فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

وشیاری

کات 05/06/1400 697 بازدید

وشیاری

مرۆڤ بە هۆی ئەو وشیارییەوە کە هەیەتی، وەک ‘شۆپێنهاوێر’ی فیلسوف دەڵێ خاوەن مافی هەڵبژاردنە. رەنگە چیرۆکی مرۆڤیش لە بوون و لە جیهاندا بریتی بێت لە چیرۆکی وشیارییەک کە هەر دەم لە تواناکانی خۆی تێدەگا، بە هۆیەوە لە جیهاندا شۆڕدەبێتەوە، پتر بە سەریدا زاڵ دەبێ،… هەتا کەڵەکەبوونی زیاتری زانیارییەکانی ناو ئەم وشیارییە کە بە هۆی بێ سنووربوونی، خودی مرۆڤیش ناتوانێ بە جوانی سەروبنی یەک بێنێتەوە.

بەڵام هەموو چیرۆکەکە ئەمە نیە. وشیاری چەندە دەتوانێ بنیاتنەر بێت، ئەوەندەیش دەتوانێ رووخێنەر بێت (دیارە پێویست نیە مانای نگەتیڤ لە رووخان هەڵێنجین، لێرەدا رووخاندن تەنیا بە مانای دەرفەت بۆ بونیاتنان دێت). بە کورتی بنیاتنەربوون و رووخێنەربوون دوو دیوی هاوکاتی وشیارییە. مرۆڤ هەتا هەنووکە بۆ ئەوەی بنیات بنێ، خەریکی رووخانیش بووە. دیالکتیکی ئەم دوو جەمسەرە لێک گرێدراوە، بە جۆرێک لەخۆیا چیرۆکی مرۆڤایەتی کۆدەکاتەوە.

پرسیار ئەوەیە سنوورەکانی ئەم رووخانە تا کوێ دەڕۆن؟ داخۆ دەتوانین توانای وشیاری خۆبەخۆ بە رووخاندنەوە گرێی بدەین؟ یان دەتوانین وشیارییەک وێنابکەین کە بە بێ رووخاندن توانای بنیاتنانی هەبێ؟

بێ گومان بوارەکانی ئیشکردن بۆ بونیاتنان جۆراوجۆرن. لەگەڵ ئەوەی رووخان بنەمایە، بەڵام سنووری هەیە. رووخان کە بە ئەوپەڕی گەیشت، ئیتر بونیاتنانێ ناتوانێ هەبێ. بۆ وێنە بۆ چیکردنی بینایەکی نوێ دەکرێ خانووە کۆنەکە داڕمێنین، بەڵام ناکرێ زەوییەکەی ژێریشی نەهێڵین. ئەم نموونە تەمسیلییە ئەوەمان پێ دەڵێ هەموو شتێ چوارچێوەی خۆی هەیە و لە کۆمەڵیک سنوور بەهرەمەندە.

بۆ دیاریکردنی ئەم سنوورانە ئەوە دیسان وشیارییە دێتە ناوەوە و رێگا دیاری دەکا. بۆیە زەینی وشیار پێش ئەوەی بونیات بنێ، بیر لەوە دەکاتەوە چۆن بڕمێنێ؛ یاخود هەر دوو دیاردەکە پێکەوە هەنگاو بە هەنگاو لە دەروونیدا شکڵ دەگرن.

وشیاری چونکە خاوەن دەرفەتی هەڵبژاردنە، دەتوانێ لە رێگای زیادکردنی هەڵبژاردن بە رەوتی بیرکردنەوە، بەردەوام بخوڵقێنێ. دیارە هەڵبژاردن تەنیا هەڵبژاردن تەنیا لە نێوان ئەو شتانەدا نیە کە هەن، بەڵکو لە ناو ئەو شتانەیشدا هەیە کە خۆمان دەیخوڵقێنین. لێرەوە هەڵبژاردن دەبێ بە دیالکتیکی پەیوەندی نێوان ئەوانەی هەن و ئەوانەی دێن. بۆیە زەینی ئافرێنەر زۆر ئاڵۆزە و لە راستیدا بە رێگایەکی هەمواردا رێ ناکا.

لە کۆتاییدا ئەوەی کە وشیاری بە هۆی دووانەی رووخان و خوڵقان، دەتوانێ بوونێکی یەکجار لەبەر دڵان، یاخود قێزەون بێت. وشیاری هەموو شتەکان دەگەیەنێتە ترۆپکی خۆیان، جا بە هەموو بارێکدا. بەڵام هاوکات تەنیا توانایەکە کە دەتوانێ رێگا بکاتەوە و رەوتی ژیان بکا بە دیاردەیەکی وشیار.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *