت “اقراء!” هەڤاڵ بە تەعەجوبەوە سەیری کرد، گوتی قوربان فەرموو! فەرماندە گوتی بۆ خزمەتی بەڕێزان پشتیوان و هاوکار و هاوخەباتی رۆژانی شاخ و تەنگانە! بەم شێوەیە هەڤاڵ هەتا دووی نیوەشەو نووسی و رەشی کردەوە… نووسی و رەشی کردەوە. فەرماندە سەرەتا بە گلەییەوە دەستی پێکرد لەسەر ئەوەی کە ئاوا بە بێ هەواڵ و کتوپڕ سەردانیان کردبوو و ئەمەی وەک بێ رێزی بە خۆی و بە نیشتمان لە قەڵەم دابوو، ئەوسا لەسەر وشەی کێۆپۆغڵو رۆیشتبوو کە ئیتر بە تەواوی شکاندنی حورمەتی هەموو لایەک و بەتایبەت ساڵانی شاخ بوو، ئینجا بەرەبەرە لە کۆتایی نامەکەدا بە زمانێکی نەرم باسی لەوە کردبوو ئیتر ئەو سەردەمانە تەواو بووە و ئەو ئیستاکە سەرۆکی وڵاتێکە و نەریتی دیپلۆماسی حوکم دەکا وەک خاوەن دەسەڵاتێک کە هەنووکە هەموو دونیا دیانی پیادەنێ هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکەن. هەڤاڵ ئەگەرچی یەکجار ماندوو بوو و خەوی دەهات، ئەگەرچی بەهۆی ئەو کحولەی لەناو دەمارەکانیدا دەگەڕا هەموو ئازای ئەندامی سست ببوون، بەڵام هەوڵیدەدا یەک تاقە وشە چییە جێی نەهێڵێ و مووبەموو بیانووسێتەوە. جارجارەیش چاوی هەڵدەبڕی و بە تەعەجوبەوە لە فەرماندەی دەڕوانییەوە.

هەر کە تەواوبوون، نامەکەی جارێکی تر نووسیەوە و لە دوو پاکەتی جیاجیا بە دوو ناونیشانی جودای خستن و گوتی سبەی بە زووترین کات بەڕێیان دەکا.

بۆ سبەی هەردووکیان سەعاتی دوانزی نیوەڕۆ لە خەو خەبەریان بووەوە. فەرماندە کە هاتبووەوە سەر هۆش، ناردی هەڤاڵ بێت. پێی گوت نامەکان بێنێ. ئەوسا لە بەر چاویدا لەدووای ئەوە چەندین و چەندین جار خوێندنییەوە هەر دووکیانی دڕاند و خستنیە ناو زبڵەکەی ژێر مێزەکەیەوە. هەڤاڵ بزەیەکی شاراوەی هاتێ. فەرماندە بە تەواوی لەوە دڵنیابوو کە کەرەشین، سەرەڕای هەموو ئازایەتییەکەی، یەکێک لەوانە بووە بەدژی ئەو سیخوڕیی بۆ هاوڕێیانی ئەو دیوی سنور کردبوو. بە درێژایی تەمەنی نگریسی. وێنەکان درۆناکەن.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *