فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

پێشمەرگەی دیجیتاڵی

کات 11/08/1400 687 بازدید

پێشمەرگەی دیجیتاڵی

ماوەیەک بوو حەزی دەکرد ببێ بە شۆڕشگێر و لە دووای چەند مانگێک چەک لە شانکردن و کێواکێوکردن، لە شەڕێکی قارەمانانەدا شەهید بێ و گۆڕ غەریب لەو شاخانە لە بن داربەڕوویەکدا بینێژن. لە رادیۆکاندا گوێی لە هەواڵی شەڕەکان گرتبوو، باسی ئازایەتی شۆڕشگێڕانی بیستبوو و پاشان گوێی لە ژیاننامەی شەهیدان گرتبوو کە چەند بەکوڵ دەخوێندرانەوە. لەبەر خۆیەوە دەیگوت وا دەبێ، بۆ منیش وا دەبێ، پەلە مەکەن،… تەنیا پەلە مەکەن!

جاری وابوو لە تەنیایی خۆیدا، یان شەوانە پێش ئەوەی خەوی لێ بکەوێ، لە ناو جێگادا هەموو ئەو دیمەنەی کە شەڕی تیادەکرد و سەرئەنجام بەر فیشەکێک دەکەوت، دەهاتە بەرچاوی. پێکرانی، بەلادا هاتنی، فیچقەکردنی خوێن و دواڕووانینی ئاسمان لە کاتێکدا بە پشتدا کەوتبوو و بەرەبەرە چاولێکنانی… ئەوسا مردنی. هەوڵیشی دەدا ژان و ئازارەکەیشی بێنێتە بەر چاوی خۆی، کە ئەمەیان ئەستەم بوو. وەک دەیانگوت ژانی گوللە تایبەتییە و لە هیچ ژانێکی تر ناچێ. دەیانگوت لە ناوەوە دەتپوکێنێتەوە و داتدەهزرێنێ، وەها کە دەنگت بە ئاستەم دەردێ. سستت دەکا،… سست سست. بەڵام ژان لەبەر شکۆی هەموو دیمەنەکەدا ئەوەندە لاواز و لاوەکی خۆی دەنواند کە هیچ حسێبێکی بۆ نەدەکرد. لەبەر خۆیەوە دەیگوت بڕواناکەم شتێکی وەها بێت. خێرا تێدەپەڕێت. وەک دەڵێن بەری تەنگانە کورتە.

ئەوسا هەواڵی خوێندنەوەی شەهیدبوونی خۆی بۆ رۆژی دوواتر گوێ لێدەبوو، دایکی و کەس و کاری دەهێنا بەرچاو کە چۆن چۆنی بۆی دەگریان و بە ئەژنۆ و بە سەری خۆیاندا دەکێشا و رۆڕۆیان بوو. خەڵکی شاری کە هەر هەموو باسیان لێدەکرد. لێرەدا دڵی پڕ دەبوو، چەند بەزەیی بەسەر دایکیا دەهاتەوە. فرمێسکەکانی لە ناو چاوە گەشەکانی قەتیس دەبوون. ئاە ژیان هەندێ جار چەند پڕ ئازارە! ئەوسا گوێی لێدەبوو کە چەند هەفتە، یان چەند مانگ دوواتر ژیاننامەکەی دەخوێندرایەوە. هەر لە سەرەتای منداڵییەوە. ئەوەی کە کوڕە زەحمەتکێش بووە، بە کوێرەوەری گەورە بووە، لە شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ۵٧ وەک مێرمنداڵێ بەشداری کردووە، چاونەترس و ئازا بووە، دوواتر زیاتر هەستی بە ئازار و بەش مەینەتیی گەلەکەی کردووەو بۆیە بڕیاری داوە چەک بکاتە شانی و لە دژی ستەم و زوڵم و زۆرداری بجەنگێ، ئەوەیکە لە ناو کۆڕی هاوسەنگەرانیشیدا کوڕێکی شیرین و قسەخۆش و یاریدەر بووە، زوو خۆی لە بواری سیاسییەوە پێگەیاندووە و بووە بە کادری سیاسی و… لە چەندان شەڕ و تێکهەڵچوونیشدا چاونەترسانە بەشدار بووە،… هەتا سەرئەنجام، وەک چارەنووسی هەموو شۆڕشگێڕە چەک لە شانەکان، خەنجەری زاڵم جەرگی شەقارشەقار دەکا و زۆر زوو لە تەمەنی لاوەتی گیانی بەخشیوە بە گەل و نیشتمان.

پەتووەکە لە ناو دڵی تاریکیا دەدا بە سەری خۆیدا و، لەو ژێرەوە دەست دەکا بە گریانێکی بەکوڵ. هەناسە گەرمەکانی دەیبرژێنن. ژێر بەتانییەکە دەبێ بە چلەی هاوین. بەڕاستی چەند خۆشە پیاو لە دووای مردنیشی بزانێ چی بەسەردێ و، لەبەر چاویا بێت دەورووبەری چۆنی لێدەڕوانن. لەبەر خۆیەوە دەڵێ “بێ هۆ نیە ئەڵێن شەهید نامرێ!”

بەڵام رۆژەکان تێدەپەڕن و ئەو هەر لە جێی خۆیەتی. نە دەڕواتە دەرەوە و نە تەنانەت بۆ یەک جاریش دادەنیشێ و بڕیارێکی جیددی لەم بارەیەوە دەدا. وەک هەمیشەیش گوێی لە رادیۆکەیە و هەواڵ چییە لە دەستی دەرناچێ. دیسان وەک هەمیشەیش خەونەکانی بەردەوامن.

ساڵەکان تێدەپەڕن و، ژیان گۆڕانێکی وەهای بەسەردا نایەت. ئەو کە ئیستا بە خەونی شۆڕشگێربوونی خۆی و بە هەواڵی رادیۆکە عادەتی گرتووە، رۆژێک تێدەگا دەبێ بجووڵێ و بڕوات. جانتایەک دەکڕێ، لەگەڵ دوو جووت گۆرەوی، مسواکێک، خەمیری دیان، دوو شۆرت و دوو ژێرکراسی، دوو ژێر شەڵواری، جووتێ پێڵاوی ئادیداس و تەسبێحیکی رەش کە لای وایە لەگەڵ رەخت و تفەنگ جوان دێتەوە. لەبەر خۆشیەوە دەڵێ کە گەیشتم ریشێکی درێژیشی بۆ دەهێڵمەوە و کلکی جامانەکەیشمی بە لاتەنیشتیدا بۆ شۆڕ دەکەمەوە.

بە رواڵەت هەموو شتێک لە جێی خۆیەتی، بەڵام دیسان ساڵەکان تێدەپەڕن. دوو جووت گۆرەوییەکە دەدڕێن، مسواکەکە کۆن دەبێ و فڕێی دەدا، خەمیری دیانەکەیش تەواو دەبێ، دوو شۆرت و دوو ژێرکراسی و دوو ژێرشەڵوارییەکەیش دەمێکەکە هەر ئاسەواریان نەماوە. پێڵاوە ئادیداسەکانیش لە مزگەوتی یەکێک لە گوندەکاندا دەزران. تەنیا تەسبێحەکە بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر ماوە.

ژن دێنێ، دەبێ بە خاوەن ماڵ و منداڵ. ئیستا رادیۆکە هەر ماوە، بەڵام وەک جاران هەواڵی شەڕ و چالاکی ناخوێنێتەوە. ژیاننامەی شەهیدانیش زۆربەی کات هی ساڵانی زووە. بەڵام ئەو هەر هۆگرە و لە کاتێکدا دەست بە ریش و سمێڵی ماش و برینجی خۆیدا دێنێ، ناوچاوانی گرژ دەکا و بە وردی و بە سەرنجەوە گوێی لێدەگرێ. بیردەکاتەوە ساڵەکان چەند خێرا تێپەڕین.

بەڵام شتێک بە خۆشییەوە ماوە، یەعنی سەری هەڵداوە. ئیستا خەڵکی فێربوون دەچن بۆ کێو. ئەویش کراس و پانتۆڵێکی خاکی و جلیسقە و جامانەیەکی کڕیوە، لەگەڵ کۆڵەپشتییەک و مسواک و خەمیر و جووتێک پێڵاوی ئادیداس و… ئیتر دەچێ بۆ کێۆ. وێنە دەگرێ و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک فەیسبووک و ئینستاگرامدا بڵاویان دەکاتەوە. هەمیشەیش وەها دەوەستێ کە دەڵێی شتێکی نادیار کە بە حاڵ شوێنێکی دیارە بە شانیەوەیەتی. لە راستیدا ئاسنی کۆڵەپشتییەکەی یاخود تێڵایەکە کە وەک چەک دەنوێنێ، بە مەرجێک بزانی چۆن لە بەر دەم کامێراکەدا راوەستی. خۆشحاڵە خۆی گوتەنی یەکێک لە کوڕەکانە و لەوان دەچێ. کوڕی ناوشارە و لەم سەردەمەیشدا ئەمەیش کەم نیە، بگرە رێک هاوترازی ئەوەی ساڵی ساڵانە. ئەی ئەوە نیە هەموو خەڵکی خەریکی ژیانی خۆیانن و کەس ناوێرێ سرتەی لێوەبێت. هەڵگرتنی ئەو مەشغەلە و نوواندنەوەی بەم شێوەیش خۆی لە خۆیدا کەم نیە. کارێکی گەورەیە. بزەیەکی دێتێ و لە خۆی خەنییە. ئاگای لێیە هەندێ لە خەڵکی بە سەرسامییەوە لێی دەڕوانن و، حسێبێکی تایبەتی لێ دەبەن.

فەیسبووک و ئینستاگرام پڕی وینەکانن. پێشمەرگەی دیجیتاڵی لە جەولەیەکی سەیردایە. رۆحم بە قوربانی! بەس نیە کردار و رواڵەتی جۆرەیەکە کە رابردوو دەژیەنێتەوە. لەبەر خۆمەوە بە خۆم دەڵێم زۆر کەس ئەمەشیان لە دەست نایەت. تەنیا ئەوەندەی کە وێنەکان ئەوەندە دووپات دەبنەوە، هەستدەکەم شتێکی گاڵتەجاڕانە وەک سێبەر رۆژ لە گەڵ رۆژ زیاتر لە گەڵیانا رێدەکا. نا ئەو نابێ یەکجار وەها بێت!

لەبەر خۆیەوە دەڵێت هەموو شتێک بەرەو دیجیتاڵی دەڕوات و، چەکدارییش یەک لەوان. رەنگە پێویستیشی بە کێوچوون نەبێت. ئەوسا مووسەکەی دەخاتەسەر پرۆگرامی فتۆشاپەکە.

لەبەر خۆمەوە بە خۆم دەڵێم نەکا هەموو شتێک بەراستی خەریکە بەرەو گاڵتەجاڕی دەچێ… نەکا! لەوە دەچێ سەردەمی دیجیتاڵی، پێشمەرگەی دیجیتاڵی بوێ،… رەنگە!

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *