فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

ئەو بەیانییە

کات 09/02/1401 703 بازدید

ئەو بەیانییە

ئەو بەیانییە، سالەی پوورە رێحان بە دەنگەدەنگی دایکی لە خەو خەبەری بووەوە کە دەیگوت “هەتیوە هەستە، هەستە دنیا ئاو بردی و کەچی تۆ هەر لە ناو جێگاکەتا وەک سیپاڵ پاڵ کەوتووی و ئەتلێیتەوە،… هەستە هەستە!”

سالە کە پشتی لە دایکی بوو، بە سەر شانی چەپدا وەرگەڕا و، بۆڵاندی کە “رۆژێک نەبوو بە دڵی خۆم بخەوم و بۆڵەبۆڵی تۆ لێم تێک نەدا،… ئەم هەراهەرایەت لە چییە ئەڵێی پێیان بە کەلکتا ناوە،… چی بووە پیرێژن چی؟”

ـ هەستە نەگبەت هەستە،… ئاخری خدری مام رەسوڵیان ئیعدام کرد،… قوڕ بەسەر دایکە هەناسە ساردەکەی،… هەستە هەستە! ئەو زاڵم و خێرنەدیوانە تەنیا پەنایان لێ سەند.”

سالە بە یەک تەکان راست بووەوە و، گوتی “چی ی ی ی… خدریان ئیعدام کردووە؟”

پوورە رێحان جوابی نەدایەوە، لە تەنیشت سەماوەرەکەی دانیشت و هەر وا بە ئەژنۆی خۆیدا دەکێشا. ساڵە دەستبەجێ هەستا سەرپێ، جل و بەرگەکەی لەبەر کرد، ئاوێکی بە دەست و دەمووچاویدا کرد و دەرپەڕییە دەرەوە. دایکی لە پەنجەرەکەوە هاواری لێکرد “ئەڵێن تەرمەکایان هێناوەتەوە بۆ مزگەوت.”

سالە لای نەکردەوە و دەستی بە گیرفانیدا کرد و پاکەتە جگەرەکەی دەرهێنا و سیگارێکی داگیرساند. سەعاتی دەی بەیانی بوو و ناو کۆڵان چۆڵ بوو. هەتاو ئەگەرچی نەگەیشتبووە تەوقی ئاسمان، بەڵام پێستی دەگەست. لە بڵیندگۆکەی مزگەوتەوە هیچ دەنگێک نەدەهاتە گوێ. نە دەنگی قوڕئان و نە بانگهێشتی مەلا بۆ خەڵکی لە بابەت بەدەم هاتنی مردوویەکەوە و ناشتنی تەرمەکەی. هەموو شتێک تا ئەو پەڕی خۆی بێدەنگ بوو. وەک بڵێی هیچ باسێک نیە. سالە لەبەر خۆیەوە گوتی “رەنگە دایکم هەڵە بێت!”

تا مزگەوت چوار کۆڵانی درێژ لە بەیندا بوو. لە کۆڵانی دووهەم ئالاسکەفرۆشێک بە گارییەکەیەوە لە سێبەرێکدا راوەستابوو و بە شتێکەوە خەریک بوو.

سالە، خدری مام رەسوڵی چاک دەناسی. لە منداڵییەوە هاوڕێ بوون. ئەگەرچی ئەو دوو کۆڵان لە پشتەوەی گەڕەکەکەی ئەماندا دەژیا، بەڵام لە بیری دێ هەمیشە پێکەوە بوون. هەرچەند ئەم هەر لەو سەردەمەوە لاسار و گرژ و سەربزێو بوو و، خدریش ئارام و بێدەنگ و فەقیر. لە بیری دێ هەمیشە ئەم بوو کە لەسەری هەڵدەدا. خدر قەت نەیتوانی دەست لە کەس هەڵبێنێتەوە. سالە بە پشتەدەستی فرمێسکی قەتیس ماوی چاوەکانی سڕییەوە و، بە خۆی گوت “ئاخ خ خ… حەیف بۆ ئەو کوڕچاکە… ئاخ… ئاخ!”

سەردەمی منداڵی زوو تێپەڕی و سالە بە لایەک و خدریش بە لایەکی تردا. سالە بوو بەو زەلامەی خەڵکی شار سڵیان لێدەکرد و خدریش سوێندیان بە سەر دەخوارد. هەرچەند سەلام و چاک و چۆنیان هەر مابوو و، کاتێک بە تووش یەکترەوە دەبوون دیسان زۆر بە ئاسانی دەچوونەوە دۆخی ساڵان، بەڵام ژیان هەر کامەیانی بە لایەکدا خستبوو. راستییەکەی ئەوە بوو شتێک لە خدردا بوو کە قەت لای سالەی پوورە رێحان کۆن نەدەبوو… شتێکی سەرنجڕاکێش کە لە هیچ کەسی تردا بەدەی نەدەکرد. ئاخر جار کە بینیبووی ساڵێک لەوە پێش بوو. پێش گرتنەکەی. خدریان لەسەر سیاسەت گرتبوو. دەیانگوت لە گروپێکدا ئەندام بووە کە بە تەمای کووشتنی سەرۆکی شارەبانی بوونە. دووانیان لێ گیرابوو و سێهەم دانەیش هەڵاتبوو. بۆ ئەو دیو سنوور. ئەوەیشی وا لە گەڵی گیرابوو هەموو شتێکی درکاندبوو.

سالە ئەوەتەی لەبیری دێ لەم شارە خۆشی لە کەس نەهاتبوو. لای ئەو خەڵکی کۆمەڵێک دڕندە بوون کە تەنیا لە بیری خۆیاندا بوون و گەر دەستیان بڕۆشتایە یەکتریشیان دەخوارد و ئاداریان بە سەر پاداری یەکەوە نەدەهێشتەوە. سالە لای سەیر بوو کە کوڕێکی چاکی وەک خدر ئەمەی نەدەزانی و، زۆر نەزانانە لەسەریان هەڵیدەدا. بە خۆی گوت “چاکی جۆرێکە لە ساویلکەیی.”

کە گەیشتە مزگەوت، بینی لەبەر دەرگاکەیدا کەسی لێ نیە. ئەوەندەی تر دوودڵ بوو کە داخۆ بڵێی هەواڵەکەی دایکی راست بێ. بە سەر دوو پلیکانەکەدا سەرکەوت و خۆی بە حەوشەی مزگەوتدا کرد. دەیزانی مردووشۆرخانەکە لە کوێیە. رێک لە تەنیشتی ئاودەستەکاندا بوو. هێشتا نەگەیشتبوو کە لە دوورەوە مجێورەکەی بینی. وەک بڵێی سەرقاڵی شتێک بێت. کە گەییشت، لەبەر دەرگای نیوەکراوەی مردووشۆرخانەکەدا دووانی تری بینی کە بە چرپە لەگەڵ یەک قسەیان دەکرد. هێشتا نەگەیشتبووە ئەوان کە گوێی لێ بوو لە دوورەوە دەنگی گریان و قیژە هات. سالەی پوورە رێحان دەنگەکەی ناسییەوە. دایکی خدر بوو. هەنگاوی وشک بوو و دڵی بەرایی نەدا بچێتە ژوورەوە. دوو کەسەکە بە سەرسوڕمانەوە، بە بێ ئەوەی لێی پرسن، لێیان روانی.

سالە زۆر شتی لەو رۆژە لە بیرنەماوە. هەر ئەوەندەی دێتەوە بیر کە جگە لە مجێور و دوو کەسەکە و خۆی و دایکی خدر و خاڵی، کەسی تر نەهاتن بۆ مزگەوت. لە دوو کەسەکەش یەکیان مردووشۆرەکە بوو. دایکی خۆی بە سەر مەیتە خوێناوییەکدا دابوو و دەمی نابووە خوێنە سوورەکەی کووڕەکەی. بوورابووەوە. بردبوویان و لە ژووری مجێورەکە لە دووای ئەوەی سەروچاویان بۆ شۆردبوو، پاڵیان خستبوو. دایکی وەک شەقشەقە دەلەرزی. دیانەکانی یەکیان نەدەگرتەوە. یەکێک لە سێبەرەکان چرپاندی کە گوتوویانە کۆبوونەوەی خەڵک قەدەغەیە و، دەبێ بە بێدەنگی بنێژرێ.

هەر وایشی لێهات. جگە لە مەلا، دایکی، خاڵی، گۆڕهەڵکەنەکە و سالەی پوورە رێحان کەسی تر لە قەبران نەبوو. ئەو دوو سەگە بەڕەڵایەیش وا دووراودوور بە دەوریاندا دەهاتن. هەر بەو ماشینەیش وا خاڵی هێنابووی، گەڕابوونەوە. نە دەنگی قورئانێک و نە سەرەخۆشییەک و نە هیچ. هەموو شتێک زۆر خێرا تەواوببوو.

بۆ ئێوارە سالە نەگەڕایەوە بۆ ماڵەوە. رووی کردە حەسەن ئارەقی و بە زۆر بوتڵێکی پێ پەیدا کرد و خنیە گیرفانی و رووی کردە تەپۆڵکەیەکی قەراغ شار. بە بێ مەزە و تەنیا بە جگەرەوە هەر هەمووی هەڵقوڕاند. لەوێوە گۆڕستانەکەی جوان لێوە دیار بوو. لە کاتێکدا با فرمێسکە کتوپڕی و یەک لە دووا یەکەکانی لەگەڵ خۆی دەبرد، چەند جار چەقۆ زامندارەکەی دەرهێنا و چەند خەتی خستە ناو قۆلەکانی. هەر لەوێێشەوە چەند جار نەڕاندی کە “لە قوزیایەکی ئەو خەڵکە بەم،… هەی گەوادینە!”

کە لە تەپۆڵکەکە خلۆر بووەوە دونیا تەواو تاریک ببوو. گڵۆپەکانی شار دەدرەوشانەوە. ژیان زۆر بێڕەحمانە بەردەوام بوو. لە کۆڵانەکەی تەنیشت ماڵەوە بوو کە پەشیمان بووەوە و بەرەو گەڕەکەکەی باشووری شار بایدایەوە. ئەو خانووەی وا جاروبارە رووی تێدەکرد و خەجێی مام وسوو تیایا دەژیا. خەجێ شەرمی لە کەس نەبوو و بە کەیفی خۆی بۆ پارە گانی دەدا.

کە لە دەرگای دا، خەجێ دەستبەجێ کردیەوە. لە نێوان سالە و خەجێ تەنیا باسی پوڵ و گان نەبوو. لە ناو ئەواندا حاڵ و هەوایەکی تریش هەبوو کە کەمێک خۆی لە ئەشق نزیک دەکردەوە،… ئەگەرچی ئەشق نەبوو. شتێک وەک وابەستەیی. وەک حەوانەوەیەکی بێ ئاگایانە و پەنابردنێکی خۆبەخۆ بۆ یەکتر. راستییەکەی ئەوە بوو سالە قەت لە خەجێی وەک قەحبە نەدەڕوانی، ئەگەرچی دەیزانی قەحبەیە. رەنگە خەجێیش قەت لە سالەی وەک لات و شەقاوە نەدەڕوانی.

سالە بە بینینی خەجێ خۆی بە سەر شان و ملیدا دا و، دەستی کرد بە گریان. خەجێ کە چاوەڕوانی وەها شتێک نەبوو، لە ژێر شان و باهۆی پیاوانە و بەرزی سالەدا عەبەسا. بەڵام هیچی لێ نەپرسی. یەکەم جار نەبوو پیاوە شێت و سەرگەردانەکان بە گریانەوە روویان تێدەکرد. بەڵام هەستی ژنانەی پێی گوت کە ئەمجارەیان فەرقی هەیە. کە دانیشتن، دیسان هیچی نەپرسی. لێ گەڕا سالەی پوورە رێحان بە ئیشتیای خۆی بگری. کە گریان تەواو بوو، سالە لە پشت چاوە لێڵەکانییەوە لێی رووانی. خەجێ میهرەبانانە بزەیەکی دا. سالە جگەرەیەکی دەرهێنا و دایگیرساند. دووکەڵەکە لە ناو سەقفە گڵینەکەدا پێچ و قەفی خوارد و، ون بوو.

ئەو شەوە سالەی پوورە رێحان وەک منداڵێکی ساڵانی زوو، رێک وەک ئەو کاتانەی لە گەڵ خدری مام رەسوڵ هاورێ بوون، لە ئامێزی خەجێ دا نووست.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *