فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

فەڕۆخ نێعمەتپوور نووسەر و رۆژنامەنووس لە ساڵی ١٣٤٤ی ھەتاوی لە شاری بانە، کوردستانی ئێران لە دایکبووە.. خاوەن لیسانسە لە بواری فەلسەفە لە زانکۆی بلیندەرن لە ئۆسلۆ. ئەم نووسەرە لە بواری رۆمان، چیرۆک و وتاری سیاسی و فکری دا چالاکە و گەلێک بەرھەمی لەم بوارانەدا پێشکەش کردووە. ئیستاکە لە وڵاتی نۆروێژ دەژی و بەردەوامە لە کاری نووسین. --- بەرهەمەکان ---- رۆمان: پەڕەسێلکەکانی کۆچ — ١٩٩٨ ساڵەکانی خەون — ٢٠١٠ پێنج سەفەر، وێنەیەک — ٢٠١٣ باڵندەی بریندار، ماسی سەرسام — ٢٠١٤ گوناھی گەورە — ٢٠١٥چیرۆکی شۆڕش — ٢٠١٦خەیاڵاتی بێھودە — ٢٠١٨کاتێک ھاشم لە زیندان گەڕایەوە — ٢٠١٩ماجراهای بابا — (مجموعه داستانهای به هم پیوسته) —…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

چیرۆکی فەرماندە (٩)

کات 08/10/1399 58 بازدید

لە بیرم دێت نەمدەزانی داخۆ باوکمم خۆش دەویست یان نا، ئەو باوکەی خەڵکی یاخود هەڤاڵەکانی ناویان نابوو فەرماندە! فەرماندە پیاوێکی لەخۆڕازی بوو کە هیچ شتێکی لەبیرنەدەما. یەعنی من و براکەم و دایکمی قەت لەبیرنەبوو. نازانم چۆن ببووە سەرۆک!؟ هەتا دایکیشم مابوو ئەوە کە وەزعی بوو، هەمیشە تەنیا و هەمیشە لەگەڵ ئێمە. زۆرم رق لە باوکمە. تەنیا بە کەیفی خۆی دەکرد. ئەو سەردەمانەی لە شاخ بووین لەبیرم دێ هەمیشە لەم گوند و ئەو گوند جێی دەهێشتین، بە دیار خەڵکییەوە. دیارە بەخۆشییەوە خەڵکەکە زۆر باشبوون لەگەڵمان. کە دەڕۆیشت جاری وابوو بە چەندین مانگ نەدەهاتەوە. دایکم لەبیرم دێت بە شەوان زۆر دەگریا. لە بەینی من و براکەمدا دەنووست و هەتا خەومان لێدەکەوت چەندین جار ماچی دەکردین. باوکم نە ئێمە و نە دایکمی لەبیرنەدەما. کەچی دایکم هەمیشە لەبیریابوو. من کە ئەو سەردەمانە نەمدەزانی ئەو هەموو پیاوە تفەنگچییە چین وا بە دەم باوکمەوەن و هەمیشە لە گەڵیا بەم لاولادا دەڕۆن، لام وابوو هەموو باوکێک وەهایە. بەڵام کاتێک سەیری منداڵەکانی دەورووبەرم دەکرد تێگەیشتم نا وانیە و ئەوە تەنیا باوکی منە، رەنگە منداڵی ئەو پیاوانەی تریش وا لەگەڵیا بوون. ئەوەیکە باوکم و ئەوانیش بۆ ئەمەیان دەکرد، نازانم. یەعنی نەمدەزانی. قەتیش لە دایکمم نەپرسی. هەستمدەکرد بەم پرسیارە ئەوەندەی تر خەمگینی دەکەم و ئەوەندەی تر شەو و رۆژی لێ تاڵ. هەر ئەو ساڵانەیش دەمزانی شتێک لە باوکم و ئەوانی تردا جیاوازە. بە تفەنگ و بەو رەختانەوە دەیانبەست و کاتێک لە یاڵەکەی پشت ئاواییەوە دادەبەزین هەموو دەچوونە سەیریان. کە دەهاتن هەموو خەڵکەکە یەکجار رێزیان دەگرتن، بە دەوریاندا دەهاتن، بە تایبەت بە دەوری باوکمدا، ئیتر دەمزانی باوکم زۆر پیاوێکی موهیمە. کە دەشرۆیشتنەوە دیسان هەستم لەو رێزەدا دەکرد لە ناو خەڵکیدا هەبوو. لێرەوە زانیم ئێمەیش، یەعنی من و دایکم و براکەیشم تایبەتین. دەمزانی دەبێ زۆر باش ئاگامان لەخۆمان بێت.

دایکم هەر لە خەو هەڵدەستا لەگەڵ ژنی ئەو ماڵانەی وا لەگەڵیان دەبووین ئیشی دەکرد. هەرچەند ئەوان پێیان ناخۆش بوو و نەیاندەهێشت، بەڵام دایکم بەقسەی نەدەکردن. دەیگوت کارنەکەم ئەوەندەی تر شێت دەبەم. دایکم شێتانە ئیشی دەکرد، لە بەیانییەوە هەتا شەو. ئێمەیش هەمیشە بە دەوروپشتییەوە بووین. ئێمەیش یارمەتیماندەدا. دایکم قەت وەک منداڵانی تر بە تەنیا بەڕەڵڵای دەشت و دەری نەدەکردین، یەعنی لەگەڵ بەرخەل و شتی وا. بۆیە زۆربەی کات من و براکەم یاریمان دەکرد. هەر بە دەوری دایکمانەوە. کاکڵەمووشانمان سازدەکرد، کەللابەردمان لە هی یەکتر دەگرت، هێلانە زەردەواڵەمان دەوروژاند، بە بەرد لە چۆلەکەکانمان دەگرت و لەبن دارتووەکانیش تووە سپی و تووە سورمان کۆدەکردەوە. یاخود بە دارێک بە دەستەوە لە سەر کانییەکەی پشت ئاوایی شوێن بۆق دەکەوتین. بە زستانیش یان لەبەر کوورەی دار لێی دەکەوتین یاخود شەڕەتەپۆڵە و شتی لەم بابەتە. لەهەر دێیەکیش مەکتەبی لێ بووایە ئەوا ئێمەیش دەرسمان تیا دەخوێند، هەرچەند تەنیا سێ ساڵ و ئەویش بە نیوەچڵی. کە باوکم دەهاتەوە هەمیشە لام وابوو ئیتر ناڕوا و بۆ هەمیشە لامان دەمێنێتەوە، بەڵام وەها نەبوو، ئەوەندەی پێنەدەچوو سەرلەنوێ وندەبووەوە. لەگەڵ هەڤاڵەکانی دیسان بە یاڵەکەی پشت ئاواییدا سەردەکەوتنەوە و بۆ چەند مانگی تر هیچ هەواڵێکمان لێنەدەزانی. من و براکەم دەستمان بە کراسی دایکمانەوە دەگرت و سەیرمان دەکرد هەتا لە کەل ئاودیودەبوو. یان لە سەر بانیژەوە. ئەو یەک دوو رۆژەی لامان دەمایەوە، چەند خۆشبوو. من و براکەم لەم لاولای دادەنیشتین، قۆلێکمان دەخستە سەر رانی و لەو ژێرەوە لە ریشی زبر و روخساری گنجاویمان دەڕوانی. بە جامانەکەی سەرسەرییەوە، بەو چاوانەوە کاتێک دەدوا بچووکی دەکردنەوە. کە باوکم دەهاتەوە من رقەکەم لێ وندەبوو. خەنی و لەخۆڕازی لە هەبوونی، کاتێک دەمبینی ئەو هەموو پیاوە بەدەورییەوە بوون و هەرچی دەگوت بەقسەیان دەکرد و وەک پیاوێکی گرینگ لێیاندەڕوانی، بیرم دەکردەوە کە دایکم هەڵەیە، بەو ئاکامە دەگەیشتم دایکم لە باوکم ناگا و نازانێ لە راستیدا چ پیاوێکی مەزن مێردیەتی. بەڵام هەر کە باوکم دەڕۆیشتەوە دیسان وەک جارانم لێدەهاتەوە. چاوەکانی دایکم و ئاە و نیگاکانی دەیانگرتمەوە. راستی باوکم حەقی هەبوو، یان دایکم؟ 

زۆر حەزمدەکرد دایکم باسی باوکمان بۆ بکات، بەتایبەت شەوانە کاتێک دەمانویست بخەوین، بەڵام ئەو هیچی نەدەگێڕایەوە. وەک بڵێی دەیویست شتێکمان لێ بشارێتەوە. لە جیاتی ئەمە باسی ئەو سەردەمانەی بۆ دەگێڕاینەوە وا لەسەر ماڵی باوکی ببوو. ئەوەیکە چەندین خوشک و برا بوون و چەندە خۆشیان لێ گوزەراوە. ئەوەیکە خاوەنی مەڕ و ماڵاتی زۆر بوون و باوکیان یەعنی باوەگەورەم پیاوێکی دەستڕۆیشتوو و دەوڵەمەند بووە و خەڵکی زۆر رێزیان لێگرتووە. دایکم بەتایبەت زۆر باسی خوشکەکانی دەکرد. ئەوسا هەناسە هەڵدەکێشێ و جاری وایشە یەک دوو دڵۆپ فرمێسک بە چاوەکانیدا دێنەخوارەوە. وەک بڵێی پەشیمان بووبێتەوە، بزەیەک دەیگرێ، بە پشتی دەستی فرمێسکەکانی پاک دەکاتەوە و باوەشمان پیادەکا. من لەم کاتانەدا دیسان رقم لە باوکمە. باشە ئەوە لە کوێیە؟ دەزانم منداڵەکانی هاوتەمەنم کاتێک لەگەڵ ئێمە کایە دەکەن ئاگایان لەخۆیان بوو و وەک بڵێی دەبێ زۆر لە من و براکەم نزیک نەکەونەوە، شتێک کە من حەزم لێی نەبوو. منیش حەزمدەکرد وەک هەموو منداڵەکانی تر بوومایە. کەچی ئەوان کەمێک خۆیان دوور رادەگرت. بەربەرە تێگەیشتم ئەوان بەخیلیان بە من و براکەمدا دەهاتەوە و حەزیاندەکرد باوکی من باوکی ئەوان بێت. چەند گەمژەبوون!

لە هەر گوندێک بووینایە وێنەیەکی باوکم بە سەر دیواری ژوورەکەمانەوە بوو. وێنەیەکی رەش و سپی بە نیوەروخسارێکەوە کە لە شوێنێکی دەڕوانی جگە لەو شوێنەی وا کاکی وێنەگری تیاوەستابوو. وەک بڵێی هەمیشە باوکم سەرقالی شوێنێکی تر بوو جگە لەو شوێنەی وا کەسەکە لێیەوە وێنەی لێدەگرت. باوکم وەها بوو. کە دەهاتەوە تەنیا بۆ ماوەیەکی کورت ئاگای لە من و لە براکەم و لە دایکم دەبوو، ئیتر دەچووەوە لای هاوڕێکانی. قسەکانیان تەواونەدەبوو. لەبیرم دێ ئەو رۆژانە دایکم زیاتر لە جاران دەگریا. گەر بە من بێت حەزمدەکرد بیکوژم. تێدەگەی! بیکوژم.

یەکێک لە خۆشترین کایەکانی ئەو ساڵانە گرتنی کلکی ئەو مانگایانە بوو وا لە دەشت و دەر دەهاتنەوە. کلکیانمان دەگرت و بە شوێنیاندا دەڕۆیشتن. بۆ ئەوەی چێژی لێ بەری، کلک گرتنەکە شێوەی خۆی هەبوو. دەبووایە بە دەم گرتنییەوە خۆ بەدووادا بخەی بۆ ئەوەی هەموو قورسایی جەستەت بکەوێتە سەر کلکی مانگاکە. ئەوسا مانگاکە هێزی زیاتری بەخۆی دەدا و بەم شێوەیە تۆیشی رادەکێشا. ئێمە قاقا دەماندایە پێکەنین. جاری وابوو بە دوو منداڵ ئەم کارەمان دەکرد. گەورەکان دەنگیان دەداین، بەڵام کەمتر دەیانوێرا دەنگی من بدەن. تەنیا لە ژێر لێوەوە دەیانبۆڵاند. من دەمزانی بە هۆی باوکم و هەڤاڵاکانیەوەیە. جارێکیان براکەم کلکی کەرێکی گرت، کەری رەشی دراوسێکەمان. کەر بەهێزترە، بەگوڕترە. براکەمی راکێشا. براکەم زیاتر خۆی بە پشتەوەدا خست. کەرەکە گوڕی زیاتری بەخۆیدا، کتوپڕ نازانم چۆن بوو لەقەیەکی هاویشت. براکەم وەک تۆپی لاسیق هەڵبەزییەوە و یەک دوو میترێک لەلاترەوە بە پشتا کەوت. ژنەکان بە هاوارهاوار و قیژەقیژ فریایکەوتن. لەقەکە سەری گرتبوو. لە هۆش خۆی چووبوو. دایکم شێتانە لە کاتێکدا خۆی دەڕنی، هات. بەخۆشییەوە چاکبووەوە. بەلام گەر لێی وردبیتەوە ئیستایش دەبینی قوپاوییەک لە سەریدا هەیە. جگە لەوە لەو ساڵەوە جۆرەیەکی لێهات. وەک جاران نەما. ساردوسڕە و بە بێدەنگی دەتوانی یەک ساڵی رەبەق لە تەنیشتتدا دابنیشێ و لێت بڕوانێ بێ ئەوەی یەک تاقە وشە چییە قسەبکا. لات سەیرنەبێ. تازە دەڵێن بەختی هەبووە. دەڵێن قاچی کەرەکە جوان نەیگرتووە، ئەگینا بەئاسانی دەیتوانی بیکوژێ. دەیشڵێن چونکە کوڕی ئەو پیاوە بووە خوا رەحمی پێکردووە. نازانم بۆ نەیاندەگوت لەبەر ئەوەی کوڕی دایکم بووە خوا رەحمی پێکردووە. من لام وایە خەڵکی بەگشتی زۆر گەمژەن. لە شت نازانن و کەچی هەر لەخۆوە چیرۆکی سەیروسەمەرەی بۆ سازدەکەن. ئاخر توخوا چۆن خوا بە پیاوێک رەحم دەکا کە رەحمی بۆ ماڵ و منداڵی خۆی نیە، ها،… چۆن؟ لە باوکمیان راسپاردبوو و لە دووای چەند هەفتە سەروسەکوتی پەیدابووەوە. ئەمجارە بە سواری کەرێکەوە! ئەها راستی لەبیرم چوو بیگێڕمەوە باوکم سەرەتا خاوەنی ئەسپێکی سپی جوان بوو. کە دەهات بەوەوە دەهات. جاروبار بە هەڤاڵانی دەگوت من و براکەم سوار ئەسپەکە بکەن. چەند خۆش بوو! خۆشترین بیرەوەریی من سواربوونی ئەسپە سپییە. چەند بەرز و بە هەیبەت بوو. بە گەردنی کشاو و بەهێزییەوە. بە حیلکەی خۆشییەوە. کە باوکم بە کەرەکەیەوە هات من هەر یەکجار ترسام. ئەو شەوە نەچوومەدەر. یەعنی براکەیشم. دایکم گوتی رەزای مرێ لە کۆڵان بیبەستەوە نەک لە حەوشێ. باوکم کاتێک لەوە دڵنیابوو براکەم وەزعی باشە و جێگای مەترسی نیە، سوار کەرەکەی بووەوە و دیسان لە یاڵەکەی پشت ئاواییەوە ونبووەوە. بەس پێش رۆیشتن رووی کردە من و براکەم و گوتی لە بیرتان بێت قەت بە شوێن کەردا نەڕۆن،… قەت قەت. راستدەکا، ساڵانی دوواتر بوو من لەوە گەیشتم تەنانەت دێهاتییەکانیش کاتێک بە شوێن گوێدرێژەکانیاندا دەڕۆن کەمێک خۆیان لە ئاستیاندا لادەدەن. بە قەراخ توولەرێکاندا دەڕۆیشتن. کتومت لە دوواوە نین. ئێمە، واتە من و براکەم، ئەو سەردەمانە ئەمەمان نەدەزانی. من پێم وایە ئەگەر باوکمان لەگەڵ بووایە ئەمەمان دەزانی و براکەم بۆ هەمیشە قوپاوییەک نەدەنیشتە ناوچاوانی. هەرچەند ئەو قوپاوییە ساڵانی دوواتر کاتێک بوو بە بەرپرسی هێزی سەربازی روخسارێکی تایبەتی پیدابوو، وەها کە ئەوەندەی تر لێی دەترسان و خەڵکی و هەڤاڵان لایان وابوو نا ئیتر ئەمە گاڵتەی لەگەڵا ناکرێ!

من ئیستا دەزانم دایکم ئەو ساڵانە چۆن بیری دەکردەوە. کاتێک کچۆڵەیەک بووە و لەسەر ماڵ، خەوی بە مێردێکی باشەوە بینییەوە. مێردێک وەک هەموو پیاوەکانی تر. سبەی زوو لەخەو هەستێ، بچێتە سەر کار و ئێوارە بە گیرفان و دەستی پڕ بگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە. بەڵام قەدەری ئەو ئەمە نەبوو. مێردی ئەو، یەعنی باوکی من و فەرماندەی نیشتمان، هەر لە سەرەتاوە نێوانی لەگەڵ کەسابەت خۆش نەبوو. هەر لە سەرەتاوە بە نانەزکی ژیا، سەرەتا باوکی (واتە باوەگەورەی من)، دوواتر لێرەو لەوێ لەگەڵ هەڤاڵان و حکومەت (رەنگە ئەمەت پێ سەیربێ، بەڵام راستە، پیاو کە کەوتە زیندانەوە مەجبوور نان و ئاویشی دەدەنێ، وەک دەبینی شۆرشگێران هەمیشە بە جۆرێک لە جۆرەکان سەرباری میللەتن، هەرچەند من لام وایە ئەمە ئاساییە و ئاخر گەر ئەوانیش نەبن چۆن چۆنی دیکتاتۆرەکان رۆژێک لە رۆژان دەڕوخێن و میللەت ئازاددەبن). لە شاخیش کە ئیتر هەموو کەس دەزانێ. بەڵام دایکم لەبەر ئەوەی باوکی حەزیدەکرد شوو بە باوکم بکا و لەبەر ئەوەی تۆران و تەڵاق و شتی لەم بابەتە عەیبەیە، هەتا لە ژیاندا مایەوە بە شوێن باوکمدا یەعنی فەرماندەدا رایکرد. داخۆ مەبەستیش هەر لە ئەزەلەوە ئەوە نەبوو کە هەر هەموومان، جا چ منداڵ و چ هاوسەریش، دەبێ بەشوێن فەرماندەدا راکەن؟ بێگومان. من لام وایە هەموومان دەبێ لە ژیانماندا بەشوێن کەسێکدا رابکەین. جا باشتر ئەو کەسە کەسی خۆت بێت، بەس بەمەرجێک کەس بێت. نەک هەموو کەس. دایکم زۆر سادە چارەنووسی خۆی قبوڵکرد. وەک تازەبووکێک، چەند هەفتەی سەرەتای ژیانی هاوبەشی لەگەڵ باوکم بەسەر مایینەکەوە چەند گوندێک دەکا و ئەوسا باوکم دەڵێ ئیتر بەسە و دەبێ لە شوێنێک نیشتەجێ بێت. دەزانم تا ئێمە لەدایک نەبووبووین دەبێ ژیانی دایکم زۆر دژوارتر بووبێ، بەڵام بە هاتنی من و براکەم لام وایە تەواو دۆخەکە گۆڕاوە.

ئیستا لەو ساڵانە گەلێک گوزەراوە. من پێم وایە بەگشتی دوو جۆر مرۆڤ لە دونیادا هەن: پێشڕەو (بۆ ئاگاداری ئەوانەی هێشتا لە جیهانی سیاسەت نازانن یەعنی ئەو کەسانەی وا لە پێشەوە دەڕۆن و ژمارەشیان بە گوێرەی یاسایەکی نەزانراو لە چاو خەڵکی تر یەکجار کەمە)، دووهەم پاشڕەو، (واتە ئەوانەی لە دوواوەی پێشڕەوەوە دەڕۆن و ژمارەی ئەوانیش دیسان بەگوێرەی یاسایەکی نەزانراو یەکجار زۆرە، ئەوەندە زۆر هەر لە ژماردن نایەن). باوکم لە چەشنی یەکەم بوو و دایکم لە چەشنی دووهەم. واتە باوکم پێشڕەو بوو و دایکم پاشڕەو. دیارە ئەمە من و براکەیشم دەگرێتەوە هەرچەند ساڵانی دوواتر، واتە لە دووای راپەڕین تووانیمان قەرەبووی بکەینەوە. هەڵبەت پاشڕەوەکان لە دایکمیش وەک پێشڕەو دەڕوانن، بەڵام من دەزانم ئەوانە گەمژەن و لە راستیدا تێناگەن. لای ئەوان هەرکەس لەوێ لە شاخ لای باوکم و هەڤاڵانی بوونایە ئەوا دەبوونە پێشەنگ،… قسەی قۆڕ!

ئیستا دەزانم دایکم هەمیشە خەفەتی ئەوەی دەخوارد رەنگە ئێمە بەهۆی کوژرانی باوکمەوە بە هەتیوی گەورە بین. هەرچەند من ئیستایش بە جوانی نازانم جیاوازیی نێوان من و براکەم لەگەڵ هەتیوان چیبوو. بەڕاستی چیبوو؟ ئەرێ ئەرێ تێدەگەم دەزانم  بەهەرحاڵ ئێمە باوکمان هەبوو و لە سووچێکی ئەم دونیایە هەرچەند دوور لە ئێمە لە شوێنێک دەژیا، بەڵام… کوڕە با واز بێنین. لەلای من هەتیوی بە هەبوونی باوکیشەوە دەبێ. تەنیا بە مەرجێک باوکەکە زۆر نەیەتەوە. دەبێ مەودایەک هەبێ، مەودایەک بەقەدەر زۆربەی کاتەکانی ژیانی منداڵی. من بەتایبەت ئیستا لام وایە باوکم لە دایکم یەکجار گرینگتر بوو. دایکم تەنیا بستێک لەبەر پێی خۆی واوەتری دەبینی، بەڵام باوکم ئەوەندە دووری دەبینی نەبێتەوە. دووربینیش نرخی خۆی هەیە، دەبێ بیدەی. ئەوەی قسەی زل دەکا دەبێ باجەکەیشی زل بێت، هەرچەند زۆر جار کەسەکە خۆی نیە وا باجەکە دەدا و ئەوە کەسانی ترن، بۆ وێنە من و براکەم و دایکم. ئاە دایکم! چەند نازنین بوو، بەڕاستی بیری دەکەم، ئەوەندەی بیردەکەم لەوانەیە شێت بم، لەوانەیە کەلەسەرم بتەقێ،… وەک تۆپ. بەڵام بەڕاستی با قسەیەکیش بۆ خوا بکەین گەر دایکم و ئێمە بەدەوری باوکمەوە نەبوواین، داخۆ ئەمەی پێدەکرا؟ من لام وایە نا. من پێم وایە دیکتاتۆر هەرچەندە دنەدەربێت و پاڵت پێوەبنێ بۆ ئەوەی لە دژی شتێک بکەی، بەڵام گەر بە دەورووبەرەکەت دڵخۆش نەبی هیچت پێناکرێ.

من زۆر جار لەگەڵ براچووکەکەم دەستی یەکترمان گرتووە و لە نیوەڕۆیانی گەرمی هاوین لە بن دیواری کۆڵان دانیشتووین و گوێمان لە ویزەویزی مێش و زەردەواڵەکان گرتووە. لە ئاسمانی ساماڵمان رووانیوە و زانیومانە باوکمان لە شوێنێک لەژێر ئەم پانتاییە شینەدایە. دایکم لە پەنجەرەکەوە هاواری لێدەکردین لەکوێن؟ دایە لێرەین، دڵنیابە دوورناکەوینەوە. یەعنی شوێنێکمان نیە بۆ دوورکەوتنەوە. وە بیرمان لەو رۆژەی دەکردەوە وا دەمانتوانی لەگەڵ باوکمان بڕۆین. باشە مەگەر قەدەری پیاوەکان رۆیشتن و دوورکەوتنەوە نیە؟ باوکم لە دوورەوە دەنگی دێت و دەڵێ ئافەرین کوڕم،… وایە، باشی بۆچوویت! دایکم دیسان تووڕەدەبێتەوە. نا دایکە زویرمەبە! تەنیا باوکم راستدەکا،… تەنیا باوکم!

نیشتمان پڕ ببوو لە موحەجیبە. هەڤاڵان هەواڵیان هێنا شەقامەکان و کۆڵانەکان چیدی وەک جاران نەماون. عاباپۆشەکان هەتا دەهات زیایان دەکرد و، مۆدەکان کەم. بگرە منداڵە مێینەکانیش بەشێکی بەرچاویان حیجابیان بەسەرەوە بوو. ئەمە لە کاتێکا بوو ئەم ساڵانەی دووایی هەتا دەهات نیشتمان گەرم و گەرمتر دەبوو. هەتاو بە ئاسمانی بەرز و ساماڵییەوە وەک تۆپەڵە گڕێکی شێتی لێهاتبوو. بەڵام نا، لە نێوان جل و بەرگی زۆر و گەرمادا پێوەندێکی راستەخۆ نیە. ئەی ئەوە نیە جووتیاران لە کاتی کار لە مەزرادا و بە دەم جووتکردن و دروێنە و مەڵەغانگێڕانەوە جامانە دەبەستن؟ راستییەکەی ئەوە بوو بە هۆی موحەجیبەکانەوە شتیکی تر خەریکبوو لەچاو سەردەمی دیکتاتۆر فەرقی دەکرد. دیسان هەواڵ هات لە شەقام جاری وایە بە تەماتە رزیوی ناو جۆگان و بەرد شوێن ئەو ئافرەتانەی دەکەون وا موحەجیبە نەبوون. دەیانگێڕایەوە جارێکیان کچێکی پانتۆڵ لەپێ بە بلوزێکی سوورەوە کە لەگەڵ براکەی دەبێ کۆڵانەو کۆڵان هەڵایانبڕیبوون. گوتیان جاری وایە فیقەیان لێدەکێشن و دەستیان بۆ دەبەن و، پێیان دەڵێن قەحبە. فەرماندە باوەڕی نەدەکرد. ئەو کە سەردەمی دیکتاتۆر لە شار ژیابوو و ژیانی گوندیشی بینیبوو، قەت زۆر بیری لەوە نەکردبووەوە کە فڵانە ژن موحەجیبەیە و ئەوی تر مۆدە. لای ئەو و بگرە زۆر خەڵکی دیکەیش ئەمە وەک شتێکی ئاسایی بوو، عیسا بە دینی خۆی و مووسا بە دینی خۆی. ئەمری دەرکرد کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان لەسەر مەسەلەکە رێکبخرێ. ناردی لێزانی دڵ شێواویش هات. لەبەر ئەوەی جگەرەی زۆری دەکێشا لە نزیک پەنجەرەکە لە لاخوارووەوە کورسییەکیان بۆ دابینکرد. بە قژی لوول و بژ و، سیمای پڕ خەیاڵی هێشتا نەنووسراوییەوە هات. هەر کە دانیشت دەستبەجێ جگەرەیەکی داگیرساند، دووسێ مژی قووڵ و مزری لێدا و ئیتر لاخوارووی ژوورەکە بوو بە رۆژی قیامەت! هەڤاڵی تەنیشتی لەبەر خۆیەوە جوێنێکی حەواڵەکرد. لێزان بەلاچاو سەیری کرد، بەڵام هیچی نەگوت. وەک بڵێی دەیەوێ ئەمەیش دوواتر بکا بە هەوێنی شیعرێکی تر. بۆ وێنە رەنگە یەکێک لە بەیتەکانیشی ئەمە بێت “کاتێک دووکەڵ جوێن قانگدەدا…”.

لەبەر ئەوەی ژنان نیوەی کۆمەڵگان، کۆبوونەوەکە نیوەی هەمان رۆژی خایاند. لە نێواندا ژەمێکی چاکیان خوارد و دوو جاری تریش پشووی باشیان راگەیاند، وەها هەڤاڵان بتوانن بەردەوام بە گوێرەی پێویست لەسەر بابەتەکە بن و لانەدەن. کۆبوونەوەکە سەرەتا بە شیعرێکی لێزانی دڵ شێواو لەسەر کێشەی دیمۆکراتیک و ئینسانیی ژنان دەستی پێکرد. شیعرەکە کەمێک درێژ بوو و فەرماندەی وەڕەزکردبوو، بۆیە بەناچار بە داوای لێبوردنەوە لە ناوەڕاستی خوێندنەوەکەدا، بە هەڵبڕینی دەست، پێی بڕیبوو. لێزان بە قامکێکی قژە هەڵڕژاوەکانی سەر تەوێل و چاوانی لادەدا و بە تەعەجوبەوە سەیری فەرماندە دەکا، وەک بڵێی دەیەوێ بڵێ قوربان چۆن شتی وادەبێ،… چۆن؟! بەڵام ئەو لە کۆنەوە نیگای فەرماندەی دەناسی، کە گوتی نابێ یەعنی ئیتر نابێ. لێزان خێرا لە سەر کورسییەکەی خۆی دانیشتبووەوە و بە دەم داگیرسانی جگەرەیەکی نوێوە سوێندی خواردبوو ئەو شیعرە، کە بە رای خۆی نیشتمانی جارێکی تر دەهەژاند، قەت لە داخانا چاپ و بڵاونەکاتەوە، لەبەر خۆیەوە گوتی “لە قوزیایکی ئەوە بەم چاپی کا!” هەڤاڵەکەی تەنیشتی کە لای وابوو جوێن بەو دەدا، دەستی هەڵبڕیبوو کە بلێ قوربان بێ رێزیم پێدەکا کە فەرماندە جوابی ئەویش ناداتەوە. بۆیە لە داخا گوتبووی “لە قوزیایکی خۆت بەم!” لێزان دیسان بە لاچاو سەیرێکی هەڤاڵ دەکاتەوە و دیسان خەیاڵی شیعرێکی تر دەیباتەوە، رەنگە وەک “دایکم بە لێویەوە!”

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیەکی زۆر دەکرێ. بۆچوونەکان بەگشتی بەم جۆرە بوون:

ـ دیکتاتۆر بە زۆر خەڵکی بەمۆدە کردبوو و، ئیستا، کە دیکتاتۆر نەمابوو خەڵکی بەشێوەیەکی ئاسایی چووبوونەوە سەر رێچکەی باو و باپیرانی خۆیان،

ـ دراوسێی یەکەم و دووهەم خەریکن زۆر زیرەکانە لەسەر نیشتمان ئیشدەکەن،

ـ بە هۆی هەژارییەوەیە، واتە هەژاری رەنگەکان دەکوژێ،

ـ دەبێ ئاگامان لە خۆمان بێت، رەنگە لە ژێر عاباکاندا شتی خراپیان لە دژی ئێمە حەشاردابێ و کتوپڕ رۆژێک لە رۆژان بە سەرماندا دابارێن،

ـ بە هۆی ئیش و رێکلامەی حیزبە دینییەکانەوەیە،

ـ نا، عابا جل و بەرگی رەسەنی ئێمە نیە و، هاوردەیە و بۆیە ئەمە نیشانەی کارتێکەریی کلتوری بێگانەیە لەسەرمان و بۆیە دەبێ بەرنگاری بینەوە،

ـ بڵاوبوونەوەی رەنگی رەش لەم ئاستەدا باش نیە و خۆی لە خۆیدا کارەساتە،

ـ ژنان ترسی سۆزانییەکانیان لێ نیشتووە (ئەو هەڤاڵەی ئەمەی گوت بە شەرمەوە گوتی)،

ـ ئیشی پیاوانی دیکتاتۆرە و، دەیانەوێ بڵێن لە دووای ئەوان نیشتمان رەشپۆش بووە،

ـ لێزانی دڵ شێواو: “بە بارەتەقای مێژوو، رەش لە دەرگاکەمی داوە!”

بڕیار:

ـ لەبەر ئەوەی عابا دیاردەیەکی نیشتمانی نیە و هەروەها جلی مۆدەیش جلوبەرگی خۆماڵی نیە، رادەگەیەنین ژنان دەبێ لەمە بەولا تەنیا جلوبەرگی خۆمالێ لەبەرکەن،

ـ هێزی پۆلیس و ئاسایش لەسەریانە لە هەر شوێنێک ببینن هەندێ گێرەشێوێن بە بەرد و تەماتەی رزیو شوێن مۆدەکان دەکەون، دەستبەجێ کاردانەوەی توندیان هەبێ. بیانگرن و مەحکەمەیان بکەن و سزای توندیان بەسەردا بسەپێنن،

ـ هاوکات داوا لە مۆدەکان دەکەین بگەڕێنەوە بۆ جل و بەرگی نیشتمانی کە لەم جل و بەرگە پیرۆزەدا بێگومان کەس ناتوانێ ئازاریان بدات. بەردتێگەرتن لە جل و بەرگی نیشتمانی وەک بەرد تێگرتنە لە خودی نیشتمان!

کە کۆبوونەوەکە تەواودەبێ، لە دەرەوە لە نێوان لێزانی دڵ شێواو و هەڤاڵەکەی تەنیشتی دەبێ بە شەڕ و لێدان. هەرچۆنێک بێ جودایان دەکەنەوە و هاوکات ناهێڵن هەواڵەکە بە فەرماندە بگا. هەڤاڵەکە دەڵێ بەحەیاتی قەت بەقەدەر ئەمڕۆ ئەوەندەی دووکەڵ بەسەردا نەچووە، گوتی تەنانەت لە کاتی هینە بەدناوەکانیش (لێرەدا لە حرس و تووڕەیی خۆی وشەکەی نەهاتبووەوە بیر و بۆیە ‘هینی’ بەکارهێنابوو). لێزانیش هیچی نەگوتبوو. هەستابووەوە سەرپێ، خۆی تەکاندبوو، سەیرێکی یەخە دڕاوەکەی کردبوو و وەک دەیانگوت ئەو شەوە تا درەنگان خواردبوویەوە و گۆرانی عەلی مەردان و حەسەن زیرەک و ماملێی گوتبووەوە. دوو میوانی ناوەختی زەعیفەیشی دەبێ. ئاخری شەو قاقا دابوویە پێکەنینێکی شێتانە و ئیتر هەتا کاتژمێر چواری دووانیوەڕۆی رۆژی دوواتر خەوتبوو.

ئەو شەوە فەرماندە بیری دایکی خۆی دەکەوێتەوە. ژنێک بە جلوبەرگی کوردییەوە کە کاتێک دەچووە دەرەوە (ئەویش بە دەگمەن هەڵدەکەوت)، عابایەکی رەشی کۆنی بە سەر خۆیدادەدا. لە بیری دێ لە کۆڵانەکەی ئەوان ژنان هەمیشە بە جلی خۆماڵی لەناو حەوشەکان و لەبەر دەرگاکاندا دەبینی و لە دەرەوەیش بە عابایەک بە سەریانەوە. لە گەڕەکەکانی تریش، ئەو گەڕەکانەی وا خەڵکی دەوڵەمەندی تیا دەژیا، مۆدەکانیش دەبینران؛ ئەو مۆدانەی هەتا سەردەمی راپەڕین رۆژبەڕۆژ ژمارەیان زیادی کردبوو بە بێ ئەوەی زۆر عەجایەب بێتەبەرچاو. ئیستا هەموو شتێک لە ناو ماڵدا گەڕابووەوە بۆ مەکسییەکی درێژ بە لەچکێکی توندوتۆڵ بەسەرەوە و بە عابا رەش و ئەستوورەکانیش لە دەرەوە بە سەریانەوە. بە خۆی گوت راوەستە، داخۆ ئەمە مەترسییە لە سەرت؟ راستی جل وبەرگ چ پێوەندێکی بە منەوە هەیە؟ جلی خۆماڵی و مۆدە و عابا؟! دە تێیانهەڵدە!… کتوپڕ هاتەوە بیری باشترین چەکدارەکانی، خەڵکی ناوچەکانی گەرمیان واتە ئەو ناوچانە بوون وا ژنەکانیان زیاتر لەهەر شوێنێکی تر عابایان بەسەرەوە بوو. پێکەنینی بە گەمژەیی خۆی دێ. باشە بۆ پێش کۆبوونەوەکە و دوواتریش ئەمەی نەهاتبووەوە بیر. باشە بۆ دونیا وای لێهاتبوو شتە باوەکانیش مانای تریان وەردەگرت؟

هەڵبەت سەرەڕای هەموو شتێک، لە ئەنجامی کۆبوونەوەکەیان رازی بوو. بەخۆی گوت گرینگ ئەوەیە نیشتمان لەژێر دەستی خۆماندایە و ئیتر هەرچی دەبێ با ببێ! تەنیا ئەوەندەی دیکتاتۆر نەگەڕێتەوە.

لە راپۆرتێکی تردا کە چەند مانگ دووایی پێشکەشکرا، نووسرابوو خەڵکی هەتا دێت زیاتر موحەجیبە دەبن، بەڵام بە خۆشییەوە ئیتر کەس بە تەماتەی رزیو و بەرد شوێن هیچ ژنێکی مۆدە ناکەوێتەوە. نووسرابوو ژمارەیەک خەڵکی سەرپێچی کەریشیان گرتبوو و سزایاندابوون.

فەرماندە دەزانێ دوو هۆکاری هەیە: شەقی پۆلیس و دابەزینی رێژەی مۆدەکان. بەڵام لە ئەنجام رازییە. گرینگ ئەوەیە نیشتمان ئارامە.

مانگێک دووای ئەم راپۆرتە هەواڵی شەڕەکەی رۆژی کۆبوونەوەکەیشی بۆ دەگێڕنەوە. یەکێک لە هەڤالە هەرە نزیکەکانی لە دانیشتنێکدا بە پێکەنینەوە باسیدەکا. لەمەیش رازییە، بەس نیە دەمانچەیان لەیەکتر رانەکێشاوە. هەرچەند کەس بۆی نیە لە کۆبوونەوەکاندا لەگەڵ فەرماندەدا چەکی پێ بێ. هەرچەند لێزانی دڵ شێواو لەسەردەمی شاخیشدا تەنیا بە چەکەکەی تەقەی لە کۆتر و لە کەو و لە باڵندە بەرزەفڕەکان، ئەویش بۆ خۆشی کردبوو.

من وەک براکەم پێم وانیە تەنیا باوکم راستدەکا. پیاو هەتا دەژی لام وایە قسەی قۆڕ زۆر دەبیستێ. جارێکە با ئەوە بڵێم منیش وەک ئەو نازانم خۆشم بووێ یان نا. هەرچەند کاتێک بیری ئەو ساڵانە دەکەمەوە رقم لێیەتی و کاتێکیش لە ئیستا دەڕوانم، خۆشم دەوێ. یەعنی خۆشم ناوێ… چۆنی بڵێم!… هەم خۆشم دەوێ و هەم نا، شتێکە لە نێوان ئەم دووانەدا. باوکم دەلێم، ئەوەی وا پێی دەڵێن فەرماندە. جاری وایە خۆشم دەوێ و جاری وایە نا. من هەندێ جار بەزەییم بەسەریا دەێتەوە. هەستدەکەم راستە فەرماندەیە و دونیا بە کەیفی ئەوە، بەڵام ئەو چێژەی وا دەبێ لە ژیان بیبینێ، نایبینێ! مرۆڤ جاری وایە دەبێ دونیا بە کەیفی ئەو نەبێ. وەک هەموو کەسێکی تر. کە شتێکت بە کەیف نەبوو ئەوا ئیتر چێژ لەوەی دەگری وا بە کەیفت بوو. وەهایە ئیتر، ئەمە بەوەی! لای من وایە. باوکم رەوتی ژیانی ئێمەی گۆڕی، زۆر پێش ئەوەی من و براکەم لە دایک بین، تەنانەت زۆر پێش لەوەی دایکیشم ببێ بە ژنی. لای من ئەو چەندە دونیا بە کەیفی بوو، هەر بەو رادەیە بەپێچەوانەوە، هیچ شتێک بە کەیفی دایکم نەبوو. دیارە ئیستا کە بیری لێدەکەمەوە لەلام ئاساییە. دایکم ژنێکی بێ ئیرادە بوو و باوکم پڕی ئیرادە. وەک بڵێی بەشەکeی دایکیشمی بەرکەوتبوو. رەنگە هەر لەبەر ئەمەیش بووبێ کە لە رێکەوتێکی سەیردا دایکم دەبێ بە ژنی. مەگین وەها نیە کە هەمیشە شتە پێچەوانەکان یەکدەکەون؟ لای من کە وەهایە.

با بگەڕێمەوە سەر ئەوەی کە ئەوە تەنیا باوکم نیە راستدەکا. بەڕای من هەموو کەسێک بەجۆرێک لە جۆرەکان راستدەکا، بەڵام تەنیا جیاوازییەکە لەوەدایە هەندێ کەس لەگەڵ ئەوەی راستدەکا، دەتوانێ راستییەکەیشی بسەپێنێ، بیسەلمێنێ. باوکم لەو جۆرە کەسانەیە. لەوانەی وا لەم بوارەدا دەگەنە ترۆپک. من قەت ئەو حەز و شەوقەی وا لە کاتی رۆیشتن لەگەڵ هەڤاڵانیدا دەمبینی قەت لە کاتی هاتنەوەی بۆ ماڵەوە نەمدەبینی. بە گوێی ئێمەدا دەیچرپاند حیزب باوکتانە، من ئەو سرودانەم گوێ لێبوو وا پیاوەکان پێکەوە دەیانخوێند و بە نیشتمانیان دەگوت “بە ماڵ و منداڵ بەقوربانی تۆم”. دەبێ ئەوە بڵێم کە باوکم وندەبووەوە حیزبیش وندەبوو. لەگەڵ ئەوەی بەجوانی لەو رستەیەیش نەدەگەیشتم، بەڵام دەمزانی رۆژێک لە رۆژان قەرارە بەڵایەکمان بەسەردابێت، بەڵایەک لە رێگای باوکمەوە، هەرچەند رێک ئەو کاتانەیش لە ناو ئەو قوربانی بوونەدا دەژیاین وا سروودەکە باسی لێدەکرد و کەچی ئێمە نەماندەزانی. دیارە ئەمەتان بۆ دەگێڕمەوە نەک لەبەر ئەوەی باوکم تاوانبارکەم، نا بەپیچەوانەوە، من زۆریش مەمنونی باوکمم. لەگەڵ ئەوەی سەردەمی منداڵیم بەبێ ئەو تێپەڕی چ لە شاخ و چ لێرە، بەڵام شتێکی پێبەخشیوم کە هەموو خەڵکی بەخیلی پێدەبەن. ئا، من سپڵەنیم. دەزانم ژیان وەهایە، دەزانم لەهەر ئاست و پلە و پایەیەکدا بیت دەبێ باجی بۆ بدەی. تەنانەت ئەوانەیشی وا لایان وایە نایدەن، دەیدەن، بەس بە شێوازێکی تر کە بەهۆی گێلییانەوە تێی ناگەن. بەڕای من ئەو باجەی شێر دەیدا لەگەڵ ئەو باجەی رێوی دەیدا یەکجار جیاوازە، دەبێ جیاوازیش بێ. بەس باوکم تێی گەیشت، ئێمەیش، هەرچەند درەنگتر و هەرچەند وەک کەسێکی قوربانی. ئا، تەنیا باوکم نیە راستدەکا، بەڵام تەنیا ئەوە کە دەزانێ چۆن چۆنی راستدەکا. جا من لەمبارەیەوە خەنیم، شانازی پێوەدەکەم. باوکایەتی ئەو بۆ من و بۆ براکەم لە چەشنی باوکایەتییەکی ترە. ئەو شێوازێکی نوێی دۆزییەوە، شێوازێک کە تێیدا بوو بە باوکی هەموو نیشتمان. خۆش نیە؟… لاتان سەیرنیە؟ بێگومان دەبێ وابێ. ئەو لە باوکایەتی نیشتمانەوە بۆ باوکایەتی من و براکم گەڕایەوە… پەککوو لەو زیرەکییە،… پەککوو!

منیش هەموو ئەو شتانەی وا براکەم باسیان لێدەکا، گریانی دایکم و تەنیایی و کۆڵان و ترس و لەرزەکان و… هەر هەموویانم لەبیرە؛ بەڵام نامەوێ زلیان بکەمەوە، ئەمەیشم بە براکەم گوتووە. لای من کەسی بێ ئیرادە شیاوەی ئەوەیە وا بەسەریادێ. با دایکم قبوڵی نەکردایە، با جارێک ورەی و غیرەتی ئەوەی هەبایە و بیگوتایە نا، تەواو! راستە دایکمە و دەروونم هەڵدەقرچێ کاتێک بیری لێدەکەمەوە، بەڵام وەک گوتم مرۆڤ دەبێ راستییەکان ببینێ. بەڕای من باوکم کەسێکی یەکجار ئازابووە، ئەوەندە ئازا و ئازاد کە رەحم و هەستی خۆی سەبارەت بە ماڵ و منداڵ خستە ژێر پێ و ئەشقی نیشتمانی وەها زلکردەوە کە باڵی بە سەر هەموو شتێکی تردا کێشا. باوکێک کە بە بێ پرسی ماڵ و منداڵ تەنانەت ئامادەیە ئەوانیش قوربانی بکات، رێک وەک ئیبراهیم کە ویستی کوڕەکەی واتە ئیسماعیل لە سەر داوای خوا بکا بە قوربانی و بەڵام خوا نەیهێشت. جا بێگومان دەبێ ناوی باوکیشم وەک ئیبراهیم لە مێژوودا بمێنێتەوە. ئەو ویستی ئێمە بکات بە قوربانی، بەڵام خوا وەک ئیبراهیم رەحمی پێکرد، رەحمی پێمان کرد و، وتی نا. بەرای من ئەوەی تا ئەم سنوورە بڕوات دەبینێ کەس نابێتە قوربانی. بەڕای من ترسنۆکەکان دەبنە قوربانی. تەنیا ناوی ئەوانەی دەمێنێتەوە وا دەگەنە ئەو دیوی سنوور، وەک باوکی من وەک فەرماندە، تەنیا ئەمانە شیاوی ئەوەن ببن بە مرۆڤی مەزن. ئەوانەی وا شتەکانی تر لەچاو ئامانجەکانیان ئەوەندە بچووک دەبنەوە کە ئەقڵ نایگاتێ.

من ئیستایش دەچمە بەر ئاوێنە و سەرە قوپاوەکەم دەبینم، رێک ئەو رۆژەم دێتەوە بیر کە چۆن چۆنی کلکی کەرەکەم گرت و شوێنی کەوتم، دەڵێی دوێنێکەیە! قوپاوییەکە ئازارم دەدا، رقم لێیەتی، سیمای گۆڕیوم و لە مرۆڤی شەقاوە و تاوانباری ناو فیلمە ئەمریکییەکان دەکەم، وەک ئەوانی لێکردووم؛ بەڵام من رقم لە باوکم نیە. وەک وتم ژیان دەبێ باجی بۆ بدەی. ئەوەی توانی بیدا و بە وشیارییەوە بیدا ئەوا دەگاتە شوێنی خۆی. راستییەکەیتان دەوێ من ئیستا ناڕاحەتم لەوەی کە وەک باوکم کەسم نیە لەگەڵ خۆم بیکەم بە قوربانیی نیشتمان. ناڕەحەتم لەوەی، لەگەڵ ئەوەی ئەرک و بەرپرسایەتی گرینگم لەسەرشانە، لە دۆخە سەختەکانی جاراندا واتە سەردەمی شاخ، چیتر ناژیم. من زۆر جار هەستدەکەم بەرەخۆرەی باوکمم، ئەمەیش هەستێکی خۆش نیە، پیاو دەبێ لەسەر پێی خۆی راوەستێ. پیاو دەبێ خاوەن مێژوو و خاوەن کەسایەتی تایبەتی خۆی بێت، کەسایەتییەک کە لەسەر ماندووبوون و هەوڵی خۆی دامەزرابێ. بەڵام من، تەنانەت براکەیشم، خاوەنی ئەمە نین. هەرچەند بەهۆی ئەوەی کوڕی ئەو پیاوەین ئەوا بەناچار دەبێ ئەرک وەربگرین و جێگای ئەو پیاوە دوواڕۆژ پڕبکەینەوە. ئەدی، هەر وایش بووە. شوێنی ئەم جۆرە پیاوانە تەنیا لە بنەماڵەوە پڕدەبێتەوە. بڕواننە دونیا! ئەوەی لەگەڵ نەریتێکی وا نەژیابێ ناتوانێ هەڵگری بێت. گەورەیی و دەگمەن بوون شتێکە لە خوێندا دەگەڕێ، شتێکی خوداییە لە ئاسمانەوە یاخود لە شوێنێکەوە کە هێشتاکە کەس نازانێ لە کوێیە و چۆنە، دادەبەزێتە خوارەوە و دەنیشێتە سەر شانت، یان دەروونت، دوواتر نەوە لە دووای نەوە دەڕوا، لەهەمان تایفە، لەهەمان بنەماڵە.

خۆشحاڵم لە دایکم ناچم. براکەم کەمێک چووەتەوە سەر دایکم. پێم گوتووە. دەبێ چارەسەری بکا. لام من دایکم تەنیا دەبێ وەک بیرەوەری بێت، وەک کەسێک کە قەدەر ئەرکی یارمەتیدانی باوکم و پێگەیاندنی ئێمەی لە نەبووبی باوکمدا پێدا بەس بۆ ئەوەی خەونە مەزنەکان بێنەدی. بەردەبازێک وەک هەموو بەردەبازەکانی تر. دایکم جێگای رێزێکی زۆرە، بەڵام جێی بەزەیی نیە. هەموو کەس بەقەدەر خۆی ئازار لەم ژیانەدا دەچێژێ. گرینگ ئەوەیە لەم ئازارانە چی بەرهەم دێت، چی بەرهەم دێنین. دایکم لەوانە بوو وەک خۆی وا هیچی پێ بەرهەم نەدەهات، بەڵام دەیتوانی یارمەتی ئەم بەرهەمهێنانە بدات، واتە لە کەسانی تردا، کە بە جوانی دایشی. منیش وەک براکەم ئەو شەوانەم لەبیرماوە. من هەستم بە نیگا غەریبەکانی دایکم لە ئاست باوکمدا کردووە. هەستم بە تامەزرۆییە دۆڕاوەکانی کردووە. بەخوا ژنان سەیرن! جیهانیان زۆر بچووکە، تەنیا منداڵ و تەنیا بنەماڵە. گەر بەزۆر پێیان نەکەی، نایکەن. ئەوان لە جیهانی دوو بستیی خۆیاندا دەژین. بستێک بۆ مێرد و بستەکەی تر بۆ ماڵەوە و بۆ منداڵ. لام سەیرە پیاو لە ژن دەبێ. دەبێ ئەم لێبوونەوەیە تەنیا شتێک بێت وەک بەربوونەوەیەکی رووت و تەواو. بەڕای من گەر لەمە زیاتر بووایە ئەوا قەت پیاوە مەزنەکانی وەک باوکم و وەک ئێمە نەدەهاتنە سەر رووی دونیا. من و… براکەیشم.

هەڵبەت لاتان وانەبێ من رقم لە دایکمە، یان رەنگە پێتان وابێ بە هۆی لەقەی گوێدرێژەکەوە مێشکم لەقابێ. ههههه،… نا وانیە! بەپێچەوانەوە من دایکیشم زۆر خۆشدەوێ. ئەوان لانکی پێگەیاندنی شۆڕشگێڕانن. بەڵام هێشتا خودی شتەکە نین. وەک دەزانین جیاوازی هەیە لە نێوان رێگا و ئامانجدا. هەڵبەت نازانم تا چەندە ئەم شوبهاندنە دەتوانێ مەبەستەکەم روون بکاتەوە. بەگشتی مەبەستم ئەوەیە کەسەکان دەبێ چارەنووسی خۆیان قبوڵ بکەن، دەبێ دیانی پیابنێن. ئەمە ژیان ئاسانتردەکا و ئیتر پێویست ناکا زۆر خەفەتی بۆ بخۆین. بەڕای من گەر دایکم ئەو ساڵانە لەمە بگەیشتایە ئەوا ژیانی زۆر راحەتتردەبوو. ئەو دەبووایە لەمە بگەیشتایە کە باوکم کاتەکانی لەوە گرینگتر بوون تەنیا بە دیار ئەو و من و براکەمەوە بەسەریان ببا. تەنانەت ئێمەیش پێویست بوو بە جۆرێک هەتیو بین. چما هەتیوبوونیش خۆی لە خۆیدا هەمیشە خراپ نیە. گرینگ ئەوەیە کێ هەتیوە و کەی هەتیوە و بۆ بووە بە هەتیو.

خۆ بێ گومان فلیمە بیانییەکانتان بینیوە، بۆ وێنە کاتێک چەنگیزی مەغول بە لەشکرەکەیەوە دەبزوێ. مەگەر ژن و منداڵی لەگەڵە؟ بێگومان نا. یان لەشکری ئیسلام، یان،… یان. ئێوەیش باش ئەمە دەزانن، مرۆڤە گەورەکان کە دەبزوێن بە تەنیایی و لەگەڵ پیاوەکانی تر دەبزوون. ئەمە یاسای جیهانە. ئەوەتەی مرۆڤ هەیە دەستەچیلەی ئاگری تر بووە جگە لەخۆی. من هەر ئەو کاتانەیش، ئەگەرچی تەمەنم یەکجار کەم بوو، بەجوانی هەستم بەمە دەکرد. ئەو کاتانەی باوکم لەگەڵ پیاوەکانی لە یاڵەکەوە دادەبەزین بۆ ناو ئاوایی. من هەر ئەو کاتانەیش رقم لە فرمێسکەکانی دایکم بوو، لە پشت ئەم فرمێسکانەوە لاوازییەک خۆی شاردبووەوە کە من لێی دەترسام. رقیشم لە باوکم بوو، بەڵام لە پشت ونبوونەکانی باوکمەوە شتێک خۆی حەشاردابوو کە منی رادەچڵەکاند، بەخیلیم پێدەبرد. من قەت بەخیلیم بە دایکم نەبردووە. خۆشحاڵم ژن نیم. چارەنووسێکی کارەساتبارە. ژنبوون شتێکە وەک دووپاتبوونەوەیەکی بێ کۆتایی. بە دەوری خۆتدا بەردەوام سووڕانەوە لە پێناوی هیچدا. بۆیە بڕیارمداوە قەت ژن نەهێنم. من تەنیا لە کاتی جووتبوون بیریان لێدەکەمەوە. بگرە لەو کاتەیشدا رقم لێیانە. رقم لە دەنگی ناسکیانە، لە ناز و غەمزەیانە، لە خۆبادانیان، رقم لەو نیگایانەیانە وا جگە لە داوا هیچی تری تیانیە. ئەوان تەنیا چاوەڕوانی ئەوەن بیاندەیتێ. جگە لە جەستەیەکیش بۆ پێشکەشکردن چیتریان نیە. کارەساتە،… بەڕاستی کارەساتە! من جاری وایە یەکجار رقم لە هەڤاڵانە، نازانم بۆ ئەوەندە گیرۆدەی ژنانن، هی ئێرە هیچ، خەیاڵیشیان بۆ هەموو دونیا دەڕوا. بە من بێت تاقیان ناهێڵمەوە. نیشتمان دەبێ وەک جاران پیاوی پیاوان ئیدارەی بکاتەوە، نەک ئەم خلەژنانەیە. نەک ئەم چرچەڵە سەرتاپا بۆیاخکراوانە. قێزیان لێدەکەمەوە. لام سەیرە ئەمە هەر ئەو پیاوانەن وا باوکم وا فەرماندە پشتی پێ دەبەستن. ئیستایە دەزانم کە بەڕاستی ئەو کاتیش هەر باوکم بووە بڕبڕەی پشتی نیشتمان بووە، نەک ئەم پەرپووتانە. بەس باوکم ئیزنی پێ بدایەم دەمزانی لە یەکەم هەفتەدا چییان بەسەردێنم. چ سەگ بە حەوشەیەکیان پێ بکەم. خۆزگە دەتبینین بە جەستەی سەرتاپا تاشراویانەوە لە تەنیشت مەسبەحەکانیاندا. بە قاچە باریک و سکە زلەکانیانەوە. من کە شەرم دەکەم. کوڕی پیاوانەم لەبەردەستدان. بە گژ کێویاندا بکەم ناڵێن نا. کوڕی پیاوانەن. ئاخ بۆ دەرفەتێک! خۆ سەرئەنجام رۆژێک دێت باوکم بمرێ، دیارە خوانەکا، بەڵام ژیان ئیتر وەهایە، جا وەرەو بیبینە! سەگ بە حەوشەیەکیان پێبکەم نەبێتەوە. شکۆی نیشتمانیان شکاند، شکۆی فەرماندەیش. هەر لە حەوزەکانیاندا لە خوێنی خۆیان دەیانگەوزێنم. بە شەرەفم شەرت بێت! چەند جار بە براکەمم گوتووە با جێگکەمان بگۆڕینەوە، من دەبێ ببم بە بەرپرسی بەشی ئەمنی. من هی ئەوێم. دیارە هەر جۆریشی دەکەم. رۆژی خۆی دێت، ئەوە دەیبینن! هەڵبەت تا ئیستا چەند دانەیەکیانم هەر ئاوا لاپرەسەنی چزاندووە. خۆزگە دەتبینین. پیاو پێی سەیرە ئەمە هەر ئەو پیاوانەی جارانن.

بە تەمای سەدەی بیست و یەکەمم. وەک دەڵێن جیهان زۆر دەگۆڕدرێ. دەڵین تەنانەت لە هەسارەکانی ترەوە بوونەوەری تر کە لە ئێمە ناکەن و بگرە زۆریش ترسناکن دێن بۆ ئێرە، بۆ سەر گۆی زەوی. شەرت بێت بەوانیانەوە ببەستمەوە و لەگەڵیان بەڕێیان بکەمەوە بۆ ئەوێ بۆ ناو کاکەشانە دوورەدەستەکان. بە خۆیان و قەحەبەکانیانەوە. نیشتمان خاوێن دەکەمەوە لەم پۆخڵەواتانە. ئەوە دەیبینن،… با رۆژی خۆی بێت، با سەدەی بیست و یەکەم بگات!

دیسان هەواڵ هاتەوە لە شار خۆپیشاندانە. فەرماندە دیسان تووڕە بووەوە. بەلێن بوو ئەم جۆرە شتانە دووپات نەبنەوە. ئەو بە هەڤاڵانی گوتبوو خۆپیشاندان تایبەتی سەردەمی دیکتاتۆر بوو و یەکجار بێمانایە لەسەردەمی ئەودا شتی لەم چەشنە رووبدات. گوتبووی ئیستا کە میللەت لەدووای سەدان ساڵ و بگرە هەزاران ساڵ بە مافی راستەقینەی خۆی شادببوو یەکجار گاڵتەجاڕانەیە کۆمەڵێک خەڵکی سپڵە و نەزان هەرلەخۆوە رێبکەون و دروشمی حەلەق مەلەق بدەن. گوتبووی ئەمانە گەر بمرن نەکیرو مونکیریش ئامادە نابن بەپیریانەوە بچن و لێیان بپرسنەوە. جا گەر پیاو هەر لە قەبرەکەیدا مایەوە ئیتر مردنیشی بێمانادەبێ.

بەڵام ئەم قسانە دادی نەدەدا. هەڤاڵان گوتیان وەزعەکە بەردەوامە. فەرماندە لەگەڵ ئەوەی ئەمری سەرکوتی نەیارانی نیشتمانی دەرکرد، داوای لە لیژنەیەکی تایبەتیش کرد بۆ تاوتوێ کردنی پێوەندیی نێوان دوو چەمکی دیکتاتۆر و خۆپیشاندان. لیژنەکە لە چوار مامۆستای زانکۆ لە بوارەکانی فەلسەفە، کۆمەڵناسی، کۆمەڵناسیی سیاسی و مێژوو (کە لە دووای راپەڕین بە سفارشی خۆی و بە هۆی ئەوەی کوڕە شەهیدبوون لە زانکۆ وەرگیرابوون) پێکهاتبوو، هەروەها  لەگەڵ دوو کوڕەکەی خۆی بە ئیزافەی چەند هەڤاڵێکی سەردەمی شاخ کە ئەم یەکجار بڕوای پێیان بوو. لە دووای قسەوباسێکی زۆر بەو ئەنجامە گەیشتن خۆپیشاندان لە سەردەمی دیکتاتۆر و لە سەردەمی ئازادیدا لەگەڵ ئەوەی هەمان چەمکە بەڵام خاوەن دوو ناوەڕۆکی جیاوازن: خۆپیشاندان لەسەردەمی دیکتاتۆر بۆ دابینکردنی ئازادییە، بەڵام لەسەردەمی ئازادی بۆ دابینکردنی دیکتاتۆرییە. لێرەوە بەو ئەنجامەگەیشتن کە سەرکوتکردنی تەنانەت بەشێوەی دیکتاتۆر رەوایە، بگرە دەکرێ شێوازی سەرکوتکردنەکەیشی یەکجار توندوتیژتر بێت ئەویش لەبەر ئەوەی گەڕانەوە بۆ رابردوو خەیانەتکردنە لە مێژوو و بۆیە سزای خۆپیشاندەران یەکجار قورسترە. بە واتایەکی تر سەرکوت لەسەردەمی دیکتاتۆر و لەسەردەمی ئازادیدا لەگەڵ ئەوەی هەمان چەمکە، بەڵام خاوەن دوو ناوەڕۆکە: یەکەمیان سەرکوتە بۆ لەناوبردنی ئازادی و دووهەمیان سەرکوتە بۆ دابینکردن و بەردەوامبوونی ئازادی. بەم شێوەیە کۆبوونەوەکە کۆتایی هات و ئەمجارە لە جیاتی هێزی پۆلیس کە بۆ جەمع و جۆرکردنی خۆپیشاندەرەکان بەتووش کێشەوە بوو (بەتایبەت کیشەی دەروونی)، چەندین هێزی تریان نارد، هەر لە بەشی ئەمنی، هێزە تایبەتەکانی هەڤاڵان و سوپاوە بگرە تا هەموو ئەو مووچەخۆرانەی وا لە ماڵەوە دانیشتبوون و تەنیا بەهۆی پێوەندییان بە فەرماندە و هەڤاڵانەوە مانگانە پارەیەکی باشیان بۆ دەچووە ماڵەوە.

شەقام سوورهەڵگەڕا. کۆڵانەکان برینداربوون. زیندانەکان پڕکران. خەڵکێکی زۆر ئاوارە و پەڕیوەی دەرەوەی نیشتمان کران. لێزانی دڵ شێواویش وەک هەمیشە شیعرێکی لەسەر ئازایەتی هەڤالان نووسی و لەگەڵ سەردەمی شاخ شوبهاندنی. لێزان لای وابوو رۆحی شاخ و شار لێکدرابوونەوە. ناوی شیعرەکەی ئەمە بوو “کاتێک شاخ دەژیێتەوە”.

سێبەری شاخ لەوە درێژتر بوو بیری لێدەکرایەوە. سێبەرێک بوو بە قەدەر هەموو نیشتمان. فەرماندە پاشان لە نوتقێکی حیماسیدا باسی لە بێسوودیی شۆڕش لە دژی شۆڕش کرد. گوتی لە مێژوودا قەت شتی وا نەبینراوە کە شۆرش بە شۆڕش لەناوبچێ. گوتی ئەم بیرە هەر لە بنەڕەتدا هەڵەیە، هەڵەیەکی گەورە. گوتی بۆ ئەوەی شۆڕشگێڕ بیت دەبێ دەروونێکی شۆڕشگێڕانەت هەبێ نەک تەنیا شیوازی شۆڕشگێڕانە. گوتی مێژوو قەت وەڵامی وەها خەڵکانێک ناداتەوە و لە هەموو باسەکە سەرەوقون گەیشتوون.

ئەو رۆژەی فەرماندە ئەم قسانەی دەکرد لە قەبرستان هەموو کوژراوەکان نێژران. تا چەند رۆژ دوواتریش لە ماڵەکانەوە دەنگی شین و شەپۆڕ بیسترا و ئەوسا هەموو شتێک سەرلەنوێ وەک جارانی لێهاتەوە. دونیا بووەوە بە ماستی مەیو. رۆژێک یەکێک لە هەڤاڵان بە پێشنیارێکی سەرنجڕاکێشەوە هات و گوتی باشتر وایە ئاوڕ لە بنەماڵەی کوژراوەکان بدرێتەوە و دڵنەواییان بکەین. فەرماندە کە ئەم پێشنیارەی یەکجار بە دڵ بوو، فرمانیدا لە نامەیەکدا کوژراوەکان وەک شەهیدانی تازەی نیشتمان ناوزەد بکرێن و بگوترێن کە ئەمانە لە راستیدا قوربانیانی نوێی دەستی دیکتاتۆرن. ئەوانەی وا بەدەست دیکتاتۆر خەلەتابوون. ئەوسا لەگەڵیا چەپکێک گوڵ و بەستەیەک ئەسکەناس پارە بەڕێکران. کەس نازانێ دوواتر بنەماڵەکان چییان لەگەڵ خەڵاتەکان کرد، دیارە ئەمە زۆریش گرینگ نەبوو. فەرماندە جارێکی تر نیشانیدا لەگەڵ دیکتاتۆر یەکجار جیاوازە و بە چاوێکی نیشتمانی لەهەموو میللەت دەڕوانێ. مردوو و زیندوو لای ئەو فەرقیان نەبوو.

ساڵ جارێکی تر وەرگەڕا و تەمەن ٣۶۵ رۆژی تری پێ زیادبوو.هەر بەو گوێرەیە مردووەکانی ناو گۆڕستانەکانیش ساڵێک بە تەمەنی مردووییان زیادبوو. ژیان و مردن بەردەوام بوو. کات وەک هەمیشە هەموو شتێکی لە خۆی گرتبوو. فەرماندە بە هۆیەکی نادیار ئەمساڵ دڵی زۆر خۆش بوو. بۆ خۆیشی نازانێ بۆ، بەڵام ئەمە گرینگ نیە، گرینگ ئەوەیە لە دووای ماوەیەکی دوورو درێژ کتوپڕ حاڵ و هەوای سەردەمی گەنجیەتی گەڕابووەوە. ئەو سەردەمەی وا هەر لەخۆوە خەم دەڵێی میوانێکی یەکجار کاتییە. فەرماندە ئیستا جاری وایە گوێ لە گۆرانی زێ زێ و ئیبراهیم قادری و گۆرانی بێژە میللییەکانی تر دەگرێ و بگرە بە چۆپییەوە، کە لە ئاڵای نیشتمانە، لە ژووری ئیشەکەی بە تەنیا سووڕێکیشی بۆ دەدا. گۆرانی بێژە میللییەکان چەند زیرەکانە بەشێوازی گۆرانی وتنی خۆیان، بە هەمان هەوا، لە یەک کاتدا هەم خۆشی و هەم خەم دەردەبڕن. هاوکات هەردووکیان! فەرماندە ئەوەتەی لەبیری دێ حەزی لەم جۆرە ئاوازنە بووە. ئەمە شێوازێکە لە هەموو شوێنێک و لەلای هەموو کەس و نەتەوەیەک دەستناکەوێ. داخۆ سەیر نیە بتوانی بە هەمان گۆرانی هەم هەڵپەڕی و هەم داڵغە بتباتەوە! لەخۆوە نیە ئەم نیشتمانە سەرەڕای هەموو ئەو غەدرە مێژووییانەی وا لێی کراوە، ماوە.

بەڵام ئەم خۆشییەی فەرماندە زۆری نەخایاند. وەک بڵێی رووی دیکەی گۆرانییەکە ئەمجارە خۆی دەرخستبێ،… رووی داڵغە. دیسان هەواڵ هات لەو دیو سنوورەوە لە لای دراوسێی یەکەمەوە هێزێکی پۆشتە و پەرداخ لەو گەنجانە سازکراوە وا لەم چەند ساڵەدا پەڕیوەی ئەوێ بوونە. ئەو گەنجانەی وا خاوەن ئایدیۆلۆژیایەکی تر بوون و جارەجارە وەک هێزی پارتیزانی هاتوچۆی نیشتمانیان دەکرد و جەۆلەیان دەدا. فەرماندە کە بەم شێوازە یەکجار ئاشنابوو، دەستبەجێ وەفدێکی بۆ لای دراوسێی یەکەم نارد. فەرماندە بە ئەزموونی خۆی بەجوانی دەیزانی ئەمە خراپترین شێوازی دەست تێوەردانی دراوسێیە لە ناو ژیانی دراوسێیەکی تر. وەفدی دراوسێ کە ئەمجارە یەکجار بێ منەتتر و لەخۆڕازیتر لە جاران دەیاننواند بە جوانی گوێیان لە قسەکانی هەڤاڵانی فەرماندە گرت کە شەرمێونانە گوتیان قەت چاوەڕوانی شتێکی لەم چەشنەیان نەدەکرد. دراوسێی رۆژانی تەنگانە کاتێک هەموو قسەکانیان بیست، هەڤاڵانیان دڵنیاکردەوە (لەم رێگایشەوە خودی فەرماندە) کە شتی وا قەت نەبووەو بەهەڵە هەواڵیان پێدراوە و ئەوان وەک هەمیشە خۆیان بەدۆستی فەرماندە و نیشتمانی ئەوان دەزانن، بگرە ئامادەن لە هەر دۆخێکی نالەبار و دژوار و چاوەڕواننەکراویشدا بە تەنگیانەوە بچن.

فەرماندە لە دووای ئەوەی راپۆرتی هەڤاڵانی بیست، لە پاش کەمێک بیرکردن بڕیاریدا چەند کەسێکیان لێ دەعوەت بکا و لە پاش میوانییەکی شاهانە لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەری لە یاریگای سەرەکی شار، لە کاتێکدا میوانەکانی لە تەنیشتدایە، لە نوتقێکی بێ وێنەدا باسی برایەتی و هاوڕێیەتی ئەوان بۆ میللەت لەسەردەمە دژوارەکاندا بکا. ئەمە خواردی و بۆ ماوەیەک جموجۆڵی هێزە چەکدارەکان نەما، هەرچەند لەو دیو سنوور هەر مابوون. فەرماندە دەیزانی بەم زووییە ئەم وەزعە کۆتایی نایە. بۆیە دەبا فکرێکی باشتری لێ بکاتەوە. چەندین هەفتە بەمەوە گێنگڵیدا. سەرئەنجام بە فکرێکی یەکجار مەزن و زیرەکانە گەیشت. بڕیاری دا لە دراوسێی دووهەم زیاتر نزیک بکەوێتەوە. لە ماوەیەکی کورتدا نیشتمان پڕبوو لە شمەکی ئەوان. ژمارەیەکی زۆریش لە کۆمپانیاکانیان هاتن. دراوسێی یەکەم کاتێک ئەمەی بینی بەشێکی گرینگی لە هێزە چەکدارەکان هەڵوەشانەوە و ژمارەیانی یەکجار دابەزاند. فێڵەکە گرتی، بەڵام راستییەکەی ئەوە بوو بەهۆی هەرەسهێنانی کۆمپانیا ناوخۆییەکان ئەوەندەی تر ژمارەی بێکاران زیادی کرد و گەنجێکی زیاتر روویان لە وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت دراوسێی یەکەم کردەوە!

فەرماندە جاری وایە سەری دێشێ، هەستدەکا حەجمینی نیە و لە هیچ شوێنێک ئۆقرەناگرێ. لە چاو جاران زیاتر لە هەڤاڵان تووڕەدەبێ. هەڵدەچێ و هەرچی لەبەردەستدا بێت فڕێیدەدا. بەڵام لە کونجی دڵیدا، لەو بنی بنەوە ئاسوودەیە. دەزانێ ئەمە نابێتە هۆکاری کافربوونی. نەکیر و مونکیر لە هەر حاڵەتێکدا بەدەمییەوە دێن و بۆیە مەجبوورنابێ ساتە ترسناکەکانی سەرتای ناو قەبری بە بێ هۆ لێ درێژببنەوە. ئەو زۆر شتی بۆ نیشتمان کردووە. لانیکەم خودا بۆ خۆی ئەمە دەزانێ.

ئەویش وەک زۆر کەس تێدەپەرێ، با فەرماندەیش بێت.

راستە مرۆڤ لە ئیستادا دەژی، بەڵام کاتەکانی تەمەنی هەر ئەم ساتەوەختە نین. راستە بە جەستە لە ئیستادایە، وەلێ بە خەیاڵ و بە بیر شتێکە لە نێوان رابردوو و ئیستا و داهاتوودا. هەر سێکیانە. ئەمەیش بۆ فەرماندە دەیخوارد، رەنگە زیاتر لەهەر کەسێکی تر. بگرە مرۆڤە مەزنەکان زیاتر لە هەر مرۆڤێکی تر لەم سێ زەمەندا هاوکات دەژین. جگە لەمە پێدەچێ لای ئەوان ئیستا کەمتر لە رابردوو خاوەن مانایە و لەهەمان کاتدا زیاتر لە داهاتوویش خاوەن مانا.

فەرماندە یەکجار ئاشقی بەیتە کۆنەکان بەتایبەت هی میرنشینەکان بوو. لای ئەو غەدرە مێژووییەکان لەو کاتانەوە لە نیشتمان دەستی پێکرد. ئاخ نەیانهێشت،… نەیانهێشت! بە ئەژنۆی خۆیدادەکێشا و هەستیدەکرد هەموو قورسایی مێژوو لە سەر شانیەتی. “ئاغام، ئەمن رووم دەکرده دیوانێ ئاغایێ خۆم، له لایێکی دادەنیشتن پێنجسەد پیاوماقووڵ و سەید و مەلا و پێنجسەد نۆکەر هەموو دەست لەسەر گوێ خەنجەرێ دادەنا، ئاغام له دیوانێ ئاغایە خۆم دادەنرا پێنجسەد کورسیی تەخت زێڕین و هەر لەوی…” کە گوێی لەم بەیتە دەبوو دڵی پڕدەبوو و چاوەکانی تەژی لە فرمێسکی قەتیسماو. بەتایبەت کەلیمەکانی ئاغا و نۆکەر وەهایان دەبزواند لەوانە بوو شێت بێ. چی لێهات ئەو سەردمانەی وا وەک پێنجسەد کورسیی تەخت زێڕین، زێڕین بوون؟ نەمان. ئاداریان بە سەر پاداریانەوە نەما. لەناو داڵانە تاریکەکانی مێژوودا بێڕەحمانە ونبوون. کوا میرە مێرخاسەکان؟ کوان رۆژانی گەشاوەی نیشتمان؟

ئەگەرچی لەو ساڵانە یەکجار تێپەڕیوە، بەڵام فەرماندە دلخۆشە بەوەی کە دەتوانێ بیانژێنێتەوە. بۆ نا، مەگەر لەچی کەمە؟ وشەی میر دەیوروژێنێ، بێ ئۆقرەی دەکا. ئەو میرانەی شتێکیان لە پاشا کەمتر نیە. فەرماندە لای وایە گەر تەنانەت ئەو سەردەمانە لە جیاتی میر وشەی پاشایان بەکارهێنابا ئەوا رەنگە بەگشتی چارەنووسی نیشتمان فەرقی دەکرد وەک هەموو خەڵکی دیکە بەو لایەدا دەکەوت کە دەبێ بکەوێ. ئەم بیرە وای لێدەکا بەڕاستی لەبیری ئەوەدا بێت میرنشینی زیندووبکاتەوە بەڵام ئەم جارەیان لە ژێر ناوی پاشا. قەت بۆ قەرەبووکردنەوەی دۆڕاوییەکان درەنگ نیە، با بەناو سەردەمی نوێیش بێت. جا داخۆ مەگەر زۆر شوێن هێشتا پاشانشین نین؟ بێگومان هەن. راستە دراوسێی یەکەم و دووهەم خاوەن پاشا نین، بەڵام ئەی… ئەی ئەوانی تر چی؟ بۆ وێنە عەرەبەکان… یان، یان ئەها ئەورۆپییەکان. هەموویان پاشایەتین،… خاوەن پاشان. ئەو هەمووە وەزعیشیان باشە. کەواتە بژی پاشایەتی! فەرماندە لە حەژمەتی بیرەکان و هەستی هەڵچووی خۆی رادەبێتە سەرپێ. بڕیاردەدا دیسان هەڤاڵان و مامۆستایانی زانکۆ بانگهێشت بکاتەوە و مشورێکیان پێ بخوا. هەرچەند بڕیاری داوە، بەڵام پرسە گورگانەیەکیش خراپ نیە. ئەی ئەوە نیە پێنجسەد پیاوماقوڵ و سەید و مەلا لە دیوەخانی ئاغام دانیشتوون. خۆ لەخۆوە لەوێ نین.

بگرە ئەو ساڵانە نیشتمان پڕی میرنشین بوو، لە نێوانیاندا دابەشکرابوو،… بەڵام ئیستا چی،.. ئیستا کە هەمووی لە بەردەستی خۆندان (بە وشەی خۆندان پێکەنینێکی دێتێ و لای وایە ئەمەیش لە ئاکامی کاریگەریی بەیت و نەریتی سەردەمی میرنشینەکانە). ئیستا، کە نیشتمان یەکی گرتووەتەوە دەشێ پاشایەتی رابگەیەنرێ. بەس تەنیا یەک شت،… یەک شت،… فەرماندە دڵنیا نیە لەوەی دراوسێی یەکەم و دووهەم بەمە رازی بن، بەتایبەت دراوسێی یەکەم کە لە دژی پاشایەتی راپەڕیبوون و پاشایان بە سەرشۆڕی وەدەرنابوو. ساڵانی ساڵ لەوەپێش. نا، ئەوان ئەبەد رازی نابن. ئەبەد! فەرماندە دڵی دێشێ. سەری لە گێژەوە دێت. رقی لەهەرچی دراوسێیە دەبێتەوە. ئاخ چیدەبوو ئەو سەردەمانە، سەردەمی شاخ ئەوەندە یارمەتیم لێ وەرنەگرتنایە، ها چی دەبوو؟ پرسیارێک کە بۆخۆیشی لە دەروونەوە پێکەنینی پێدێ. فەرماندە لە هەموو کەس چاکتر دەزانێ ئیستاکە مرۆڤ لەسەردەمێکدا دەژی هەموویان وەک زەروو لەسەر خوێنی یەکتر دەژین. ئەم بەوەوە لکاوە و ئەویش بەوی ترەوە. ئیتر هەر ئاوا هەتا بێکۆتایی. تەنیا لە قەبارە و هێزدا جیاوازن. ئەو چاک دەزانێ ئەوەی ئەم یاسایە رەچاونەکا، دۆڕاوە،… زۆر پیس دۆڕاوە. بەڵام،… تەنیا،… تەنیا کەمێک کەمتر لەوەی وەرماندەگرت. ئاهێکی قووڵ هەڵدەکێشێ. فەرماندە دڵنیایە هیچ شتێک بەقەدەر نەریتی میرنشینی بۆ نیشتمان ناخوا. هەر ئیستا بڕۆ چایخانەیەک و بەیتێک بخوێنەوە، بزانە چۆن خەڵکی لێت کۆدەبنەوە و چاوەکانیان پڕدەبێ لە خەم و گریان. بزانە چۆنیان دەهەژێنێ. ئا، هیچ شتێک بە قەدەر بەیتەکان بە رۆحی ئەم نیشتمانە ئاشنا نیە. نیشتمان بەیت و بەیت نیشتمان. عەجەب گێلێکم هەتا ئیستا بەمەم نەزانیبوو، بگرە لە سەردەمی شاخیش!

لێرەوە بڕیاردەدا کەمکەم پێوەندێکی باشتر لە گەڵ وڵاتانی عەرەب کە هەر هەموویان لە باشوور هەڵکەوتوون، چێ بکا. بێگومان چەند وەفدێکی تایبەت دەنێرمە لایان. هەتا زووتر، باشتر.

ئەوسا هەوڵدەدا ئەو سەردەمانە، کە هەر ئیستاکە ناویان لێدەنێ “سەردەمی زێڕێن”، بێنێتە بەرچاوی خۆی. بەداخەوە قەت هیچ وڵاتێک لەسەریان فیلمی سازنەکردووە. ئەمەیش غەردێکی تر. ئەوجا تەپۆڵکەیەک دێتەبەرچاوی کە لە سەر سەری کۆشکێک سازکراوە و لە داوێنیشیدا ئەو خانووە سادەو ساکارانەی وا خەڵکی تیا دەژین. ئاسمانێکی ساماڵ و هەوایەکی پاقژ و دەنگی کەڵەشێر و مانگا و کوتانی ئاسن و هاوار هاواری ئەو وەرزێڕانەی وا دەشت و دەریان تەنیوە. فەرماندە چاوەکانی هەڵناهێنێ وهەوڵدەدا بەردەوام بێت. هەوڵدەدا بۆنەکانیش لە قووڵایی مێژووەوە بانگهێشت بکاتەوە. ئەو بۆنەی هێشتا بە بۆنی باڕوت ئاشنا نیە و تەژییە لە سروشت. زەمەنی چەند بێ رەحم دێتەبەرچاو. گەر تەنیا میرنشینی بەردەوام بایە ئەوا زەمەنیش قاوغی خۆی پەیدادەکردەوە. جگەرەیەک دادەگیرسێنێ و دووکەڵەکەی دەکا بە گژ مێشێکدا وا شێتانە دەوروخولی سەر چاوەشووشەیەکی پەنجەرەکەیە. ئەی داخۆ منیش بەجۆرێک لە میرەکان نەدەچووم؟ مایینە سپی دێتەوە بەرچاو. ئا، رێک،… رێک وەک خۆیان. هەرچەند دەستبەجێ شەرمێک دایدەگرێ لەوەی کە زۆر نەزانانە و بە بێ ئەوەی بیری لێکردبێتەوە، گواستبووەیەوە بۆ کەرەشین. دیارە ئەمەیش بۆ دیکتاتۆر و پیاوکوژەکانی دەگێڕێتەوە. گەر تۆپەکانی ئەو نەبوونایە ئەم ئیستایش هەر ئەسپە سپی دەبوو (لێرەدا ساڵەکانی لێ تێکدەچێ). بەهەرحاڵ گرینگ ئەوەیە هەیبوو. شتێکی هەبوو وەک ئەو ساڵانە. تازە لە جۆری سپییەکەیشی. هەستدەکا شتێکی خۆڕسک لە دەروونیایەتی کە بەشێوەی خۆبخۆ ئەوی بە مێژووەوە دەبەستەوە. لە خۆوە نیە بووم بە فەرماندە!

سەرئەنجام کۆبوونەوەکە دەکەن. مامۆستاکانی زانکۆ و هەڤاڵان یەکجار بە بیرە مەزنەکەی فەرماندە سەرسام دەبن و ئەمەیش بە یەکێک لە نیشانەکانی بلیمەت بوونی ئەو لێکدەدەنەوە. لە کۆتاییدا بەو ئەنجامەدەگەن ئەمە دەبێ وەک پلانی مامناوەندی (نەک درێژخایەن) لەبەر دەمیاندا بێت و بەرەبەرە ئیشی بۆ بکەن. کۆبوونەوەکە ئەوە تەئید دەکا کە دەبێ نیشتمان لەگەڵ دراوسێ دوورەکانی باشوور پێوەندی توند و تۆڵ بەرقەراربکەن تا لەم رێگایەوە دۆخی ناوچەیی بۆ راگەیاندنی سیستمی پاشایەتی بڕەخسێنن. هاوکات پێ لەسەر ئەوە دادەگرن پلانەکە دەبێ تەواو شاراوەبێت، وەها کە دراوسێی یەکەم و دووهەم بە هیچ جۆرێک پێی نەزانن.

رازی لە کۆبوونەوەکە، بەڵام فەرماندە هەتا ماوەیەکی زۆر دیسان لەبیری ئەوەدایە بۆچی نەیتوانیبوو لە میرنشینی وەک رۆحی نیشتمان، رۆحێک کە بە درێژایی مێژوو هاتبوو و کتوپڕ لە شوێنێکدا پچڕابوو، بگا. رقی لە خۆی دەبێتەوە. ئەوسا هۆکارەکەی بۆ نوقمبوونی خۆی لە هەنووکەدا دەگێڕێتەوە و ئەمەیش دیسان وەک تاوانی دیکتاتۆر لێکدەداتەوە. ئاخر دیکتاتۆریش خۆی بەرهەمی راپەڕین لە دژی سیستمی پاشایەتی بوو و لێرە بەجۆرێک رۆحی دوژمنکاریی لە نیشتماندا لە دژی پاشایەتی چاندبوو. ئای دیکتاتۆری زۆڵ! چاکت لێدەزانێ! کەواتە تێکشانی پاشا لە لایەن دیکتاتۆرەوە تەنیا بۆ لێدانی ئەم بووە. ئەمێک کە ئەو ساتانە لەدایک نەببوو، بەڵام دیکتاتۆر بۆنی کردبوو.

بۆ سبەی چەندین نامە بە دەسخەتی خۆی بۆ پاشاکانی ناوچەکە دەنێرێ و جگە لە خواستنی هیوا بۆ کردنەوەی وەرزێکی نوێ لە پێوەندیی نێوانیان، تیایا  باس لە گرینگیی ئەوان و سیستمەکەیان بۆ هەموو خەڵکی ناوچەکە و جیهان دەکا. تەنانەت هەوڵدەدا بە باسکردن لە جیهانی مێروولە و هەنگ و  شێر ئەوە بسەلمێنێتەوە کە سروشتیترین شێوەی دەسەڵات پاشایەتیە و ئەوە مرۆڤە گەمژەکانن هەوڵدەدەن تێکی بدەن و بۆ هەمیشە لە مێژووی مرۆڤایەتی بیسڕنەوە.

فەرماندە دڵنیایە مێژوو بەو رەوەتەدا دەڕوا ئەو خەونی پێوەدەبینێ. جا با زۆریش بخایەنێ. داخۆ کارە مەزنەکانیش هەمیشە وەها نەبوونە؟

لەبیرم دێ ئەو رۆژەی بۆ یەکەم جار دایکم باسی باوکمانی کرد کە خەریکی چییە و بۆچی ئەوەندە درەنگ درەنگ دێتەوە ماڵەوە، رۆژێکی سەرەتای زستان بوو. وەک هەمیشە کوێستان زوو بەفر گرتی و ئیتر هاتووچۆ ئەوەندەی تر سەخت بووەوە. رێگاکان چەقین. ئەو زستانانەی وا کاری گوند کتوپڕ دادەمرکا و جگە لە ئاژەڵداری و بانماڵین ئیشێکی دیکەی وەها نەدەما، ئەو ساڵانەی پیاوان لەسەر بانی و لەبن دیواران لە کاتی هەتاودا کۆدەبوونەوە و یان پێکەوە قسەیان دەکرد یان خەریکی هەڵماتێن دەبوون. بانماڵین و هەڵماتێن دوو کار و کایەی یەکجار پیاوانە بوون، بەتایبەت هەڵماتێن. من بە گشتی لەبیرم نایەت ژنان قەت کایەیان کردبێ. لانیکەم من نەمبینیوە. دڵنیایشم هەڵەناکەم. منێک کە بیست و چوار سەعاتە لەگەڵ دایکم بووم خۆ دەبووایە رۆژێک لە رۆژان ئاگام لە شتێکی وەها بووایە. ئێمە لەسەر بان و بانیژەکان سەیری گەورەکانمان دەکرد، یاخود بە شوێن یەکتردا راماندەکرد. کەللابەردیشمان دەتاشی و لێرە و لەوێ ئێمەیش پێکەوە یاریمان دەکرد، هەرچەند لەسەر هیچ و تەنیا بۆ خۆشی. هەرچەند جاری وابوو ئێمە لە گەورەکان خراپتر تێکهەڵدەچووین!

ئەو رۆژەی دایکم باسی کرد، رۆژێکی درەنگان بوو. ئاسمان ساماڵ، دونیا سپی پۆش و هەوا یەکجار ساردبوو. زۆپا دارەکەی نێڵدا و لە کاتێکدا لە ژوورە نیوەتاریک و نیوەڕوونەکەدا روخساری بە پشکۆ دەئایسا، گوتی کوڕە شیرینەکانم حەزدەکەم ئەمڕۆ ئیتر باسی شتێکتان بۆ بکەم کە تا ئیستا نەمکردووە و دەبێ ئیتر بیکەم! خەریکن بەرەبەرە گەورەدەبن و وا باشە کەمکەم ئاگاداری دەورووبەرتان بن، ئەوەیکە داخۆ چی دەگوزەرێ و جیهان بەری بە کوێوەیە. ئەوسا باسی ئەوەی کرد باوکمان فەرماندەی نیشتمانە و پیاوێکی یەکجار گرینگە و بۆ ئازادی و بەختەوەریی نیشتمان لەدەستی داگیرکەری دیکتاتۆر دیارە بە یارمەتی هەڤاڵانی دەجەنگێ. گوتی هەر لەبەر ئەمەیە ناتوانێ زۆر بێتەوە ماڵەوە و ئێمە ناچارین زۆربەی کاتەکانی تەمەنمان بەتەنیا بژین و خۆمان دەرەقەتی ژیانی خۆمان بێین!  گوتی لە هەموو نیشتمان باوکتان کە کەسێکی یەکجار بەناوبانگە دەناسن و بۆیە دیکتاتۆر هەمیشە بە شوێنیەوەیەتی خوانەخواستە بیکوژێ، یاخود ئازارێکی پێبگەیەنێ و لەم رێگایەوە هەم نیشتمان و هەم گەل نائومێدبکا. دایکم گوتی ئەرکی گرینگی باوکت وەهای کردووە ئێمە ببینە خاوەنی دژوارترین ژیان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ببینە کەسانێک کە هەم نیشتمان و هەم دیکتاتۆر گرینگیمان پێبدەن و لەبەر چاویان وننەبین. گوتی ئێمە لەبەر باوکتان لە کەس و کارمان دوورین و شار و زێدی خۆمان جێهیشتووە.

ئەوەی من بەگشتی لەقسەکانی دایکم گەیشتم ئەوە بوو باوکم کەسێکی گرینگە و دەیانەوێ بیکوژن. قسەکانی تر، واتە هەموو ئەو کەلیمانەی دیکە دایکم بەکاری دێنان و ساڵانی دوواتر بوو کە زانیم بەهەڵە بەکاری دێنان (بۆ وێنە بە دیکتاتۆری دەگوت دکتاتەر و لە جیاتی ئازادی و بەختەوەریش وشەی ‘خۆشی’ بەکاردێنا)، من بەجوانی تێیاننەدەگەیشتم. فەرماندە یەعنی چی، ئەی دیکتاتۆر، یان خۆشیی نیشتمان، هەروەها ئازادی؟ بەڵام گرینگ نەبوو. نە من و نە براکەم بۆ یەک جاریش بێت پرسیارمان نەکرد داخۆ دایە ئەمە یەعنی چی و ئەوەی تر واتای چییە. شتێک لە دەروونەوە پێی دەگوتم واباشە تەنیا گوێ بگرم. بگرە هەستم دەکرد دایکم ئارامتر بووەوە، لەسەرەتای قسەکانی کە چاوەکانی هەتا دەهات بچووکدەبوونەوە، کتوپڕ لە کۆتاییدا کرانەوە و بەهەموو نیگاکانییەوە لە من و براکەم و لە دەورووبەرەکەی رووانی. هەستمدەکرد بەردێکی یەکجار زل و قورسی لە شانەکانی خۆی کردبێتەوە. لەدووای ئەمە دایکم زیاتر باسی کەسوکار و خزمانیشی بۆ کردین. وەک بڵێی دەرگای بۆ کرابێتەوە! من کە جاروبارە هەندێ لە کەسوکاری دایکم دەبینی دەهاتنە لامان و لە دووای یەک دوو شەو دەڕۆیشتنەوە، ئەمجارە زیاتر بە جیهانی خزمانی دوور ئاشنابووم. لەبیرم دێ جارێکیان یەکێک لە دراوسێکانمان بە دایکمیان گوت بۆچی منداڵەکان بۆ سەردان یاخود ماوەیەکی کاتی نانێریت بۆ ماڵی باوکت. دایکم زۆر بە توندی گوتی نا. گوتی نا لەبەر ئەوەی ئێمە منداڵی فەرماندەبووین و چاومان لەسەربوو. گوتی بەدەستی خۆم بیانخەمە چنگی زاڵمەوە!

باشە بۆ دەبێ کاتێک کەسێک فەرماندەیە و لە بیری نیشتماندایە، نابێ زووزوو سەردانی منداڵەکانی بکا، یاخود لەگەڵیان بژی؟ ئەگەر وایە کەسێکی وەها ماڵ و منداڵی بۆچییە؟ ئەمە ئەو پرسیارانە بوون دوواتر بەربەرە لە مێشکمدا چەکەرەیان دەکرد. ئیستا دەزانم لە نیوان مال و منداڵ لەلایەک و نیشتمان لە لایەکی ترەوە پێوەندی ناڕاستەوخۆ، بگرە پێچەوانە هەبوو. هەبوونی یەکیان بەمانای نەبوونی ئەوی تریان بوو. رێک وەک پێوەندی نێوان یاریی هەڵماتێن و ژنانی ئاوایی. داخۆ فەرماندەبوون شتێک نەبوو وەک پیاوانی ئاوایی لە کاتی زستاندا، کاتێک لە بن دیوارەکان خۆیان هەڵدەخست؟ من زۆر جار وەهام دێتەبەرچاو. کەللاشووشە و کەللابەرد و پارە، هەڵتروشکان و تێگرتن و هەڵبەزینەوە، جارجارەیش شەڕەقسە و تێکهەڵچوون. ئەوانەی وا دەیدۆڕێنن و ئەوانەی وا دەیبەنەوە. لە ناو گوندێکدا بە داوێنی شاخێکەوە کە تەنیا ئاسمانی لێوە دیارە.

من زۆر جار دایکم دێتەوە خەوم. ژنانی پیاوە نیشتمانخوازەکان تەنیان. کێ تاوانبارە؟ نازانم. من نازانم رقم لە باوکم بێت یان نا، هەرچەند زۆرتر رقم لێیەتی تا ئەوەی خۆشم بووێت. لای من ژیان ژیانە و ئەرک ئەرک. ناکرێ بەهۆی یەکیانەوە ئەوی تر جێ بێڵی. ئەرک گەورە و بچووکی هەیە، بەڵام کردن و نەکردنی بۆ نیە. تازە کێ بڕیاردەدا ئەمەیان گەورەترە لەوی تریان و ئەمیان بچووکترە لەوی تریان،… ها کێ؟ غەیری ئەوەی ئەو کەسەی وا یەکیان هەڵدەبژێرێ بڕیاردەدا!؟ نا، من فەرماندە نابەخشم. کۆشکی ئەو لەسەر تەنیایی و گریان و دڵتەنگییەکان و ترسەکانی دایکم بونیاتنراوە. ئەی بەشی دایکم؟ هیچ. من ئەم هیچیەتییەم بینی. دایکم تەنیا خانووی پێ بڕا. وەک هەمیشە. ژن و خانوو و منداڵ. ئەو منداڵانەیش کە زۆر خێرا چیتر نابنە هی ئەو، بەتایبەت ئەگەر منداڵی فەرماندە بن و کوڕ.

من زۆر رقیشم لەوانەیە ئەمە نابینن، نایبینن ئێمە چمان چێشت و کەچی ئیستا دێنە سەر شەقام و هاواردەکەن و تاوانبارمان دەکەن! گوایا ئێمە دیکتاتۆرین و گەندەڵ و نیشتمانفرۆش! ئەی گەمژینە ئێوە کاتی خۆی لەکوێ بوون… ها، لە کوێ؟ نەکا بڵێن راپەڕین ئێوە کردتان و ئێوە بوون دیکتاتۆرتان وەدەرنا… ها نەکا؟ لە تەواوی تەمەنتاندا بەکەیف و خۆشی خۆتان ژیان و دوواتر لە دووای ئەوەی گڵۆڵەی دیکتاتۆر کەوتبووە لێژی و هەموو کەس دەیزانی چیتر خۆی بە پێوەناگرێ، چەند رۆژێک جەستەی تەممەڵ و بێ کەڵکتان هێنایە شەقام و گوایا دیکتاتۆر و پیاوەکانیانتان دەرپەڕان! پەح لەم ئازایەتییە،… پەح لەم غیرەتە! ئەی بێشەرەفانە جاران لە کوێ بوون؟ ها، ئەو کاتەی دایکم و ئێمە تەنیاییمان دەچەشت و لە پەنجەرەکانمانەوە جگە لە ئاسمان و هەیبەتی تاریک و بەسامی کێوەکان چیترمان نەدەبینی! ها،… لە کوێ بوون؟!

جا پیاو بن و جارێکی تر زاتی ئەوەبکەن وەرنە سەر شەقام، بۆ خۆم دەزانم چیتان پێدەکەم! هەر بۆ خۆم،… .

من جاری وایە خەو بە دایکمەوە دەبینم، بە براکەم و بە خۆمەوە، ئەو ساڵانە.  ئاخ ئەو ساڵانە! بەڵام خەو بە باوکە خوێڕییەکەمەوە نابینم. یەعنی نەبوو تا پێیەوە ببینم. ئەوەی نەبوو، نابینرێ. ئیستایش کە هەر وەک ساڵان دەژی، تەنیا بۆ خۆی و لە پێناوی ئارەزوو و حەز و خەونەکانی خۆیدا. ناویشی لێدەنێ نیشتمانپەرستی. بێگومانیش وەهایە. بەڵام داخۆ منەتی هەیە؟ گەر خۆی پێی خۆش نەبووایە و چێژی لێ نەبینیایە داخۆ دەیکرد؟ بێگومان نەیدەکرد. من پێم وایە جاری وایە هەندێ ئازار خۆشن،… خۆشی دەبەخشن. خۆشیش گرینگترین شتی دونیایە. گەر باوەڕناکەن بڕۆن لە هەڤاڵانی تەنیشت مەسبەحەکان بپرسن. شەرمی ناوێ. دیارە گەر دەوێرن، هەهەهە… . ئای نیشتمانی بوودەڵە! خوێڕی نەبوونایە من و براکەم و دایکم و تەنانەت باوکیشمتان پێوەنەدەکرد. ئەی ئێوەی وا ژیانی خۆتان دەکەن و کەچی حەزدەکەن هەمیشە کەسێک لە دەرەوەی خانووەکانتان قارەمان بێت بۆ ئەوەی ئێوە خۆتانی پێوە بادەن،… ئا، تەنیا خۆتانی پێوەبادەن و ئیتر هیچی تر. تەنیا بۆ قسەی مەجلیستان. ئەوسا بە چل پەنجا ساڵێک جارێک، ئەویش گەر دڵتان خواستی، راپەڕین بکەن و بڵێن هەموو شتێک مافی خۆتانە و بەڵام لێتان زەوتکرا،… گوایا باوکی منیش لێی زەوتکردن! یان من و براکەم و هەڤاڵان!… هەهەهە… گەمژینە!

من زۆرجار خەو بە دایکمەوە دەبینم. خەو بەو یەکجارەوە وا قسەی بۆ کردین و گوتی ئێمە کێین. ئێمە ئەمەین!… دەبینن… ئەمەین… هەر وایش دەمێنینەوە. ئێوە ئەم بڕیارەتان دا و بزانن قەت لە کۆڵیشتان ناکەوینەوە… ئەبەد! مرۆڤ بەقەدەر ئەو کاتانەی وا بۆ ئاواتەکانی سەرفی دەکا دەبێ بە خاوەنیان،… تێدەگەن بەقەدەر رۆژەکان و ساڵەکان. بەشی ئێوە تەنیا چەند رۆژە، ئەویش چەند رۆژی ناقابیل، وەک بیستوویشمە گەر گوێدرێژەکەی باوکیشم نەبووایە ئەوەشتان پێنەدەکرا… هەهەهەهە… هەر بژی کەرەشین،… هەر بژی!… هەر بژی بە شادی خۆشبەختی و ئازادی، هەربژی هەر بژی هەربژی!

فەڕۆخ نێعمەتپوور

درێژەی هەیە…

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *