فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

دوو کورتیلە چیرۆک (تفەنگ،فیشەکەکان)

کات 07/03/1394 455 بازدید

دوو کورتیلە چیرۆک (تفەنگ،فیشەکەکان)

تفەنگ

دوو منداڵ، پێکەوە لە گەڕەکێک لە دایک بوون و گەورەبوون. بوون بە هاوڕێی گیانی بە گیانی. کۆڵانەکە بەوانەوە خۆی بە کۆڵان دەزانی. کە گەورە بوون یەکیان بە رێکەوت لەو سەری کۆڵان تفەنگێکی دۆزییەوە کە کەسێک لە شەوێکی ئەنگوستەچاودا جێی هێشتبوو. تفەنگەکەی هەڵگرتەوە، بۆ سبەی کردیە شانی و چووەوە بۆ کۆڵان. هاوڕێکەی بینی. پێی گوت: “لە ئیمڕۆوە من کوێخا و تۆ رەعیەت! ئیتر من لە سەر هەموو شتێ بڕیار دەدەم!” ئەوی تر خەمێکی قوڵ لە چاوەکانی نیشت.

رۆژێکی تر، ئەمیش بە رێکەوت تفەنگێکی تری لە هەمان شوێن دۆزییەوە. هەڵیگرت و بۆ سبەی کردیە شانی و چووەوە بۆ کۆڵان. لەوێ بە هاوڕێکەی گوت: “ئیتر تۆ کوێخا نیت!” هاوڕێ کۆنەکەی کە بە دیتنی تفەنگەکە سەری سوڕمابوو، وتی: “نا هەر من کوێخام. من لە پێش تۆ تفەنگم دۆزییەوە.”

لەو کاتەوە هەموو رۆژێک ئەو دووانە بە تفەنگەکانیان یەکتر دەکوژن، شەو خەڵکی گەڕەک دەیانێژن و بۆ سبەی دیسان یەکتر دەکوژنەوە. چ ئاسان جێ فیشەکەکان و خوێن و ئازارە ترسناکەکانی جەستەیان لە بیر دەکەن.

منداڵێک کە خانووەکەیان لە تەنیشت شوێنی تفەنگەکان بوو، بیری دەکردەوە “چ دەبوو لە شەوێکی ئەنگوستە چاودا کەس تفەنگی جێ نەهێشتایە؟”

***

فیشەکەکان

لە شوێنێک دوو فیشەک پێکەوە قسەیان دەکرد. ئەوەی یەکەمیان لە کاتێکدا بە سووکی سەیری ئەوی تری دەکرد، بە شانازی و بە لەخۆباییبوونەوە گوتی:

ـ “من ئەرکی خۆم بە جێ گەیاند. من لە جەستەی مرۆڤێکەوە تێپەڕیم،… کوشتم!”

ئەوەی دووهەم کە هێشتا بە هۆی بەرکەوتنی راستەوخۆی بە بەردێکدا سەری دێشا، گوتی:

ـ “زۆربەی فیشەکەکان وەک منن، بەر کەس ناکەون. زۆرینە بە ئێمەیە. تا ئێمە نەبین ئێوە کەس ناپێکن. تازە ئەویش زۆر جار بە رێکەوتە.”

ـ “گرینگ نیە،… گرینگ ئەوەیە ئێمە جیاوازین،… من جیاوازم. دەبینی! من نە سەرم دێشێ و نە هیچ. ئەوەم کە بووم.”

فیشەکی دووهەم کە تامی مزر و سارد و ناخۆشی بەردەکە هێشتا لە زاریدا مابووەوە، تفێکی کردەوە و گوتی:

ـ “بڕوا ناکەم، هێشتا، ئەوەی کە بووی. کە تەقای ئیتر شتێکی تری. بە تایبەت تۆ کە لە ناو گۆشت و خوێنەوە گوزەرت کردووە.”

ـ “بە خوا گێژی! تێناگەی. من ئەو مەبەستەم پڕکردووەتەوە کە وەک فیشەکێک لێم داوا دەکرێ. شتێک کە تۆ پێی نەگەیشتی و قەتیش تازە پێی ناگەی.”

بەرە بەرە سەرئێشەکە و تامە مزرەکە بەرۆکی فیشەکی دووهەمی بەردا. ئیستا جوانتر دوونیای دەبینی. لە فیشەکەکەی تر راما. روخسارێکی سووری بینی بە ریشاڵە گۆشتنەکانەوە، شۆڕ شۆڕ بە هەندێ شوێنییەوە. پاش کەمێک گوتی:

ـ “دڵنیای، ئەوەی کە بووی؟”

قاقای بەرزی فیشەکی یەکەم لە دەشتەکەدا دەنگی دایەوە. لە وەڵامدا گوتی:

ـ “تەنیا گەمژەکان زۆر پرسیار دەکەن،… تەنیا گەمژەکان،…”

فریا نەکەوت قسەکەی تەواو بکا کە چەند مێش لێی ئاڵان. چەند مێشی زلی سەوز رەنگی تامەزرۆ. لە گەمارۆی ناو بۆنی خەستی ئاودەستی جەستەکانیان، دڵ و دەروونی تێک چوو،… هێڵنجی دا،… هاواری کرد:

ـ “ئێوە دەبێ لێم دوور بکەونەوە،… ئێوە نازانن چی دەکەن،… ئێوە…”

مێشە پیس و بۆگەناوییەکان وەها لێی ئاڵان کە دەنگی فیشەکەکە بۆ هیچ شوێنێک بڕی نەکرد. گووەمێشەکان دەنگیان خنکاند. 

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *