فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

کەلاسی نۆروێژی

کات 13/08/1401 434 بازدید

کەلاسی نۆروێژی

چەند مانگێک دەبوو دەچوومە پۆلی زمانی نۆروێژی. من کە تا رادەیەک ئینگلیزم دەزانی، لام وابوو ئەمە یارمەتیم دەدا و فێربوونی زمانی تازە، ئەویش زمانێک کە لە گرووپی زمانی رۆژئاواییدا خۆی دەبینییەوە و لە ئینگلیزی نزیک بوو، زۆر زەحمەتم نادا و دەتوانم بە ئاسانی فێری بم. بەڵام دیتم وانەبوو. زمانی نۆروێژی بەڕاستی دژوار بوو و، بەو ئاسانییە خۆی بە دەستەوە نەدەدا. بە تایبەت ئەو سێ پیتە تایبەتییەی کە تێیدا بوو و هەم گوتنی و هەم بیستن و هەم ناسینەوەی لە کاتی قسەکردندا یەکجار دژواربوو.

بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە، دۆخەکە دەڕۆیشتە پێشەوە و کەمکەم گوێم خەریکبوو دەکرایەوە. بگرە لەوانی تر کەمێک وەزعم باشتر بوو و، ئەمە ببووە هۆی ئەوەی لە سەر کەلاس زیاتر خۆم نیشان بدەم.

لە پۆلەکە خەڵکی جۆراوجۆر دانیشتبووین. یەک عەرەب بوو، ئەوی تر پاکستانی و یەکی تر فارس و من کورد و تەنانەت پۆرتوگالی و هتد. زۆرینەیش بە ژنان بوو.

مامۆستاکەیشمان ژنێکی تەمەن نێوان چل تا پەنجا ساڵی نۆروێژیی میهرەبان بوو کە هەمیشە بزەیەکی لە سەر لێو بوو. بە کاوەخۆ قسەی دەکرد و، تا دەیتوانی هەوڵیدەدا وشە و رستەکان بە روونی و بە کامڵی بەیان بکا بۆ ئەوەی رێکوپێکتر بچێتە مێشکی ئێمەوە. لە پاڵ ئەمەیشدا خانمێکی جوان و خان و مان بوو کە زۆر جار بە شێوەی هەڵسوکەوتی هەستم دەکرد حەزم لێدەکا! یان لانیکەم شتێک لە مندا ئەوی جووڵاندووە کە بەو شێوەیە سەرنجی بۆ لای من راکێشابوو. بەس من گوێم بەم بەشەی نەدەدا، لەگەڵ ئەوەی زۆر جار خەیاڵم لەگەڵی دەڕۆیشت و ئەو کاتانەم دەهێنایە بەر چاوی خۆم کە دەست لە ناو دەستی لە شەقامی ‘کارل یۆهان’ی ئۆسلۆ پێکەوە خەریکی پیاسەین!

بەهەرحاڵ کات تێدەپەڕی و، فێربوونی زمانی نۆروێژی بەردەوام بوو.

بەرامبەر من لەو بەرەوە، مێز و کورسییەکان بە شێوەی نیوەدایرە چنرابوون، کچێکی پاکستانی بە جل و بەرگی تایبەت بە خۆیانەوە دانیشتبوو. لە زماندا لە هەموومان زیرەکتر بوو. ئەمەیش ئاسایی بوو. لەبەر ئەوەی پاکستانییەکان لە مێژە لەم وڵاتە بوون و بۆیە چ لە باری ئابوورییەوە و چ لە باری زمانەوە وەزعیان بە گشتی لە نەتەوەکانی تر باشتر بوو. کچە پاکستانییەکە کە تەمەنی سی ساڵ دەبوو، هەر لە یەکەم رۆژەوە نیگا و حاڵەتێکی تایبەتی بۆ من هەبوو. خاوەن سەرنجێکی میهرەبانانە و، بزەیەکی ئاشکرا و نیوەئاشکرا و هەندێ جاریش لێڕامان و ناز و غەمزەیەکی تایبەتی. منیش پێم وابێ بە هەمان شێوە سەیرم دەکردەوە. بە خۆم گوت “وادیارە وەک مامۆستاکە هەمان شت لە مندا سەرنجی ئەویشی راکێشاوە.” بەڵام سەرەڕای ئەمە، وەک چۆن خەیاڵم دەچووە سەر مامۆستاکەمان، خەیاڵم نەدەچووە سەر ئەو. ئەوەیکە لە گەڵیدا دەستم لە ناو دەستیدا بێت و بە ناو شەقامەکانی ئۆسلۆدا خەریکی پیاسەکردن بم. جا نازانم هی باڵاکورتییەکەی بوو، هی زۆر بۆرییەکەی بوو، هی جل و بەرگەکەی یاخود بە گشتی ئەوەیکە جارێکە من زیاتر لە هەر شتێک، گەر قسە لە سەر ژن بایە، سەرنجم لای ژنە نۆروێژییەکان بوو تا ژنانی تر. با ئەوەیش بڵێم زۆر جار هەستم دەکرد لە نێوان مامۆستا و کچە پاکستانییەکەدا جۆرێک لە ململانێ لەسەر من سازببوو! لەبەر خۆمەوە دەمگوت “ئەمە ئاساییە، هیچ کەس بە قەدەر ژنان بەخیلی بە یەکتر نابەن!”

بەڵام تێپەڕینی زەمان پێی سەلماندم کە بزەی بەردەوامی مامۆستا لە رووی میهرەبانی و بە هۆی کارەکەیەوە بوو و فڕی بە خۆشەویستی و شتی لەم بابەتەوە نەبوو، بەتایبەت کە چەندین جار بینیم لە گەڵ کوڕەکانی تر رادەوەستا و بە هەمان نیگا و بزەوە لە گەڵیان دەدوا. لێرەوە سەرنجم زیاتر چووە سەر کچە پاکستانییەکە و، بە خۆمم گوت کوڕە ئەمەیان راست دەکا!

ئیتر چاوچاوێنێی وەخت و ناوەخت هەروا بەردەوام بوو، بە بێ ئەوەی کەسمان لەوی تر بچێتە پێشەوە. من بە هۆی ئەو شەرمەی هەمبوو و ئەوەی کە ژنیشم هەبوو و، ئەویش بە هۆی ئەوەی کە ژنی رۆژهەڵاتی بوو و وەک بیستبووم وەک پاکستانی یەکجار خۆیشیان بە موسوڵمان دەزانی و بۆیە لەم بارەیەوە بەڕاستی خۆڕاگر بوو. جاری وابوو بە خۆیشم دەگوت بێگومان مێردداریشە. شتێکیش لە دەروونەوە دڵنیای دەکردم کە خاوەن مێردە. دوواتریش بۆم دەرکەوت کە هەڵەم نەکردووە.

رۆژێ لە سەر کەلاس، بە هۆی ئەو دەرسەوەی کە دەمانخوێند و، باسی ئایینە جۆربەجۆرەکانی تیابوو و باسی لەوە دەکرد کە لە نۆروێژ ئایین ئازادە و کەس بەم هۆیەوە سووکایەتی بە کەس ناکا و لە راستیدا بە گوێرەی یاسا سووکایەتی مەمنووعە، مامۆستا لە یەک بە یەکمانی پرسی کە داخۆ باوەڕمان بە هیچ چەشنە ئایینێک هەیە یان نا. زۆربەی قوتابییەکان، کە تەمەنمان لە نێوان بیستەوە تا چل دەبوو، زۆر بە سۆز و شانازییەوە وەڵامیان دەدایەوە. یەک دەیگوت مەسیحیم، یەک دەیگوت، موسوڵمانم، یەک دەیگوت بووداییم، و هتد. کە نۆرە گەیشتە من، من کە تیایا مابووم بە هەمان تین و گوڕەوە وەک ئەوانی تر وەڵام بدەمەوە یان نا، کەمێک راوەستام. بەڵام لە پڕ شتێک لە دەروونەوە هانیدام کە شەرم نەکەم و مەگەر من چیم لەوانی تر کەمترە، بە تایبەت لەم وڵاتە کە ئایین پێناسەی سەرەکی نیە و بوونی یان نەبوونی نابێتە هیچ چەشنە کێشەیەک. بۆیە بە ئارامی، بەڵام مەحکەم دەنگم هەڵبڕی کە من باوەڕم بە هیچ ئایینێک نییە! من کە قەت لە هیچ جەمعێکدا، بە تایبەت لە ناو خەڵکی نەناسیاو و بگرە ناسیاویش (جگە لە هاوڕێ کۆنەکانم) نەموێرابوو ئاوەها باس لە بێ دینی خۆم بکەم، کەمێک راوەستام و لە نیگاکانی مامۆستاکەم وردبوومەوە. مامۆستا وەک هەمیشە بزەی لە سەر لێو بوو و چاوەکانی میهرەبانی تیایا شەپۆلانی دەدا. ئەمە غیرەتی دامێ و درێژەمدایە کە تەنانەت من باوەڕم بە خودایش نیە. لێرەدا چاوێکم بە کەلاسەکەدا گێڕا. هیچ شتێکی وەها نەبوو کە نائاسایی بنوێنێ و، بۆیە دیسان لە درێژەی قسەکانمدا گوتم هەڵبەت من رێزم بۆ هەموو بیروباوەڕێک تا ئەو جێگایەی رێزی بیروباوەڕەکانی تر بگرێ هەیە و بۆیە کێشەم لەگەڵ هیچ ئاینێک نیە. دیارە هەموو ئەمانەم بە زمانێکی یەکجار سەقەتی نۆروێژی گوت. دیسان لە مامۆستاکەم رووانییەوە کە سەری دەلەقاند و دەستی لە سەر تەختەڕەشەکە (دیارە سپی بوو و نەک رەش و بە ماژیکیش لە سەری دەنووسی نەک گەچ)، خەریکی نووسینی شتێک بوو. قسەکانم کە تەواو بوون نیگام خۆبەخۆ چووە سەر کچە پاکستانییەکە. بینیم روخساری هەڵچووە و، بە نیگایەکی پڕ لە سەرسووڕمانەوە لە من دەڕوانێ. خۆی پێ رانەگیرا و بێ ئەوەی ئیزن لە مامۆستاکە بخوازێ، گوتی “مەگەر تۆ لە ئێرانەوە نەهاتووی؟” گوتم “با”. بە بزەیەکەوە گوتی “دەی ئیتر تۆ موسوڵمانی!” وەڵامم دایەوە “نا نیم!” مامۆستاکە لێرەدا رووی کردەوە پۆلەکە و باسی لەوە کرد کە لە دونیادا ئایینی زۆر هەن و، بەڵام بە داخەوە هێشتا لە زۆر شوێن لەسەری خەڵک یەکتری دەکوژن و قسەی لەم بابەتە. کچە پاکستانییەکە هەتا کۆتایی کەلاسەکە بە پێچەوانەی جارام لێمی نەڕووانی!

هەر کە بوو بە پاوسە و چووینە دەرەوە، من لە دەرگای پۆلەکە نەترازابووم کە بۆ یەکەم جار کچە پاکستانییەکە رایگرتم و گوتی:

ـ گاڵتەت کرد وانیە؟ تۆ موسوڵمانی.

ـ نا، نیم.

کەمێک راما. ئەوسا گوتی:

ـ بۆ دەڵێی موسوڵمان نیت، مەگەر تۆ لە ئێرانەوە نەهاتووی؟

ـ لە ئێران خۆ هەر موسوڵمانی لێ نیە.

ـ مەگەر ناوی تۆ عەلی نیە؟

ـ با.

ـ دەی موسوڵمانی!

ـ نا، نیم.

ـ مەگەر دایک و باوکت موسوڵمان نین؟

ـ با.

بزەیەکی هاتێ و، بە دەنگێکی کراوەوە گوتی:

ـ دەی ئیتر تۆیش موسوڵمانی!

ـ نا، نیم.

لێرەدا دەستیکرد بە قسەکردن. گوتی و گوتییەوە. بێ بڕانەوە. وەک بڵێی زمانی پژابێ! ئەو کە لە هەموومان نۆروێژی باشتر دەزانی و، جاری وابوو لە خۆم دەپرسی باشە ئەم بۆ لەم کەلاسە لەگەڵ ئێمە دادەنیشێ، وەها بە پەلە و بێ راوەستان کەوتە قسەکردن ئیتر جوان لێی حاڵی نەدەبووم. ئاگام لێبوو رستەکانی پڕبوون لە “اللە”، لە موحەممەد لە ئیسلام و لە شتی لەم بابەتە. نیگاکانی ئیتر ئەو نیگایانەی جاران نەمابوون. جیددی و رەق و بێڕەحم. من کە رووم نەبوو پێی بڵێم لە زۆربەی قسەکانی ناگەم، هەروا راوەستابووم و لێم دەڕوانی. قوتابییەکانی تر بە لاماندا تێدەپەڕین و، دەڕۆیشتن. چەند جارێک هەوڵمدا بچمە ناو قسەکانییەوە، بەڵام بێسوودبوو. هەر ئەوەندە فریادەکەوتم کە پێ لە سەر ئەوە دابگرمەوە کە باوەڕمەندنەبوون بە خودا بە مانای پیاوخراپی و گەندەڵکاری نیە.

ئەو رۆژە دوواڕۆژی رووانینەکانی ئەو بۆ من بوو. لە رۆژی دوواترەوە، قەت چاوم، مەگەر بە رێکەوت، بە چاوانی نەکەوتەوە. بگرە ئیتر خوار و روو لە تەختەرەشەکە دادەنیشت، مەگەر ئەوەی ناچار بە نووسینی شتێک بووایە.

وەزەعەکە زۆر لە لام قورس بوو. نەک لەبەر ئەوەی ئیتر سەیری نەدەکردم، نا لەبەر ئەوەی هەستم بە سووکایەتی دەکرد. گەلێک بیرەوەریی جاران لە دەروونمدا بووژابوونەوە.

تەنیا دڵخۆشیم ئەوەبوو کە بەخۆم دەگوت “ئەو سەگبابەیش وەک هەموو ئەوانی تر درۆ دەکا، ژنی مێرددارە و، گەر بەڕاست موسوڵمانە ئەی ئەو چاوچاوێنێی لە چی بوو!”  

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *