فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

سەرتەنوور

کات 11/05/1395 452 بازدید

سەرتەنوور

زۆر حەزی لە ژن و لە ژن هێنانە. بە رەسمی چواری هەیە و لە ژێریشەوە و بە نهێنی ئەوەندەی تر. هەڵبەت کەس نازانێ رێک چەندە. هەندێ دەڵێن چواری تر و هەندێکی تریش دەڵێن تا دەیش دەڕوا. هەمووی ئەمانە رێی تێدەچێ. کەسێک ئەوەندە دەوڵەمەند و پارەدار بێ، دە پانزە ژن چییە، دەتوانێ شارێ بەخێوکات!

نە دەچێ بۆ سەفەر و نە جل و بەرگی زۆری هەیە و، نە لە خانووی یەکجار شاهانەدا دەژی. تەنیا دوو سێ دەست کەواوپانتۆلی خاوێنی هەیە کە بە جوانی پارێزگارییان لێدەکا، بەو خانووە گەورە لە قوڕ و بەرد چێکراوەوە کە دیوارەکانی میترێک پانن. خەڵکی دەڵێن بۆ خۆی گوتویەتی گەر بەهەشتێک بە رووباری شەرابەوە و بە حۆرییەکانییەوە هەبێ، رێک ئێرەیە! لای هەمووان، حاجی مەلا، بسکەی سمێڵی دێ.

حاجی مەلا، حاجی کە هەیە، بەڵام ناوی مەلایان لەخۆوە بەسەردا بڕیوە. گوایا بە منداڵی بە هۆی خۆشەویستیی لەرادەبەدەرەوە ئەم ناوەیان سەرخستووە، هەروەها بۆ ئەوەی لە چاوی پیسیش بەدوور بێت. گوایا دایکی گوتبووی لەم دونیایەی ئێمەی تیا دەژین، مەلابوون گەورەترین نیعمەتە و ئەوان لەهەموو مەخلوقاتی تر بەختەوەرتر دەبن! نەک لەو دونیا، بەڵکو لێرەیش، بەڵام سەیر ئەوە بوو قەت هەوڵی ئەوەی نەدابوو کوڕەکەی بنێرێ بۆ حوجرە. ئەو پێی وابوو ناوەکە بەسە و کوڕەکەی بۆ هەمیشە دەخاتە بەر رەحمەتی خێر و بەرەکەتی لەبن نەهاتوو و پیرۆز و جوانی خواوە.

هەڵبەت حاجی مەلا بۆ خۆی قەت بیری لە ناوەکەی خۆی نەکردبووەوە. نە بە منداڵی و نە بە جەوانی و، نە بە گەورە ساڵیش. ئەو ئەوەتەی فامی کراوەتەوە، ئەوەندە زەینی بە لای کچان و ژنانەوە بووە کە سەری نەپرژاوەتە سەر پرسیاری قۆڕی لەم بابەتە. گەر لێیشی بپرسی حاجی مەلا بۆچی وەهایان ناو لێ ناوی، بەچاوە بەتاڵ لەماناکانی زیت زیت لێت دەڕوانێ و، پاش کەمێکی دەڵێ “هەموو شتێ لە سەر تەنوورەوە دەستی پێکرد!” ئەمە دەڵێ و ئیتر تەواو. ئیتر کەس نازانێ سەرتەنووری کوێ و چی و چۆن. گەر پرسیارەکانیشت درێژە پێ بدەی، بێسوودە. حاجی مەلا هیچ ناڵێ. لای شار چیرۆکی تەنوور، هێشتا بەسەرهاتێکی شاراوەیە.

ساڵانی ساڵ لەوە پێش، کاتێک حاجی مەلا هێشتا مێرمنداڵێکی دە دوانزە ساڵان دەبێ، بە هەر سێ، یان چوار هەفتە جارێک دایکی دەینێرێ بۆ لای ‘خا مەحسوم’، بۆ ئەوەی بێت و نانی بۆ پێوەبدا. خامەحسوم، ژنێکی خزمی خۆیان دەبێ بە چوار پێنج منداڵی رەش و رووتەوە و بە مێردێکی کرێکارەوە. کاری خامەحسوم، تەنیا نان پێوەدانە. ئەوەندەیش ناسراوەو مشتەری هەیە کە قەت پەکی نەکەوێ. هەمیشەیش کاری حاجی مەلا بوو بچێت و ئاگاداری بکاتەوە کە سبەی دەبێ بێ و نان بۆ دایکی پێوە بدا. خامەحسوم ئەوەندە بە سەر تەنووراندا شۆڕ ببووەوە و ئەوەندە نانی پێوەدابوو کە پێستی دەموچاوی وەک سورپێستەکان سوور سوور هەڵگەڕابوو. بەو نیگا خەمگینانەوە کە پزیسکێک چییە لە ئاوری تەنوورەکانەوە نەپەڕیبووە ناویانەوە. 

ئەو رۆژە کاتێک دایکی وەک هەمیشە دەینێرێ بە شوێن خامەحسوم دا، دەبینێ خامەحسوم لە ناو جێگادا کەوتووە و ناتوانێ سبەی بێت بۆ نانکردن. دایکی کە زۆر توڕە دەبێ، دەینێرێ لە شوێن کەسێکی تر. کە ئەویش بۆ دوو رۆژ دواتر دەرفەتی دەبێ. چ بکەن چ نەکەن، دایکی حاجی مەلا، ئێوارە، کاتێک لە کۆڵان دانیشتووە و لەگەڵ ژنە دراوسێکەیان قسەدەکا و گلەیی لەبەختی رەشی دەکا، تێدەگا کۆڵانێک لەولاتر ماڵێک کرێ چییەکیان بۆ هاتووە. کرێ چییەکە ژنێکە بە پیاوێکی نەخۆشی لە جێگادا کەوتوو و سێ چوار منداڵەوە. گوایا ئەو ژنە نەک تەنیا نان دەکا و نان پێوەدەدا، بەڵکو لە ماڵ خاوێنکردنەوە بگرە هەتا جل شۆردنیش دەکا. لە کۆتاییدا دراوسێکەیان شتێکی بە گوێی دایکی حاجی مەلادا چرپاندبوو کە ئەم تێی نەگەیشتبوو. 

هەر ئەو ئێوارەیە درەنگان، دایکی، حاجی مەلا دەنێرێ کە بە ژنەکە بڵێ. حاجی چووبوو. دۆزینەوەی خانووەکە ئاسان بوو. کە لەدرگا دەدا، منداڵێکی کچی هەر لەتەمەنی خۆیدا دەرگاکە دەکاتەوە و پاشان ژنێک لە پشت سەریەوە پەیدا دەبێ کە حاجی مەلا لە جوانیی روخسار و لە گۆشتنیی جەستە و لار و لەنجەی رۆیشتنی دەحەپەسێ. ژنێک بە جووتێک چاوی رەشەوە کە دەڵێی لە گۆشەکانیدا هەمیشە خەندەیەک پەنهان و شارەوە بوو. ژنەکە مەکسییەکی درێژی لە بەردا بوو. کە قسەی دەکرد و دەدوا، وەها هەناسەی لەگەڵی تێکەڵ دەبوو کە حاجی مەلا دەست بەجێ هەر لەوێدا ئاشقی بوو! 

حاجی قەت لە بیری ناچێتەوە کە ئەو رۆژە بەو ئێوارە درەنگ وەخت و فێنکەی هاوین، چەندە لەکاتی رۆیشتنەوە بۆ ماڵەوە، گەرمای ببوو و چەندە خەیاڵی بۆ یەکەم جار ئەوەندە فڕیبوو کە نەیدەتوانی بیدۆزێتەوە و بۆ جارێکی تر بیهێنێتەوە!

خەڵکی بەخیلیی بە حاجی مەلا دەخوازن. وەرە ئەوەندە پارەت هەبێ و چوار ژن لە مالێدا و، چەند ئەوەندەی تریش بە شاراوە لەم لاو لەو لا دا. قەدیمییەکان لە حاجی مەلایان وەک ‘شا’کانی قاجاڕ دەڕوانی، بەو حەرەمسارایانەوە، بە سەدان ژن لە هەموو وڵاتەوە، کە پاشایان دەکردە خزمی هەموو نیشتمان. راستییەکەی ئەوە بوو حاجی مەلایش شتێک بوو لەو چەشنە. کێ چووزانێ، ئەگەرچی سەفەر ناکا، بەڵام رەنگە لە شارەکانی دەورووبەریش خاوەنی ژن بێت! پیاوی دەوڵەمەند بۆی دەبارێ!… لە هەموو شوێنێکەوە بۆی دێت! لە سەر سەکۆی مزگەوتی یەکێک لە ئێوارەکانی ژیان، پیرەمێردێکی گۆچان بەدەست کە لە مێژە ژنەکەی مردووە و کچەکەی خزمەتی دەکا، دەڵێ حاجی مەلا لەو دونیایەی تر چیتر شانسی حۆری وەبەرکەوتنی نیە، دەڵێ ئەو هەر لێرە حۆرییەکانی پێ گەیشتووە! پەککوو لە کاری حەقتەعالا،… پەککووووو! سێ هاوڕێکەی تری نازانن پیرمێردەکە لە خۆشیانا ئەم قسانە دەکا یان لە رقا.

بۆ سبەی ژنەکە زوو لە خەو رادەبێ و دێت. لە گەڵ دایکی حاجی مەلا هەویر دەشێلن و سەرتەنوور ئامادە دەکەن و کاتێک خۆر تازە تیشکە بەتین و بە هێزەکانی بە سەر ولاتدا پرش و بڵاو دەکاتەوە، دەست دەکەن بە نانکردن. حاجی بە پێچەوانەی رۆژان، زووتر خەبەری دەبێتەوە. بەپەلە دەردەپەڕێتە دەرەوە و خۆی دەگەیەنێتە سەر تەنوور. ئا، لەوێیە،… خۆیەتی! دایکی بە قوربانی کوڕەکەی دەبێ و پێی دەڵێ بچێ ئاوی تازەیان بۆ بێنێ و، بە خوشکەکەیشی بڵێ کە چاییەکی تازە دەم بکا. بەڵام حاجی نیگای لەسەر ژنەکەیە. ئەو ژنەی بە گۆشەی چاوەکانی نەخوازراوانە هەمیشە پێ دەکەنێ و بە هەر جوڵەیەکی، جەستەی وەک ئاوی دەریا شەپۆلان دەدا.

خەڵکی دەڵێن ئەو چوار پەنجەرە سەوزە گەورەیەی بەسەر کۆڵاندا دەڕوانن، ژووری ژنە ئاشکراکانی حاجی مەلان. ژوورەکان بە تەنیشت یەکترەوەن. یەک بە دووای یەکدا. دەڵێن لەبەر ئەوەی حاجی مەلا لێی تێک نەچێ و لە بەر ئەوەی گەر ژنەکانی تر پێیان خۆش بوو، شەوانە بە کاتی نیوەشەو بتوانن بچن و بە دزییەوە گوێ بەو دەرگایەوە بنێن وا حاجیی لێیە! یەکێک لە پیرەپیاوەکانی یەکێک لە ئێوارەکانی ژیان لە سەر سەکۆی هەمان مزگەوت، روو لەوانی تر دەکا و سوێند دەخوا کە بۆ خۆی بە گوێی خۆی دەنگی حیلکە و پێکەنینی ژنەکانی لە کاتی گوزەر لە کۆڵانەکەوە بیستبوو. سوێند دەخوا ئەو پێکەنینانە رێک لە دەنگی حۆرییەکانی بەهەشتیان دەکرد،… ئەو دەنگانەی قەت لەبیر ناکرێن!

حاجی مەلا سەرتاسەری ئەو رۆژە لەماڵەوە دەبێ، بێ هۆ و بە هۆ دەچیتە سەر تەنوور، داوای لەواشە دەکا، نانەکان کۆدەکاتەوە، ئاویان بۆ دەبا. لە حەوشەکەدا خۆی بە شتی لاوەکییەوە سەرقاڵ دەکا (لە کاتیکدا چاوێکی هەر لەسەر تەنوورەکەیە). 

ژنەکە هەر هەمان کراسی دوێنێکەی لەبەردایە. بەو جیاوازییەوە پانتۆڵێکی پیاوانەی بەسەردا هەلکێشاوە. لە کاتی نان پێوەدانا، یان قاچێکی لە ژێر خۆیدایە و ئەوی تریان راکشاوە، یان لەر سەر جووت ئەژنۆیە. کە دەنەویتەوە، چەندە سمت و رانەکانی جوانن! پر بە پانتۆڵە پیاوانە فش و هەراوەکەن. مەکسییە گوڵ گوڵە تەخت سوورەکە ئەگەرچی تویژاڵێک لە ئارد و لە ئاگر بە ئاستەم دایپۆشیوە، بەڵام ئەوەندە لە بەریا جوانە کە حاجی مەلا قەت بە تەمەنی خۆی شتی وەهای نەبینیبوو. 

ماوەیەکە کۆمەڵێک گەنج پەیدابوونە و، جۆرێکی تر دەدوێن. ئەوان باس لە چەوساندنەوەی ژن دەکەن، باسی ئەوەی کەسی وەک حاجی مەلا، ژن دێنن بۆ ئەوەی بیهێنن، نەک بۆ ئەوەی لە گەلیان بژین، ئەوان دەڵێن پارە سەری نەک تەنیا ئەو ژنانە بەلکو خودی حاجیشی خواردووە، بۆیە دەبێ ئەم پارانە لە حاجی وەربگرینەوە و دابەشی بکەین،… وەها، ئەوانی تریش بتوانن ژن بێنن! تەنانەت یەکێک لەم گەنجانە دەڵێ، هەموو ئەو ژنانە وەک سەردەمی قاجاڕەکان لە ژێرەوە لە گەڵ پیاوی تر پەیوەندیان هەیە و دەستیان تێکەڵ کردووە! کە دەگاتە ئێرە، پیاوەپیرەکانی سەر سەکۆی یەکێک لە ئێوارەکانی ژیان، تف لە شەیتان دەکەن و لە دووای ئەوەی ورتەی دوعایەکی لێڵ لێویان دەتەنێ، هەڵدەستن و شۆڕ بە سەر گۆچانەکانیاندا بەرەو ماڵەوە دەبنەوە. هەموویان هەوڵدەدەن وەها بڕۆنەوە کە ریگاکەیان بچێتەوە سەر کۆڵانی ماڵی حاجی مەلا.

حاجی مەلا ئەو رۆژە قۆچەقانییەکەی دیسان هێنایەوە بەردەست. ئەگەرچی هیچ چۆلەکەیەکی پێ نەپێکرا، بەڵام لانیکەم ئەو پشیلەیەی پێ راونا وا بێ ترس لەئەم خۆی لە چۆلەکەیەک مەڵاس دابوو. کاتێک خۆر دەگاتە ناوەڕاستی ئاسمان و دونیا تەواو گەرم دادێ، ئەوەی کە نابێ رووبدا، روودەدات! حاجی مەلا ئاگای لێیە، ژنەکە هەڵدەستێتە سەرپێ و پانتۆلەکەی دادەکەنێ. ئەوسا مەکسییەکە وەک دوێنی شۆڕ شۆڕ تا قۆزینگی پێی دادەکشێ. جەستەی، وەک ماسییەکی خزی گۆشتن کە ئاو ناگرێتە خۆی، هەوڵدەدا تا دەتوانێ زیاتر خۆی لە مەکسییەکە راپسکێنێ. حاجی دەستی بە قۆچەقانییەکەوە شەتڵ دەبێ. لای ئەو ناکرێ جیهان ئەوەندە خۆش و لەهەمان کاتدا ئەوەندە خەمهێنەر بێت! هەست دەکا دڵی وەک چۆلەکە پاسارییەکان ئەوەندە بێ ئۆقرەیە کە خەریکە لە سینگییەوە دێتە دەرەوە. بەڵام چیرۆکەکە بەمە کۆتایی نایەت. ژنەکە تەنیا بە داکەندنی پانتۆلەکە وازناهێنێ. کە دادەنیشێ، مەکسییەکە لەسەر ئەو قاچ و رانەی هەڵدەداتەوە وا رایکێشاوە. ئەوەی ئەو رۆژە حاجی بینی وەها لە دەروونیدا ماوەتەوە کە تەنیا بە خەیاڵ دەتوانێ بە سەری بکاتەوە،.. تەنیا بە خەیاڵ. حاجی مەلا، بە ئیستایشەوە کاتێک لە نویژ دەبێتەوە و دەست بۆ دۆعاکردن بەرزدەکاتەوە، ئەو پرسیارە کۆنە، رەنگە بۆ بێ ئەژمار جار، لە خوا دەکاتەوە کە بۆچی ئەو دەبێ لە نیوەڕۆیەکی گەرمی یەکێک لە هاوینەکانی ژیانی میرمنداڵیی خۆی، دەبوا بە تووش وەها دیمەنێکەوە بێت!

گەنجە سەیروسەمەرەکان دەلێن پارە وەهایە، کە هەتبوو ئیتر پێت وایە دەبێ ببی بە خاوەنی هەموو شتێ. هیچ شتێک لەو دونیایەدا تیرت ناکا. بۆیە دەبێ بەر بەوە بگرین کەسێک ئەو هەمووەی هەبێ و ئەوانی تر هیچ، یاخود زۆر کەم. پیرەپیاوەکانی سەر سەکۆی مزگەتەکە کاتێک گوێیان لەم قسانە دەبێ، ئەگەرچی لە دڵ و دەروونەوە رقیان لەم سەر رووتانەیە، بەڵام هەر کامەیان خۆیان لە یەکێک لەو چوار ژوورەدا دەبیننەوە (سەیر ئەوەیە کە ئەمانیش چوارن). ئەوان چاوەڕوانن کەی ئەو سەرڕووتانە دێنە سەر حوکم و کۆتایی بە پاشایەتی حاجی مەلا لە مەملەکەتی ژنان دەهێنن.

حاجی زۆر ئەم لاو لای کرد و چاوی گێڕا. ئەوەی بە حاڵ لەوی کردایە، دەستی خستە سەری و هێنای. بەڵام هیچیان کتومت وەک ئەو دەرنەچوون. هەمیشە شتێکیان کەم بوو، جا یا پێکەنینە شاراوەکەی گۆشی نیگا، یان لەرەی شەپۆل ئاسای جەستە، یاخود راکردنی پەیکەر لە جل و بەرگ. راستییەکەی ئەوە بوو کە هەمووی ئەمانە پێکەوە دەست نەدەکەوتن. حاجی وەک چۆلەکەیەکی بەستەزمانی سرکی لێ هاتبوو کە کاری تەنیا چڵاوچل کردن بوو. چڵاوچڵ کردنێک رەنگە هەتا ئەبەد.

لەبیری دێ رۆژ تا ئێوارە لەو کۆڵانەدا کەوتبوو. بەو قۆچەقانییەوە کە هیچی پێ نەدەپێکا. دایکیشی قەت جارێکی تر لەو ژنەی رانەسپاردەوە بۆ نان پێوەدان. وەک هەمیشە سەروسەکوتی خامەحسوم پەیدا بووەوەو ئیتر سیمای سووری، حەوشەکەی تەنیەوە. حاجی لە دڵەوە حەزی دەکرد بەڵایەکی وەها بەر سەر خامەحسومدا بێت کە قەت هەڵنەستێتەوە. دونیای حاجی وەک ئێوارەی هاوین کاتێک هەتاو دادەچێ، سوور سوور هەڵگەرابوو.

دووانیوەڕۆیەک بە رێکەوت، لە دووای پەنجا ساڵ، دووای ئەوەی ژنەکەی کۆڵانەکەی ئەولایان کتوپڕ نەخۆشییەک رووی تێکرد و کوشتی و ناشتیان، ژنێک بە بەر دووکانەکەیدا تێدەپەڕێ. ئەگەرچی بە چارشێو خۆی بە جوانی داپۆشیبوو، بەڵام شتێک لە شێوەیدابوو یەکجار سەرنجڕاکێش. حاجی مەلا ئەگەرچی چووەتە تەمەنەوە و وەک جاران جەستەی تاقەتی نەماوە، بەڵام دڵی وەها خێرا لێدەدات کە بەپەلە دەرگای دووکانەکەی دادەخا و دەڕابەکەی دادەداتەوە و شوێنی دەکەوێ. نیگا هەمان نیگا و جەستە هەمان شێواز. حاجی هەوڵدەدا ونی نەکا. لە قەرەباڵغیی ئێوارەدا هەوڵدەدا بزانێ بۆ کوێ دەچێ. شار ئەوەندە گەورە بووە حاجی زۆر کەس ناناسێتەوە. لەبەر خۆیەوە دەڵێ ئەمەیش یەکێکی تر لە غەریبەکان!  

راستییەکەی ئەوەیە حاجی مەلا ماوەیەکە چاوی چووەتە سەر ژنێکی تر. دڵی وەک ئەو ساڵەی نانکردنی سەر تەنوورەکە توند توند لێدەدا و حەز دەکا بچێ قۆچەقانییەک دروست بکا و خەریکی چۆلەکە کۆشتن بێت! ئەگەرچی ژنەکە هاوسەری سەرۆکی پۆلیسە و لە عەجەمستانەوە هاتووە و جاروبارە رێک لە بەر دەمی دووکانی حاجییەوە تێدەپەڕێ بۆ ئەوەی بچێتەوە ماڵەوە، بەڵام ئەو هەموو جارێک دووکانەکەی دادەخا و شوێنی دەکەوێ. ئەو پێی وایە ئەگەرچی ژیان ناگەڕێتەوە و ئەو شتانەی وا لە ژیاندا دووپات دەبنەوە یەکجار لە باری زەمەنەوە نێوانیان بەین دەکەوێ، بەڵام هێشتا شیاوی ئەوەن مرۆڤ وازیان لێ نەهێنێ. حاجی نە گوێی لە گاڵتەی بەردەوامی خەڵکە، نە کاری بە خەونی ئەو گەنجانەوەیە وا وەک ئەوانەی پێشوو باس لە دەورانێکی تر دەکەن و نە ئاگای لە سەکۆی بەر مزگەوتەکەیە کە قەت پیرمێردە گۆچان بەدەستەکانی لێ نابڕێ. ئەو تەنانەت لە سەرۆکی شارەوانیش ناترسێ. حاجی مەلا تەنیا یەک رێگا شارەزایە،… وەک هەمیشە،… تەنیا یەک رێگا.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *