فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

کڕۆنا و باوەڕ بە عەقڵ و زانست

کات 26/12/1398 1,278 بازدید

گەر باوەڕ بە چیرۆکی شەڕی بایۆلۆژی بێنین، دەبێ بڵێین مرۆڤ هەنووکە بەکەڵک وەرگرتن لە توانا مودێڕنیستییەکانی خۆی لە شەڕ لە دژی نەخۆشییەکە کە توانا مودیڕنیستییەکانی بەرهەمیان هێناوە! کە ئەمەیش هۆکارێکە بۆ بەهێزمانەوەی ئایدیا پۆستمودێڕنییەکان، واتە ئەو ئایدیایانەی وا گومان دەخەنە سەر مودێڕنیزم. بەڵام سەیر ئەوەیە پۆستمۆدێڕنیزم لە گشتییەتی خۆیدا رێگاچارەی بۆ کڕۆنا پێ نیە چونکە لە ناخی خۆیدا تەبلیغی جۆرێک لە هەڵوێستی رێژەگەرایانەیە بەرامبەر بەم نەخۆشییە.

کڕۆنا و باوەڕ بە عەقڵ و زانست

سەرهەڵدانی مودێڕنیزم سەرهەڵدانی باوەڕی مرۆڤ بە زانست و عەقڵ و پێشکەوتن بوو، سەرهەڵدانی باوەڕی مرۆڤ بە خۆی بوو لە بەرامبەر ئەو ئایدیایەی وا دەیگوت مرۆڤ کاردانەوەی دوو دیاردەی خودا و سروشتن. مرۆڤ لە مودێڕنیزمدا خۆی وەک هێزی سەرەکی دەدۆزێتەوە.

بەڵام رووداوەکانی دوواتری مێژوو و ژیانی مرۆڤ باوەڕی ئەویان بەرامبەر بە مودێڕنیزم لاواز کرد. سەرهەڵدانی دوو شەڕی گەورەی جیهانی و تێداچوونی میلیۆنان میلیۆن مرۆڤ و پاشەکشەی خەونەکانی مرۆڤ لە بەدیهێنانی کۆمەلگایەکی بەختەوەر و هەموو ئەو پشێویانەی دوواتر سەریانهەڵدا و عەقڵ و زانست و پێشکەوتنیان خستەوە ژێر گومانەوە، بووە هۆی سەرهەڵدانی دیاردەیەک بەناوی پۆستمودێڕنیزم. لەم ئایدیا نوێیەدا باوەڕی مرۆڤ بە ئایدیا گشتییەکانی مودێڕنیزم لاواز بوو و جۆرێک لە گەڕانەوە بەرەو رێژەگەرایی سەریهەڵدا و چیرۆکە مەزنە گشتگیرەکانی مودێڕنیزم (وەک لیبرالیزم و کۆمۆنیزم) پاشەکەشەیان کرد.

بەڵام هەنووکە کە لە بەردەم مەترسیی ڤایرۆسی کڕۆناداین و تەواوی مرۆڤایەتی کەوتووەتە بەر هەڕەشەیەکی گەورەوە، هەڕەشەیەک کە ژیان و مانی مرۆڤی خستووەتە بەردەم پرسیاری گەورەی بەردەوامی یان نابەردەوامی ژیانەوە، داخۆ دەتوانین بڵێین دیسان مودێڕنیزم لە تەواوی مانای خۆیدا گەڕاوەتەوە و مرۆڤ ناچار دەکا سەر لە نوێ باوەڕی پێ بهێنێتەوە؟

رۆژانە دەبینین لە سۆسیال مێدیاکاندا بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، واتە شوێنێک کە تێیدا ئایین و نەریت یەکجار بەهێزە، خەڵکی یاخود بەشێکی بەرچاویان باوەڕیان بە پێشگیرییە زانستییەکان یاخود دەواودەرمان بەرامبەر بە کڕۆنا نیە و زیاتر پەنادەبەنە بەر خودا و ئایین و رێوڕەسمە ئایینەکانی خۆیان و لایان وایە کە تەنیا خودا دەتوانێ ئەوان لەم دێوەزمەیە رزگاربکا. بەڵام هاوکات دەبینین زانستی مرۆڤ لە بواری دەرمانی و تەندروستیدا تەواو قەد هاتووەتە مەیدانەوە بۆ ئەوەی بتوانێ بەر بەم ڤایرۆسە کوشندە و ترسناکە بگرێ. واتە ئێمە بە هۆی کڕۆناوە سەرلەنوێ شاهیدی گەڕانەوەی مودێڕنیزم لە قەوارەی باوەڕ بە زانست و عەقڵی مرۆڤداین. مرۆڤ ناچارە بۆ ئەوەی لەم دۆخە دژوارە رزگاری بێت دەبێ باوەڕ بە توانا مودێڕنیستییەکانی خۆی بێنێتەوە.

بەڵام هاوکات دەبیستین کڕۆنا لەڕاستیدا و لە بنەڕەتدا شەڕێکی بایۆلۆژییە کە زلهێزەکان بۆ بەچۆکداداهێنانی یەکتر دایانهێناوە. واتە توانای مودێڕنیستی مرۆڤ لە بواری زانست ، وەک بواری چەک و چۆڵ و شەڕ لە دژی بەشەر خۆی، کەڵکی لێوەرگیراوە و ئەمە دیسان دەمانخاتەوە بەر هەمان دڕدۆنگی و ئەو گومانەی وا سەبارەت بە زانست و عەقڵی مرۆڤ لە سەردەمی پۆستمودێڕندا سەریهەڵدا.

کەواتە دەتوانین بڵێین مرۆڤ دیسان لەبەردەم دوو رێگای مودێڕنیزم و پۆستمودێڕنیزمدا راوەستاوە. لە لایەکەوە ناچارە باوەڕ بە توانا مودێڕنیستییەکانی خۆی بێنێ و لە لایەکی ترەوە دیسان گومانیان لێبکاتەوە!

کڕۆنا وەک هەموو دیاردەکانی تری ئەم سەردەمە کە پێوەندییان بە چارەنووسی مرۆڤەوە هەیە، دوو جۆر دەرکەوتە لەخۆی نیشاندەدا. ئەمەیش ئەوەمان پێدەڵێ مرۆڤ چەندە هێشتا کێشەی هەیە لە باوەڕهێنانی تەواو بە توانای عەقڵی و زانستییەکانی خۆی. راستییەکەی ئەوەیە ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە عەقڵ و زانست لەلایەن بەرژەوەندییەکانەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێ و ئەمە بنەڕەتیترین کێشەی مرۆڤی سەردەمە.

گەر باوەڕ بە چیرۆکی شەڕی بایۆلۆژی بێنین، دەبێ بڵێین مرۆڤ هەنووکە بەکەڵک وەرگرتن لە توانا مودێڕنیستییەکانی خۆی لە شەڕ لە دژی نەخۆشییەکە کە توانا مودیڕنیستییەکانی بەرهەمیان هێناوە! کە ئەمەیش هۆکارێکە بۆ بەهێزمانەوەی ئایدیا پۆستمودێڕنییەکان، واتە ئەو ئایدیایانەی وا گومان دەخەنە سەر مودێڕنیزم. بەڵام سەیر ئەوەیە پۆستمۆدێڕنیزم لە گشتییەتی خۆیدا رێگاچارەی بۆ کڕۆنا پێ نیە چونکە لە ناخی خۆیدا تەبلیغی جۆرێک لە هەڵوێستی رێژەگەرایانەیە بەرامبەر بەم نەخۆشییە.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ، ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *