فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

فەڕۆخ نێعمەتپوور نووسەر و رۆژنامەنووس لە ساڵی ١٣٤٤ی ھەتاوی لە شاری بانە، کوردستانی ئێران لە دایکبووە.. خاوەن لیسانسە لە بواری فەلسەفە لە زانکۆی بلیندەرن لە ئۆسلۆ. ئەم نووسەرە لە بواری رۆمان، چیرۆک و وتاری سیاسی و فکری دا چالاکە و گەلێک بەرھەمی لەم بوارانەدا پێشکەش کردووە. ئیستاکە لە وڵاتی نۆروێژ دەژی و بەردەوامە لە کاری نووسین. --- بەرهەمەکان ---- رۆمان: پەڕەسێلکەکانی کۆچ — ١٩٩٨ ساڵەکانی خەون — ٢٠١٠ پێنج سەفەر، وێنەیەک — ٢٠١٣ باڵندەی بریندار، ماسی سەرسام — ٢٠١٤ گوناھی گەورە — ٢٠١٥چیرۆکی شۆڕش — ٢٠١٦خەیاڵاتی بێھودە — ٢٠١٨کاتێک ھاشم لە زیندان گەڕایەوە — ٢٠١٩ماجراهای بابا — (مجموعه داستانهای به هم پیوسته) —…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

چیرۆکی فەرماندە (دووابەش)

کات 18/10/1399 168 بازدید

ئێوارەیەک دوو کوڕەکەی دەبنە میوانی و هەتا درەنگان پێکەوە دادەنیشن. ئەمە یەکێک لەو دەگمەن شەوانەیە بەم شێوەیە یەکدەگرنەوە. کەس نازانێ داخۆ بیری دایکیان دەکەن یان نا. داخۆ جێگای خاڵییە یان نا. فەرماندە بۆخۆی زۆری حەز لەم پێکەوە دانیشتنانەیە، بەڵام کوڕەکانی بەدەمییەوە نایەن. هی گەنجیەتییە یان هی دۆخی تازەیان، نازانێ. هەڵبەت گرینگ نیە. گرینگ ئەوەیە دراوسێن و هەروەها لە کۆبوونەوەکاندا دەتوانن بەردەوام یەکتر ببینن. لە دووای نانخواردن کە وەک هەمیشە فەرماندە تەبەق تەبەق شیشە جۆراوجۆرەکان ئاودیودەکا، بەدەم خواردنەوەی یەکێک لە باشترین شامپانیاکانی دیاریی یەکێک لە هاوڕێیان لە فەڕانسەوە، سەیری فیلمێکی وێستێرن دەکەن. هەڵبەت کوڕە بچوکەکەی بەگوێرەی عادەتی هەمیشەیی خەریکی خواردنەوەی عارەقە! عارەقە هەرزان باییەکان. هیچ مەزەیەکیشی پێوە ناخوا. یەک لە دووای یەک هەڵیدەدا و لە تەلەفزیۆنەکە مۆڕدەبێتەوە. فەرماندە کەیفخۆشە. پێدەکەنێ و قسەدەکا،… قسەدەکا و پێدەکەنێ. تەنیا کوڕە گەورەکەیەتی بەدەمیەوە دەکەنێ. باس باسی نیشتمانە. فەرماندە پێی وایە ئەگەرچی یەکجار دژوابوو بەڵام توانیویانە نیشتمان بخەنە سەر رەوتی ئاسایی خۆی و ژیان وەهای لێ بێ کە دەبووایە ببێ!  روودەکاتە کورە گەورەکەی و دەڵێ کە بیری سەردەمی شاخ دەکەومەوە لام سەیرە ئیستا ساڵانی ساڵە لێرە دانیشتووم، لەم خانووەدا، لەبەینی خۆمانادا بێت باوەڕناکەم، دیارە ئەو سەردەمانە بەم هیوایەتەوە دەژیاین، جا گەر هیوامان نەبووایە قەت ئەوەمان پێنەدەکرا، بەڵام هاوکات باوەڕیشم نەدەکرد بەم شێوەیە بە دەستمانەوە بێت، دامنابوو بە جۆرێک لە جۆرەکان لەگەڵ دیکتاتۆر بسازامایە. ئاخر ئەو بەو جبەخانە و جوندییە بێ ئەژمارانەوە و ئێمەیش بە چەند کەسی قونهەڵپچڕاوەوە. لێرەدا فەرماندە قاقا دەیداتە پێکەنین. دەڵێ رەنگە پێتان سەیربێت وادەڵێم، دەی وا بوو ئیتر. مەگەر ئێمە چیمان هەبوو، ها چی؟ تەنیا چیاکان. هەتا بۆمان سەردەکەوتن بڕستیان لێدەبڕا و ئیتر دەست لێوەشاندنیان زۆر سادەبوو. ئەیچۆن من ئیستا بە ئیستایش باوەڕناکەم. بگرە جیهانیش حەپەسا. لێرەدا دەنگی نزمدەکاتەوە. خوا ماڵی ئەو خەڵکە ئاوابکا، ئەرێوەڵڵا، ماڵی ئەو خەڵکە. من ئیستایش بە ئیستا نازانم چۆن بوو ئاوا جووڵان. دەزانی دیارە ئێمە هەر لەسەرەتاوە خەومان بەمەوە دەبینی، بەڵام کەمکەم بەو ئاکامە گەیشتبووین، یەعنی گەیشتبووم کە نابێ،… ناکرێ. کەچی کرا. بەرهەرحاڵ ماڵیان ئاوەدان. ئەشا ئەشا سەیری ئەو ماڵ وێرانەکە (ئاماژە بە تەلەفزیۆنەکە دەکا) چۆن چۆنی بە یەک دەمانچە هەموو ئەو خوێڕیانە دەتۆپێنێ، حەک ماڵی نەشێوێ بۆ دەستوبردی، ئێمەیش وەها بووین، یەعنی هاوڕێیانمان، رێک لەم فیلمانەمان دەکرد. ئەوەی نەترسێ ئاوەهایە، بۆی دەڕواتە پێشەوە، دیارە کەمێک زیرەکیشی دەوێ،… ئەیچۆن! لێرەدا ئەوەی وا خەڵکە خوێڕییەکەی کوشتبوو سوار ئەسپە سپییەکەی بووەوەو لەناو شار دەرچوو و رووی لەو شاخەی کرد وا شار لە داوێنیدا بوو. مۆسیقایەکی خۆش لە ژوورەکەدا دەنگی دایەوە. فەرماندە گوتی چاوتان لێیە، ها چاوتان لێیە، ئاگاتان لە  ئەسپە سپییە، حەک ماڵم بەقوربانی! حەک یادت بەخێر چاوگەشە دڵ وریاکەم. ئەو خوێڕیانە کوشتیان. ئێمەیش ئاوا بووین، تەنیا ئەوەیکە کەس نەبوو دوواتر مۆسیقامان بۆ لێبدات هەهەهە… دیارە ئەمە فلیمە، بەڵام خۆشە، ژیان تیایا جۆرێکی ترە، بەڵام باوەڕکەن گەر لە دڵی خۆماندا ئێمەیش مۆسیقامان لێبدایە ئەوا رێک وەک ئەم فلیمەی لێدەهات هەهەهە… بەڕاستی ئەوجا دەبوو بە فلیم! جووت براکە لە یەکتریان رووانی لەوەدەچوو بچووکەکە زۆر حەزی بەم وشانە نەبێت. هەر کەسی تر ئەم قسەی بکردایە ئیستا دەیانگرت و راپێچی زیندایان دەکرد. دەمیان پڕدەکرد لە فیشەک. ئاخر مەگەر دەکرێ مرۆڤ هەرچی بەدەمدا هات بیڵێ و رێزی تیانەبێ، ئەویش لەسەر ئەو سەردەمانە، سەردەمی سەدان و هەزاران شەهید؟ ئا، پێڵاو دەبڕنە دەمیان.

لەگەڵ کۆتایی فیلمەکە و نووسینی ناوەکان، هەرسێکیان دوواپێک هەڵدەدەن و براکان ماڵئاوایی دەکەن. فەرماندە هەستدەکا کتوپڕ ژوورەکە زۆر بێدەنگ و چۆڵ بوو. دڵی گیرا. گەڕایەوە درگاکە بکاتەوە و لە کوڕەکانی بڕوانێتەوە، بەڵام پەشیمان بووەوە. بەخۆی گوت خەریکی پیردەبی خەپە! خەپە پیریش ببوو. زۆرجار بە جوانی هەستی بە هەناسەی سواری خۆیدەکرد. هەستی بە جەستەی قورسی خۆیدەکرد. ئەمە یەکێک لە نیشانە گرینگەکانی پیری بوو. جومگەکانی دێشان. هەرچۆنێک حسێبی دەکرد لانیکەم چل کیلۆ زیاوەزنی هەبوو. براڕۆ جا ئەمە بە کێ دادەبەزێ!؟ وەڵامی خۆی دەدایەوە و دەیگوت بە کەس! رەنگە لە دووای ئەسپە سپی و کەرەشین نۆرەی گۆچان بێت. خراپ نیە. ‘چرچیل’یش هەیبوو. بە سەبیلەکەیەوە. نیشتمانیش بەم شێوەیە فەرماندەی لە داهاتوودا لەبیردەمێنێ. فەرماندە گومانی لەوەدا نیە لە چرچیلیش موهیمترە. ئاخر ئەم وڵاتێکی رزگارکرد، بەڵام ئەو وڵاتەکەی بە رزگارکراوی پێدرابوو. نا، جیاوازییەکە زۆرە. دەبا ئەو پیاو بووایە و یەک تاقە رۆژ چییە خۆی لەو شاخانە راگرتایە. ئەبەد نەیدەتوانی،… ئەبەد! دڵنیا لەم بۆچوونەی خۆی تەلەفزیۆنەکە بە کۆنتڕۆڵەکە دەکوژێنێتەوە و دەچێ لەسەر مۆبلەکە دادەنیشێتەوە. فەرماندە دەزانێ کەم کەس لەم ژیانەدا دەگاتە ئاواتەکانی خۆی. دەزانێ ژیان و دونیا شوێنێکی ئاواتکوژە. کەچی ئەم ئەگەرچی ئاواتێکی یەکجار مەزنیشی هەبوو کەچی توانی بیگاتێ. ئەو ئەمەی بەوە لێکدایەوە کە ئاواتەکەی لەگەڵ ئاواتی زۆربەی خەڵکی لەیەکدەچوون. هەرچەند هەر ئەم لاسەروو کەوت. دیکتاتۆر رۆیشت. ئەمە خەونی هەموویان بوو، بەڵام هەموو نەیانتوانی بچنە جێگای دیکتاتۆر. نانا مەبەستم ئەوە نیە کە وەک دیکتاتۆریان لێ بێت، مەبەستم ئەوەیە بگەنە دەسەڵات. بەڵام خۆر مەگەر هەمیشە وەها نەبووە، مەگەر لە دەسەڵاتدا تەنیا یەک کەس یاخود چەند کەسێک نەبوونە، مەگەر جێی چەند کەس دەبێتەوە؟ ها چەند کەس؟ گرینگ ئەوەیە کەسەکە لە خەڵکی بێت و خەڵکی بە هی خۆیان بزانن، ئەلحەمدولیلا منیش هەم! من ئەوەم وا نیشتمان خەونی پێوەدەبینێ. فەرماندە پاڵ دەداتەوە. هەستدەکا سەری کەمێک لەگێژەوە دێت. رەنگە هی مەشرووبەکە بێت، یان رەنگە ماندووم.

رادەبێ بچێ بخەوێ لەپڕا گوێی لەدەنگی زەڕەزەڕی کەر دەبێ! نا، خەیاڵە، خەیاڵدەکەم. بەڵام دەنگەکە بەردەوامە. هەڵدەستێ بەرەو پەنجەرەکە دەڕوات. دەیکاتەوە. وەک بڵێی بۆمبێک بەڕوویدا بتەقێتەوە و بەدووادا فڕێی بدا، هەنگاوێک بەپڕتاو دەکشێتەوە. چ حەشرێکە! لە تەواوی نیشتمانەوە دەنگی زەڕەزەڕی گوێدرێژ دێت. وەک بڵێی بە هەزاران و دەیان هەزار کەر پێکەوە و تێکڕا گەردنیان بەرزکردووەتەوە و دیانەکانیان دەرخستووە و لە کاتێکدا بە لێوەکانیان کایەدەکەن بەهەرچی هێزی خۆیانە دەزەڕێنن. فەرماندە دەست بە گوێیەوە دەگرێ. دونیا خەریکە کەڕوکاس دەبێ. چ خەبەرە! لە حەوشە دەڕوانێ. دەبینێ حەرەسەکان وەک هەمیشە خەریکی نیگابانی خۆیانن، جگەرە بەبادەکەن و وەک بڵێی مێشێکیشیان میوان نەبێ! وادیارە کەڕن. ئەمە دەڵێ و هاواریان لێدەکا. بەڵام کەسیان لاناکاتەوە. فەرماندە هەتا دەتوانێ گوڕوتینی زیاتر دەداتە خۆی. دیسان بێسوودە. وادیارە لەبەر زەڕەزەڕ گوێیان لێ نیە. ئەوسا کڵاشینکۆفە مزەللییە سەرتاپا ئاڵتونییەکەی کە بەتایبەت نێردرابوو لە رووسیا بۆی دروستبکەن، هەڵدەگرێ و لە پەنجەرەکەوە دەستدەکا بە تەقەکردن. دیسان هەڤاڵان گوێیان لێی نیە. فەرماندە وەها رق هەڵدەستێ کە سیرەیان لێدەگرێ و راستەوخۆ تەقەیان لێدەکا. هەڤاڵان لە خوێنی خۆیاندا دەگەوزن. هەردووکیان دەکەونە پەلەقاژەیەکی کورت و دەکوژرێن.

رۆژانی دوواتر فەرماندە سوێنددەخوا کە ئەو شەوە لە نیشتمان شەڕەکەرێکی سەیربووە. ئەم ویستوویەتی هەڤاڵان ئاگاداربکاتەوە کە وریاتربن و ئەوەیشی کە داخۆ ئەم هەراهەرایە چبوو. هەڤاڵان بە سەرسوڕمانەوە لەیەکتر دەڕوانن. فەرماندە ئەوەندە تووڕەدەبێ کە هەموویان تێکڕا دەکاتەدەرەوە. جوێن بە داروبەرد دەدا.

بە خۆی دەڵێ ئەمانە کەرن، نەفامن، لەخۆوە نیە منم بوومەتە سەرۆکی وڵات. ئەم کەرانە درەنگ لە شت دەگەن،… زۆر درەنگ! گەمژینە!

فەرماندە راستی دەکرد. ساڵانی شاخیش وەها بوو. ئەو پێش ئەوەی رووداوەکان رووبدەن، بۆنی دەکردن. هەر لە دوورەوە. بەڵام ئەوەی فەرماندە ئەمجارە تێی نەدەگەیشت ئەم زەڕەزەڕە بوو. باشە چ شتێک لە پێش بوو؟ قەراربوو چ رووبدات؟

فەرماندە هەر ئەوەندەی دەزانی دەنگی زەڕاندنی گوێدرێژ لە خەودا بە مانای غەیبەت، جوێن، قسەی خراپ و هەواڵی خراپە. هەواڵی خراپ!؟ مەگەر ئەمشەو لە گەڵ کوڕەکانی باسی سەرکەوتنی نیشتمانیان نەکردبوو!

ئاە، نەکا خەوببینم،… نەکا!

ئەمشەو زەماوەندی کوڕی یەکێک لە هەڤاڵان بوو. کچی هەڤاڵێکی تری هێنابوو. زۆربەی هەڤاڵانی کۆن دەعوەتکرابوون. هەندێ هەڤاڵی تازەیش. شوێنی زەماوەندەکە بە هێزی پۆشتەو پەرداخی هەڤاڵانی دیکە گەمارۆدرابوو. هەتا چەند سەد میتر بەولاترەوە. دایرە لە دووای دایرە. ئەمە جگە لەو هێزە گەشتیانەی وا دوورتر دەسوڕانەوە و ئاگایان لە جووڵەی مێروولەیش بوو. تەنیا زەماوەند نەبوو، دەڵێی شوێنێکیش بوو بۆ خۆنوواندن. لێرە هەڤاڵان دوواهەواڵیان لەسەر روخسار و لەسەر باری دەروونیی یەکتر و بەگشتی لەسەر ئەوەی چەندە لەگەڵ ژیانیان مورتاح بوون، وەردەگرت. جۆرێک لە نومایشی سکۆرتەکانیش بوو. داخۆ هی کێ باڵابەرزتر، جوان چاکتر و لەهەمان کاتدا زیرەکتر دەهاتەبەرچاو. چاویلکەی رەش لە هۆڵەکەدا تەراتێنی بوو. لەهەموو چەشنێکی: خڕ، چوارگۆشە، لاکێش، بچووک، پان و… . هەموو دەچنە لای فەرماندە. زۆربەیان دەستی ماچدەکەن و لەبەردەمیا دەچەمنەوە. زۆرتر لە مەجلیسی شێخ و مەشایخ دەچێ. دەستی فەرماندە بۆنی گرتووە. دەستماڵی بۆنخۆشی دەگەیەنێ. بەڵام زۆر چاری ناکا. لەبەر خۆیەوە بیر لە حەمامەکەی دەکاتەوە. هەستدەکا گەر ئاوا بڕواتە پێش بۆگەن قڕیدەکا، بەڵام چاری نیە. دەبێ تەحەمولی بکا. لەکاتی ماچکردندا هەستی بە دیانە تاقمەکانیش کردبوو. چەند قێزەوەنن! وادیارە مرۆڤ هەتا پیرتر بێت بۆگەنتر دەبێ، یان رەنگە هی شتی ترە. بۆ وێنە هی ئەوەیکە هەڤاڵان چیتر وەک جاران نەماون. وەک ژیانیان، دەمیشیان بۆگەناوی بووە. سەرێک لەبەر خۆیەوە رادەوەشێنێ. لە راستیدا لەنێوان ژیان و دەم مەودایەکی یەکجار نزیک هەیە. چەند جارێک دەیەوێ ئەمردەرکا ماچکردن قەدەغەیە، بەڵام پەشیمان دەبێتەوە. ئەو دەبێ بەردەوام بیسەلمێنێ ئەوە فەرماندەی ئەم نیشتمانەیە و ئەوانی تر تەنیا هەن. وەک هەموو شتەکانی تر. ماچکردن و نەوینەوەکان گرینگن. دەربڕی ئاراستەی ژیانن. بەتایبەت ئاراستەی نیشتمان.

لە زەماوەندەکە بە لێشاو پارە بەسەر بووکێدا شاباشکرا. بەستەلە دووای بەستە دۆلار. چەند کچۆڵەیەک بوونە بەرپرسی کۆکردنەوەی. دۆلارەکان بە حەواوە سووڕیاندەخوارد و پێچاوپێچ دادەبەزینە خوارەوە. بەسەر قژ و باڵای بووکێدا. هەندێکیان پێیەوە دەلکان. وەک بڵێی ئەوانیش حەزیان لێیە. هەڤاڵان پێدەکەنن. هەموویان سەریان بە پیت و بەرکەتی نیشتمان سوڕدەمێنێ. حەیف درەنگ گەیشتنێ. هەڵبەت ئیستایش درەنگ نیە. یەعنی قەت بۆ هیچ کارێک درەنگ نیە. گرینگ ئەوەیە مرۆڤ کۆڵنەدا، وەک هەڤاڵان. پیاو کە گیانی دا دەیشگاتە پارە. نەک پارە، بەڵکو خودی کونی پارەکە، رێک سەر خەزێنەکە. ئەو شوێنەی وا لێیەوە هەڵدەقوڵێ. وەک کانییەکانی نیشتمان. بگرە هەر لە ئەزەلەوە کانیاوەکانی نیشتمان ئاماژەبوون بەم راستییە. تەنیا دەبا خەڵکی زیرەک هەبا و بیخوێنێتەوە. مەگەر شاعیر کاتی خۆی نەیگوت خاکت گەوهەرە! هەڤاڵان دڵنیان فەرماندە کاتی خۆی لەمە گەیشتبوو. ئاە فەرماندە! فەرماندەی جەربەزە و زیرەک و کۆڵنەدەر! یەک دوو دانەیەک لە هەڤاڵان کە زۆریان خواردبووەوە لەسەر سەد دۆلارییەکان قاچیان هەڵخلیسکا و کەوتن، بەڵام بە خۆشییەوە سەلامەت دەرچوون و وەک فەرماندەیان لێنەهات ئەنجامیان ببێتە میزکردن لە حەوشەدا. دەڵێن هۆکارەکەی خواردنەوەیە. خواردنەوە جەستەی مرۆڤ سووک و نەرم دەکا، وەک سەردەمی منداڵیی لێدەکاتەوە، وەک پەڕ، نەرم دادەبەزیتە سەر زەوی و دوواتر لە پێکەنیندا برک دەکەی. هەڤاڵان ئەوەندە پێکەنین کە دەڵێی هەندێکیان میزیان کرد بە خۆیاندا و هەندێکیشیان لێیان بەربوو، بەڵام بەخۆشییەوە لەبەر دەنگەدەنگ کەس گوێی لێنەبوو. تەنیا چەند دانەیەک ئەویش ئەوانەی وا لە کۆنەوە یەکتریان دەناسی “هەتیو هەروا تڕکن ماوی؟” مەگەر تەخر دەکرێ! ئەویش لەم خێرو بەرکەتەدا! ئەسڵەن هەموو جەستە شل و سست بووەتەوە. ماسولکەکان هی ساڵان بوون. هی سەردەمی شاخ. ئیستا سەردەمی ورگە. کێ لە خانووە گەورە و کۆشک ئاساکاندا گوێی لە هەڤاڵانە. با ‘با’ رێگای خۆی بگرێتەبەر. بدۆزێتەوە. ئەوانیش گوناهن. رۆژە تاڵەکان بۆ هەمیشە تێپەڕیون. لە ‘با’یش تێپەڕیوە. جا گوناهیان چییە هەروا دیل و یەخسیربن؟ نا، هەهەهە… هەڤاڵان لە بیری ئەوانیشدا هەن. سەردەمی ئازادییە.

فەرماندە بەدەم گۆڕینی جلەکانییەوە بیر لەمە دەکاتەوە و بزەی دێت. بەڕاستی ژیان چەند خۆشە. ژیان لە هەموو کونج و کەلەبەرەکانی خۆیدا ماناوەردەگرێ. بەخوا شەوێکی خۆش بوو! شەوێکی درەنگی خۆشە. فەرماندە خەوی نایەت. ئەگەرچی ماندووە، بەڵام ماندوویی هی جەستەیە هی بیر و دەروونی نیە. بیری خولەی جامانەخوار دەکاتەوە، بەخوا چاکم خانووەکە لێ زەوتکرد، ئەو گەوادە هەر لە منداڵییە حەزی لە نۆکەری و حەزی لە مل حیزی بۆ دیکتاتۆر کرد. ئای چەندە خۆی بادەدا، دەی بخۆ، بەغدا نیوەی رێگات بێت! ئەمشەو لێرەوە شریتی عومری رابردوو وەک خەونێک دێتەوە یادی. هەتیو نەکا دوواساتەکانی ژیانت بێت؟ لەبەرخۆیەوە بزەیەک دەکا و کەمێک لەم حاڵەتەی خۆی دەترسێ. بیستوویەتی ئەوانەی دەمرن دوواساتەکانی ژیانیان زۆر خۆشحاڵن، هەر لەخۆوە خۆشحاڵن. بەڵام نا، ئەم لەخۆوە خۆشحاڵ نیە. خۆشحاڵیی ئەو هۆکاری هەیە. وێنەکان دێنەوە: باوکی، دایکی، پشیلەکانی سەر دیواری حەوشەیەکی تاریک، زیندان، راکردن، شاخ، دراوسێی یەکەم و دووهەم، دیکتاتۆر، ژنەکەی، مانگا و دوو بزنەکەی، کیۆپۆغڵی، مایینەکە، کەرەشین، وێنەکەی ئەو بەسەر کەرەشینەوە لە کاتی راپەڕین لە سەنتەری شار کە لەلای دراوسێکانی بوو، راپەڕین، نیشتمان… . بێ ئەژمارن بێ ئەژمار. هیچ شتێک بەقەدەر بیرەوەریی پیاوی شۆڕشگێڕ دەوڵەمەند نیە،… هیچ شتێک. تازە هەر بەشێکی یەک دنیا شتی تریشی لێدەبێتەوە. بەرهەڵبێنەکەی خام هەراوە هەر دەڕۆی و دەکراوە! پێدەکەنێ. هەستدەکا هەر هەموو بیرەوەرییەکان بە چاک و بە خراپەوە وەک یەکیان لێهاتووە. هەموویان خۆشن، هەموویان دڵخۆشکەرن. بەخوا ئەم کلتورەی ئێمە شتی خۆشی هەیە. ئەرێ هەیەتی. ئەگەرچی دەزانێ هەڤاڵان سەبارەت بە کەرەشین درۆیان لەگەڵ کرد و قەت کەلاکەکەیان نەدۆزییەوە تا جارێکی تر لە چاڵێکی قووڵتردا بیشارنەوە، بەڵام زۆر لای گرینگ نیە. تازە وێنەکەیش زۆر گرینگ نیە. لەو ساڵانە یەکجار تێپەڕیون. کێ لە بیریا ماوە. تازە گەر مابێتیش ئەوا هیچ مانای نەماوە. ژیان هەزار رووداوی لە دڵی خۆیدا هەموو رۆژێک حەشارداوە. فەرماندە دڵی ئاسوودەیە. پاڵدەداتەوە. گەر بمریشم کوڕەکان هەن. ئەوان سەرئەنجام شتێک لەگەڵ وێنەکە و لەگەڵ کەرەشین دەکەن، دیارە گەر مابن. ئەرێ، ئەی خوا بۆ کوڕی داناوە،… بۆ داویەتی.

سەعاتێک، دوو، یان… نازانێ، بەڵام فەرماندە وەک بڵێی رەق هەڵاتبێ بۆ ماوەیەکی زۆر لە کاتێکدا پاڵیداوەتەوە و هەر دوو دەستی لەپشت سەریدا لێک گرێداوە، دەمێنێتەوە. کتوپڕ دونیا لەبەر چاوەکانیدا سوڕدەخوا. سەقفەکە دەسووڕێتەوە و هەموو وێنەکانی رابردوو لە ناویا و لەگەڵیا. سنوورەکان دەشێون. سووڕەکە خێراو خێراتر دەبێ. هەموو شتێک دەبێ بە خولانەوە. بۆ یەکەم جار دەنگێک، زایەڵەی دەنگێکی ئاشنا کە فەرماندە لەمێژە نەیبیستووە، ژوورەکە دەتەنێ. لە خولەکەوە دێتەدەرەوە. ژنەکەیەتی… نیشتمان… نیشتمانە! دەنگەکە چەند خۆشە و ئەم ئیستا دەزانێ کە چەند تاسەی کردووە بە بێ ئەوەی بۆخۆی بزانێ. رابردوو لەگەڵ ئەوەی رابردووە، بەڵام زۆر لەوەی لامان وایایە لێمان نزیکترە. تەنیا ئەوەی شتێک بیجوڵێنێتەوە. نیشتمان دەڵێ “گلەیی بێت، بۆ جارێکیش بەناوی خۆم بانگت لێنەکردم!” فەرماندە دێتەوە بیری. کتوپڕ هەست بە تەنیاییەکی سەیردەکا. هەناسەی سواردەبێ. تەزوویەک بە جەستەیدا دەگەڕێ. چەند دڵۆپ ئارەق ناوچاوانی دەگرێ. چاوەکانی دەقونجێنێ و پڕ بە خۆی دەقیژێنێ. دەنگەکە دەیباتەوە ئەو ساڵانە. دەنگی نیشتمان. دەنگەکە لە خۆی بەتاڵی دەکاتەوە. لە هەموو شتێک. هەموو شتێک کتوپڕ چەند لە مانا بەتاڵدەبێتەوە. روخساری نیشتمان دێتەوە بەرچاوی. لەبیری دێ یەکێک لەو شتانەی بووە هۆکاری خواستنی ئەو، ناوەکەی بوو. ئەشقی نیشتمان ئاشقی نیشتمانی کردبوو. یان رەنگە لەبەر ئەوەی بڵێن ئەو هەر خۆڕسک هەمیشە بە نیشتمانەوە خەریکە. لە بیری دێت هەستی دەکرد لە رێگای ئەوەوە دەتوانێ زیاتر لە نیشتمان نزیک بکەوێتەوە. ئەسڵەن لە بنەڕەتدا ئەو ئەوی لەبەر ئەمە خواستبوو. رادەبێ و باڵەکانی وەک باڵندە دەکاتەوە. چەند هەست بە شەرمەزاری دەکا. دەنگەکە بەردەوامە “راستی منداڵەکان چۆنن؟ کوڕەکان دەڵێم.” چاوەکانی هەر قونجاون. سووڕانەکە ئەویش لەگەڵ خۆی دەبا. راستە، ئەوی هەمیشە بە ناوی ‘ژنەکە’ بانگ کردبوو. ژنەکە ئاو بێنە، ژنەکە منداڵەکان چۆنن، ژنەکە چایەک سازکە. ژنەکە… ژنەکە… ژنەکە! تەواوی ئەم ساڵانەیش بۆ یەک جاریش بێت لە دووای ناشتنەکەیەوە سەردانی گۆڕەکەی نەکردبوو. ئیستا دەزانێ هەندێ کەس دەتوانن تەواوی ژیانیان بە غەریبی بژین و بە غریبیش لە مردن بەردەوام بن. بەڕاستی من چی بووم،… من کێ بووم!

کاتژمێر چەندە نازانێ. هەر ئەوەندەی دەستدەداتە جل و بەرگەکەی و لە دووای گۆڕینی دەچێتەدەرەوە. هەڤاڵان لایان سەیرە. دەستبەجێ بە بیست تڕۆمبیلی پڕ لە چەکدارو چەکی نیوەقورس بەسەریانەوە دەچێ بۆ گردەکە. شەو بە هەموو هەیبەتی خۆیەوە دەجووڵێ. دەچێتە سەر قەبری نیشتمان. فەرماندە بۆ یەکەم جار لە ژیانیدا دەگری. لە کاتێکدا بە سەر خاکی نیشتماندا چۆکی داداوە بەسەر نیشتماندا دەگری. بۆ یەکەم جار لە ژیانیدا ناوی دێنێ. کێلەکە بێدەنگە. وەڵام نیە. بارانێکی بەخوڕ دادەکا و زۆر خێرا دەیخوسێنێ. وەک بڵێی خوا دەیەوێ گریانەکانی فەرماندە بشارێتەوە. بەڵام ناشاردرێتەوە. هەڤاڵان هەموو ئاگایان لێیە. دەنگی هۆڕەهۆڕی گریانی فەرماندە لە گردەکە دادەبەزێتە خوارەوە و دەگاتە داوێن. رەنگە دەگاتە خانووەکانیش. خوا چەند هەورەتریشقەی ترسناکیش دەنێرێ، بەڵام دیسان بێسوودە. هەواڵ تازە بڵاوبووەتەوە.

بڵێی رێگایەک بۆ رابردوو هەبێ؟ بڵێی خودا بەو عەزەمەتەی خۆی تەنیا لە خانووەکەی خولەی جامانە خوارەوە یەک رێگای بێ گەڕانەوەی بەرەو گردەکە کێشابێ؟ فەرماندە لای وایە وانیە و خڵقەت لەوەی دەنوێنێ ئاڵۆزترە،… یەکجار ئاڵۆزتر. تەنیا ئەوەیکە مرۆڤەکان پێیان نەزانیوە و نەیاندۆزیوەتەوە.

رۆژانی دڵتەنگی چڕو چڕتر دەبنەوە. هەموو شتێک تەمێک دایگرتووە. وەک مژی بەیانیانی رۆژێکی ساردی زستانی لەسەر چەم. چەمێکی بەهاژەی ون. لەگەڵ ئەوەی وەک هەمیشە سەردانەکان زۆرن و هەر لە بەیانییەوە هەتا ئێوارە خەڵک دێن و دەچن و کاتەکانی فەرماندە پڕن، بەڵام هەست بە بێدەنگییەکی سامناکیش دەکا. فیقەیەکی بەسامی بێدەنگ بەردەوام لە گوێکانیدا دەنگدەداتەوە. جاری وایە لە کاتی کۆبوونەوەکانیشدا هەستی پێدەکا. بەلاچاو لێی دەڕوانێ. چت دەوێ؟ وەڵام نیە. ئەوەندەی کە ئەو دەنگە لەوێیە. دەڵێی ژیان بە شوێن هاوترازبووندا دەگەڕێ، ئەمەی ئیستا بەوەی رابردوو. شتێک بانگی لێدەکا، شتێک کە تەنیا خۆی هەستی پێدەکا. ئەم فیقە بەسامە لەکاتی تەنیاییەکاندا زیاتر خۆی دەردەخا. وەک بڵێی جاری وایە دەچێ و لە بەرامبەریدا لەسەر قەنەفەکە دادەنیشێ و بە بێ ترس و بە بێ هیچ چەشنە شەرمێک لێی دەڕوانێ. فەرماندە لەم کاتانەدا شەرم لە چاوەکانی دەکا. لێی ناڕوانێ. بەڵام تەسلیم دەبێ و جاری وایە بە چەندین سەعات لەیەکتر رادەمێنن. فیقەکە جەستەیەکی بێ رەنگە و بێ بۆ. دەڵێی خودی بوونە بە بێ هیچ چەشنە دەرکەوتەیەکی جەستەیی. رووت رووت. جاری وایە لەبەر خۆیەوە دەڵێ بەس نیە ئەویش هەیە، ماڵی ئاوا! ئینجا تێدەگا مرۆڤ لە راستیدا قەت تەنیا نیە و قەتیش تەنیا نابێ. هەمیشە شتێک هەیە بە دەورووبەرتەوە. مرۆڤەکان لایان وایە گەر ئەوان لەوێ نەبوون ئەوا ئیتر تەنیاییە! ‌ هە… وانیە. تەنیایی، بیرنەکردنەوە و نەبوونی داڵغەیە. خەنی ئەوانەیش وا وەها ژیاون کە هەمیشە بیر و داڵغەکان بۆخۆیان روویان تێدەکەنەوە. لەو شەوەوە لەسەر گۆڕی نیشتمان هاتووەتەوە، لێشاوەکان زیادیان کردووە. جاری وایە مرۆڤ بە بێ ئەوەی بزانێ یەک شتی رابردوو دەتوانێ خاوەنی گەورەترین مانا بێت بە بێ ئەوەی بۆخۆی پێی بزانێ،… پێی زانیبێ. بەڵام سەرئەنجام دەیزانێ. نەکا هی پیری بێت. نەکا سەردەمی پیری هەموو بیرە گەورەکان و هەڤاڵان و نیشتمانیش لەمانا بەتاڵدەبنەوە و ئەوەی دەمێنێتەوە ئەو نیشتمانەیە وا لە گۆڕستان لەژێر تەغارتەغار خاکدا نوستووە! فیقەکە دەڵێ رەنگە وەها بێت. دەڵێ رەنگیشە هی ئەوە بێت تۆ زۆر بەپەلە و بە بێ گوێدان بە هەندێ شتی گرینگی ژیانت تێپەڕیت. بڵێی فیقەکە راست بکا؟ فەرماندە هەروا لێی رادەمێنێ. ئەویش وەک هەمیشە دەفیقێنێ. ژیان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای خڵقەت.

فەرماندە ماوەیەکە عادەتێکی سەیری پەیداکردووە. مزەللییە رووسییە ئاڵتونیەکەی دەهێنێ و لە پەنجەرە هەمیشەییەکەوە تەقەدەکا. بە ڕووی ئاسماندا و بە رووی هەورەکاندا و هەموو ئەو شتانەی وا دوورەدەست دەنوێنن. ئەمریش دەکا هەموو هاوڕێیان وەک ئەو بکەن. دەبێ بە رۆژی قیامەت. لە خانووەکەی فەرماندەوە جیهان گڕدەگرێ. تەنیا کوڕەکانی دەتوانن فریایکەون. لانیکەم فیشەکەکانی بۆ دەکەن بە مەشقی. ئیتر کەس بریندار ناکا، کەس ناکوژێ. شار کامێک ئارام دەبێتەوە. فیشەکی هەڤاڵانیش دەکەن بە مەشقی. هەتا ئەوەی تێدەگەن فەرماندە لە سەردەمی منداڵیدا حەزی بە دەنگی بانگ بووە. بەتایبەت لەکاتی عەسران. ئەو ساتەوەختەی چەندین مزگەوت پێکەوە لە بڵیندگۆکانیانەوە بانگیان دەدا، دەنگەکان لە فەزایەکی مەحزوندا لێکدەئاڵان و فەرماندە لە گۆشە حەوشەکەی خۆیاندا ئەوەندە دڵی خەمین دەبوو و خەیاڵی دەگوشرا کە لەوانەبوو دڵی لە لێدان راوەستێ. ئەمردەردەکەن وەک ساڵی ساڵان مزگەوتەکان دەستبکەنەوە بە بانگدان. ئەوسا ئەمریش دەردەکرێ خێرا چەند مزگەوت بە دەوری کۆشکەکەی فەرماندەدا سازبکرێ. فەرماندە ئیتر هەموو عەسرانێک هەموو پەنجەرەکان دەکاتەوە و دەبێتەوە بەو منداڵەی وا سەردەمانێک لە حەوشەکەیان دادەنیشت و بە چیلکەیەک لە خۆڵەکەی بەردەمی خۆی دەژەند و وازی لە یاری لە کۆڵان دەهێنا. هەڤاڵان لایان وایە هەر ئەو سەردەمانە بوو سەرنجی فەرماندەی گواستەوە بۆ سەر خاک،… خاکی نیشتمان. هەر ئەو سەردەمانە بوو رەوتی ژیانی پیاوێکی مەزنی، هەرچەند بە قەوارە هێشتا بچووک بوو، دیاریکرد و بە نیشتمانی بەخشی. مەلاکان و حیزبە دینییەکانیش ئیستا رازیترن. وەک هەمیشە سەلمێندرایەوە خوا لە دوواساتەکاندا هەمیشە دەگەڕێتەوە، تەنانەت لای کافرترین و سەرکێشترین کەسەکانیش. بۆیە مەلاکان بەسۆزتر لەهەر کاتێکی تر دەست بە لاگوێیانەوە دەگرن و بانگدەدەن. ئەوان دەزانن دەرگای دڵی فەرماندە کە کرایەوە ئیتر گەڕان بەناویدا یەکجار ئاسانترە لەهەر بنیادەمێکی تر. بەڵام خراپی کارەکە لەوەدایە فەرماندە رێک لەم کاتانەدا زیاتر لە هەر ساتێکی تر تەقەدەکا. مزگەوت ئەمە بە کفر لێکدەداتەوە و بەشێکیان لایان وایە پیاوی دەسەڵاتدار لەسەردەمی موحەممەدەوە چیتر بەڕاستی ئایینی نەماون و هەر هەموویان درۆدەکەن.

بۆنی بۆچەکەمیزی حەوشەیش هەتا دێت زیاد و زیاتر دەکا. دارسێوەکەی ئەمجارە، گەورەتر لە هەر کاتێکی تر، سیس و رەق لەخۆیدا خنکاوە. وەک بڵیی دیکتاتۆر بە فڕۆکەیەک وەک ساڵی ساڵان کیمیایی بەسەرداکردبێ. ئاە، ساڵە کیمیاییەکان! ترۆپکی حیماسە و ترۆپکی رووداوەکان. ساڵانی هەوڵدان بۆ ورووژاندنی جیهان. ئەو ساڵانەی فەرماندە و هەڤاڵان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی گوند و شارەکان تێوەگلێنن بۆ ئەوەی دیکتاتۆر، کە خۆی لە خۆیا پیاوێکی کەر و خوێنڕێژ بوو، ئەوەندەی تر دەستی لە خوێنی خەڵکیدا سوورکەن هەتا جیهان بێتە سەرخەت. مەگین خەڵک بۆچی دروستکراوە؟ قابیلە هەر ئەمان، هەر هەڤاڵان باجی ئەو ساتەوەختانەیان بدایە و ئەوانی تریش بەکەیفی خۆیان لە ژیان بەردەوام بوونایە؟! شتی وانابێ. بۆنی میز و بۆنی کیمیایی چەند لێک نزیکن. تەنیا بڕێک خەستتر، ئیتر رێک وەک خۆیەتی. بۆساردێکی ناخۆش کە مێشک دەتاسێنی. فەرماندە تفەنگەکەی لە عەسرێکی گەرمی رۆژێکی هاوینیدا هەڵدەگرێتەوە و ئەمجارە راستەوخۆ لە درەختەکە تەقەدەکا. هیچ تەپ و تۆز هەڵناستێ! فەرماندە دڵنیا لەوەی هەموو فیشەکەکانی بەر دارسێوەکە کەوتوون، بزەیەک دەیگرێ. فیقەکە پێی دەڵێ ئافەرین،… ئافەرین وەک هەمیشە زیرەک و وەک هەمیشە یەکانگیر لەسەر ئامانج! ئەم بەلاچاو سوپاسی دەکا. هەڤاڵێک دێتەژوورەوە و جانتایەک بروسکەی سەرەخۆشی لە لایەن پیاوە موهیم و گرینگەکانی نیشتمان و جیهانەوە لە ساڵیادی کۆچی دووایی نیشتماندا بۆ دێنێ. فەرماندە وەک هەمیشە ئەمردەکا لە بن دارسێوەکە بینێژن!

شەوێک کاتێک هێشتا سەرەڕای ئەوەی لەناو جێگاکەیدایە و خەوی لێنەکەتووە، گوێی لە دەنگێکە. گوێی بۆ شلدەکا. دەنگەکە نائاساییە. رادەبێ و جوانتر گوێ هەڵدەخا. لە دەرەوە دێت. دەچێتە بەر پەنجەرەکە. ئەوسا دەبینێ کەرەشین رێک لەسەر رێگای دارسێوەکەوە بەرەو باڵاخانەکە دێت. چەند بەبڕیار و نەترس و گرژ دیارە. سەر هەڵنابڕێ سەیری فەرماندە بکا، بەڵام هەموو شتێک ئاماژەیە بەوەی دەزانێ لەوێیە و هەنووکە لە پەنجەرەکەوە لەو دەڕوانێ. فەرماندە زۆر دەترسێ. سەرەتا دەیەوێ هاواری حەرەسەکانی بکا. تەنانەت تفەنگەکەیشی دێنێ و فیشەکی دەخاتەبەر و لە زامنیش دەیترازێنێ. بەڵام پەشیمان دەبێتەوە. با بۆ جارێکیش بێت گوێی لە قسەی دڵی بێت. داخۆ مەگین ئەویش هەر هی ئەو ساڵانە نیە… ساڵە رەنگییەکان؟ داخۆ هەر هی ئەو ساڵانە نیە وا نیشتمان تیایا دەژیا و هێشتا بە خاک نەسپێردرابوو؟ کەرەشین بۆن و تامی ئەو کاتانەی دەدا. ئا، بەخێربێت،… بابێت! ئەوسا چوو و دەرگاکەی خستە سەرپشت. دەنگی قاچەکانی کەرەشین لە هۆڵەکەوە کە خەریکبوو بەسەر پێ پلیکانەکاندا سەردەکەوت دەهاتە گوێ. لە تاریکایی و بێدەنگیی شەودا هێشتا بڵیندتر لە هەر کاتێکی دیکەی خۆی. شتێک لە دەروونەوە پێی گوت واباشە هەستێ و جلوبەرگی ئاسایی و رۆژانە لەبەر بکا. بەپەلە هەستا و خۆی گۆڕی. قاتێکی مرادخانی، بە سەعاتێکی هەڵواسراو بە گیرفانەکەی سەر سینگییەوە، رەشتیەکی زل، پشتوێنێکی پان، جووتێک کڵاشی هەورامی کە یەکەم جار بوو لە پێی دەکرد و… سەرئەنجام چاویلکە رەشەکانی کە خەریک بوو زۆر نەزانانە لەبیری بچێتەوە.

ـ نا نا، هەر وەک جارانی، تەنیا ئەوەندەی جووتێک چاویلکەی رەشت زیاکردووە!

کەرەشین ئەمەی گوت و یەکەوڕاست چوو و لەسەر مۆبلەکە دانیشت. ماندوو دەینواند. فەرماندە کە نەیدەزانی چۆن چۆنی میوانداری بکا و هەڤاڵانیش هەموو خەوتبوون، بە چاوەکانی پێکەنی. کەرەشین چەند لە جارانی دەچوو هەر نەگۆڕابوو. نە فیشەک و نە مردن و نە مانەوە لە ناوی چاڵ و سەحرایەکی بەرەهوتدا تۆزقاڵێک گۆڕانی بەسەردا نەهێنابوو. تەنیا کەمێک ماندوو دەینواند. فەرماندە کە حەزیدەکرد باسی ئەوەی لێ پرسێ چۆن چۆنی وەک قەقنەس لە ناو خۆڵەمێشی مەرگی خۆی هەستابووەوە، ئەمەی نەپرسی و لەجیاتی گوتی:

ـ وادیارە زۆر لەم خەیاڵی رابردوودای، بۆیە نەگۆڕاوی؟

ـ نەگۆڕاوم!… بەچیا ئەزانی؟

ـ ماشاڵڵا بە روخسارت، بە گڕ و تینت،… بە نیگاکانت!

ـ گەر چاویلکەکەت داکەنی ئەبینی منیش گۆڕاوم.

ـ بەپێچەوانەوە ئەم عەینەکە شتەکان راستەقینەتر دەنوێنێ، لەبەر ئەوەی تیشک کە خەڵەتێنەرە کزدەکا.

ـ لەم قسە زلانە گەڕێ، وادیارە هەر نەگۆڕاوی. هاتووم داوای بەشی خۆم بکەم. ساڵانی ساڵ بەسوخرەیی ئەم و ئەوت دام و هەوڵیشتدا لە ناو ئەم کۆشک و تەلارانەدا و لە پشت تفەنگچیەیکانتەوە خۆتم لێ ونکەی. بەس وەک ئەڵێن حەق کۆن ئەبێ بەڵام نافەوتێ. یاڵڵا مافی خۆم بەرەوە!

ـ ماف!… مافی چی؟

ـ ئەزانم لەخۆ گێلکردنا زیرەکی و کەس وەک تۆی پێناکرێ، بەڵام من ئەناسی، ئێمە هاوڕێی کۆنین. بۆ خۆیشت باش ئەزانی ئەوەی هەتە لە سایەی سەری منەوە هەتە، دەی یاڵلا بەشی خۆم!

فەرماندە کە ئەو رۆژەی زۆر جوان لەبیرە، هەموو شتێک سەرلەنوێ دێتەوە یادی: دەنگی تەقەی دوور، هەراهەرای خەڵکی، مۆزکردنی کەرەشین و خۆکردنی بەناو جەرگەی شەڕەکەدا و هەروەها ترسەکەی خۆی کە لەوانەبوو دڵی لە سینگی بێتەدەرەوە. ئەو لەبیری نەدەهات قەت ئاوەها خۆی بە ناو هیچ شەڕێکدا کردبێ.

ـ بەشی چی؟… مەبەستت چییە؟

ـ خۆت ئەزانی گەر ئەو رۆژە من ئەو کارەم نەکردایە تۆ قەت بەمە نەئەگەیشتی، تۆ خۆیشت ئەزانی ئەو پیاوە نەبوویت و نیت ئاوا خۆت بە ناو مەیدانی شەڕابکەی! بۆیە (لێرەدا کەرەشین چاوێکی بە وردی بە ژوورەکەدا گێڕا)، لانیکەم دەبێ ببم بە جێگر، جێگری خۆت، تازە شوکربە نەمگوت خودی فەرماندە. ئەمیش تەنیا لەبەر ئەوەی تۆ سواری من بووی، نەک من سواری تۆ!

فەرماندە ئەوەندە تووڕەبوو کە دەستی برد بۆ تفەنگەکەی. بەڵام هاتەوە بیری گەر کەرەشین رۆژی راپەڕینەکە گیانی دەربردبێ بێگومان ئەمرۆیش دەریدەبا. جگە لەمە جۆرێک لە تەریقبوونەوە دایگرت. لە دڵەوە دەیزانی کەرەشین راستدەکا. تەنیا ئەوەندەی نەیدەزانی بۆچی مۆزی کرد و بۆچی بەو شێوەیە خۆی کرد بە ناو جەرگەی شەڕەکەدا.

ـ زۆر باشە، بەڵام تەنیا یەک پرسیار، ئەو رۆژە بۆچی واتکرد؟ بۆ مۆزتکرد؟

ـ هەهەهەهە… پیاوی حسێبی مەگەر تۆ نازانی ئێمەی کەر ئەمە یەکێک لە هەڵسوکەوتەکانمانە و شیکردنەوەیشی یەکجار بۆمان دژوارە. وەک ئەوە وایە لە تۆ بپرسن بۆچی لە دووای ئەوەی لە شاخ دابەزیت وەهاتان کرد،… خۆت و هەڤاڵانت ئەڵێم!

فەرماندە ویستی بپرسێ مەگەر داخۆ چییانکردووە، بەڵام هەستیکرد ئەم باسە هیچ یارمەتییەک نادا و واباشە لێرەدا کۆتایی پێ بێنێ. جگە لەوە لەدەروونەوە خۆشحاڵ بوو کەرەشین گەڕابووەوە. رابردوو بەهەموو گەورەیی و قەوارەی بە هەیبەتی خۆی سەرلەنوێ لە دەرگای ماڵەکەی (ئیستا کۆشکەکەی) دابووەوە،… چی لەمەیش خۆشتر.

بۆ چەند رۆژ دوواتر کۆشکێکی گەورە بۆ کەرەشین سازکرا و وەک هەڤاڵانی تر دەیان ماکەری لە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیاوە بۆ هات. دوواتر لە مەراسمێکی مەزن و سەرسوڕهێنەردا کە تێیدا کەرەشین جووتێک چاویلکەی رەشی بیست هەزار دۆلاری لە چاوەکانیدا بوو، باس لە ئازایەتی و مەزنیەکەی کرا و بە فەرمی کرایە جێگری فەرماندەی وڵات. هەرچەند لە دووای ئەمەیش کوڕەکانی فەرماندە جاروبارە لە حەوشە سواری دەبوون و هەوڵیاندەدا بەم شێوەیە حاڵ و هەوای سەردەمی شاخ بژیێننەوە.

¤¤¤¤¤¤

لەدوورەوە دەنگی تەقە لە شارەوە دێت. ریزی هەڤاڵان هەروا بەڕێوەن. لە گردەکەوە خەریکن دادەبەزن. هەموو ماندوو و لەهەمان کاتدا یەکجار هەڵچوو و تامەزرۆن. چاوەکان دەبریسکێنەوە.رۆژانی تەنگانە خەریکە کۆتاییان دێت. فەرماندە کە لە پێشی پێشەوە بەسەر کەرەشینەوەیە، هەروا رێگا دەبڕێ. یەکێک لە هەڤاڵان هەستدەکا شتێک هەڵەیە. فەرماندە بۆ وا بەم لاولادا دەکەوێ؟ بەپەلە و بە غاردان، ئەگەرچی رەخت و تفەنگەکە کەمێک ئەزیەتە، خۆی دەگەیەنێتە لای. دەبینێ فەرماندە خەوی لێکەوتووە! فەرماندە… فەرماندە!

وەک بڵێی فەرماندە لە خەوێکی قووڵ خەبەری بێتەوە، دادەچڵەکێ و بە وڕو کاسی لە دەورووبەری و لە هەڤاڵەکە دەڕوانێ. ها، چییە، چی بووە؟ قوربان وادیارە خەوت لێکەوتبوو، هاتم پێت بڵێم ئەوەندەمان نەماوە بگەیەنە شار، گوێت لێیە خۆ کە تەقە بەردەوامە، هەڤاڵان دەڵێن هەندێ شار و ناوچە رزگارکراون… دەبێ هەرچی زووتر بگەین! بزە روخساری هەڤاڵەکە بەرنادا.

فەرماندە کتوپڕ کەرەشین رادەوەستێنێ. سەری قورس قورسە. سەیری کەرەشین دەکا، سەیری دەورووبەری و ئەوسا هەڤاڵان. لە دوورەوە دەنگی تەقەی تفەنگ و ژاوەژاوی شار بە داوێنی لاپاڵەکاندا سەردەکەوێ و سروشت هەراسان دەکا. فەرماندە دەست دەبا بۆ دووربینەکەی. لە شار دەڕوانێ. کۆڵانەکان و شەقام، ئەوەی وا لەوێ روودەداتیان لە خۆیاندا حەشارداوە. تەنیا دووکەڵ دەبینرێ.

فەرماندە دیسان سەیرێکی کەرەشین دەکاتەوە کە لمبۆزی ژەنیوەتە ناو گیاکانی قەراخ کوێرە رێگاکە و خەریکی لەوەڕینە. چەند خۆشە لەو خەوە ترسناکە خەبەری بووەتەوە. لەوانە بوو باوەڕبکا بەوەی وا بینیبووی.

بایەکی خۆش ئارەقەی ناوچاوان و لاملی لەگەڵ خۆی دەبا. فەرماندە بزەیەکی تاڵ روخساری دەقڵاشێ.

بە دەست بە لاملی کەرەشین دا دەکێشێ و دەیگەڕێنێتەوە. هەچە یاڵلا هەچچە! رێک بەو رێگایەدا وا هاتبوون، دەگەڕێتەوەو سەردەکەوێتەوە. هەڤاڵان بە سەرسوڕمانەوە لەیەکتر دەڕوانن. قوربان راپەڕینە، نیشتمان گڕی گرتووە و خەریکە ئاگر لە سەر پشتی دیکتاتۆر دەکاتەوە،… قوربان بۆ کوێ،… رێگای شار لەوێوەیە، بەرەوخوارە… قوربان، قوربان!

بەڵام فەرماندە گوێی لێ نیە. شاخ وەک هەمیشە چاوەڕوانیانە. 

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *