فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

فەڕۆخ نێعمەتپوور نووسەر و رۆژنامەنووس لە ساڵی ١٣٤٤ی ھەتاوی لە شاری بانە، کوردستانی ئێران لە دایکبووە.. خاوەن لیسانسە لە بواری فەلسەفە لە زانکۆی بلیندەرن لە ئۆسلۆ. ئەم نووسەرە لە بواری رۆمان، چیرۆک و وتاری سیاسی و فکری دا چالاکە و گەلێک بەرھەمی لەم بوارانەدا پێشکەش کردووە. ئیستاکە لە وڵاتی نۆروێژ دەژی و بەردەوامە لە کاری نووسین. --- بەرهەمەکان ---- رۆمان: پەڕەسێلکەکانی کۆچ — ١٩٩٨ ساڵەکانی خەون — ٢٠١٠ پێنج سەفەر، وێنەیەک — ٢٠١٣ باڵندەی بریندار، ماسی سەرسام — ٢٠١٤ گوناھی گەورە — ٢٠١٥چیرۆکی شۆڕش — ٢٠١٦خەیاڵاتی بێھودە — ٢٠١٨کاتێک ھاشم لە زیندان گەڕایەوە — ٢٠١٩ماجراهای بابا — (مجموعه داستانهای به هم پیوسته) —…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

لە بیرم دێت (۴)

کات 21/12/1399 212 بازدید

رۆژێک کاتێک بەرەو کتێبخانە دەچووم، بینیم جادەکە لە رۆژانی تری خۆی جیاوازە. خەڵکێکی زۆر لە هاتووچۆدا بوون. ئەوانەی سەرەوژوور دەبوونەوە بەپەلەتر لەوانەی وا سەرەوخواردەبوونەوە. لام سەیربوو. لە سەر حەساری ئەو قوتابخانە کۆنەی کە ساڵانی ساڵ بوو هیچ قوتابییەکی بەخۆیەوە نەبینیبوو و یەکسەر داخرابوو، بەڕیز خەڵکی لەسەر دانیشتبوو. بەر دەرگا ئاسنیە گەورەکەی، ئاپۆرایەکی سەیر دەبینرا. نزیکتر کەوتمەوە. هەرایەک بوو نەبێتەوە.

پرسیم چییە. گوتیان پاڵەوان بازییە! گوتیان کابرایەکی بەهێز خەریکی پچڕاندنی زنجیر و کاری سەیرو سەمەرەی ترە. وتیان قەرارە ماشینێک بەسەریا بڕوا! هەرچۆنێک بوو بە پاڵەپەستۆ منیش خۆم تێهاویشت و رێگام بۆ ناو حەوشەکە کردەوە. پیاوێکی کەتەی ریش ماش و برینجیم لەو مەیدانەدا بینی وا خەڵکەکە دەوریاندابوو، بە شەرواڵێکی بەڵەکی سەوز و کراسێکی قۆل رووتەوە. بازووە گەورەکانی یەکسەر سەرنجی دەقۆستیتەوە. ئەوسا قژە بژ و لوولەکانی کە درێژ دەگەیشتنە سەر شانی ئەستور و پانی. چەند سندوق لە گۆشەیەکی مەیدانەکە کەوتبوون و پیاوێکی تر، کە دیاربوو هاوکاریەتی، لە تەنیشتیاندا دانیشتبوو. پاڵەوان بە بڵیندگۆیەک بە دەستییەوە بەردەوام لە گەڵ خەڵکەکە قسەی دەکرد. بەهۆی هەراهەرا و دەنگی ناڕوونی بڵیندگۆکەوە کە جاروبارە فیکەیەکی پیسی لێوەدەهات و مێشکی کاسدەکرد، تێگەیشتن لێی زۆر زەحمەت بوو. گەڕان و روو وەرگێڕانی بەردەوامیشی لەسەر کە ئیتر جگە لە غەڵبەغەڵبێکی بەردەوام هیچی تری لێوە نەدەهاتە گوێ. بەڵام من، پێم وابێ خەڵکیش، زیاتر لەوەی سەرقاڵی قسەکانی بین چاوەڕوانی ئەوە بووین کە داخۆ دەیەوێ چیمان پیشان بدات. پاڵەوان، لە سەر هەر دوو قۆل و روخساری زبری، جێ شوێنی برینی کۆن بوون. دەنگێکی گڕی هەبوو کە ئەوەندەی دیکە بەهێز و بەهەیبەتی نیشاندەدا. هاوکارەکەی ناوە ناوە هەڵدەستا و بەو سینییەوە بە دەستییەوە بوو، دەگەرا و داوای پارەی لە خەڵکەکە دەکرد. هەندێ دەستیان دەکرد بە گیرفانیاندا و پووڵە ورتکەیان تێدەهاویشت و هەندێکی تر، کە زۆرینە بوون، خۆیان لێ دەبوارد. هاوکارەکەی رادەوەستا و روو لەو کەسانە باسی لە هیمەت و لە پیاوچاکی و لە سەخاوەت دەکرد، لەوەی کە خێر گەورەترین چاکەیە و تەنیا شتێکە خودا ناتوانێ نەیبینی! بەڵام زۆر جار بێسوود بوو. خەڵکەکە یان روویان وەردەگێڕا، یان لەبەردەمی خۆیانیان دەڕوانی. هەڵبەت من بڕواناکەم زۆر کەسیش پارەی لە گیرفاندا بووبێت. سەرئەنجام سوڕی مەراسمەکە خێراتر بوو و پاڵەوان لە دووای خوتبەیەکی زۆر کە من تەنیا وشەگەلی وەک “ابالفضل، علی، جهان پهلوان، غیرت، نامرد، مرد، دنیا، حسین و…” شتی لەم بابەتم دەهاتە گوێ، دەستی کرد بە پاڵەوان بازییەکەی. هەموو نیگامان چووە سەر ئەو زنجیرە کوتوکوڵوفتەی بە دەوری بازووە کوتراوەکانییەوە بوو و دەیویست ئیستا نا ئیستا بیپچڕێ. پاڵەوان بە زنجیرەکەیەوە کە سێ قەفی بە دەوری هەر دوو بازوویدا خواردبوو، کەوتە جووڵەیەکی سەیر کە زیاتر لە سەمایەکی تایبەتی دەکرد. خولێ بەم لادا و خولێ بەولادا،… کووڕ بەسەر قاچە کراوەکانیدا. بە روخساری هەڵماسیوییەوە. لەو کاتەدا کە بەڕواڵەت زۆری بۆ خۆی دێنا زنجیرەکە بپسێنێ، گەییە لای ئێمە و یەکێک بە دەنگێکی بەرز گوتی ئەو سەگبابە درۆ ئەکا! پاڵەوان کە لەوە دەچوو حاڵی بووبێ، هاواری لە یەکێک لە ناو حەشیمەتەکەدا کرد کە بچێ و زنجیرەکە تاقی بکاتەوە. کابرا کە پیاوێکی تەمەن مامناوەندی بوو بە دڕدۆنگی خۆی لە خەڵکەکە جیاکردەوە و بە ئارامی لێی نزیک کەوتەوە. پاڵەوان نەڕاندی “مرد، زنجیرو بکش!” راستی دەکرد، زنجیرەکە لەوە سفت و قایمتر بوو دەینواند. بازووەکانی پاڵەوان شین و رەش ببوونەوە و ئەوەندەی تر رەگەکانی دەرتۆقیبوونە دەرەوە.

ـ “خدایا بدە بە مرد،تا نامرد بترکە!… آی… خدایا!”

لە دووای چەند پێچ و لوولخواردنی تر کە تەواو نەفەسی لە سینگی خەڵکەکەدا حەبس کردبوو، سەرئەنجام زنجیرەکە لە هەر سێ ریزیدا یەک لە دووای یەک پسان و قورس قورس کەوتنە سەر زەوی. ئەوەی وا دەیگوت ئەو سەگبابە درۆ ئەکا لە پێش ئەوانی ترەوە دەستی بە چەپڵەلێدان کرد! مەیدانەکە گەرم ببوو. خەڵکەکە ئاگایان لە خۆیان نەمابوو. ئەو رۆژە پاڵەوان بە دیان ماشینێکی راگرت، بە مست چەندین بەردی شکاند، چەند وەزنەی قورسی بەرزکردەوە و، لەندروێرێکیش بە سەر قۆلیدا رۆیشت. تەنانەت وەزنەیەکی قورسی تریشی کە بە پەتەوە گرێدرابوو، بە دیان هەڵگرت و بە پشتی سەری خۆیدا فڕێیدا. چەپڵە بە چەپڵەی دەگوت جێم بکەوە! من هەتا کۆتایی بەرنامەکە نەمامەوە. هەر بەو زەحمەتەی چووبوومە ژوورەوە، هاتمەوە دەرەوە.

من کە کتێبەکانم، سەرەڕای ئەوەی بەردەوام بە دەستمەوە بوون، لە بیرچووبوونەوە، کتوپڕ تێگەیشتم بەرگی یەکیان زۆر خراپ شکابووەوە و ئەوی تریشیان لە گۆشەکانەوە بە لاپەڕەکانەوە گرمۆڵە ببوو. تەواو پەشۆکام. باوەڕم نەدەکرد. لە گۆشەیەکدا هەڵتروشکام بۆ ئەوەی چاکیان بکەمەوە، بەڵام هەرچی کۆشام بێسوودبوو. راستکردەوەیان مەحاڵ بوو، وەک خۆیان لێدەهاتەوە. قوڵپی گریانێکی کتوپڕ بەربینگی گرتم. سەیری ئەو سەر جادەکەم کرد کە دەگەییە کتێبخانەکە. لە کاتێکدا فرمێسکەکان ئارام ئارام دەهاتنەخوارەوە، بڕیارمدا بگەڕێمەوە بۆ ماڵەوە.

ئەو شەوە خەوی زۆر ناخۆش ناخۆشم بینی. لە خەوەکەمدا بینای کتێبخانەکە نەمابوو، پاڵەوانەکە ببووە بەرپرسی کتێبخانەکە و کاتێک بینی کتێبەکان وەهایان لێهاتووە وەک زنجیرەکەی بە دەوری بازووەکانیدا پێچامی بۆ ئەوەی بمچڕێ! خەوم دی پوورم لە بڵیندگۆکەدا بە چاوە سوورەکانییەوە روو لە من بە تووڕەیی قسەی دەکرد، بێ ئەوەی من یەک تاقە وشە چییە لێی حاڵی بم. من کەڕ کەڕ لە ناو دونیایەکدا، کە بەدەورمدا هاواری دەکرد، بێدەسەڵات مابوومەوە.

بۆ بەیانی هەستم بە لاوازییەکی سەیردەکرد. دایکم گوتی رۆڵە بۆ مەدرەسە درەنگ ئەبێ. هەرچیم کرد نەمتوان رابمە سەرپێ. تەبێکی زۆر جەستەی دەسووتاندم. هەتا سێ رۆژ لەناو جێگادا مامەوە. چوارەم رۆژ حاڵم باشتر بوو. پوورم گوتی بۆ ئەو رۆژە کتێبەکانت نەبردەوە، کتێبخانە داوای دەکاتەوە. شەرمێک گرتمی. کتێبەکانم پیشاندا و باسی ئەو رۆژەم بۆ گێڕایەوە. پوورم سەرەتا ناوچوانی تێکنا، ئەوسا بزەیەک گرتی. گوتی گرینگ نیە، بە جەریمەیەک خەلاس ئەبێ. گوتی کە چوویتەوە پێیان بڵێ لەگەڵ ئەو پێوەندی بگرن.

من رقم لە خۆمە کە پاڵەوانێک توانی ئەو رۆژە رێگای هەمیشەیی من لە من تێکبدا، وەها کە چەندین سەعات لە کاتێکدا دوو کتێبم بەدەستەوە بوو راوەستم و سەیری ئەو بکەم. من تەنانەت دڵنیام پچڕاندنی ئەو زنجیرەیش فێڵێکی گەورەیە. کەس ناتوانێ کاری وەها بکات. بەڵام ئەو کردی. چۆن؟ نازانم. دیسان ساڵانی دوواتر بوو کە زانیم هەموو ئەم کارانە لەسەر پووڵە. پێوانەی جیاکردنەوەی مەرد و نامردیش هەر پووڵە. ئەبەلفەزل و عەلی و حسێن و… هەمووی ئەو وشانەی وا پاڵەوانە بەستەزمانەکە دەیدرکاندن، بۆ پارە بوون! من تێگەیشتم بۆ ژیان و بەردەوامبوون تیایا، مرۆڤەکان هەموو شتێک دەکەن. ئەو بۆ ئەوەی بە پارە بگا، رێگایشی لە من تێکدابوو. هەرچەند پوورم دەڵێ خەتای خۆم بووە نەک ئەو.

سەرم لە گێژەوە دێت. حەزم بە رشانەوەیە. عەبە بێقۆلی ئامۆزام وێنەیەکی پاڵەوانەکە (کە ئیستا دەزانم ناوی ‘ئەکبەر’ە) کڕیوە و بە ژوورەکەی خۆیدا هەڵیواسیوە. ئامۆژنم کە رقی لەو پیاوە نیوەڕووتەیە، چڕنوک لە روومەتی خۆی دەگرێ و دەڵێ ئەیەڕۆ عەبە نگریس هەر ئەمە مابوو پێمان بکەی! بەڵام عەبە بێخەیاڵە. دەڵێ کەس بازووی وەها زلی نیە (دیارە مەبەستی لە شارەکەی ئیمەدایە). دەڵێ ئەویش دەبێ رۆژێک ببێ بە پاڵەوان. راستدەکا لەم شارەی ئێمە کەس بازووی زلی نیە، کەسیش پاڵەوان نیە. لێرە کەس بە بازوو زلکردنەوە مەشغوڵ نیە، بەڵام من هێشتا ئەوەم بۆ حەل نابێ چۆن بە دیانەکانی بۆکسەوادی بەو سەیارە زلە کرد!؟ ئەها رەنگە شۆفیرەکە زیرەکانە گەمەی بە تەگەرەکان کردووە، گەمەیەک بە کلاج و بە گاز کە تەنیا شۆفیرە شارەزاکان لێی دەزانن. بەڵام تۆ وای دابنێ لێی تێکبچێ، خۆ ئەوجا قوڕدەکرێ بەسەریا و یەکسەر لە کەمتر لە یەک چرکەدا ناودەمی وەک خانووی بێ کرێچی لێدێ!

بۆ هەفتەی دووایی من دەچمەوە سەر رەوڕەوەی ژیانی جارانم. لەبەر خۆمەوە بە خۆم دەڵێم ئیتر لەخۆوە خۆت نەهاویتە ناو هیچ قەرەباڵغییەکەوە. کە گەورەتر دەبم بە خۆم دەڵێم سەبارەت بە خەڵکی وشیاربە. پێم وابێ هەڵەیش ناکەم. ژمارەی ئەو کەسانەی روودەکەنە کتێبخانە و ئەوانەی روو دەکەن پاڵەوان بازییەکەی حەوشەی قوتابخانەکە، ئەم راستییەم پێ دەڵێن. پێکەوە بەراورد ناکرێن. شتێک لە دەروونمەوە دەگوڕێنێ بازوو لە کتێب سەرنجڕاکێشترە.

لەو ساڵانەوە من دەبم بە جۆرێکی تر. هەڵبەت نازانم تا چەندە ئەمە راستە. پێم وابێ ئێمە دەبێ هەندێ جار مل بدەینە چارەنووسمان، ئەگەرچی پێت وایە نابێ کەسی تر رێگای داهاتووت بۆ دیاری بکا. بیر لە قژی بژ و لوول و ماش و برینجیی پاڵەوانەکە دەکەمەوە، بیر لە جەستەی تەژی لە ماسولکە و کوتراوی،… بیر لە نیگاکانی کە بە پێچەوانەی جەستەی، ماندوو و شەکەت دەیاننواند. نازانم چەندەی کتێب خوێندبێتەوە، بەڵام ئەو رۆژە قسەی لێ نەدەبڕا. ئەوەی پێویستی بوو، بۆی دەهات،… دەیگوت،… دەیگوت و دەیگوتنەوە، بە بێ هیچ ترس و سڵەمینەوەیەک. سەرسامم.

باوکیشم ئەو رۆژە لە حەوشەکە بووە! پێم وابێ تەنیا باوەگەورە رووی لەوێ نەکردبوو. ئەو لە تەمەنێکدایە کە دونیا ئیتر لای فشەیە. چ زنجیرەکە بپچڕێنی یا نا، دەبێ بڕۆی. هیچ هێزێک دادت نادا. بەڵام شتێک لە دەروونەوە دەنگم دەدا کە کتێب وەها نیە، دادت دەدا. هەستدەکەم ئەبەدییەت لە لاپەڕەکانەوە گوزەردەکەن، نەک لە شوێنی ترەوە. بە بێ ئەوەی زۆر هێز بدەیتە خۆت و بە سینییەکەوە دەست لە خەڵکی پان بکەیتەوە.

ماوەیەکە باوەگەورە رووی خۆشە. کە دێتەوە، دەم بە بزەیە. ناوچاو تاڵییەکەی جارانی نەماوە. هەموو بنەماڵە لایان سەیرە. تەنیا پوورم گوێی لێ نیە. دایکیشم یەکجار خۆشحاڵە. ئاگام لێیە جاری وایە بە دەم شۆردنی جلەکانەوە لەبەر خۆیەوە گۆرانییەک دەڵێتەوە. نازانم چییە، وشەکان شاراوەن، تەنیا ئاهەنگەکە دێتە گوێم. رەنگە یەکێک لەو گۆرانییانەی بێت وا بەسەر منداڵەکانیدا هەڵیدەڵێ. ئاهەنگێک نە شاد و نە غەمگین. وەک ئەو ئاهەنگانەی دەستپێکن بۆ بیرکردنەوە، سەرەتایەک بۆ سەرەتای رەوتێکی تر. منیش خۆشحاڵم. هیچ شتێک لە دونیادا لە بزەی سەر لێوی پیاوی تووڕە جوانتر نیە. دایکم بە بێ ئەوەی من پرسیارم لێکردبێ، بە چاوە ئارام و نەرمەکانی لێم زیت دەبێتەوە و، دەڵێ “ئینشاڵڵا بەردەوام دەبێ!” منیش ناپرسم چی. ئاخر دەزانم باسی چی دەکا. منیش بە چاوەکانم پێدەکەنم،… رەنگە. لە دوورەوە دەنگی خوێندنی کەڵەشێرێک دێت. دووانیوەڕۆیەکی رۆژێکی هاوینییە. ئەگەرچی خوێندنی کەڵەبابەکان خەمگینم دەکەن، بەڵام بزەکە لە نیگاکانم وننابن. دیسان لە دوورەوە دەنگی دەستفرۆشێک دێت “وەرن بۆ شۆرمەزەی کوڵیو،… دەی یاڵڵا وەرەن!” لەسەر گوێسبانەکەوە پشیلە هەمیشەییەکە خۆی دەکێشێتەوە و دەمی دەلێسێتەوە. دەزانم مشکێک، یان چۆلەکەیەکی تر بووە بە قوربانی. بەڵام گرینگ نیە، موهیم ئەوەیە باوەگەورە بزەی لە سەر لێوە. ئەو بزەیەی تەنانەت لە کاتی نوێژخوێندن لە سەر بەردەنوێژەکەیش ون نابێ و، وەک تەڕایی حەوزە چیمەنتۆکەی بەر شێرەئاوەکە خێرا لەبەر هەتاودا نابێ بە هەڵم.

ئەم رۆژانە منداڵەکانیش زیاتر لە کاتەکانی تر جورئەتی کایەکردنیان هەیە. جووڵە و دەنگیان زۆرترە. ژیان لای ئێمە بەهێزتر دەنوێنێ. وەک بڵێی درەختی ژیان رەگێکی زیاتری داکوتابێ. لەو بن بنانەوە. لەو هەسارەیەی بۆ خۆیشی نازانێ بۆ میلیۆنان ساڵە بە دەوری هەتاو و بە دەروی خۆیدا دەسوڕێتەوە.

راستییەکەی ئەوەیە مەلای گەڕەک ماوەیەکە لە خوتبەکانیدا زۆر باسی حۆرییەکان دەکا،… حۆرییەکانی بەهەشت دەڵێم. دەڵێ موسوڵمانی راستەقینە و خوداترس کە لە سایەی رەحمەتی خوداوە و بەگوێرەی وەعدی حەقتەعالاوە دەچێتە بەهەشت، گەلێک لەم حۆرییانەی پێ دەبەخشرێ. دەڵێ ژیانی راستەقینە لە راستیدا لەوێیە و نەک لێرە. ئەوسا یەک بە یەک تایبەتمەندیی حۆرییەکان هەڵدەدا. باس لە چواردە سیفەتیان دەکا. پاک و پاکیزەن، هیچ نوقسانێکیان نیە، وەک مرواری لە سەدەفدا شاراوەن، ناز و غەمزەیان تەنیا بۆ هاوسەرەکانیانە. کە دەگاتە ئێرە باوەگەورە هەناسەی سواردەبێ و هەستدەکا ناتوانێ هەڵیکێشێ. وەک چۆن جامۆڵکەیەک خێرا پڕدەبێ لە ئاو و، لێوڕێژ دەکا. راوەستە مەلا،… راوەستە! تکایە جارێکی تر لە سەرەتاوە! بەڵام ئەم قسانەی بە زاردا نایەت. وشەکان و رستەکان دەخواتەوە. خراپتر. لەوانەیە بخنکێ. گەر باوەشێنێکی لێ بووایە دەستی دەدایە و کەمێک هەواکەی دەوری جەستەی خۆی دەجووڵاند. ئاە خوای گەورەیش چەند سەیرە کە هەموو شتە باشەکانی وەها دوورخستووەتەوە، عەقڵ نایبڕێ. ئەوسا مەلا دیسان بەردەوام دەبێ. ئەویش ئاگری نیگاکان دەبینێ،… دەیانخوێنێتەوە: وەک یاقوت و مەرجانن، کچن و هێشتا هیچ عیبادەت ئەلبەشەریک دەستی لێنەداون، تەنیا دانراون بۆ تۆ، بۆ ئەوەی تازە لە پردی سیڕات پەڕیوەتەوە و ئاودیوی دەرگا بەناوبانگەکە بووە، جوانیی دەروونی و جەستەییان لە ترۆپکدایە،… ئاە، باوەگەورە لێرەدا پرسیاری هەیە. حەزدەکا بپەڕێتە ناو قسەکانی مەلای میهرەبانەوە و بڵێ دەزانم لە دونیادا نموونەی وەها نیە، بەڵام نێزیک لەو بابەتە هەیە؟ هەڵبەت ناپرسێ. هەروا بێدەنگ و تامەزرۆ لە دەمی مەلا دەڕوانێ. ئا، تەنیا لە دەمی. ئەوسا دێتەوە بیری مەلا خاوەن ژنێکی یەکجار جوانە. رەنگە بیست سی ساڵێکیش لە خودی مەلا گەنجتر. سپی وەک کەلەرم،… ئاڵ وەک سێوەلاسوورە. ئاە خۆزگەم بەخۆی، دەست بخاتە سەر هەر کەسێک یەک و دووی نیە، بە بێ راوەستان دەیدەنێ. باوەگەورە حەسرەتی ئەوە دەخوا بۆ نەبوو بە مەلا. بگرە جاری وایە هەستدەکا رقی لە باوکییەتی. باشە خەڵکی باوکی هەیە و منیش باوک! مەگەر من چیم کەمترە لە هەموو ئەوانەی رۆژێک لە رۆژان بوون بە فەقێ و، دوواتر بوون بە کوڕی باوکی خۆیان.

مەلا درێژەی دەدا: ئەوان هاوتای هاوسەرانی خۆیانن، ئەوەندە وردەکاری لە جوانیاندا کراوە کە ئەقڵ نایگاتێ، بەشێوەی نوێ خوڵقاون. باوەگەورە لەمە ناگا، یەعنی دەگا،… بەڵام… بەڵام نەک تەواو. پێویستی بە کەمێک شیکاری زیاتر هەیە. دیسان حەزدەکا وەک منداڵی قوتابخانەکان دەست بەرزکاتەوە بۆ پرسیارێک. سەر لە نوێ پەشیمان دەبێتەوە. نا، دەبێ تەنیا گوێبگرێ. نەکا مەلا و ئەوانەی وا بە دەورووبەرییەوە دانیشتوون، پێی پێبکەنن. جا بۆیە هەوڵدەدا خۆی موشکیلەکەی خۆی حەل بکا. بە دەم رێگای ماڵەوە بیر لە خوڵقانی نوێ دەکاتەوە. داخۆ مانای ئەوەیە سەرلەنوێ سازیان دەکاتەوە، یان تەنیا عەیبەکانیان رەفع دەکا! بیردەکاتەوە و بیردەکاتەوە. ئەوسا لەبەر ئەوەی نەکا بەشێوەی بێ جێ و نەشیاو خۆی هەڵقورتاندبێتە کاری خوداوە، دەست هەڵدەگرێ و لەبەر خۆیەوە دەڵێ چ کارم بەم بەشەی داوە، موهیم ئەوەیە بە شێوەی نوێ خوڵقاوە و تەواو!

ئەوەی وا لە تەنیشت راستی باوەگەورەوە دانیشتووە، سەر بەرزناکاتەوە. بەردەوام لە عەرزەکە دەڕوانێ و تەسبێحەکەیشی دەگێڕێ. ورتە ورتی دێت. باوەگەورە لە پرتەپرتەکەی تووڕەیە. ناهێڵێ گوێی لە حەقایەتی خۆشی دونیای دووای مردن بێت. بە لاچاو لێی دەڕوانێ. دەیناسێ. ئەویش بە گۆچانەکەیەوە زۆربەی رۆژ لەبەر ئەم دووکان و ئەو دووکاندا دادەنیشێ و لە دونیا دەڕوانێ. پیرێکی رەشتاڵەی روخسار پڕ لە چرچ و لۆچ کە لە یەکێک لە گەڕەکە پەراوێزەکانی شاردا دەژی. باوەگەورە بیر دەکاتەوە “خوایە چەند زۆرین!” ئا، راستدەکا، زۆرن. لەو زۆرانەی وا لاکەوتەن و کەس سەرنجی لە سەریان نیە. وەک بڵێی لەو دیو سنوورەکانی ژیانەوە حسێبیان بۆ دەکرێ. ئاهێک هەڵدەکێشێ و گوێ بۆ مەلا شلدەکاتەوە: هەمیشە کچۆڵەن، کچن، یەک هەزار جاریش لەگەڵیان جووت بی، بەڵام کچێتیان دووبارە نوێ دەبێتەوە. ئەڵلا لەو خالیقە! خۆش قسە و خۆش زمانن. هەر حەزدەکەی لەگەڵیان دانیشی و گوێیان لێبگری. قسەیان لێنابرێ، ئەوەندەیش بەجوانی باسی شتەکان دەکەن کە هەر حەزناکەی تەواوبێ. سەرئەنجام ئەوەیکە یەکجار گەنجیشن. بگرە بە حەول و قووەتی خودا قەت پیر نابن. پێست و چاویان هەمیشە گەش، قژیان بە بریقە و لێوەکانیان تەڕ وەک ئاوی ژیان. ماشاڵلا لە ئیرادە و لە قودرەتی حەقتەعالا!

باوەگەورە دیسان دڵی پڕدەبێتەوە. خوایە بۆ خێرا نامکوژی، من ئیتر نامەوێ بژیم،… ئای خوایە گیان! بەڵام بیری مەرگ کەمێک دەیسڵەمێنێتەوە. جۆرێک لە گومان لە دەروونیدا سەرهەڵدەدا. لە دەوروبەری خۆی، لە ژێر لەپی دەستییەوە دەڕوانێ. نەکا کەسێک لەم گوناحە دەروونییە ئاگاداربێت. بەڵام نا، مزگەوت و حەشیمەتەکەی ناوی وەک خۆین. وەک تاوێک لەوە پێش. سوکنایی دێت. بەس دەبێ وشیاربێت شەیتان سەرلەنوێ فریوی نەداتەوە. دێتەوە بیری تەنیا مەلایکەکانی سەر شانی ئاگایان لە وەها گوناحێک هەیە. دەزانێ نووسیویانە. ئەوان دەبێ راپۆرتی خۆیان بدەن. وەها چێکراون. کەس نابوێرن. لەبەر خۆیەوە دەڵێ خودا دەلیلی داماوانە. دەڵێ لە خۆوە نیە لە تەنیشت جەهەننەم بەهەشتیشی خوڵقاندووە. ئەوجا ورد ورد فرمێسکە بێدەنگەکان بە گۆنایدا دێتەخوارەوە. بە خۆی دەڵێ جا جەهەننەم لەمە زیاتر،… ها لەمە زیاتر! چەند جوێنێک ئاراستەی کوڕەکانی دەکا، بەتایبەت رەحمان. ئیستا ئیتر دڵنیایە کافرن و دراوسێی درگابەدرگای شەیتانن. حەک بە ئاگری جەهەننەم بسووتێن!… حەک!

مامۆستا سەروبەری خوتبەکەی بە دۆعا یەک دێنێتەوە و، بەم شێوەیە مزگەوت دەکەوێتە پشوو. پیرەکان یەک لە دووای یەک وەدەردەکەون. باوەگەورە لە دوواوە لێیاندەڕوانێ. ئەو ساڵانە چەند ئەم رۆژانەی لا دوور دەهاتە بەر چاو. ژیان چەندە خۆی دەکێشا. لەم بیرانەدا بوو کە مامۆستا دەنگیدا. باوەگەورە راوەستا.

ـ مەولوویی خوێندنە، لە مالێ فەقێ رەسوڵ.

باوەگەورە دەڵێ بێگومان دێت. خۆشحاڵە کاتێک لە مەولوویی خوێندن دەگەڕێتەوە گیرفانی بەشی ئەوەندە پڕە لە دیاری کە بە کوڕەزاکانی و بە هەموو خێزانی بدات. بە گیرفانی پڕ گەڕانەوە بۆ ماڵیشەوە چ حاڵ و هەوایەکی هەیە.

ئا، باوەگەورە ماوەیەکە یەکجار خەنییە. بەڵام خەنیبوونەکەی بەری بە تووڕەبوونەکانی نەگرتووە. خێرا گەڕانەوە. دەڵێی دەستدەکا بە گیرفانیدا و دەریاندێنێ و بە کەیفی خۆی دابەشیاندەکا، وەک نوقڵی مەولووییەکەی فەقێ رەسوڵ. تەنیا جیاوازییەکەی ئەوەیە کە ئەمەیان هی خۆیەتی. باوەگەورە لە تووڕەییەکانیدا خۆیەتی. بۆیە گرینگە لە بیریان نەکا. من هەستدەکەم تەواو تێیدەگەم. تەنانەت دایکیشم. بۆیە کە دەستپێدەکاتەوە، ئێمە ئامادەین. رەنگە بە جۆرێکیش پێمان خۆشە. مەگەر وەها نیە هەموو کەس بیری رابردوو دەکا؟ بێگومان. بۆیە بۆ یەکەم جار کە دیسان تووڕەدەبێتەوە، من و دایکم لەبەر خۆمانەوە بزەیەکمان دێتێ. لە ئاسمان دەڕوانم و لە ژێر ئەم سەقفە شینە بڵیندەدا بۆ یەکەم جار لە ژیانی کورتمدا هەستدەکەم ئێمە هەموومان چەندە گوناحین. تەنانەت گەر بە هەزاران ساڵ لە تەمەنیشت گوزەرابێت.

باوەگەورە تا تەواو دەچێتەوە سەر ریتمەکەی جارانی، ئیستا شتێکە لە نێوان توورەیی و خۆشحاڵی. خولێک ئەم و خولێک ئەوی تریان. بەڵام لام وایە ژیان سەرلەنوێ پێی گوتۆتەوە جارێکە زۆر بە خەیاڵی حۆرییەکانەوە نەژی. ئەویش زیرەکە، تێدەگا،… ناژی. قسەکانی مەلا جارێکی تر وەک چیرۆکی ناو کتێبەکانیان لێدێت کە من دەیانخوێنمەوە. تەنیا لەوێ لە دوو توێی کتێبەکاندا هەن و دەژین، تەنیا ئەو کاتە هەن تۆ دەیانخوێنیتەوە. ئەو چیرۆکانەی وا خوێندنەوە و گوێگرتن ژیانیان بە بەردا دەکەنەوە و،… ئیتر هیچ.

من لە مێشەکان لە دووانیوەڕۆیانی گەرم و بێدەنگی هاویناندا بە وردی رووانیومە، لەو کاتەیدا هەموو خێزان لە دووای ژەمی نیوەڕۆ خەوتوون و سەرەڕای ئەوەی پەنجەرەکان چوارتاق کراوەن، بەڵام ئارەقێکی نەرم ناوچاوان، گەردن و ناو پشتیان داگیردەکەن. شتێک دەکوڵێ.

هەتاو دونیا دەبرژێنێ. مێشەکان شێتانە دێن و دەچن و ویزەویزیانە. لە هەموو شتێک دەنیشن. بە تایبەت بە شوێن وردەنانی دووای ژەمی نیوەڕۆ لەسەر بەڕەکە وێڵن. لەسەر شووشە لووسەکان دەخلیسکێن و شێتانە دیسان پیایانا سەردەکەونەوە. دەیان و دەیان جار. بەیەکا دەپسن. لە کەمتر لە یەک چرکەدا لە چاو وندەبن. هەر ئەوەندەیش ون بن، ئیتر نایانناسیتەوە. وەک ژاپۆنی و چینییەکان هەموویان لەیەکتر دەچن. تەنیا لە قەوارەدا جیاوازن. بەڵام نا، سەوزەکانیان کە کەمن و یەکجار گەورەن، لەوانی تر جیادەکەیتەوە. رەشەکانیان ورد و درشتن. هەمیشە بە قاچەکانی پێشەوەیان خەریکی خوراندنی سەروچاوی خۆیانن. قاوەییەکانیشیان هەمان شێوازن. گووەمێشەکان شووشەکانیان داگیرکردووە. بە چەند رۆژ جارێک هەم دایکم و هەم پوورم دەستماڵێکی تەڕیان پیادێنن. جاری وایە دەبێ بیانکڕێنن.

مێشەکان وازناهێنن. بە بێ ئیزن پێتەوە دەنیشن. گازت لێدەگرن. ئەوەندە دەست رادەوەشێنی و لە خۆتیان دووردەکەیتەوە کە جاری وایە تاقەتت نامێنێ. وەڕەزدەبی. بڵێی شتێک هەبێ بتوانێ لە دەست ئەم بوونەوەرە بچووکە نەگبەتانە قوتارت بکا؟ ئاە، ئەستەمە،… باوەڕناکەم.

لە ماڵی جەمشیدیش مێش زۆرن، بەڵام نەک وەک ماڵی ئێمە. وەک بڵێی ئاغای ئەسەدی بە دەمانچەکەی دەیانکوژێ، یان رەنگە لە ئاغای ئەسەدی دەترسن و ناوێرن خۆیان زۆر دەربخەن. گەڕەکی خانەسازمانییەکان جۆرێکی ترە. رۆژێک لە جەمشید دەپرسم داخۆ قەت لە مێشەکانی رووانیوە، داخۆ قەت بە وردی سەرنجی داون. جەمشید بە سەرسوڕمانەوە لێم دەڕوانێ. دەڵێم راستی زستانان بۆ کوێ دەچن و، هاوینان دیسان چۆن پەیدادەبنەوە؟ من لام وایە چەند دانەیەکیان خۆیان لە شوێنێک حەشاردەدەن و کاتێک هەوا گەرم دەبێتەوە و رۆژەکان سەرلەنوێ درێژدەبنەوە، سەروسەکوتیان پەیدادەبێتەوە. ئەوان لەگەڵ ئەوەی دەمرن، بەڵام بەردەوامن.

باوەگەورە پێش ئەوەی دووانیوەڕۆیان بنوێ، پەنجەرەکان دەکاتەوە و بە پەڕۆیەکی زل کە شێتانە هەڵیدەسوڕێنێ مێشەکان لە ژوورەکە دەردەکا. باوکیشم و تەنانەت دایکیشم هەر وادەکەن. بەڵام مێشەکان زیرەکترن. هەندێکیان خۆیان لە کون و پەسێوەکاندا یاخود بە سەقفەکەوە حەشاردەدەن، هەتا ئەوان ماندوو دەبن. بۆیە هەمیشە مێشێک هەیە لە کاتی شکاندنی سەرخەوێکدا بە سەر لووت، لاچاو یان گۆشەی دەم و نێوان پەنجەکانی قاچەکانتەوە بنیشن. باوەگەورە دەبۆڵێنێ و دەڵێ زەمانی قەدیم وەها نەبوو، لەگەڵ ئەوەی زۆرتر بوون کەچی تەحەمولکردنیان ئاسانتر بوو.

من لام وایە مێشی شاری لە مێشی لادێ جیاوازترن. ئەوان دەزانن بە کوێتەوە دەنیشن.

هەتا رۆژێک کاتێک باوکم دێتەوە، لەگەڵ خۆی شتێکی پلاستیکی دێنێتەوە کە لە خاکەناز دەکا. بچووکە. سی سانتیمێک دەبێ و نەرمە. باوکم کە چاوەکانی پێدەکەنن دەڵێ ئەمە مێشکوژە، دەتوانین زۆر بە ئاسانی مێشەکانی پێ بکوژین! ئەوسا لەبەر چاوی هەمووماندا تاقی دەکاتەوە. یەک لە دووای یەک بە شێوەیەکی سەیر چەندین مێش کەلەلا دەکا. مێشەکان بە هەزاران وردەچاوی چوارگۆشەوە و سەرەڕای هەموو سرک و زیرەکییان، بەڵام لە مێشکوژەکە دەربازنابن و بە سەر دیوار، پەنجەرە و سەر بەڕەکەوە پان و پلیش دەبنەوە. دەڵێم باوکە دەتوانم تاقی بکەمەوە؟ دەیداتە دەستم. ئەو رۆژە هەتا باوەگەورە هاتەوە هەر خەریکی مێشکوشتن بووم. باوەگەورە بە دیتنی مێشکوژەکە وەها موعجیب بوو کە لە تەنیشت خۆیەوە داینا و کەس بۆی نەبوو دەستی بداتێ. بۆ سبەی باوکم یەکی تری کڕی و، بەم شێوەیە لە ماڵی ئێمە مێشەکان روویان لە کزی کرد.

ئەوەندەی من بزانم و هەڵەنەکەم، ماڵی ئێمە لە گەڕەکەکە دیسان یەکەم خانوو بووین، وەک تەلەفۆنەکە، بووین بە خاوەنی مێشکوژ. شانازییەکی دیکەمان پێ بڕا.

باوکم لە دووای ئەوەی مێشکوژەکەی کڕی، زانیارییەکانی لەسەر مێش یەکجار زیادی کردبوو. دەڵێ مێشێک لە هەفتەیەکەوە تا سێ هەفتە دەژی، دەڵی بێ ئەژمار گەرادەخەن و لە ناو چاوەکانیاندا خاوەنی هەزارانی چاوی چوارگۆشەئاسای دیکەن. دەڵێ بە سەدان هەزار جۆریان هەیە و تەنانەت بەکەڵکیشن. مێشەکان لە خاوێنکردنەوەی ژینگە دەوری گرینگیان هەیە و کانگای خواردنی چاکن بۆ قرپۆک و مارمێلک و تەنانەت باڵندەکان. دەڵێ هەڵبەت بەهۆی ئەوەی لەسەر پاشماوەکانی مرۆڤ و کەلاکی ئاژەڵ دەنیشن، دەبنە هۆکاری بڵاوبوونەوەی میکرۆب و بۆیە هەبوونیان لە ماڵەوە خەتەرە.

بەم پێیە مێشەکان تەنیا بۆیان هەیە لەسەر تەرمی مرۆڤ بنیشن.

من شێتانە خەریکی مێش کوشتنم. تەنانەت ماوەیەکە زۆر تاقەتی خوێندنەوەی کتێبەکانیشم نەماوە و، بێ خەم لە چاکەی مێشەکان خەریکی پانکردنەوەیانم. میشکوژەکە دەدڕێ. بە پەتێک پێکیەوە دەیلکێنمەوە. ئەو خێراییەی جارانی نەماوە، بەڵام هێشتا چەکی چاکە. من وەک باوەگەورە نیم کە لاقم راکێشم و بە چواردەوری خۆمدا بە وردی چاوبگێڕم بزانم کەی مێشێک لە نزیکمەوە دەنیشێ، بۆ ئەوەی بیکوژم. نا، من دەگەڕێم. لێرەوە بۆ ئەوێ، لەوێوە بۆ ئێرە، لەم ژوورەوە بۆ ئەو ژوور. بەم شێوەیە هاوین لە کۆتایی خۆی نزیک دەکەوێتەوە.

ئاغای ئەسەدیش دوو مێشکوژی کڕیوە: یەک سەوز و ئەوی تریان زەرد. جەمشید حەزی لە سەوزەکەیە و هەمیشە لە ژوورەکەی خۆیدا رایگرتووە. بۆ خۆشییەوە ژوورەکەی من ئەوەندە تاریکە کە نایهەوێ. مێشەکان حەزیان بەوێ نیە.

من کە لام وایە بۆ ساڵێکی تر چیتر مێشمان نابێ، بە دیتنەوەیان سەرم لێ سووڕدەمێنێ. بە نیگایەکی پڕ لە پرسیارەوە لە باوکم دەڕوانم. باوکم دەڵێ گەراکان کە لە ناو کون و کەلەبەرەکاندان دەمێننەوە و کاتێک هەوا گەرم دەبێتەوە، دەتروکێن و مێشەکان سەرلەنوێ لە دایکدەبنەوە. دەڵێم گەراکانیان چۆنن، چ رەنگن؟ باوکم وەڵامی پێ نیە. من چەند رۆژێکیش بە شوینیاندا دەگەڕێم، بەڵام بێسوودە. بەچاو نابینرێن. بۆیە هاوینەکەی تر وەک هاوینی پار ناکەم و لەگەڵ ئەوەی بەردەوامم لە کوشتنیان، بەڵام هەر وەک جاران بە کتێبەکانیشەوە سەرقاڵ دەبم.

ئەو هاوینە دیسان هەوالێکی نوێ دێ. دەرمانی مێشکوشتن! باوکم هەموو دەرگا و پەنجەرکان دادەخا و ئەوسا ‘ئەفکەن’ەکە دەپژێنێ. کەس بۆی نیە تا نیوسەعات بچێتە ژوورەوە. ساڵێکی تر تۆڕ دێت، تۆڕێک کە دەتوانی بە پەنجەرەکانیاندا بگری. بەم شێوەیە هەتا ساڵەکان زیات تێدەپەڕن، ژوورەکان لە تەراتێنی مێش زیاتر دەربازدەبن. باوکم دەڵێ نیشتمان لە پیشکەوتندایە. منیش سەرێک رادەوەشێنم و بەڕاستی پێم وایە لە پێشکەوتندایە. تەنیا خراپەی ئەم پێشکەوتنە لەوەدایە باوەگەورە ئیستا بۆ خەوی نیوەڕۆیان ناچێتە ژوورەکەی خۆی و لە کاتێکدا مێشکوژەکەی لە تەنیشتدایە هەر لەوێ لە ژووری دانیشتنەکە خەوی لێدەکەوێ. ئێمە کە مافی ئەوەمان نیە بچینە ژوورەکەی خۆی، دەکشێێنەوە بۆ حەوشێ و بۆ تاقە ژوورەکەی خۆمان کە لەوێیش باوکم نوستووە. من لەو ساڵانەوە فێربووم لە حەوشێ دابنیشم و زیاتر بە بۆنی خاک ئاشنا بم کە بەهۆی گەرماوە بەلێشاو بەرەو ئاسمان دەکشا.

بەڵام گەورەتریش ببووم. لە یەکێک لەم دانیشتانەدا بوو کە رۆژێک هاورێیەکی هاوگەڕەکی خۆم لە دەرگای دا و، گوتی نایەی بچین بۆ مەلە؟ من کە سەرەتا کەمێک دڕدۆنگ بووم، کتوپڕ هەستم کرد بە بێ ئەوەی لە گەورەکان ئیزن بخوازم دەتوانم بچم. ئارام دەرگاکەم لە دووای خۆم پێوەدا و لەگەڵیا رۆیشتم. ئەگەرچی مەلەم نەدەزانی، بەڵام ئەو رۆژەم زۆر بە خۆشی لێ رۆیشت. لەسەر کانییەک کە ئەوەندە لە گۆمەکە دوورنەبوو بۆ ئاوخواردنەوە لاماندا. لەوێیش مێشەکانم بینی. بە هاوڕێکەم گوت دەکرێ رۆژانی تریش بێینەوە؟ گوتی بۆ نا.

لەسەر رێگای ماڵەوە، لە بەر دەرگای خانووی یەکێک لە گەڕەکەکانی قەراخ شار منداڵێکی دوو سێ ساڵانم بینی کە بە تیکەیەک نانی وشکەوە دانیشتبوو و پۆلێک مێش لە دەم و لووتی چڵماوی و پیسی ئاڵابوون. منداڵەکە بە چاوە زیتەکانی لە ئێمەی دەرووانی. هاوڕێکەم پێکەنی. من دڵنیا بووم ئەم ماڵە نە مێشکوژیان هەیە و نە ئەفکەن و نە تۆڕ. دڵنیابووم هێشتا ناوەکانیشیان نەبیستبوو. جۆرێک لە بەزەیی و خەم لێم ئاڵا. رقم لە هاوڕێکەم بووەوە کە پێکەنی. بۆ رۆژی دووایی کاتێک هاتەوە بە شوێنمدا، لەگەڵی نەچووم. گوتم کارم هەیە.

شەوێک باوەگەورە کە هەمیشە بێدەنگ دادەنیشت و کەسی نەدەدواند، لە کردەیەکی سەیردا روویکردە باوکم و پرسی کە داخۆ بۆ مێشولە چارەیەک نەبینراوەتەوە. گوتی خراپی ئەوان ئەوەیە بە تاریکی هەڵدەفڕن و بۆیە بینینەوە و کوشتنیان بە مێشکوژەکە زەحمەتە. باوکم کە وەڵامی پێ نەبوو، پیشنیاری پێکرد شەوانەیش بە مەلافەوە بخەوێ، لەبەر ئەوەی چونکە زۆر گەرم نیە دەتوانێ بیکێشێ بە سەر سەری خۆیدا و ئیتر بێخەم هەتا بەیانی لێی بنوێ. باوەگەورە کە ئەم جوابەی بە دڵ نەبوو، رووی لێوەرگێڕا و لە داخا وەها میشێکی تری کوشت کە شڵپەکەی لە ناو ژوورەکدا هەموومانی داچڵەکاند. ئەو میشەی وا ماوەیەک بوو دەوروخولی دەدا و، ئەم بە هۆی قسەکردن لە گەڵ باوکم فریای پانکردنەوە نەکەوتبوو.

راستی مێشوولەکانیش زەحمەتن. من پێم وایە پاشا دەبێ مشوورێکی ئەوانیش بخوا. هەرچەند ئەفکەن و تۆڕی پەنجەرەکان لە ژمارەی ئەوانیشی یەکجار کەم کردووەتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی دەستی مێشکوژەکە نایانگاتێ، بەردەوام مایەی ئازاری خێزانن.

رێک پێش ساڵی پەنجاو حەوت هەواڵێک بڵاودەبێتەوە. دەڵێن بە پارچەی تۆڕی دەتوانن بە دەوری جێگای خەوەکەتاندا ژوورۆچکەیەک سازبکەن، وەها کە مێشولەیش نەتوانێ زەفەری پێ ببات.

باوکم بە خۆشحاڵی لێم دەڕوانێ و دەڵێ نەمگوت پاشا مشوورێکی ئەمەیش دەخوا!

راستی پرسیارێک! ئەوەی باوکم کڕیبووی ناوی مێشکوژ بوو، ئەی ئەوەی مێشی پێ دەکوژێ ناوی چییە؟ ئەویش مێشکوژ!؟ نا، نابێ. پێم وابێ دەبێ ناوێکی تری بۆ بدۆزرێتەوە. بۆ وێنە مێشبکوژ! دیارە ئەمە تەنیا پێشنیارێکە. کتێبەکان دەڵێن هەتا زمان وشەی زیاتر بێت، ئەوا ئەقڵ روونترە.

ماڵی خازوڵەیخا کە تەمەنی لە سەرووی پەنجاکانەوەیەوە و خاوەن مێردێکی کوێری بەتەمەنتر لە خۆیەتی، ماوەیەکە کرێچییەکی تازەیان بۆ هاتووە. بەکرە کوێر زۆر کەم لە ماڵ دێتەدەرەوە. لەڕ و لاواز بە گۆچانێکەوە جاروبارە لەبەر دەرگادا رادەوەستێ و گوێ بۆ دونیا رادەدێرێ. دەڵێن ژنەکەی هەمیشە پەنجەرەکەی بۆ دەخاتە سەرپشت بۆ ئەوەی بێتاقەت نەبێ. بەکر هەموو دەنگەکانی کۆڵان و شار هەتا قوولاییەکانیان دەناسێتەوە. بگرە لە شێواوییاندا جۆرێک لە هارمۆنیای پەیداکردووە. دەنگی کوتانی تەنەکە، ئاسن، دەنگی خوێندنی کەڵەشێر، هاتووچۆی ماشینەکان، چۆلەکەکان، هەراهەرای دراوسێکان و… هەر هەموویان لای ئەو پێکەوە سەمفۆنیای ژیانی ئەم شارە دەژەنن. بەکرەکوێر ئەوەندەی گوێ گرتووە، گوێکانی کشاون و لە هی خەڵکی زلتر بوونە. ژنەکەی لێی دەڕوانێ و ئاە هەڵدەکێشێ. کەس نازانێ لە خەفەتایە یان هی پلیکانەکانە.

چاوەکانی بەکر ئەوەندە قووڵن پیاو کە لێیان ورددەبێتەوە، دەترسێ. تەنانەت دەمیشی بە چاڵا چووە. دیانەکانیشی زۆربەیان نەماون. وەک دەڵێن زیاتر تریت دەخوا،… بەهەرحاڵ شتی ئاوەکی. خازوڵەیخا دەڵێ عادەتی گرتووە. جاوینی تریتیش بە بێ دیان ئەوەندە ئاسان نیە. من جاری وایە بەکرەکوێرم بینیوە کە دەست لە سەر شانی ژنەکەی چووە بۆ بازاڕ. وەک دەڵێن بۆ خێر کۆکردنەوە دەچن. هەرچەند زۆر جار خێر و خێراتەکەیان بۆ دەچێتە ماڵەوە، بەڵام وادیارە جاری وایە لێیان دەبڕێ و بەناچار بە جووتە رێگای کۆڵان و شەقام دەگرنەبەر.

خازوڵەیخا لە حەوشەکەی خاوەنی دوو ژوورە بە داڵانێکی بچووک بە دەمیانەوە. خوا گەیاندی و رۆژێک کابرایەکی عەجەم کە جل و بەرگی پۆلیسی لەبەردا بوو خۆی بە حەوشەکەدا کرد و پرسیاری خانووی چۆڵی لێکرد. وەک بڵێی لەوە پێش کەسێک پێی گوتبێ، لەبەر ئەوەی زۆر دڵنیا دەهاتە بەرچاو کە بەکرەکوێر ژووری زیایی هەیە. خازوڵەیخا لێی تێنەدەگەیشت، بەڵام کاتێک رستەکانی تەواو دەبوو بە گشتی دەیزانی باسی چی دەکا. کابرای عەجەمیش کە خەڵکی بەندەرعەبباس بوو و رەشتاڵە و خاوەن باڵایەکی مامناوەندی، ئەوەندە بە چاوەکانی میهرەبان دەهاتە بەرچاو کە خازوڵەیخا بە بێ ئەوەی بیر لەوە بکاتەوە هەبوونی پیاوێکی غەریبە لە ماڵەکەی باش نیە، ژوورەکانی پێدا. جگە لەمە قەت لە ژیانیدا ئەوەندە بەختی نەببوو. ئاخر لە تەواوی هەموو ئەم ساڵانەدا کەس داوای ئەو دوو ژوورەی لێنەکردبوو و ئەم نیوەچڵ وەک عەممار کەڵکی لێوەردەگرتن.

کاتێک کاکی پاسەبان لە دووای دوو رۆژ کەلوپەلی گواستەوە و لە خانووەکە جێگیر بوو، تەواوی خەڵکی گەڕەک واقیان وڕما. چۆن دەکرێ پیاوێکی سەڵت لە ماڵێکدا کە پیاوەکەی کوێرە و ژنەکەیشی هێشتا بەبەرییەوە ماوە، دامەزرێ!؟ ئەی خەڵکی گەڕەک چی؟ مقۆمقۆ کەوتە ناو گەڕەکەوە. بەڵام لە سەرێکی ترەوە لە بەر ئەو پارەوپووڵەی بەکرەکوێر و ژنەکەی دەستیان دەکەوت، بە بۆڵەبۆڵ بێدەنگیان لێکرد و کابرای عەجەمیان وەک میوانێکی کاتی لە گەڕەکدا قبوڵکرد.

هەبوونی برای بەندەرعەبباسی، وەک باوکم دەیگوت، تەواو گەڕەکی گۆڕی. بۆ یەکەم جار کەسێک لە شوێنێکی یەکجار دوورەوە لێرە نیشتەجێ ببوو. پیاوێکی رەشتاڵە کە تەواو بە تیغ جوان جوان ریش و سمێڵی دەتاشی و بە یۆنیفۆڕمی پۆلیسییەوە هەموو بەیانییەک دەردەکەوت و، لە کاتێکدا کڵاوە جوانەکەی بە دەستەوە دەگرت لەو سەری کۆڵان بەرە شوێنی کارەکەی بزردەبوو.

کابرای عەجەم زۆر بەڕێز بوو. نە تەنیا هیچ هەڵەیەک لێی رووینەدەدا، بەڵکو یەکجار ئاگایشی لە خۆی بوو. زۆر بە حورمەتەوە لەگەڵ خەڵکی گەڕەک چاک و چۆنی دەکرد و سەرنجی ژن و کچەکانیشی نەدەدا. سەرئەنجام لە دووای ماوەیەک دەرکەوت ناوی ‘ئاغای فەرەجی’یە. مامە جوێنفرۆش پێدەکەنی و دەیگوت سەیرە وادیارە لە وڵاتی عەجەم شەق لە تەنەکە بدەی ئاغا دەردەپەڕێ. باوکم دەیگوت ئاغا بە مانای ئاغاوات نایە و تەنیا وشەیەکە بۆ رێز لێگرتن، رێک وەک ‘کاکە’، بەڵام مامە رەحمان مکوڕبوو و دەیگوت “تڕحێو! تەڕی تێگەیشتووی، ئاغا ناوی یەکەمی هەموویانە و ئەوە تەنیا بە ناوی دووهەمە جیادەکرێنەوە!”

من ئیستایش نازانم پوورم کە لە هەموویان بچوکتر بوو، چۆن چۆنی توانیبووی بخوێنێ.

ئەوەندەی من تێبگەم خەڵکی گەڕەک لەبەر ئەوەی ئاغای فەرەجی پیاوی حکومەتە و جاروبارە دەمانچەیەکیشی بە لاکەلەکەوەیە، لێیشی دەترسن، بەڵام حەمەسوور کە رێک لەو سەری کۆڵانەکەوە دەژی و زۆر هاتوچۆی ئێراق دەکا، رقی لێیەتی و لای وایە لە عەجەم فێڵبازتر و زۆڵتر لە دونیادا دەست ناکەوێ و بگرە لە خۆوە نیە ئەم پیاوە رەشتاڵە لەو سەری دونیاوە گەیشتووەتە ئێرە. دەڵێ لەو دیو، واتە لە ئێراقیش، پڕە لەم رەشتاڵانە کە بە سەر هەموو وڵاتدا بڵاوبوونەوتەوە و کاریان تەنیا ئاگایاری خەڵکی و گەر پێویستیش بوو گرتن و لێدان و کووشتنیانە. باوکم کە زۆر رقی لە حەمەسوورە، دەڵێ دەلێی گەڕێن با هەر گووبخوا! هەرچەند کاتێک لە کۆڵان دەیگاتێ یەکجار بە خۆشی و بە رێکوپێکی چاک و چۆنی لەگەڵ دەکا.

حەمە سوور کە لە چوارفەسڵی ساڵ، وەک دەڵێن، نزیک سێ فەسڵی لە ماڵ نیە، لای وایە پیلانێک لە هاتنی ئەم پیاوە بۆ گەڕەکەکەی ئێمەدا هەیە. بۆیە ئیستا کەمتر لەبەر ماڵی خازوڵەیخاوە تێدەپەڕی و زۆرتر رێگای ئەو سەری کۆڵانەکە دەگرێتەبەر. دیارە رێگای بۆ ناو بازاڕ دوورتر دەکەوێتەوە، بەڵام وەک بۆخۆی دەڵێ هەتا بڕۆی بۆ سەلامەتی باشترە!

من ئاگام لێیە پوورم نیگای دەچێتە سەر ئاغای فەرەجی، بەڵام ئاغای فەرەجی لەوە ناچێ. نازانم بۆ کاتێک چیرۆکی سیندەرێلا دەخوێنمەوە بیری پوورم و ئاغای فەرەجی دەکەومەوە. هەر لە خۆمەوە لام وایە رۆژێک ئەم پۆلیسە بەڕێکەوت پوورم دەدۆزێتەوە و ئیتر چیرۆکی ئەشقێکی راستەقینەی بێ وێنە دەست پێدەکا،… هەرچەند قەت ساڵانی دوواتریش ئەمە رووینەدا و ئاغی فەرەجی چۆن بە سەڵتی رووی لە کۆڵانەکەی ئێمە کرد، هەر بەو شێوەیە بە رەبەنیش لێی دەرچوو و بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لێکرد. قەت پێڵاوی پوورم لە شاییەکدا بەجێنەما تا ئاغای فەرەجی بە بینینەوەی داڵغەی پوورم لێیبدا.

جاری وایە لە حەوشەکەی ماڵی بەکرە کوێرەوە بۆنێکی خۆش بە ئاسمانی گەڕەکدا دەچێ. دراوسێ نزیکەکانی دەڵێن بینیوویانە ئاغای فەرەجی گۆشت دەبرژێنێ و بەشی بەکر و ژنەکەیشی دەدا. دەڵێن دیتوویانە بەکر تا قووتی دەدا ئەوەندی لە ناو کاکیلەکانیدا دەیانهێنێ و دەیانبا کە وەڕزدەبێ، بەڵام لە کیسیان نادا. دەڵێن خازوڵەیخا جاری وایە ‘کانادادرای’ بە قوڕگی مێردەکەیدا دەکا. گوایا ساردییەکە زۆر یارمەتیدەرە، چونکە لە دووای ئەوە بەکر خێراتر پارووەکان قووتدەدا. دەڵێن بەکر جاری وایە قرقێنەی وادەدا کە دەقیقەیەک درێژەدەکیشێ. ئەوسا کاتێک مڵچەمڵچیەتی بە پشتی دەستی دەمی دەسرێتەوە و دیسان گوێ بۆ دونیا هەڵدەخاتەوە. هەروەها دەڵێن پاسەبانەکە خاوەن زەبتێکی جوانیشە کە ئێوارەیان و شەوان گۆرانی بڵاودەکاتەوە، گۆرانی فارسیی خۆش خۆش. ئاغای فەرەجی تەلەفزیۆنی نیە و زۆری کات بە تەنیا بە دەم گۆرانییەکانییەوە دادەنیشێ. بینیوویانە لە ناو تەختی خەوەکەیدا زۆر خەیاڵ دەیباتەوە. جاروبارە پیاڵەیەک شتێکی عەجایەبیش هەڵدەدا و مەچەکە ئەستوور و ماسولکاوییەکانی دەخاتە سەر ناوچاوانی و لە حاڵەتەدا دەتوانێ هەتا ماوەیەکی زۆر بە بێ جووڵە لە سەقفەکە بڕوانێ. حەمەسوور دەڵێ رێک لەم کاتانەی بترسن!

من کە جاری وایە بەلای کەبابخانەکانی شاردا رۆیشتووم و بۆنەکەیان سەرمەستیان کردووم، لەبەر خۆمەوە دەڵێم خۆزگەم بە خازوڵەیخا و بەکرەکوێر!… خوایە بۆ ئێمەیشت کوێر نەکرد! ئەوسا ئاوی دەمم قوتدەدەم. باوکم کە باسی کەباب دەکەن تەنیا لە فەرشەکەی بەردەمی دەڕوانێ. من جاری وایە هەستدەکەم باوەگەورەم کەباب دەخوا، بەڵام بە ئێمە ناڵێ. بە خۆم دەلێم گەر گەورە بووم منیش دەبم بە پۆلیس و دەگوازمەوە بۆ شارێکی دیکە و دوو ژووری لەم شێوەیە بەکرێ دەگرم و هەفتەی سێ جار کەباب دەخۆم. بەو جیاوازییەوە وەک ئاغای فەرەجی پاڵ ناکەوم و بە بێهوودە بە سەعات لە سەقفەکە بڕوانم؛… نا، کتێبێک بە دەستەوە دەگرم و دەیخوێنمەوە. کتێبێک لە سەر مرۆڤێکی تەنیا کە زۆر بیر لەوە دەکاتەوە داخۆ مرۆڤەکان لە وڵاتانی تر چۆن دەژین.

دراوسێیەکی ترمان هەیە، ئەویش وەک حەمەسوور، لای وایە لە ئاغای فەرەجی زۆڵتر نیە، دیارە مەبەستی لە زۆڵیەتی بە پێچەوانەی راکەی حەمە سوورە. سەرت لێ نزیکدەخاتەوە و لەکاتێکدا چاوەکانی دەورووبەر دەپشکنن، دەڵێ ئای لە پوورێ خازوڵەیخا، ئای… ئای!

عەبە بێقۆل قاقا پێدەکەنێ و بێ شەرمانە بەدەنگی بەرز دەڵێ قسەی قۆڕ، خۆ خازوڵەیخا تڵپی تەڕی تیانەماوە (دیارە من لەمە ناگەم)، بەڵام هاوکات لەسەر ئەو رایەیە کە شتی لەو بابەتە تەڕ و وشکی ناوێ. پوورم یەکجار هەڵدەچێ و دەڵێ کێشەیەکی گرینگی ئەم دونیایە مرۆڤە بێ حەیا و دەم دڕاوەکانن! دەڵێ ئەوانەن وا لە کاتی قسەکردندا چاویان دەقونجێنن و هەتا تەواونەبن نایکەنەوە.

من لام سەیرە بۆچی ئاغای فەرەجی وەک ماڵی جەمشید و وەک هەموو ئەوانەی وا لە شارانی ترەوە دێن، لە خانە سازمانییەکان ناژین. ئەو دەبێ لەوی بژی. نەکا حەمە سوور شەوێک خۆی بە حەوشەکەیاندا بکا و بەو چواردەخۆرە رەشە قەترانییەی، وا لەودیو کڕیویەتی، زرمە لە فەرەجی هەستێنێ،… کێ بە کێیە! بەڵام پوورم لای وایە ئەو سەردەمە لەمێژە بەسەرچووە. دەڵێ حکومەت ئیستا کۆنتڕۆڵی تەواوی هەیە. کۆنتڕۆڵ! من چەند حەزم لە وشەی کۆنتڕۆڵە. باوەگەورە کە جوان کەلیمەکەی بۆ نایەت لە ژێر لێوەوە لە کاتێکدا سەیری تەلەفزیۆنەکە دەکا بە ئەسپایی دەیڵێتەوە. دەزانم بۆی نایەت. تەنیا ئەوانە بۆیان دێت، یان لە قوتابخانە خوێندوویانە یان ئەوەندەیان لە کاتی ئاخاوتندا وتووەتەوە کە ئیتر فێری بوونە.

کۆنتڕۆڵ! ئەمە ئەو وشەیەیە کە سالانی دوواتر داگیردەکا و، دەبێ بە یەکێک لە کەلیمە گرینگەکان. ئەو وشەیەی سەرەڕای نەخوێندەواریی باوەگەورە، دەبێ بەجۆرێک فێری بووایە.

رۆژێک بە رێکەوت لە کۆڵان بەتووش ئاغای فەرەجییەوە دەبم. نیگام لە نیگای دەچەقێ. نیگای ساردە. نە بزەیەک و نە ئاماژەیەکی تایبەت لە روخسار و لە نیگاکانیدا. هەستدەکەم بەپێچەوانەی هەموو ئەو قسەو قسەڵۆکانەی لەسەریەتی، کەسێکی تایبەت نیە. وەک بڵێی تەنیا چاوەڕوانی ئەوەیە رۆژەکان تێپەڕن و ئەو بگاتە شوێنێک. کوێ؟ نازانم. تێدەگەم پیاوە حکومی و غەریبەکانیش بێتاقەت دەبن، ئەوەندە بێتاقەت، سارد وەک ئەو زەمەنەی ئێمە هەموومان خەریکین پیایا تێدەپەڕین.

شەوێک درەنگان کاتێک گەڕەک لەبیری خەودایە، زرمەی چەن فیشەکێک کۆڵان دادەچڵەکێنێ. هەموو دەردەپەڕنە دەرەوە. کەسێک لە سەر بانییەوە تەقەی لە ژوورەکەی ئاغای فەرەجی کردووە. پۆلیس ئەو شەوە دێن. تەنانەت ئاغای ئەسەدیش سەروسەکوتی پەیدا دەبێ. فەرەجی هیچی لێنەهاتووە. تەنیا چەند چاوەشووشەیەکی شکاون. پرس و جۆیەکی زۆر دەکرێ و، هەندێ شوێنیش بەتایبەت لە سەر بانەکانی دەورووبەر دەپشکنن.

بەپێچەوانەی چاوەڕوانیی هەموو گەڕەک، کە لایان وابوو لەدووای ئەم بەزمە فەرەجی دەگوازێتەوە و بگرە بۆ هەمیشە شار جێدێڵێ، بەڵام ئەو نەڕۆیشت. خازوڵەیخا و بەکرەکوێریش دەریاننەکرد (خەڵکی لایان وایە بە هۆی کەبابەکانەوەیە). دیارە هەموو گەڕەک دەزانن کە تەقەی ئەو شەوە کاری کێ بووە. تەنیا حکومەتە نازانێ. حەمەسوور نایەوێ کەسابەتەکەی بە هۆی پیاوێکی عەجەمی خوێڕی (وەک خۆی دەلێ) تێکبچێ.

ئەگەرچی من قەت نەمدی ئاغای فەرەجی لەو سەری کۆڵانەوە، بۆ یەک جاریش بێت لەبەر دەم ماڵی حەمەسوورەوە، تێپەڕێ.

مامۆستا چەند وشەی پێداوین رستەی پێ سازبکەین. بەکاوەخۆ لەسەر تەختەڕەشەکە دەیاننووسێ. بە دەنگە گڕ و نووساوەکەی بەرز دەیانخوێنێتەوە. ئێمە هەموومان چاومان لەسەر دەستییەتی کە چۆن پیتەکان بە شوێن یەکتردا لە ژێرییەوە لەدایکدەبن. مامۆستا دەستەختی خۆشە. ئەوانەی ئارام و ورد دەنووسن هەر هەموویان جواننووسن. من ئەوەتەی لەبیرم دێت خەتم ناخۆش بووە. حەزدەکەم ئەوەی لە زەینمدایە زوو بیهێنمە سەر لاپەڕەی کاغەز. زۆر جار تەنیا خۆم دەزانم چیم نووسیوە.

وشەکان ئەمانەن: رووبار، باڵندە، شا، نیشتمان، خوێندن و سینەما. سەبارەت بە فرمانی ‘خوێندن’ دەڵێ مەرج نیە وەک خۆی بەکاری بێنن و دەتوانن سەرفی بکەن. من ئێوارە لە ماڵەوە بەم شێوەیە دەنووسم:

ـ مامە بە ماتۆڕ لە رووبارەکە دەپەڕێتەوە.

ـ باڵندە لەسەر رێگای کتێبخانە دەخوێنی.

ـ شا سێبەری خودایە.

ـ باوکم حەزی بە خوێندنە.

ـ عەبە بێقۆل دەچێ بۆ سینەما.

بۆ سبەی کاتێک مامۆستا تەکلیفەکانی بەسەرکردەوە، بە خوێندنەوەی ئەوەی من بزەیەکی هاتێ و، گوتی بنەماڵەکەت چاک فریات کەوتوون!

من دەفتەرەکەم هێشتا ماوە و لەم شەوانەدا سەیرم کردەوە. لاپەڕەکان وشک و رەق هەڵاتوون و رستەکان کاڵ بوونەتەوە. کە سەیریان دەکەم باوەڕناکەم لە زەمەن ئەو هەمووە تێپەڕیوە. چاوەکانم دەقونجێنم و جوان جوان دەچمەوە حاڵ و هەوای ئەو ساڵانە. خۆ تێدەگەن! خۆ دەزانن حاڵ و هەوا شتێکە زیاتر لە وێنەکان و لە رەنگ و لە بۆنەکان؟ حاڵ و هەوا شتێکە لە نێوان ئەمانەدا، شتێکە لە نێوان تۆ و ئەوان و ئەو ساڵانەدا. بریتییە لە جۆری ئاوێتەبوونی تۆ لەگەڵ ئەوان. بە ئارامی لاپەڕەکان هەڵدەدەمەوە و دەگەمەوە ئەو رستانە. مامۆستام دێتەوە یاد کە ئێستاکە نەماوە. نزیکەی بیست ساڵ لەوە پێش بە هۆی نەخۆشییەکی کتوپڕەوە مرد. پیاوێکی میهرەبان بوو. لەو پیاوانەی میهرەبانییان لە پێناوی میهرەبانیدا دەوێ، بە بێ هیچ تەمەحێک. پوورم دەڵێ ئەمە بە هۆی کاریگەریی ئەدەبییاتەوەیە. من پێم وایە پوورم راست ناکا، زیادەڕەوی دەکا. ئەی بۆ من میهرەبان نیم؟

لە رستەکان ورددەبمەوە. ئارام. نەکا نیگاکانم لاپەڕەکان هەڵوەرێنن. ئیستا نە مامە ماوە بە ماتۆڕەکەی لە رووبار بپەڕێتەوە، نا شایەک ماوە سێبەری خودا بێت، نە سینەمایەک ماوە عەبە بۆی بچێ، نە باوکم تاقەتی خوێندنی ماوە و نە کتێبخانەیەکیش باڵندەکان لە سەر رێگاکەی بخوێنن. هەموو شتێک زۆر بێڕەحمانە کۆتایی پێهات. مامە تەنەکە ئەوەندە پیر بووە کە لە ناو جێگادا کەوتووە، شا دەریانپەڕاند و لە غەریبایەتی سەری نایەوە (نایشوێرم بڵێم سێبەری خودا مرد، بە تاوانی کفر بەڵایەکم بەسەردا دێنن، یاخود لەبەر ئەوەی دەڵێن شاپەرەستم)، باوکیشم وەک مامم تاقەتی هیچی نەماوە، تەنانەت رۆژنامەکانیش ناخوێنێتەوە، هەر دوو سینەماکە لەمێژە داخراون و کتێبخانەکەیش گواسترایەوە و ئیستا بیناکۆنەکەی بووە بە کەلاوە.

ئەگەر مامۆستا زیندوو بووایە و ئیستا داوای بکردایە لەم وشانە رستە سازبکەم، بێگومان بە جۆرێکی تر لێم دروستدەکردن. ئا، تەنیا بە خۆیان. بە بێ میوانداریکردن لە هیچ چەشنە کەلیمەیەکی دیکە. بۆ وێنە بەم جۆرە:

ـ باڵندە رووبار دەخوێنێ.

ـ شا سینمای خوێند.

ـ رووبار شای خوێندەوە.

ـ نیشتمان سینەمایە.

رستەی پێنجەمم بۆ نایەت. هەرچی وشەکان دێنم و دەبەم، بێسوودە. رستەکان چەندین جار بەسەردەکەمەوە. چەند بێتامن. ژیان و تەمەن هەتا هەڵدەکشێن بێتامتر دەبن. ئەوسا هەستدەکەم خۆشی شتێکە وەک رابردوو و وەک بیرەوەری، تەنانەت هەرچەندە تاڵیش بن. کاتەکان خۆیان لە خۆیاندا بەنرخن. بە تێپەڕینیان خەمۆک دەبین. من دڵنیام ئەوانەی وا شەڕە گەورەکانیان ئەزموونکردووە و هەنووکە پیربوونە، حەزدەکەن دیسان بگەڕێنەوە بۆ ساڵانی رابردوو، رێک بۆ ناو بۆمبارانەکان، بۆ ناو قرمژنی فیشەکەکان. هەڵبەت بەو مەرجەی نەکوژرێن و دیسان بتوانن بە داڵانی تەمەندا بەرەو پیری گوزەربکەنەوە. ئا، رابردوویش بە پیرییەوە مانا وەردەگرێ.

سەرم دێشێ. دەچم و پەرداخێک ئاو دەخۆمەوە. نا، هەمووی نا،… نیوەی. دەروونم کە دەڵێی لکاوە بە یەکترا، دەکرێتەوە. ژیان بەردەوامە. من زۆر جار هەستەکەم ئێمە کەمتر لەسەر وشەکان رادەوەستین. لام وایە راوەستان لەسەریان دەبێتە هۆکاری ئەوەی هەم زیاتر هەست بە کات بکەین و هەم زیاتر هەست بە خۆمان. هەرچەندە دەڵێن بیرکردنەوە خراپتر لە هەر شتێکی تر قاتڵی زەمەنە. لە خۆم دەپرسم داخۆ لەم سەردەمەدا لە قوتابخانە بە وشە رستە بە قوتابییەکان سازدەکەن؟ پێم وایە دەیکەن. دڵنیام ئەوانیش وەک ئەو ساڵانەی من رستەکان دەسازێنن. لەبەر ئەوەی هێشتا نازانن کات یەعنی چی. رەنگە هەموو فەلسەفەی ژیان لەوەدایە کە دەیەوێ بە تێپەڕینی ژیانمان، لە کات تێمانگەیەنێ. یارییەکی بێڕەحمانە. کە تێیشی گەیشتی دڵت قورس دەبێ و خەمێکی سەیر داتدەگری. بیری تووڕەبوونەکانی باوەگەورە دەکەمەوە. ئێستاکە لەو سەری شار، لە رۆژئاوا، لەناو دارستانەکەدا نووستوە. خانووە قەدیمییەکە بیری دەکا. منیش. هەستدەکەم گەر ئیستا لێرە بووایە، قەت بە تووڕەبوونەکانی عاجز نەدەبووم. بگرە بزەیەکیشم دەهاتێ. ئەوسا پێم دەگوت دانیشە و سەیری تەلەفزیۆنە کۆنەکە بکەوە، دەمگوت داخۆ حەزت بە چایی نیە؟ بەکرە کوێریش کە ئیستاکە کەس نازانێ گۆچانەکەی لە دووای خۆی چی لێ بەسەرهات، ئیشتیای کەبابەکانی لە حەوشەکەدا ماون. دەفتەرەکە لادەبەم. ئەویش وەک تەرم رەق هەڵاتووە، بگرە بۆنی کۆنبوون دایگرتووە. ورتکە کاغەزی لێ هەڵدەوەرێ. راستی چۆن بەر بە پیربوونی زیاتری بگرم؟ داخۆ دەکرێ وەک فیرعەونەکانی سەردەمی کەونارای میسر مۆمیایی بکەم؟ ئەو سەردمەی مووسا لە داغی یاغییەکانی دژ بە خودا بە گۆچانەکەی دەریای شەق کرد؟ رەنگە بەکریش گەر کوێر نەبایە کارێکی وەهای بە گۆچانەکەی لەدەست بهاتایە. بۆ نا؟ ژنەکەی دەیگوت پێش ئەوەی کوێر بێت یەکجار بە گوڕ بووە. منیش باوەڕی پێدەکەم. یەعنی من حەزدەکەم باوەڕ بە هەموو ئینسانەکان بکەم. بە خاتری زەمەن، بە خاتری کورتیی تەمەن. مادام درۆیش دەمرێ، بۆ باوەڕی پێ نەکەم؟ لە سەر ئەو قەناعەتەم مرۆڤەکان لە درۆکانیش بەنرخترن. دەبێ ئاگامان لێیان بێت. ئێمە رۆژێک دێت کە ئیتر قەت یەکتر نابینینەوە.

کەسێک لە دەرگا دەدا. ئەمجارە بە پێچەوانەی جاران دەچم و دەیکەمەوە. سواڵکەرێکە. داوای پووڵ، خواردن یاخود جل و بەرگ دەکا. من کە نازانم کامەیانم هەیە و بۆ ماوەیەک وڕم، دەچم جووتێ پێڵاوی کۆنی خۆمی بۆ دێنم. ئەم بەراوبەرێکی دەکا و لە دووای سوپاسێک وندەبێ. شەو لە ناو جێگادا بۆ پێڵاوەکانم دەگریم. نەک لەبەر ئەوەی لەدەستم داون،… نا، لەبەر ئەوەی بیریان دەکەم. بەم شێوەیە ئێمە دەورووبەرمان بەشێوەیەکی ترسناک خەڵوەت دەبێ، رۆژ لەگەڵ رۆژ زیاتر لە جاران. ئێـمە چەند بێڕەحمین، هیچ بە خۆمانەوە ناهێڵین،… ناهێڵینەوە. کەسێک لەوسەری رێگا دانیشتووە و چاوەڕوانمانە. لەناو تەم و مژدا لەسەر بەردێک دانیشتووە و تەنیا وەک سێبەرێک خۆی نیشاندەدا. کە لێی نزیک دەکەویتەوە، هەڵدەستێ و دەڕوا. رووت تێناکا. تۆ دەبێ تەنیا بە شوێنیا بڕۆی. دەشڕۆی. بۆ خۆیشت نازانی بۆ. رەنگە لەبەر ئەوەی هەنگاوەکانت تۆیان هێناوەتە ئێرە. تەنانەت گەر بە رێکەوتیش بێت.

حەزم بە کتێبێکی فەلسەفییە. لەوانەی لەگەڵ خۆی دەتبەن بە بێ ئەوەی بتگەیەننە شوێنێک. رێک وەک خودی ژیان. حەزم لەوەیە دووجار غەرق ببم. کە جاری یەکەم خنکای ئیتر جاری دووهەم ناخنکێیتەوە. دریا دەبێ بە هی خۆت. بە مردنی دووهەم دونیا دەستەمۆدەکەی. دەتوانێ چەند مریشک و کەڵەشێرێکیش لە حەوشە رابگری. بۆ ئەوەی هەم هێلکەت بۆ بکەن و هەم نەکا فەلسەفە ئەم دونیایەت پێ لەبیر بکا. هیچ شتێک وەک بۆنی ریقنە تیژ نیە. ئەوەندەی ئاگات لە پشیلەکان بێت.

باوەگەورە جاری وایە لەبەر تەلەفزیۆنەکەدا خەوی لێدەکەوێ. ئەم عادەتەی تازەیە. پێم وابێ هی ئەوەیە پیرتر بووە. تاقەتی نیە بچێتە ژوورەکەی خۆی. پوورم بەرماڵێکی پیادەدا. لەو بەرماڵەی رۆژی مردنەکەی بەسەر تابووتەکەیەوە بوو. باوەگەورە لە سالەکانی کۆتایی تەمەنیدا یەکجار ئاوێتەی تەلەفزیۆن ببوو. ئیتر شەرمیشی لە هیچ نەدەکرد. جوان جوان سەیری دەکردن. سەرئەنجام قەناعەتی هێنابوو ئیتر قەت ژنی بۆ نایەت و ژیان هەر ئەمەیە ئەو خەریکیەتی. لەحنەت لە رەحمانیش! هەزار لەحنەت! لە کوڕەکانی تریش!… دڵنیایە ئاهی ئەم دەیانگرێ، دەیانسووتێنی و ناهێڵێ بچێتە بەهەشت. منیش لام وایە گەر ئەمەیش نەبێ ئەوا مامە لە بەر جوینەکانیشی بێت (گەر بەهەشتێک هەبێ) قەت نایگاتێ. بۆ مامەکانی ترم نازانم.

شەوانە حەوشە بێدەنگە. من گوێم لە خشکەی خشۆکەکانە. ئەوانیش چاویان لە منە. راستی راوەستن با بەم دوو وشەیە جوملەیەک دروست بکەم:

ـ خشۆکەکان دەخشێن.

قسەی قۆڕ! دڵنیام لەگەڵ وشەکانی جاران ئەم دوو کەلیمەیە جوانتر دێنەوە. ئەمەیش عایدی ئێوە. خۆتان سازی کەن.

شەمشەمەکوێرەیەک لەناکاو بەلامدا تێدەپەڕێ. دادەچڵەکێم. بیرم دێتەوە دەبێ بنووم. باوکم جاری وابوو لە ژێر رۆژنامەکاندا خەوی لێدەکەوت. لە کاتێکدا دەنگی رادیۆکە ژوورەکەی دەتەنی. لە کاتێکدا لە ناو بێدەنگیی ژوورەکە دەنگی ویزەویزی مێشێکی زلی سەوز پێی دەگوتی ئیستا نیوەڕۆیەکی یەکجار گەرمی هاوینە. هاوینی ئەو ساڵانە. دڵنیام ئەو ساڵانە وەک ئەو ساڵانە دەمێننەوە. بۆ هەمیشە. ئێمە لە راستیدا لە یاد زیاتر نین. یادێکی رووت. گەر زیرەک بین دەتوانین لە کتێبەکانی ئەو سەری جادە بەناوبانگەکەدا درێژە بە بوونمان وەک یاد بدەین، ئەگینا تەنانەت ئەمەیش نین.

ئەمشەو حەزم بە سازکردنی رستەیە. بۆ خۆم چەند وشە دەدەم بە خۆم. لە سەر کاغەزەکەی بەردەمم دەینووسم. رەنگە بتوانم شتێک لەگەڵ یاد و لەگەڵ کات بکەم.

حەمە سوور پیاوێکی چاوکراوەیە. ئەوەندە بە قاچاخ سنووری بڕیوە کە ترسی لە هیچ شتێک نەماوە. کە لە شار دەترازێ و دەگاتە گوند، دەمانچەکەی لە خۆدەبەستێ. دیارە لە پشت پشتوێنەکەیەوە لە شوێنێک لە نێوان کەلەکە و ناوکییەوە. پاڵتۆیەکی ئەمریکی لەبەر دەکا و سمێڵیکی زلی هەیە بە بنەڕدێنێکی ماش و برینجییەوە. سوورکەڵەیە. قژە لوول و کەم تینەکانی لە ژێر جاماکەیەوە ئارەق دەیانگرێ و بە کەلەسەریدا دەچەسپن. هەمیشەی خوایش ئارەقدەکاتەوە. زستان و هاوینی بۆ نیە. وەک بڵێی هەمیشە لە دڵەراوکێدایە و چاوەڕوانی شتێکی ناخۆشە رووبدات. بەڵام بەغیرەتە. بەغیرەتێکی سرک و وشیار. چاوەکانی وردن و کە لێت دەڕوانێ بیری گورگ دەکەویتەوە. بەڵام لە راستیدا پیاوێکی ئەهوەنە. هێمن و لەسەرەخۆ. بەس خوا نەکا هەڵچێ. لەم کاتانەدا لە هێستری چەمووش دەکا. بەکەس راناگیرێ. زۆر ئاسان دەتوانێ بتکوژێ. وەک بۆ خۆی دەڵێ تا ئیستا لە چەند کەمین رزگاری بووە و لە گەڵ عەرەب و عەجەم تێکهەڵچووە. گوایا چەند کەسێکیشی کوشتووە و لە راستیدا دوژمندارە. سوورە لای وایە لە شەڕدا تەنیا غیرەت دەیباتەوە و ئەوی تری فشەیە. دەڵێ لێ ببڕە دڵنیابە سەردەکەوی. چەند شوێنێکی لەشیشی برینی خۆشەوەبووی پێوەیە. پیشانی کەسی نادا. هەر لەبەر ئەمەیشە قەت ناچێ بۆ حەمامی دەرەوە. لە ماڵەوە بە تەشت و جامۆڵکە خۆی دەشوا. ژنەکەی ئاوی بۆ گەرم دەکا و بگرە بە سەریشیدا دەکا. هاوینان لە حەوشە و زستانان لە بەر کوورەکە خۆی دەشوا. حەمە هەموو ئازای جەستەیشی مووی سوورە. لوول و تێکچڕژاو. دیسان لە سوورەگورگ دەکا.

خەڵکی گەڕەک نە خۆشیان دەوێ و، نە رقیان لێیەتی. وەک بڵێی هەر نەبێ. وەک بڵێی حەزیش دەکەن کە ئەوەندە ونە و توخن ماڵەوە ناکەوێتەوە. ژنەکەیشی زۆر خۆی تێکەڵ خەڵکی گەڕەک ناکا. وەک بڵیی ئەویش دەزانێ نابێ خەڵکی زۆر ئاگایان لە سڕ و تڕی مێردەکەی بێت. وەزعیان باشە. گۆشتخۆری چاکن. دیسان وەک گورگ. هەتا ئاغای فەرەجی پاسەبان سەروسەکوتی پەیدانەببوو، هەر ئەو بوو لەو سەری کۆڵان گۆشتی دەبرژاند. کە ئاغای فەرەجی پەیدابوو، ئیتر بۆنی گۆشتی برژاو لە هەر دوو سەرەکەوە دەگەییە لووت. خەڵکی دەڵێن لەبەر ئەمە بوو حەمە سوور تەقەی لە ماڵەکەی خازوڵەیخاکرد! ئەو حەزناکا بۆنی گۆشتی خەڵکی بەسەر بۆنی گۆشتی برژاوی خۆیدا بڕوات.

حەمە سوور زمانیشی کەمێک گۆڕاوە. هەندێ وشەی ئەو دیو بەکاردێنێ. بۆ وێنە: مورتاح، بۆسە، خوێڕیی حیز، پەتاتە، قەزاوگرم و چەندانی تر. حەمە هیچ شەرمێکی لە باسکردنی بیروڕای خۆی لەسەر شتەکان نیە و ئەوەی بەدەمیا بێت دەیڵێ. کە دەڕوات کەمێک خۆی بۆ کووڕ دەکاتەوە و هەنگاوی بەرز دەنێ. وەک بڵێی بە ناو شاخ و بەندەنا رێدەکا. باوکم پێی وایە هەر شێوازی هەنگاو هەڵهێنانی بەسە بۆ ئەوەی ئاغای ئەسەدی بزانێ خەریکی چییە و بۆ کوێ دەچێ. باوەگەورە دیسان دەڵێ “تڕحێۆ!” من بۆ یەکەم جار بەم قسەیەی باوەگەورە بزەم دێت و لەبەر ئەوەی نەکا لێم تووڕەبێت بەپەلە دەچمە دەرەوە. لە حەوشە تێروپڕ پێدەکەنم.

کاتێک قسە لە سەر خەڵکی گەڕەک و شارە، حەمە سوور رای تایبەتی خۆی هەیە. مەسەلەن لای وایە هەر هەموویان کەرن، هەروەها ترسنۆک. دەڵێ شت زۆر زل دەکەنەوە. بۆ وێنە لەسەر ونبوونی جارجارەی خۆی. ئەو لای وایە قەت سێ فەسڵی ساڵ نەک تەنیا ون نیە، بەڵکو یەکجار لەمە کەمترە (هەرچەند رەقەمێکی تەواو بەدەستەوە نادات). هەروەها پێی وایە ئەوەندە لەناو خانووە و گەڕەک و شارەکەیاندا ماونەتەوە کە بۆنیان گرتووە. دەلێ تەنیا لەناو گەڕیدەکاندایە پیاوی ئازا و بەجەرگ هەڵدەکەوێ. هۆکارەکەیشی بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە کە کاتێک پیاو بزوا، ئەوا لە گەورەیی دونیا و لە بچووکی خۆی تێدەگا و ئیتر شتەکان ئەو گرینگییەی جارانیان نامێنێ. بەتایبەت خۆی.

حەمە سوور زۆرتر کوتاڵ دێنێ. دیارە کەمتر بارەکانی دەهێنێتە ناو شاری. مەعامەلەی چەکیش دەکات. گەر کەمێک بە وردی ناو خانووەکەی بگەڕێی، بێگومان چەند دەمانچەیەک دەدۆزیتەوە. حەزیشی بە خواردنەوەیە. کە دەخواتەوە دەنگی گڕ دەبێ و دەستدەکا بە خوێندنی گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک. دەڵێ ئەو شوێنانەی وا لەو دیو کاتی خۆی حەسەن زیرەک سەردانی کردوون، چووە. ئەوەیکە گۆرانیشی بە سەر شاهەنشادا گوتووە بۆ سەرخۆشییەکەی دەگێڕێتەوە. ئەگینا بڕواناکا حەسەن لە مافی جوتیار و شتی لەم بابەتە هەر لە بنەرەتدا حاڵی بووبێ.

ئەو شەوە پێش ئەوەی تەقە لە ژوورەکەی ئاغای فەرەجی بکا، نیو بوتڵ ویسکی هەڵدابوو بە بێ ئەوەی یەک تۆز مەزە چییە لەگەڵیا بیخوا. وەک بۆ خۆی دەڵێ مەزە هی لووسکەکانە. هی ئەوانەیە بە پێکێک سەریان دەکەوێتە خولەخول و ئەوجار بەبێ ئەوەی شتێک بووبێ شێتانە باسی ئەشقی نیوان خۆیان و کچی خەڵکی دەکەن. یان ئەو حەقایەتانە دەگێڕنەوە هەر ئەسڵ و نەسەبیشیان نیە. ئەو شەوە ئەوەندە هاتبووە لێواری ئەو بانەی وا تەقەکەی لێوە کردبوو، کە لەوانە بوو بکەوێتە خوارەوە. تەنیا خوا رەحمی پێکردبوو. کاتێک ساڵانی دوواتر لە مەجلیسێکی هاوڕێیاندا رووداوەکەی گێڕابووەوە، گوتبووی کتوپڕ بایەکی فێنکی بەهێز هەڵیکردبوو و لە رووبەڕووەوە هاتبوو و ئەوی دیسان بە پشتەوەدا خستبووەوە، ئەگینا وەک حاجی لەقلەقی باڵشکاو شڵپ دەکەوتە ناو حەوشەکەوە و ئەوسا ئەو خوێڕییە حیزە دەستبەجێ دەیکوشت. هاوڕێکانی قاقا پێدەکەنن و دەڵێن حەمە سوور مەگەر فیشەک لەم دونیایەدا هەیە تۆ ببڕێ!؟ حەمە لە وەڵامدا، لە کاتێکدا دەمی بەجوانی گۆناکا، دەڵێ “ئەی فیشەکی قوزیاکتان!” ئەوسا جەوەکە وەها گەرم دەبێ کە کەس نە دەنگی خۆی گوێ لێیە و گەر گویشی لێ بێت، نایناسێتەوە.

ئەو ساڵەی وا شا بۆ سەردان رووی لە شار کرد و لە دونیادا دەنگی دایەوە، حەمە لە مێشکی دابوو بیکوژێ. دڵنیایش بوو کە دەتوانێ بیکوژێ. بەڵگەیشی بۆ سەلماندنی راکەی ئەوە بوو کاتێک دەتوانی تەقە لە پۆلیس بکەی کە بەناو پارێزەری ئاسایشی وڵاتە، ئیتر تەقەکردن لە خودی شا، گەر دونیایشی بەدەوروپشتەوە بێت، ئاسانترە. شا خۆ دەمانچەی پێ نیە. شاهەنشا بە کۆپتەر هاتبوو و لە ناو ماشینێکی رەشی جوانی سەرکراوەدا بە ناو شەقامی سەرەکیی شاردا گوزەڕابوو و دەستی بۆ خەڵکی راوەشاندبوو. ئاغای ئەسەدی لە چەند رۆژ لەوە پێش و هەتا چەند رۆژ دووای رۆیشتنەوەی شاهەنشا ئارام و ئۆقرەی لێبڕابوو و وەک بۆ خۆی دەیگوت دڵی لە سەر هەزار لێیدابوو. جا وەرە بیزانیایە حەمە سووریش بەتەمای وەها کارێک بووە! حەمە تەنانەت لە ناو مێشک و خەیاڵی خۆیدا کاتێک شا بە بەردەمیدا تێپەڕیبوو، فیشەکیشی تێگرتبوو. دڵنیابوو دەیپێکا. هەتا چەندین ساڵ دوواتریش پەشیمان لەوەی کارەکەی نەکردبوو قامکی خۆی دەگەست. دەرچوونیش ئاسان بوو. خۆی بە کۆڵانەکاندا دەکرد و لەوێوە دیسان بۆ ئەو دیوی سنوور. دڵنیا بوو یەک پۆلیسی حیزیش غیرەتی ئەوەی نەدەکرد شوێنێ کەوێ و لێی نزیک بکەوێتەوە. دوواتر دەینارد ژن و منداڵەکەیان بۆ دەهێنا و ئیتر بۆ هەمیشە دەبوو بە پیاوێکی مێژوویی. رەنگ وەک سەدامیش کە کاتی خۆی ویستبووی عبدولکەریم قاسم بکوژێ و نەیتوانیبوو، ساڵانی دوواتر ببێتە سەرۆکی وڵات،… کێ چووزانێ!

من، لە سەرەتای دەیەی هەشتاکانی هەتاویدا، پێم وایە ئەوە نەک خەڵکی گەڕەک و شار، بەڵکو خودی حەمەسوور بوو کە بەڕاستی کەر بوو. دیارە بە گشتی هاتوومەتە سەر ئەو رایەی ئەوەی لە خەڵکی بە سووکی دەڕوانی، لە راستیا خۆی سووکە. ئاخر بۆ ئەوەی بتەوێ کەسێکی وەک شا بکوژی دەبێ هەڵویستێکی سیاسی لە پشتی کردەکەوە بێت، نەک تەنیا ئەوەی پیشانی بدەی بەغیرەتی، یاخود رقت لە تەنگبوونەوەی دۆخەکەیە بۆ قاچاخچییەتی. من نازانم حەمە سوور لەو دیو سنوور چی فێربووە، بەڵام دڵنیام لەو دیو تەنیا رووداوەکانی بینیوە و بیستوە بێ ئەوەی بزانێ لەراستیدا چین.

دیسان پیویستم بەوەیە جارێکی تر رێگای جادەکە بگرمەوە و رووبکەمەوە کتێبخانە مێژووییەکە. جارێکی تر پێویستیم بە تەنیایی تێپەڕینی ناو شەقامەکەیە. پاڵەوانەکەی ناو حەوشی قوتانخانەکە لە مێژە رۆیشتووە. دڵنیام بە دڵ ئێشان شارەکەی جێهێشتووە. ئاخر بڕواناکەم پارە و پووڵێکی وەهای دەستکەوتبێ. ئەو نابێ روو لە شارە بچووکەکان بکات. دوو شەو لە تاقە موسافیرخانەی شار مابووەوە و دەڵێن بەهۆ و بێهۆ خەریکی ناردنی سەڵەوات بووە. رەنگە لەبەر ئەوەی لەوێ بتوانێ قەرەبووی رۆژەکەی بکاتەوە.

حەمەسوور لە مەمکی ژنەکەی، کاتێک دەنەوێتەوە و لەژێر لەچکەکەیەوە دیارن، دەڕوانێ. ئای چەندە حەزی لەو خەتی ناسکی جیاکردنەوەیە. چاوەکانی دەگەشێنەوە و دەنگ هەڵدەبڕێ راستی سێوە لاسوورەکان وەزع و حاڵیان چۆنە؟ ژنەکەی لێوی دەگەزێ و دەنگی نزم دەکاتەوە و، دەڵێ ئەیەڕۆ منداڵەکان گوێیان لێیە! بەڵام حەمە چاوە حیزەکانی سەردمی لاویەتیەکەی گەڕاونەتەوە.

خوا سەردەمانێک سێوی حەرام کرد و ئادەم گوێی نەدایە. تۆ بڵێی حەمە سووریش لە ئادەم کەمتر بێت! رەنگە شەیتان لەبەر حەمەسوور، ئادەم و حەوای خەڵەتاندبێ.

بە گوێرەی لێکدانەوەکانی ئاغای ئەسەدی ئەوەی لەسەر ئەمن و ئاسایشی ئەم شارە هەڕەشە بوو، دوو شت بوون: یەکەم بە هۆی نزیکبوونی لەسەر سنوور دەتوانرا شوێنی هاتوچۆی جاسووسەکان بێت، دووهەم دەتوانرا شوێنی ئەو خائینانەی بێت وا دژی رژێمی پاشایەتی بوون؛ کە ئەوانیش دیسان بە پێی لێکدانەوەکانی ئەسەدی سەریان بە شوێنێکی ئەو دیو سنوورەوە بوو، شوێنێک کە جگە لە دەولەتی بێگانە و دەزگا سیخوڕی و جاسووسییەکان شتێکی دیکە نەبوو.

بۆیە ئەو رۆژە شا هات ئەو یەکجار دەترسا. لە راستیدا هەوڵیدابوو لە رێگای کەناڵی جۆربەجۆرەوە شا لە سەردانەکەی پەشیمان بکاتەوە. ئاخر شارێکی بچووکی سەرسنوور کە کەس لەم دونیایەدا هەر بیریشی لێنەدەکردەوە، کەی شیاوی ئەوە بوو پیاوێکی وەها مەزن کە ئیستاکە دونیا لەبەری هەڵدەلەرزی گیانی خۆی بەو شێوەیە تەنیا بۆ سەردانێک بخاتە مەترسییەوە. بەڵام هەموو هەوڵەکانی بێسوود بوو. تەنیا شتێک کە دەیتوانی بەرگری لە هاتنی سەرۆک بکات، رووداوێکی وەها بوو کە هێزە ئەمنییەکان بگەیەنێتە ئەو رایەی پاشا وا باشترە لە بیری کات. ئەسەدی بیری لە تەقەکەی ماڵی فەرەجی کردبووەوە، بەڵام لە دووای هێنان و بردنێکی زۆر بەو ئاکامە گەیشتبوو هۆکارەکەی لووسکەڵەیی ئەو هەتیوە رەشتاڵە جنووبییە بوو کە بەو زنجیرەی دەوری ملی و ئەو بازو و سینگەی لە ژێر فانیلەکەیەوە دەریدەخست، رقی خەڵکی گەڕەکی لە خۆی هەستاندبوو. بۆیە ئەگەرچی هەبوونی دەمانچەیەک لەم بەزمەدا مەترسیدار بوو و دەبایە بدۆزرایەوە، بەڵام زوو سەری لێ نایەوە و زۆری پڕکێشی لێنەکرد. سەرئەنجام، وەک خۆی، ملی دابووە هاتنی شا و ئەوەی پێیکرا بۆ دابینکردنی سەلامەتیی سەرۆک، کردی. جگە لە هێزی عەسکەری و پۆلیس، ئەویش پیاوە شاراوەکانی خۆی لە هەموو شوێنێک بڵاوکردەوە. بە خۆشییەوە نە لە پێش سەفەری پاشا و نە لە دووای ئەویش هیچ شتێکی ئەوتۆ هەستی پێنەکرا. ئاغای ئەسەدی لە دووای ئەم سەردانە بوو کە بەڕاستی گەیشتە ئەو ئەنجامەی وڵات لە قۆناغە پڕمەترسییەکان تێپەڕیبوو و، چیتر نە هێزی دوژمن و نە خائینان هیچیان پێنەدەکرا.

هەڵبەت دەبێ ئەوە بگوترێ کە ئاغای ئەسەدەی سەرەڕای زیرەکییەکەی، بە شتێکی گرینگی نەدەزانی، ئەویش ئەوە بوو کە سەرۆکی وڵات لە دووای سازانێکی گەورە لەگەڵ سەرۆکی وڵاتی دراوسێ، ئەم سەفەرەی دەکرد و لە راستیدا ئەمە کردەیەکەی گرینگ بوو بۆ سەلماندنی ئەو راستیە بۆ دۆست و دوژمن کە هەنووکە نیشتمان لە هەر کاتێکی تر بەهێزترە.

لە کاتی هاتنی شا، خەڵکی گەڕەکی خانەسازمانییەکان مایەی تەواویان دانا و زۆربەی ئەو گووڵانەی وا لە کاتی تێپەڕینی شادا بۆی هاویژران، لەلایەن ئەوانەوە بوو. حەمە عوممانە لەبەر ئەوەی لە چاو دراوسێکانی کەم نەهێنێ، گووڵی زیاتری کڕیبوو و وەهایشی دەنەڕان کە ئەوانەی پێشەوە لایان لێدەکردەوە و بە سەرسوڕمانەوە لێیان دەڕوانی. بەس ئەو چاوی لەمانە نەبوو. دەنگە زلەکەی تەنانەت سەرنجی شای راکێشا و سەیری ئەو بەشەی شەقام و جەماوەری کرد وا نەڕەنەڕەکەی لێوە دەهات. حەمە ئیستا بە ئیستایش نیگای پاشای هەروا لەبەرچاودایە. ساڵانی دوواتر کاتێک سەرۆک لە غەریبی سەری نایەوەو مرد، کەس لەم شارەی ئێمە ئەوەندە بە دڵ بۆی نەگریا. لە بێدەنگی خۆیا رۆژێک فرمێسکی هەڵڕشت و بەیادی ساڵانی عوممان ئەلبومەکەی چەند جارێک بەسەرکردەوە. 

ئاغای فەرەجی کە لە شەوی تەقەکەوە دڵی پڕ بوو و، بەردەوام پیشی بە خۆیدا دەخواردەوە، لەبەر خۆیەوە سوێندی خوارد کابرا دەدۆزێتەوە و بە سزای کارەکەی دەگەیەنێ. ئەو کە خۆی بە کوڕی ئەو پیاوە دەزانی وا بە پاپۆڕ بە قاچاخی سەردانی وڵاتانی عەرەبی خوارووی کەنداوی فارس دەکرد و شمەکی یاساخی دەهێنا، گوتی دەبێ بیسەملێنێ کە ئەویش لەمان کەمتر نیە و خەڵکی شوێنێکە وا بە دەگمەن دەتوانی لووسکەی تیا بدۆزیتەوە. دوو رۆژ دووای تەقەکە، بەکرەکوێر لە بەر پەنجەرەکەوە هاواری لێکردبوو کە دەزانێ ئەمە فیتی کێیە. گوتبووی راستە چاوەکانی بە هۆی ئیرادەی خوای تەباڕەک تەعالاوە تینیان تیا نەماوە و وەک دوو گڵۆپ کە کارەبایان لێدەبڕێ، کوژاونەتەوە، بەڵام خۆ زەین و ئەقڵی کوێر نین و بگرە لە هەر کاتێکی تر باشتر کاردەکەن. ئەوسا باسی حەمە سووری کردبوو. خازوڵەیخا بە سەری پەنجەی روومەتەکانی خۆی توند گرتبوو و بە هەناسەیەکی بەهێزەوە چرپاندبووی کە بێدەنگ، هێواش، ئەی هاوار دراوسمانە و لێمان مەکە بە دوژمن،… بۆ لەخۆوە شتی وا دەڵێی پیاوەکە! بەڵام بێسوود بوو و بەکرە کوێر بەردەوام بوو لە سەر قسەکانی.

جا ئەو رۆژەی شا هات فەرەجی کە بەشی ئاگایاریی شەقامی پێدرابوو، ئەو دەرفەتەی بۆ رەخسا جوان جوان حەمەسوور بخاتە ژێر چاوەدێرییەوە.

دەڵێن سەردەمی کۆن کاتێک تاعوون رووی لە وڵات کردبوو و دەرزەن دەرزەن خەڵکی راپێچ دەدا و بەرەو قەبرستانەکانی دەبردن، لە گوندێک کابرایەک کە زۆر باوەڕی بە شەخسەکەی پشت ئاواییەکەی خۆیانەوە بووە، ساڵانی دوواتر، لە کاتێکدا ئاماژەی بە دەشتەکەی لاخوارووی گوند دەدا، بۆ نەوەکانی خۆی گێڕابووەوە کە “خاسەگەورە بە تیر لەشکری تاعوونی ئا لەوێ گێڕایەوە!” خاسە گەورە ناوی شەخسەکە بوو. نەوەکانی دیارە لە مەبەستەکەی ناگەن. هەتا دوواتر باوکی یەکیان دەڵێ باوەگەورە لای وایە تاعوون لەشکرە و ئەوەی کە نەیتوانیوە رووبکاتە گوندەکەی ئەوان، هی ئازایەتی شەخسەکە بووە.

ئاغای فەرەجی ئاگای لەم چیرۆکە نیە. بەڵام دڵنیایە کە ئەو رۆژە حەمەسوور دەیهەویست شتێک لە دژی پاشا بکا و پاشگەزببووەوە تەنیا لەبەر ئەوە بووە چاوی بە ناو چاوی فەرەجی کەوتبوو. ئەو رۆژە ئەم بەردەوام دەستی لە سەر دەمانچەکەی دەبێ و چاوەدێری حەمە سوور دەکا. لە دڵەوە خواخوای دەبێ شتێک بکا بۆ ئەوەی ئەم هەڵکوتێتە سەری و تۆڵەی ئەو شەوەی لێبکاتەوە؛ بەڵام حەمە لەوە زیرەکتر بوو خۆی بە دەستەوە بدات. تەنیا لەبەر خۆیەوە پیشی خواردبووەوە و لە دووای ئەوەی زانیبووی دۆخ تەواونیە و فەرەجی بەردەوام بە دەورییەوەیە، گەرابووەوە بۆ ماڵەوە. لە راستیدا خاسەگەورەی ئەو رۆژە ئاغای فەرەجی بووە و لەشکری تاعوونی دەشتەکەی بەر ئاواییش حەمە سوور!

دیارە کەس نازانێ کە چیرۆکی فەرەجی راستە یان ئەوەی من گێرامەوە؛ بەڵام لە یەک شت دڵنیام ئەویش ئەوەیکە نە من و نە فەرەجی لەوەدا درۆ ناکەین کە سوورە لە دڵیا بیری لە کوشتنی شاهەنشا کردبووەوە.

دڵنیام گەر باوکم بەم هەواڵەی بزانیایە دڵی رادەوەستا و قژی بە سەر سەری خۆیەوە نەدەهیشتەوە. حەمەسوور لە یەکێک لە دانیشتنەکانیدا لەگەڵ هاوڕێکانی لەو دیو سنوور، دەستی خستبووە سەر دەمانچەکەی و سوێندی پێ خواردبوو کە شا لە کاتی تێپەڕیندا، جا بە سوتفە بووە یان بە ئەنقەست، چاوی بە ناوچاوی ئەو کەوتووە و بۆ ساتێک لە ترسا دەست راوەشاندنەکەی لەبیرچووەتەوە. هاوڕێکانی باوەڕی پێدەکەن و یەکیان دەڵێ “ئەوەیە نێرەکەر!” حەمە چاودادەخا و بیری ئەو سەردەمە دەکاتەوە کە حەزی بە بینینی پەڕینی نێرەکەر بۆ سەر ماکەر بوو و ئامادەبوو بۆ ئەوەی وەها دیمەنێک ببینێ یەک رۆژە بە بەلاش شوانی بۆ ئەو کەسە بکات وا هەواڵەکەی بۆ دێنێ. هەرچەند قەت ئەمە نەڕەخسا و بۆ بینینی وەها رووداوێکی سەرنجڕاکێش تەنیا دەبووایە چاوەڕوانی رەحمی رێکەوت مابایەوە.

دیارە کەرەبەڕەڵڵا زۆرن، بەڵام ئەوەندەی ئەوان بە لەوەڕەوە سەرقاڵن بیر لە بەزمەکەی حەمەسوور ناکەنەوە. هەڵبەت ئەوەیش سەردەمانێک بوو. ئیستا تەنیا وەک بیرەوەرییەک لای حەمە ماوەتەوە؛ بەڵام جاروبارە دێتەوە خەیاڵی. خەیاڵ و یادێک کە قەت نایدرکێنێ و تەنیا لای خۆی دەمێنێتەوە. سوورە لەوە زیرەکتر و وریاترە خۆی بداتەوە دەست خەیاڵەکانی سەردەمی منداڵی. بەڵام بڵێ چی کە لێرە لەم دیو سنوور، هەواڵانی یەکجار حەزیان بە بەکارهێنانی ئەم دەستەواژەیەیە.

ئارام کتێبەکەم دەبەستم و چاوەکانم کە دەکزێنەوە، هەڵیاندەگڵۆفم. دونیا دەبێ بە وردە پەڵەی گەڕۆک. پوورم دەنگم دەدا کە جاروبارە پێویستە پشووبدەم. راستی سەردانێکی وەها کورت بۆ شارێکی بچووکی سەرسنوور دەبێ چ گرینگییەکی هەبێ؟ بڕواناکەم پاشا بە شوێن ئەوەوە بێت وا باسم لێکرد. باوەگەورە دەڵێ ئیشی بێتاقەتییە، دەڵی مرۆڤ کە وەڕەزدەبێ کاری سەیرسەیر دەکا. بەڵام نا، هیچ شتێک رێکەوت نیە، لە پشت هەموو دیاردەکانەوە هۆکار راوەستاوە. بەتایبەت لای سەرۆک.

ساڵانی دوواترە دەگەمە هۆکارەکە: پاشا هات بۆ سەردان چونکە رەنگە شتێک لە دەروونیەوە خەبەری پێدابێت کە خەریکە دووارۆژەکانی ژیانی لێرە لە نیشتمان بەڕێدەکات. دەڵێن گەر مرۆڤ راستگۆ بێت و درۆ لەگەڵ خۆی نەکا وەک هەندێ ئاژەڵ دەزانێ کەی سەرەی مەرگی دێت. سەرۆک هەستی پێکردبوو.

باوکم چەند رۆژ دوواتر لەو رۆژنامەی لە قوتابخانە هێناویەتییەوە، بە هەستێکی پڕ لە شانازییەوە وێنەکانی پاشام پیشاندەدا کە لە شارەکەی ئێمە بەناو شەقامدا بە بزەوە دەست بۆ خەڵکی رادەوەشێنێ و دەگوزەرێ. خەڵکیش بە ئاڵا بچووکەکانی ناو دەستیانەوە، وەڵامیان دەدەنەوە. نا، ئادەی راوەستە! لە رۆژنامەکە زیاتر نزیک دەکەومەوە. ئەوە خۆ حەمەسوورە،… ئەوە خۆ عەکسی ئەویش لە رۆژنامەکەدایە! باوکم لێی ورددەبێتەوە. لەبەر خۆیەوە جوێنێک دەدا. دەزانم حەسوودی بە سوورە دەبا. دەزانم لای وایە دەبووایە وێنەی ئەو بهاتایە؛… بەڵام تازە کەچی؟ حەمە سوور بە چاوە دڕدۆنگەکانییەوە لە پاشا دەڕوانێ و لە پشت سەرییەوە ئاغای فەرەجی لە سوورە. ئەی پاشا؟ نازانم.

دیارە حەمەسوور بەم وێنەیەی خۆی نەزانی. نە باوکم باسی کرد و نە ئەوەندەیش رۆژنامە زۆر بوو و نە خەڵکیش ئەوەندە رۆژنامەخوێن تا حەمە بیبیستێتەوە. بەڵام حەمە سەرئەنجام دەیژنەڤێ و بە چاوەکانی پێدەکەنێ. پێکەنینێک پڕ لە ئەندێشە.

مرۆڤەکان جاری وایە زۆر ئاسان هەلە مێژووییەکان لەدەستدەدەن. حەمەسووریش یەک لەوان.

دایکم ئەو رۆژە نەهات بۆ پێشوازیکردن لە شا. نە باوکم پێداگری کرد و نە دایکیشم لێی گوت. دەیزانی باوکم زۆر بەمەوە سەرقاڵ بوو و بۆ دیتنی سەرۆک چرکەژمێری دەکرد، بۆیە جوێنەکانی لای خۆی رادەگرت “هەمزیل گوودرێژ!… بۆ رووی کردووەتە ئەم وڵاتە!” ئەوسا لە کاتێکدا جلەکان لەناو تەشتەکەدا لەژێر زەبری شان و باهۆیدا جیڕیان دەخواردەوە، دەیگوت “حەک دووا سەفەرت بێت، حەک… بە ملی شکاوت!” کەفاوەکە لە ناو تەشتەکەدا دەڵێی بورکان بوو پێچ و لوولی دەخوارد.

لە ماڵی باوەگەورەیشم (لە بەرەی دایکمەوە)، کەسیان نەچوو. تەنیا باوەگەرە چوو. ئەویش نە دەستی راوەشاند و نە هوتافی کێشا. تەنیا رووانی. ساردسارد بەو روخسارەوەی دەڵێی وازی لە هەموو شتێک هێنابوو، لەو پیاوە وردبووەوە کە بە ئاماژەی سەرەقامکێک دەیتوانی بڕیاری یەکلاکەرەوەی لەسەر نیشتمان و تاک بە تاکی خەڵکی ئەم وڵاتە بدا: “ئاخ چی ئەبوو ئەو قامکەی بە خێر وەرگەڕانایە و کوڕەکەمی رزگار بکردایە!” بەڵام جارێکە قامکەکە خەریکی شتی تر بوو. تەنانەت شا لە کاتی تێپەڕیندا روویشی لەو بەشە نەکرد وا باوکی خاڵە یەخسیرکراوەکەمی تیا راوەستابوو. باوەگەورە ئەمەیشی بە نیشانەیەکی شووم لێکدایەوە و تا یەک هەفتە دوواتر کاتێک نوێژی دەکرد بە زیاوە داوای مەغفیرەتی لە خودای گەورە و بێ هاوتا دەکرد: “خوای گەورە بەگەورەیی خۆت بەخێری بگێڕێ!”

هاتنی شا ئەوەندەی تر مەوزوعی خاڵمی تیا زیندووکردمەوە.

من لە ماڵی باوەگەورە وێنەی خاڵمم بە سەر دیواری ژووری دانیشتنەکەوە بینیبوو. ئەو یەغان و چەمەدانەم بینیبوو کە شتەکانی ئەویان تیا هەڵگرتبوو و زۆر بە جوانی پارێزگاریان لێدەکرد. وەک بڵێی پڕە لە شتی موققەدەس و ئەنتیکە. دایکی دایکم زۆر جار دادەنیشت و بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە باسی سەردەمی منداڵییەکەی دەگێڕایەوە. باسی چاوە جوانەکانی، مەزڵوومیی و وریاییە بێ هاوتاکەی. باسی ئەوەی کاتێک باڵای کشاو بوو بە گەنجێک، کچانی گەڕەک چەندە تامەزرۆی بوون و ئەویش چەندە بێ منەت لێیانی دەڕوانی. “رۆڵە گیان بە خوا ئەو کاتیش دەمزانی ئەمە نیشانەیەکی باش نیە، ئاخر چۆن ئەکرێ جوان بیت و گوێ نەیەیتە کچان،… ئاخر لە کوێ شتی وا بینراوە!؟” ئەوسا شیعرێکیشی پیادەکرد: “لە دوورەو هاتووم بناسە دەنگم / تۆزی غەریبی نیشتووە لە رەنگم.”

لە پوورم دەپرسم خاڵم بۆ گیراوە، چۆن پیاوێکە؟ پوورم لێم دەڕوانێ. ئەگەرچی لە من دەڕوانێ، کەچی چاوەکانی کتوپڕ دوور دوور دەکەونەوە. من تیایانا وندەبم. ئەوسا دەڵێ کە گەورەتر بووی بۆخۆت تێ ئەگەی!” تێدەگەم! دەپرسم لە چی دەگەم. پوورم ئیتر هیچ ناڵێ.

من دیسان ساڵانی دوواترە تێدەگەم ئەویش وەک من کتێبخوێن بووە، یان باشتر بڵێم من وەک ئەو. دەبیستم قسەی سەیرسەیری کردووە. بۆ وێنە باسی لەو شایە کردووە کە لێرە لەم شەقامەوە ساڵێک تێپەڕی، چاو لە ناوچاوانی حەمە سوور و پشت لە باوکی دایکم. باسی لە هەژاریی خەڵکی و لە بێ مافی و شتی لەم بابەتە کردووە. من دەچمەوە ئەو ساڵانە و بیری سینیی پاڵەوانەکە دەکەمەوە کە بە زەحمەت بڕێک پارەی بۆ کۆدەکرایەوە، بیری ئارەقکردنەوە و ماندووبوون و هەراهەراکەی کە دادیان نەدەدا. بیری عەبە بێقۆل و جوێنەکانی مامە جوێنفرۆش دەکەمەوە، بیری هاتوچۆی حەمە سوور بۆ ئەو دیو سنوور. ئەوسا تێدەگەم ئەمانە هەمووی کارەسات بوون. ئا، کارەسات. سەرم بە سەری پڕ لە خەیاڵی خاڵم سووڕدەمێنێ. داخۆ لە چ هەسارەیەکی ترەوە دابەزیوەتە سەر زەوی! باشە چۆن چۆنی خەیاڵی بۆ ئەم جۆرە شتانە چووە،… لە کوێوە فێربووە؟… چ پرسیارێکی قۆڕ! من کە دەزانم وەڵامەکە لە کتێبدایە ئەم پرسیارە عەجایەبە چییە لە خۆمی دەکەم. بەڵام نا، کتێب خۆبەخۆ ناتگەیەنێتە ئێرە. دەبێ شتێکی تریشی لەگەڵدا بێت. بۆ وێنە… بۆ وێنە وەک بیرکردنەوە، وەک هەستێکی دەروونی کە دەتبەستێتەوە بە مرۆڤەکانی ترەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی بیر لەوانیش بکەیتەوە. ئاە، بێچارە خاڵم! گەیشتووەتە خەیاڵێک کە ژیانی کردووەتە دەستەچیلەی ئاگرێک بێ ئەوەی بۆخۆی گەرمیی و رۆشنایی پێ بەخشرابێ. ئەو تەنیا دەستەچیلە بووە. بیر لە خۆم دەکەمەوە. نا، من ئەگەرچی وەک ئەو کتێب دەخوێنمەوە، بەڵام وەک ئەو نیم. جیاوازم. کەمێک جیاوازتر. من گومان لەو شتانەیش دەکەم وا دەیانخوێنمەوە. بۆیە دەگەمە شوێنی تر. من ئەوەندەی بە بیرەکانی خۆمەوە سەرقاڵم بە شتی ترەوە نیم.

هەر دوو دەستم بە سەرمەوە دەگرم و دەچمەوە حەوشە تاریکەکە. تێدەگەم خاڵم لە نەسڵی خۆش خەیاڵەکان بووە. لەوانەی وا زۆر ئاسان خەون دەبینن و لایان وایە ئەوەندەی نەماوە خەونەکانیان بێتە دی. ئاە، چەند بەزەییم پێیدا دێتەوە، بە سادە و ساکارییان، بە دڵی بێ خەوش و زوو بە داوەوەبوویان. باشە ئەوان مرۆڤیان نەدەناسی؟ باشە مەگەر کتێبەکان پێش لەهەر خەون و شتێکی دیکە، باس لە ئینسانەکان ناکەن؟ باشە بۆ ئەم شتە سەرەکییەیان لەبیرکردووە و بە شتی لاوەکییەوە خۆیان بەستووەتەوە؟ خاڵم لە رەگەزی ئەو باڵندانەیە وا نازانێ هەرچەندە بەرزیش بفڕێ ئەوا باڵندە گۆشتخۆرەکان دیسان بە سەر سەری ئەوەوە، لە شوێنێک لە ئاسمان کە تەنیا شوێنی ئەوانە، دەفڕن؛… ئەو باڵندانەی قەت قوتارت نابێ بە دەستیانەوە.

دیسان هەوڵدەدەم ئەو ساڵانە بێنمەوە بەر چاوەکانم،… رێک وەک خۆیان. لەنەکاو پێکەنینم دێ. قاقا پێدەکەنم. خشۆکەکان دادەچڵەکێن و دووردەکەونەوە. ئیستا دەزانم. حەمەسوورێک لەسەر بۆنی کەباب هەڵیدابێ، ئیتر داخۆ دەبێ چ کۆمەڵگایەک بووبێ!

باوەگەورە هەر کە شا تێپەڕی، چیتر خۆی رانەگرت و دەستبەجێ چووەوە بۆ ماڵەوە. رووی کردە نەنکم و گوتی سەرگۆپاڵەکەم بینی! باوەگەورە کە یەکجار کەم وشەی لەم چەشنەی بە دەمدا دەهات، بەم قسەیەی خۆی کەمێک بە خۆیدا شکایەوە. سەرگۆپاڵی چی؟ کچێ شا ئەڵێم شا. نەنکم بێدەنگ بوو و بەردەوام لە گێڕانی تەسبێحەکەی. ئەوسا گوتی بەڵکو لە رێگای خێرخوازێکەوە داوای عەفوت بۆ بکردایە. باوەگەورە کە چاوەڕوانی وەها قسەیەکی نەدەکرد، بەپەلە سەری بەرزکردەوە و لە ژنەکەی رووانی. راستی بۆ بیری لەمە نەکردبووەوە. بەڵام ئاخر روو لە کێ بکات،… لە فەرماندەی پادگان، لە رەیسی شارەبانی، سەرۆکی شارەوانی یان…؟ باوەگەورە راچەنی. هاتەوە بیری رەیسی شارەبانیی دەناسی. سەردانی دووکانەکەی دەکرد و پیاوێکی باش دەهاتە بەرچاو. هەستایە سەرپێ. بە پەلە چووەوە دەرەوە. لە ژوورەکەوە دەنگی دۆعاکانی دایەگەورە هەروا دەهاتە گوێ.

بەڵام دونیا درەنگ بوو. وەک هەمیشە هەموو ئەو شتانەی وا پێوەندییان بە رووداوە گەورەکانەوە بوو، لەم شارەدا کورتیان دێنا. لەم قەرەباڵغییەدا نە ئەو دەیتوانی هیچ بەرپرسێک ببینێتەوە و نە کەسیش لە وەها رۆژێکدا بیری لەو دەکردەوە. لە قەرەباڵغیی ناو شەقام و کۆڵانەکانی رووانی. لە سوپا کە خەریک بوو دادەگەڕا و بەرەو پادگان خلۆردەبووەوە. لەو پۆلیسانەی دەلێی هەناسەیەکیان بەبەردا دەهاتەوە. بیری کردەوە کێ گوو بە کڵاوی من دەپێوێ! بێگومان کەس. هەستی تەنیاییەکی کوشندە وەک تیخ رۆحی دڕی. کەسیش خوێنەکەی نەبینی. کۆمەڵێک منداڵی مەدرەسەیی وێنە بچووکەکانی شایان بە هەراو هوریا دەشەکانەوە کە بە سەر ئەو دارە کورتانەوە کرابوون وا بەدەستیانەوە بوون. شا پێدەکەنی و لەوێیش بەردەوام بوو لە راوەشاندنی دەستی. ئەو دەستەی ئیستاکە بە دەیان و سەدان دەست بوو. بە قاتێکی رەشی جوان لەبەریا و بەو کەڕاواتە رەش و سپیەی وا بەسەر بەستێنی سپیی کراسەکەیەوە خۆی دەنواند. ئەوەندەی پێنەچوو دەنگی ئەو هەلیکۆپتەرەی وا سەرۆکی بۆ شوێنێکی نادیار دەگواستەوە، ئاسمانی شاری هێنایە لەرزین. شار هێشتا لە جۆش و خرۆشدا بوو. باس باسی سەرۆک بوو. باوەگەورە لە ژیانیدا قەت ئەوەندە هەستی بە دڵشکاوی و بە تەنیایی خۆی نەکردبوو. بە دەستە پیر و زبرەکانی زۆر خێرا ئەو دوو دڵۆپ فرمێسکەی سڕییەوە کە بێڕەحمانە و بێ پرس خویان بە دەرەوەدا کردبوو.

لە خۆم دەپرسم داخۆ خاڵم ئەو رۆژە لەوێ بووایە چی دەکرد؟ ئایا خەیاڵێکی لە چەشنی خەیاڵەکەی حەمەسوور هەڵیدەگرت؟ من لە مێژوودا خوێندوومەتەوە کە کووشتنی وەلیعەهدی ئیمپڕاتۆریی ئۆتریش ـ مەجارستان و ژنەکەی بە ناوی ‘سووفی’ لە لایەن سربێکی ناسیۆنالیستەوە، بووە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی یەکەمی جیهانی کە تیایا زیاتر لە دە میلیۆن کەس کوژرا. شەڕێک کە زیاتر لە چوار ساڵی خایاند و ئۆرووپای وێران کرد. پێکەنیم بەم خەیاڵەی خۆم دێت، بەڵام،…. بەلام راوەستە! بۆچی نا؟ لەبەر ئەوەی ئێمە شارێکی سەر سنوورین و لە دەرەوەی مێژوو؟ نا نا،… هەموو شتێک دەشێ.

دونیا دەتوانێ چەند لە یەکتر بچێ. هەموو ئەو شتانەی وەک بێ نرخترین دێنە بەرچاو، چەند ئاسان دەتوانن خۆیان بخەنە ریزی پێشەوە.

هەموو ئەمانە بە شێوەیەکی نادیار، لە چەشنی هەڵمێک کە هەموو شتێک دادەپۆشێ و بەڵام هاوکات دەزانی شتی گرینگی لە هەناودایە، پێم دەڵێ نابێ جادە بەناوبانگەکە بەربدەم. رێگای دۆزینەوە دونیا، یاخود لانیکەم تێگەیشتنی لەوێوە تێدەپەڕێ. وەڵامی مرۆڤەکان بە تێروپڕی لەوێ خۆیان حەشارداوە. ئەوانەی وا زانیان، خۆیان لەوێ جێهێشت.

شەوێکیان پێش ئەوەی بچمە ناو جێگاوە، ئاگام لێبوو دایکم و باوکم کاتێک پێکەوە دەدوان، بە گوێی یەکتردا دەیانچرپاند! ئەوەندە نزم کە من یەک وشەیش چییە نەمدەبیست. بە لاچاو لە منیان دەڕوانی و چپەکانیان تەواونەدەبوو. بە خۆم گوت چی روویداوە؟

ئەوسا هاتەوە بیرم ئەو رۆژە هەموو خەڵکی، لانیکەم ئەوانەی من بە تووشیانەوە ببووم، بە چرپە لەگەڵ یەک دووابوون. لە گەڕەک و لە ناو شار. تەنانەت لە رێگا بەناوبانگەکە و لە خودی کتێبخانەکەیش. هەموو سەریان بە سەری یەکەوە نابوو و بە بێدەنگی دەدوان. شتێکیان لە من دەشاردەوە.

بێگومان شتێک روویدابوو کە من هێشتا نەمدەزانی. لە ناو جێگاکەدا هەوڵمدا هەموو رووداوەکانی ئەو رۆژە بەسەربکەمەوە، بەڵکو شتێک دەسگیرم بێت. تەنانەت بەکرە کوێریش کە هەمیشە دەنگی هەڵدەبڕی، بە ئەسپایی قسەی کردبوو. گۆچانەکەیشی بە ئەسپایی دەخستە سەر عەرز. لە راستیدا ئەو رۆژە تەنیا من بووم بە چپە نەدووابووم. بەڵام ئاخر لەگەڵ کەسیش قسەم نەکردبوو.

یان شتێک روویدابوو، یاخود قەراربوو رووبدات. دڵنیابووم رووینەدابوو و بەڵێن بوو رووبدات. ئاخر ئەم شارە ئەوەندە گەورە نەبوو کە رووداوێکی گرینگ رووبدات و منیش پێی نەزانم. ویستم بپرسم دایە باوکە چ خەبەرە، بەڵام نەمپرسی. دەترسام بڵێن گێژە. منێک کە هەموو رۆژێک کتێبم دەخوێندەوە گێژنەبووم، تەنیا ئەوەندەی وەک خەڵکی لە دەورووبەرم نەدەڕوانی، تەنیا ئەوەندەی من بە مەودا کورتەکانیشەوە زۆر سەرقاڵ بووم.

هاتەوە بیرم ئەمڕۆ بەرپرسی کتێبخانەکە بە بێ ئەوەی یەک کەلیمە چییە قسەم لەگەڵ بکا، کتێبەکانی دابووە دەستم. لە خانە سازمانییەکانەوە گۆرانی نەدەهاتە گوێ. مامەجوێنفرۆش بەسەر دیوارەکەوە جوێنی نەدەدا. مامە تەنەکە حەزی لە ماتۆڕسواری نەبوو. مامەوردەواڵەفرۆش هاواری نەدەکرد و تەنیا بە چاو لە رێبواران و لە مشتەرییەکانی دەڕوانی. مامەچایی شەقەشەقی لە پیاڵە و ژێرپیاڵەکان هەڵنەدەستان. باوکم رۆژنامەکەی ئەوەندە بە ئارامی دەکردەوە کە خشەی لێوەنەدەهات. تەنانەت باوەگەورە بۆ یەکەم جار لە ژیانیدا لە سەر سفرە لە سەر ئاوخواردنەوە لە منداڵەکان تووڕە نەبوو. ئەو رۆژە هەموو بە کەیفی خۆمان ئاومان خواردەوە. تەنانەت جارێکیشیان کە پەرداخەکە قڵم بووەوە و ئاوەکە بە سەر سفرەکەدا خلۆربووەوە و نیوەی دوو نانی کۆنی تەنووری تەڕکرد، تەنیا بە ئەسپایی مۆڕەکەیەکی لێکردین.

خوایە چ هەواڵە،… چی قەوماوە؟ بەڵام مەگەر دەکرێ لە خەڵکێک کە بە چپە دەدوێن، هەواڵ ببیستی!

بە بیانووی میزکردن دەچمە حەوشە. دەمەوێ بزانم لەوێ لە ئاسمان چ باسە. ئاسمانێکی تاریکی بێ مانگەشەو بە بێ ئەژمار ئەستێرەوە خۆی بەسەر بانەکاندا راکێشاوە. دەڵێن لەم ئاسمانەدا هەموو کەس ئەستێرەیەکی هەیە، کاتێک دەمرێ ئەستێرەکە رادەخوشێتە خوارەوە، دوواتیشکەکانی گەش گەش بە رووی دونیادا دەپژێنێ و ئەوسا لە شوێنێ لە تاریکاییەکاندا وندەبێ. ئینجا ئەستێرەیەکی لەم چەشنە دەبینم. راستی کێ مردووە؟ لە ژێر سەقفی خانووەکانی شاردا دەکرێ زۆر رووداو رووبدەن. ئاسمان وەک خۆیەتی. کەواتە دەبێ هۆکارەکە لە خودی زەوییەوە بێت، لێرە، لەم گەڕەک و لەم شارە. نەکا ئەوانەی دەخوێننەوە کەمتر ئاگایان لە دەورووبەریانە،… یان دەیانەوێ هەموو شتێک وەک چیرۆکی ناو کتێبەکان رووبدەن و بۆیە لە چپەی خەڵکی ناگەن. رێک لەو کاتەیدا لەم بیرانەدام لافاوی چپەی شار لە ئاسمانەوە دادەبارێ، وەک بێ ئەژمار باڵندەی کۆچەری دێنەخوارەوە و هەموو حەوشەو و بانەکە پڕدەکەن. شار یەکسەر دەبێ بە چپە، بە یەک چرپە کە ئەگەرچی بەرزبەرز دەنگدەداتەوە، بەڵام دیسان هیچی لێ حاڵی نابم. باڵندەکان بە جەستەمەوە دەنیشن و ئارام دەنووکم تێوەردەدەن “هەڤاڵان چ خەبەرە؟” ئەوان تەنیا دەنووکم تێوەردەدەن و ئەوسا باڵ لە بەڵی یەکتر دەخشێنن. بۆنی فڕین دێت. بۆنی سەفەرە دوورەکان دێت. یەکیان رێک لە ناو چاوانم دەڕوانێ و من وێنەی هەموو رێگاکان لە گلێنەی چاوەکانیدا دەبینم. سەحرا و بیابان و کوێستان و دەریا. ئەو چۆمانەی زەلکاون و ئەوانەی وا خرۆشانن. بە خۆم دەڵێم رەنگە سەفەرێک لەبەربێت، بەڵام بۆ کوێ. بە خۆم دەڵێم رەنگە هەموو شار باسی ئەم سەفەرە دەکەن. ئەوجا باڵندەکان تێکڕا هەڵدەفڕنەوە و لە بەستێنی تاریکی ئاسماندا وندەبن. من کە ترسی ئەوەم لێ نیشتووە هەموو ماڵی ئێمە و تەنانەت گەڕەکیش لەگەڵ خۆیان بەرن، پڕ بە گەرووم هاواردەکەم: لانیکەم ئێمە نا!

دەستێک شانم دەگرێ. لادەکەمەوە. دایکمە. بە چپە پێم دەڵێ ناخەوی. من حاڵی دەبم. بە بێ ئەوەی منیش بۆ خۆم بمەوێ بە چپە پێی دەلێم با، دەخەوم.

ئیتر دڵنیام هەواڵ یاخود رووداوێکی گەورە بەڕێوەیە. چپە هەم ترسە و هەم هومێد. رێک وەک جێژوانی دوو ئاشق. ترس لە دەورووبەر و هومێد لەو بەڵێنەوە بە یەکتری دەدەن.

ئارام دەخزێمە بن لێفەکەوە. لێفەکە بۆنی ساڵان دەدا. حەزم بە قورسییەتی. خەونەکانی شەوانەی من لەو کاتەوە دەستپێدەکەن سەرم دەخەمە بنییەوە. هەمیشە پێوەندێک لە نێوان تاریکی و خەوندا هەبووە. کە نیگا بڕ نەکا، خەیاڵ دەستپێدەکا. لێرەیشەوە چپەکانی دەرەوە دێنەوە گوێ. باشە کەی وازدێنن؟ بەو نیوەشەوە لە ماڵی دراوسێکەمانەوە دەڵێی دەنگی بەریەککەوتنی تەور و دار دێت! سبەی تەنووردادەخەن و، ناندەکەن؟… یان ئەمەیش چپەی نێوان تەور و دارە؟

باوەگەورە کە باسی سەردەمی منداڵی و گەنجیەتیی خۆی دەکا دەڵێ “هۆۆۆ ئەو زەمانە!” لە نێوان ‘هۆۆۆ’ و ‘ئەو’دا هیچ مەودایەک نیە. بە شوێن یەکتردا دێن. وەک بڵێی دەڵێ “هۆۆۆ زەمانە!” رستەی یەکەم بۆ گێڕانەوەیە و رستەی دووهەم بۆ دەربڕینی سەرسوڕمان یاخود پێناخۆشبوون، یان پیشاندانی هەستێکی غەریب. بیر لە منداڵی و مێردمنداڵیی خۆم دەکەمەوە. راستی چی تیایە وا باوەگەورە بیری دەکاتەوە. ئەو کە دەڵێی زۆر شت لە سەر کات دەزانێ، بەڵام وەختێک دەدوێ لەم چەن وشەیە زیاتری پێ نیە.

پوورم لای وایە نەخوێندەواری دەردێکی کوشندەیە. دەڵێ بەڵێنە گەورەساڵەکانیش شەوانە بنێرنە کلاس، بۆ ئەوەی فێری خوێندن و نووسین بن.

هەتا جەستەم زیاتر شل دەبێ و لەبەر یەک دەکشێ، قورسایی لێفەکە زیاتر و زیاتر دەبێ. خۆشە! وەک بڵێی کەسێک دەڵێ “دەبنوو!”

من نازانم چەند کاتژمێر تێپەڕی، یان چەند رۆژ و مانگ و ساڵ. من تەنیا گوێم لە چپەکان بوو،… چپەکانی وەک هەزاران هەزار مرۆڤ کە لە تەنیشت یەکترەوە بەڕیز دەڕۆیشتن و بە گوێی یەکتردا دەچرپاند، دەنگی چرپەی تفەنگەکان، دەنگی لەرینەوەی عەرز لە ژێر جەستەی قورسی تانک و زرێپۆش و زیلەکان. ئەو چەک بەدەستانەی دەڵێی لوولەی تفەنگەکانیان چاوەکانیان بوون، دەنگی راکردنی ئاغای ئەسەدی کە دەڵێی خەڵکێکی زۆر بە شوێنییەوە بوون و هەڵایاندەبڕی، دەنگی گریانی جەمشید و سەری کز و نادڵنیای ئاغای فەرەجی خۆشحاڵ لەوەی کارێکی هەڵەی بەرامبەر بە خەڵکی شارەکە نەک نەکردبوو، بەڵکو زۆریش لە ناویاندا خۆشەویست بوو. حەمە عوممانە کە شەرمەزار بوو لەوەی چووبوو بۆ شەڕی زەففار و لە بیری ئەوەدا بوو لە خانە سازمانییەکان بگوێزێتەوە. لە بیری کڕینی خانوویەک لە یەکێک لە گەڕەکە دوورەکانی شاردا بوو. ئاسمان ناوەناوە خۆی بە دیمەنەکاندا دەکرد و هەموو جارێک چەند ئەستێرە رادەخوشان،… گەش گەش. کتێبخانەکە کە پۆل پۆل خەڵکی لە هەموو تەمەنێک خۆیان پیادەکرد و لەسەر کتێب شەڕیاندەکرد. جادە بە ناوبانگەکە کە هەنووکە من بە زەحمەت جێم دەبووەوە پیایا بڕۆم. پاڵەوانەکە کە لەسەر دیواری قوتابخانەکە راوەستابوو و بە ماسوولکە دەرپەڕیو و زلەکانییەوە هاواریدەکرد “من هەر ئەو کاتیش دەمزانی، دەمزانی. لە قین و بوغزی خۆمدا بوو بۆم نەدەهات و مەجبوور بووم بە زنجیر و بە ماشینەکانی دەربڕم!” من تێناگەم. ئەوان خەریکی چین. من ئاگام لێ نیە جەستەم لە ژێر لێفەکەدا شەلالی ئارەقە. دەست دەگێڕێم. وەک بڵێی دایکم ئەمشەو هیچ دۆلکە ئاوێکی لە پشت سەرمەوە دانەناوە.

باوەگەورە بەپڕتاو خۆ بە ژوورەوەدا دەکا و بە خۆشحاڵییەوە دەڵێ ئیتر ئەمجارە ژنم بۆ دێنن. دەڵێ بۆخۆم گوێم لێ بوو کەسێک بە بڵیندگۆ باسیکرد. عەبە بێقۆل کە جگەرە بە جگەرە دادەگیرسێنێ دەڵێ، ئەمە سینەمایە ئەمە! مژێکی خەست دێت و هەموو شتێک دادەپۆشێ. هەست دەکەم جەستەی منداڵیم لەگەڵ خۆی دەبا، یاخود لەنایا دەکاڵێتەوە و بەرەبەرە وندەبێ. من لێرەوە لێی دەڕوانم. بە خۆم دەلێم “بۆ کوێ؟” خۆم، وەڵامی بۆ من پێ نیە. تەنیا لێم دەڕوانێتەوە. لە دوورەوە لە ناو باغێکی لاکەوتە دەنگی قاڕقاڕی قەلەڕەشەکان دێت. لەسەر شتێک شەڕیانە و بە باڵی بە‌هێز و دەندووکی رەقیان لە یەکتر دەکوتن. دەنگی باوکم دێت، دەڵێ “نەمگوت!” کەسێک دەڵێ “تازە دەرچوو، هەر باسیشی لێ مەکە!”

سەرەڕای هەموو ئەم رووداوە سەیروسەمەرانە، دەزانم سبەی لە خەو هەڵدەستمەوە. دەزانم سبەی خۆر لە ئاسمانی رۆژهەڵاتی شارەوە دەبینمەوە. ژیان هێشتا زۆری بەبەرەوە ماوە.

بۆنی بخور دەمجووڵێنێ. ئارام سەرم لە بن لێفەکەوە دەردەکێشمە دەرەوە. دایکمە بە چاوەکانی پێدەکەنێ و، دەڵێ هەڵناستی؟ جەژنە!

دەست بە ریش و سمێڵم دا دەهێنم. یەکەم کارم تاشینی ردێن و رێکوپێک کردنی سمێڵمە. حەزێکی سەیری ژیان لێم دەئاڵێ و بە خۆم دەڵێم “خۆشحاڵم دەژیم،… خۆشحاڵ.”

درێژەی هەیە…

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *