فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

فەڕۆخ نێعمەتپوور نووسەر و رۆژنامەنووس لە ساڵی ١٣٤٤ی ھەتاوی لە شاری بانە، کوردستانی ئێران لە دایکبووە.. خاوەن لیسانسە لە بواری فەلسەفە لە زانکۆی بلیندەرن لە ئۆسلۆ. ئەم نووسەرە لە بواری رۆمان، چیرۆک و وتاری سیاسی و فکری دا چالاکە و گەلێک بەرھەمی لەم بوارانەدا پێشکەش کردووە. ئیستاکە لە وڵاتی نۆروێژ دەژی و بەردەوامە لە کاری نووسین. --- بەرهەمەکان ---- رۆمان: پەڕەسێلکەکانی کۆچ — ١٩٩٨ ساڵەکانی خەون — ٢٠١٠ پێنج سەفەر، وێنەیەک — ٢٠١٣ باڵندەی بریندار، ماسی سەرسام — ٢٠١٤ گوناھی گەورە — ٢٠١٥چیرۆکی شۆڕش — ٢٠١٦خەیاڵاتی بێھودە — ٢٠١٨کاتێک ھاشم لە زیندان گەڕایەوە — ٢٠١٩ماجراهای بابا — (مجموعه داستانهای به هم پیوسته) —…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

چیرۆکی فەرماندە (١٠)

کات 13/10/1399 47 بازدید

من وەک ئەو بیرناکەمەوە، مەبەستم براکەمە. دیارە ئێمە لە زۆر شتدا وەک یەکین، وەکوو یەکتر بیردەکەینەوە؛ بەڵام کاتێک قسە لەسەر دایکم و تەنانەت خۆیشمانە من جیاوازم. من لام وانیە مرۆڤ بەقەدەر ئەو کاتانەی وا بۆ ئاواتەکانی سەرفی دەکا دەبێ بە خاوەنیان. نا، وانیە! ئەبەد وانیە. بەڕای من ژیان شانسیشە. بەختە. دەبێ رێک لە شوێن و کاتی خۆیدا لەدایک بیت بۆ ئەوەی ببی بە شتێک. ئەمەیش بۆ هەموو کەسێک دەستنادا. مرۆڤە مەزنەکان ئاوەها دەبنە مەزن. تەنیا بە هۆی خۆیانەوە نیە. ژیان دەبێ بە هەموو شتەکانییەوە وەها رێکبکەون کە لە خزمەتیا بن. ئا، خزمەت. وەک نۆکەرێک لە خزمەتی ئاغادا. ژیان ئاغائاسایە. ئەمەیە کلیلی کردنەوەی دەرگاکە. بۆیە زۆر کەس دەبنە قوربانی سەرەڕای ئەوەی زۆریشیان کرد و زۆریشیان هەوڵدا. لای من هەندێ، یاخود زۆرینە، قوربانین و هەندێکی یەکجار کەمیش سەرکەوتووکانن. ئەوسا قوربانییەکان چاویان لە سەرکەوتووەکانە و نۆکەریان دەکەن. نۆکەریان دەکەن لەبەر ئەوەی لە رێگای ئەوانەوە بەو شتانەی بگەن وا خۆیان پیی نەگەیشتوون. جا پێت وانەبێ ئەوان لەگەڵان لەبەر ئەوەی باوەڕیان هەیە. نا، وانیە ئەوان لەگەڵان لەبەر ئەوەی داوای بەش دەکەن، کێهایش ئەم بەشە دەدا، بێگومان فەرماندە. کەواتە فەرماندە بەجۆرێک هەموو ئەو خەڵکەیە. فەرماندە نموونە زیندووی خەون و ئارەزووەکانی ئەوانە، تەنانەت بە دایکیشمەوە. من حەزم لە مرۆڤی راستی بینە. دەبێ جگە لە هەوڵدان خاوەنی کەرێکی وەک کەرەشینیش بیت بۆ ئەوەی کات و ساتی خۆی بە هۆی رێکەوتێکی نادیارەوە بتکا بە ناو ئەو شەڕانەدا وا دۆخەکە بەلایەکدا دەخەن، شەڕە گرینگەکان، رێک بەپێچەوانەی مەیلی خۆت، بۆ ئەوەی دوواتر ببی بەوە وا حەزت دەکرد ببی. لێرەوەیە کاتێک ئاوڕ لە رابردوو دەدەیتەوە دەبینی هەموو شتێک هەموو رووداوێک روویانداوە لەبەر ئەوی تۆ ببی بە شت. جا هەر لە تۆپینی ئەسپە سپییەکەی باوکمەوە بگرە هەتا مەراقەکانی دایکم. نا، من لێرەدا وەک براکەم بیرناکەمەوە لەگەڵ ئەوەی یەکجار خۆشم دەوێ. دەزانم شاگەشکە بووە و باوەڕ بە دۆخی ئیستای خۆی ناکا و هەر لە خۆوە قسەدەکا بۆ ئەوەی نەکا راست نەبێ. نەکا خەون بێت. وەک پیاوی دوکاندار کە قەت لە کەسابەتی خۆی رازی نیە تەنانەت گەر رۆژی سەد هەزار دۆلاریش قازانج بکا. پیاوی کاسب هەمیشە شت دەشارێتەوە، تەنانەت لە خۆیشی. ئەو لە بیری ئەوەدایە بە چاوەوە نەبێ لەم جیهانەدا کە پڕە لە مرۆڤی چاوپیس و رژد و حەسوود. سەرکەوتنەکان و دەستکەوتەکان دەبێ هەمیشە بشارینەوە و تەنیا بەشێکی کەمیان دەرخەین. هەتا کەمتر باشتر ئەوسا ئیتر شەیتان زەفەریان پێنابا.

دەزانی بۆ من لەگەڵ براکەم هاوڕانیم؟ لەبەر ئەوەی دایکیشم زۆری هەوڵدا و کەچی کەمی گەیی، بگرە هەر نەیگەیشتێ. کێ بەقەدەر ئەو بەدیار باوکمەوە و بەتەمای گەڕانەوەی هەمیشەیی دانیشت و هەر بە خۆی گوت ئەمڕۆ نا سبەی؛ ها کێ؟ بێگومان کەس. دایکم هەمیشە لای وابوو باوکم هی ئەوە! بەڕاستی پیاو لە گێژیی هەندێ کەس سەری سوڕدەمێنێ. ساڵانی ساڵ بە دیارییەوە دانیشت. لای وابوو ئەمڕۆ نا سبەی باوکم ماندوو دەبێ و دەگەڕێتەوە ناو باوەشی ئەو. ئاخر نەک ئەوەی وەک دەڵێن باوەشی ژن خاڵی کۆتایی هەموو رێگاکانە. فەرماندە وەک هەموو پیاوە مەزنەکانی تر ئەم رێچکەی گۆڕی. دیارە نەک بۆ هەمووان، نا، تەنیا بۆ خۆی و بۆ ئەوانەی وا لە خۆی دەچن. براکەم دەڵێ دایکمان بۆ ئارەزووەکانی هیچی نەکرد، دەڵێ ئەو تەنیا چاوەڕوان مایەوە. بەڵام داخۆ چاوەڕوانی بەشێکی گرینگی کردن نیە؟… مەگەر فەرماندەیش چاوەڕوان نەمایەوە؟ بەڕای من چاوەڕوانی یەکجار گرینگە. چاوەڕوانی نیشانەی رۆحێکی بەهێزە کە نابەزێ، نایەوێ ببەزێ. ئەوانەی چاوەڕوان نین، بەزیون؛ زووتر لە هەر کاتێکی تر لە هەر کەسێکی تر. چاوەروانەکان هەمیشە ئامادەن بۆ ئەوەی هەلەکان بقۆزنەوە. موعجیزە لە چاوەروانییەکانی ئەوانەوە هەڵدەقوڵێ.

نا من خەو بەدایکمەوە نابینم. یەعنی دەیبینم، بەڵام نەک وەک براکەم. کە خەویشی پێوەدەبینم پێموابێ تەنیا لەبەر ئەوەیە سەردەمانێک پێکەوە ژیاین، بە حەق یان بە ناحەق، بەڕێکەوت یان بە گوێرەی پلانێکی نادیار. کە خەویشی پێوەدەبینم ئەو وەک هەمیشەیە، وەک جاران. قەت ناگۆڕدرێ. یەعنی دیسان نایەوێ بگۆڕێ. بگۆڕێ کەچی. خۆ ئەو تازە دەزانێ چاوەڕوانییەکانی بێسوودە، خۆ دەزانێ فەرماندە لەمێژە لەو خانووەوەی ئەوی تیادەژی تێپەڕیوە. بگرە سەردەمی شاخیش هەر وەها بوو. باوکم و هەڤاڵان دەهاتن و تێدەپەڕین. ئەمە نیشانەیەکی باش بوو. ئەو دەبووایە هەر ئەو سەردەمانە لەمە بگەیشتایە،… کە نەگەیشت. هەندێ کەس وەک شمەک لەدایکدەبن، وەک ئامراز. گریانم دێ ئەمە دەڵێم، بەڵام وەهایە. دایکم دانراوە بۆ گێڕانەوەی چیرۆک، یەعنی دانرابوو، هەرچەند ئەو چیرۆکەی دەبا بیگێڕایەوە قەت بە دەمیدا نەهات. ئەو خەیاڵی لە شوێنێکی تر بوو و کەچی شتێکی دیکەی بۆ ئێمە باسدەکرد. ئەم جۆرە کەسانە بە هیچ شوێنێک ناگەن. من رۆژێک لە رۆژان نەمبینی یەخەی باوکم بگرێ و بڵێ بۆ کوێ. یەعنی نەیدەتوانی. ئەو تەنیا لە رێگاکانی دەڕوانی. لێزانی دڵ شێواوی گەمژە کە یەکجار رقم لێیەتی (من هەمیشە رقم لە شاعیرەکان بووە لەبەر ئەوەی دڵیان کۆیلەی ئەقڵیانە) شیعرێکی قۆڕی هەیە کە دەڵێ، دیارە گەر هەڵەنەکەم، کە دەڵێ “لێرەم و هێشتا لە رێگاکانیشم / جا یان ئێرە رێگایە یان رێگاکان ئێرە!”. ئای لە لێزانیش! کەرەپیاو!… چاک نانی قسە زلەکانی دەخوا. ئەویش یەک تاقە فیشەک چییە بگرە بە بەردێکیشییەوە نەنا، کەچی لە تەنیشت فەرماندە دادەنیشێ و بگرە خۆیشی دەگرێ! لای وایە تڕەهاتەکانی ئەو نیشتمانی رزگارکرد،… هەهەهەه… ژیان پرە لە رووداوی عەجایەب و غەرایەب. لێگەرێ با وایش بێ. یەعنی وابووە. ئەوی زۆر دونیا بە جیددی وەربگرێ لای من گەوجەپیاوە، کەرە! دەبێ نیوەی بدەیتە دەست قەزاوقەدەر. هەمیشەیش کەرەشینێک پەیدادەبێ هەڵگری قەزاوقەدەرەکە بێت، هەرچەند لەکۆتاییدا بەشیشی لەمە فیشەکە گەرم و گڕاوییەکان بێت.

ساڵەکان تێدەپەڕن و مرۆڤەکان زۆر شت لەبیردەبەنەوە. پێویست ناکا مرۆڤ زۆر خەفەت بەمەوە بخوا. باوکم لەمەدا زۆر زیرەکە. بڕواناکەم هەتا ئیستا بۆ یەکجاریش خەوی بە دایکمەوە بینیبێ. یەعنی بۆ بیبینێ،… ها، بۆ؟ مرۆڤە مەزنەکان وەک دەڵێن روو لە داهاتوون. ئەوەی وا بەڵێنە بێت لایان گرینگترە لەوەی وا هەبوو. هەموو کەس ناتوانێ خۆبداتە دەست ئەقڵیەتی زەمەن. هەموو کەس لەمە ناگا. فەرماندە لەمە گەیشت. من وا تێدەگەم دایکم هەمیشە بۆ ئەو رابردوو بوو، تەنانەت ئەو ساڵانەیش. دایکم هیچی نەبوو پێشکەشی باوکمی بکا. مرۆڤەکان بەوەی پیشکەشی دەکەن دەبن بە خاوەن شت. ئەها ئیستا تێگەیشتم. مرۆڤەکان بەو ئەندازەیەی کات بۆ خزمەتکردنەکانیان تەرخان دەکەن لە ژیان وەردەگرنەوە. یەعنی کە من و براکەم لەدایکبووین ئیتر ئەرکی دایکم تەواوبوو. ئەوەی هەیبوو پێشکەشی کرد. دیارە ئەمەیش یەکجار گرینگە. گەر من و براکەم نەبین داخۆ داهاتووی نیشتمان چی لێ بەسەردێ،… ها، چی؟ بێگومان کارسات! بە تەمای هەڤاڵانن،… بە تەمای ئەو خەڵکە؟ هە.

ئەوەی کوڕە فەرماندە نەبێ نازانێ هۆڵ و ژوورەکانی ئەو شوێنەی وا نیشتمانی لێیەوە بەڕێوەدەچێ یەعنی چی،… نازانێ چۆن چۆنی ئێرە کۆتایی دونیایە و حاڵ و هەوایەکی تیایە قەت کەس ناتوانێ وەسفی بکا. من زۆر جار لێرە وەک خوام لێهاتووە، لێی گەیشتووم، کاتێک تۆ دەبێ بە دوواکۆڵەکەی جیهان و ئیتر هیچی تر نیە جگە لە خۆت پاڵی پێوەبدەی، ئیتر بیهێنە بەرچاوت چ دونیایەکە! تۆ کۆڵەکەی دونیا و خۆتی. باوەڕناکەی. بەڵام دەبینی جیهان بەردەوامە. زۆر جار خۆت و جیهانت لێ دەگۆڕدرێ. تۆ ئەوی و ئەو تۆ. نا، من حەزناکەم خەو بە دایکمەوە ببینم. خۆشم دەوێ، بەڵام خۆشەویستی هەموو شتێک نیە. دەبێ شتەکان لێک جیابکرێنەوە. هەر شتێک لە شوێنی شیاو و تایبەتی خۆی. دایکیشم وەها. ئەو کوڕانەی گەورەدەبن و رۆژ لەگەڵ رۆژ لە دایکیان دوورناکەونەوە و زیاتر لە باوکیان ناچن، کوڕ نین، یەعنی نابنە کوڕ، دەبنەوە دایکیان، دەبنە دایکی من، بوونەوەرێک پڕ لە چاوەڕوانی و وەک خودی چاوەروانی… ئیتر هیچ.

ساڵەکان بێگومان تێدەپەڕن. ئەمە خەفەتی ناوێ. ئەمە خەفەتێکی ژنانەیە. پیاوی راستەقینە بەپێچەوانەوە حەزدەکا تێپەڕن. کات، دوژمنی پیاوە مەزنەکانە. دەبێ پاڵی پێوەبنێی. نا من خەو بە دایکمەوە نابینم. کە دەیبینم خۆم لە خەو رادەپسکێنم، هەڵدەستم و لەعنەت لە شەیتان دەکەم. سوڕێک بەناو ژوورەکەدا دەخۆم و سەرلەنوێ دەنوومەوە. پێش خەوتنەوە هەوڵدەدەم بیر لە رۆژی دوواتر بکەمەوە. ئەرێ رۆژی دوواتر.

من رقم لەو خەوانەیە وا ژن قارەمانیەتی، تەنانەت گەر دایکیشم بێت.

ماوەیەکە کەسێک نیوەشەوان لە بینا گەورەکە، ئەو خانووە کۆشک ئاسایەی وا وێنەیەکی زەلامی بەسەرەوەیە، دێتەدەرەوە و دەچێ لە بن تاقەدارێکی ناوەڕاستی حەوشەکە میزدەکا. حەرەسەکان لە سێبەرە ئاشناکەی دەڕوانن. فەرماندەیە. فەرماندە بەنەخوێنەکەی دەکاتەوە، جاری وایە بە پێوە و جاری وایە بە هەڵتروشکانەوە میزەکەی دەکا. نیگابانەکان بە سەرسوڕمانەوە لە یەکتر دەڕوانن. باشە فەرماندە بۆ لە ئاودەستە هەرە پێشکەوتووەکەی خۆی میزناکا! چی قەوماوە؟ ئەو ئاودەستە گەورە و خۆشەی وا دەسگیرەکانیشی ئاڵتوونیە و بگرە بۆ ئەوەی یەک تاقە میکرۆب چییە خۆی تیاڕانەگرێ کەفەکەیشی کاشی کراوە، کاشییەکی سپیی گرانبایی کە لە وڵاتی دراوسێی دووهەمەوە هاوردەکراوە. هەڵبەت ماوەیەک لەوە پێش فەرماندە لەسەری هەڵخلیسکابوو و پشتەسەری بە قایمی درابوو بە کاشییەکاندا. هەر ئەو شەوە بە بیست تڕۆمبیل کە دەیان دۆشکەی رووسیان لەسەربوو، گەیاندبوویانە خەستەخانە. دەوری خەستەخانەیان بە هێزی تری ئەمنی و پۆلیس ئابڵۆقەدا هەتا پشکنین کۆتایی هات. بەخۆشییەوە دکتۆرەکان توانیبوویان چارەسەری بکەن و نەهێڵن بەتووش کێشەی مێشکەوە بێت. دیارە لە دووای ئەو کارەساتە فەرماندە کەمێک وڕببوو و سووکە سەرئێشەیەکی بەردەوامی هەتا ماوەیەک لەگەڵابوو. وەک جارانی نەمابوو. ئیستا تا ماوەیەکی زۆر لەسەر کورسییەکەی بە بێ جووڵە دادەنیشت، لەبەردەمی خۆی مۆڕدەبووەوە و یەک تاقە وشە چییە لە زاری نەدەهاتەدەرەوە. دکتۆرەکان گوتبوویان ئەمەیش تێدەپەڕێ و بەرەبەرە دەچێتەوە سەر حاڵی جارانی. دەیانگوت فەرماندە لەوە بەهێزترە نەخۆشی بتوانێ زەفەری پێ ببات.

تاقەدارەکە تەمەنی پێنج ساڵێک دەبوو. دارسێو بوو و هەموو ساڵێک بەرێکی باشی دەگرت. هەرچەند کەس نەیدەچنییەوەو سێوە لاسوورەکان هەڵدەوەرین و دەبوونە خۆراکی باڵندە و کرم و مێروو. دیارە ئەمە هیچ عەیبی نەبوو. ئاخر نەک ئەوەی بوونەوەرەکانی تریش مافی ژیانیان هەبوو و، جگە لەمە سێوەلاسوورە لە دراوسێی یەکەم و دووهەمیشەوە بە لێشاو دەهات. نیشتمان بۆ خواردنی سێوەلاسوورە پەکی نەدەکەوت.

ئەوەندەی پێنەچوو درەختەکە وشک هەڵگەڕا. گەڵاکانی وەرین، شاخ و لقەکانی سیس و رەقهەڵاتن و بەرەبەرە قەدەکەیشی کلۆربوو. وادیاربوو میزەکانی فەرماندە یەکجار سوێر و تیژ و ترش بوون و درەختەکە نەیتوانیبوو خۆی لەبەریاندا رابگرێ. جگە لەمە میزی فەرماندە بەهۆی خواردن و خواردنەوەی چاک یەکجار پڕی پاشماوەی ڤیتامین و پرۆتین و شتی تری لەم بابەتە بوو و بۆیە درەختەکە زۆر خێرا گەیشتە رۆژانی دووایی تەمەنی خۆی. مرد. وەک درەختی ناو چیرۆکە ترسناکەکانی لێهات. رەق و زیز و ئیسکلێت ئاسا. بەو لقانەوە لە قژی بژ و ئاڵۆزی پیرێژنە جادووگەرەکانی دەکرد. میزی فەرماندە یەکجار خەست و زەرد بوو (زەردییەکە جاری وابوو خۆی لە سووری دەدا)، وەها بۆگەن کە فەرماندەیش بۆ خۆی تەحەمولی بۆچەکەکەی نەدەکرد و بۆیە لەکاتی میزکردندا رووی وەردەگێڕا و لە شوێنێکی تری دەڕوانی. خۆڵی بنەکەیشی سووتاندبوو. رەش هەڵگەڕابوو. هەڤاڵان کاتێک بەمەیان زانی بۆ ئەوەی حەیایان نەچێ بە هێنانی گوڵ لەهەر چەشنێکی (کە لە گوڵدانی گەورەدا بوون)، دەوری دارسێوەکەیان بەچەند میترێک لەولاترەوە تەنی، بەڵام ئەمەیش زۆر دادی نەدەدا. راستییەکەی ئەوە بوو بۆچەکەمیز بەشێکی حەوشەکەی تەنیبوو. دیارە لە ترسی فەرماندەیش نەیاندەوێرا درەختەکە لە ریشەوە هەڵکیشن و فڕێی بدەن. ئەوجا فەرماندە لە کوێ میزی بکردایە؟ بێگومان سەری لێدەشێوا. لێگەڕان تا درەختەکە بەرەبەرە بۆخۆی تەواو بمرێ و ئەوجا رایگوێزن. دیارە ئەو کاتیش بە ئیزنی خودی فەرماندە. هەرچەند ئەو لەوان زیرەکتر بوو و ئەمری دەرکرد دارسێوێکی دیکە لە ریشەوە هەڵکێشن و لە جێگای ئەوەی پێشوو بیچێننەوە. بەم شێوەیە فەرماندە شوێنی میزکردنەکەی بە کاتی شەوانە لە توالێتە ئەورووپییەکەیەوە راگواست بۆ حەوشە.

بەڵام ئەم عادەتە نوێیە چیبوو بەتووش فەرماندەوە ببوو؟ چ شتێک ببووە هۆکاری؟ راستییەکەی ئەوە بوو لەو شەوەوە لەسەر کاشییەکان قاچی هەڵخلیسکابوو و کەوتبوو، لایوابوو ئاودەستەکە جنۆکەی تیایە! دەیگوت ئەو شەوە وەک هەمیشە بەئارامی هەنگاوی لە سەر کاشییە لووسەکان هەڵێنابوو و هەر بەو ئارامییەیش لەسەر کاسەکە دانیشتبوو (هەرچەند هەڤاڵان هۆکارەکەیان بۆ ئەوە دەگێڕایەوە کە کارەکەرەکان بەجوانی کاشییەکانیان لە دووای شۆردن وشک نەکردبووەوەو بۆیە هەم سزایان دابوون و هەر دەریان کردبوون، بگرە بۆ یەکیشیان دۆسیەی ئەمنیان کردبووەوە و بەوە تاوانباریان کردبوو بە گوێرەی پیلانێکی نادیار کە رەنگە پیاوەکانی دیکتاتۆر دەستیان تیاهەبووبێ ویستبوویان سەرۆکی وڵات تیرۆربکەن). بەهەرحاڵ فەرماندە بە توندی لەسەر ئەو رایەبوو جنۆکە پاڵیان پێوەنابوو. دەیگوت بە جوانی هەستی بە پاڵ تێوەنانێکی بەهێزی لە لاتەنشتەوە کردبوو. لە تەنیشتی چەپەوە.

باوەڕکردنی ئەم قسەیە یەکجار دژواربوو، بەڵام کەس نەیدەوێرا بڵێ وانیە. بۆ وێنە هەڤاڵان لێکیان دەدایەوە گەر بەڵێنە جنۆکەیش هەبێ ئەوا هەبوونی لە حەوشە تاریک و نیوەتاریکەکەدا ئیحتیمالی زۆرترە هەتا ناو ئاودەستێکی یەکجار مودەرن و خاوێن بەو کاشییە لووسانەوە کە هیچ جنۆکەیەکی دونیا، جا لەهەر چەشنێکی، بە هیچ کلۆجێک نەیاندەتوانی خۆیان بە پیوە تیا رابگرن. بەڵام ناچاربوون زیاتر و قووڵتر بە رابردووی فەرماندەدا رۆبچن. هەندێ لە هەڤاڵان گەیشتنە ئەو رایەی فەرماندە لە سەردەمی منداڵی یەکجار گوێی لە چیرۆکی جنۆکەکان بووە و ئەگەرچی ساڵانی ساڵ لە شاخ خەباتی کردبوو و سارد و گەرمیی رۆژگاری یەکجار چەشتبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی بیرەوەریی منداڵی یەکجار تیژە و بەدەگمەن لەبیردەچێتەوە، سەرلەنوێ گەڕابووەوە هەمان دۆخی جاران. تیۆرێکی تر ئەوەبوو فەرماندە خەریکبوو بەرەبەرە پیردەبوو و رەنگە بە شێوەیەک لە شێوەکان بە تووش ئالزایمرەوە بووبێ و، بۆیە شوێنی توالێت و دارسێوەکەی لێ تێکچووبوو.

راستییەکەی ئەوە بوو ئەم عادەتە دۆخەکەی تێکدابوو. نەدەکرا کەسی یەکەمی نیشتمان شەوانە بە بەر چاوی حەرەسەکانەوە بچێ و لە حەوشە وەک سەردەمی شاخ بە پێوە میزبکا. سەرەتا ویستیان ئەو رێگایەی فەرماندە لە خانووەکەوە هەتا درەختەکە پیایا دەڕۆیشت، بە دیوار بچنن و داڵانێکی بۆ سازبکەن. بەڵام ئەمە بیرێکی باش نەبوو. لەبەر ئەوەی حەرەسەکان ئەگەرچی فەرماندەیان نەدەبینی، بەڵام دەیانزانی هەموو شەوێک تیایا بەمەبەستی میزکردن تێدەپەڕی. بۆیە بڕیاریان دا حەرەسەکان بگۆڕن و هەڤاڵانی کۆن بۆخۆیان کێشک بدەن. لیستێکیان لە هەڤاڵانی کۆن کە لە فەرماندە نزیک بوون کۆکردەوە و بە گوێرەی پلان، هەتا ئەو کاتەی فەرماندە وازی لەم عادەتە دەهێنا، خۆیان بوونە حەرەس. بەڵام خراپی ئەمەیش ئەوە بوو بەهۆی چوونە سەرەوەی تەمەنی هەڤاڵان لەسەر پۆستی نیگابانییەکە یان خەویان لێدەکەوت، یاخود لەسەریەک خەونووچکە دەیبردنەوە. بەمە ئاستی پارێزگارییەکە دادەبەزی و ئەگەری دزەی نەیاران، ناحەزان و دوژمنان زیادی دەکرد. هەڵبەت ئەمە لەهیچ باشتر بوو و بۆیە بەردەوامبوون. بەم شێوەیە فەرماندە یەک لە دووای یەک دارسێوەکانی بە میزە تیژەکەی خۆی دەڕزاند و مەودای رزاندنەکانیش هەتا دەهات کەمتر و کەمتر دەبوونەوە. دارسێوەکانی نیشتمان کەوتبوونە بەر هەڕەشەیەکی ترسناکەوە.

ساڵێکیان لە کاتی تێپەڕینی کۆمەڵێک قورینگە بە سەر ئاسمانی شاردا، لە باشوورەوە بەرەو باکوور، قورینگەکان لەو سەرەوە لە رووداوەکە گەیشتن و بۆیە لە بڕیارێکی کتوپڕدا بڕیاریان دا بچن و لە حەوشەکە بنیشنەوە. ئەوان کە بە هۆی گەڕانی زۆر و بینینی وڵاتانی جۆراوجۆرەوە قەت بە ژیانیان شتی وەهایان بە خۆیانەوە نەبینیبوو، ئەو شەوە هەتا بەیانی بە دەوری درەختەکەدا سووڕیان خوارد و شینیان بۆ گێڕا. فەرماندەیش لەدووای ئەوەی بیجامەکەی هەڵکێشا و بەنەخوێنەکەی بەستەوە، چووە ناو ریزەکەیان و ئەویش لە شین و شەپۆڕەکەدا بەشداریکرد. هەڤاڵان کە لایان وابوو لەوکاتە درەنگانەی یەکێک لە شەوەکانی پاییز ئەوا جنۆکەکان بوون وا ببوونە قورینگە و بەدەوری دارسێوە مردووەکەدا ئاپۆرایان بەستبوو، چەکەکانیان دانابوو و هەڵاتبوون.

بەڵام نیشتمان لەوە ئەمین تر و ئارامتر بوو کەسێک یاخود ناحەزێک بتوانێ بیر لەوە بکاتەوە لە نەبوونی هەڤاڵانی حەرەسدا بچن و ئاودیوی دیواری حەوشەکەی فەرماندە بکەون و خوانەخواستە بیانەوێ بەڵایەکی بەسەردا بێنن. لەدووای ئەوەی شینگێڕیی ئەو شەوە تەواوبوو، قورینگەکان یەک بە دووای یەکدا هەڵفڕینەوە و رێگای خۆیان بەرەو باکوور گرتەوەبەر و فەرماندەیش وەک هەمیشە بەو بیجامەوە وا بۆنی بۆچەکەمیزی لێدەهات چووەوە ژووری نووستنەکەی خۆی.

پرخەی خەوی سەرلەنوێ ژوورەکەی، وەک دڵی دیکتاتۆری هێنایەوە لەرزین.

شار پڕبووە لە بازاڕی رەش. بازاڕی دۆلارەکە جمەی دێت. هەر کەس بۆ خۆی بەستەیەک گەڵا، جانتایەک پارە یاخود یەک دوو گەڵایەکی بەدەستەوەیە و هاواردەکا. عەوداڵەکانی نان بەناو یەکتردا ورووکاون. شەربەتفرۆش و منداڵە دەستفرۆشەکانیش کورتیان نەهێناوە و لێرەو لەوێ بەناو حەشیمەتەکەدا دێن و دەڕۆن. ئەوانیش هاوارهاواریانە. شەربەت، جاجکە، ساردی، بابۆڵە… ! ئەوان دەزانن کێ و کەی دەمی وشک دەبێ. سەریان بەرزدەکەنەوە و لە سیمای ئارەقاوی و ماندووی گەورەکان دەڕوانن. خێرا دەگەنە سەریان. جاری وایە گەر بەختیان هەبێ بەسەر پارەی کەوتوودا کە لە ژێر قاچەکاندا بێ ناز کەوتوون دەکەون و بەدزییەوە هەڵیدەگرن و خێرا لە شوێنەکە دووردەکەونەوە. حەشر و حەلەلایەکە نەبێتەوە. بۆنی ئارەقی جەستە و بن باخەڵ و دەم تێکئاڵاون. کەس نازانێ کێ خێردەکا و کێ زەرەر. بەڵام ژیان دەگوزەرێ!

بازاڕەکە لە فەرماندە و هەڤاڵانیش ون نیە. ئەوانیش لەوێن، بەڵام نەک بۆخۆیان، بەڵکو دەستوپێوەندییەکانیان، هەڤاڵانی پلە چەندەم کە کەس نایانناسێ. لێرە و لەوێ دووکانی سەڕافییان هەیە و بەگەرمی خەریکن. راستییەکەی ئەوەیە کەس وەک ئەوان خێرناکا. کتوپڕ رۆژێک هەرچی گەڵایە دەیکڕن و بازار بەتاڵدەکەنەوە. وەها کە بەهۆی نەبوون یاخود کەمبوونی دۆلار کتوپڕ نرخەکەی دەچێتەسەرەوە و کڕیاری زۆردەبێ. ئەوسا بۆ چەند رۆژ دوواتر گەڵاکان دەهێننەوە ناو بازاڕ و، دەیفرۆشنەوە. بەم شێوەیە دونیایەک خێردەکەن. شمەکی ناو بازاڕیش دەفڕێ. ژنەکەی ئەو گەڕەکەی وا ئیشی نانکردنە رۆژ بە رۆژ زیاتر وشک و رەق هەڵدێ.

فەرماندە لای وایە هەڤاڵان یەکجار زیرەکن. راستدەکا یەکجار زیرەکن. دەڵێی لەسەردەمی شاخیش هەر خەریکی ئەمە بوونە. بازرگانە ئەزەلی و ئەبەدییەکان. ئەو گەیشتووەتە ئەو رایەی شۆڕشگێڕ تەنیا بە چەک و بە خەونەکانی شۆڕشگێر نیە، بەڵکو دەبێ بەشێوەی خۆڕسک، بۆنی پارەیش بکا. مڵومۆی عانەکردن گرینگترین ئەرکە. دەبێ بزانێ لە کوێ پارە کەوتووە بۆ ئەوەی دەستبەجێ بگاتەسەری. شۆڕش بە بێ پارەناکرێ. ئەمە راستییەکی تاڵ و حاشاهەڵنەگرە. دیارە بەو مەرجەی زۆر نەیدرکێنێ. لە ژێرەوە کاری خۆت بکە و هەتا دەتوانێ بناوانی خۆت بەهێزبکە و ئیتر دڵنیابە لە بن نایەیت. لە ژێرەوە دابینی بکە و کۆی بکەوەو لە سەرەوە زمانت بە جۆرێکی تر بگەڕێ. ئەمەیە یاسا زێڕینەکە.

لە دووای راپەڕین و کەوتنی دیکتاتۆر، نیشتمان ئەوەندە غەرقی پارە ببوو کە جاری وایە فەرماندە بۆخۆیشی دەترسێ. بەڵام چار چییە. دونیا وەهای لێهات. کەسیش نازانێ بۆ. وەک بڵیی کتوپڕ خواوەند لە ئاسمانەوە ئایەتێکی تری نازڵ کردبێ. ئەلسوورەتەڵ پارە! هەهەهەهە… دەکێشێ بەناوچاوانی خۆیدا و بە خۆی دەڵێ چاکی بۆ چووی. چاکیشی بۆ چووە. پارەت نەبێ کەس شوێنت ناکەوێ. ئەو سەردەمانە رۆیی خەڵک هەر خواخوای نانەسکییەکی بوو و بەس. یاخود بە خوێندنەوەی هەواڵی چالاکییەکی هەڤاڵان لە دژی جوندییەکانی دیکتاتۆر شوێنت دەکەوتن. سەردەمانێک خوێن و قارەمانەتی دەخوا و سەردەمانێکی تر پارە. نا، بەسەرچوو،… بۆ هەمیشە. ئەو سەردەمانە رۆیشت بیرکردنەوە لە پارە عەیب بوو. ئیستا رێک بە پێچەوانەکەیەتی. هەر شتێکیش بوو بە گشتی ئیتر ئاساییە. تەنیا گەمژەکانن لە رابردوودا دەژین. فەرماندە کە قەت چاوەڕێی ئەوە نەبوو هەڤاڵان ئەوەندە ئاسان خۆ لە گەڵ دۆخ و لەگەڵ دونیا بگونجێنن، شانازییان پێوەدەکا. تەنیا ئەوەندەی نەبێ جاری وایە لەگەڵ یەک بەشەڕدێن و ئەم دەبێ بۆخۆی ناوبژیوانیان بکا، ئەگینا بە عیبادەتەل بەشەر لەیەک جیاناکرێنەوە. هەهەهە… پێکەنینی دێ. شەڕی ناوخۆ وادیارە قەت کۆتایی نایێ، جا هەر خولەی بە جۆرێک. عەیبیشی نیە. داخۆ مەگین بەڵێنە رۆژێک لە رۆژەکان کێشەکان کۆتاییان پێ بێت! ریزی فیشەکە گڕاوییەکان کە بەناو ئاسماندا دەچن سەرنجی فەرماندە دەقۆزێتەوە.

بەڵام بازاڕی رەش تەنیا هی خەڵکی نیە. لێرەو لەوێ ئاژەڵەکانیش خەریکن! سەگەکان گۆشت دەگۆڕنەوە، پشیلەکان مشک، مانگا کا و باڵندەکان دانەویڵە. سەگەکان لە کەلاوەکانی دەورووبەری شار سەرقاڵن، پشیلەکان لە پەناو پەسێوی حەوشەکان، مانگاکان لە تەویلە و لە دەشت و دەر کاتێک دەیانبەن بۆ لەوەڕ و، باڵندەکانیش لە پشت پەڵەهەورەکان. بەڵام ئیشی رەش قەدەغەیە. وادیارە میللەت تێناگا. بۆیە فەرماندە ئەمردەردەکا لە ملیان بدەن. هەڤاڵان بە لەندکڕۆزێرەکانیانەوە بەردەبنە گیانیان. سەرەتا کەلاوەکان، دوواتر حەوشەکان و ئەوسا تەویلە و دەشت و دەر،… بەڵام،… بەڵام لەگەڵ ئاسمان چی بکەن؟ راستییەکەی ئەوەیە باڵندەکان زیاتر لە هەموو ئەوانی تر خێردەکەن. دیارە وەهایش نیە ئیتر ئەوانی تریش پەکیان کەوتبێ. بەرتیل وەرگرتن باودەبێ و بۆیە ئاژەڵەکانیش بەردەوام دەبن. کەس وەک سەگەکان لە بەرتیلدان زیرەک نین. بەڕاستی سەگن! هەڤاڵان ئەو گۆشتەی وا لای ئەوان بە رەش دەستیان دەکەوێ لە هەموو گۆشتەکانی تر زیاتریان بە دڵە. لە مریشک و بەرخەوە بگرە هەتا ئاسکەکێوییان لا دەستدەکەوێت. لە مانگاکان بەدبەختتر و بێچارەتر لە رووی کورەی زەویدا دروست نەکراون. بۆخۆیانن کەوڵ دەکرێن. بازرگانەکان لەسەر ئاوری هەڤاڵان دەبن بە کەباب و بۆنی گۆشتی برژاو، شەوانی دەشت و دەر و گێژ و وڕدەکا. ئاخر ‘کا’یش بوو بە شت!

فەرماندە کە یەکجار لە باڵندەکان تووڕەیە، ئەو کە دەزانێ ئەوان بە ئیشتیای خۆیشیان تەنانەت ئەم دیواودیوی سنووریش دەکەن بە بێ ئەوەی باج بە هەڤاڵان بدەن، سەرەتا بڕیاردەدا بە قەناسە تێیانکەون، بەڵام ئەمە دادیان نادا. سەرئەنجام دوو وەفد دەنێرێ بۆ وڵاتی دراوسێی یەکەم و دووهەم بۆ ئەوەی مشورێک لە وەزعەکە بخۆن. وەفدەکان هەروا بە دەست بە تاڵی دەگەڕێنەوە. لەوە دەچێ برادەرانی ئەو دیو سنوور لەگەڵ باڵندە قاچاخچییەکان دەستیان تێکەڵ کردبێ و هەر فەرماندە و هەڤاڵانن بێ بەشن. سەرئەنجام لە پلانێکی بێ وێنەدا تەواوی نیشتمان دەکەن بە دانە و داو. دیارە ئەمەیش بەڕێکەوتدەبێ. یەکێک لە هەڤاڵان شەوێک لە باخەکەی خۆی لە تەنیشت مەسبەحەکەیدا بەدەم خواردنەوەوە کتوپڕ ئەم گۆرانییەی بەدەمدادێت “هاتم بەبۆنەی خاڵت تووشی داوی زوڵفت بووم، تەیرێکی نابەڵەدبووم نەمزانی دانەو داوە”. هێشتا دێڕەکە تەواوناکا کە یەک بە خۆی لە خۆشیانا دەقیژێنێ و دەستبەجێ تەل بۆ فەرماندە دەکا و لە پلانەکەی خۆی ئاگاداری دەکاتەوە. بەقوربانی دەمت بم وەفایی! دیارە ئەگەرچی تەواوی نیشتمان دەکەن بە دانە و داو و زۆر باڵندەیش دەگرن، بەڵام ئەمە دۆخەکە چارەسەرناکا و باڵندەکان هەر وەک جاران لە پشت پەڵەهەروەکان خەریکی ئیش و کاری رەشی خۆیان دەبن. فەرماندە بەناچار، هەتا داهێنانێکی گەورە بۆ دەست پێڕاگەیشتنی ئاسمان، دەست رادەگرێ و چاوەڕوان دەمێنێتەوە. ئەو دڵنیایە ئەو رۆژە گەشەیش سەرئەنجام دەگا. مادام دیکتاتۆر رووخابێ، ئیتر شتەکانی تر یەکجار ئاسانترن.

رۆژێک هەڤاڵان پێی دەڵێن مامۆستاکەی زانکۆ هاتووەوە و دەیەوێ جەنابت ببینێ. دەلێن زۆر بەپەلەیش دیارە و دەمی پڕە لە قسە، وەها کە چاوەکانی دەرتۆقیون! فەرماندە کە سەرقاڵی کردنەوەی دیارییەکی نوێیە، لە دراوسێی دووهەمەوە بۆی هاتووە، جەعبەیەکی زەلام کە بە خەتی درشت لەسەری نووسراوە “بۆ ئەو پیاوەی نەبووەکان دەکا بە بوو!”، بە دەست ئاماژەدەکا با بێتە ژوورەوە. لە قسەوباسێکی نیوسەعاتەدا مامۆستا بۆ فەرماندەی شیدەکاتەوە کە بەشی رەش لە ئابووریدا یەکێک لە گرینگترین بەشەکانی ئابوورییە لە هەموو وڵاتان و لە هەموو جیهاندا، بۆیە پاراستنی یەکجار گرینگە. کاکڵی قسەکانی مامۆستا ئەوەیە ئەم بەشە دەتوانێ دوو خێری گەورەی هەبێ: یەکەم بە داهاتی نیشتمان بە گشتی زیادەکا و دووهەم ئەوەیکە بەشە بێکار و بێ ئیشەکەی نیشتمان بەخۆیەوە سەرقاڵدەکا و بەم شێوەیە لە ئەگەری راپەڕین و خۆپیشاندانەکان کەمدەکاتەوە. فەرماندە کە لە نێوان سەگ و پشیلە و مانگا و باڵندەکان لە لایەک و خۆپیشاندان و راپەڕین لە لایەکی ترەوە ناتوانێ هیچ پێوەندێک بدۆزێتەوە لە ژێر چاویلکە رەشەکانییەوە لە مامۆستا دەڕوانێ. بەڵام بەراستی نەکا رۆژێک لە رۆژان ئەمانەیش لەگەڵ خەڵکی بڕژێنە سەر شەقام؟ دێتەوە بیری کە خودا ئەو سوپایەی وا لە دژی ئەو بۆ شەڕ هاتبوو بە تەیرەن ئەبابیل تەفروتونا کردبوو.

بۆ سبەی ئەمردەردەکا چیتر هەڤاڵان نابێ دەست بخەنە سەر رێگای بازاڕی رەشی ئاژەڵەکانی نیشتمان. نا، پیاوی ئاقڵ دەست لە هەموو شتێکی کاینات وەرنادا.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

درێژەی هەیە…

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *