فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و بە…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

لە بیرم دێت (٢و١)

کات 15/11/1399 482 بازدید

من ئەوەتەی لە بیرم دێت قۆناغەکانی تەمەنی خۆمم قەت بۆ لێک جیانەدەکرانەوە. بۆ وێنە قۆناغی نێوان منداڵی و مێردمنداڵی، مێردمنداڵی و گەنجیەتی، گەنجیەتی و گەورەساڵی و… . رەنگە زۆر کەس وابێت. ئێمە تەنیا سەردەمانێک لە کات تێدەگەین کە بازمان بەسەردا دابێت و زەمەنێکی باشی بەسەردا تێپەڕیبێت.

لەبیرم دێت زۆرم حەز بە خوێندنەوەی کتێب بوو، یان رەنگە گوتیان دەبێ زۆر حەزت لێی بێت! نازانم. رەنگە تێکەڵێک لە هەر دووکیان بووبێت. بڕواناکەم کەس لەم ژیانەدا، تەنانەت گەر بە زۆریش پێیان کردبێت گەر کەمێک حەزی لەسەری نەبووبێت، توانیبێتی لێی بەردەوام بێت. چارەنووس و داهاتووی ئێمە شتێکە لە نێوان ئەم دووانەدا، لە نێوان زۆر و حەز، بەشێکی لەم و بەشێکی لەو.

رۆژێک پوورم دەستی گرتم و بردمی بۆ کتێبخانەی منداڵانی شار کە ئەوسا بینایەکی گچکەی چیمەنتۆ بوو کە بەهۆی چیمەنتۆبوونەکەیەوە خۆی بە تەواوی لە هەموو خانووەکانی تری شار جیادەکردەوە. لە خانووە گڵییەکان مەبەستمە. ئەو سەردەمە، لەم جۆرە خانووانە زۆر نەبوون. تاق و تەرا دەستدەکەوتن. لە بیرم دێت سەرنجی خەڵکیان زۆر رادەکێشا. وەک بڵێی لەو دیو دیوارەکانیانەوە جیهانێکی سەیر و سەمەرە بێت و خەڵکێکی تایبەتیان تیا بژی. هەڵبەت یەک دوو ساڵ دوواتر گەڕەکێک بۆ ئەم جۆرە ماڵانە تەرخانکرا و ناوی لێنرا “خانە سازمانییەکان”! گەڕەکێک لە باشووری رۆژهەڵاتی شار. کەس نازانێ ئەم ناوە بۆ. یان رەنگە من نایزانم بۆ؟ ناوەکە فارسی بوو و تەنیا ئەوەندەی، بە شێوازی کوردی کرابوو بە کۆ. خانە سازمانییەکان، ئەوانەی تیا دەژیان وا خەڵکی شار نەبوون و لە شوێنەکانی ترەوە هاتبوون. لە کارمەندی ئاسایی ئیدارە جۆربەجۆرەکانەوە بگرە هەتا ساواکی و رەئیس و شتی لەم بابەتە. ئەو گەڕەکە تایبەتی بوو و بۆ چینی مامناوەندی تەرخانکرابوو، ئەو چینەی کچ و کوڕەکان و ژنەکانیان لە چەشنیکی دیکر بوون و کاتێک شۆرشکرا زۆربەیان ونبوون. ئەو چینەی بە تاقی تەنیا لە هەموو گەڕەکەکانی تری شار زیاتر خاوەنی پاسکیل بوون و کچەکانیان بە شەرواڵ و بیجامەی گوڵگوڵییەوە سواریان دەبوون و دوواتر بۆ شەوەکەی گەنجەکانی گەڕەکەکانی تری شار دەستپەڕیان پێوەدەکردن. 

رۆژێکی بەهاریی خۆش بوو. چنارە باڵابەرزەکانی درێژایی ئەو جادەیەی ئێمەی دەگەیاندە کتێبخانەکە، بەدەم شنەی باوە دەشەکانەوە، گەڵا گەنجەکانیان کە سەوزێکی کاڵ و گەش بوون خۆیان لەیەکتر دەسوو و ئاوازێکی نەرمیان دەچڕی. شتێک وەک جریوە. ئەمە تەنیا شەقامی شار بوو کە درەختەکانیان بەو شێوەیە چڕ سەریان بە سەری یەکترەوە نابوو و داڵانێکی تایبەتیان لەم سەر تا ئەو سەری جادەکە دروستکردبوو. وەک بڵێی بەناو تونێلێکی سەوز بە سەقفێکی شینەوە تێدەپەڕیم. نازانم تاوانی کتێبخانەکە بوو یان جادەکە، بەڵام من بە ئیستایشەوە یەکجار گەشبینم و هەمیشە لام وابووە ژیان شتێکی عەجایەبە و هەمیشە بەڵێنە شتێکی خۆش رووبدات. لە داهاتوودا. هەرچەند هەتا ئەم قۆناغەی تەمەنیشم وەها شتێکم بە خۆمەوە نەبینیوە و حەزەکە تەنیا وەک حەز لەوێ ماوەتەوە. جاری وایە هەست دەکەم کەسێک هەر لەسەرەتاوە منی خەڵەتاند. نازانم کێ بوو، بەڵام دەزانم هەبوو. هەرچەند وەک لەوە پێش گوتم مرۆڤ ناکرێ شتێکی بەسەردا نەیەت کە بۆ خۆی کەمێک حەزی لێی نەبێت. من حەزم لەم خەڵەتانە بوو. لەم رۆژانە لە شوێنێک خوێندمەوە ژیان بە ئەفسانەکانەوە چێژی هەیە و ئەقڵ ژیانی بێتام کردووە. بۆیە حەزدەکەم ناوی ئەو درۆیە بنێم ئەفسانە. من هەر لەو ساڵانەوە حەزم لە ئەفسانە بوو.

لە شوێنێک لە جادەکە لاماندا و چووینە حەوشەیەکی گەورەوە. لەو سەری حەوشەکە بینای کتێبخانەکە بوو. بە سەر سێ پلیکانەدا سەرکەوتین و بە دەرگایەکی ئاسنینی نیوەشووشەدا چووینە ژوورەوە. من کە لام وابوو دەبێ خەڵکێکی زۆری لێ بێت، بینیم تەنیا ژنێک لە پشت مێزێک دانیشتووە و بە شتێکەوە سەرقاڵە. ژنێکی چاویلکە لەچاو. بە بزەیەکەوە لەبەرمان هەستا و بەدەم پورمەوە هات و بە نیگایەکی پڕ لە سۆز و پێکەنینەوە لە منیشی رووانی. پوورم گوتی دەمەوێ لێرە وەک ئەندام ناونووسی بکەم. گوتی کوڕەکەمان دەبێتە خوێندەوارێکی تایبەت! لەبیرم دێت بە ناو قەفەسەی کتێبەکاندا گەڕام و لە کتێبەکانم رووانی. پوورم کە وەک بڵێی لەگەڵ خانمە بەرپرسەکە یەکتریان باش دەناسی، دانیشتبوون و بەگەرمی سەرقاڵی قسە بوون. کتێبەکان ئەوەندە زۆر بوون کە نەمدەزانی سەیری کامیان بکەم. بۆنی تایبەتیان، وێنە رەنگاوڕەنگەکانیان و ئەو رستانەی کە بە جوانی لەسەر لاپەڕەکانیان نەخشیان بەستبوو، بەتەواوی سەرنجیان رادەکێشام. هەر کامەیانم بەدەستەوە دەگرت و بەرگەکەیم هەڵدەدایەوە، دەمبینی جیهانێک خۆی تیا حەشاردابوو. من لە ناو بێ ئەژمار جیهاندا گەمارۆ درابووم. جیهانە بێدەنگ و ئارامەکان کە پاڵیان بە یەکترەوە دابوو و چاوەڕوانی کەسێک تامەزرۆی کردنەوەی خۆیان بوون. من ئەگەرچی تا ئەو ساتە یەک تاقە کتێب چییە نەمخوێندبووەوە، زانیم دەتوانم تەنیا بە بەدەستەوەگرتنی یەکیان و کردنەوەی، دەروازەیەکی تر بە رووی خۆمدا بکەمەوە. چەند هەستێکی سەیربوو.

کارتی ئەندامەتییەکەم وەرگرت و دوو کتێبیشم بە ئەمانەت خستە بن باڵم و وەدەرکەوتین. دەبا ساڵەکان تێپەڕن و ئەوسا من ئەو دەرفەتەم بۆ بڕەخسێ بتوانم لێکی بدەمەوە کە من ئەو رۆژە لە قۆناغی پەڕینەوەی زارۆک بەرەو منداڵی بووم. تاوانی پوورم بوو، جادەکە، یان کتێبەکان نازانم. رەنگە تاوانی هەر هەموویان پێکەوە بێت.

کە گەڕاینەوە دیسان هەمان رێگامان گرتەوە بەر، بەڵام ئەمجارەیان پێچەوانە و کەمێک درەنگتریش ببوو. هەتاو خوارببووەوە. گەڵاکان، سەوزە روونەکەیان نەمابوو و بگرە لە گۆرانیش کەوتبوون. جادەکە کە ناوەناوە ماشینی پیاتێدەپەڕی، وڕ دەهاتە بەرچاوم. وەک بڵێی لە شتێک ترسابێ، وەک بڵێی کارەساتێک روویدابێ و من و پوورم هێشتا پێمان نەزانیبێ. دەستم خستە ناو دەستی پوورم و سەرم هەڵبڕی و بەدەمیەوە پێکەنیم. ئەویش سەیری کردم و پێکەنی. رەنگە پێکەنینەکە کارەساتەکەی ئەو رۆژەی دوور خستبێتەوە، رەنگیشە نا. من ساڵانی ساڵ دوواتر بوو زانیم ئەو رۆژە من هەنگاوێک لە ماڵەوە دوورتر کەوتمەوە. لە دایکم، لە باوکم، رەنگە لە گەڕەک و لە شارەکە و لە نیشتمانیش. پوورم گوتی دەبێ جوان ئاگام لە کتێبەکان بێت، گوتی ئەمانەتن و گەر شتێکیان لێ بێت دەبێ بە پووڵ قەرەبووی بکەینەوە. گوتی تەنیا کاتێک دەیانخوێنیتەوە لە تاقەکە دایاندەگری و دوواتر دەستبەجێ دەیانخەیتەوە سەر جێگای خۆی. گوتی هەر دووکیشیان پێکەوە ناخوێنیتەوە، بەڵکو دانەدانە. هەرچەند من ساڵانی ساڵ دوواتر ئەم نەسیحەتەی پوورمم لەبیرکرد و جاری وابوو سێ چوار کتێبم پێکەوە دەخوێندەوە. نازانم بۆ پوورم دەیگوت دەبێ دانەدانە بیانخوێنمەوە. بۆ ناکرێ هاوکات مرۆڤ لە چەند جیهاندا بژی. مەگەر خەیاڵ جەستەیە تا تەنیا بتوانێ لەیەک شوێندا هەبێ؟ دیارە هەر ئەو رۆژەیش بەقسەی پوورم نەکرد و هەردووکیانم پێکەوە دەخوێندەوە. لەمەوە بۆ ئەویان و لەوەوە بۆ ئەمیان. بەناو رستە و وێنەکاندا شێتانە دەهاتم و دەچووم و هەوڵیشم دەدا جیاوازییەکانیشیان بدۆزمەوە. راستییەکەی ئەوە بوو هەتا بردنەوەیان بۆ کتێبخانە و وەرگرتنی دوو کتێبی تر، کە هەفتەیەکی خایاند، من چەندین جار ئەو دوو کتێبەم خوێندەوە. بگرە چیرۆکەکانیشم لەبەر کردن و لە کۆڵان بۆ هاوڕێکانم گێڕانەوە. هەرچەندە هەستم دەکرد بە بێ وێنەکان ئەو تام و چێژەیان نیە و ناتوانم ئەوەی لە دەروونمدا بوو بۆیان راگوێزم. بەڵام ئەوان زۆر بە تامەزرۆییەوە گوێیان لێدەگرتم. بە نیگایاندا ئەوەندەی تر زانیم کە من چیتر نابێ دەست لە کتێب هەڵگرم و هەتا بتوانم دەبێ ئاوێتەیان بم.

بە شەویشدا خەوم بە کتێبەکانەوە دەبینی. بۆ وێنە خەوم دەبینی لێیان دەدزیم و وندەبوون، ئەوسا بە گریان خەبەرم دەبووەوە. دایکم دەستی دەبرد و لێوانە ئاوەکەی پشت سەری دەنا بە لێومەوە و پاش ئەوەی ئارام دەبوومەوە، دەخەوتمەوە. دایکم دەیبۆڵاند و دەیگوت عاقیبەت سەرت دەخۆن! یان خەوم بە خودی چیرۆکی ناو کتێبەکانەوە دەبینی. لە خەوەکەمدا ئەو کچۆڵەی سەبەتەی خواردنەکەی لە ناو دارستانەوە بۆ دایەگەورەکەی دەبرد، دەهاتە حەوشەکەمان و لە پشت پەنجەرەکانەوە، چاو بە بزە وەک بەرپرسی کتێبخانەکە، لێی دەڕوانیم. یان خەوم دەبینی بۆ خۆم دەخزامە ناو کتێبەکەوە و دەبووم بە بەشیک لە چیرۆکەکە و هەتا دووالاپەڕە دەڕۆیشتم. لە بیرم دێت کاتێک بۆ خۆم دەبووم بە کەسێکی ناو چیرۆکەکە، داستانەکە یەکجار درێژ دەبووەوە وەها کە هەستم دەکرد قەت ناگەمە دووالاپەڕە. لە راستیدا کاتێک بەئاگادەهاتم بە خۆم دەگوت نا، قەت حەزناکەم ببمە بەشێک لە چیرۆکەکان. شتێک لە دەروونەوە بەشێوەیەکی ناڕوون پێی دەگوتم چیرۆکەکان تەنیا لەناو کتێبەکاندا خۆشن،… دەیگوت وشیاربە!

لەبیرم دێت دایکم کاتێک خەریکی خاوێنکردنەوەی ناو ماڵ بوو و بۆ یەکەم جار چاوی بە کتێبەکان کەوت، گوتی ئەمانە چین؟ ئەوسا ئەم دیواودیوێکی کردن و بە بێ ئەوەی چاوەڕوانی وەڵامی من بێت خستنیەوە سەرجێگای خۆی و دەستی کردەوە بەکارکردن. باوکم بەپێچەوانەی دایکم سەیرێکی ناوەڕۆکەکەی کردن و پاشان لە منی رووانی و ئەویش وەک دایکم خستنیەوە سەر جێگاکەی خۆیان. بۆ سبەی ئێوارە گوێم لێبوو بە پوورمی گوت دەستت خۆش! پوورم بزەیەکی هاتێ. ساڵانی ساڵ دوواتر کاتێک هاوڕێیەکم بە کتێبێکەوە گیرا، بیری ئەو بزەیەی پوورم کەوتمەوە. داخۆ ئەو ئەم رۆژانەی دەبینی؟ نا، بڕواناکەم. پێم وایە لای ئەو ژیان هەمان جادەی ئەو دووانیوەڕۆیەی ئەو ساڵانە بوو بەرەو کتێبخانەکە. رەنگە ئەو، ئەو رۆژانە لای وابوو هیچ شتێک لە کتێبەکاندا نیە بتوانێ ببێتە هۆکاری ئەوەی وا بە سەر هاوڕێکەمدا هات. رەنگە لای پوورم جیهانە خەیاڵییەکانی ناو کتێبەکان بێ ئازارترین جیهانەکانی دونیا بن. ئاخر نەک ئەوەی ئەوان لە دوو توێی خۆیاندا دەمێننەوە و قەت ناتوانن بێنە دەرەوە و ببنە بەشێک لە جیهانی راستەقینە. من هەندێ جار لام وایە هاوڕێکەم خۆی گەمژە بووە.

رەنگە پێتان سەیربێت گەر بلێم من تەنیا کاتێک تەمەنم لە چل لایدا زانیم جادەکەی ئەو رۆژە رێک ئەو شوێنە بوو من تێیدا چوومە قۆناغیکی تری ژیانمەوە… قۆناغێکی دیکەی تەمەنەوە. بۆنەکان و رەنگەکان ماون و بەردەوام شاهیدی دەدەن. گەر رۆژێک رێگات کەوتە ئەوێ و بە ناو ئەو جادەیەدا تێپەڕی، ئەویش بۆت دەگێڕیتەوە. ئەویش منداڵێکی لەبیرە بە دوو کتێب لە بن باخەڵیدا کە لای وابوو ئاسمانی شینی سەر سەری لە شوێنێک دەگەییە دونیایەکی عەجایەب، تەنیا ئەوەندەی کە ئەو دەبا بەردەوام بووایە،… بەردەوام.

پوورم کە ئاگای لێیە من لە کۆڵان چیرۆکی ناو کتێبەکانی کتێبخانە بۆ منداڵانی گەڕەک سەرلەنوێ دەگێڕمەوە، پێی وایە کتێبخوێنی باش ئەوە نیە وا چیرۆکەکانی خەڵکی تری جوان لەبیرە، بەڵکو ئەوەیە وا دەتوانێ سەرلەنوێ هەمان چیرۆک بە شێوەی خۆی دابڕێژێتەوە و بە جۆرێکی تر بیگێڕێتەوە. بگرە ئەوەندەیش سەرنجڕاکێش کە لە خودی چیرۆکەکە سەرنجڕاکێشترە. ئەو تەنانەت هەنگاوێک واوەتر لەمە دەڕوات و لای وایە چیرۆکی ژیانی خودی مرۆڤیش ئەوەی نیە وا روویداوە بەڵکو ئەوەیە وا دەمانەوێ رووبدات! ئەو کە ئەمەی لە رۆژێکی عەسری هاوین لە بن تاقەدرەختی ناو حەوشەکەدا پێ دەگوتم، زۆر بە دڵنیاییەکی سەیرەوە ئەم رستانەی بە دەمدا دەهات. من وەک هەمیشە لە دووای ئەوەی تەمەنم لە چل لایدا هاتەوە بیرم پێی بڵێم داخۆ ئەمە خەیانەت نیە بە دەق یاخود بە ژیانی راستەقینەی خۆمان، هەستمکرد لە دووای هەموو ئەو ساڵانە ئەو دڵنیاییەی وا بەردەوام لە دەنگی ئەودا هەبوو، هێشتا لە مندا تۆزیشی دیارنەبوو.

بەڵام راوەستن! نەکا هۆکاری هەموو دۆڕانەکانی من ئەمە بێت؟… نەکا هۆکاری ئەمە کتێبەکان بن؟ سەیرە، ئەوە دەستی منی گرت و بەرەو کتێبخانەی بردم و گوتی دەبێ بخوێنمەوە و کەچی خۆی یەکجار لە گومان دوور بوو. ئیستا بیردەکەمەوە رەنگە هۆکاری هەموو دڕدۆنگییەکان لە خۆمدا بێت نەک لە کتێبەکاندا. گەر بەردەوام ئەو ساڵانە بایە، حەزم دەکرد ئەم گفتوگۆیە لەگەڵ پوورم درێژە پێبدەم و بڵێم چیرۆک لە راستیدا دوو جۆرن: راستەقینە و ناڕاستەقینە (یاخود خوڵقێندراو). بەڵام زۆر خێرا بیر لە خوڵقێندراو دەکەمەوە. داخۆ ئەوەی وا روویشی دا خوڵقاو نەبوو؟ ئیستا دەزانم کە پوورم ناڕاستەوخۆ دەیویست ئەوەم پێ بڵێ ژیان بریتییە لە خوڵقان نەک دووپاتکردنەوەی ئەوەی وا روویدا. پوورم دەیزانی ئەوانەی وا خاوەن چیرۆکی خۆیانن بەڕاستی بەردەوام دەبن نەک ئەوانەی وا چیرۆکی خەڵقی و بگرە تەنانەت ئەو چیرۆکەی وا بە سەرخۆیاندا هاتووە سەر لەنوێ دەگێڕنەوە. لای ئەو چیرۆک گێڕانەوەی هەموو شتێک بوو بە شێوازی خۆمان. ئەو دەیەویست پێم بڵێ گەر ئێمە خۆمان چیرۆکەکان نەخوڵقێنین ئەوا خەڵکی دیکە دەیانخوڵقێنن. من دیسان لە دووای ساڵانی ساڵە لەمە دەگەم. نازانم بۆ. بەڵام راستی ئێمە چۆن چۆنی دەبێ چیرۆکی خۆمان بخوڵقێنین، داخۆ دەتوانین؟ رۆژێک هەوڵدەدەم ئەمە بکەم. دەبینم یەکجار دژوارە. هەرچی دەکەم ناتوانم و دیسان لەوێوە دەست پێدەکەمەوە وا روویداوە. زەینم لە شتی تر بەتاڵە تا کتوپڕ تێدەگەم کە دەبێ لە خەونەکانمەوە دەست پێبکەم. بەڵام خەونەکانیشم زۆر دوور و درێژ نین و زوو دەگەمە ئەوسەریان. ئەوسا بیرم بە لای شتێکی تردا دەچێ: تێکەڵکردنی خەون و واقع. هەموو شتەکان بە گوێرەی خەیاڵەکانم دەگۆڕم و خەیاڵەکانیشم بە گوێرەی ئەوان دادەڕێژمەوە. دەبینم دونیایەکی سیحراوی سەیر بەڕوومدا دەکرێتەوە. تەنانەت ئەمە لەگەڵ کتێبەکانیش دەکەم. پوورم چەند زیرەک بوو! بەڵام ئەو ساڵانە من بە دزیی ئەوەوە هەر لە گێڕانەوەی ئەوەی وا لە کتێبەکاندا روویاندەدا بەردەوام بووم. تەنیا بەو هۆکارەی کە لە دووای تەمەنی چل ساڵی بەدوواوە لە قسەکانی گەیشتم. پووریشم کە یەکجار رقی لە گەمژەیی من هەستابوو، وازی لە نەسیحەتەکانی عەسرانەی ژێر تاقە درەختەکە هێنا و، لە داخانا دەستی کرد بە چنینی گۆرەوی و دەستکێشی زستانی بۆ من. ئەو کە دەیزانی من دەبێ بە تەنیایی لە بڕینی جادەکەی بەرەو کتێبخانە بەردەوام بم، بۆ ئەوەی دەست و قاچم نەتەزن و بەئاسانی بگەمەوە کتیىخانەکە، هەموو ساڵێک دوو جووت گۆرەوی بەن و جووتێک دەستکێشی کاموای بۆ دەچنیم. زستانان کاتێک دەگەیشتمە ئەو سەری جادەکە، لام دەکردەوە و لە رێچکەی هەنگاوەکانی خۆمم دەڕوانی. رێچکەکە خەیاڵی دەبردم. شتێک لەوێ لە ناویاندا بەجێمابوو،… لە من بە جێمابوو. چی بوو، نازانم. هەستم دەکرد گەر دەنگ هەڵبڕم و هاواری لێبکەم، وەڵامم دەداتەوە و دیسان شوێنم دەکەوێتەوە. بەڵام لە هاوارکردنەکە دەترسام. دەترسام کەسێک شتێک جوابم بداتەوە، کەسێک کە نابینرێ، بەڵام هەیە! لەمەیش ترسناکتر نیە لە دونیادا. نەکا من بوونێکم کە بەشێکم لە خۆم ونە؟ پوورم دەڵێ بە خوێندنەوە نەک تەنیا وەڵامەکان زیاد ناکەن، بەڵکو پرسیارەکانیش زۆرتر دەبن. دڵ و دەروونم دەلەرزن. یەکێک لەمنداڵەکانی گەڕەک کە تەنیا ساڵێک لە خۆم گەورەترە و گاڵتەی بە من و بە کتێبەکانم دێت، ئەوێک کە شەرم لە کەس ناکا و هەر کاتێک میزی بێت و لەهەر شوێنێک بێت پانتۆڵەکەی دادەداتەوە و بە پێوە هەڵدەمیزێنێ، دەڵێ پوورت گەر شووی بکردایە ئەم قسە زلانەی نەدەکرد! من کە دیسان لە دووای تەمەنی چل ساڵێم لەوە گەیشتم ئەمە قسەی خۆی نیە و لە ماڵەوە فێریان کردووە، دەزانم لە حەسوودیا ئەم قسەدەکا و گەر دەستی ئەویشیان وەک دەستی من بگرتایە و بە ناو جادە سیحراوییەکەدا بەرەو کتێبخانەکە بیانبردایە ئەوا قەت وای نەدەگوت. من جوابی نادەمەوە. ئەویش لەسەر وەڵامی من راناوەستێ و لەبەر ئەوەی میزی دێتەوە دەچێ و لە بن دیوارێک رادەوەستێ و بە میزەکەی پیایا هەڵدەزنێ. مچۆرکەی دووا چۆڕەکان بە ئاستەم جەستەی دەلەرێننەوە. زەردەواڵەیەک بەدەوری سەریدا دەسووڕێتەوە. بۆچەکی میزەکەیە سەرنجی قۆستۆتەوە. من بە گوێگرەکانم دەڵێم دارستان هەمیشە پڕی گورکە. ئەوان چاویان بزدەبێتەوە و یەکیان دەڵێ دارستان چییە. دەلێم ئەو شوێنەی وا درەختی زۆری لێیە. ئەوسا بیری وێنەی ناو کتێبەکە دەکەومەوە. چ دونیایەکی سەرسەوز! خۆشبەخت ئەوانەی لە وەها شوێنێکدا دەژین. هەڵبەت ئەمە ناڵێم. یەکێک لە منداڵەکان دەڵێ منیش دەچم بۆ کتێبخانە، باوکم دەمبا. ئەوسا هەڵدەستێ و دەڕوا. لێی ورد دەبمەوە. کتوپڕ هەڵدەستم و منیش بەپەلە جێیان دێڵم. هاواردەکەن ئەی چیرۆکەکە؟ من لاناکەمەوە و دەڕۆم.

دوو رۆژ لە ماڵەوە ناڕۆمەدەر. سەری سێهەم رۆژ لەبەر ئەوەی نۆرەی ئەوەیە بچم و کتێبی نوێ بهێنمەوە، دەچمەوە کۆڵان. بە خۆشییەوە کەسی لێ نیە. بەپەلە لە چاوان وندەبم و دەگەمە جادە بەناوبانگەکە. لەوێ کتوپڕ تووڕەیی ئەو دوو رۆژەم وندەبێ و هەست دەکەم هیچ رقێکم لە منداڵەکە نیە. بگرە گەر پێکیشەوە بچین بۆ کتێبخانەکە چ باشتر. هەرچەند ساڵەکان تێپەڕین و من قەت ئەوم لەوێ نەبینی!

زستانان بالای بەرزی چنارەکان لە ژێر بەفری قورستردا دادەنوێنەوە. ناڵەناڵیانە. هەستدەکەم ماندوون. ماندووتر لەوەی بتوانن قورسایی سپیەتی لەسەر شانەکانیان راگرن. قشقڕەکان لە حەوشەی قوتابخانە قاڕەقاڕیانە. خانە سازمانییەکانیش بێدەنگتر لە هەمیشە لە ناو بەفردا کپ و بێدەنگن. کەس بانەکانی ئەوان ناماڵی. شیروانین و بەفر بۆ خۆی هەڵدەخلیسکێ و دەڕمێتە خوارەوە. هاوپۆلێکم لە یەکێک لەو خانووانەدا دەژی. ناوی ‘جەمشید’ە. سپیکەلە بە قژێکی خاوەوە کە هەمیشە بەر چاوەکانی دەگرێ و بۆیە مەجبوورە خێراخێرا بە دەستی لایبدا. ئەو تەنیا قوتابییەکە نە مودیر و نە مامۆستا پێی ناڵێ دەبێ قژی بتاشێ. مامۆستاکان دەڵێن لەبەر ئەوەی هەموو رۆژێ حەمام دەکا و ئاگای لە پاک و خاوێنیی خۆیەتی قەیناکا. وەک دەڵێن لە ماڵەوە حەمامیان هەیە. دەلین ئەو و دایکی و خوشکەکەی قەت ناچن بۆ حەمامی دەرەوە. من لە ژێر کڵاوە زستانییەکەمەوە دەست بە سەری تاشراوی خۆمدا دێنم و حەزدەکەم قژی منیش درێژ و خاو بێت. حەزدەکەم روخسارم سپی بێت و لە ماڵەوە حەمام بکەم. من رقم لەوەیە لە گەڵ باوکم یاخود دایکم بچم بۆ حەمام. من رقم لەو هەموو منداڵەیە وا دەقیژێنن و دەگرین و بەناو یەکتردا دەوروکێن. کتێبەکانی بم باخەڵم، کە لە ژێر پاڵتاوەکەوەن، بە خۆمەوە دەگوشم و خەیاڵێک پێم دەڵێ لەگەڵ ئەوەی من دەچم بۆ حەمامی دەرەوە بەڵام لە چەشنێکی دیکەم! ئەمە، ئەو جورئەتەم دەداتێ ئاراستەی رێگاکەم بگۆڕم و بەرەو خانە سازمانییەکان بادەمەوە. دڵنیانیم کامەیان خانووی ئەوانە. خانووەکان پاڵیان بە یەکترەوە داوە و بە دریژایی جادەکان راکشاون. بەفر باڵابەرزە و پەنجەرەکان بە جوانی نابینرێن. بەڵام ئەو لە یەکێک لەم خانووانەدایە. دڵنیام دەمبینێ. تەنیا ئەوەی ئەوەندە ساردە جورئەتی نیە بێتەدەرەوە. داخۆ هەروایش نەبووە؟ داخۆ وەها نەبووە ئەوانەی وەک ئەو هەمیشە لە ترسنۆکەکانن؟ جەمشید تەنانەت ناوێرێ بە تەنیا بچێت بۆ مەدرەسە و بە تەنیاش بڕواتەوە. هەمیشە کەسێک دێت بە شوێنیا. بە ترۆمبیلێکی سپییەوە. تەنیا ترسنۆکەکانن ناوێرن بە تەنیایی رێگاکان ببڕن. تەنیا قژ خاو و سپیلکەکانن لە هەموو شتێک دەسڵێمنەوە و هەڵدەبەزنەوە.

ئەوسا بۆنێکی خۆش سەرنجم دەقۆزێتەوە. چل ساڵ دوواتر دەزانم ئەوە بۆنی مریشکی برژاو و برینجی بۆن خۆشی شیمال بووە. ئەژنۆکانم شل دەبن. چەند رقم لە جەمشیدە! من دەبێ زوو بگەمەو ماڵەوە و دەست بکەم بە خوێندنەوەی دوو کتێبە تازەکەم. لەگەڵ ئەوەی هەست بە بوونیان دەکەم، بەڵام لە نێوان دوگمەکانەوە دەست دەبم بۆ ئەوەی دڵنیا بم بەردەوام لەوێن. ئەوانیش لەوێن، وەک هەمیشە.

چیرۆکەکان دەڵێن تەنیا گورگەکانن گۆشت خۆرن،… ئا، تەنیا گورگەکان!

پوورم پێنج برای هەیە. هەر هەموویان لە خۆی گەورەترن. بە باوکیشمەوە. بەڵام تەنیا باوکم لە ماڵەوە لەگەڵ پوورم دەژی. من و دایکم و خوشک و براکانیشم. باوەگەورەیشم. دایەگەورە لە مێژە مردووە. من لە بیرم نایەت کەی. کەسیش بۆی نەگێڕاومەتەوە. تەنیا ئەوەندە دەزانم لە رۆژێکی زستانیدا کاتێک کلوکلو بەفر لە دەرەوە دەباری و شار نوقمی بەفرێکی قورس بووە و شاخەکانی دورووبەر بەهۆی هەورە نزمەکانەوە دیارنەبوون، ئەو کە لە کاتی دروستکردنی نیسکێنەدا دەبێ، بەلادادێ و دەستبەجێ گیاندەدا. پوورم لای وایە یان سەکتەی دڵ بووە یان مێشک، باوەگەورەم لای وایە کاری خوای گەورەیە. من دیسان دووای چل ساڵ بیر لەوە دەکەمەوە گەر دکتۆرێکیان بێنایە ئەوا دەیزانی داخۆ کێ یاخود چی کوشتوویەتی. هەڵبەت گرینگ نیە. مرۆڤ کە مرد و رێگایەک بۆ گەڕانەوە نەبوو، ئیتر چ فەرق دەکا. ئەگەرچی من جاری وایە دڵم دێشێ و کاتێک چوومە لای دکتۆر و لێی پرسیم داخۆ لە بنەماڵەکەماندا کەس نەخۆشیی دڵی هەبووە یان نا، تیایا مامەوە چی وەڵام بدەمەوە. تەلەفۆنەکە هەڵدەگرم و هەوڵدەدەم لە پوورم پرسم. ئەو کە بەحاڵ دەنگی لە پشت گووشییەکەوە دێت و زۆر خێرا هەناسەی سواردەبێ و ماندوویی دایدەگرێ، دەڵێ بە قوربانت بم جا چووزانم! راستدەکا، نازانێ. بەڵام من دڵینام دایەگەورە بە راوەستانی دڵ مردووە. تەرمەکەیشیان هەر لەو گۆڕستانە ناشتووە وا بە تەپۆڵکەیەکەوە بەسەر شاردا دەڕوانێ. گۆڕستانێک دراوسێی ئێمە. بەدەستی راست هەندێ بەرەوخوارتر.

یەکەم برای پوورم وەستای دیوارە. رەشتییەکی زل دەبەستێ و قەڵەو و کەتەیە. نازانم چۆن بەو هەموو قورساییەوە خۆی بەسەر چێوبەستەکانەوە رادەگرێ. زۆر تووڕەیشە. بەردەست نەماوە غەرقی جوێنی نەکردبێ. هەرچی بەدەما بێت نایگێڕێتەوە و دەیڵێ. دەنەڕێنێ و هەموو وەستاکانی تریش لە خۆی ئاگاداردەکاتەوە، هەر لە وەستای جۆشکارەوە بگرە تا وەستای تاق و بیرهەڵکەنەکانیش. رەنگە تەنیا کەسێک وا گوێی لێ نیە وەستا بیرهەڵکەنەکەیە کە بە چەندین میتر لە ناو دڵی زەویدایە. دیارە ئەویش گوێی لە شتێکە و بۆیە سەر بەرزدەکاتەوە و لە کوونە روونەکەی سەر سەری کە تەنیا ئاسمانی لێوە دیارە دەڕوانێ و بە دەنگی بەرز دەڵێ “ها!” شاگردەکەیشی سەری نەوی دەکا (وەک بڵێی بە گوێی کەسێکدا بچپێنێ) هاواردەکا: “هیچ قوربان هیچ من نەبووم.” “ئەی کێ بوو؟” شاگردەکە کە بۆی زەحمەتە ئەو هەموو چیرۆکە لەو سەرەوە بە گوێی زەویدا بچپێنێ و بیگێڕێتەوە، دەڵێ “قوربان دووایی!”.

ـ “ها!”

بەم شێوەیە شاگردەکەیشی کە زۆر حەزی لە جوێنەکانی تری وەستای دیوارە، چیتر گوێی لێیان نامێنێ.

من لام وایە بە هۆی قەڵەوی یاخود تووڕەییەکانیەوە هەر رۆژێک بێت بەردەبێتەوە و جەستەی قورسی دووقڵیش دەبێ. لێرەدا بۆ ئاسانکاریی زیاتر ناوی ئەم برایەی پوورم دەنێم “مامەی جوێنفرۆش”. مامەی جوێنفرۆش کە جەژن دەگا، رەشتییەکی تازە دەبەستێ و جوانترین جلوبەرگەکانیشی لەبەردەکا. خۆشترین بۆنی دونیایش هی ئەوە. دەڵێن لە مەکەو مەدینەوە بۆی دێت. حاجییەکان بۆی دێنن. وەک سوپاسێک بۆ ئەوەی دیوارەکانی وەها مەحکەم سازکردووە کە تا ئیستا قەت بە سەریاندا نەڕماوە. مامەی جوێنفرۆش پێش دە پانزە پیاوی کەتەی وەک خۆی دەکەوێ و تەوای رۆژی جەژن ماڵەوماڵ دەکا و لە کاتێکدا تەسبێحە زلەکەی شەقەشەقی دێت، پیرۆزبایی لە خەڵکی دەکا. دیارە هەمیشە بە دەمیشییەوە لە دیوارەکان دەڕوانێ. ئەو دونیایەک بیرەوەریی لەم دیوارانە هەیە،… لە زۆربەیان. من رقم لەم مامەمە و خۆشم ناوێ.

برای دووهەمی پوورم دەستفرۆشە. هەموو چەشنە وردەواڵەیەک دەفرۆشێ. ژیانی لە قەراغ جادەکاندا تێدەپەڕێ. زۆریشی حەزلێیە. دەڵێ مرۆڤ بێتاقەت نابێ. جووڵەی شار سەرنجی دەبا و لە سپێدەوە هەتا ئێوارە لە رێبواران و لەو تاق و تەرا ترۆمبیلانە دەڕوانێ وا ئەمسەراوسەریانە. جگەرەی زەڕ بە لالێوییەوە شوکری خوا دەکا کە هەموو رۆژێک بەشی ئەوەندە دەگەیەنێ بیخنێتە گیرفانی و بە رووسووری بگەڕێتەوە ماڵەوە. “مامەی وردەواڵە”، بەپێچەوانەی ئەوەی یەکەم سیس و لاوازە. بنەڕیشێکی ماش و برینجی دێڵێتەوە کە بەخەستی بۆنی جگەرە گرتووە. بێدەنگ و بێ قڕەیە. من تیایا ماومەتەوە کە چۆن دوو برا لە قەوارە و لە ئەخلاقدا دەتوانن ئەو هەمووە جیاوازبن. یەک لەم سەری دونیا و ئەوی تریان لەو سەری. هەتا دووایی لە دووای دەیان ساڵ بیر لە چیرۆکی قابیل و هابیل دەکەمەوە و تێدەگەم تەنانەت جیاوازییەکان دەتوانن ئەوەندە زۆر بن کە برایەک ببێ بە بکوژ و ئەوی تریان ببێ بە کوژراو. هەڵبەت با ئەوەیش بڵێم ئەو خانووەی وا مامەی وردەواڵەی تیایادەژی یەکێک لەدەگمەن ئەو خانووانەیە وا مامەی جوێنفرۆش سازی نەکردووە.

برای سێهەمی پوورم تەنەکەچییە. رەنگە یەکەم تەنەکەچی ئەم شارە. دیارە بە گوێرەی قسەی خۆی. هەڵبەت گەر تەقەتەق بهێڵێ و بە جوانی قسەکانی ببیستی. “مامە تەنەکە” لە کاتی قسەکردنیشدا لە کوتانی تەنەکەکانی راناوەستێ. ئەو یەک چرکە چییە لە ژیان بە فیڕۆنادات. دەڵێ ژیان لەوە کورتترە بیری لێدەکەینەوە. من لام وایە بە هۆی ئەو لێکچوونەی لە نێوان چرکە و ریتمی سانیەژمێری سەعات لەگەڵ دەنگی کوتانی تەنەکەکان هەیە ئەو بەم ئەنجامە گرینگە گەیشتبێ. هەرچەند من دیسان ئەو کاتانە لەو رستەیەی ئەو نەدەگەیشتم و دیسان دەبا لەتەمەنم دەیان ساڵی تر بگوزەرایە. مامە تەنەکە بەرەبەرە گوێکانی قورس بوون و بۆیە کاتێک دەدوا وشەکان خاو دەبوونەوە و، بۆ لێ حاڵیبوونی دەبا کات و سەرنجێکی زیاتر بەکاربێنی. من ئەمەیانم زۆر خۆشدەویست. کورتەڵە و سپی و خوێن شیرین بوو. هەمیشە هەڵتروشکابوو. وەک بڵێی لە ئاودەستەکانی مزگەوت دانیشتبێ.

برای چوارەمی پوورم چایچییە. “مامەچایی”. درێژ و باریک بە تەقیلەیەک بە سەریەوە کە لە کاتێکدا دەتوانێ بە دەستێک پێنج چایی هەڵبگرێ و یەکیش بە بەدەستەکەی تریەوە، وەک تیسکەی تفەنگ دەردەچێ بۆ ئەوەی چاییەکان بگەیەنێتە مشتەرییەکانی. خەڵکی پێی سەرسامن. هەندێ لایان وایە هی پەنجە درێژەکانییەتی و هەندێ لایان وایە هی ئەوەیە هەر لە منداڵییەوە خەریکی چایچییەتی بووە و ئیتر فێربووە. بەڵام لەناو شار چاخانەی تریش زۆرن و کەس ناتوانێ وەک ئەو بکا. ئەم مامەیەم تایبەتییە. ئەسڵەن هەموو مامەکانم تایبەتن. مامە چایی عادەتی نیە لە خەڵکی بڕوانێ، بەڵام کاتێک لێت دەڕوانێ دەڵێی دەیەوێ بە گیان و بە جەستەتدا بچێتەخوارەوە. نیگاکانی قورس و تیژن. دەتدڕن، دەتکەن بە دوو قاشەوە. من نازانم داخۆ خۆشم دەوێ یان نا.

برای پێنجەمی پوورم باوکمە. ناوی باوکمە و جاری وایشە لای خۆم ناوم ناوە “مامە باوکم”! تەنیا برای پوورمە چەند کلاسێک دەرسی خوێندەوە. هاوترازی لە هەیکەلیدا نیە. قاچەکانی لە باڵاتەنەی درێژترن و بۆیە جۆرەیەک دەنوێنێ. ئیستا کە لە دووای هەموو ئەو ساڵانە لە وێنە رەش و سپییەکان دەڕوانمەوە ئەم راستییە روونتر لە هەر کاتێکی تر خۆی پیشاندەدا. لە قوتابخانە وەک سەرایدار کاردەکا. لەبەر ئەوەی لەگەڵ مامۆستاکان دەچێ بۆ سەر کار و لەگەڵ ئەوان لە دەرگای مەدرەسە وەدەردەکەوێ، زۆر شانازی بە خۆی و بە کارەکەی خۆیەوە دەکا. سوێندیشی خواردووە رۆژێک لە رۆژان وانەی مامۆستایەتی تەواوبکا و ببێ بە مەعلیمی پۆلی یەکەم و دووهەم. چاویلکەیەکیشی کڕیوە و قەت دایناکەنێ. من زۆرتر لەوەی باوکمم خۆش بووێت، بەزەییم پیایا دێتەوە. نازانم بۆ. ئەمەیشیانم لە دووای تەمەنی چل ساڵی دۆزییەوە. باوکم قەت دەرفەتی ئەوەی پەیدانەکرد ببێ بە مامۆستای قوتابخانەکەی. پێش هەموو شتێک لەبەر ئەوەی هەموو ساڵێک یان بە دوو ساڵ دایکم منداڵێکی دەبوو و هەروەها دەبا بەشێکی زۆری ئەو پووڵەی وا پەیدای دەکرد بیدا بە باوکی. باوکم هەتا ژیا، لەگەڵ ئەم ئارەزووە ژیا. هەرچەند من لام وایە بەهۆی ئەوەی لە مەکتەب کاری دەکرد لەچاو براکانی تر کلتوری لەسەرتر بوو.

مامە جوێنفرۆش رقی لە خانە سازمانییەکانە لەبەر ئەوەی یەک تاقە خشت چییە ئەو لێرە سەریەکی نەخستووە. مامەوردەواڵەیش لەبەر ئەوەی قەت لێرە نەیتوانیووە شتێکی خۆی بفرۆشێ. مامە تەنەکە لەبەر ئەوەی هەتا ئیستا یەک نەفەر لە خەڵکی ئەو گەڕەکە بۆ کوورە، سەماوەر یاخود شتێکی لەم چەشنە روویان تێنەکردبوو. مامەچاییش لەبەر ئەوەی هەتا ئیستا یەک کەسیان لە چاییخانەکەی دانەنیشتبوون و داوای چایی لێنەکردبوو.

من لە دوورەوە، بە کتێبەکانی بن باخەڵمەوە، لە گردە ئاشناکەوە، سەیری خانە سازمانییەکان دەکەم و هەر لەخۆوە لام وایە رۆژێک لە رۆژان منیش دێم و لێرە دەژیم.

باوەگەورە خۆی لە خۆیا تووڕە بوو، بەڵام وەک دایکم دەڵێ لە دووای مردنی دایەگەورەم تووڕەییەکەی یەکجار زیادی کردبوو. تەحەمول کردنی کاری حەزرەتی فیل بوو! زۆربەی کاتەکانی ژیانی لە ژووری خۆیدا تێپەڕدەکرد. بگرە هەندێ لە ژەمەکانیشی دەبردە ئەوێ. لەگەڵ ئەوەی کەم دەمانبینی، بەڵام رۆحی لە ناو خانووەکەدا هەیمەنەی هەبوو،… دەهات و دەچوو. هەندێ جار گۆچانە قاوەییە لووسەکەی کە گرێیەکی لەناوقەدا بوو، هەڵدەگرت و دەچوو بۆ ناو بازاڕ. لانیکەم دوو سێ سەعاتێکی دەخایاند تا دەگەڕایەوە. لەم کاتانەدا دایکم ژوورەکەی گسک دەدا و رێکوپێکی دەکرد. ئێمەی منداڵیش کە دەرفەتەکەمان بەتەواوی لەباردەبینی، خۆمان بە ژوورەکەدا دەکرد و هەتا دەمانتوانی چاومان بە شمەکەکاندا دەگێڕا و دەستمان لێدەدان! بەتایبەت لە رادیۆ قاوەییە زلەکە وا لە سەر تاکە تاقی ژوورەکە لەپاڵ گووڵدانێکدا بوو و بە خامەیەکی گووڵدۆزیکرا داپۆشرابوو. شێتانە بە دەستپیانانی دوگمەکان کاناڵەکانمان دەگۆڕی و ئەوجا پێچی دەنگەکەمان هەر بەو رادەیە شێتانە کەم و زۆر دەکرد. دایکم کە ژنێکی ئارام بوو هەر بەو ئارامییە دەنگی دەداین “رۆڵە مەکەن،… مەکەن، مە!”، بەڵام مەگەر ئێمە وازمان دێنا! ژووری باوەگەورە لەچاو ژوورەکانی تر یەکجار خاوێنتر و رێک و پێکتر دەینواند. نوێنەکان، قاڵیەکان و تەنانەت تەڕاوی ژوورەکە بۆنی تازەییان لێوەدەهات. بۆنەکە لەخۆیدا نوقمی دەکردی،… سەرنجی رادەکێشای. هەروەها بۆنی باوگەورەیش دەهات. ئەو بەردەوام لەوێ بوو. تەنانەت لە دووای مردنیشی بە ساڵان لەوێ مایەوە. ئەو ئاشقی ژوورەکەی بوو. هەندێ جار بخوریشیان تیا هەڵدەکرد و لەوێوە ناو هەموو ماڵەکەی دادەگرت. لە کاتی جەژنانیش، ئەو ژوورە بوو وا میوان رووی تێدەکرد. تەنانەت ئەو میوانانەیش وا لە گوندەوە دەهاتن و پشتاوپشت باوگەورەیان دەناسی.

لە بیرم دێت کەفی خانووەکانی ئەو سەردەمە چونکە لە گڵ بوو، بەرەبەرە دەنیشت و چاڵ و چۆڵی تێدەکەوت. ناڕێک دەبوو. بۆیە لە کاتی ژەمەکاندا کاتێک سفرە رادەخرا گەر ئاگامان لە خۆمان نەبووایە، ئاوی ناو لێوانەکان، کە تەنیا دانەیەک یان دووان بوون، قڵم دەبووەوە و بەناو سفرەکەدا پڕش و بڵاو شەپۆلیان دەدا. باوەگەورە لەم کاتانەدا تووڕەتر لە هەمیشە کەفی دەچڕی. دایکم بۆ ئەوەی ئەمە دووپات نەبێتەوە هەمیشە لە کاتی نانخواردندا کاتێک ئێمە ئاومان دەخواردەوە بە جوانی و بە پەرۆشێکی سەیرەوە کە زیاتر لە دڵەڕاوکێی دەکرد، ئاگای لێمان بوو. جا بۆ ئەم مەبەستە هەوڵیدەدا لە ناوەڕاستی هەموو منداڵەکانیدا دانیشێ. پوورم کە ئاگای لە هەموو ئەم چیرۆکانە بوو تەنیا دەیڕوانی و، هیچی نەدەگوت. منیش لەو کاتەوەی لەگەڵی چووبووم بۆ کتێبخانەکە هەر لەخۆوە زیاتر سەرنجم دەچووە سەری. وەک بڵێی چاوەڕوانی ئەوە بووم شتێک بکا و بەر بە تووڕەییەکانی باوەگەورە بگرێ. شتێک کە قەت رووینەدا! ساڵانی ساڵ دوواتر لە کتێبێکدا خوێندمەوە منداڵەکان لەم کاتانەدا چاوەڕوانن هەتا پیرکان پیرتر دەبن. زۆر باشە، چاوەڕوانییەکە لە جێی خۆی؛ بەڵام هەتا ئەوان پیرتر دەبن، منداڵیی ئێمەیش هەگبە بە کۆڵدا دەدا و زۆر خێرا لە چاوان وندەبوو.

من نازانم لە خانە سازمانییەکان وەها کێشەیەک هەبوو یان نا. ئەوەندەی من دەمبینین زۆربەی ئەوانەی لەوێ دەژیان دوو، سێ، یان چوار کەس بوون. نەوەیەک، تاق و تەنیا لەگەڵ خۆی. من بینیبووم نیگای منداڵەکانیان وریاتر و متمانەبەخۆتر دەینواند. جەمشیدیش یەکێک لەوانە بوو. چەند مانگێک دووای ئەوەی بووینە هاوڕێی گیانی بە گیانی و هاتووچۆی یەکترمان کرد (دیارە من زیاتر دەچوومە لای ئەو، تا ئەو لای من)، تێگەیشتم کە نە لە ماڵەکەیاندا ژوورێکی قەدەغە و تایبەت هەیە و نە کەسێک بەسەریا دەنەڕێنێ. جەمشید جاری وابوو دەستی دەخستە ناو دەستی باوکی و لە کاتێکدا نیگایان لێک دەئاڵا باسی قوتابخانە و باسی ئەو سەیرانانەیان دەکرد وا بەڵێن بوون رۆژی هەینی هەموو بنەماڵە پێکەوە بچن، بەو ترۆمبیلە پەیکانەی وا لەبەر دەرکی خانووەکەیاندا راوەستابوو. من دەستم بەو ماشینەدا هێنابوو. بە سەرسوڕمانەوە تەوێڵم بە شووشەکانییەوە نابوو و لە ناوەوەیم روانیبوو. جەمشید کە زۆر حەزی بەکایەکردن بوو، دەستی رادەکێشام و دەیگوت ئەوە خەریکی چیت، دەی خێراکە! چەندە حەزم دەرکرد رۆژێک سواری ئەو پەیکانە بم. ئەو رۆژەی وا قەت نەهات. زۆر جار ئەوان لەبەر چاوی مندا سوارببوون و رۆیشتبوون. بە تەنیا وەک تاقەداری حەوشەکەمان مابوومەوە. من جەمشید و بنەماڵەکەیم لە ناو شار لە سەیارەکەدا بینیبوو. باوەڕم نەدەکرد هاوڕێین. ئەوان چەند دوور دەیاننواند. رادەوەستام و بە وردی سەیری تێپەڕینیانم دەکرد. لە کاتی باران و بەفریشدا بینیبووم. بە دەست هەڵمی جامەکانی دەسڕییەوە و لەگەڵ بنەماڵەکەی باسی شتێکی دەکرد. لێوەکانی ئەمەیان دەگوت.

من هەتا دەهات زیاتر خووم بە کتێبەکانەوە دەگرت. شتێک لە دەروونمەوە پێی دەگوتم تۆ خاوەنی شتێکی کەم کەس خاوەنیەتی، تەنانەت جەمشیدیش کە جاروبار دەیخوێندەوە و لە ماڵەوە کتێبخانەیان هەبوو. بە جوانی دەمبینی لەوانەی دەورووبەرم، لە هاوتەمەنەکانم، بەرەبەرە مەودام دەگرت و زیرەکتر دەبووم. هەڵبەت نەمدەزانی زیرەکتر بۆ چی و لە پێناوی چی. ئەسڵەن زیرەکتر بووم کە چی رووبدات؟ ژیان بەردەوام بوو و هیچ شتێکی وەها رووینەدەدا رۆژەکان لەیەکتر جیابکاتەوە. جاری وابوو هەستم دەکرد دەخوێنمەوە بۆ ئەوەی دەخوێنمەوە. هەر کەسەو ژیان بە جۆرێک تێدەپەڕێنێ. پوورم بە گرتنی دەستی من و راپێچکردنم بۆ کتێبخانە منی خستبووە ناو رەوتێکی سەیرەوە. جاری وابوو سەرم قورس دەبوو و چاوەکانم دەخوران. بە دەستم هەڵمدەگڵۆفین. کە چاوەکانم هەڵدێنان دەمبینی ژیان لێڵ بووە و نیگا رێشکە و پێشکەی دەکرد. رەنگە ئەمەیش بەشێک لە پلانی گەڕانەوەی خۆم بۆ ناو خۆم بوو. ئاگام لێ نەبوو کتێبەکان بەرەبەرە منیان بەرەو ناوەوەی خۆم دەبردەوە. لە شتەکان زیاتر لەوەی پێویست بوو رادەمام و زیاتر لەوەی پێویست بوو بێدەنگ دەبووم. کەسێک لە ناو مندا لەدایک ببوو و باڵای دەکرد و دەنگی دەدام. جاری وابوو ئاگام لە سڵاوی خەڵکی نەبوو. رەنگە گێژی بەشیک لە رەوتی خوێندنەوە بێت. خوێندنەوە سەفەرێکە لە خۆتەوە بەرەو خۆت، هەرچەند بە رووداوەکانی دەرەوەدا تێدەپەڕی. رەنگە هۆکارەکەی ئەوە بێت کە رووداوەکانی ژیانی راستەقینە و رووداوەکانی سەر لاپەڕەکان لەیەکتر دەدەن و ئیتر دەبنە هۆکاری خوڵقاندنی دونیایەکی تایبەت. پوورم قەت باسی ئەمانەی بۆ نەکردبووم. قەت قەت. نامەردانە جێی هێشتبووم. دڵنیام بۆ خۆیشی نەیدەزانی. ئەو کە سەر بە یەکەم نەوەی ژنانی مامۆستای شار بوو رەنگە تەنیا بەهۆی ژنەفتنێکەوە منی بۆ کتێبخانەکە پەلکێش کردبوو. رەنگە ویستوویەتی پرۆژەی لکاندنی بنەماڵەکەی خۆی بە نەوەیەکی نوێوە یاخود بە چینێکی تایبەتەوە بەم شێوەیە کامڵ بکا. ئا، عادەت. شوێنکەوتن. دیارە سەرەڕای هەموو شتێک من دیسان مەمنونیم. گرینگ ئەوەیە جۆرێکی تر بژیت، جا ئەوەی کە جۆرەکە چۆنە موهیم نیە. تەنانەت بە بێ خواستی خۆیشت. هەرچەند دوواتر هەموو ژیان و هەموو ساڵانی تەمەنت ببنە دەستەچیلەی وەها ئاگرێک. داخۆ مەگەر ژیان مۆمێک نیە بۆ ئەوەی بژی دەبێ بگڕێ؟

من ئیستا هەموو کەفی ماڵەکە دەناسم. دەزانم کوێ قۆقزە و کوێ تەخت. بۆیە قەت لێوانی ئاوەکە بەدەست منەوە ناڕژێ. دڵنیام هۆکاری خوێندنەوەی کتێبەکانە. هۆکارەکەی بێدەنگیی پوورمە و نیگاکانی. من بگرە یارمەتی خوشک و براکانیشم دەدەم. باوەگەورە کە بیانوو بۆ تووڕەبوونەکانی کەم بوونەتەوە، ئەمجارە پڕی شتی دیکە دەدا. بۆ وێنە بۆچی دەستمان نەشۆردووە، یان بۆچی درەنگ دێینە سەر سفرەکە، یان بۆچی پەلەپەل دەخۆین و لەسەر نانخواردن زۆر دەڵێین. من کە نازانم چی بکەم بۆ ئەوەی هەڵچوونەکانی ئەو رابگرم، یاخود لێیان کەم بکەمەوە، شێتانە دەخوێنمەوە. وەڵامەکان دۆزینەوەیان زەحمەتە. ساڵانی ساڵ دوواتر لەوە تێدەگەم وەڵامی هیچ پرسیارێک لە هیچ کتێبێکدا نەنووسراوە. ئێمە دەبێ خۆمان جوابەکان دروستبکەین. ژیان رەوتێکە بە بێ وەڵام.

دەبینم چەند رۆژێکە کتێبخانەکە منداڵی زیاتر رووی تێدەکەن. بەناو رەفەکاندا هەڵدێن و لەسەر بینینی هەندێ لە وێنەکان مقۆمقۆیانە،… شەڕیانە. هەڵدەستم و هەوڵدەدم یارمەتیان بدەم. دەلێم گەر وابکەن کتێبەکان دەدڕێن، خراپ دەبن. لێم دەڕوانن. بە قسەم دەکەن و ئارام دەبنەوە. خانمە چاویلکە لە چاوەکە لێم دەڕوانی و بزەیەک روخساری دەقڵاشێ. رەنگە منیش رۆژێک لە رۆژان ببمە کارمەندی ئێرە. رەنگە منیش بە چاویلکەیەکەوە لەوێ لە پشت مێزەکە بە بزەوە دابنیشم و لە خەڵکی بڕوانم.

درێژەی هەیە…

نووسینی: فەڕۆخ نێعمەتپوور


رۆژێک کاتێک مامەباوکم لە قوتابخانە هاتەوە بۆ ماڵەوە، رۆژنامەیەکی پێبوو. هەر کە لەسەر سفرە دانیشت، رۆژنامەکەی لە تەنیشت خۆی دانا و دەستیکرد بە نانخواردن. من بە ئارامی خۆم گەیاندێ و لە کاتێکدا چاوێکم لەسەر بوو، داخۆ ئەوەی کاردانەوەی چۆن دەبێ، دەستم دایە رۆژنامەکە. بەخۆشییەوە هەروا خەریکی نانخواردن بوو و ئەگەرچی بەلاچاو سەرنجی لەسەر من بوو، بەڵام هیچی نەگوت. بە قونەخشکێ کشامەوە و رۆژنامەکەم کردەوە. لاپەڕەی یەکەم پڕی وێنە و رستە ورد و درشتەکان بوو. وەک دەڵێن رەش لەسەر سپی. هەر لە یەکەم لاپەڕەدا وێنەیەک سەرنجی راکێشام. سەرۆکی وڵات کە من بەردەوام لە تەلەفزیۆندا وێنەکەیم بینیبوو لە سەر کورسییەک بە کۆمەڵێک خەڵک بە دەورووبەرییەوە دانیشتبوو و لە شوێنێکی دەڕوانی. سەر سینگی پڕی میدالیا بوو. قاچ لەسەر قاچ بە بزەیەکی ئاستەم بەسەر لێوەکانییەوە. لەسەر سەری دێڕێک نووسرابوو: “سوپا لە دەرەوەی سنوورەکان دەجەنگێ و قوربانی دەدا”. ئەمە قسەی خودی سەرۆک بوو، دیارە گوتبووی بەو مەرجەی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و سیاسییەکانی وڵات ئیزن بدەن. لە ژێر وێنەکەدا هەواڵێکی تری تیابوو: “٣۶۵ ژن و پیاوی تەمەن شەست بەباڵا بوون بە بووک و زاوا!” لە شوێنێک شین و لە شوێنێک شایی. لاپەرەکانم هەڵدایەوە. وێنەکان دەدوان. سەرۆک لە سوپای دەڕوانی کە دەستەدەستە لەبەر دەمی لە گۆڕەپانێکی یەکجار گەورەدا بەڕیز دەڕۆیشتن. بە چەکەکانیانەوە. سێ لاپەڕەی دوواتریش وێنەی ئەو ژن و پیاوە بە تەمەنانەی وا لە جل و بەرگی زاوا و بووکێنیدا بە بزەوە لە جیهانیان دەڕوانی. جلی بووکێنی سپی و قاتی زاوایەتیی رەش!

من لەوە پێش رۆژنامەم لە تاقە دووکانی شار، کە تەنیا لەوێ دەفرۆشرا، بینیبوو. سەرنجی راکێشابووم، بەڵام قەت بەم شێوەیە لە نزیکەوە نەمتوانیبوو بیبینم. هەستمکرد کتوپڕ هەموو جیهان لەبەردەممدا لە چەند پەڕەدا خۆی کۆکردووەتەوە و خۆی دەنوێنێ. وێنە جۆراوجۆرەکان و بابەتە فرەچەشنەکان تەواو لە کتێبی جیادەکردەوە. شێتانە بەناو هەموو لاپەڕەکاندا گەڕام. نەمدەزانی لەسەر کامیان راوەستم. جگە لەمە بابەتەکان قورس بوون. دەبا چەند جار بیانخوێنمەوە بۆ ئەوەی کەمێک لێیان تێبگەم. بگرە زۆر جاریش هیچ پێوەندێکم لەگەڵ بەرقەرارنەدەکردن. ئێرە ئیتر تەواو جیهانی گەورەکان بوو. مامەباوکم ئەمانەی دەخوێندەوە. ئەو، ئەمەی لە قوتابخانە هێنابووەوە. لەو رۆژەوە ئیتر ئەو ناوەناوە دەیهێنانەوە. بە رۆژێک یان دووان تەئخیر. لەدووای ئەوەی نانی دەخوارد و یەک دوو چاییەکیشی پیادەکرد، پاڵدەکەوت و دەستی دەکرد بە خوێندنەوەیان. هەمیشەیش بەدەم خوێندنەوەوە خەوی لێدەکەوت و سەروچاو و سەرسینگی لەژێر رۆژنامەکەدا وندەبوو. ئەمە یەکێک لەو دیمەنانەی سەردەمی منداڵییە کە قەت لە بیرم ناچێتەوە. هاودەم لەگەڵ دەنگی ئەو گۆرانییە خەمینانەی وا لە رادیۆکەی تەنیشتییەوە دەهاتن.

باوەگەورەم کە یەکجار ئاگای لەم کووڕەی بوو، دەیگوت “پەتوویەکی پیادەن!” دایکم دەبزوت، بەڵام پوورم دەنگی دەدا “خەوەکەی تازە لێ تێکمەدەن!” هاوینان گەرم بوو و کێشەنەبوو، زستانانیش گڕی کوورەکەیان زیاددەکرد. جارێکیان رۆژنامەکە گڕی گرت و بە پەلەپڕوزە کوژاندمانەوە. باوەگەورە لە تووڕەییدا خەریکبوو بتەقێ!

لە بیرم دێ مامەجوێنفرۆش کاتێک لەسەر کار نانی دەخوارد. رۆژنامەی دەکرد بە سفرە. مامەتەنەکە تەنەکە پیسیەکانی پێ سپی دەکردنەوە. مامە وردەواڵە جنسە فرۆشراوەکانی تیادەپێچانەوە و دەیدانە دەست مشتەری. مامە چاییش لەژێر سەماوەرەکە و دەورووبەریدا رایدەخستن. پووریشم رۆژنامەی زۆر نەدەخوێندەوە. ئەو تەنیا لە رێگای تەلەفزیۆنە گوێی لە هەواڵەکان دەگرت. دەیگوت رۆژنامە گێژت دەکا! باوەگەورەیش لە دوورەوە لێی مۆڕدەبووەوە و قەت دەستی نەدەدایە. بەڵام مامەباوکم یەکجار بە هەبوونی رۆژنامەکان لە بن باخەڵیدا کاتێک بەرەو ماڵەوە دەبووەوە، خەنی بوو. ئاگای لێبوو خەڵکی گەڕەک سەرنجیان دەچووە سەری. ئەمیش لێیانی نەدەڕوانی. جاری وایە رووانین دەبێ یەک لایەنە بێت، بۆ ئەوەی کەسەکە بەکەیفی خۆی بڕوانێ. باوکم حەزی لەم جیاوازییەی خۆی بوو. جارێکیان پوورم دەمەو نەورۆز لێی پرسی ئەم هەشت میلیۆنە بۆ کوێ ئەچن؟ مامەباوکم هەروا وڕ لە خوشکەکەی رووانی. پوورم گوتی مەگەر لە رۆژنامەکەدا نەنووسراوە کە هەشت میلیۆن نەفەر ئەم نەورۆزە ئەچن بۆ سەفەر؟ مامەباوکم کە خەریکی خوێندنەوەی رۆژنامەکە بوو، وەریگێڕا و سەیری پشتەوەی کرد، سەیری یەکەم لاپەڕە. گوتی ئەها راست ئەکەی،… وەڵلا،… وەڵڵا هێشتا ئەمەم نەخوێندووەتەوە! مامەباوکم من ساڵانی دوواتر بوو کە زانیم زیاتر خەریکی خوێندنەوەی پرسەنامەکان و بەشی هەواڵە بچووکە کۆمەڵایەتییەکان بوو. رۆژنامەکەی تا دەتوانی لە دەموچاوی نزیک دەکردەوە و لە کاتێکدا لێوەکانی لەگەڵ دەجووڵانەوە ژماردە ژماردە یەک لە دووای یەک وشەکانی دەگوتنەوە. گوتییەوە ئەها، راست ئەکەی، هیشتا نەگەیوومە ئەوێ. پوورم پڕکێشەی لێنەکرد. رووی وەرگێڕا و لەو فیلمەی رووانییەوە وا لەسەر تەلەفزیۆنەکە بوو. فیلمێکی رۆژئاوایی و هی سەردەمی کۆچی رۆژهەڵاتییەکان بۆ رۆژئاوا، بۆ ئامریکا. باوەگەورە حەزی بەم فیلمانە بوو و هیچیانی لەکیس نەدەچوو. منیش هەروەها. لە خانە سازمانییەکان زیاتر لە هەر شوێنێکی دیکەی شار ئانتین بەسەر بانەکانییانەوە دەبینران. لەوێ بە پێچەوانەی شار هیچ بەرمیلێکی پڕ لە بەرد یان خۆڵ لەسەر بانی نەدەبینرا. قەدی ئاسنینی ئانتینەکان بەناو لوولەیەکی تردا رۆچووبوون، ئەو لوولانەی بە قەراخ بانەکانەوە جۆشکرابوون. با بە ئاسانی ئانتینی ناو بەرمیلەکانی دەجووڵان و بۆیە خەڵکی بەردەوام بەسەر بانەکانەوە بوون. خەڵکی شەو درەنگان بە تاریکایی بەسەر پەیژەکانەوە خلۆر دەبوونەوە و ئازاریان پێدەگەیشت و قاچ و دەستیان دەشکا. جگە لەمە بە کاتی فەسڵی سەرما لە گڵی بنەوەی بەرمیلەکان بانەکان دڵۆپەیان دەکرد. باوەگەورە لەم کاتانەدا یەکجار تووڕەدەبوو. لەگەڵ ئەوەی ئەو زیاتر لە هەر مونادێکی تری ناو بنەماڵە زیاتر لەبەر تەلەفزیۆنەکەدا دادەنیشت، کەچی زیاتر لە هەر کەسێکی دیکە بە هەبوونی ئانتینەکە لەسەر بانی هەڵدەچوو! باوکم کە حەزی نەدەکرد باگردێنەکەی سەر بانی بگێڕێ (ئەو لەو کاتەوە ببووە سەرایداری قوتابخانەکە وازی لە بەفرماڵین و گێڕانی باگردێن هێنابوو)، لەم کاتانەدا دەچوو بۆ ئاودەست، یان وای دەنواند کە کارێکی یەکجار بەپەلەی هەیە، بۆ وێنە بەدەم گوێگرتنی هەواڵەوە سەری بۆ دەلەقاند. باوەگەورە منی دەبردە سەر بان. پێکەوە دانە دانە بەردەکانی ناو بەرمیلەکەمان دەردێنا بۆ ئەوەی کەمێک سووکتر بێت و بتوانین بیگێڕین. ئەوسا ژێرەکەیمان بە باگردێن دەگێڕا، تەنانەت بە قاچیش جوان دەمانکوتا. هەڵبەت بۆشکەکەمان نەدەخستەوە سەر جێگای خۆی. لێدەگەڕاین لە هەمان جێگای تازەدا بێت هەتا دڵۆپەیەکی تر. کە ئەمیش ساڵی دوواتر دەگەیی. من دەستەکانم حسێبی دەتەزین و بۆیە لە کاتی هاتنەخوارەوە بە پەیژەکەدا بەتووش کێشەوە دەبووم. “حەک عەمرت نەمێنێ بۆ غیرەتت!” بەڕاستی من بێ غیرەت بووم؟ نازانم. ئیستایش لە دووای هەموو ئەو ساڵانە کاتێک بیر لە غیرەتی خۆم دەکەمەوە نازانم ترسنۆک بووم یان ئازا. بیر لە وێنەکەی سوپا دەکەمەوە لە ناو رۆژنامەکەدا، بیر لە زاوا و بووکە بەتەمەنەکان. من هەتا ئیستا نە لە ناو هیچ سوپایەکدا بووم و نە بەم تەمەنەی خۆیشمەو ژنم هێناوە. من هەم ترسنۆکم و هەم بەغیرەت! ئەها، ئیستا تێدەگەم. لە راستیدا غیرەت تەواو پێوەندی بە دۆخەوە هەیە. شتێکمان نیە بە ناوی پێناسەیەکی ئەبەدی، پێناسەیەک بۆ هەموو کاتەکان و هەموو هەلومەرجەکان. لەم بارەیەوە خەنیم. ئاخر لەوە ناخۆشتر نیە مرۆڤ هەستبکا هەموو تەمەنی بە ترسنۆکی ژیاوە. داخۆ ئەوەی من بە زستان غیرەتم دەدا بە خۆم و بە تەنیا بە جادە بەناوبانگەکەدا دەچووم بۆ کتێبخانە، خۆی لە خۆیدا غیرەت نەبوو؟ بێگومان بوو. کەس ناتوانێ نکۆڵی لەمە بکا.

بڕیاردەدەم ببم بە خوێنەرێکی باشی رۆژنامەکانی باوکیشم. گرینگ ئەوە نیە لێیان حاڵی نابم، گرینگ ئەوەیە بەردەوام بم. شتێک لە دەروونەوە پێم دەڵێ لە ژیاندا گرینگتر لە هەر شتێکی تر بەردەوامبوونە. ریزی چڕ و بێ کۆتایی کتێبەکانی کتێبخانەیش ئەمە دەڵێن.

باوکم بە لاچاو کاتێک من بە رۆژنامەکانەوە سەرقاڵم لێم دەڕوانێ. نازانم بیر لە چی دەکاتەوە. بۆ من هەمیشە خوێندنەوەی نیگاکانی ئەو زەحمەت بووە. هەڵبەت گرینگ نیە چۆن بیردەکاتەوە. موهیم ئەوەیە منیش بوومەتە شەریک و هاوبەشی. ئێمە رۆژنامەکانمان دابەشکردووە. رۆژنامەکانی ئەو ساڵانە. سالەکانی دڵۆپە و… هومێد.

چوار جادەی سەرەکی، گوندەکان دەگەیەننە شار. سەیرە هەر چواریشیان بەجوانی بە سەر باکوور، باشوور، رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی شاردا دابەشکراون. جادەکەی باشوور کاتێک دەگاتە شار بەناو خانەسازمانییەکاندا تێدپەڕێ. جیپ و لەندروێرە سەوز و خۆڵەمێشی و سوورەکان کە بە هۆی کۆنبوونیانەوە رەنگەکانیان هەڵبزرکاون و هەمیشەیش بە هۆی جادە خۆڵینەکانەوە تەپوتۆزیان لێ نیشتووە، تەژی لە لادەییەکان بە ناو شەقامە خاوێنەکانی گەڕەکەکەدا تێدەپەڕن. سەیارەکان کە پاشەڵیان بەهۆی قورسبوونەوە نیشتووە لەسەر پێچەکان وەها خواردەبنەوە کە لەبەرخۆتەوە دەڵێی ئەها ئیستا نا تاوێکی تر بەلادا دەکەون. بەڵام قەت بەلادا ناکەون! من لام وایە رێک لەو شوێنەی وا قەرارە بەلادا بکەون و وەرگەڕێن شۆفیرەکە سورعەتەکەی کەم دەکاتەوە. لادەییەکان کە بە گوێرەی ئەزموونی خۆیان لەمە دڵنیان، بە بێ خەیاڵ لە دەورووبەریان دەڕوانن و چاوەڕوانی ئەوەن هەرچی خێراتر بگەنە ناوشار.

من نازانم ئەوان کاتێک بە ناو خانەسازمانییەکاندا تێدەپەڕن، چۆن بیردەکەنەوە و چییان بە خەیاڵدا دێت، بەڵام من کە لەولاترەوە ئاگام لەهەموو دیمەنەکەیە پێم وایە بیر لە ریزی رێک و پێکی خانووەکان، لێکچوونیان هەروەها چیمەن و گوڵ و گوڵزاری ناو حەوشەکانیان دەکەنەوە. لێرە نەزم و جۆرێک لە ئارامی هەیە کە لە هیچ شوێنێکی تر نابیندرێ. لە حەوشەی یەکێک لەم خانووانە من پیاوێکی گەنج دەبینم بە ریش و سمێڵێکی رێک و جوان و قژێکی خاوەوە کە ئێوارەیان لەسەر کورسییەک روو بە شاخە بڵیندەکەی باشووری شار دادەنیشێ و لە کاتێکدا مۆسیقایەکی خۆشی سەرخستووە خەریکی خوێندنەوە رۆژنامەیە. ئەو چەند ساڵ دوواتر کاتێک شۆڕش کرا و خەڵک رژانە سەر جادە، لەم عادەتەی خۆی بەردەوام بوو. ئەو پیاوە قەت لە هیچ خۆپیشاندانێکدا بەشداری نەکرد و وەک هەمیشە بەگوێرەی جارانی دەژیا. من ئیستایش ئەو گۆرانییە فارسییە ئارامانەی وا لە حەوشەکەوە خۆی دەگەیاندە جادەکە و لەوێ لە شوێنێک لە هەوادا وندەبوون، دێنەوە گوێم. بێگومان دێهاتییەکانیش ئەو گەنجەیان بینیبوو، بەڵام لە ناو ئەو تڕۆمبیلانەدا تڕەتڕی ماتۆڕەکانیان نەیاندەهێشت گوێیان لە گۆرانییەکان بێت.

گوندییەکان هەر دەگەیشتنە شاری، دەستبەجێ هەرچی کیتەڵە ماست و تۆنگی دۆ بوو دایاندەگرت، بەو دووکاندارانەیان دەفرۆشت وا مشتەری لەمێژینەیان بوون. ئەوسا بە شەقامدا لە کاتێکدا پارەکانیان دەژمارد، خلۆردەبوونەوە بۆ ئەوەی شمەکی پێویستی خۆیان بکڕن. پیاوەکان لە پێشەوە و ژنەکانیشیان بەو جلوبەرگە کوردییە تازانەوە، یاخود کەمتر لەبەرکراوەوە، وا پانتۆڵیان بەسەردا هەڵکێشرابوو بە چەند هەنگاوێک لەدوواوە. نیگایان لەسەر دووکانەکان هەڵنەدەگرت. هەنگاوەکانیان هەمان هەنگاوی شێوازی رۆیشتن لە دەرودەشت بوو. بڵێند، بەهێز و بەلۆژەلۆژ. بەو پێڵاوە لاسیقییانەوە هێشتا تۆزی گوندیان لەسەرمابوو.

من لە باوکمم بیستبوو پشتاوپشت ئێمەیش خەڵکی گوند بووینە. سەردەمانێک باوەگەورەم، کاتێک باوکم یەکجار منداڵ بووە، بڕیاردەدا بگوێزێتەوە بۆ شار. دەستبەجێ زەوییەکی دووسەد و پەنجا میتری دەکڕێ و خانوویەکی لێ سازدەکا. باوکم چونکە بەحاڵ ژیانی خۆی لە گوند لەبیرماوە و هەموو بیرەوەرییەکانی هی شارین، خۆی بە خەڵکی شار دەزانێ. لە راستیدا کاتێک باسی سەردەمی گوند دەکرێ، ئەو زۆر حەزی لە باسەکە نیە و زۆری لەسەر ناڵێ. تەنیا جاروبارە کاتێک لەگەڵ منە و دەچین بۆ شوێنێک هەندێ رووداو دەگێڕێتەوە، ئەویش گوایا لە باوکی بیستووە. ئەو هەمیشە وا باسی دێهات دەکا. وەک بڵێی لەو سەردەمانە یەکجار زۆر تێپەڕیوە. بێگومان یەکجار زۆر تێپەڕیوە، بەتایبەت لای من، منێک کە هێشتا لام وایە مەودای نێوان ساڵەکان، مەودایەکە هەتا بڵیی پان و بەرین. رۆژێک کە لە شوێنی راوەستانی ترۆمبیلەکانی گوند لە ناو شارم، کتوپڕ بیردەکەمەوە کە دەکرا منیش یەکێک لەو منداڵانەی بم وا لە ماشینەکان دادەبەزین و بە ترس و دڵەڕاوکێیەوە لە دەورووبەری خۆیانیان دەڕوانی. ئەو منداڵانی سەریان پاک بۆ دەتاشین و تەنیا چنگێ قژیان بە سەرو ناوچاوانەوە بۆ دەهێشتنەوە. نازانم خۆشحاڵ بم یان نا، بەڵام شتێک لە دەروونەوە پێم دەڵێ لەو جۆرە ئەگەرە یەکجار تێپەڕیوە. ئەوکات لام سەیرە بۆچی باوەگەورە قەت باسی ژیانی گوند و ئەو سەردەمانەمان بۆ ناکات. بۆچی لە ماڵی ئێمە رابردوو ئەوەندە بزرە!

لە کتێبەکەی بن باخەڵم دەڕوانم. دەزانم بە هۆی ئەوانەوە مەودای من لەگەڵ ژیانی گوند، لەچاو باوکم، یەکجار دوورو درێژتر دەبێ. هەرچەند لە دووای تەمەنی چل ساڵیدایە تێدەگەم ئەمە خۆی لە خۆیدا خاوەن هیچ مانایەکی تایبەت وەها کە بتوانێ شوێنێکی سەیر بە من ببەخشێ نیە. هەرچەند لە دووای ئەو تەمەنەیە تێدەگەم ئەزموونکردنی ژیانی دێهاتیش خۆی لە خۆیدا ئەزموونێکی یەکجار گەورەیە.

پوورم کە یەک دوو ساڵێک لە دێیەک مامۆستا بووە و وەک بڵێی ئەم ماوەیە بیرەکانی من دەخوێنێتەوە، دەڵێ سەردەمانێک دێت ئەوێیش تاقی دەکەیتەوە. من کە ئەم قسەیەم زۆر لاسەیرە بە سەرسووڕمانەوە لێی دەڕوانم. چاوەکانم پڕن لە پرسیار. بەم حسێبە لام وایە منیش دەبمە مامۆستا. ئەی وەها نیە ئەوەی کتێب دەخوێنێتەوە رۆژێک لە رۆژان دەبێتە مامۆستا؟ قسەکەی پوورم راست دەرچوو! من ژیانی ئەوێیشم تاقی کردەوە، بەڵام نەک وەک ئەو، بەڵکو بە جۆرێکی تر.

هەندێ رۆژ بایەکی سەیرهەڵدەکا و گەر ئاگام لە خۆم نەبێ، کتێبەکان دەڕفێنێ. توندتوند لە بن باخەڵمدا دەیانگووشم. بەڵام هەمیشە ئەمە دادم نادا و، جاری وایە با دەیانبا. بە شوێنیاندا هەڵدێم، بەپەلە هەڵیاندەگرمەوە و ئەمجارە دەیانخەمە ژێر جلەکانمەوە. بەنەخوێنەکە شلە و دادەکەون. هەوڵدەدەم بە دەست رایانگرم. تا دەگەمەوە ماڵ، تەواو شەکەت دەبم. باوەگەورە کە لەپشت پەنجەرەکەوە لە من و لە کۆڵان دەڕوانێ، شتێک لە ژێر لێوییەوە دەچرپێنێ. نازانم چی دەڵێ. رەنگە بێتاقەتی دایەگەورە بێت. رەنگە زۆر بیری رابردوو دەکات.

لە کاتێکدا وژەی با لە پشت پەنجەرەکانەوە دێت، لاپەڕەکان هەڵدەدەمەوە. ئەمجارە چیرۆکی منداڵێکە کاتێک لە خەو خەبەری دەبێتەوە، دەبینێ لە دەشتێکدا لە ناوەراستی مەڕ و بەرخەلدایە، ئاسمان شین و هەتاو گەش، هەتا چاو کاردەکا سەوزەڵانی و گووڵ و گووڵزارە. دەنگی خوڕەی چەم دێت، ئاوازی سیحراویی کانی و زەنگۆڵەی گەردنی بەرخەکان گوێ دەلاوێننەوە. سەیرە، تەختی خەوەکەیشی لەوێیە و رێک لە ناویدایە! کتوپڕ منداڵێک هەر لە تەمەنی خۆیدا بە جامۆڵکەیەک شیری تازە و گەرمەوە لێی دەچێتە پێشەوە و بە بزەوە فەرمووی دەکا. ژیان چەند سەیر پێدەکەنێ. شیرەکەی لێ وەردەگرێ و سوپاسی دەکا. هەڵیدەقوڕێنێ. هەڵدەستێ و بەناو دەشتەکەدا رادەکا و لەگەڵ بەرخ و کاژیلەکان دەکەوێتە گەمەکردن. بەسەر شانەیەکی هەنگویندا دەکەوێ. پەنجەی تێدەهاوێ و تامی دەکا. هەنگەکان پێکەوە وێنەی خەندەیەک لە ئاسماندا دەکێشن. منداڵەکە ئەوەندە بەختەوەرە کە من دڵم دەگووشرێ. دەترسم. کتێبەکە لە خۆم دووردەخەمەوە. داخۆ دوواتر چ روودەدا؟ هەڵیدەگرمەوە و بەردەوام دەبم. لەنەکاو کووڕەکە هەستدەکا کەسێک دەیجوڵێنێ، سەرەتا بە ئەسپایی و ئەوجا زۆر خێرا. لادەکاتەوە بزانێ کێیە، کە کتوپڕ لەخەو خەبەری دەبێتەوە! دایکیەتی. دەڵی هەستە بۆ مەدرەسە درەنگ دەبێ! منداڵەکە لە دەورووبەری دەڕوانێ. لە خانووە هەمیشەییەکە. چ خەوێکی خۆش و شیرین بوو. باشە بۆ بەئاگایان هێنا. بڵێی جارێکی تر دووپات بێتەوە؟ منداڵەکە بەتەمای هەمان خەو، چەندین شەوی تر کە دەخەوێتەوە لای وایە دیسان هەمان جیهانی سیحراوی دەگەڕێتەوە. بەڵام،… بەڵام قەت ناگەڕێتەوە. تا رۆژێک لە دایکی دەپرسێ، دایکی دەڵێ گەر زۆری بیری لێ بکەیتەوە قەت خەوەکە نایەتەوە. گوێی مەدەرێ بۆ خۆی دەگەڕێتەوە.

کتێبەکە دەبەستم. پوورم ئەم رۆژانە زۆرم سەرنجدەدا. وەک بڵێی بەردەوام شتێک لە نیگاکانم و لە روخسارمدا دەگۆڕدرێ. نیگاکانی جاری وایە تیل دەچنەوە. نیگەرانە یان خۆشحاڵ نازانم. رەنگە زیاتر بریتییە لە مرۆڤێکی پڕ لە پرسیار و چاوەڕوانی.

دایکم دەنگم دەدا: “سبەی لەگەڵ باوکت ئەچی بۆ حەمام، دەمێکەیە خۆت نەشۆردووە!”

من کە رقم لە بەئاگاهاتنی زووی بەیانیانە، منێک کە حەزم لە دانیشتنی شەوانەیە هەتا درەنگان، هەوڵدەدەم هەواڵەکە بەجۆرەیەک لەبیر ببمەوە. نەکا ئەمەیش بە هۆی کتێبەکانەوە بێت!

هەندێ وێنە لە زەینماندا لە ژیانی هەموو کەسێکدا وەک خۆیان دەمێننەوە و، قەت زەمەن نایانشێوێنێ. ئەمە لە کاتێکدایە بەڕای من وێنەکان زۆربەیان بەرەبەرە بە گوێرەی کات گۆڕانیان بەسەردادێت بە بێ ئەوەی بۆخۆمان پێی بزانین. رێک وەک چۆن تۆز بە تێپەڕینی رۆژەکان و ساڵەکان لەسەر شتەکان دەنیشن، وێنەکانیش وەهان. تەنیا ئەمەیش نیە، وێنەکان دەکەونە ژێر کاریگەریی رووداوەکانی تری ژیانەوە و بەم شێوەیە شێوازی تریان لێدەکەوێتەوە. ئەوەی کە بۆچی هەندێکیان وەک خۆیان دەمێننەوە بەڕای من بۆ بێ هاوتابوونیان دەگەڕێتەوە. هەندێ شت هەیە هەم شێوازەکەی تایبەتە و هەم لە دۆخێکی تایبەتدا روودەدا، بۆیە هەمیشە وەک خۆیان دەمێننەوە. دیارە گەر بەڕاستی لەمەیشا وەها بێت! کێ دەزانێ. ئێمە دەستەمۆی بیر و خەیاڵەکانی خۆمانین و هەمیشە لامان وایە راستەقینەترین دیاردەکانی بوونن.

ئەو خانمەی لە کتێبخانەکە کاری دەکرد خاوەن باڵایەکی مامناوەندی بوو بە قژێکی درێژی خاو و کاڵەوە کە بەسەر هەر دوو شانیدا پەخش و پەرێشان دەبوو. لەسەر ناوچاوانی، قژی بە دایرە بڕیبوو و رێک لە ژێریشیدا جووتێک چاویلکەی خڕ دەبینران کە چاوە سەوزەکانی لە پشتیانەوە دەگەشانەوە. سەیرتر لەهەمووشیان ئەو جل و بەرگە کوردییە بوو کە زۆر جار لە بەریدەکرد. من لە قوتابخانە قەت شتی وام نەبینیبوو. مامۆستاکان، بە ژن و پیاوەوە، هەموو جل و بەرگی مۆدەیان لەبەردەکرد. دەستماڵە کوردییەکە بەسەر سینگ و بەرۆکیدا دەکشا و شۆڕدەبووەوە و لەرەی مەمکەکانی بە ئاستەم دەشاردەوە. بەڵام ئەو لەوە زیاتر دیاربوو کەسێک بتوانێ بە چاوێکی ژنخوازانەوە لێی بڕوانێ. جۆرێک لە متمانەبەخۆبوون لە هەڵس و کەوتیدا دەبینرا کە کەمتر لەلای ژنانی تر من بەو تەمەنەی خۆمەوە هەستم پێدەکرد. شێوازی زوڵفی وایلێدەکرد هەست بکەی منداڵێکە تەنیا بە قەوارە گەورەیە! بەڵام ئەمە بەری بەوە نەدەگرت وەک گەورەیەک هەڵسوکەوتی لەگەڵ نەکەی. لە لای من ئەم خانمە کۆمەڵێک هەستی دژبەیەکی لە بەرانبەرەکەیدا دەژیانەوە. جاری وابوو حەزم دەکرد خۆزگە دایکم بایە، جاری وایە حەزم دەکرد هاوڕێم، جاری وابوو مامۆستام، هەندێ جار هاوسەرم و هەندێ جاری تریش پێکەوە لە خانە سازمانییەکان پێکەوە ژیاباین! (ئیستا چۆنیەتییەکەی گرینگ نەبوو). بەهەرحاڵ دیتنی دەیبوژانمەوە و دەیگەشانمەوە. وەک کتێبەکان. لە نێوان ئەو و کتێبەکاندا پێوەندێکی سیحراوی و سەیرم هەست پێدەکرد. جاری وابوو هەستم دەکرد هەبوونی ئەو لە کتێبخانەکە بەقەدەر کتێبەکان هانم دەدەن بۆ ئەوەی سەردانی ئەوێ بکەم،… بۆ ئەوەی جادە سیحراوییەکە ببڕم. ساڵانی دوواتر کاتێک بۆ ماوەیەک وازی لە کارەکەی هێنا، من شۆکێکی گەورەم بەرکەوت. کتێبخانە ئەو تام و لەززەتەی ساڵانی نەما.

من ئەوم وەک خۆی لەو ساڵانەدا دێتەوە خەیاڵ. وەک بڵیی زەمەن یەک چرکەیش چییە نەجووڵابێ. بەهەمان شێوازی قژ و جل و بەرگ و چاویلکە و دانیشتنەوە. سەردانی بەردەوامی من بۆ کتێبخانەکە پێوەندێکی تایبەتی لە نێوان من و ئەودا دروستکردبوو. کە کتێبی تازە دەهات دەستبەجێ ئاگادای دەکردمەوە، لە کاتی وەرگرتنی کتێبەکاندا بەجوانی لێیان رادەما و گەر لەسەریان شتی بزانیایە بۆی باسدەکردم “کتێبی چاکە، وێنەکانی زیندوون.”، “نووسەرەکەی تازە دەستی بەنووسین کردووە، بەڵام سەرکەوتووە.”، “سروشت لەم کتێبەدا تایبەتە.”، یان “رستەکان کەمێک زۆرتر و چڕترن، بەڵام خۆشە ماندووت ناکا.”

من حەزم دەکرد ئەو هەتا ئەبەد بمدوێنێ. ژنێک کە لە راستیدا مامۆستا بوو و کەچی قەمچی بەدەستەوە نەبوو و وەها دەدوا وەک بڵێی هیچ جیاوازییەکی تەمەن یاخود خۆبەزلزانی لە نێوانماندا نیە سرسامی دەکردم. زۆر جار خۆم دەخڵافاند و هەتا دەمتوانی هەوڵمدەدا زیاتر لە کتێبخانەکە بمێنمەوە. کە لە دەرگای کتێبخانەکەیش دەترازام و دەهاتمە دەرەوە، چەند هەستێکی خۆشم هەبوو. بیرم لە چاوە میهرەبانەکانی دەکردەوە، لە ئاهەنگی رێ رۆیشتنەکانی. لە یەکێک لەم رۆژانەدا بوو کە لە ناو جادە بەناوبانگەکە بڕیارمدا منیش وەها بم،… بۆ هەموو تەمەنم. ببم بە کەسێکی میهرەبان،… کەسێک بە نیگایەکی نەرم و گەرمەوە. لە دووای چل ساڵی، بەو تێبینییەوە گەر ژیان بێڵێ. راستی ئەو خانمە ئەوکاتە تەمەنی چەند بوو؟ ئەزموونەکانم کۆدەکەمەوە. رەنگە شتێک لە ژێرەوەی سی ساڵ. دیارە گەر شێوازی قژەکەی نەمخەڵەتێنێ، یاخود ئارایشی ژنانە کە گەورەترین ئامرازی خەڵەتاندنی پیاوانە.

دوواتر بووم زانیم کە لە راستیدا خەڵکی شارەکەی ئێمە نیە. ئیستا دەزانم هێشتا شارەکەی ئێمە کەسێکی وەهای تیانەبوو شارەزای راگرتن و پێڕاگەیشتن بە کتێبخانە بێت. هێشتا تیای نەبوو بتوانێ نازی کتێب رابگرێ. دەبووایە بمزانیایە لەم بارەیشەوە تایبەت بوو.

گەنجەکان و پیاوەکانی شار کاتێک دەیبینن بە ناو شەقامدا دادەگەڕێ، بەتایبەتی لێی دێنەوە دەرەوە بۆ ئەوەی یەک چرکە چییە لەکیسی نەدەن. دووکاندارەکان دێنە بەر دووکانەکانیان و گەنجەکانیش پاڵ بە درەختی قەراخ جادەکەوە دەدەن و لێی ورددەبنەوە. ئاگام لێیە جاروبارە مەتەڵەکێکی بۆ دەهاون، هەرچەند زۆر کەم. ئەویش وەک بڵێی میشێکیشی میوان نەبێ بەلایاندا تێدەپەڕێ، بە بێ ئەوەی هەنگاوەکانی لێ بئاڵۆزکێن، یاخود روخساری سووربێتەوە. تەنیا ئەوەندەیە لێیان ناڕوانێتەوە. شار هەتا عادەتی پێگرت، پێیچوو. ژنێکی غەریبە بە تەنیا لە شارێک بە بێ مێرد و لە خانوویەکدا دیسان بە بێ کەس و کار، سەرنجە شەیتانییەکانی دەقۆستەوە. رەنگە درگا بۆ تاوانێکی خۆش کراوە بێت! داخۆ هەموو پیاوەکان وایان بیرنەدەکردەوە؟ منیش ئەگەرچی هێشتا پیاو نەبووم، بەڵام ئەم بیرەم بە مێشکدا هاتبوو. من پیاوێکی تەنەکەچیی جل و بەرگ رۆناوی و رەش بینیبوو کاتێک ئەو تێپەڕیبوو بە توندی بە رانی خۆیدا کێشابوو و ئاخێکی قوولی هەڵکێشابوو، “ئاخ خ خ… کوێر بم… ئاخ خ خ!” دووکاندارەکانی تر بزەیەک دێتە سەرلێویان و چەند حاجییەکی تریش بەدەم ئەستەغفورڵڵا گوتنەوە دەچنەوە ناو دووکانەکانیان. من گەر پیاوێکی گەورە بام، بەرۆکم پێدەگرت و دوو مشتم دەکێشا بەناو دەمیا. باشە ئەم شارە پیاوێکی پیاوانەی تیانیە؟ پیاوە بەغیرەتە دڵ پاکەکان لەکوێن؟

بەڵام لە عەجایبی رۆژگار ئەوە بوو کە سەرئەنجام دووکاندارێک خواستی و هێنای. مرۆڤێکی باڵاکورتی خوێندەواری کەمدوو کە کتوپڕ لە رۆژگارێکدا وا هەمووان بیریان لەوە دەکردەوە ببنە کارمەند و مووچەخۆری حکومەت، کەچی جێگای باوکی گرتەوە و لە سەر هەمان کورسیی لە ئاسن چێکراو دانیشت وا باوکی بە ساڵانی ساڵ لەسەری دانیشتبوو. وەک بڵێی غەریزەی پێی گوتبێ کە قەرارە ساڵانی دوواتر چی بەسەر ئەم وڵاتەدا بێ. یەکێک لەوانەی کە من یەکجار رقم لێیەتی ئەم پیاوە باڵاکورتەیە،… ئەو پیاوەی وا کاتێک لەگەڵ ژنەکەی، کە ژنی ناو جیهانی خەیاڵاتی من بوو، دەڕوا سەری تەنیا دەگاتە شانەکانی! ئەو پیاوەی وەها دیاربوو ئەوەندە بە هێنانی خاتوونەکەم لە ژیان خەنی بوو کە شۆڕشیش ئەوی لەگەڵ خۆی نەبرد و تەنیا لە دوورەوە لە هەموو ئەو رووداوانەی رووانی وا نیشتمانی سەرتاپا هەژاند، هەژاندنێک زیاتر لە هەژاندن و لە راستیدا شتێک وەک بوومەلەرزە. ژیان پێم دەڵێ ئەمەیش شێوازێکە لە ژیانکردن و لە زیرەکی. بەڕاستی گرینگە ریتمی ژیان بدۆزینەوە. هەندێ کەس تایبەتن و خێرا دەیگەنێ و هەندێکی تر درەنگتر و بەعزێکی دیکە قەت. زۆر کەس هەمیشە عەوداڵن. داخۆ گەر من تەمەنم کشاوەتر بووایە نەدەبوومە ئەو کەسانەی وا لە دەستەی یەکەمدان؟… داخۆ چارەنووسی پیاوە باڵاکورتەکە بەرۆکی بە منیش نەدەگرت؟

کتێبخانە بێ ئەو تامی نەما. هەرچەند من هەر بەردەوام بووم. هەمیشە لە شوێنە بەتاڵەکەیم دەڕوانی و بە خۆم دەگوت رەنگە بێتەوە. ئەوسا بینیم ناوە ناوە دەهاتەوە. ژنێکی تر جێگای گرتەوە کە ئەگەرچی ئەویش کەسێکی میهرەبان بوو، بەڵام قەت وەک ئەوی لێنەهاتەوە.

بەهەڵکشانی تەمەنم بەرەبەرە عادەتم بەوە گرت کە گۆڕانەکان بەشێکی گرینگی ژیانن، رەنگە سەرەکیترین بەشیش. ژیان لە بنەڕەتدا گۆڕانە. بە خۆم گوت گرینگ ئەوەیە جاروبارە دێتەوە و بۆ هەمیشە بزرنەبووە. هەرچەند ئەویش ئەو تام و بۆنەی ساڵانی نەما و تەنیا بوو بە بیرەوەرییەک. ئەو لای من بەردەوام ئەوەی ساڵان بوو، نەک ئیستا. وەک بڵێی هەندێ شت لە نیگاکانی مندا دەخوێنێتەوە،… وەک بڵێی دەزانێ شتێک لەمندا جووڵاوە؛ تیژ لێم دەڕوانێ و بیردەکاتەوە. منیش قەت هیچم نەدرکاند. پێویستیش نیە بیدرکێنم. مرۆڤەکان زۆر جار ناچارن سەرەڕای هەموو شتەکان تەنیا بە لای یەکتردا تێپەڕن. تێپەڕینێک بۆ مانەوە لە بیرەوەرییەکاندا.

باوەگەورە دەنگ بەرزدەکاتەوە و دەڵێ “ئەوە کەڕی، هەستە لێوانێک ئاو بێنە!” ئەوسا لەبەر خۆیەوە دەڵێ بیرەبیرە ئەم هەتیوە دەفەوتێنێ.

مامەچایی سەرئەنجام بۆ یەکەم جار لە تەمەنیدا توانی بۆ شارێکی دراوسێ سەفەربکا کە تەنیا دوو کاتژمێر بە مینی بووس دووربوو. جادەکە بە ناو شاخ و دۆڵەکاندا تێدەپەڕی، بە تایبەت بەسەر گەردەنەیەکی گەردنکەش، کە ئەوەندە بەرزبوو درەختی لێ نەدەڕوا. مامەچایی لە خۆشیانا هەموو براکانی لەگەڵ باوەگەورە و پوورم و ئێمەیش دەعوەتکرد و دۆڵمەیەکی گەڵامێوی چاکی بە بێ گۆشتی سازکرد. گەڵاگەڵا نان لەواشە تەنوورییەکانی بەسەر سفرەکەدا راخست لەگەڵ سێ دۆلکە دۆی ترشیش کە بەڕاستی بەلەزەت بوو.

مامە زۆر کەیفی خۆش بوو. ناوچاوانی کرابوونەوە، ئارامتر بە رێگادا دەڕۆیشت و زووزوو بەهۆ و بێ هۆ باسی سەفەرەکەی دەکرد. ئەسڵەن ئەو ئێمەی بانگکردبوو بۆ ئەوەی پیشانمان بدات سەفەری کردووە و بەم سەفەرە چەندە هەست بە لەخۆباییبوون و شانازی دەکا. وەک بڵێی کتوپڕ لەوە گەیشتبوو دونیا چەند گەورەیە. مامەچایی تەنیا چەند جارێک بۆ گوندەکانی دەورووبەر چووبوو، ئەویش زیاتر بە هۆی دەعوەت و دەعوەتکاری یاخود بە هۆی سەردانی شێخ عەوداڵ کە دەیانگوت بە فوویەک هەرچی نەخۆشییە لە جەستەتدا نایهێڵێ و رێک وەک ئەو چرکەساتەت لێدەکاتەوە وا لە سکی دایکت بەربوویتەوە.

مامەجوێنفرۆش کە یەکجار حەزی بە خواردنە، نیگای لە لەسەر سفرەکە هەڵنەدەگرت. باوەگەورە کە یەکجار حەزی بەوە بوو ببێ بە میوانی کوڕەکانی، بێدەنگ دانیشتبوو و لە تووڕەبوونەکانی هیچ خەبەرێک نەبوو. مامە چایی باسی گەورەیی شارەکەی کرد، باسی شەقامە جیاوازەکانی، باسی حەشیمەتە زۆرترەکەی، لە بابەت ئەو پارکەوە دووا وا بە درەختە گەورەکانی سەرسام ببوو، باسی ئەو پەیکەرە نایابەی کرد وا لە مەیدانی سەرکیی شار دانرابوو، پەیکەری باڵندەیەکی سەیر کە لە هەموو باڵندەکان دەچوو و هاوکات لە هیچ کامیشیانی نەدەکرد! باسی ئەوەی کرد لەوێ لە دەشت و دەر و شاخەکانی دەورووبەری دارستان نابینرێ و سەرتاسەر رووتەنە، بەڵام هاوکات خاون ئاووهەوایەکی سازگار و خۆشە. گوتی حەزی دەکرد لەوێ لەدایک بایە و لەوێ بژیایە. گوتی گاراژەکەی مینی بووسی زیاتری تیایە و سەرسامە بەوەی کە داخۆ ئەم ترۆمبیلانە بۆ کوێی تر دەچن. باسی ئەوەی کرد گەر خودای گەورە ئیزنی تەمەنی زیاتری بدات ئەوا لەوێوە دەیەوێ سوار ماشینی تر ببێ بۆ ئەوەی بگاتە شارەکانی تر. لێرەدا دەموچاوی سوورهەڵدەگەڕا، نیگاکانی دەڕۆیشتن،… بۆ کوێ؟ کەس نازانێ. پارووی دۆڵمە بە ئارامی لە ناو دەمی و لە ژێر دیانەکانیدا دەهاتن و دەچوون و دەستی شلدەبوو.

من بە بیستنی قسەکانی بیری کتێبەکان و کتێبخانەکە دەکەوتمەوە. لە نیگاکانی پوورم دەڕوانی کە کاتێک سەیری مامەچایی دەکرد، رێک هەمان ئەو نیگایانە بوون کاتێک منی دەبرد بۆ کتێبخانەکە. دایکم هەناسەیەکی هەڵکێشا و باوکم بە لاچاو سەیریکرد. من لای خۆم سوێندم خوارد هەر گەورە بووم یەکەم کار کە دەیکەم سەفەرە. سەفەر،… هەتا دەتوانم. خۆزگەم بە مامەچایی… عەجەب غیرەتێکی هەبوو جووڵابوو و ملی دابووە دیاری غوربەت. بە چەندین فەرسەنگ واوەتر لە سنوورەکان.

مامە جوێنفرۆش لە کاتێکدا هەناسەی سواربوو، داوای نانی زیاتری کرد. مامە تەنەکە لە سەماوەرەکەی رووانی و گوتی سبەی بیهێنن کەمێک دەستی پیابهێنێ بۆیان. گوتی ئەوەندەی نەماوە کون بێت. هەستم کرد مامەچایی روخساری سوورهەڵگەڕا. بەڵام هیچی نەگوت. مامۆژن چەند نانی جوانی لەبەردەم مامەجوێنفرۆشدا دانا. ئەو کە نانەکەی زۆر بەدڵ بوو، گوتی “بەشەرەفم گەواد نیە لەم شارەدا بتوانێ نانی ئاوەها سازبکا!… حەک شیری دایکت هەتا مۆخی ئێسقانت لێ حەڵاڵ بێت!” باوکم سەری بەرزکردەوە و لێی رووانی. چاوەکانی لە ژێر عەینەکەکانییەوە دەیانگوت “بەخوا کەرە!” دایکم لە ژێر لێوەوە ورتەیەکی لیوەهات کە تەنیا من بیستم. پێم وابێ ئەو ساڵانە تەنیا من بووم ئاگام لەم ورتانە بوو. خوشکێکم گوتی میزم دێت. باوەگەورە کتوپڕ تووڕە بوو و گوتی “حەک عەمرت نەمێنێ، نافەهمێنێ قسەبکا، ئادەی ئەو توحسە دووربخەنەوە!” دایکم بەپەلە هەستا. ئامۆژنم پێشی کەوت، گوتی “بیدە بە من!” کە لە نانخواردن بووینەوە وەک هەمیشە ژنەکان سەریان بە سەری یەکترەوە ناو کەوتنە پچەپچ. ئەوان دەبا بە دەنگێکی نزمتر قسەبکەن و پێکەنینەکانیان بە روو وەرگێڕان یاخود بە لەچک یان دەسماڵەکانیان بشارنەوە. منداڵەکانیش چوونە ژوورەکەی تر. من نەچووم. باوەگەورە بە تەعەجوبەوە لێی روانیم. من خۆم لێ گێل کرد. گووڵەبەڕۆژە دانرا و بوو بە قرچە قرچ. مامەچایی لە چیرۆکەکەی بەردەوام بوو. باسی ئەو گوندانەی کرد وا بەدەم رێگاوە بینیبوونی. گوتی یەکجار گەورترن و لەوە دەچێ خاوەن مەڕ و ماڵات و باخ و باخات و کشت و کاڵی باشتر بن. گوتی هی ئەوەیە جەنگەڵیان نیە. باسی حەوزێکی پڕ لە ماسیی رەنگاوڕەنگ کرد. پوورم کە لە سەر سنوور لە نێوان پیاوەکان و ژنەکاندا دانیشتبوو و وەک بڵیی ئاگای لە قسەوباسەکانی هەر دوو لابێت، بزەیەکی هاتێ و سەرێکی بە ئاستەم لەقاند. مامەچایی هەر گوتی و هەر گوتی. وەک بڵێی نەیدەزانی کە براکانی، واتە مامە تەنەکە و مامە جوێنفرۆش، چەندین جار سەفەریان کردووە و رێک ئەو شارەیان بینیبوو وا ئەو بۆ یەکەم جار دەیبینی. یەکجار لەوە پێش. بەڵام گوێی نەدەدایە. سەیربوو مامەکانیش هیچیان نەدەگوت و ورد گوێیان لێدەگرت. وەک بڵێی نمەک ئەوانی گرتبێ. وەک بڵێی لەوە پێش دەیانزانی بۆچی دەعوەتکراون و لە راستیدا ئەرکی ئەمشەویان چییە. ئەوان وەک ئەو کەسانەی گوێیان لە مامە دەگرت کە دەڵێی بۆ یەکەم جار چیرۆک و بەسەرهاتێک دەبیستن. نازانم بۆ، بەڵام منیش هەستم کرد دەتوانم چیرۆکی ناو کتێبەکانیان بۆ باسبکەم، رێک لە دووای مامەچایی. بگرە هی من سەرنجڕاکێشتریش بوون، چونکە دڵنیابووم ئەوان قەت لە ژیانیاندا شتی وایان نەبیستبوو. سەیرێکی پوورم کرد. ئاگای لێم نەبوو. چاوەڕوانی دەرفەتێکی لەبار مامەوە. رێک لەو کاتەدا مامەچایی کڵۆقەندەکەی هەڵدایە دەمییەوە (ئەو لە دوورەوە ناو دەمی خۆی دەپێکا)، دەستم پێکرد. گوتم: “لە دارستانێکدا لە داوێن کێوێکی بەرز و سەرسەوز پیاوێک دەژیا کە بە ماسیگرتن ژیانی خۆی دابیندەکرد…” گوتم: “رۆژێکیان کاتێک قولاپی هەڵدابووە ناو ئاوەکە و چاوەڕوان بوو، کتوپڕ پەرییەکی جوان لە ناو ئاوەکەوە هاتەدەرەوە و گوتی فریان کەوە،… تکایە فریام کەوە!” جگە لە باوەگەورە هەموو بە تەعەجوبەوە سەیریانکردم. باوەگەورە دەنگی هەڵبڕی “ئەم کەرە ببەنە ئەو دیو یاڵلا یاڵلا، ئەم کەربازاڕیەمان لێ دووربخەنەوە!” دایکم بە نیگا خەماوییەکانییەوە لێی رووانیم. پوورم پەلی راکێشام و خستمیە تەنیشت خۆیەوە. دەستی راوەشاندم، وەک بڵێی دەیەوێ تەمێم بکا. مامەتەنەکە گوتی چەند جار وتم ئەو جادەیە بەرەو شوێنێکی باشی نابا،… ها چەند جار!

من میزم دێت. لە پوورم دەڕوانم. وەک بڵێی تێدەگا. مەچەکم بەردەدا و منیش دەچم بۆ ئاودەست. نایەمەدەر. زۆرم پێدەچێ. مەستراحەکە لە حەوشەیە و رێک لە تەنیشتی دەرگای دەرەوەیە. دەرکێکی تەنەکەی شڕ من لە جیهانی دەرەوە جیادەکاتەوە، یاخود دەمپارێزێ. نازانم بۆ، بەڵام هەر لە خۆوە لام وایە ئاودەستەکانی ئەو شارەی وا مامە باسی لێدەکا وەها نین، وەک ئەوەی ئێرە نین. جگە لەوە من لە کتێبەکاندا بینیوومە. رەنگاوڕەنگ و جوانن. بەو ئاوێنانەوە دەتوانی لەبەریانا راوەستی و بە سەعات سەیری خۆت بکەی. لەبەر خۆمەوە دەڵێم رۆژێک دەچم بۆ گاراج و سەیری مینی بووسەکان دەکەم. ئەو مینی بووسانەی دیتبوومن. زەرد و شین و خۆڵەمێشی و… . مامە چایی ئەو رۆژە لەناو ماشینەکەدا رشابووەوە. وەک دەڵین کاتێک سواری دەبی بۆنێکی ناخۆشی لێوەدێت و سەرت لە گێژەوە دێت. دەکەویتە هێڵنجدان. دەبێ پەنجەرەکە بکەیتەوە و سەرببەیتە دەرەوە. هەرچەند ئەمەیش زۆر دادت نادات. زۆر کەس لەم سەفەرانەدا کاتێک دەگەڕێنەوە بۆ چەند رۆژ نەخۆشدەکەون. سەرئێشە و رشانەوە و تاویاو. مامە جوێنفرۆش پێکەنینی دێت. دەڵێ “لادەیی!” دەڵێن ئەوانەی وا درەنگ چاکدەبنەوە دەیانبەن بۆ لای شێخ عەوداڵ. ئەویش وەک هەمیشە فوویان پیادەکا و دوواتر دەڵێ “کاک و خوشکی موسوڵمان سەفەرمەکەن، سەفەر کاری شەیتانە!” دەڵێ “لەناو ئەو ترۆمبیلانەدا شەیتان خۆی حەشارداوە.” بەڵام سەفەرەکان بەردەوامن و هەتا دێن زیاددەکەن. وەها کە باوکیشم بڕیاردەدا رۆژێک لە رۆژان رێگا نائاشناکان تاقی بکاتەوە. من دڵنیام من لە هەموویان مکوڕترم. نازانم بۆ، بەڵام دڵنیام کاتی خۆی ئەوەندە سەفەردەکەم کە سەفەر بۆ هەمیشە لەگەڵ خۆی دەمبا. ترسناکە، دەزانم، بەڵام تازە بڕیارم داوە.

مامەچایی حەزدەکا باسی ئافرەتەکانی ئەو شارەیش بکا، بەڵام هەرچی دەکا ناوێرێ. باسی نامووسی خەڵکی عەینی کوفرە. بەڵام بەڕاستی جوان بوون، بگرە کراوەتریش بوون. بەئاسانی نیگایان لە نیگات دەچەقی. ئاە، ناو بازاڕەکانیان چەند خۆش بوو! شتێک لە دەروونەوە پێم دەڵێ گەر پوورم لەوێ بایە شووی دەکرد. لەم شارە بەقوڕێ گیراوە کەس قەدری نەزانی. ئیستا دەزانم بۆچی. هیچ پیاوێک حەزناکا ژنەکەی لەخۆی زیاتر بێت. ژن خۆی لە خۆیدا ترسناکە چ بگا بەوەی زیرەکتریش بێت.

ئەو شەوە هەتا درەنگان، تەنانەت هەتا دووای میوەخواردنیش، کە ترێ رەشەیە، باس باسی سەفر بوو. هەرچۆنێک سەری قسەکانیان بگۆڕیایە ئەوا مامەچایی بە جۆرێک دەیهێنایەوە سەری. یەک تاق دۆڵمە چییە بە فیڕۆی نەدا. ئەو سەلماندی پیاوێکە دەتوانێ لەسەر پێی خۆی راوەستێ و جورئەتی ئەوەیش بکا ئەو دیوی شاخە سەرکەشەکان بکەوێ. بەڵێنیشی دا کە تازە ئەمە سەرەتای رێگایە و گەر خودا تەمەن بدا هەنگاوەکانی بڵیندتر و درێژتر دەکاتەوە.

راستییەکەی ئەوە بوو مامەچایی تەنیا یەک رۆژی پێچووبوو. باشە ئەم هەموو بیرەوەرییە چیبوو ئەو شەوە دەیگێڕایەوە؟ ئەو باسی هەندێ کۆڵانیشی کرد، باسی بینای گەورەی شارەبانی و گەڕەکی خانەسازمانییەکانی شارەکەیشی کرد!

ئەها رەنگە زۆربەیانی لە موسافیرەکانی تر بیستبێ،… دوو سەعات رێگا هەتا بڵێی ئەو ساڵانە دوور و درێژ بوو!… یەکجار.

ئامۆزایەکم هەیە پێی وایە من زۆر کەرم! ئەو کە پێنج ساڵیک لە من گەورەترە و هەمیشە کۆتێکی لەبەردایە کە قۆلەکانی درێژترن لە قۆلی خۆی و بەدەنی بەجوانی تیایا دەگەڕێ، ئەوەندەی دەرس نەخوێندوو و ئەوەندەی تەمبەڵی کرد و نەچووەوە سەر کلاس کە سەرئەنجام دەریان کرد. کوڕی مامە تەنەکەیە. باوکیشی زۆر پڕکێشیی لێنەکرد. وەک بڵێی خواخوای بوو واز لە قوتابخانە بێنێ و لەجیاتی ئەو کارە نیوەچڵە وا جاروبارە لەگەڵیا لە دووکان دەیکرد، یەکجاری لە مەدرەسەوە بگوێزێتەوە بۆ لای خۆی. مامە تەنەکە لە دووای چەندین ئاگادارکردنەوە و کۆبوونەوە لەگەڵ کاکی مودیر و مامۆستاکەی بە ئارامی لە دووادانیشتن گوێی لە قسەکانی ئەوان گرت و لەدووای وەرگرتنی ئەو کاغەزەی وا بە رەسمی دەرکردنی ‘عەبە بێقۆل’ی تیا نووسرابوو، دەستی شاراوەی کوڕەکەی گرت و بۆ هەمیشە ئەو بینا و حەوشە گەورەیان بەجێهێشت وا پڕی منداڵ بوون. مامە تەنەکە کاتێک ئەم دیوی درگای قوتابخانەکە کەوت، وەک بڵێی پەشیمانی دایگرتبێ، لەبەر خۆیەوە کەمێک بە دەنگی بەرز بە عەبە بێقۆلی کوڕی گوت “حەی عەمرت نەمێنێ!” هەر ئەوەندە. ئیتر هەتا ژیا یەک تاقە وشە چییە سەبارەت بە خوێندنی کوڕەکەی لە دەمییەوە نەهاتەوەدەر. ئیتر عەبە خەنی لە چارەنووس و داهاتووی خۆی، دوو هەنگاوی بە یەک هەنگاو تێدەپەڕاند. ئەو هەتا ژیا قەت لەم بڕیارەی خۆی پەشیمان نەبووەوە. تەنانەت لە کاتی شۆڕش و ئەو کاتەی وا زۆربەی گەنجەکان لە سەر شەقام و لە کۆبوونەوەکان خەریکی قسەی زلزل بوون.

بەڵام راگرتنی عەبە بێقۆل لە دووکانیش ئەوەندە ئاسان نەدەهاتە بەرچاو. هەتا فێربوو و راهات، پێی چوو. باوکی بۆ ئەوەی بتوانێ رایبگرێ پارەی دەدایە، بگرە زیاتر لە ئاستی خۆی. عەبە پارەکانی دەخنیە گیرفانی کۆتە زلەکەیەوە و کەیک و نووشابە، گوڵەبەڕۆژە، بنێشت، ساندویچ (کە تازە لە ناو شار باوببوو و رێک لە تەنیشت دوو سینەماکەی شار دوو ساندویچفرۆشی دانرابوون)، سیگار (بەدزییەوە)، شیرینی و زستانانیش چەوەننەری پێدەکڕی. عەبە زۆر بەمە دڵی خۆش بوو. وەزعی لە هەموو ئەو منداڵانە باشتر بوو وا بەردەوام دەچوون بۆ مەکتەب.

جا هەر لەبەر ئەمەیش من منی پێ کەر بوو. دەیگوت “لە مەدرەسەت کەمە و رووئەکەیتە کتێبخانەیش!” لای عەبە من دوو جار لەوانی تر فەقیرتر بووم. بەینی خۆمان بێت عەبە بێقۆل راستی دەکرد. یەعنی هەروا دەرچوو. ساڵاننی داهاتوو قسەکەی ئەوی سەلماند.

عەبە زۆر دەوروخولی خانە سازمانییەکانیش دەدا. رێک لەو شوێنە بەرزەوەی وا بەسەریانا دەڕوانی و منی جاروبارە لێ رادەوەستم، ئەویش رادەوەستێ و لێیان دەڕوانێ. لە چاوەکانیدا دونیایک پرسیار و سەرسوڕمان هەیە. وەک بڵێی ئەویش لە جیهانێکی تر بڕوانێ. قەت نەمزانی لەم کاتانەدا چی لە مێشکی عەبەدا دەگوزەرێ. دایکم بە پێکەنینەوە دەیگێڕێتەوە کاتێک لە شار دەستیان کرد بە کوتانی منداڵ، عەبەیش وەک هەموو منداڵانی تر لەگەڵ باوکی دەچێ بۆ شوێنی کوتانەکە کە بینایەکە لە کۆڵانەکەی تەنیشت دووکانەکەی باوکی. کاتێک دەرزییەکە لە قۆلی دەدەن، عەبە وەها دەترسێ و وەها دادەچڵەکێ کە بە دەستێک بە کراسەکەیەوە کە هەروا هەڵدرابووەوە لە کاتێکدا دەمی هەروا داپچڕیبوو دەڕواتەوە بۆ ماڵەوە. عەبەبێقۆل نە کراسەکەی دادەداتەوە و نە دەمی دەقنجێنێ. دایکم پێدەکەنێ و “چەند شیرین بووە خواگیان!” بەڵام بەڕاستی عەبە شیرینە؟ ئەو کە سەیری خانەسازمانییەکان دەکا، من بیری چیرۆکەکەی دایکم دەکەومەوە.

عەبە لەگەڵ ئەوەی پارە لە گیرفانیا بوو و بەرەبەرە گەورەتر دەبوو، کەچی قەت وازی لە لەبەرکردنی کۆتە گەورەکان نەهێنا. وەک بڵێی بۆی گرینگ نەبوو کچان چۆن بیری لێدەکەنەوە. ئەسڵەن ئەو لە بیری کچاندا بوو؟ بڕواناکەم. دەنگی زلی و چاوە روودارەکانی و بێ منەتبوونی بە هەموو شتێک ئەوەی نیشاندەدا کە ئەوەی لای گرینگ نیە ئەم بەشەیە. ئەو سەردانی ماڵی ئێمەیشی نەدەکرد. بگرە هی هیچ خزم و قەومێک. یان لە دووکان بوو، یان لە ناو جیهانی خۆیدا. لەبەر ئەوەی بەربەرە بەجوانی ملی دابووە کارەکەی و بەشێوەیەکی باش یارمەتی باوکی دەدا، باوکیشی زۆر لەسەر شتی دیکە پڕکێشی لێنەدەکرد. عەبە زۆر بەکاربوو. لەوەتەی ئەو دەستی کردبوو بە کوتانی تەنەکە، دراوسێکان پرتە و بۆڵەیان لێ پەیداببوو، هەرچەند قەت لای خودی مامەتەنەکە نەیاندەدرکاند. کە بە دووانە دەستیاندەکرد بە کوتان، هەموو ئەو شەقامەیان دەهێنایە سەرسەری خۆیان! جاری وابوو هەستت دەکرد عەبە شێتانە پێشبڕکێی باوکی دەکرد. دەیەویست پێشی بکەوێتەوە. بەڵام لە کوتاندا بەڕاستی پێشکەوتنەوە هەبوو؟ دەنگەکان ئەوەندە لەیەکتریان دەکرد کە مەعلوم نەبوو کێ لە پێشە و کێ لە دوواوە.

عەبە کاتێک باوکی دەچوو بۆ نوێژ بۆ مزگەوت، دەستی هەڵدەگرت و جگەرەیەکی دادەگیرساند و هەر لە شوێنی خۆی بە بێ ئەوەی بجووڵێ، دەیکێشا. لەناو بۆنی دووکەڵ و رۆن و تەنەکەی گاڵوانیزەی سووتاو چ تامێکی هەبوو! ئەو هەتا لە ژیانیدا مایەوە هەر بەم شێوەیە ژیا. قەت دەستی لە تەنەکەسازی هەڵنەگرت و ساڵانی دوواتریش هەر وەک ئەم رۆژانە لە جگەرە هەمان لەززەت و چێژی دەبینی کە هەنووکە دەیبینی.

جارێکیان لە جادە سیحراوییەکە بەڕێکەوت بەتووش منەوە بوو کە بە دوو کتێب لە بن باخەڵمەوە لە کتێبخانەکە دەهاتمەوە. بەپێچەوانەی هەمیشە رایگرتم. راوەستام.

ـ چۆنی ئامۆزا!

لە دەنگە زلەکەیدا جۆرێک لە گاڵتەپێکردن هەبوو.

ـ باشم، مەمنون!

ـ لە کوێ بووی؟

ـ کتێبخانە.

بێ ئەوەی بپرسێ، دەستی برد و کتێبەکانی لە بن باخەڵم راکێشایە دەرەوە. لێیان وردبووەوە. نازانم تا چەندە دەیتوانی بیانخوێنێتەوە. لەوە دەچوو زیاتر لە وێنەکان مۆڕدەبێتەوە. من کە چاوەڕوانی ئەوە بووم گاڵتە بە کتێبەکان بکا، کەچی شتێکی تر لە دەمییەوە هاتەدەر:

ـ باشتر نیە یارمەتی مامە بەدبەختەکەم بدەیت؟

تاسام. من کە قەت ئاوەها لە باوکمم نەڕوانیبوو، لێی وردبوومەوە. عەبە وەک پیاوە گەورەکان دەدوا. کتوپڕ زانیم باوکم بەڕاستی زۆر بەدبەختە. بەو چاویلکانەوە و بەو شوغڵەی هەیبوو، بە خەونەکانییەوە و بەبێدەنگییەکانی لە ئاست باوەگەورە. هەموو شتێک وەک فیلم بە بەرچاومدا هاتن و چوون. دەمم ببوو بە تەڵەی تەقیو. منێک کە کتێبم دەخوێندەوە، وەڵامم بۆ عەبە بێقۆلی ئامۆزام پێ نەبوو. نەکا وەک دەیگوت من بەڕاستی کەر بم. تەنیا لە دووای ئەوەی تەمەنم لە چل لایدا، رەنگە لە پەنجایش من وەڵامی پرسیارەکەی ئەوم، ئەویش لە ناو دڵی خۆمدا، دایەوە. دەبووایە بمگوتایە “ئێمە بەڵێن نیە لە پێناوی کەسی تردا بژین، ئەی خۆمان چی؟ تازە مەگەر بەگوێرەی سیستمی نوێ بەڵێن نیە منداڵان هەموو تا قۆناغێکی تایبەت لە تەمەنیان دەبێ بخوێنن؟” دەبووایە بمگوتایە “خوێندنەوە بەشێکی گرینگی ژیانە، بەتایبەت لەم سەردەمەدا.” بەڵام ئیستایش کە ئەم قسانەم بە زەیندا دێن، دیسان لام وایە یەکجار کەم هێزن. هەستدەکەم بەژنی بەرزتری عەبەی ئامۆزام ئیستایش بە هەمان شێوە هەڵکشاو بە سەر مندا راوەستاوە و سێبەردەخاتە سەرم و منیش داماوانە لێی دەڕوانم بە بێ ئەوەی جوابێکم هەبێ بۆی. بەڵام نەکا وەڵامەکان دوواتر دێن، زۆر دوواتر. نەکا ئەسڵەن جوابێک نیە و خودی خوێندنەوە جوابەکەیە، خودی ژیانی عەبە و من؟ نازانم.

تەنیا کارێکی بەغیرەتانە ئەو رۆژە کردم ئەوە بوو دەستم راکێشا و بە بێ پرس کتێبەکانم لێ سەندەوە. دیارە لێشی نەدەترسام، دەمزانی خزمایەتی ناهێڵێ ئەو وەک خەڵکی تر لەگەڵ من هەڵسوکەوت بکات. بە ئاسانی دەستی لە کتێبەکان بەردا و پێمی دانەوە. ئەو ئێوارەیە بۆ یەکەم جار قەڵەمم بەدەستەوە گرت و کاغەزێکیشم هێنایە بەردەستی خۆم و دەستم کرد بە نووسین. چی بنووسم؟ تیایا مابوومەوە. بەڵام دەبووایە شتێک بنووسم. هرچی خۆم گووشی بێسوود بوو. دونیای دەروونم وەک بورکانێک دەکوڵا بە بێ ئەوەی لە قەراغەکانییەوە شتێک سەرڕێژبکا. لە کۆتاییدا تەنیا وێنەیەکم کێشا. جادەیەک بە درەختەکانی تەنیشتییەوە، کشاو بەرەو بینایەک. رەنگە منداڵێکی تەنیایش کە هێشتا نازانێ ئەو رێگایە چەند خەتەربوو. رێگایەکی خۆشی پڕ خەتەر.

عەبە بێقۆل دوورکەوتەوە. من لە دوواوە لێم رووانی. لە کۆتەزلەکەی و سەری تاشراو و دووکەڵی ئەو جگەرەیەی وا با لەگەڵ خۆی دەیبرد. نەکا ئەویش خاوەن جادەی خۆی بێت، نەکا ئەویش لە ئارەزووەکانی خۆیدا خاوەن کتێبخانەیەک بێت؟ پێکەنینم دێت. هەموو شتێک دەشێ.

شەو لە باوکم رادەمێنم. عەبە راستدەکا، باوکم گوناحە. ئەسڵەن هەر هەمووی ئەمانەی وا لەناو ژوورەکەدا لەبەردەمی مندا دانیشتوون گوناحن. تەنانەت باوەگەورەیش. ئەو شەوە بەزەییەکی سەیر دامدەگرێ. ژیان لام دەبێتە کارەسات. دڵم پڕدەبێ و هەڵدەستم دەچم لە ژوورەکەی تر بە دزییەوە دەگریم. دڵنیام عەبەی ئامۆزام قەت لە ژیانیدا نەگریاوە. تەنانەت ئەو کاتانەیش وا بە قەمچی لە قوتابخانە لێیانداوە. هی ئەوەیە دڵی لە بەردە، یان نا بەغیرەتە؛ نازانم. چەند حەزدەکەم وەک ئەو بم. لانیکەم لەم بەشەدا. من ئەوەتەی لەبیرم دێ مرۆڤێکی ترسنۆک و دڵ ناسک بوومە. رەنگە هەر لەبەر ئەمەیش بێت پوورم رۆژێک لە رۆژەکانی ژیان دەستی گرتم و بردمی بۆ کتێبخانە. لەبەر خۆیەوە گوتوویەتی ئەم ئەخلاق خەلەژنانەیە با کەمێک بچێتە ناو جیهانی خۆیەوە و لە خۆی دانەچڵەکێ؛ با بۆ خۆی ستایلی ژیانی خۆی پەیدابکا و دڵیشی پێی خۆش بێت، کتێبەکان یارمەتی دەدەن خۆی خۆی رازی بکا. ئیستا دەزانم پوورم چەندە زیرەکە. نەکا تەنیا ترسنۆکەکان بن روو لە کتێبخانەکان و لە کتب دەکەن. ئەوانەی وا ناوێرن بە دەنگی بەرز قسەبکەن و بە ئاشکرا بە خەڵکی تر بڵێن “نا!”

شەو بارانێکی خۆش دادەکا. باوەگەورە دەچێتە سەربانی بۆ بانگێڕان. دایکم بە باوکم دەڵێ بۆ پێی ناڵێی بەشەو باش نیە. باوکم بە دەسماڵێک عەینەکەکەی کە خەتی زۆری تێکەوتووە و رووشاوە، خاوێندەکاتەوە و دەڵێ “ئەو قەت رێگای بانی لێ هەڵەنابێ، تەنانەت بە تاریکی و بە رەهێڵەیش!”

قسەی قۆڕ! ئەو لەبەر ئەوەی بۆخۆی مەجبوور نەبێ و نەچێ بانەکە بگێڕێ، دەستەوداوێنی شیعریش دەبێ! باوکم شاعیرێکە کە لەبانگێڕان وەڕزە.

ئەو ساڵانە عەینەکسازی لە شاردا نەبوو. دکتۆری چاویش هەروەها. بێگومان گەر دکتۆری چاو هەبا ئەوا عەینەکسازیش دەبوو! یان بەپێچەوانەوە، عەینەکسازی هەبووایە ئەوا دکتۆری چاویش دەبوو،… کەچەڵ و قوندەر بە بێ یەک هەڵناکەن!

لە بیمارستان نەبێ دکتۆر لە هیچ شوێنێکی تر دەستنەدەکەوت. بۆیە خەڵکی روویان لە شارانی دیکە دەکرد. گەر بە ناو تاقە شەقامی سەرەکی شاردا سەرەوخوارێکت بکردایە، عەینەک لە چاوێکت نەدەبینی، جگە لە کابرایەکی پیری گۆچان بەدەست کە ئەگەرچی هێشتا قیت و قینج دەڕۆیشت، بەڵام جووتێک چاویلکەی شووشە ئەستوری پیس و چڵکنی لە چاودابوو کە بە پەتێکی سەوز، کە لە پشت سەرییەوە گرێی دابوو، بە روخسارییەوە رایگرتبوو. کە سەری هەڵدەبڕی و دەیەویست لە شتێک بڕوانێ، چەماوە بەسەر گۆچانەکەیدا دەبا ماوەیەکی چاک لەسەری رامێنێ. ئەویش کەس نەیدەزانی کە بەڕاستی تا چەندە بە جوانی دەیبینی. راستییەکەی ئەوە بوو خێرخوازێک، کە کەس نەیدەزانی کێیە، ئەم عەینەکەی وەک خێر پێدابوو. ئەگینا ئەم پیاوە قەت لە هیچ شوێنێک دکتۆری چاوی نەبینیبوو. زەمەن بەرەبەرە ژمارەی عەینەکەکە و نیگای ئەوی لەگەڵ یەکتر رێکخستبوو، هەرچەند نەک بە تەواوی.

باوکم کە لە قوتابخانە وەک سەرایدار دادەمەزرێ، بە بینینی ئەو مامۆستا چاویلکە لەچاوەی وا لە شارێکی دوورەوە هاتبوو و لێرە دەرسی دەگوتەوە، یەکسەر زەوقی دەچێتە سەر عەینەک. کاتێک چایی بۆ مامۆستاکان لە ژوورەکەیاندا دادەنێ، هەمیشە نیگای دەچەقێتە سەر مامۆستا چاویلکە لەچاوەکە، وەها کە بە زەحمەت بەریدەدا. تەنانەت جارێکیان کاتێک چاییەکەی دابووە دەستی، پێش ئەوەی مەعلیمەکە بەجوانی وەریبگرێ، ئەم دەستی لێ بەردەدا و بۆیە بە سەر رانیدا دەڕژێ. مامۆستاکە لە حەیبەتا یەکبەخۆی راچەنیبوو وعەینەکەکەی لێ ترازابوو. باوکم دەشڵەژێ و لە نێوان سڕینەوەی رانی کابرا و داوای لێبوردن و هێنانەوەی عەینەکەکە دەستەپاچە دەمێنێتەوە. بەخۆشییەوە مامۆستا پیاوێکی میهرەبان و لەسەرخۆ بووە و هیچی نەگوتبوو. ئەوەندەی نەبێ سەرێکی لەبەر خۆیەوە لێ بادابوو.

باوکم لەدووای ئەوەی لە ماڵەوە خەریکی تاقیکردنەوەی چاوەکانی دەبێ، سەرئەنجام بڕیاردەدا بڕێک پارە کۆبکاتەوە و رووبکاتە شاران. لەو پووڵەی دەیدایە دەست باوکی، هەموو مانگێک کەمێکی لێ دەقرتێنێ و جوابی پرتەوبۆڵە و نیگا پڕ لە پرسیارەکانی باوەگەورە ناداتەوە.

بەڵام باوکم چۆن چاوەکانی خۆی تاقیدەکردەوە؟ بۆ وێنە لە پەنجەرەکەوە لە خانووێکی دووری دەڕوانی و ئەوسا لە منی دەپرسی ئەو ماڵە چەند پەنجەرەی هەیە. یان دەیگوت فڵانە پەنجەرەی دراوسێکەمان چەند چاوەی هەیە. یاخود کتێبەکانی لە خۆی دوورو نزیک دەخستەوە بۆ ئەوەی بزانێ چەندە وشەکان و وێنەکان روون و دیارن. داخۆ تێکەڵ دەبوون یان نا. لە دووای ئەوەی بۆی دەرکەوت لە هەندێ شوێندا لەگەڵ وەڵامەکانی من جیاوازی هەیە، بەو ئاکامە گەیشت چاوەکانی یەکجار زەعیفن و بۆیە دەبێ هەرچی زووتر خۆی بگەیەنێتە تەورێز.

هاوینێک بە کاتی تەعتیلی سوواری مینی بووس، ئاودیوی گەردەنەکە دەبێ. کەس نازانێ باوکم چۆن چۆنی توانیبووی ناوونیشانی دکتۆرەکە لە شارێکی غریبی گەورە بدۆزێتەوە و چلۆن شەوان شوێنێک بۆ حەوانەوی خۆی ببینێتەوە. دیسان کەس نازانێ چۆن رێگای شارەکەی خۆی پەیداکردبووەوە. ئەو قەت ئەم بەشەی سەفەرەکەی بەپێچەوانەی مامەچایی لای کەس باسنەکرد. لە دووای چوار رۆژ سەرو سەکوتی پەیدادەبێتەوە. بەو عەینەکە خڕە رەنگ قاوەییە تۆخەوە کە دەیگوت ئاڵمانییە. ئاڵمان! باوەگەورە کە بۆ یەکەم جار ناوی ئاڵمانی لە کاتی شەڕی دووهەمدا بیستبوو، بە لاچاو لە باوکمی روانیبوو و بۆڵەیەکی لێوەهاتبوو. باوکم قاپێکی رشی ئەستووریشی لەگەڵ خۆی هێنابووەوە کە شەوانە چاویلکەکەی لە دووای ئەوەی بە پەڕۆیەکی ناسک خاوێندەکردەوە، دەیخستە ناوییەوە و دوواتر لە سەر تاقچەکەی تەنیشتی کە زیاتر لە میترێک بەرزبوو، دایدەنا. کەس لە بنەماڵەکەدا مافی ئەوەی نەبوو دەستی لێبدا، تەنانەت باوەگەورەیش. پیاویشی دەویست دەستی لێبدا! تەنیا شتێک باوکم لە سەرتاسەری ژیانیدا لەسەری هەڵیدا و بەگژ کەسی تردا چووەوە، چاویلکەکەی بوو. وەک گلێنەی چاوی دەیپاراست.

عەینەکەکە ببووە هۆی ئەوەی باوکم بەتەواوی خۆی لە خەڵکی گەڕەک و بگرە شاریش بەجیاواز ببینێ. ناحەقیشی نەبوو. بەڕاستی جیاوازبوو! ئاخر جگە لە کابرای پیر و لە مامۆستای مەدرەسەکە، کە ئەویش لە شارێکی ترەوە هاتبوو، تەنیا باوکم لەم شارەدا چاویلکەی لەچاودابوو. هەتا خەڵکی عادەتیان پێی گرتبوو، خایاندبووی، بەڵام دوواتر وەهای لێهات بە بێ عەینەک ناسینەوەی زەحمەت بوو.

باوکم زۆر شایی بەخۆی دەهات، بەتایبەت کاتێک عەینەکەکەی لەچاودەکرد و رۆژنامەی قوتابخانەکەی پێدەخوێندەوە. ئەمە ئەو ساتانە بوون وا ئەو تیایانا زیاتر لە هەر کاتێکی تر هەستی بە شانازی دەکرد و، لای وابوو بەتەواوی کەسێکی جیاوازە. بگرە چاویلکەکە خۆی لە خۆیدا دنەدەربوو، پاڵی پێوەدەنا شت بخوێنیتەوە و لە کاتی قسەکردندا بە شێوازێکی تر بڕوانێتە خەڵکی. باوکم کە فێرببوو جاروبارە بە پەنجەی ئاماژەی رێک لەسەر لووتی چاویلکەکە سەرلەنوێ کەمێک بەرزبکاتەوە و بەشیوەیەک کە تایبەتی خۆی بوو بیخاتەوە سەر شوێنی خۆی، پێش ئەوەی دەستبکا بە قسەکردنیش، گەروویشی بە ئحمێکی قایم بۆ سافدەکرد.

من ئیستا لە دووای چلەکان و پەنجاکان کاتێک بیر لەو ساڵانە دەکەمەوە، دیسان بەزەییم بە باوکما دێتەوە، بەزەییەکی پڕ لە رێز؛ لەبەر ئەوەی ئەو بەو کارەی خۆی لە راستیدا رچەشکێنی شارەکەی ئێمە بۆ کەڵک وەرگرتن لە ئامرازێک بوو کە بەڕای من رۆڵیکی گرینگ لە خوێندەواری و لە وردبوونەوە لە دونیا دەگێڕێ.

رۆژێکیان کە خەریکی خوێندنەوەی کتێب بووم، رووی تێکردم و گوتی ئەوەندەی نەماوە تۆیش جووتێک لەمە لە چاوەکانت کەی! ئەوجا بە بزەوە ئاماژەی پێدا. زەوق گرتمی. بزەیەک هاتە سەر لێوم. کەواتە منیش رێگای سەفەرێکی چاکم لەبەر بوو. ویستم شتێک، کە ئیستاکە لەبیرم نەماوە بپرسم، بەڵام دەستبەجێ لەبیری خۆم بردەوە. لە بیرمە لە ترسی ئەوەی نەکا لێم هەڵبەزێتەوە و لەو سەفەرەی وا من  لەداهاتوودا لەبەرم بوو پەشیمان بێتەوە، کشامەوە. لە دەروونمەوە دەنگێکی نهێنی هاواری لێکردم “پەلەپەل!”

بیهێننە بەرچاوی خۆتان مێردمنداڵێک بە جادە بەناوبانگەکەدا بە جووتێک چاویلکەوە تێدەپەڕێ! بەو چاوانەوە رەنگی سەوزی گەڵاکان و شینایی ئاسمان جوانتر و روونتر لە هەمیشە دەبینن. عەینەک هاوزادی کتێبە. مامۆستاکانی قوتابخانە، قوتابییەکان و بگرە خەڵکی شاریش هەستدەکەن مەدرەسەکەیان زیاتر لە هەمیشە لەسەر رەوتی خۆیەتی. باوکم ئەوێی گۆڕی. ئەو غیرەتی خستە ناو دڵی خەڵکی شاریشەوە. مامۆستا چاویلکە لەچاوەکە ئەگەرچی لەوێ نەماوە و گەڕاوەتەوە بۆ شارەکەی خۆی، بەڵام باوکم دڵنیایە گەر لەوێ مابا ئیستا پیرۆزبایی لێدەکرد. دەیگوت “بەخێربێی هەڤاڵ!”

باوکم هەموو ئەو هەواڵ و بابەتانەی وا لەناو رۆژنامەکان لەژێر وێنە چاویلکەدارەکانەوەن لەکیس نادا و، وردورد دەیانخوێنێتەوە. تەنانەت گەر چەند سەعاتیش بخایەنێ. ئەو لەو کاتەوە ئەم عەینەکانەی هەیە هەم باشتر دەخوێنێتەوە و هەم ئاست و توانای خوێندنەوەیشی چووەتە سەرەوە. دایکیشم شانازی دەکا بە باوکمەوە. جاری وایە بە ناز و غەمزەیەکی سەیرەوە رووی تێدەکا و دەڵێ “ئەمڕۆ قاپەکەم بۆ خاوێن کردیتەوە.” باوکم چاوەکانی لە ژێر شووشەکانەوە پێدەکەنن و سوپاسگوزارە.

بەڵام باوکم وەک هەموو ئەوانی تر، ئەوانەی وا بە عەینەکەوە لەم دونیایەدا دەژین، بەدشانسە و رۆژێک لە ماڵەوە لە بەختی رەشی قاچ دەنێ بە عەینەکەکەیدا و دەسکەکەی لەبنەوە دەقرتێنێ. ئاسمان دەقڵیشێ. باوکم وشک بوو. بۆ ماوەیەک وەک ئەو پەیکەرەی لێهات وا مامەچایی لە کاتی سەفەر لە مەیدانەکەدا بینیبووی و شەوی دۆڵمەخواردنەکە باسی لێکردبوو. وشک وشک بە بێ جووڵە و سرتە. باوکم نەیدەزانی چۆن دانەوێتەوە و دەستی بۆ ببا. داخۆ بەشی هەڵگرتنەوەی تیامابوو؟ دونیا کتوپڕ وەها تەنگ و تاریک ببوو کە وشە لە ئاستیا قاسر بوو. دایکم دوو دڵۆپ فرمێسک بە چاوەکانیدا هاتنە خوارەوە. پشیلەی سەر بانیژێکە، کە بەسەر ژوورەکەماندا دەیڕوانی، وەک بڵێی لە کارەساتێک هەستی ئاگاداری کردبێت، راوەستا و لە پەنجەرەکە وردبووەوە. بەڵام کار لە کار ترازابوو. عەینەکەکە شکابوو. رێک وەک قاچی مامە جوێنفرۆش کە ساڵانی دوواتر لە سەر چێوبەست بەرببووەوە و لە رانیەوە ئێسکی ببوو بە دوو کەرت. وەک چۆن لاقی ئەویان ئەو کاتە لە گەچ گرت و دەبا یەک ساڵی رەبەق لە ماڵەوە لەناو جێگادا بۆی بکەوێ، چاویلکەکەی باوکیشم بە چەسپێکی شین کە وەک گرێیەکی ئەستوور بەسەرییەوە خۆی دەنواند، لاقە شکاوەکەیان پێکەوە گیرساندەوە. گرێیەک کە زۆر خراپ لە زەوقی باوکمی دا و تەواو لە حاڵ و هەواکەی جارانی خست.

هەرچەند چاویلکەکە ئێستاکە لە زەوق دەدا، هەرچەند باوکم وەک جاران پێیەوە ناچێتە بەر ئاوێنەکە و لە کاتی قسەکردنیشدا زووزوو بە دەستی راستی لاجانگی راستی دەخورێنێ، وەک بڵیی دەیەوێ گرێ سەوزەکە بشارێتەو، بەڵام موهیم ئەوەیە چاویلکەکە ماوە. ماوە و درێژە بە راپەراندنی ئەرکی گرینگی خۆی دەدا کە خوێندنەوەی رۆژنامە و بەردەوامبوونی باوکمە لە ئاست ژیان و دونیادا. هەرچەند مامەتەنەکە رۆژێک پێی گوت گەر لە تەنەکە بایە من بۆم لەحیم دەکردییەوە، بەڵام باوکم بەگشتی لەگەڵ دۆخەکەدا دێتەوە. بگرە پلانێکی تریش بۆ سەفەری تەورێز دادەڕێژێ. تازە دکتۆریش پێی گوتبوو کە واباشە ناوەناوە سەرلەنوێ چاوەکانی تاقی بکاتەوە. بەڵام باوکم فریا ناکەوێ. هەم منداڵەکانی گەورەبوون و هەم خەرج هەتا دێت گرانتر دەبێ. مووچەی ئەویش کە ئەوەندە زیاد ناکا. باوکم وەڕەزە. تووڕەیە. لای وایە شتێک هەڵەیە. هەرچەند نازانێ چییە. باشە ئەم چەند مانگە چی روویداوە؟ رۆژنامەکەیش زۆر باسی ئەمە ناکا. منیش خواخوامە ئەوەندەی دووابخا هەتا نۆرەی چاویلکەی منیش دێت. لام وایە من و باوکم ئەوەندەمان نەماوە پێکەوە بچین بۆ تەورێز.

درێژەی هەیە…

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *