کوشتن لەبەر نیگایەک
کنوت هامسۆن، نووسەری نۆروێژی، خاوەن رۆمانی ‘برسیەتی’ و براوەی خەلاتی نۆبلی ئەدبییاتە. هامسۆن لایەنگری چێکردنی کاراکتێر، نەک تیپ لە رۆماندا بووە. ئەو رەخنەی لە نووسەرە ریالیستەکان دەگرت کە لە جیاتی کاراکتێر، تیپ دروست دەکەن. لە تیپیشدا کەسەکان لە جیاتی ئەوەی کەسێکی جیاواز و تاقانە بن، زیاتر دەربڕی کۆمەڵێک کەسی هاوچەشنن لە کۆمەڵگادا.
کنوت پێی وایە هەر مرۆڤێک خاوەن تایبەتمەندیی خۆیەتی و جیاوازە لەوی تر. کاری رۆمانیش دەرخستنی ئەم تایبەتمەندییەیە. ئەم هەڵوێستە دەبێتە هۆی ئەوەی بە هۆی نووسینی رۆمانی ‘برسیەتی’یەوە ئەدەبی مودێرنیستی لە نۆروێژیش لە دایک بێ. کەسایەتیی سەرەکی ناو ئەم رۆمانە کەسێکە جیاواز کە لە هیچ کەسی تر ناچێ. هامسۆن بنەمای ئەم کاراکتێرە لەسەر کۆمەڵێک دنەدەری دەروونی و شاراوە بونیات دەنێ کە تەنانەت لای خودی کاراکتێرەکەیش ناسراو نین. بەم پێیە کنوت هامسون دەیەوێ بڵێ کردارەکانی مرۆڤ پێش ئەوەی دەستکردی ئەقڵ بن، دەستکردی هاندەرە دەروونییە شاراوەکانن.
کنوت لە وتارێکدا ئاوەها دەنووسێ کە من پیاوێک دەناسم، پیاوێکی گوندیی تەمەن سی ساڵە و تەواو تەندروست کە سێ ساڵ لەوە پێش ئەسپێکی دراوسێیان دەکوژێ تەنیا لەبەر ئەوەی بە لاچاو لێی روانیبوو! ئەرێ تەنیا لەبەر ئەمە! ئەو پیاوە دەڵێ شێوەی لێڕوانینی ئەسپەکە شێت و هاری کردبوو!
بەم شێوەیە لای کنوت هامسون، ئەدەبییات دەبێ بە ئامرازێ بۆ ناسینی دونیای نەناسراوی دەروونیی مرۆڤ. ئەویش مرۆڤ لە مانای کاراکتێر (واتە تاکەکەسیدا)، نەک لە مانای تیپ (واتە گشتیدا).
فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاه شما