فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

تەنیا یەک رووداو

کات 09/08/1400 662 بازدید

تەنیا یەک رووداو

بە سەدان کیلۆمیتر لە دەرەوەی سنوورەکانی زێد، ئەو زێدەی ساڵانی ساڵە نەمبینیوەتەوە و رەنگە قەتیش نەیبینمەوە، رۆژێک وەک هەمیشە کاتێک لە خەو هەستابووم و خەریکی سازکردنی ناشتا بووم، کتوپڕ بیرێکی سەیر لە مێشکی دام. بە خۆم گوت هەموو چارەنووسی مرۆڤ، بە درێژایی ژیانی، پەیوەندیی بە یەک رووداوەوە هەیە، ئا، تەنیا یەک رووداو. ئەوسا بەدەم هێلکەکوڵاندن و گەرمکردنەوەی نان و هێنانی رۆنەکەرە، هەوڵمدا بە شوێن ئەو رووداوە گرینگەی ژیانی رابردووی خۆمدا بگەڕێم. رووداوی سەردەمی مێرمنداڵی.

خەیاڵم بۆ زۆر شت چوو: ئەو ساڵەی وا هاوڕێکەم کە تەنیا کۆڵانێک واوەتر دەژیا، نان رەوغنی کڕێ و لەگەڵ ماست وەک ناشتا خواردی و من نەمتوانی،… ئەو رۆژانەی بە شوێن پاسکیلی هاوڕێیەکی ترم دا هەڵدەهاتم و هەنسکە هەنسک و شەڵاڵی ئارەق پاڵم پێوەدەنا تەنیا بۆ ئەوەی رەحمی بجووڵێ و سەرێکم باتێ،… ئەو ساڵەی دراوسێکانمان زۆربەیان دەچوون بۆ سەیران و ئێمە نەدەچووین و کۆڵانی بێدەنگ و ساردوسڕی سەرەتای هاوین هەتا ئێوارە منی لە خۆیدا نوقم دەکرد،… یان ساڵی شۆڕش ئەو کاتەی سەنگەرمان لە گەڵ خەڵکی لە خیابانەکاندا لێدا و کۆکتۆل مۆلۆتۆفمان دروستکرد و کەچی کاتێک شەڕ هەڵگیرسا نەموێرا هەڵیانگرم و بچم لە ناو سەنگەرەی خۆم، خۆم بە مەبەستی تێکشکانی تانکی دوژمن مەڵاس بدەم!

پێستی هێلکەکان لێدەکەمەوە. جارێکی تر هەموو ئەم بیرەوەریانە بەسەر دەکەمەوە. مێشکم زۆر زیرەکانە هەوڵدەدات رووداوەکانی تر وەلابنێ. رەنگە لەبەر ئەوەی بتوانم سەرئەنجام بە ئەنجامێک بگەم. باشە لەمانە کامیان بوون بە سەرەتایەک بۆ دیاریکردنی چارەنووسی ژیانی داهاتووی من؟

بۆنی رۆنەکەرەکە بە سەرو روومدا دێت. بۆنێکی خۆش و هەمیشە تازە. هەرچی دەکەم ناتوانم هیچ کام لەو رووداوانە بە هەموو ژیانی داهاتووی خۆمەوە گرێ بدەم. وەها کە یەکیان ببێ بە سەرەتا. بەڕاستی گەر من بمتوانیایە بەیانیەک لەگەڵ ماست نان رەوغەنی بخۆم، وەهام بەسەردەهات؟ یان گەر ببوومایە بە خاوەن دووچەرخەیەک ئیتر چارەنووسم جۆرێکی تر دەبوو؟ یان سەیران، گەر من ئەو رۆژە هەتا ئێوارە بە تەنیا لە کۆڵان دانەنیشتمایە و بەو گەرمایە لە دەرودیوارم نەڕوانیایە، داخۆ ژیانم بە لایەکی تردا نەدەگەڕا؟ یان،… یان ساڵی شۆرش، گەر من ئەوەندە ئازا بوومایە و هەر رۆژە بە کۆکتێل مۆلۆتۆڤەکانەوە خۆم بگەیاندیانە ناو سەنگەرەکە، ئەو سەنگەرەی قەت کەڵکی لێ وەرنەگیرا و لە راستیدا شەڕ لە شوێنێکی تر لە دەوری سەربازخانەکەی شاردا هەڵگیرسا، من رۆژم بە رۆژە دەگەیی کە ئیستاکە تیایام؟

بۆنی نانی گەرم لێم دەئاڵێ. هێلکەکان و رۆنەکەرەکە بەسەر یەکتردا بە لەتێک نان دەگووشم. خوێیشی پیا دەکەم. نەکا وەها نەبێ و چارەنووس بەرهەمی تەنیا یەک رووداو نەبێ، رێک وەک ئەم ناشتایە دوو هێلکە و رۆنەکەرەی بەسەر یەکتردا تەپیو و تێگوشراو بە نان و خوێوە! رۆنەکەرەکە وەها تێکەڵی دوو هێلکەکان بووە کە تەنیا بە تام دەیبینمەوە.

نان رەوغەنی، پاسکیل، تەنیایی کۆڵان و سەنگەرەکە دەخەمە پاڵ یەکتر. بە دەم جوینی پارووەوە، چاوەکانم دەقونجێنم و خەیاڵم دیسان دەڕوا. چەندە دەتوانێ لە نێوان دوورترین شتەکانی ژیان، پەیوەندییەک هەبێ کە قەت بیری لێ ناکەینەوە. نەکا چارەنووسی من نەک یەک لەوان، بەڵکوو هەموویان پێکەوە دیاریان کرد، وەک ئەم ناشتایەی بەردەمم؟ بەڵام دیسان لە دەروونەوە شتێک دەڵێ نا وانیە،… دەڵێ دەبێ هەڵبژێری! یەکیان لەوانی تر گرینگترە. کامیان؟… بە راست کامیان؟

ناوێرم هەڵبژێرم. لەبەر ئەوەی من ئیستاکە پیاوێکی بەتەمەنی گەڕاوەم. هەڵبژاردنەکەیشم درۆ دەبێ. زەمەن، خواستی خۆی هەیە. دەنگ هەڵدەبڕم “لێم گەڕێ با هەموویان پێکەوە بن، پێکەوەبوونێک کە لە ناو یەکتردا وندەبن و هیچیان ئیتر وەک خۆیان نین!”

لەگەڵ ئەوەی هەموویانم وەک دوو هێلکەکە و رۆنەکەرەکە بەسەر یەکتردا پیشاندووەو، ناتوانم هەڵبژێرم و لەناو رووداوەکانی ژیانی رابردوومدا ماومەتەوە، بەڵام دیسان لەسەر ئەوەم کە تەنیا یەک رووداو سەرەکییە. ئا، یەک رووداو.

بەڵام کامیان؟

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *