فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

دەرگاکە پێوەدەدەم

کات 08/06/1399 1,213 بازدید

ئەگەرچی ساڵانی ساڵ تێپەڕیوە، بەڵام لای ئەو هێشتا ئەو ماوە، لە شوێنێک دەژی، نەمردووە و بەڕێوەیە بۆ ئەوەی رۆژێک لە رۆژان بگەڕێتەوە.

بۆیە هەموو شتێکی وەک جاران راگرتووە، ژوورەکەی، وێنەکانی سەر دیوارەکان، جێ و بانەکە، کتێبخانە گچکەکە، تەنانەت ئەو چەند کتێب و دەفتەر و قەڵەمەی وا لەسەر عەرزەکە بەجێماون. لای وایە ئەو دیسان دەگەڕێتەوە و وەک جاران شان دەداتەوە سەر سەرینەکەی بەر کتێبەکان و وەک جاران لاپەڕەکان هەڵدەداتەوە، دەستدەکاتەوە بە خوێندنەوەیان و جاروبارە یادداشتیشیان لێ هەڵدەگرێتەوە. ئەوەندەی نەبێ هەندێ جار بە گوێرەی نیاز تۆزەکەیان دەسڕێتەوە، بۆ ئەوەی زەمەن لەگەڵ خۆی نەیانبا؛… ئا، تا ئەو دەگەڕێتەوە.

بەڵام تەنیا تۆز نیە، شتێکی تریش هەیە شتەکان لەگەڵ خۆی دەبا. شتێک کە رەنگەکان دەگۆڕێ و روخسارەکان دەژاکێنێ، تەنانەت ئاوێنەکانیش سەرەڕای هەموو ساف و لووسیان تەمیان لەسەر دەنیشێنێ. ئاوێنەکانیش زبردەبن. سەیری ناو ژوورەکە دەکا، دەست بەرزدەکاتەوە و لە ئاست خۆیدا دەیگێڕێ، بەڵکو بگاتە شتەکە و بیگرێ؛… بەڵام وەک جاران دەستەکە تەنیا لە بۆشاییەکی ترسناکدا دێت و دەڕوا. لەهیچ شتێک گیرناکا.

جیهان تەنیا لەگەڵ خۆیەتی. ئەو لە دەرەوەیەتی.

لای سەیرە زەمەن ئەوەندە بێ رەحم و نەزان بێت کە گەنجێک وەها لەگەڵ خۆی ببا کە هێشتا نەیدەزانی زەمەن چییە و نەیدەزانی چۆن چۆنی مرۆڤ بوونی خۆی بەسەر کاتەکاندا دابەشدەکا. رەنگە زەمەن وەهایش دەکا لەبەر ئەوەی ئەوانەی وا دەمێننەوە بزانن کە کات چییە و چلۆن ژیان هەمیشە خەریکی دۆزینەوەی خۆیەتی لەبەرەوڕووبوونەوە لەگەڵیا.

لەم بیرانەدایە کتوپڕ دەنگی دەرگا دێت. کەسێک دێتە ژوورەوە. بێگومان کچەکەیەتی لە قوتابخانە دەگەڕێتەوە. هەر لە ناو دەرگاکەوە هاواردەکا دایە دایە لەکوێی،… هاتمەوە، ئەمڕۆ مامۆستا گوتی ئافەرین زۆر زیرەک بووی دەرسەکانت زۆر باشن!

گوێ هەڵدەخەم. سەیری کتێب و قەڵەم و دەفتەرەکەی سەر عەرزەکە دەکەمەوە. من چەندە گێلم کە ئەم ساڵانە ئاگام لەوی تریان نەبووە، لەوی وا لێرەیە و ماوەتەوە و هێشتا… .

بۆ سبەی کتێبەکانی ناو کتێبخانەکە کۆدەکەمەوە، ئەوانەی سەر ئەرزەکەیش لادەبەم. بە مێردەکەم دەڵێم دەبێ ژوورەکە تەڕاوبکەین. تەڕاوێکی دەدەین. فەرشێکی تازە رادەخەم. پەردەکان دەگۆڕم. چوار گوڵدانی جوان بە چوار چەپک گووڵی پەمەیییەوە لە سەر هەر دوو پەنجەرەکە دادەنێم و، لە جیاتی وێنە کۆنەکان وێنەی منداڵێکی ساوا کە هێشتا چەند مانگیەتی و بەدەم وێنەگرەکەوە پێدەکەنێ بە دیوارەکەوە هەڵدەواسم.

نا، پێویست ناکا کەس بگەڕێتەوە. ئەوی لەهەر شوێنێکە و لە هەر کوێیەکە با ببێت!

ئێوارەیان جاری وایە لە کەلێنی درگاکەوە سەیری دەکەم. سەیری کچەکەم. ئەویش پاڵی بە سەر سەرینەکەوە داوە و خەریکی خوێندنەوە و دەرس و دەورە. خەریکی یادداشت هەڵگرتنەوەیە. سەیرە، هەموویان کە دەگەنە تەمەنێک یادداشت هەڵدەگرنەوە.

بەڵام من خەنیم. گەرچی زەمەن بەخێرایی تێدەپەڕێ، هێشتا تا زەمەنی گەڕانەوەی تۆز زۆری ماوە.

بە بزەوە دەرگاکە بە ئارامی پێوەدەدەم.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *