فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

مریشک فرۆشی

کات 09/06/1403 78 بازدید

مریشک فرۆشی

دووکانەکە درێژ و باریک بوو. لەو سەری لە قووڵاییەکانیدا کە تیشکی رۆژ بە زەحمەت دەیگەیشتێ، بە دەیان مریشکی سپی، قەڵەو و لەڕ، تووک هەڵڕژاو و چڕ، چڵکن و لەرزۆک تێک‌ ئاخنراو پاڵیان بە یەکترەوە دابوو. لەسەر شۆستەکە، خاوەن دووکانەکە لە تەنیشت چەند سندووقی پیس و لەق‌دا و بە دەرەلەنگە خوێناوییەکانییەوە کە چەکمە درێژەکانی نەیانتوانیبوو بەریان پێ بگرێ، لەگەڵ مشتەرییەک قسەی دەکرد. لەسەر بنجۆکە شایەنێکی زەردی چڵکن و چەند وەزنەی یەک روبعی تا چوار پێنج کیلۆیی لەتەنیشت یەکتر دانرابوون. ئەوانیش پیس و خوێناویی بوون. لە ناو بنجۆکەیش‌دا کە خوێنی کۆن و نوێ رێچکەیان بەستبوو و، لێرە و لەوێ وشک ببوونەوە و دەڵەمەی کردبوو قەترەیەک ئاو چییە شک نەدەبرا. خوێن، چین چین لەسەر یەک کەوتبوو. هاوینێکی بێ بەزەیی و گەرم، دونیای دەکوڵاند. مێش و مەگەز حەشر و حەلەلایان بوو! بۆ ساردێک هەوای لە ئامێز گرتبوو.

خەڵک بەردەوام تێدەپەڕین.

کابرای مریشک فرۆش هەر مەعامەلەی لەگەڵ مشتەرییەکەی تەواوکرد، دەستبەجێ خۆی بە ژووری دووکانەکەدا کرد، دەستی دایە سێ مریشک، بە باڵ لەسەر یەک، دووان بە مشتێ و یەک بە مشتێکی تر گرتنی و، دەرپەڕییەوە دەرەوە. وەک هەمیشە پەلەپەلێک لە ئاکاری‌دا بوو. کابرای مشتەری وادیار بوو میوانی دەهات. سێ مریشک زۆر بوو. مانای ئەوە بوو قەرار بوو خەڵکێکی زۆر دەعوەت بکا. جا ئەمشەو یان سبەی شەو، کەس نازانێ!

لەم هێنان و بردنانەدا زۆر جار باڵی مریشکەکان دەشکان.

مریشک فرۆشی

کوێرەی تەنیشتی دووکانەکە کە لەبەر نیوە سێبەرێکی گوێسەبانی دراوسێکەیان کە کوتاڵ فرۆش بوو، دانیشتبوو، بە دەنگی قیڕوقاوی مریشکەکان، تەنانەت گەر ئاگایشی لە مەعامەلەکەیان نەبایە، دەیزانی چەند دانەن. دەنگی لێک دەکردنەوە. جاری وابوو لە مشتەرییەک یاخود مریشک فرۆشەکە سکەیەکی خوێناویشی، وەک خێر وەردەگرت. بە پەنجە، یان بە بەرقۆلی جوان جوان دەیسوو، خوێنەکەی لێ دەکردەوە و دەیخستە گیرفانییەوە. ئەوەندە لەوێ دانیشتبوو کە وەک خاوەن دووکانەکە چیتر بۆنی خوێنی نەدەکرد، تەنانەت گەر هەوا لەوەیش گەرمتر بایە وا هەبوو! شتێک بەناوی بۆسارد لە دونیای ئەودا مانای نەمابوو.

کوێرەی سواڵکەر کە تەمەنی لە شەستەکاندا بوو و پەڕۆیەکی لەسەری رووتی دەپێچا و هەمیشە بنە ردێنێکی هەبوو، چەند جوان لە دەنگ و هەراهەرای مریشکەکان دەگەیشت! لای ئەو، لەناو دووکانەکەوە هەتا سەر بنجۆکە، دەنگی مریشکەکان بە سێ قۆناغی جیاواز‌دا تێدەپەڕی. دیارە شیکردنەوەی بۆ خەڵکی تر زەحمەت بوو. ئەوە تەنیا ئەو بوو لەم رازە دەگەیشت. مریشکە چاوەڕووانەکان بە جۆرێک دەیانقیڕاند، کە بە باوەشی مریشک فرۆشەکەوە بەڕێوە بوون جۆرێکی تر و، لە کاتی سەربڕینیش‌دا شێوازێکی دیکە. لە یەکەم قۆناغ و دووا قۆناغدا دەنگ زیاتر دەچووەوە ناو قوڕگیان تا ئەوەی روو بە دەرەوە بێت؛ بەڵام بەڕێوە نا، مێشکی سەری پیاویان دەبرد. کوێرە بە پێچەوانەی هەموو ئەوانەی وا لە شەقامەکەوە تێدەپەڕین، تەنانەت گوێی لەدووا هەناسەکانی مریشکەکانیش دەبوو. بگرە لە ناو دڵقە خوێناوییەکانیش‌دا کاتێک بەبەردەمی‌دا تێدەپەڕین و، لەگەڵ مشتەرییەکان بەرەو ماڵەوە دەبوونەوە.

سەرەتا کاتێک ساڵانی ساڵ لەوە پێش لێرە لەبەر ئەم دووکانە دانیشت و، مریشک فرۆشەکە وەک کەسێکی دڵرەحم و پیاو چاک ئاگایشی لەم بوو، قەت باوەڕی نەدەکرد بەرەبەرە ئاوەهای لێ بەسەر بێت! ئەو کە سەرەتا بە هۆی بیستنی ئەو دەنگانەوە وا تەنیا خۆی گوێی لێیان ‌بوو و نە کەسی تر، یان باشتر بڵێین تەنیا ئەو لێیان تێ دەگەیشت و نە کەسی تر، روحمی بە توندی دەبزوا، وای لێهات تەنیا بوو بە بیسەرێک!… بوو بە چاوەڕووانێک! وای لێهات هەموو جارێک چاوەڕوانی ئەوە دەبوو کە داخۆ مریشکەکەی ئەم جارە چەندە لەگەڵ ئەوی پێش خۆی جیاواز دەبوو. وای لێهات بیری دەکردەوە داخۆ ئەم مشتەرییە خێرێکی پێ دەکا، یان نا.

کوێرە تەواو بۆنی مریشک، بۆنی خوێن و بۆنی بۆساردی گرتبوو. بەڵام ژیان باش دەگوزەرا، لانیکەم باشتر لە جاران کە بە شەقامەکاندا وێڵ بوو. تەنیا ئەوەندەی کە وەک جاران کاتێک ئێواران دەگەڕایەوە بۆ ماڵەوە چیتر ئەو دراوسێیانەی وا وەک خێر خواردنیان بۆ دێنا، لە دەرگا کۆن و شەق و شڕەکەیان نەدەدا بۆ ئەوەی بچنە ژوورەوە.

ئەوان خواردنەکەیان لە پشت دەرگاکە دادەنا، تەقەیەکیان لێ دەدا و، ئەوسا دەرۆیشتن.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ،

نوشته های مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *