لاپاڵی گورگەکان
لاپاڵی گورگەکان
سەرەتای پاییز بوو. لەگەڵ هاوڕێکەم بە شەقامدا دادەگەڕاین. شەقام قەرەباڵغ بوو. دەنگی دەستفرۆشەکان لە هەمووشوێنێکەوە دەهات. سیگار، گوڵەبەڕۆژە، نۆکی کوڵیو، گۆرەوی، شەربەت،… لەنەکاو گوێم لە ترێ بوو.
رووم کردە هاوڕێکەم. گوتم وادیارە ترێ هاتووە! گوتی پاییزە، ترێی ئاڵۆت و ترێی ئاربەبا حەتمەن هاتوون. گوتم ترێی ئاربەبا بڕوا ناکەم، بەڵام ئەوی تر با! ئەو پڕکێشی لێنەکرد. لەو بەر جادەوە چاوم بە کەسێک کەوت قرتاڵە ترێیەکی لەبەردەمدا بوو و، خەریکی تال و توێ کردنیان بوو. حەزم دەکرد لە جادەکە بپەڕینەوە و، بچین و نۆبەرەی بکەین، بەڵام هیچم نەگوت. لەڕێگا کردن بەردەوام بوون.
لەنەکاو سینییەک ترێی مۆر لەبەر چاومدا قووت بووەوە. سینییەک لەسەر پووتێکی شانزە کیلۆیی لەبەر دەم دەرگایەکدا. لامدا و، دەستم کرد بە خواردنی. ئاە چەند بەلەزەت بوو! وەو دەنکانەم دەخوارد وا لە هێشووەکە ببوونەوە و، بەناو سینییەکەدا پرش و بڵاو بوون. هاوڕێکەم دەستی بۆنەبرد. من گوێم نەدایە. لەکاتێکدا خەریکی خواردن بووم، کتوپڕ دەستێکی دیکەم بینی ئەویش خەریکی چنینەوەی دنکە ترێکانە! سەرم هەڵبڕی. پیاوێکی بەتەمەنم بینی بە کەواوپانتۆڵ و جامانەیەک بەسەرییەوە. گوتی سڵاو مام پیاو! سەرم هەڵبڕییەوە. ناسیمەوە. ئاە خۆ ئەوە مامە حەمە بوو! من کە لە بینینی لەدووای ئەو هەموو ساڵە واقم وڕمابوو، گوتم مامە حەمە ئەوە تۆی!؟ گوتی ئەرێ وەڵڵا ئەوە خۆمم! ئەوسا بزەیەکی شیرینی هاتێ. هەر دووکمان بەردەوام بووین لەخواردنی ترێ مۆرەکە. گوتم زۆر خۆشە، بەتەمای ترێ رەشەی ئاربەبا یاخود ئاڵۆت بووم کەچی بەسەر ئەمەدا کەوتم! ئەو تەنیا پێدەکەنی. جاری وابوو لەسەر سینییەکە دەستمان لەدەستی یەکتر دەدرا. هەستم کرد دەستەکانی ساردن، بەڵام هیچم نەگوت.

من کە بە جوانی لەبیرم نەدەهات کەی مامە حەمەم بینیبوو، هەروا بەدەم ترێ خواردنەوە لەژێر چاوەوە لێم دەڕوانی. دەمزانی ساڵانی ساڵە نەمبینیوە، بەڵام چەندە نازانم. رەنگە سی تا چل پەنجا ساڵێک. بەخۆم گوت دونیاتا دێ قەرەباڵغتر و بێ سەرەو بەرەتر دەبێ، جا هی ئەمەیە. ئەوسا دیسان بەڕووی مامە حەمەدا بزەیەکی میهرەبانانەم هاتەوە. گوتم دەی چۆنی، بەڕاستی خۆشحاڵ بووم بینیمی، ئیستا چی دەکەی؟
باش بوو نەمپرسی خێزانت، کە پێمان دەگوت خاڵۆژن چۆنە. دەهاتەوە بیرم مردبوو، هەرچەند زۆر دڵنیا نەبووم.
لەترێ خواردن بەردەوام بووین. گوتم زۆر خۆشن، لەمێژە ترێی وام نەخواردووە. گوتی ئەرێ منیش هەروەها، تامی ترێم لەبیر چووبووەوە! من بەم قسەیەی کەمێک داچڵەکام. بەخۆم گوت ئەو ئیتر بۆ، خۆم وەک من نیە و هەمیشە لێرە لەم شارە ژیاوە. گوتم مامە حەمە لەوکاتەوە ئێرەم جێ هێشت تۆم نەبینیوەتەوە. گوتی بۆ مەگەر گەڕاویتەوە!؟ بەم پرسیارەی شڵەژام. بزەیەکی میهرەبانانەم هاتێ و، گوتم هەی بێ قەزا بی ئەی ئەوە نیە لەبەر دەمتدام! مامە حەمە بە دڕدۆنگییەوە لێی رووانیم. وەک بڵێی زۆر دڵنیا نەبێ. من کە حەزم لە جۆری رووانینی چاوەکانی نەبوو، گوتم لەبیرتە لە ئاوایی سپی کەمەرە ئەو زستانە لەماڵەکەی ئێوەوە سەیری رەوە گورکەکانمان دەکرد؟ مامە حەمە وەک بڵێی جوان لەبیری نەبێ، بۆیە دەستی لەخواردنی ترێ هەڵگرت و کەمێک لێم راما. هەر نەهاتەوە بیری. گوتم ئەها ئەو ساڵە، ساڵی بوردوومانەکان، کاتێ خەڵکی شار لەئاواییەکان بوون، منیش بەسەردان هاتم بۆ سپی کەمەرە، زستان بوو، بەفرێکی زۆر باریبوو، دڕندەی کێوی بەفروز هاتبوون، هیچیان دەست نەدەکەوت، بۆیە روویان دەکردە ئاواییەکان. ئەو رۆژە هێلکە و رۆنتان بۆ سازکردم، خەریکی خواردنی بووم کاتێک رەوە گورکێکی پێنج شەش دانەییمان لەوبەر ئاواییەوە بینی، خەریکی رمبازێنی خۆیان بوون. مامە حەمە کتوپڕ گوتی ئەها هاتەوە بیرم، بەخوا راست دەکەی، ئەرێ ئەو ساڵانە وەها بوون، بۆمب و شەڕ و سەرما و رەوە گورگ. مامە حەمە وەهای گوت وەک بڵێی لەدڵەوە حەسرەتێکی هەیە بۆ ئەو کاتانە.
من دیسان ورد لێم روانییەوە. مامە حەمە گەنجتر دەهاتە بەرچاوم. لەبەر خۆمەوە گوتم سی چل ساڵ لەوە پێش پیرتر بوو! گوتم مامە حەمە حەز دەکەم سەردانت بکەم، لە کوێ دەژی؟ مامە حەمە راچەنی. وەک بڵێی وەم پرسیارەی پێ خۆش نەبێ، بەڵام وەک ساڵی ساڵان میهرەبانانە گوتی لە نەنۆر دەژیم، وا ئاوایی نەنۆر دەڵێم، ئیستا ماڵم لەوێیە. ئەمەی گوت و هەستایە سەرپێ. بە پشتێنەکەی شیلەی مۆری ترێکەی خاوێن کردەوە کە ئیستا رەش دەینواند. هەستم دەکرد پەلەی بێ. گوتم ئاوایی نەنۆر! جا نەنۆر بۆ؟ گوتی رۆڵە دونیا گۆڕاوە، خەڵکی ئیتر وەک جاران نین، هەر یەکەو بەرەو… لێرەدا ورد لێمی رووانی، درێژەی دایە ئەی مەگەر بۆخۆیشت لەمێژ ساڵە لێرە… کتوپڕ قسەکانی بڕی. گوتم مامە حەمە گیان لەمێژ ساڵە چی؟ گوتی هیچ بەقوربان… هیچ هیچ. وەوسا پشتێنەکەی بەستەوە و، رۆیشت. تازە من تێگەیشتبووم کە سینیی ترێکە لەبەر دەم دەرگای خانوویەکدا بوو بە باخ و خانوویەکی گڵینەوە تێیدا. مامە حەمە بەرەو خانووەکە رۆیشت. گوتم مامە حەمە گیان دێم بۆ لات، زستان دێم، با بەفر ببارێ، حەز دەکەم وەک ئەو ساڵە گورگەکان ببینمەوە. مامە حەمە دیسان بە سەرسوڕمانەوە لێمی رووانی. گوتم نەنۆر بچوکە دەتدۆزمەوە. گوتم راستی سڵاوی خاڵۆژن بگ… بەڵام دیسان پەشیمان بوومەوە. مامە حەمە دەنگی هەڵبڕی کە ئیستا خزمەتکاری هەیە، گوتی کچێکی چاوبچوک کاروباری ناو ماڵی بۆ رادەپەڕێنێ! گوتم چاو بچوک، گوتی چاو بچوک. ئەوسا بیری تایلەند و فیلیپین کەوتمەوە! ئاە مامە حەمە خەریکی چی بوو، دونیا بۆ وا گۆڕابوو؟
مامە حەمە دەڕۆی. جاروبارە لای دەکردەوە و بە تەعەجوبەوە لێمی دەڕوانی. هاوارم لێکرد کەهاتم پێی بڵێ وەک ساڵان حەزم لە هێلکە و رۆن و لە چاییە، لەبەر ئەو پەنجەرەیەدا وا بەسەر لاپاڵی گورگەکاندا دەڕوانێ.
فەڕۆخ نێعمەتپوور





دیدگاهتان را بنویسید