فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

جانتایەک گۆرانی

کات 07/07/1403 45 بازدید

جانتایەک گۆرانی

دوێ‌شەو خەونم بینی. یەکێک لە دەرگای ماڵەوەی دا. هاتە بەر پەنجەرەکە. هەیکەلێکی رەش لە بەستێنی تاریکی شەودا. لە شووشەکەی دا. وەک هەمیشە ویستم بزانم کاتژمێر چەندە. لام کردەوە و، لە سەعات دیوارییەکەم رووانی. لە گۆشەی تاریکی ژوورەکەدا تەنیا سەفحەکەی بە ئاستەم سپی دەکردەوە. هیچی تر نەدەبیندرا، نە میلی کاتژمێر ژمێرەکە و، نە میلی خولەک ژمێرەکە. سەرم بە شووشەکەوە نا. دەستی هەڵبڕی. وتی سبەی دەبێ بچی بۆ سەفەر. گوتم سەفەر!؟ گوتی سەفەر.

لە داڵغەی سەفەر، هەتا بوومەڵێڵی بەیانی تلم دا. هیشتا کەڵەشێر نەیخوێندبوو، رابووم. بە بێ ئەوەی گڵۆپی ژوورەکە هەڵکەم، جل و بەرگم لەبەر کرد. دەستم دایە جانتاکەم کە ئەمشەو کەسێک لەپشت سەرینەکەم بۆی ئامادە کردبووم! راستی چی لەگەڵ خۆما بەرم؟ جووتێک گۆرەوەی، شۆرت، ژێرکراسێک، بیجامەیەک، پانتۆڵێک، کراسێک، فڵچەی دیان، ریش‌تاشێک، یان… !؟ تیایا مابوومەوە. نا، من هیچی ئەمانەم پێویست نەبوو. دەنگی سێبەرەکەم هاتەوە بیر. نا، لە دەنگی تاپۆئاسای‌دا هیچ کامی ئەمانە نەبوون. ئەو گوتی تۆ دەبێ بچی بۆ سەفەر. ئەمە و، بەس!

لە پلیکانەکان نەترازابووم، کە بیرم چووە سەر شریتی گۆرانییەکانم. گەڕامەوە. کۆم کردنەوەو و هەر هەموویانم خنیە ناو جانتاکەمەوە.

بەو بەیانییە زووە کە تاق و تەرا هەندێ لە قاوەخانەکان دەڕابەکانیان هەڵدەدایەوە، بە شەقام‌دا داگەڕام. سەگە بەڕەڵڵاکان لە گۆشە و کەنارەکاندا مڵ و مۆیان بوو. چ بە گومان و چ بە مڕە مڕەوە لێیان دەڕوانیم. تەنیا رێگا ئەوە بوو چاو لە ناو چاوانیان نەبڕم. من دەبا بگەمە گاراجەکە. هەر ئەوەندە.

گەیشتم. شۆفیرەکە لە ژووەرەوە لەناو چاخانەکە چای هەڵدەقوڕاند و، بە ئەشقەوە جگەرەی بەبا دەکرد. شاگردەکەی دەینەڕاند. ناوی ئەو شوێنەی دەقیڕاند وا بەڵێن بوو بەم بەیانییە زووە بەرەوە ئەوێ بەڕێ‌کەوین. سەیرە! هەرچیم دەکرد لێی تێنەدەگەیشتم! چەند جارێک ویستم لێی نزیک ببمەوە و، بڵێم ئەرێ کاکە کوێ؟ بەس نەموێرا. نەکا پێم پێ‌بکەنن، یاخود سەگە بەڕەڵڵاکان گوێیان لێ بێ و خۆیان بە ناو گاراجەکەیشدا بکەن. دەنگێک لە دەروونمەوە دەیگوت تەنیا سواربە و بڕۆ!

سوار بووم. جانتاکەم بە شوێنی جانتاکان نەسپارد. سەرم خست و، لەبەر دەمی خۆم دامنا. مینی‌بووسەکە پڕ بوو. کورسی بەتاڵی تیا نەما. سەیرە، هەر هەموو موسافیرەکان لەیەک دەچوون! نێرینە، بەسەری تاشراو و ریش و سمێڵی قوڵەوە. بە چاویلکەی رەشیش لە چاویاندا. مل ئەستوور و ناوچاو تاڵ. بە خاڵی کوتاوی پشت ملیانەوە کە سەری هەژدیهایەک بوو. خۆم کۆکردەوە و، بە قاچ جانتا پڕ لە گۆرانییەکانی جارانم بەرەو خۆم راکێشا. مینی بووسەکە بەڕێ کەوت. سەیرە، کەس نەدەدوا. وەک بڵێی هەر هەموویان نیگا و هەستیان لەسەر من بێ، بە بێ ئەوەی لابکەنەوە! پشت ملیشم بە گڕی نیگای ئەوانەی دوواوە، وەک ئەوەی سکڵیان لەسەر دانابێ، دەسووتا و دەبرژا. بە خۆم گوت تەنیا بڕۆ!

هێشتا مینی‌بووسەکە نەگەیشتبووە پێچەکانی پشتەوەی گوندی سەبەتڵو، شۆفیرەکە کە جارجارە لە ئاوێنەکەوە سەیری موسافیرەکانی دەکرد، دەنگی هەڵبڕی کە داخۆ کەس شریتی گۆرانی پێ نیە؟ گوتی ئەمڕۆ نەوارەکانی لەبیر کردووە. گوتی وەک دەزانن سەفەر بە مۆسیقا و بە گۆرانییەوە خۆشە. گوتی تەنیا گۆرانی دەرەقەتی غوربەت دێ.

من خۆم لێ گێل کرد. هەوڵم دا سەیری ئاوێنەکە نەکەم، بەڵام ئەو نیگای تەنیا لەسەر من بوو. چاوە تەژی لە نیگا شەیتانییەکانی دەڵێم. بە لاقەکانم ئەوەندەی تر جانتاکەم لەخۆم نزیک کردەوە. دیسان داواکەی دووپات کردەوە و، دیسان رێک لە ناوچاوانی منی رووانییەوە. من خۆم لێ گێل کردەوە. ئەوەتەی لەبیرم دێ ئەمە یەکێک لە خەسڵەتە هەرە باشەکانی من لە تەواوی ئەم ساڵانەدا بووە. سەیرە! وازی نەدەهێنا. جارێکی تر دووبارەی کردەوە. موسافیرەکانی تر کە دەڵێی هەر هەموویان لە دایکێک و بە زگێک لە دایک ببوون، تێکڕا لایان کردەوە و لە منیان رووانی. ئاە، چ دژوار بوو! چی بکەم!؟ ویستم دەنگ هەڵبڕم جانتاکەی من گۆرانی تیا نیە. ویستم بڵێم من بەپێچەوانەی کاکی شۆفیر باوەڕم بە هەبوونی هاوکاتی سەفەر و گۆرانی پێکەوە نیە. بەڵام،… بەڵام چەند قوڕگم دەلەرزی و، چەند خۆم لە ناو خۆمدا باوەڕم بەم قسانەی خۆم نەبوو.

نیگا بێ رەحمەکان وازیان نەدەهێنا و، هەروا لەسەر من وەک نێزەک چەقیبوون. دەستم برد، شریتێکم بۆ هەڵدا. شۆفیرەکە بە بێ ئەوەی لابکاتەوە، گرتییەوە. بزەیەک لێوەکانی تەنی. بە بێ ئەوەی نەوارەکە سەربخا، دیسان لە ئاوێنەکەوە لێم رامایەوە. یەعنی هی تر! شریتێکی ترم هەڵدا. ئەویشی گرتەوە بە بێ ئەوە خۆی بۆ بسوڕێنێ.

جانتایەک گۆرانی

یەک یەک هەموو نەوارەکانم بۆ هاویشت. لەبەر دەمی خۆیدا لە پشت فەرمانە زلەکە هەر هەموویانی کەڵەکە کرد. خوایا، من چەندە شریتی گۆرانیم هەبوو!

مینی‌بووسەکە بەسەر کەلی خان‌دا سەرکەوت. بەو دیودا بەرەو کێلەشین شۆڕ بووەوە. دۆڵە تەنگ و کشاوە و بێکۆتاییەکە لەبەر دەمماندا راکشابوو و، شاخە بەرزەکانی تەنیشت جادە بەسەرماندا سێبەری بەهەیبەتیان نەوی کردبووەوە. هەتاو لە شوێنێک سەرەتاتکێی بوو.

تەنیا شآگردەکە کە هەرزەکارێکی هێشتا موو بە تەواوی لێ‌نەڕواوی چڵکن بە رۆنی ماتۆڕەوە بوو، جارجارە لای دەکردەوە و بە بزە ناشیرین و ناخۆشەکەی و بە چاوە نەگبەتەکانی لێمی دەڕوانی.

نە دەنگی گۆرانی دەهات و، نە ئیتر پرتە و بۆڵەی کاکی شۆفیر. جاری وابوو نەوارێک بەردەبووەوەو شۆفیرکە دادەنەوییەوە و هەڵیدەگرتەوە، یاخود ئەگەر بۆی نەکرایە شاگردەکە بە یارمەتییەوە دەچوو.

تەنیا دەنگی با، گرمە گرمی تەگەرەکان و هەناسەی قورسی هاوسەفەرە ترسناکەکانم دەهاتنە گوێ. ئەو دەنگەی وا ئیستاکەیش هەر ماوە. جا یا ئەو رۆژە هەروا لە دووای ساڵانی ساڵ بەردەوامە، یان سەفەرەکە خۆی لە خۆیدا ئەو شوێنەی بوو وا من قەرار بوو بۆی بچم!

فرخ نعمت‌پور

تەگەکان : ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *