شادمان محەمەد
“ڕقم لە مێژووە، هەست دەکەم هەمووی درۆیە و براوە و دۆڕاو وەک یەکتر درۆی تێدا دەکەن.”
لە کتێبی «گۆزەڵەیەک خۆڵەمێش»ەوە
نووسەر: فەڕۆخ نێعمەتپوور
کاتێک دەرفەتم بۆ دەڕەخسێت، ئارەزوو دەکەم دەست بدەمە خوێندنەوەی کتێبێک. جاری وا هەیە بە بێ بەرنامەیەکی دیاریکراو دەخوێنمەوە، جاری واش هەیە بە هەڵکەوت چاوم دەچێتە سەر کتێبێکی نێو ڕەفەکان و دەست بە خوێندنەوەی دەکەم. بێگومان ڕەنگە جاروبار کتێبێکم بە تەواونەکراوی بەجێهێشتبێت (وەک چۆن هەمووان دەیکەین)، بەڵام زۆربەی جار تا کۆتایی لەگەڵ دەقەکەدا ڕۆیشتووم.
بەم دواییانە دەستم داوەتە خوێندنەوەی بەرهەمەکانی ڕۆماننووس و چیرۆکنووس “فەڕۆخ نێعمەتپوور” و نزیکەی سێ بەرهەمیم خوێندوونەتەوە، بە تایبەتی هەردوو ڕۆمانی “کاتێک هاشم لە زیندان گەڕایەوە” و “گۆزەڵەیەک خۆڵەمێش”.
مایەی خۆشحاڵیمە کە بە نووسینی جیاواز ئاشنا دەبم. بە ئەزموونی نووسەری جیاواز دەگەم، مەبەستم تەنها شوێنکەوتنی ڕووداوە ڕووکارییەکانی نێو ڕۆمان یان بەراوردکاریی دەقی فەلسەفی نییە، نا نەخێر، ئەوەی بۆ من گرنگە ناوەرۆکی چیرۆکەکە تا چەندێک لە خۆتەوە نزیکە، یان تا چەند هەست دەکەیت نووسەرەکە بەڕاستی لەگەڵ تۆدا قسە دەکات و لە قووڵایی ناخی تۆوە دەدوێت، یان ئەو کارەکتەرانە تا چ ڕادەیەک وەک تۆ بیر دەکەنەوە. هەر بۆیە لە ئەزموونی خوێندنەوەی ئەم نووسەرەدا گەیشتمە ئاستێک کە تێبگەم چەندێک لە ناخ و دەروونی مرۆڤەکانەوە نزیکە.
ئەم ڕۆمانە ململانێیەکی سەخت بوو لە نێوان ژیان و مەرگدا، لە نێوان گرێ دەروونییەکانی ڕابردوو و داهاتوودا، ڕێک ئەو هاوکێشەیەی هەموومان بە جۆرێک گیرۆدەی بووین.
نووسەر لە گێڕانەوەکانیدا زۆر جوان بیرەوەری و یادی نووسەرە جیهانییەکان و کتێبە ناوازەکانیانی خستبووە یادی خوێنەران و ئاوێزانی ئەزموونەکانی کردبوو.
نامەوێت بڵێم؛ لە ڕۆمانەکەدا چی کراوە و چی نەکراوە! تەنها ئەوەندە دەڵێم: چیرۆکی پیاوێکە کە دوای کۆچی دوایی هاوسەرەکەی، دەیەوێت جۆرێک لە ژیان بە مەرگی هاوسەرەکەی ببەخشێتەوە! ئەو ژیانەی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لێی ون بووە. پیاوێک دەیەوێت ڕابردوویەک بۆ کوڕەکەی بگێڕێتەوە؟ دەیەوێت لە ناو ئەو هەموو ونبوونەدا دووبارە خۆی بدۆزێتەوە؟
ئەم ڕۆمانە خولانەوەیەکی دەروونی بوو لە نێو هەستی کۆچ، غەریبی و ململانێ لەگەڵ ژیانی نوێ لە تاراوگەدا.
بەرەو پایزی ٢٠٢٦

دیدگاه شما