فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

سوپاس باوکە گیان

کات 03/03/1394 476 بازدید

سوپاس باوکە گیان!

کچێک لە سەر گۆڕەکەی باوکی دانیشتووە. مەرگی باوکی باوەڕ ناکا. نازانێ بۆ. گوناحی باوکیەتی، بیرەوەرییەکانە، خۆشەویستی، یان هەمووی ئەمانە پێکەوە،… نازانێ. ئەو دەزانێ لە شوێنی دانیشتنەکەیەوە هەتا لای باوکی رەنگە تەنیا دوو مەتر بێت. بەڵام درێژترین مەودای جیهان، وەها کە وەڕەزی دەکا، یەکجار وەڕەز. جاری وایە هەست دەکا گەر لەو بێدەنگییەدا کەمێک دەنگ هەڵبڕێ و بە باوکی بڵێ کە ئیدی درەنگە و دەبێ بڕۆنەوە بۆ ماڵەوە، باوکی هەڵدەستێ و بە ئارامی گڵەکان لە سەر خۆی لادەدا و لە گەڵ کچەکەی روو لە ماڵەوە دەکاتەوە. وەک جاران. تەنانەت داوای لێبوردن لە کچەکەیشی دەکا، داوای لێبوردن لەو گەمە ترسناکەی مەرگ کە دڵڕەقانە لە گەڵی کردبوو. کچەکە ئارام دەست بە سەر خۆڵی بەردەمی دا دەهێنێ و بە کلووەکان پەرژینێکی نزم بە دەوری گۆڕەکدا چێدەکا.

کتوپڕ بایەک هەڵدەکا و گەڵایەک لە لقێک جیادەکاتەوە و لە گەڵ خۆی دەیبا و دەیبا، هەتا دەگاتە کچەکە. ئەوسا گەڵاکە وەک قردێلە لە سەری کچەکە دەدات. قردیلەیەکی سەوز.

جار جارە حەزی لادانی گڵەکان سەرپەنجەکانی دەگەزێ. دەست دەکێشێ و دوواتر دووای کەمێک رامان دەیکشێنێتەوە. چەند جارێک. گەر تەنیا گڵ لەمپەرە و، بە سڕینەوەی، جیهان وەک جارانی لێدێتەوە، ئەی بۆ لاینەدا؟ بەڵام لاینادا. شتێک وەک باکە پێی دەڵێ رازێک لەم مەرگەدا هەیە کە بە لادانی گڵ چارەسەر ناکرێ. خەمەکە تا دێت لە دەروونیدا قورستر دەبێ.

ئەوجا باکە جارێکی تر هەڵدەکاتەوە. ئەمجارەیان لە گەڵ خۆی بەرگێکی سپی دێنێ، دەیهێنێ و دەیهێنێ،… هەتا دەگاتە لای کچەکە. ئەوسا بۆی لەبەر دەکا. رێک بە قەد باڵای خۆی.

سەرهەڵدەبڕێ و سەیری کێلەکان دەکا. دوو بەردی رەق، بێدەنگ و بێ هیچ مانایەک لە سەریان و لە بوونیان. ناخۆشترین نیشانەی ماڵئاوایی لە ژیان. لە بیری دێ جارێکیان بە منداڵی لە کاتی تێپەڕین بە تەنیشت گۆڕستانێکدا لە باوکی پرسیبوو:

 ـ “بابە گیان! ئەو بەردانە چین؟”

 باوکی لە وەڵامدا گوتبووی:

ـ “ئەوانە گۆڕن.”

ـ ” مەگەر مردووەکان لە ناو ئەواندا دەنێژن؟”

ـ “نا، رۆڵە. ئەو بەردانە بۆ ئەوەیە کاتێک بێتاقەت بوون بتوانن دەستی پێوە بگرن و بێنە دەر و، لە کاتێکدا هیچ بنیادەمێکی لێ نیە بۆ خۆیان کەمێک پیاسە بکەن.”

ـ “وەی بابە، زۆر ترسناکە!”

ـ نا، رۆڵە، ترسناکی چی، بە پێچەوانەوە زۆریش خۆشە!”

کەواتە باوکی لە بێدەنگیی گۆڕستاندا دەست بەم کێلانەوە دەگرێ و دێتە دەر و بە دەم پیاسەوە لێرەوە سەیری شار دەکا،… سەیری ماڵەکەی خۆیان. خۆشییەک بە دڵە خنجیلانە و تەنگەکەیدا دەگەڕێ.

باکە بۆ سێهەم جار هەڵدەکاتەوە. ئەمجارە لە گەڵ خۆی جووتێ پێڵاوی رەنگاوڕەنگ دێنێ،… دەیهێنێ و دەیهێنێ تا دەگاتە لای کچەکە. ئەوسا بۆی لەپێ دەکا.

گۆزەیەک ئاو بە لاخوارووی گۆڕەکەوەیە. گۆزەیەکی قەدیمی. لە گڵی سووتاو و برژاو. دەست دەبا، هەڵیدەگرێ و پاشماوەی ئاوەکەی نێوی، بە سەر قەبرەکەدا دەپڕژێنێ. بە یادی ئاوبازییەکانی جاران کتوپڕ بزەیەکی سەیر و نابەوەخت لێوەکانی دەنەخشێنێ. ئاە، چەند حەز دەکا ئیستا باران ببارێ و هەموو جەستەی تەڕ تەڕی دنکە بێ رەنگ و سیحراوییەکانی باران بێت.

باکە بۆ چوارەم جار هەڵدەکاتەوە. ئەمجارە لە گەڵ خۆی لە گوڵە زەردو سوورەکانی خوارووی گۆڕستانەکە دێنێ،… دەیهێنێ و دەیهێنێ تا دەگاتە لای کچەکە، ئەوسا بە بەرۆک و مەچەک و کەمەر و بە گۆزینەکانیدا دەکا.

هەڵدەستێتە سەرپێ. ئیستا بووەتەوە بە کچە منداڵەکەی ساڵانی ساڵ لەوە پێش. قۆلەکانی تەواو دەکاتەوە و بە سەرسوڕماوییەوە لە خۆی دەڕوانێ. بە دەوری خۆیدا سوڕدەخوا. رێک وەک ساڵان، کاتێک باوکی دەستی دەگرت و لە ناو باخی حەوشەکەی خۆیان یەکەم گوڵی روواوی بەهاری پێشکەش دەکرد، رێک بەم جلانەوە.

نەرم نەرم چاو بۆ یەکەم گوڵی بەهاری ئەم ساڵ دەگێڕێ. بێگومان لە شوێنێک هەر لەم دەورووبەرانەیە. بە ناو بۆتە و درەخت و گیاکاندا چاو دەگێڕێ. کتوپڕ دەیبینێتەوە. دەست دەبا و هەڵیدەگرێ. بە روومەتییەوە دەنێ. بۆنی باوکی دێ.

ئارام هەنگاو هەڵدێنێتەوە و بەرەو ماڵەوە دەبێتەوە. باکە هەڵیکردەوە و لە گەڵی دێت. قردێلە و جل و گوڵەکان دەکەونە سەما. باکە سەر گۆنای گەزی، رێک وەک ماچی سەردەمی منداڵیی باوکی. بە دەم رێگاوە بزەیەک دەیگرێ. چاو لە گوڵەکە دەکاتەوە. گەر بگاتەوە ماڵ، لە ناو پەرداخێک ئاو لە بەر ئەو پەنجەرەیەدا دایدەنێ وا بەرەو گۆرستانەکە دەڕوانێ. بەم شێوەیە باوکی هەم لە ماڵەوەیە و هەم لەوێ.

لە کاتێکدا بۆنی گوڵەکە بۆ جارێکی تر بە توندی هەڵدەمژێتەوە، لەو ئێوارە درەنگەیەدا لەبەر خۆیەوە دەڵێ:

ـ “سوپاس باوکە گیان،… سوپاس!” 

  فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *