فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و بە…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

حەقایەتە بچووک و گەورەکان

کات 08/12/1399 256 بازدید

رەنگە لە پشت هەموو حەقایەتێکی گەورە حەقایەتێکی بچووک راوەستابێ: بۆ وێنە لە پشت پێکهینانی بنەماڵە ئەشق یاخود تەنیایی راوەستاوە؛ لە پشت دۆستایەتی، پێکەوە دانیشتن لەسەر نیمکەتی قوتابخانە و لە پشت خەونە گەورە سیاسییەکان، رق لە ئازاردانی کەسێک لە لایەن سەرکوتگەرەوە یاخود کێشەیەکی بنەماڵەیی.

دیارە دوواتر کەس لێمان ناپرسێ بۆچی بەتووش حەقایەتە گەورەکانەوە بووین. گەر لێشمان بپرسن لە جیاتی ئەوەی باس لە حەقایەتە بچووکەکان وەک هۆکار بکەین، دەگەڕێینەوە سەر حەقایەتە گەورەکان. واتە حەقایەتی گەورە دەکەین بۆ هۆکار بۆ باوەڕهێنانمان بە حەقایەتی گەورە. ئەمە لە کاتێکدایە کە گرنگیی بچووکەکان لە گەورەکان نەک تەنیا کەمتر نیە، بەلکو تەنانەت زیاتریشە. لەبەر ئەوەی مرۆڤەکان هەمیشە بەو شتانەوە دەست پێدەکەن وا هەستی پێدەکەن و راستەوخۆ لە ژیانی ئەواندا رەنگی داوەتەوە. واتە ئایدیا گەورەکان بە بێ وردبوونەوە نەک تەنیا لەمس ناکرێن، بەڵکو بۆ هەمیشە وەک ئایدیایەکی نابەرهەست دەمێننەوە.

سەداقەتی مرۆڤ دیارە هەمیشە ئەو کات زیاتر دەردەکەوێ کە خۆی لە حەقایەتە بچووکەکانی ژیانی نادزێتەوە. هەموو رێگای داهاتوویش، چ بمانەوێ و چ نەمانەوێ، سەرەڕای پێوەست بوونمان بە ئایدیا گەورکان لەژێر کاریگەریی حەقایەتە بچووکەکانی ژیانمان دەمێنێتەوە.

لە لایەکی ترەوە حەقایەتی بچووک ئەو شوێنەیە ئازاردراوین، بەڵام حەقایەتی گەورە ئەو شوێنەیە وا دەمانەوێ ئازارەکان ساڕێژبکەین. رەنگە لەبە ئەمە بێت ئەوەندەی خۆمان بە حەقایەتە گەورەکانەوە پێناسەدەکەین خۆمان بە بچووکەکانەوە نا.

نابێ لەبیرمان بچێ ژیان و کەسایەتی ئێمە بریتییە لە دیالێکتی نێوان ئەم دوو حەقایەتە. ئێمە بەردەوام هەم ئەمین و هەم ئەو. جاری وایە زیاتر ئەم و جاری وایە زیاتر ئەو. هیچ کامیانمان لە رەوتی ژیاندا لێ ون نابێ. رەنگە تەنیا جیاوازییەکە لەوەدایە کە زیاتر دان بە یەکیاندا دەنێین هەتا ئەوی تریان.

وا دەردەکەوێ کە ئەو مرۆڤانەی لە ژیانیاندا راحەتتر و ئارامترن کە بە قەدەر یەک بتوانن دیان بە هەر دوو بەشەکەدا بنێین، چ لە دەروونماندا و چ بە شێوەی دەرەکی. سەلامەتیی رۆحیی ئێمە زۆر پابەندی وەها دیاردەیەکە.

ئێمە لە حەقایەتە بچووکەکانەوە دەگەینە حەقایەتە گەورەکان بۆ ئەوەی رۆژێک لە رۆژەکان بگەڕێینەوە سەر بچووکەکان. چونکە دەزانین مرۆڤ لە ژیانی راستەقینەدا زیاتر شتێکە بە ناوی رووداوە ئاساییەکانی رۆژانە. ئایدیاکان بەستێنی ژیانن، نەک خودی ژیان. بگرە لەو کاتەیشدا لە ناو ئایدیا گەورەکاندا دەژین، بەردەوام خەریکی هەڵسوکەوت لە گەڵ رووداوە بچووکەکانیشین.

ئایدیا گەورەکان زیاتر دونیایەکی زەینی و دەروونین. جیهانیش لەسەر ئایدیا بونیات نەنراوە.

بێگومان یەکێک لەو شوێنانەی وا دەتوانین تیایا بەردەوام لەگەڵ حەقایەتە بچووکەکاندا سەروکارمان هەبێ، ئەدەبە. چیرۆک و رۆمان لەم بوارەدا پشکی شێریان بەردەکەوێ. جا بۆ ئەوەی زیاتر لەگەڵ خۆمان راستگۆ بین، با یان چیرۆک بنووسین یان زیاتر چیرۆک بخوێنینەوە. ئەدەب، راستگۆیی ئێمە بۆ خۆمان دەگێڕێتەوە.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *