کۆچ
کۆچ
خواکانی ئێمه به زیندووییش هه‌ر سه‌قه‌تن!
تراژێدیای کۆچ ئێستاش هه‌ر به‌رده‌وامه. تراژیدیای کۆچ نه ته‌نیا له رێگای ده‌نگ و وێنه‌وه، به‌ڵکو له رێگای خهونهکانیشمانهوه به‌رده‌وام بوونێکی ماددی به خۆی ده‌به‌خشێ. ئه‌گه‌ر هه‌زاران وێنه‌و هه‌زاران وشه ته‌عبیر له ره‌وتی لێک‌دابڕان ده‌که‌ن، ئه‌وا به هه‌زاران خه‌ونی شاراوه‌ش ته‌عبیر له دووباره‌و سه‌دباره له‌دایک بوونه‌وه‌ی ئه‌م ره‌وته ده‌که‌ن. مرۆڤی کورد ته‌نیا کۆچ ناکا، به‌ڵکو له خه‌ونه‌کانیشدا پێش ئه‌وه‌ی کۆڵه‌باری کۆچ بپێچێته‌وه، خه‌ریکی کۆچه. کۆچ بۆ ئه‌و بۆته بیرکردنه‌وه. کۆچ بووه‌ته جیهانێکی ده‌روونی که فه‌لسه‌فه‌ی بوونی ئه‌وی له خۆیدا حه‌شارداوه. به‌ڵام کۆچ پێش ئه‌وه‌ی رۆیشتن بێت بۆ گه‌یشتن به‌و شوێنه‌ی خوشگوزه‌رانی و ئاسایشی لێیه، بۆ ئه‌و بریتی بووه له رۆیشتن بۆ ئه‌و شوێنه‌ی که نوقته‌ی دروست کردنی کۆمه‌ڵگای خۆشگوزه‌ران بووه، واته “مه‌یدانی خه‌بات”.
مرۆڤی کورد به مه‌به‌ستی دروست کردنی به‌خته‌وه‌ری بۆ خۆی، له شوێنی ژیانی خۆی هه‌ڵکه‌ندراوه‌و له شاخ گرساوهتهوهو له‌وێوه پڕۆڤه‌ی دروست کردنی خه‌ونه‌کانی خۆی کردووه. ئه‌م خاڵه سه‌ره‌تای کۆچی ئه‌و بووه. ئه‌مه کۆچی کۆچه‌کان بووه. مرۆڤی کورد زۆر ئاسان ده‌ستی له شوێنی ژیانی هه‌ڵگرتووه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و شوێنه بگۆڕێ. دڵنیا بووه له‌وه‌ی که ئه‌م کۆچه‌ی کرده‌یه‌کی سه‌رکه‌وتووانه‌یه و که‌م خایه‌نه‌و پاش ماوه‌یه‌کیتر، کۆچ به‌ره‌و دژهمانای خۆی هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه. به‌ڵام مێژوو له‌وه دڵڕه‌قتر بوو. کۆچی نێو خه‌ونه‌کان له یاسای خۆی په‌یڕه‌وی کرد و کورتخایه‌ن نه‌بوو. نه‌یزانی که ده‌ستهه‌ڵگرتن له شوێنی ژیان، به مه‌به‌ستی گۆڕینی، ده‌بێته ده‌ستهه‌ڵگرتن له گۆڕین. نه‌یئه‌زانی که کۆچ خه‌ونه‌کان به‌تاڵ ده‌کاته‌وه‌و مێژووی دابڕدابڕ ده‌کا.
کۆچی مرۆڤی کورد سه‌ره‌تا، کۆچ بوو له پێناوی گه‌ڕانه‌وه‌دا. خۆشگوزه‌رانی و ئاسایش ئه‌و خه‌ونانه بوون که ده‌کرا له شوێنی ژیانی رابردوو دروست بکرێن. وه‌رگرتن و ته‌حه‌مول کردنی هه‌موو ئازارێکیش له‌م پێناوه‌دا شیاو بوو. به‌ڵام ژیان له یاساکانی خۆیه‌وه ده‌ڕوانێته رووداوه‌کان. مرۆڤ تا سه‌ر ناتواتێ له کۆچ له شاخدا بژیت. ژیانی شاخ له یاسا سروشتی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان پێڕه‌وی ناکات، بۆیه کۆچ ده‌کرێت لێره‌وه ببێ به دوو لق: یه‌که‌م، کۆچ کردوه‌کان ده‌گه‌ڕێنه‌وه. دوهه‌م،کۆچ کردوه‌کان درێژه به کۆچ ده‌ده‌ن و به‌ره‌و وڵاته نامۆیه‌کان هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرن. هه‌ڵبه‌ت به‌شێکی نه‌گۆڕ له کۆچ کردووه‌کان له شاخ ده‌مێننه‌وه ده‌بن به سومبولی مانه‌وه‌ی کۆچ به‌ره‌و شاخ. به‌ڵام ئه‌م به‌شه نه‌گۆڕه له‌چاو ئه‌و حه‌شیمه‌ته‌ی دێن و ده‌ڕۆن، زۆر که‌من و له راستیدا ده‌بن به سومبول و پاڵنه‌ری پتری ره‌وتی کۆچ به‌ره‌و شاخ. ئه‌وانه‌ی که ده‌گه‌ڕێنه‌وه، هه‌ڵگری باری شکستی راسته‌وخۆی کۆچن و ئه‌وانه‌ی وا به‌ره‌و وڵاتی دیکه درێژه به کۆچ ده‌ده‌ن، هه‌ڵگری باری شکستی ناراسته‌وخۆی کۆچن و ئه‌وانه‌ی وا ده‌مێننه‌وه هه‌مان باوڕدارانی نه‌گۆڕن که فێربوون به‌رده‌وام له خولیای سه‌رکه‌وتندا بژین. ئه‌گه‌رچی تا ئێستا شکست لایه‌نی زاڵی باری ئه‌و مێژووه‌یه که به خۆشبینیه‌وه لێی ده‌ڕوانن.
به‌ڵام لێره‌دا قسه له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه که هه‌رسێکی ئه‌م به‌شانه به پله‌ی جۆراوجۆر به‌رده‌وام هه‌ر له‌سه‌ر ره‌وتی کۆچن. کۆچ به‌رده‌وام زه‌ین و ده‌رونی ئه‌وانی داگیر کردووه. مرۆڤ که له‌وپه‌ڕی ئۆمێدی خۆیدا توانی زێدی خۆی به‌جێ بێڵێ، ئاساییه که له‌وپه‌ڕی نائۆمێدی و ره‌شبینیدا ئاسانتر به‌جێی دێڵێ. جگه له‌مه مرۆڤ که به مه‌به‌ستی خه‌بات کۆچی کرد، ده‌کرێت به مه‌به‌ستی درێژه‌پێدانی دیسان درێژه به کۆچ بدات. لێره‌دا کۆچ ده‌بێ به دووانه‌ی خه‌بات. ئیتر هه‌ر لێره‌وه‌یه که تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی کۆچ سێبه‌ری خۆی به‌سه‌ر ماناکانی خه‌باتدا ده‌کێشێ و، خه‌بات به‌رگی کۆچ له‌به‌رده‌کات. سه‌ره‌کیترین تایبه‌تمه‌ندی کۆچیش نامۆییه. لێره‌وه ئیتر مرۆڤی خه‌باتگێڕی دووانه‌ی کۆچ نامۆ ده‌بێ. نامۆ ده‌بێ به به‌رامبه‌ر به ره‌وتی ماناکانی ئێستای کۆمه‌ڵگای خۆی، نامۆ ده‌بێ به‌رامبه‌ر به دۆخی خه‌باتێکی سروشتی. نامۆ ده‌بێ به‌رامبه‌ر به ئه‌و مانایانه‌ی که خۆی هه‌ڵگریه‌تی.
سێبه‌ری کۆچ، مانا‌و مه‌به‌سته‌کانی خه‌بات لێڵتر ده‌کا. ئه‌گه‌ر خه‌باتگێڕ هێشتا وێنه‌یه‌کی ته‌واو روونی له داهاتوی ده‌سه‌ڵات و به‌رنامه‌کانی خۆی نیه، ئه‌وا کۆچ ئه‌م وێنه‌یه ئاڵۆزتر ده‌کا. کۆچ ئه‌زمونی راسته‌وخۆی ژیان به‌سه‌ربردن له‌ناو کۆمه‌ڵدا ده‌کوژێ و له جیاتی ئه‌و تابۆیه‌ک ده‌به‌خشێت. بێ هۆ نیه که خه‌باتگێڕی کۆچه‌ر له هه‌مان کاتدا که زۆر که‌لله ره‌قی پیشانده‌دا، زۆریش چاوی له هۆکاره‌کانی ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌کانی خۆیه‌تی، بۆ ئه‌وه‌ی دۆخێکی شیاوی بۆ بڕه‌خسێنن.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر کۆچ له‌م ئاسته‌دا بۆ خه‌باتگێڕان لێی ده‌که‌وێته‌وه، ئه‌وا بۆ کۆمه‌ڵگایێک که خاوه‌نی وه‌ها پێشڕهوانێکه ده‌بێ چی لێبکه‌وێته‌وه؟ له کۆمه‌ڵێکی وادا هۆکاره‌کانی کۆچ ته‌نیا بۆ زه‌خت و زۆر و سته‌م و هه‌ژاری و نه‌داری ناگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵکوو پاڵنه‌رێکی دیکه بریتیه له کۆچ به مه‌به‌ستی خه‌بات. روونتر بڵێم، کۆچ بۆ مه‌قه‌ره‌کانی خه‌بات. که ئه‌مه‌ش تا راده‌یێکی زۆر گۆڕانی به‌سه‌ر هاتووه. لێره‌دا مه‌قه‌ره‌کان ده‌بنه پردێکی په‌ڕینه‌وه بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی خۆشگوزه‌رانیان دابین کردووه. خه‌بات ده‌بێته دڵگهرمکهرێکی دیکه‌ی کۆچ. ئیتر ره‌وتی کۆچی سیاسی له چاو کۆچی کۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ستتر ده‌بێته‌وه.
که‌واته بۆ مرۆڤێکی وا کۆچ هه‌ڵگری ماناگه‌لێکی به‌رفراوانه. کۆچ ده‌روازه‌یێکی سه‌ره‌کیه بۆ چونه‌ناو جیهانی سه‌رده‌م. کۆچ، ئه‌و زه‌رفه گشتیه‌یه که هه‌موو خانه‌کانی له خۆیدا جێکردۆته‌وه. ئیتر ئه‌وه کۆچه مانا به مێژوو ده‌به‌خشێ. بۆ ئه‌م مرۆڤه مێژووی سه‌رده‌م بریتیه له ماناکای کۆچ. بۆ ئه‌و مێژووی ئێستای کوردستان زۆرتر بریتیه له خه‌باتی شاخ. بێ هۆ نیه که ئه‌و هه‌موو کتێبه له‌سه‌ر خه‌باتی شاخ چاپ بووه و که‌چی که‌م تێیدا باس له ره‌وتی کۆمه‌ڵ کراوه. ئاشکرایه بۆچی. چونکه کۆمه‌ڵ کۆچی نه‌کرد. که‌سێکیش کۆچ نه‌کا ئیتر به‌م پێوه‌ره هه‌ڵگری ماناکانی سه‌رده‌م نیه. به‌ڵام تراژیدیایه‌که لێره‌دایه که به پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی کۆچبه‌ران، گرمه‌و لرفه‌ی ژیانی شاخ بۆ کۆمه‌ڵ گرمه‌و لرفهیهکی ئۆرگانیکی نیه. کۆمه‌ڵ ره‌وتی خۆی هه‌یه‌و شاخیش ره‌وتی خۆی. ئه‌وه سه‌رئه‌نجام کۆمه‌ڵه، که سه‌ره‌ڕای هه‌ر ده‌ست تێوه‌ردانێکی ده‌ره‌کی بڕیاری سه‌ره‌کی و دوابڕیار ده‌دا.
***
به‌ڵام بۆ مرۆڤێکی وا که له پڕۆسه‌ی کۆچی خۆیدا به وڵاتانی رۆژئاوای ده‌گا، ده‌بێ ماناکانی کۆچ چیان به‌سه‌ر بێت؟ دابین کردنی مافی نه‌ته‌وه‌یی و خۆشگوزه‌رانی بۆ میلله‌ت چی‌یان به‌سه‌ردێت؟ مرۆڤی کورد که هێشتا مرۆڤێکی پێش زانستی و پێش سه‌رمایه‌داری مۆدێڕنه و به خه‌ستی تێکه‌ڵ به ماناکانی ئه‌م دوو تایبه‌تمه‌ندیه‌یه، ده‌بێ له دۆخی ئه‌وروپادا چی به‌سه‌ر بێت؟
کۆمه‌ڵگای رۆژئاوایی، کۆمه‌ڵگای ته‌ژی زانست و پێناسه به‌رده‌وام نوێیه‌کانه به هه‌موو قه‌یرانه‌کانی خۆیه‌وه. بۆ ئه‌وان غه‌می کاولبوونی سروشت، هه‌ڕه‌شه‌ی پیشه‌سازی و خه‌می ته‌نیایی مرۆڤ ئه‌و خه‌مانه‌ن که هێشتا لای ئێمه چهکهرهکانیشی دیار نین. ئێمه هێشتا له‌ناو عه‌شقی کاول کردنی سروشتداین، هێشتا له بیری دامه‌زراندنی پیشهسازیداین (به‌بێ ره‌چاوکردنی زیانه سروشتیه‌کانی)، هێشتا مرۆڤی ئێمه نه‌گه‌یشتۆته قۆناغی غه‌می ته‌نیایی که قۆناغی ته‌ژیبوونی غه‌ریزه‌و هه‌وه‌س و خولیا فیزیۆلۆژی و ده‌رونییه‌کانه. ئێمه هێشتا له‌گه‌ڵ جیهانی ئاژه‌ڵ له په‌یوه‌ندیێکی سه‌راسه‌ر بههرهکهشانهداین و سۆزێکی عاتیفی به ئاژه‌ڵمان نابه‌ستێته‌وه، ده‌بێ چیمان لێ به‌سه‌ر بێ له جیهانێکدا که سه‌گێک یان پشیله‌یه‌ک ده‌کرێ هه‌موو ژیانی سۆزاوی مرۆڤێک بێ؟
جیهانی رۆژئاوا ته‌نیا بریتی نیه له ئه‌مڕۆ، به‌ڵکو مێژوویه‌کی له پشته. مێژوو به هه‌موو مانا‌و بواره جۆربه‌جۆره‌کانی خۆیه‌وه. که‌واته له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه دژواره بۆ مرۆڤێکی به دوور له‌م مێژووه، ئاسان بچێته نێو ئه‌و کۆمه‌ڵه‌وه و له رازه‌کانی سه‌رهه‌ڵدان و پشکوتنی به شێوه‌یێکی پێویست (چ له تیۆرداو چ له کرده‌وه‌دا) بگات. بۆیه یه‌که‌م کاردانه‌وه‌ی کۆچبه‌ر بریتیه له سه‌رسوڕمان و حه‌سره‌ت. یان وردتر بڵێین، خه‌ستتر بوونه‌وه‌ی سه‌رسوڕمان و حه‌سره‌ت. چونکه ئه‌مه بۆ ئێمه ره‌وتێکی کۆنه. مرۆڤی ئێمه که ئه‌زمونی خه‌مه کۆن و تازه‌کانی مرۆڤی رۆژئاوای نیه، ده‌بێ به چ شوناس و پێناسه‌یه‌ک بگاته شوێنی دیاریکردنی خۆی؟ ئێمه لێره چ بخوێنین، چ کار بکه‌ین (وه‌ک پرۆلتێرێکی به‌هره‌مه‌ند له ژیانێکی نۆرماڵ) ئه‌گه‌ر چه‌ندین ده‌ساڵیش درێژه بکێشێ، هێشتا کۆمه‌ڵێکی دیارین له ناو کۆمه‌ڵگای ئه‌وروپادا به هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه که‌لتوریه‌کانی خۆمانه‌وه. سڕینه‌وه‌ی ئه‌م سنوره ئاسان نیه، ئه‌گه‌رچی جیهان به‌ره‌و بێ سنوری ده‌ڕوا. رابردومان به کۆڵه‌وه‌یه و ئه‌م رابردوه مه‌جالی هه‌ڵسوڕانی پێویستی لێسه‌ندوین. هه‌ڵبه‌ت مه‌به‌ست ئه‌وه نیه رابردوو بهموتڵهق بسڕینه‌وه. قسه له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه که چلۆن ده‌توانین پێناسه‌کانی کۆمه‌ڵگایه‌کی مۆدێڕن وه‌رگرین. واته ببین به کوردێکی ئه‌ورووپی. کوردی کوردستانی تا ئێستا ماناکانی به جوانی دیار نیه و به رای من کوردبوون ( ئه‌گه‌ر ئه‌م ته‌عبیره دوچاری کورت بینیمان نه‌کات) له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ماناکانی جیهانی مۆدێڕندایه که مانای پێویستی خۆی وه‌رده‌گرێ. واته کوردی کوردستانی هێشتا له‌گه‌ڵ قه‌یرانی شوناس رووبه‌ڕوو ده‌بێ ئه‌گه‌ر مۆدێڕن نه‌بێ. جا چ بگا به‌و کورده‌ی که له رۆژئاوا ده‌ژی. چونکه ئاشکرایه که کوردی کوردستانیبوون به‌بێ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ جیهانی مۆدێڕن بریتیه له نوقم بوون له سوننه‌ت و دیارده‌و شوناسه پێش مۆدێڕنه‌کاندا.
جا کێشه‌که بریتیه له مۆدێڕنبوون. به‌ڵام مۆدێڕن بوون به‌بێ پڕۆسه‌یێکی مێژووی به ئه‌نجام ناگات. قۆناغێک پێویسته پڕ له گۆڕانکاری له هه‌موو بواره‌کاندا. بۆ مرۆڤێکی کوردی هه‌ڵکه‌ندراو که دێته رۆژئاوا چه‌ند مه‌جالی ئه‌م پڕۆسه‌یه هه‌یه و ئه‌ویش چه‌نده به خواستی جێبه‌جێ کردنی ئه‌م پرۆسه‌یه گه‌یشتوه؟ ئه‌مه هێشتا روون نیه. یان ره‌نگه روونه و به‌و جورئه‌ته‌وه ده‌توانین بڵێین که خواستی ئه‌م پرۆسه‌یه هێشتا خواستێکی ره‌گ داکوتاو نیه. مرۆڤی کورد لێره‌دا هێشتا کۆمه‌ڵگای کوردستانی به هه‌مان شوناسه پێش مۆدێڕنانهوه به کۆڵه‌وه‌یه. له باری ماڵیه‌وه ده‌بێ ده‌ستی پێوه بێت. جگه له‌مانه مرۆڤێکی ماندوو و له ده‌روندا ئاڵۆزکاوه که هه‌ست ده‌کا لێره پێویستی به حه‌سانه‌وه‌یه، حه‌سانه‌وه‌یه‌ک که تێیدا برێک له یاده‌وه‌رییه توند‌و تیژه‌کان بسرینه‌وه و له هه‌مان کاتدا ته‌نیا له رێگای خۆ به‌ستنه‌وه به لایه‌نێکی سیاسیه‌وه خه‌می کوردستان لای خۆی ساخ بکاته‌وه.
بۆ مرۆڤی کورد که خولیای کۆچ له سه‌ره‌تاوه له دونیایدا بووه، هاتن بۆ رۆژئاوا ده‌بێ به درێژه‌ی ئه‌و بڕیاره سیاسیه‌ی که له سه‌ره‌تاوه دابووی. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بڕیاری سیاسی نه‌بوونیشی دابێت. ئه‌وه که گه‌یشته ئه‌ورووپا ناکرێ سیاسی نه‌بێت. ئه‌مه ته‌نیا له‌به‌ر ژێر ده‌سته‌یی کوردستان نیه، به‌ڵکو له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که سیاسی بوون و حیزبی بوون گرینگ‌ترین بیانوه بۆ هه‌ڵاتن له‌و پرۆسه‌یه‌ی که ده‌بێ به‌ره‌و مۆدێرنیزاسیۆنی ببات. کاری حیزبی سیاسی به هه‌مان شێوه‌ی رابردوو ده‌بێته هۆی دروست کردنی ئه‌و کۆڕ‌و کۆمه‌ڵانه‌ی که ئێمه له خۆیاندا نوقم ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له ترسی مۆدێرنییه‌تی ئه‌وروپا رزگاری ببێ. ئیتر لێره‌وه سیاسه‌ت به‌رگی مۆدێڕن له‌به‌ر ناکات به‌ڵکوو ئه‌وه هه‌ر ئه‌و شێوه سیاسه‌ته نامۆدێرنهیه که له دۆخی مۆدێرندا خۆی ده‌نوێنێ. جگه له‌مه ئه‌م جۆره له سیاسه‌ت کردن فۆڕمێکی هه‌ڵاتنه له دۆخی ته‌نیایی له ئه‌ورووپادا.
یه‌کێک له گرینگ‌ترین ئامرازه‌کان بۆ گه‌یشتن به یۆتۆپیای کوردی، خوێندنه. تایبه‌تمه‌ندییه‌کی که زۆربه‌ی شاعیره هاوچهرخهکانیشمان باسیان لێکردوه. به‌ڵام مرۆڤی کورد لێره به هۆی باری قورسی رابردووی و زاڵبوونی عه‌قڵی سه‌ربازی به‌سه‌ر سیاسه‌تیدا به ئاسانی ناچێته ئه‌م دۆخه‌وه و خۆی لێده‌دزێته‌وه. لێره‌ش دژه خوێندنبوون ده‌بێته‌وه به بایه‌خ و، پراکتیکێکی نه‌زانانه هه‌موو خولیاکان داگیر ده‌کاته‌وه. ئیتر په‌نجه‌ژمێر ده‌بن ئه‌وانه‌ی وا له قهوانهکی دیکه ده‌ده‌ن و ده‌نگ له سازێکی ناسازی دیکه به‌رز ده‌که‌نه‌وه. له‌ناو ئه‌م بازنه‌یه‌دا ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیه له‌ناو ئه‌وانه‌دا زه‌قتره که له پرۆسه‌ی کۆچ به مه‌به‌ستی خه‌باتدا بوون. ئێستاش ئه‌وانه له فه‌نتازیه‌ی گونددا ده‌ژین و ته‌نیا ئه‌و که‌سانه بۆ ئه‌وان دۆست و بران که له سنوری برواکانی خۆیاندا بژین. ئێستاش تایبه‌تمه‌ندی مرۆڤی گه‌رۆکیان وه‌رنه‌گرتوه. جیهان هێشتا پانتایی جووڵه نیه بۆ ئه‌وان. به خولیای گونده‌وه له جیهانی مۆدێرندا ده‌ژین. جوڵه‌ی سیاسه‌تیان له هه‌مان جه‌ڵه‌ی گونددا ده‌ژی و گوندێکیدی له جیهانی مۆدێرندا ساز ده‌که‌ن.
***
بۆ ئێمه که له نێو جیهانی ته‌سکی خۆماندا ده‌ژین، کت‌وپڕ که‌وتنه ناو جیهانی پڕ له جوڵه‌ی مۆدێڕن ده‌بوو به راچڵهکاندنێک که هه‌موو سهرتاپامانی ده‌هێنایه له‌رزین. جوڵه‌ی سه‌رده‌می ئه‌نفۆرماتیک فێری جوڵه‌ی کۆچی کردووین. کۆچ ئێستا خه‌ونێکی گه‌وره‌تره له جاران. مه‌قه‌ره‌کانی خه‌بات ئێستا وێستگهیێکن بۆ سه‌فه‌ری کۆچێکی درێژخایه‌نتر. مه‌قه‌ره‌کان پردێکن بۆ په‌یداکردنی ناسنامه‌ی سیاسی به مه‌به‌ستی په‌ڕینه‌وه‌یێکی ره‌حه‌تتر. ئێستا ئیتر باره‌گاکانی UN و که‌مپه‌کانی وڵاتانی وه‌رگری په‌نابه‌ر به هه‌زاران و سه‌دان هه‌زار چیرۆکی ئازایه‌تی و حه‌ماسه و به‌سه‌رهاتی مرۆڤی کوردیان به درۆ یان به راست له خۆیاندا هه‌ڵگرتوه و حه‌شارداوه. که‌م نین ئه‌وانه‌ی ئێستا ئه‌وه‌نده چیرۆکی ژیانی خۆیان گوتۆته‌وه که ئه‌گه‌ر جاران رێزێکی تێدا ده‌خوڵقاندن، ئێستا ئیتر قێزی ده‌بێته‌وه. رواڵه‌تی ساردی پارێزه‌رانی یوئێن رێک به پێچه‌وانه‌ی ده‌روونی گه‌رم و رۆمانتیکی کۆچبه‌رانن. ئه‌م ساردوسڕیه مرۆڤی کۆچبه‌ری کورد له ئاست خه‌ونه‌کان و به‌سه‌رهات و ئازایه‌تیه‌کانی خۆی دوچاری راوه‌ستان و رامانێک ده‌کا. له خۆی ده‌پرسێ: به‌سه‌رهات و خه‌ونێک که نه‌توانێ ده‌وازه‌کانی جیهانی مۆدێڕن راچڵه‌کێنێ، تۆ بڵێی ئه‌سڵه‌ن فڕی به‌سه‌ر ژیانه‌وه هه‌بێت؟ ئیتر ئێمه نازانین که خه‌ون و ئازایه‌تی له جیهانی مۆدێڕن بووه به دیارده‌یێکی دابڕاو (انتزاعی). ئێمه نازانین که جیهانی مۆدێڕن ناگه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌و ئازارانه‌ی که ده‌یان ساڵ له‌وه‌پێش هی ئه‌و بوون. جیهانی مۆدێڕن و پڕ له جووڵه له هه‌مان کاتدا جیهانێکی بێڕه‌حم و بێبه‌زه‌ییه. ئه‌وه‌نده بێروحم که ته‌نیا ده‌توانێ له رێگه‌ی یاساوه داڵتهی بدات. خه‌ونه‌کانی ئێمه که ئه‌و هه‌موه تێکه‌ڵ به خه‌م و خوێن و ئازارن، لێره له چه‌ند رسته‌ی رێکوپێکدا ده‌چنه په‌راوێزی یاساوه، به‌ڵکو به جۆرێک دایکی یاسا روحمی پێ بجوڵێ. بێگومان روحمی یاساش ده‌جوڵێ، به‌ڵام ئه‌نجام چییه؟ ئه‌نجام بریتی ده‌بێ له‌وه‌ی که بیره‌وه‌ریه‌کان پڕهێزتر بن له جاران. ئه‌وه‌نده پڕهێزتر که مرۆڤی کورد هیچ پڕۆگرامێکی بۆ داهاتو پێنه‌بێت.
ئه‌گه‌ر کۆچ به مه‌به‌ستی خه‌بات هاوڕێ بوو له‌گه‌ڵ لانی که‌م گه‌رمه و لرفه‌ی ژیان، به‌ڵام له درێژه‌ی مه‌به‌ستی خه‌بات بریتیه له ته‌ریک مانه‌وه و نقوم بوون له بیره‌وه‌ری و هێشتنه‌وه‌ی فۆڕمه کۆنه‌کان. ئه‌مه له کاتێکدایه که ژیان راناوه‌ستێ. کهوتوهکانیش بیانویان زۆره، هه‌موو که‌سێک و هه‌موو شتێ به تاوانبار ده‌زانن. لای ئه‌وان ئه‌و ئازارانه‌ی که به سه‌ریاندا هاتوه ئه‌وه ده‌هێنێت که بۆ هه‌میشه بیانوی راوه‌ستان و ته‌مبه‌ڵیان هه‌بێت. خۆ جیهانی مۆدێڕنیش ئه‌وه‌نده به‌رینه که جێگای ئه‌و جۆره ژیانه‌ش ده‌بێته‌وه. دێمۆکراسی ئێره به‌شی هه‌موان ده‌کا!
ئه‌گه‌ر رۆژئاوا سه‌رزه‌مینی مه‌رگی خواکانهو له قه‌یرانی هاتنی خواکاندا ده‌ژی، ئه‌وه بۆ مرۆڤی کورد هێشتا خواکان مانای خۆیان ماوه. ئێستاش ئایدیایه‌کی گه‌وره هه‌یه که ده‌توانێ مرۆڤی کورد له ده‌وری خۆی کۆ بکاته‌وه‌و مانا به ژیانی ببه‌خشێ و مه‌عنه‌ویه‌تێکی به‌هێزی پێبدات. مه‌رگی خواکان بۆ ئێمه هیچ مانایه‌کی نیه، به‌ڵام ژیان به‌سه‌ربردن له شوێنێک که خواکان بزرن ئاسان نیه، بۆیه زۆر ئاسان مرۆڤی کورد ده‌کرێ توند‌و تۆڵتر به رابردوی خۆیه‌وه بچه‌سپێت. خواکانی ئێمه بۆ رۆژئاوا کۆنن و عه‌بدیان تێدا دروست ناکا. له به‌رامبه‌ردا ئێمه‌ش ناتوانین بچینه قوڵایی دنیای مه‌رگی خواکانی ئه‌وان. ئیتر لێره‌دا نامۆییه‌که خه‌ستتر ده‌بێته‌وه. ده‌کرێ نه‌فره‌تێکی ده‌رونی له هه‌ردوولا به‌رامبه‌ر به یه‌کتر دروست ببێ. بۆ وێنه ده‌کرێ له قولاییه‌کانی ده‌رونماندا به‌رامبه‌ر به زمان و نه‌ریت و مێژوی رۆژئاوا نه‌فره‌ت دروست بێ و ئه‌م نه‌فره‌ته خۆی له به‌رگی فێرنه‌بووندا نیشان بدا. فێرنه‌بوون، نیشانه‌ی سنوره به‌هێزه‌کانه. لێره‌وه ئیتر خراپ تێگه‌یشتنه‌کان سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن. بۆ وێنه مرۆڤی کورد لێره پێی عه‌یبه بڵێ ئێرانیم و ئه‌مه به پێشێلکردنی که‌رامه‌تی خۆی ده‌زانێ، به‌ڵام له هه‌مان کاتدا جینسیهو ته‌به‌عه‌ی وڵاتانی رۆژئاوا وه‌رده‌گرێ و پێی شه‌رم نیه‌و پێی وانیه ئه‌مه پرۆژه‌ی کوردایه‌تیه‌که‌ی ئه‌و ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه.
خواکانی ئێمه دیسان لێره به‌سه‌قه‌تی بڕیاری دروست کردنی جیهانی نوێ ده‌ده‌ن، بۆیه قه‌ت جیهانی نوێیان بۆ دانامه‌زرێ. خواکانی رۆژئاوا له مه‌رگی خۆشیاندا هه‌ر رێکخه‌ر و دروستکه‌رن، به‌ڵام خواکانی ئێمه به زیندوییش هه‌ر سه‌قه‌تن.
ئاشکرایه دیارده‌ی کۆچ پێش له هه‌ر شتێک له ماهیه‌تی جووڵه‌ی سه‌رمایه‌داریه‌وه هاتووه. کۆچ ئه‌و خشته‌یه‌یه که نیشانده‌ری نفوزی توند‌و تۆڵی سه‌رمایه‌داری جیهانی له کوردستانه. وێنه‌و ده‌نگ و نووسراوه‌و ره‌نگه‌کان به‌رده‌وام بۆردمانی ناوچه ئارام و سونه‌تیه‌کان ده‌که‌ن و جیهانی کۆن ده‌شڵه‌ژێنن. نیگه‌رانی و دڵه‌ڕاوکێیه‌کی سه‌یر سه‌ری هه‌ڵداوه. ده‌ورانه ئارامه‌کان به‌سه‌رچوون. به‌ڵام ده‌ورانه پڕ له جوڵه‌کانیش نه‌هاتوون. تۆ بڵێی له‌م وێنه گشتیه‌دا مێژوو به چ بارێک‌دا حوکم بدات؟ کۆمه‌ڵگای کوردی کۆچبه‌ر ده‌بێ به په‌راوێزێکی دیکه‌ی جیهان، یان ده‌بێ به پاڵنه‌رو رێکخه‌رێکی دیکه‌ی کوردستان به‌ره‌و مۆدێرنیزاسیۆن؟ داخۆ بۆ ئێمه که له به‌رزه‌خی نێوان “ئارام” و “جوڵه”دا ده‌ژین، چ چاره‌نوسێک به‌رۆکمان پێ ده‌گرێ؟
یه‌کێک له پێناسه‌کانی ئه‌م به‌رزه‌خه بۆ ئێمه بریتیه له “کۆچ”. مرۆڤی کۆچبه‌ر نه “ئارام”ه و نه “جوڵه”یه. له هه‌ردووکیان خۆراک وه‌رده‌گرێ، له‌و کاته‌دا که به شکڵ “جوڵه”ی وه‌رگرتووه، له نێوه‌رۆکدا هێشتا “ئارام”ه. ئه‌مه‌ش ئاساییه. چونکه “ئارام” بۆ ئه‌و بریتیه له مێژویێکی دوور‌و درێژ، به‌ڵام جوڵه بریتیه له مێژویه‌ک که قه‌راره له داهاتوودا بێت. ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیه پرۆسه‌ی “کۆچ به مه‌به‌ستی خه‌بات”یش ده‌گرێته‌وه.
به‌رزه‌خ حاڵه‌تی پێش گۆڕانه. گۆران، سات به ساتی به‌رزه‌خی داگیر کردوه. به‌ڵام بڵێی ئه‌م حاڵه‌ته چه‌نده بخایه‌نێ؟ به‌تایبه‌ت له دونیا‌و له سه‌رده‌مێکدا که حاڵه‌ته بهرزهخیهکان “سه‌ره‌ڕای جوڵه‌ی سه‌ر سوڕێنه‌ری جیهان” گه‌لێک دوور‌و درێژتر خۆیان ده‌نوێنن. تۆ بڵێی مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه په‌له‌یه‌تی، یان به‌ڕاستی زۆربه‌ی گۆڕانه شیاوه‌کان وهدوواکهون؟
فه‌ڕۆخ نێعمه‌تپوور
دیدگاهتان را بنویسید