فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

فەڕۆخ نێعمەتپوور نووسەر و رۆژنامەنووس لە ساڵی ١٣٤٤ی ھەتاوی لە شاری بانە، کوردستانی ئێران لە دایکبووە.. خاوەن لیسانسە لە بواری فەلسەفە لە زانکۆی بلیندەرن لە ئۆسلۆ. ئەم نووسەرە لە بواری رۆمان، چیرۆک و وتاری سیاسی و فکری دا چالاکە و گەلێک بەرھەمی لەم بوارانەدا پێشکەش کردووە. ئیستاکە لە وڵاتی نۆروێژ دەژی و بەردەوامە لە کاری نووسین. --- بەرهەمەکان ---- رۆمان: پەڕەسێلکەکانی کۆچ — ١٩٩٨ ساڵەکانی خەون — ٢٠١٠ پێنج سەفەر، وێنەیەک — ٢٠١٣ باڵندەی بریندار، ماسی سەرسام — ٢٠١٤ گوناھی گەورە — ٢٠١٥چیرۆکی شۆڕش — ٢٠١٦خەیاڵاتی بێھودە — ٢٠١٨کاتێک ھاشم لە زیندان گەڕایەوە — ٢٠١٩ماجراهای بابا — (مجموعه داستانهای به هم پیوسته) —…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

چیرۆکی فەرماندە (٨)

کات 29/09/1399 96 بازدید

هەڤاڵ شەوان باشترین سەرکردەی سەربازیی فەرماندە لە سەردەمی شاخدا بوو. ئەم نازناوەیان لەسەر نابوو لەبەر ئەوەی بەشەو قەت نەدەخەوت و خۆی و چەکدارەکانی هاوڕێی، کە هەمیشە لە نێوان بیست تا سی کەسدا دەبوون، هەتا هەتاو هەڵدەهات لە جووڵەدابوون. ئەوان تەنیا بە رۆژ دەخەوتن.

ئەم خەسڵەتە ببووە هۆی ئەوەی بتوانن باشترین گورز لە دوژمن بوەشێنن. کاتێک دونیا خەوتووەو تۆ بەخەبەری، ئیتر ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی تۆ وریاتر بیت و بتوانی هەمیشە لە دۆخێکی باشتردا بیت. هەڤاڵ شەوان و هەڤاڵانی رەنگ و رووی شەویان گرتبوو. وەک شاعیر ‘لێزانی دڵ شێواو’ لە وەسفە نەمرەکانیدا دەیگوت جاری وابوو لە تاریکە سەلاتیان دەکرد و جاری وابوو لە مانگی شەوی چواردە، جاری وابوو خشپەی هەنگاوەکانیان لە هی مار دەچوو و جاری وابوو لە گورگ، بەو چاوانەوە وەک چاوی هەڵۆ دەئایسان و هەتا دوورترین مەوداکانیشیان دەخستنە ژێر چاوەدێری خۆیانەوە.

هەڤاڵ شەوان ئەوەندە ناوبانگی دەرکردبوو کە دوژمن وەک سەگ لێی دەترسا. هەموو گەل تامەزرۆی دیداری بوون. بەڵام لەبەر ئەوەی لە تاریکیدا دەبینرا قەت کەس نەیدەزانی بەڕاستی سەروسیمای لە چ چەشنێکە. هەر ئەوەندەیان دەزانی تەقیلەیەکی بەسەرەوەیە، جامانەیەک بە دەوری ملیدا، ریشێکی درێژی وەک شەو رەش و کوڵەباڵێکی ناوچەی هەورامان لە بەریدا سەرنجیان رادەکیشا. لێزانی دڵ شێواو لە وەسفێکی تریدا گوتبووی “ئەو هەڤاڵەی هەتاو تامەزرۆی دیداریەتی”. راستی دەکرد. هەڤاڵ شەوان کاتێک لەخەو هەڵدەستا خۆر لە ئاوابووندا بوو و دوواتیشکەکانی زەردەپەڕیش ئەوەندە کەم هێزبوون کە رێگای بەرچاوی هەتاویان بەجوانی روون نەدەکردەوە. جگە لەمە سێبەری درێژی لێڕەوارەکان و شاخەکانی نیشتمان ئەوەندەی دەبوونە یارمەتیدەری شەو، نەدەبوونە هاوڕێی رۆژ. بەم شێوەیە حەسرەتی دیتنی هەڤاڵ شەوان لە دڵی خۆری نیشتماندا مایەوە و قەت نەیتوانی بیبینێ. بەداخەوە هەڤال لە شەڕێکی دەمەو بەیاندا، کاتێک شەو هێشتا سەعاتێکی بە بەرەوە مابوو، کەوتە ناو بۆسەی دوژمنەوە و گیانی لەدەستدا. وەک دەیانگوت دوژمن بۆ ئەوەی بتوانێ ئەم هەڤاڵە بخاتە داوەوە بە چەند ساڵ پلانی داڕشتبوو. لە کۆتاییدا بە هۆی یەکێک لە سیخوڕەکانی کە خۆی خستبووە ناو ریزی هەڤاڵانی هەڤاڵ شەوانەوە، سەرئەنجام لە کەمینێکدا لە گەرمەی شەڕدا ئەو سیخوڕە خوێڕییە لە دوواوە فیشەکێک دەنێ بە سەرییەوە و رادەکا. بەم شێوەیە شەو کە هیوایەتی هەڤاڵ بوو، بوو بە بەستێنی دوواکاتەکانی ژیانی.

کوژرانی ئەم هەڤاڵە زەبرێکی جەرگبڕ بوو لە فەرماندە و هەڤاڵانی درا. بەڵام لە سەرێکی تریشەوە فەرماندە پێی خۆش بوو،… یەعنی پێی خۆش نەبوو، بەس لای وابوو کاتی هاتبوو! ئاخر بە گوێرەی ئەزموونی فەرماندە کەس نابێ لە ناو و ناوبانگ ئەوەندە بڕواتە سەرەوە کە سەرووتری خودی فەرماندەیش بکەوێ. نا، شتی وا نابێ. ئەمە مەترسییەکی گەورە بوو. لەبەر ئەوەی لە کاتی بەزم و کێشە ناوخۆییەکاندا ئەم جۆرە کەسانە بە هەر لایەکدا بکەوتنایە یەک دونیا هەڤاڵیان لەگەڵ خۆیان دەبرد. جگە لەمە فەرماندە زۆر جار کە خەڵکی ناوچە جۆربەجۆرەکان سەردانیان دەکرد و ئەمیش وەک ئەرکێکی حیزبی و نیشتمانی دەبا چاوی پێیان بکەوتایە و گوێ لە قسە و دەردی دڵیان بگرتایە، گوێی لێدەبوو کە هەواڵی ‘هەڤاڵ شەوان’یان لێدەپرسی. بەمە یەکجار رقی هەڵدەستا. ئیتر ئەو خەڵکە بێتامیان کردبوو. مەگەر بۆخۆی پنگ بوو!

ئەو رۆژەی خەبەری شەهیدبوونی هەڤاڵ هات، ئەگەرچی کتوپڕ هەستی بە بۆشاییەکی سەیرکرد، بەڵام هاوکات خۆشییەکیش بە دەروونیدا هات. وەک بلێی لەمپەرێکی گەورە لەسەر رێگای لاچووبێ. بە خۆی گوت کاتی ئەوە هاتبوو بچێتە ناو ریزی کاروانی سورخەڵاتی شەهیدانی گەلەوە، لەوێ ئیستاکە زیاتر بەکەڵکمان دێت، هەر کوڕی ئازا و قارەمان زۆرە!

لە ناشتن و گرتنی رێوڕەسمی بەشکۆ بۆ هەڤاڵ شەوان درێغیان نەکرد. باشترین نوتقی دونیای ئامادەکرد و لێزانی دڵ شێواویش باشترین شیعری خۆی هەتا ئەو کاتە نووسی. دوواتر لە چەند چالاکیی گەورەدا دەستی چاکیان لە دوژمن و بکوژەکانی وەشاند و بگرە گوتیان ئەو مەسئولەی وا هەڤاڵی شەهیدکردبوو، تۆپاندبوویان!

مەرگی هەڤاڵ شەوان نیشتمانی هەژاندبوو. ببووە خوێنێکی گەرم کە نیشتمانی بە جۆش هێنابوو. رادیۆکەیان بۆ یەک دوو مانگی رەبەق هەمیشە شتێکی لەم پێوەندییەدا پێبوو.

کتێبی کاروانی شەهیدان هەتا دەهات بە لاپەڕەکانی زیاددەبوو. لەوێیش سەرەتا مەسئولەکان بوون بە وێنەکانیانەوە لە لاپەڕەکانی پێشەوە و دوواتر هەڤاڵانی تر بە گوێرەی پلە و پایە و شتی تریانەوە. فەرماندە دەیزانی رۆژێک لە رۆژان ئەگەرچی ئەو لە دووای هەموو ئەو هەڤاڵانە مردووە، بەڵام وێنەکەی دەچێتە یەکەم لاپەڕەوە. هەستێکی خۆش گرتی. بەڵام هاوکات هەستێکی ناخۆشیش رووی تێکرد . بە خۆی گوت کەواتە ئالێرەدا لاپەڕەیەک جێگای خاڵییە، یاخود لێیەتی و هێشتاکە من نایبینم! ئەوسا چەند ژیان بێ مانا هاتە بەرچاوی. کتێبەکەی بەپەلە بەست و لەسەر مێزەکە فڕێیدا و بە چەند هەنگاوێک لێی دوورکەوتەوە. بڵێی ئەو سەردەمە بێت؟ دەستێکی راوەشاند، وەک بڵێی پرسیارەکە لە خۆی دووربکاتەوە. ئەوجا تەمەنی خۆی حسێب کرد: “هەفتا ساڵ،… هەفتاااا ساڵ!” ژمارەکان خەریکبوون دەبوونە خاوەن مانا.

لە بیری دێت هەڤاڵ شەوان لە تەمەنی سی و پێنج ساڵیدا کوژرابوو. گەر مابا ئیستا لە دەورووبەری تەمەنی خۆیدا دەبوو. راستی گەر مابا چیدەکرد؟ ئەویش وەک هەڤاڵانی تر،… یاخود…؟ وەڵام کەمێک زەحمەتە. فەرماندە لای وایە هەندێ کەس لەگەڵ ئەوەی هیوایەتیان زۆرە بەڵام ژیانیان جۆرەیەکە، واتە وەهایە کە دەبێ بکوژرێن. هەندێ هیوا هەن لەگەڵ مەرگ رێدەکەن. لە بیری دێ لە هەڤاڵ شەواندا جۆرێک لە بێ منەتی و بێ دەربەستی هەبوو. بێ خەیاڵ بوو، زۆر بیری لە شت نەدەکردەوە و سەر لە پێناو بوو. هەرچیت پێ بگوتایە دەیکرد و سڵەمینەوەی نەبوو. فەرماندە جاری وایە هەست دەکا هەڤاڵ بە ئەنقەست بەرەوپیری مردن دەچوو. وەک بڵێی گەر هەستی بە مەرگ نەکردایە نەیدەتوانی بژی. چاوشارکێیەکی ترسناک. خۆزگە ئاگای لە شێوازی گەورەبوون و ژیانی زووتری ئەو هەڤاڵە بووایە. دەزانێ ئەم خەیاڵە بێسوودە. مردووەکان ناگەڕێنەوە، قەت قەت. خزم و کەسوکارەکانیشی ئیستاکە لەو گوندە بێگومان زۆریان مردوون. یان رەنگە زۆر بە جوانی ئەویان لەبیر نەمابێ. بەڵام نا،… هەڤاڵ ‘حەمەی ئارپی جی’شی هەیە کە وەک هەڤاڵ شەوان بەدەست و برد و چاونەترس بوو و کەچی ئیستاکە ئەویش وەک ئەوانی تر لە مەسبەحەکەی و لە ناو بووکەشووشەکانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیادا نوقم بووە و ماسولکەکانی سەردەمی شاخی ئەویش توابوونەوە. دێتەوە بیری حەمە ئار پی جی جێگای هەڤاڵ شەوانی گرتبووەوە. ئەو دووانە یەکجار لەیەکتر دەچوون. نا، کەواتە گەر مابا ئەویش… . چیتر تاقەتی ئەم بیرکردنەوانەی نەماوە. باشە مەگەر مرۆڤ دەبێ هەموو تەمەنی بەیەک شێوە بژی؟ شتی وا چۆن دەبێ. فەرماندە رقی لە خۆیەتی کە دەبینێ جاری وایە بەم شێوەیە لە رابردوودا غەرقدەبێ. داخۆ مەگەر بۆخۆی هەر ئەوەیە کە هەبوو؟ بزەیەکی دێتێ. ئیستایە دەزانێ کوژرانی هەندێ کەس بۆ دەیان ساڵی تریش رەحمەتە ئەگەرچی لە کاتی شەهیدبوونەکەیدا بەمە نازانی. دڵنیا لەوەی سێبەری هەڤاڵ شەوان دەتوانێ بەسەر کۆشک و تەلار و باغاتی هەڤاڵاندا بکشێ و لەخۆیاندا نوقمی بکا و بیانشارێتەوە، ئەمردەکا بێن و ئەلبوومەکە ببەن.

فەرماندە بیری بیرەوەرییەکی خۆش دەکەوێتەوە. هەڤاڵێکیان هەبوو بە ناوی قارەمان کە کاتێک ناوی نیشتمانی دەبیست، دەستبەجێ دەستی دەبرد بۆ گونی! هەڤاڵان پێی پێدەکەنین و دەیانگوت بەخوا خوێڕیت! بەڵام هەڤاڵ قارەمان خوێڕی نەبوو. نیشتمان ناوی بێوەژنێکی دراوسێیان بوو کە ئەو پیش ئەوەی روو لەدەرەوە بکا لە پێوەندیدا بوو لە گەڵی. خەونی گەورەی هەڤاڵ قارەمان ئەوە بوو رۆژێک لە رۆژان بتوانێ بگەڕێتەوە و بگاتەوە نیشتمانی دراوسێیان. بەختی ئەو هەمووی دوو ساڵ لەدەرەوە نابێ راپەڕین دەکرێ و دەگەڕێنەوە. بەڵام بەداخەوە دەبینێ نیشتمان شووی بە پیاوێکی بەرگدروو کردووە. هێشتا منداڵی لێی نیە. لێی رادەسپێرێ حاشای بۆ بکا و لە پیاوە جیابێتەوە. نیشتمان ئەمە ناکات و دەڵێ خۆشم دەوێ و جگە لەمە تۆ منت بەجێ هێشت. دەڵێ تۆ نیشتمانێکی دیکەت لە جیاتی من هەڵبژارد. هەڤاڵ قارەمان دەڵێ من بە عەشقی تۆوە چەکم بۆ نیشتمان هەڵگرت! ئەمەیش نیشتمان ناخەڵەتێنێ. ئەمجارە هەڤاڵ هەڕەشە لە مێردەکەی دەکا. مێردی بەستەزمان دەستبەجێ تەڵاقی دەدا و هەڤاڵ قارەمان بۆ چەند رۆژی دوواتر دەیگوێزێتەوە.

هەرچەنێ چەند جار لای هەڤاڵانی گوتبووی تام و لەززەتەکانیش دەگۆڕدرێن، گوتبووی بەتەمایان دێینەوە بەڵام ساڵانی رابردوو قەت دووپات نابنەوە،… قەت قەت!

یەکێک لە حەزە گرینگەکانی فەرماندە خواردنە. بەیانییان هەنگوێن، رۆنەکەرە، ماست بە نیوسانتیم توێژاڵی چەوری بەسەرەوە، مەرەبای لەسەداسەد سروشتیی، هێلکەی ئەو مریشکانەی وا دانەوێڵەی تایبەتییان بۆ دێت و جۆرەها نانی تەنوور و نانی تیری. نیوەڕۆ و ئێوارانیش جۆرەها خواردنی گەرمی بەلەزەت: وەک گۆشتی پۆڕ، مریشک، گۆشتی سوور، کەباب، جگەری قاز و مریشک و مەڕ، بۆندارترین جۆری برینجی باکووری ئێران و ئەنواع شلە لە جۆری فاسۆلیا، بامیە، قیمە و… بوون کە ئەم سەر تا ئەو سەری مێزەکەی دەڕازاندەوە. سەوزە و پیاز و زەڵاتەیش لە جێی خۆی. فەرماندە حەزی لێنەبوو بەتەنیا نان بخوا، هەمیشە جگە لە کوڕەکانی چەند هەڤاڵێکی تریشی لێبوون. یەکێک لەو کاتە گرینگانە وا فەرماندە تیایا زەوقی دەگەییە ترۆپک، ژەمەکان بوو.

دیارە بەشێکی زۆری ئەم خواردنانە بۆ ئەوانی تر، میوانەکان یاخود بۆ رازاندنەوەی مێزەکە بوو، ئەگینا ئەو دیسان شێوازێکی تری تایبەتی خواردنی خۆی هەبوو. رێک لەو کاتەدا دەستدەکرا بە نانخواردن، یاخود هەڤاڵان چەند پاروویەکیان لوولدابوو، دەورییەکی تایبەتی بۆ دەهات کە چین چین لەسەری نانی تازە چنرابوو، بە شیش لە نیوانیاندا. لە یەکەم قاتەوە بە جۆرەها جگەر دەستی پێدەکرد، ئەوسا کەباب (لە جۆری سادە و تێکەڵ بە سەوزەی بۆندار)، مریشک و گۆشت (گۆشتی ئاسک و قاز و گوێرەکە). بیناکە بەرزبەرز هەتا گەردنی دەگەیشت. ئەوەی بەرامبەر تەنیا سەری فەرماندەی دەبینی بە چاویلکە رەشەکانییەوە و بە دەمێکی زلی کراوە بە پێکەنینەوە کە بۆی نەدەقونجا. فەرماندە قۆڵی لێهەڵدەکرد بە دەستەکانی بە بێ بەکارهێنانی کەوچک و چەتاڵ و کێرد دەستی دەکرد بە خواردن. دوواپاروویش ئەو تیکە نانە بوو وا جوان جوان بنی دەورییەکەی کە چینی ئەسڵ بوو دەلستەوە. ئەوسا دوو پەرداخ دۆ کە گووڵە باخ و قەزوانی بەسەرەوە بوو دەکرد بە قوڕگیا. فەرماندە سوورسوور هەڵدەگەرا. خوێن دەزیایە گووپە خرپنەکانییەوە. بە زمان و بە چیلکە دەستی دەکرد بە خاوێنکردنەوەی دەم و لێوەکانی و نێوان دیانەکانی. ئەو کە دوواکەس بوو دەستی دەکرد بە خواردن، یەکەم کەس بوو دەگەییە کۆتایی. میشەمیشەکەی ژوورەکەی دەتەنی. ئەوسا لە ئەوانی تری دەڕوانی و دەستیدەکرد بە گاڵتەکردن: هەتیو باشی لوولبدە! هەتیو خەساری مەکە هەڵیمەوەرێنە! هههه ئەلێی مانگای دەخۆی، سەیری دەم و لەوسی! هەڤاڵان قاقا پێدەکەنین و سوورسوور هەڵدەگەڕان. بەڵام فەرماندە بەخۆشییەوە تەنیا گاڵتەی دەکرد و بەس.

تەنانەت کاتێک فەراماندە لە دراوسێی یەکەم و دووهەمەوە میوانیشی بۆ دەهات، هەر بەم شێوەیە نانی دەخوارد. نەیدەتوانی ئەم عادەتەی تەرکبدات. تەنیا شتێک بوو لە تەواوی ئەم ساڵانە لەگەڵیدا بوو و قەت لێی لانەدابوو. هەموو ئەوانەی وا دەیانناسی، لەگەڵی راهاتبوون و ئیتر عەجایەب نەدەهاتە بەرچاویان. بگرە کە دەهاتن جاری وابوو لەگەڵ خۆیان چەند سەر مەڕی سپیی قەڵەو و جوانیشیان بۆ دەهێنا، مەڕی تورکی و مەڕی ئێرانی لە جۆری رەگەزی ئەفشاری کە قەڵەو و قورس بوون. مەڕی تورکی لە لای فەرماندە جوانتربوون، بەڵام تامی مەڕی ئەفشاری شتێکی تر بوو. ئەمری دەرکردبوو مەڕەکان تێکەڵی جەڵەبەکەی خۆی بکەن کە لە لەوەڕگەکانی پشتی بارەگاکەی چەندین شوانی تایبەت بە چەکەوە (کڵاشینکۆف و قەناسە و رەشاشەوە) چاوەدێرییان دەکردن. فەرماندە دەیگوت نێروبەرانیان بکەن… نێروبەرانی! مەبەستیشی ئەوە بوو بەڵکو رەگەزێکی نوێیان لێبەرهەم بێنێ بەڵکو گۆشتی بەلەزەتتریان لێ سازبکا. رەگەزێک تێکەڵ لە مەڕەکانی خۆی و ئەوان. جا ئەوسا چ ناوێکی لەسەر نابان؟ نازانێ. پێدەکەنێ و دەڵی رگەزی زۆڵ! قاقا دەیداتە پێکەنین. زۆڵەمەڕ، زۆڵە گۆشت، یان جاشەمەڕ یان جاشەگۆشت. فەرماندە ئەوەندەی تر پێدەکەنێ. سکی دەلەرێتەوە و غەبغەبەکانیشی وەک دوگی مەڕ دەجووڵێنەوە.

سەرەتای دەستپێکی جەڵەبەکەی فەرماندە وەک زۆربەی شتەکانی تری دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شاخ. ئەو لەوێیش خاوەنی رانەمەڕ بوو. بە سەدان. لەگەڵ هەڤاڵان لەهەر شوێنێک بارگە و بنەی بخستایە ئەوا لە دووای ماوەیەک مەڕەکانیش دەگەیشتن. بە قولەقول و هاوارهاواری شوانان و وەڕینی ئەو سەگانەوە وا حەجمینیان نەبوو و بە راکەڕاکە مەڕە پەرتەوازەکانیان دیسان دەهێنایەوە ناو ریزی جەڵەبەکەوە. دەنگی زەنگۆڵەکان لەدوورەوە پەیامیان دەدا ئەوا هاتن! فەرماندە لەهەر دۆخێکدا بایە، چ کۆبوونەوە و چ پشوودان، بزەیەکی دەهاتێ و دەیگوت حەک ماڵم بەقوربانتان بێ! ئەوسا وەک هەمیشە مەڕەکان لە دۆڵێکی تەنیشت هەڤاڵان جێگیردەکران. هەبوونی مەڕەکان هەمیشە دەبووە هۆی ئەوەی گورگەکان بەدەورییانەوە بن. بەتایبەت لە زستاندا. فەرماندە ئەوانیشی ناو نابوو فاشییەکان. فاشییە سروشتییەکان کە بەشێوەیەکی خوایی لەگەڵ دیکتاتۆر یەکیان گرتبوو و لە دژی ئەو بەرەیەکیان پێکهێنابوو. بۆیە ئەمری دەرکردبوو بەهیچ جۆرێک رەحم بە گورگەکان نەکرێ. باشترین چەکیش قەناسە بوو.

بەڵام کێشەیەکی هەبوونی مەڕەکان ئەوە بوو بە هۆی ئەوانەوە فڕۆکەکانی دوژمن زوو شوێنەکەیانی دەدزۆییەوە و دەستی دەکرد بە بوردمان کردنیان. ئەگەرچی ئەمەیش نەبووە هۆی دوورخستنەوەی وەهای مەڕەکان لێیان. لە کۆبوونەوەیەکی گرینگدا بڕیاریاندا بیانکەنە چەند کەرت و لە چەند دۆڵدا بڵاوەیان پێبکەن. ئەم پلانە کارساز بوو و سەری لە دیکتاتۆر و فڕۆکەکانی شێواند.

هۆکار تێپەڕینی تەمەن بوو یان دابەزین لە شاخ، بەڵام بەرەبەرە خواردنیش تام و چێژی جارانی نەمابوو. دکتۆر فەرماندەی فەحسکرد و گوتی کلۆسترۆلی خوێنی زیادی کردووە و دەبێ ئاگای لە خۆی بێت. کەواتە کێشەکە لە خۆیدا بوو. چی بکا چی نەکا، ماوەیەک بەقسەی دکتۆری کرد. نا، وا نابێ! لەوانە بوو شێت بێت. بۆیە بڕیاری دا بە رێک و پێکی دەرمانەکانی بخوا، بەڵام بۆ خواردن زۆر گوێنەداتێ. بگرە خراپتر گەڕایەوە سەری. بە خۆی گوت کوڕە چی دەبێ با ببێ، ژیان ئەوەندەی ناوێ! لە دووای شاخ بەزیادی ماوین.

رۆژێک لە کاتی سەردانی مەڕەکانی بەتووش دیمەنێکی سەیرەوە بوو. هەڤاڵان کە لێرەو لەوێ بە چەکەکانیانەوە دەبینران، بینی لە نزیک یەکێک لە چادرەکانیاندا گوێدرێژێک راوەستاوە. دیمەنەکە چونکە دووربوو بەهۆی شەپۆلی گەرماو و گەشیی هەتاوەوە جوان خۆی نەدەخەمڵاند. بەڵام چاوەکانی درۆیان نەدەکرد. چاویلکە رەشەکەی کەمێک دانەواند و بە بێ وان رووانی. ئا، راست بوو،… خۆی بوو،… گوێدرێژێک کە دەڵێی ئەویش لەوێوە لەمی دەڕوانی لە تەنیشت چادرەکە کە لەبەر دەمیدا هەڤاڵێکی شوان بە کڵاشینکۆفەکەیەوە دانیشتبوو و خەونووچکە دەیبردەوە، راوەستابوو. فەرماندە زەندەقی چوو! داوای دووربینی کرد. ئا، هەڵەی نەدەکرد. لە خودی کەرەشینی دەکرد. ئەویش لەوێوە لەمی دەڕوانی. شێوازی رووانینی تایبەتی کەر کاتێک ئاراستەی جەستە بەرەو شوێنێکی ترە و کەچی سەری بەرەو لای تۆیە! سووربووەوە. لە هەڤاڵەکەی تەنیشتی پرسی ئەو گوێدرێژە لەکەیەوە لێرەیە. قوربان عەیب نەبێ کامە گوێدرێژ؟ کوێری مەگەر نایبینی، ئەها ئەوەی ئەوبەر دۆڵەکە لە تەنیشت چادرەکەوە! هەڤاڵ دەستیکرد بە سێبەری چاوەکانی و لە دووری رووانی. قوربان عەیب نەبێ و دول لە رووی جەنابت هیچ گوێدرێژێک نابینم! فەرماندە کە لەوانە بوو تێکبچێ، دەستی دایەوە دووربینەکە. ئەی ئەوەتا، مەگەر نایبینی، کوێر بووی یان گێل؟ هەڤاڵ کە سوورسوور هەڵگەڕابوو گوتی قوربان دەکرێ دووربینەکەم بدەیتێ؟ رووانی، بەوردی،… دیسان جگە لە چادرەکە و ئەو هەڤاڵەی خەونووچکە دەیبردەوە هیچی تری نەبینی. نەیدەزانی چی بڵێ، دەیزانی گەر ئەمجارەیش بڵێ هیچ گوێدرێژێک نابینی بەر غەزەبی فەرماندە دەکەوێ و قوڕی بەسەردا دەکرێ. بەناچار گوتی قوربان ئەو کەرە نەگبەتە دەڵێی، قوربان ئەوە ماوەیەکە هەڤاڵان لەبەر هێنانی ئاو رایانگرتووە. کانیی ئاوەکە بەسەر یاڵەکەوەیە و سەیارە بە زەحمەت دەیگاتێ، جگە لەمە هەڤاڵان کەمێک پێویستیان بە پشووە و بە گاڵتە، هەر لە کۆنەوە کەر و شوانیان گوتوە. ویستی پێبکەنێ کە نیگا تاڵەکانی فەرماندە رایوەستان. هەر ئێستا دەچی و ئەمردەکەی دەستبەجێ بیتۆپێنن، وەک گورگەکان بە فیشەکی قەناسە، تێگەیشتی. ئەوسا بەپەلە بەرەو ترۆمبیلەکەی گەڕایەوە و فرمانیدا بچنەوە بۆ بارەگاکەی. ئەو هەڤاڵەی مابووەوە روویکردە هەڤاڵەکەی تەنیشتی و گوتی خوا رەحم کا، فەرماندە تێکچووە!

بەخۆشییەوە کار و سەرقاڵی ئەوەندە زۆربوون کە فەرماندە زۆر خێرا رووداوەکەی لەبیرچووەوە و دیسان گەڕایەوە سەر رەوڕەوەی ژیانی جارانی. دوو رۆژ دوواتر میوانی تایبەتی هاتن و ئەمری دەرکرد چوار مەڕ کەوڵبکەن و بە ساخی بیانخەنە ناو چاڵێکەوە و ئاوریان لەسەر بکەنەوە. ئەمە لای ئەو یەکێک لە خواردنە بەتامەکان بوو. دەیویست میوانەکانی سورپرایزبکا. ناردیشی باشترین ویسکی بۆ بێنن. ئەگەرچی بۆ خۆی بە هۆی چەوریی خوێنییەوە یەکجار کەمی دەخواردەوە، بەڵام بە بێ ویسکی وەها خواردنێک حەرام هەڵدەگەڕا. مەڕەکان وەها پیشابوون بە لێو لێدەبوونەوە و دەخوران. وەک هەمیشە مەچەکی لێهەڵماڵییەوە.

فەرماندە هەستدەکا یەکجار قەرزداری مەڕەکانیەتی. هەر لە کۆنەوە. ئەوان وەک هەموو شتێکی تری ئەم نیشتمانە خاوەن مێژوون. مانایان بە مێژوو بەخشیوە. ئەوانیش گیان و خوێنیان بەخشیوە. بوونەتە وزە لە گیان و لە جەستەی فەرماندەدا بۆ ئەوەی بتوانێ بەردەوام بێ و رۆژێک لە رۆژان دیکتاتۆر بخا. تەنانەت لە کۆڕەوە مەزنەکەی هەڤاڵان بەرەو شارەکان لە رۆژی راپەڕینیشدا ئەوانیش لەگەڵا بوون، ئەگەرچی لە دوواوە. بگرە تەپ و تۆزی رێکردنی ئەوان یەکجار زیاتر بوو. رەنگە هەر ئەمە دوژمنی تۆقاندبێ و یەکێک لە هۆکارەکانی خۆبەدەستەوەدانیان بێت. کەواتە هەیبەتی هەڤاڵان یەکجار زیاترە لەوەی وا خۆیشیان بیریان لێدەکردەوە. وادیارە دەبێ مێژوونووسان بێن و دابنیشن و رووداوەکانی ئەو سەردەمە سەرلەنوێ بخەنەوە بەر لێکۆڵینەوە. زۆر شت نەبینراوە و لەچاوخراوە.

فەرماندە بە دەم ئەم بیرانەوە لە دووای چەندین مانگ پێکێکی خەست لە ویسکییەکەی هەڵدەدا و دەڵێ “بەخۆشی مەرەکان!”


حەوت رۆژ و حەوت شەو بایەکی سەیر هەڵیکرد. بایەک بەهێزتر لە رەشەبا و لە زریان. وەک بڵێی رەشەبا و زریانیان لێکدابێ. پێکەوە لە بوونێکی نوێدا. بێ وێنە. داربەڕووەکانی نیشتمان و شاخەکان بە دەمییەوە دەنەوینەوە و جاری وابوو دەشکان. حەوت رۆژ و حەوت شەوی رەبەق دەنگی شکان گوێی کاسدەکرد. کە شاخ دەشکا وردەبەرد و خۆڵی تەقیو فەرسەخ فەرسەخ بڵاودەبووەوە. با هەر وازی نەدەهێنا. بە سەدان و هەزاران کەس هەناسەیان بۆ نەهات و خنکان. ئاسمان دەڵێی بە هەزاران پشیلە لێستبوویانەوە. لە بیابانەکانی نیشتمان هەر خۆڵ بوو بە شوێن خۆیدا رایدەکرد. بەرەبەرە ئەوانەیشی وا باوەڕیان بە خودا نەبوو هاتنە سەر ئەو بڕوایە پەروەردگار دەیەوێ تۆڵەیان لێبکاتەوە و بۆیە ئەوانیش لەگەڵ باوەڕمەندان بە سەر بەرماڵەکاندا کەوتن و دەستیانکرد بە پاڕانەوە و لاڵانەوە لە خودای مەزن و دلۆڤان. مزگەوتەکان جمەیان دەهات. بەڵام خودا هەر گوێی لێنەبوو. زۆر کەس لە دەروونەوە دەیانگوت وەک هەمیشە.

لە دووای حەوت رۆژ و حەوت شەو کتوپڕ هەورە رەشەکان لە لە ئاسۆی وڵاتەوە دەرکەوتن. ئەوەندە خێرا ئاسمانی نیشتمانیان داپۆشی کە لەسەر ئەوەی داخۆ سەرەتا لە باکوورەوە دەرکەوتن، لە باشوور، رۆژهەڵات یاخود رۆژئاواوە خەڵکی لێیان بوو بە مقۆمقۆ و شەڕەدەندووک. هەورەکان ئەوەندە رەش و ئەوەندە نزم بوون کە لەچاو ترووکانێکدا جیهان بوو بە تاریکەسەلات. ئەوجا چەخماخەی ترسناکی هەورەبروسکە و رێژنە بارانە سامناکەکان کە کەس لە ژیانیدا وێنەیانی نەبینیبوو! نیشتمان دەیگرماند و دەخرۆشا. دیسان حەوت رۆژ و حەوت شەوی رەبەق! خەڵکی کە وەڵامی خودایان نەبینی بە باوەڕمەندە کۆن و نوێکانەوە تیایا مابوونەوە کە داخۆ دۆعا و نزا هیچ یارمەتییەک دەدا؟ بەڵام دۆعا و نزا لە هیچ باشتر بوو. مرۆڤ بەهەرحاڵ دەبێ شتێک بکا.

لە بارەگای فەرماندە و هەڤاڵانیش هەراو هەنگامە بوو. لە هەواڵێکی سەیرو سەمەرەدا دەگوترا ئەمە هەمووی تاوانی ئەوانە، دەگوترا خودا بە هۆی گوناهە یەک لە دووای یەکەکانی ئەوان کە ئێستاکە ئەوەندە زۆرببوون و لە ژماردن نەدەهاتن خەریکی تۆڵەسەندنەوە لە نیشتمان بوو.

هەڤاڵان هەر چۆنێک بێت روویان کردە فەرماندە و وەک هەمیشە چاوەڕوانی وەڵام و چاوەڕوانی رێبەریکردنی ئەو زاتە مەزنە مانەوە. فەرماندە کە قەت لە ژیانیدا شتی وەهای نە بە خۆیەوە بینیبوو، نە لە سەردەمی منداڵی لە چیرۆکەکاندا بیستبووی و نە بگرە خەیاڵیشی بۆ چووبوو، هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ دیکتاتۆر. گوتی دیکتاتۆر نەمردووە و ماوەو لە شوێنێک خۆی حەشارداوە و بە یەکگرتن لەگەڵ هێزە ترسناکەکانی سروشت، لەبەر ئەوەی خەڵکی لەگەڵ نەماوە، خەریکی پیلانگێڕانە. هەڤاڵان خۆشحاڵ لە زیرەکیی فەرماندە بزە کەوتە سەر لێویان، بەڵام لەدەرەوە تۆفان بەردەوام بوو. بگرە خراپتر. چاویان لە پەنجەرەکان هەڵگرتەوە و دیسان لە فەرماندەیان رووانییەوە. وادیارە سەردەمی حەقایەتەکان گەڕابووەوە. ئیتر فەرماندە هەتا ئەو حەوت رۆژ و حەوت شەوەی تر تەواوبوون دەستی لە گێڕانەوەی ئەفسانە هەڵنەگرت. چما هەر کاتی خۆیشی لە شاخ هەر ئەمەی نەکردبوو؟ تازە ئەو کات هەڤاڵان خۆیشیان لەسەر بەکوشتدەدا. ئیستا، کە تەنیا بایە و بارانە و وژەی بێکۆتایی هەوا سەرگەردانەکان. ئەمجارە حەقایەتی پیلانی دراوسێی یەکەم و دووهەم و هەموو وڵاتانی دونیای گێڕایەوە کە چلۆن چاویان بە نیشتمان هەڵنایەت و چۆن چۆنی بە بانگهێشتکردنەوەی هێزە رەشەکانی ناو مێژوو دەیانەوێ سەرلەنوێ هەموو شتێک وەک رابردووە نگریسەکە لێبکەنەوە. کە ئەمەیش تەواوبوو باسی دوژمنانی ناوخۆی کرد ئەوانەی وا ئەگەرچی بە ئاشکرا نەیاندەوێرا و بگرە هەر هێزیشیان نەبوو لە دژی ئەو و هەڤاڵان راوەستن، بەڵام ئاوەها لە هەل کەڵک وەردەگرن و بە گەڕانەوە بۆ هەزار و چوارسەد ساڵ لەوە پێش رۆحە سەرگەردانەکانی سەحرا و ئەشکەوتەکانی عەرەب بانگهێشت دەکەنەوە و نیشتمان دەخەنەوە بەر غەزەبی رەشی خۆیان. هەڤاڵان لە کاتێکدا لەسەر چۆکن و دەستیان لە سەر سینگ گرێداوە، فرمێسک و بزە تێکەڵ لەسەر روخساریان هەروا لە فەرماندە دەڕوانن. دەی توخوا، دەی! بەردەوم بە! گیانم بەقوربانت! بەم شێوەیە فەرماندە حەوت رۆژ و حەوت شەو حەقایەت دەگێڕێتەوە. هەڤاڵان ئیتر لە پەنجەرەکانەوە لە دەرەوە ناڕوانن. دەزانن ئەم رۆژە رەشانەیش وەک سەردەمی شاخ کۆتاییان پێدێت و ئەوان دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. بۆ ناو کۆشک و تەلارەکانیان و بۆ ناو باوەشی سۆزانییەکانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا و ئۆکرایین و عەرەبەکانی لوبنان. بۆ ناو ئاسک و مەسبەح و شانازییەکانی ناو مێژوو. دەی توخوا، دەی! حەک رۆحم بەساقەی بێت! فەرماندە ئەمجارە هەستدەکا لە پێغەمبەرەکان دەکا. گوتاردان لە ناو دەنگی رەهێڵەباران و هەورەتریشقە لە خوات نزیکدەکاتەوە، ئەوەندە نزیک دەڵێی ئەو سەردەمانەیە وا مووسا بە گۆچانەکەی دەریای بڕدا. ئەو سەردەمانەی مریەم بە بێ مێرد سکی پڕبوو و محەممەد جاڵجاڵۆکە لە غاری حەڕادا شاردییەوە. وەک قەشەکان بەناو هەڤاڵاندا دەگەڕێ و دەستدەخاتە سەر سەریان و داوای شیفاعەتیان بۆ دەکا. هەڤاڵان هۆڕەهۆڕ دەگرین، بڵێی سەردەمی زێڕین بگەڕێتەوە،… بڵێی! لەپی گەرمی فەرماندە کە دەلەرزێ دەڵێ ئەرێ، دەڵێ ئەوان بۆ ئەوە نەخوڵقاون وەک دیکتاتۆر کاتی بن. سەردەمی شاخ شاهیدە ئەوان نەمرن.

ئەوسا فەرماندە ئەمردەکا قەحبەکان دەرکەن. بەشێوەی کاتیش بووە دەریانکەن. یاخود لە ژێرزەمینیەکانیان پەستاوێن. دەڵێ باران گوناهیان دەشواتەوە، دەڵێ ژێرزەمینەکان تاوانەکانیان لەم قەرەباڵغییە بێ وێنەی سروشتدا وندەکا و خودا نایبینێ و بۆیە رەنگە دونیا سەرلەنوێ ئارام بێتەوە. شەقام و کۆڵان پڕدەبێ لەو ژنانەی وا بە زمانی بێگانە دەدوێن و دەقیژێنن و بەم لاولادا لە ژێر رەهێڵەی بێ بەزەیی لێزمەدا رادەکەن و درگاکان بۆ یارمەتی دەکوتن. بەڵام نیشتمان گوێی لێ نیە. تەنیا دەنگی هەورەگرمێ و رەهێڵەباران و با و هەورەتریشقەیە دەگەنە گوێ. تاریکایی هەموو شتێک لە خۆیدا نوقم دەکا،… دەیشارێتەوە.

فەرماندە لەبیری دێ باوکی لە کاتی باراندا بانەکەی دەگێڕا. بە باگردێنێکی کۆنی قڵشت قلشتی قورس کە گرێی تیابوو و کاتێک دەگەڕا دەشەلی. بەڵام لە کاتی دڵۆپەدا، هەمیشە گێڕانی باگردێن دەستبەجێ یارمەتی نەدەدا و بۆیە دایکی لە هەر شوێنێک دڵۆپە دایکردایە جامۆڵکەیەکی لۆحی دەخستە ژێر. تک، تک، تک… . فەرماندە لە بیریدێت زۆرجار گوێی لە دەنگی مۆسیقای دڵۆپەکان گرتبوو و بەدەم چڕینی ئاوازیانەوە خەوی لێکەوتبوو. دڵۆپەکان خاوەن زمان و خاوەن جیهانی تایبەتی خۆیان بوون. بەتایبەت لە تاریکیدا کاتێک نەدەبینران ئەمە باشتر هەست پێدەکرا. ئەم، ئەو سەردەمانە زۆرجار رادەبووە سەر سمتی و لەبەر خۆیەوە لەگەڵیان دەکەوتە گفتوگۆ. جارێکیان دایکی دەنگیدا ئەوە دەڕاوێنی؟ هیچ شتێک لە قسەکردن لە گەڵ کەسێک یان شتێک کە بەزمانی خۆی دەدوێ و لە کاتی گفتوگۆدا گوێت لێناگرێ و هەر بەردەوامدەبێ لە ئاخافتنی خۆی، سەیروسەمەرەتر نایەتەبەرچاو. دڵۆپەکان یەک لەوانە بوون. وەک دیکتاتۆر. فەرماندە جاری وایە هەست دەکا دڵۆپەکان بەتووش ئەم چارەنووسەیانەوە کرد: هەم دژی دیکتاتۆر و هەم وەک دیکتاتۆریش. نەکا چارەنووسی هەموو ئەوانەی لەگەڵ دیکتاتۆر دەجەنگن ئەمە بێت! ئەوان لەوە بەهێزترن تۆ بۆ هەمیشە لەدەستیان قوتارت بێت. ئەوان هەمیشە لێرەن. لەگەڵ دڵۆپەکان دەگەڕێنەوە، تەنانەت بە مردووییش.

لەبیری دێت باوکی دەینەڕاند و دەیگوت ئەوەی دڵۆپە لە ماڵی خۆیدا قبوڵ بکات، گەوادیش قبوڵدەکات، ئەسڵەن رێوڕاست دەبێتە گەواد. ئیتر لە هەر کاتێکدا بایە، ماندوو یان غەرقی خەو، نیوەشەو یان نەخۆش هەڵدەستا و بەپەلە خۆی دەگەیاندە سەربانی.

لەدەرەوە تۆفان بێ بەزەییانە بەردەوامە. کتوپڕ فەرماندە دێتەوە بیری لە چیرۆکەکاندا باسی حەوت رۆژ و حەوت شەو کراوە. بزەیەکی دێتێ و روخساری دەکرێتەوە. لەبەر تیشکی هەورەتریشقەدا کە لە پەنجەرەکانەوە خۆیان بە ژوورەوەدا دەکەن، سیمایەکی ئەفسانەیی پەیدا دەکا. هەڤاڵان ئەوەندەی تر نوقمی دەبن و ئەوەندەی تر لەسەر چۆکەکانیان نەوی دەبنەوە.

فەرماندە دەنگ هەڵدەبڕێ: “بەم شێوەیە حەوت رۆژ و حەوت شەو بەردەوام دەبێ و ئەوسا حەقایەتەکە دەگاتە کۆتایی خۆی و دونیا سەرلەنوێ وەک خۆی لێدێتەوە،… سەر لەنوێ وەک خۆی!”

لەدەرەوە ئاو شەپۆلاندەدا. کووچە و کۆڵان و شەقام پڕن. حەوشەی فەرماندە و هەڤاڵانیش. شەپۆلەکان خۆیان بە دیوارەکاندا دەکوتن و شێتانە دەگەڕێنەوە و ئەوسا خۆیان بە دیوارێکی تردادەدەن. بانەکان دەتەپن. باغەکان لافاو دەیانبا. تڕۆمبیلەکانی هەڤاڵان شان لە شانی یەکترە دەسوون و بێ ئامانج لەگەڵ ئاو دەڕۆن. هەڤاڵان هۆڕەهۆڕ دەگرین. فەرماندە بزەیەکی دێتێ و دەڵێ پێبکەنن،… پێبکەنن! ئەوانیش ناباوەڕانە لە کاتێکدا دڵنیا نین لەوەی داخۆ پێبکەنن یان نا، لەیەکتر دەڕوانن و ئەوسا بەرەبەرە، دانە دانە دەکەونە پێکەنین. هۆڵەکە شێتانە پێدەکەنێ. جەستەکان گەرم دادێنەوە. فەرماندە قۆلەکانی چوارتاق کردووەتەوە، گەردنی کشاو، لە ئاسمان دەڕوانێ و بە تەکاندانی قۆلەکانی دەڵێ بەرزتر و بەرزتر. هەڤاڵانیش وەک هەمیشە چەند بە ورەن.

حەوت رۆژ و حەوت شەوی تر تەواودەبێ. فەرماندە هەستدەکا پیرتر بووە. بەڵام داخۆ هەمیشە وەها نەبووە؟ مەگەر نەک ئەوەیکە لە دووای هەر کارەساتێک مرۆڤ بەشێکی زیاتر لە ژیانی دەدا،… دەیبەخشێ؟ نەک ئەوەی کاتی خۆی باوکیشی هەموو ئێوارەیەک کاتێک لە کار دەهاتەوە پیرتر لە رۆژی پێشووتر دەینواند؟

منداڵە عەلاگەفرۆشەکان لە بازاڕی سەرەکیی شار، لە ناو شەقام و کۆڵانەکاندا راکەڕاکەیانە. باریک و لاواز و تیژ. عەلاگە بە دەستەوە و لە توورەکەیەکدا بە کەمەریانەوە بەشوێن مشتەرییەکاندا هەڵدێن. ئەو مشتەرییانەی خەریکی کڕینی شتی وەک میوە و سەوزە و شمەکی ترن لە عەرەبانەچییەکان. منداڵەکان پاڵ بە یەکترەوە دەنێن، هەوڵدەدەن پێش یەکتر بکەونەوە . جاری وایە یەکیان زۆر خراپ بەدەمەوە دەکەوێ و هەنیشک و بەری دەست و ئەژنۆکانی بەخراپی برینداردەبن. جاری وایشە دەبێ بە شەڕیان. هەندێ جار دوو، یان سیانن پێکەوە دەگەنە مشتەرییەک. ئەوسا بۆ قسەکردن رێگا بە یەکترنادەن. ئاگایان لە یەک و چاویان لەسەر مشتەرییەکەیە. پاڵەپەستۆیانە. مشتەرییەکە دەمێنێتەوە لە کامیان بکڕێ. نیگای هەموویان لە یەکتر دەچێ، پڕ لە پاڕانەوە و خەمین و ماندوو. بەڵام دەبێ هەڵبژێری. کە هەڵیشدەبژێری، ئەوانی تر دەستبەجێ دەستدەکەنەوە بە راکردن بە شوێن مشتەری تردا. جاری وایە یەکیان دەمێنێتەوە و بەوردی سەیری ئەو پارەیە دەکا وا هاوکارەکەی خەریکە وەریدەگرێ. عەرەبانەچییەکان کە بۆ خۆیان خاوەنی نایلۆنن، بۆ ئەوەی منداڵەکان دووربخەنەوە و هی خۆیان بفرۆشن، لێیان تووڕەدەبن، جوێنیان پێدەدەن و جاری وایە تەماتەیەکی رزیویشیان بۆ دەخەن. هەتا چاو کاردەکا منداڵ و عەرەبانە و مشتەری تێکەڵن. زۆربەی عەلاگەفرۆشەکان نەعلیان لەپێدایە. جاری وایە بەدەم غاردانەوە دادەکەندرێن و ئەمە دەبێتە مایەی گاڵتە و پێکەنین. ئەوەی تاکە نەعلەکەی بەجێماوە بە شەرمەوە دەگەڕێتەوە و بە بێ ئەوەی لە دەورووبەری خۆی بڕوانێ دیسان هەوڵدەدا بە خەیاڵ و بە رووانین مشتەرییەکی تر بدۆزێتەوە. نەعلەکان دڕاو و پیسن. لە لاسیقن و بەخۆشییەوە لەبەر ئەوەی تەقەڵ و دروومانیان تیانیە، زۆر بەرگەدەگرن.

فەرماندە کە لە تەلەفزیۆن و لەو وێنانەیدا وا هەڤاڵان بۆی دەهێنن، منداڵەکانی بینیوە، بزەیەک دەچێتە سەر لێوی و دەڵێ گیان دەدەن بۆ ئەوەی بیانکەی بە چەکدار،… سەیریان کە دەڵێی تیسکەی تفەنگن بۆی دەردەچن! بەڵام هاوکات دەزانێ دەبێ راوەستێ. ئەوان هێشتا زۆر منداڵن. بەڵام بە خۆشییەوە کات زۆر خێراتێدەپەڕێ و تا لادەکەیتەوە ئەوانیش دەگەنێ. فەرماندە چاوەڕوانی ئەو رۆژەیە. بە هەڤاڵان دەڵێ کاتی خۆیشی هەر ئەمانە بوون شۆڕشیان راگرت،… لە چیاکان.  لە خۆمانن، هەرچەند ئەوکات عەلاگەفرۆش نەبوون و شتی تر بوون. ئەوسا دێتەوە بیری لە دووای راپەڕین منداڵی ئەم وڵاتە و عەلاگە یەکتریان دۆزییەوە و بوون بە هاوڕێی گیانی بە گیانی. نازانێ لەمە خەمگین بێت یان شاد. بە خۆی دەڵێ بەهەرحال میللەت دەبێ بژی و کەسابەت عەیب نیە. ئەو دەزانێ ئەو کەسانەی هەر لە تەمەنی منداڵییەوە ئاوێتەی ژیان و بژیوین، خۆساختەترن، بەخۆ باوەڕپێکراوترن، کێو لەبن دێنن، بەس بەتووش پیاوی خۆیانەوە بن. دەبێ بەتووش فەرماندەی چاکەوە بن، فەرماندەیەک وەک خۆی. فەرماندە دەزانێ ئەمانە گەر بە شتێک بگەن بەری نادەن و قەدری دەزانن، وەک گەنە پێیەوە دەچەسپن. وەک چڵمنە لووسکەکان نین، ئەوانەی قنی خۆشیان پێ ناشۆردرێ و هەمیشە لووشکەلووشکیانە و هاواری دایک و باوکیانە. حەک ماڵم بەساقەتان بێت!

بە هەڤاڵێکی دەڵێ لات وایە تا کەی دەتوانین لەمانەمان هەبێ؟ هەڤاڵ دەڵێ قوربان خەمت نەبێ، بێ ئەژمارن، هەر دەورەیەکیش بە جۆرێک خۆیان دەردەخەن، دونیا دەوران دەورانە قوربان، جارێ عەلاگەفرۆش و جارێکی تر… (لێرەدا دەمێنێتەوە چ بلێ)… پەک ناکەوێ قوربان! فەرماندە دەزانێ پەک ناکەوێ، بەڵام پرسیار عەیب نیە، واباشە هەر لە زووترەوە مشووری وەزعەکە بخۆی. لایشی سەیرە، لەگەڵ ئەوەی ژیان دژوارتر بووە کەچی زاوزێ نەک هەر وەک خۆیەتی بگرە زۆرتریش بووە. لای سەیرە. نیشتمان پڕبووە لە منداڵە وردتکە. ئەو منداڵانەی زیاتر و زیاتر بە خوێندن نامۆدەبن و زیاتر شوێنی پارە و پوڵ دەکەون. دایک و باوکەکان زیاتر لە جاران دەڵێی دەخزێنە ناو جێگاوە. بزەیەکی دێتێ. رەنگە هۆکارەکەی نەبوونی کارەبا بێت. ئەیچۆن هەر ئەمەیە! بەتایبەت شەوگاری درێژی پاییز و زستان. جەستەکان زیاتر بیری یەکتر و تامەزرۆی یەکتر دەکەن. هەڤاڵێک دەڵێ قوربان مادام خەڵکی زەوقی خوێندنیان نەماوە و لە جیاتی قوتابخانە منداڵەکانیان دەنێرن بۆ عەلاگەفرۆشی، داخۆ باشتر نیە قوتابخانە گشتییەکان دابخەین و کەرتی تایبەت بکەینەوە؟ هەڤاڵ راستدەکا. ئیتر کەرتە تایبەتەکان سەرهەڵدەدەن. هەڤاڵانن خاوەنیانن. ئیتر ئەوانەی وا دەزانن خوێندن چییە منداڵەکانیان دەنێرنە مەدرەسە نەک هەموو زیندەوەرێکی بن ئەم ئاسمانە. خۆ خوێندن گاڵتە نیە. قوتابخانەکان بچووکدەبنەوە. چیتر وەک جاران دەنگی هەراهەرایان لێرە و لەوەی گەڕەکەکان ناگەنە گوێ. نیشتمان ئارامتر بووەتەوە، بەڵام فەرماندە هەستدەکا لە هەمان کاتدا زیرەکتریش. نان بۆ نانەوا و گۆشت بۆ قەساب. کتوپڕ بیری کوڕەکانی خۆی دەکەوێتەوە. راستی تا چەندەیان خوێندووە؟ دێتەوە بیری هەتا دایکیان مابوو زۆر بیری لەمە نەدەکردەوە. راپەڕین و ئەرکی بەڕێوەبەردنی نیشتمان لەبیری بردبووەوە. راستی تا پۆلی چەندەیان خوێندووە؟ نا، نازانێ، لەبیری نەماوە. روویشی نیە لە کوڕەکانی بپرسێ. سەرێک بادەدا. چۆن شتی وادەبێ! ئەوسا بەخۆی دەڵێ بێگومان لانیکەم سەرەتاییان تەواوکردووە. دەی ئەمەیش بەسە… بەس! سەری دێشێ. باشە بۆ ئەوەندە گەمژەبووە و لێیانی نەپرسیوە. کوڕە جا بۆچیانە؟ ئەی ئەوە نیە بەرزترین پلە و پایەی نیشتمانیان وەرگرتووە. مەگەر خوێندن هەر بۆ ئەم مەبەستە نیە. ئەوجا خێرا مەسەلەکەی لەبیردەچێتەوە.

ئەها منداڵەکان،… منداڵە عەلاگە فرۆشەکان! فەرماندە دەزانێ زۆربەیان هی گەڕەکەکانی قەراخ شار و هی ئەو گوندییانەن وا لە دووای راپەڕین روویان لە شارەکان کردووە. ئەوانەی وا لە خانووە قوڕەکاندا دەژین. ئەسڵەن گەڕەکێکیش بەم ناوەوە هەیە. دوو ژوور و هۆڵێک و حەوشەیەکی بچووک،… هەمووی لە قوڕ. خانووە قڵشاوەکان. گەر خەیاڵت تیژبێت دەتوانی هەزار نەقش و نیگاریان لێ سازبکەی. کۆڵانە تەنگەبەرەکان. منداڵە چاونەترسەکان و راهاتوو بە دانیشتن لە سووچی کۆڵان و بە بیرکردنەوە لە هیچ. نیگا قورسەکان. فەرماندە ئەم جۆرە چاوانە باش دەناسێتەوە. مێژووی هەیە لەگەڵیان.

لە دووای راپەڕین شتێکی دیکەیش کە گۆڕاوە بەشی سەربازییە. چیتر وەک سەردەمی دیکتاتۆر نە سوپا ماوە و نە ئەوەی ئەوانەی هەژدە ساڵی پڕدەکەنەوە دەبێ بەگوێرەی حوکمێکی حکومی بچن بۆ سەربازی. ئیستا تەنیا سوپای فەرماندە هەیە، هەمان سوپای سەردەمی شاخ، بەڵام لە جۆری شارییەکەی. سوپای فەرماندە و… نەک سوپای نیشتمان. گۆڕانێکی گەورە، کە ئەویش وەک هەموو گۆڕانەکانی تر گرینگیی هەبوونی فەرماندە بۆ نیشتمان دەسەلمێنن. بەڵام چۆن چۆنی کاتی خۆی ئەم منداڵانە بکا بە چەکدای خۆی؟ خۆ ئاگادارنامەیەک نیە. هەڤاڵان دەڵێن خەفەت مەخۆ، لەبەر ئەوەی نیشتمان ئیستاکە هی خۆمانە و لە هەموو شوێنێک خەڵکی خۆمان هەن، زۆر ئاسان دەتوانین بنەماڵەکانیان ئاگاداربکەینەوە. لە عەلاگەفرۆشتنەوە بۆ سەربازیکردنی نیشتمان تەنیا هەنگاوێک مەودایە کە ئەویش مووچەیەکی مانگانە لە خەزێنەی هەڤاڵانەوە پڕی دەکاتەوە. بەڵام هەتا تەمەنی شانزە و حەفدە پڕدەکەیتەوە، مەودایەکی زۆرە. سەردەمی منداڵی ئەوەندەیش زوو تێناپەڕێ. رۆژەکان و شەوەکانی درێژن. شەقامەکان و کۆڵانەکانی راکردنی دوورن و نیگا ناگاتە ئەو سەریان. سەردەمی منداڵی رەنگ و بۆنی عەلاگەی گرتووە. خشەخشیەتی.

فەرماندە دەنێرێ لە دراوسێی یەکەم و دووهەمەوە جل و بەرگەکان بێنن. جل و بەرگە رەنگ خۆڵییە پەڵەپەڵاوییەکان. چەندین ئەنباری گەورە بۆ راگرتنیان تەرخاندەکرێن. جنسەکانیان یەکجار باشن، بەزەحمەت دەدڕێن، هەتا ساڵانی ساڵ دەمێننەوە. نەوە لە دووای نەوە بە ئاسانی چاوەڕوانی منداڵەکان دەمێننەوە. کە لەبەری دەکەی و چەک و رەختی بەسەردا دەبەستی و جووتێک چاویلکەی رەشیشی بۆ لەچاودەکەی، ئیتر دەڵێی قەت لە ژیانتدا عەلاگەفرۆش نەبووی. چ قەڵەمبازێکی مەزن! عەلاگەفرۆشەکان سوپاسگوزاری فەرماندەن.

فەرماندە ویژدانی ئاسوودە و ئارامە. ئەو لە بیری هەموو چین و توێژەکاندایە. تەنانەت منداڵانیش. عەمبارەکانی پڕ لە فاسۆلیا و برینجیش چاوەڕوانیانە. ئەوەندە پێویست ناکا سەموونی وشک بە نانەوە بخۆن، بە زەحمەت قووتی بدەن و تیشکی بێ بەزەیی هەتاوی نیشتمانیش بیانبرژێنێ. هەرچەند فەرماندە حەزی بە رەنگی دەموچاویانە. ئەوان هەر لە ساڵەکانی سەرەتای تەمەنەوە چەند لە جوندییەکان دەکەن! چەند لە روخساری هەڤاڵان لە سەردەمی شاخ. داخۆ ئەمە نیشانەیەکی بەردەوامبوونی رۆحی شاخ و شۆڕش لە نەوە نوێیەکاندا نیە؟ بێگومان وایە! فەرماندە سەربادەدا و بە قووڵایی بیرکردنەوەکانی خۆی سەری سوڕدەمێنێ. بێگومان رۆژێک لە رۆژان هەموو ئەمانە دەکا بە نووسین،… بە کتێب و،… بۆ نەوەکانی داهاتوو، بەتایبەت بۆ کوڕەکانی جێدێڵێ.

راستی ئەوە بۆ تا ئیستا بیری لە نووسینی کتێب نەکردووەتەوە،… بگرە بۆ یەک تاقە کتێبیشی نیە!

فەڕۆخ نێعمەتپوور

درێژەی هەیە…

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *