فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

شەوانی مۆسکۆ

کات 19/10/1401 955 بازدید

شەوانی مۆسکۆ

لە شارەکەی ئێمە چوار کەس زۆر ئاشقی سوسیالیسم بوون. ئەوان کە مامۆستای قوتابخانە بوون، زۆر حەزیان بە خوێنەنەوەی کتێب بوو، لەگەڵ خەڵک میهرەبان بوون و دەیانگوت هەموو شتێک تاوانی کۆمەڵگایە. دەیانگوت گەر کۆمەڵگا چاک بکرێت، ئەوا مرۆڤی خراپ و بە گشتی خراپە نامێنێ. کلیلی چاککردنی کۆمەڵگایش لای ئەوان دەوڵەت بوو. بۆیە ئەوان زۆر ئاشقی رووخانی دەسەڵات و بەدەستەوەگرتنی لە لایەن خۆیانەوە یاخود هاوڕێکانیانەوە بوون.

چوارکەسەکەی شارەکەی ئێمە کە دەچوون بۆ زەماوەند، وەک یەک جلیان لەبەردەکرد. پێکیشەوە شان بە شانی یەکتر هەڵدەپەڕین. بالابەرز و کەڵەگەت، هەموو دەهاتنە سەیریان. ئەوەندە جوان و گەنج و شیرین بوون کە نەک من، بەڵکو هەموو باوەڕیان هێنابوو ئەوان سەرئەنجام بە دەسەڵات دەگەن، کۆمەڵگا چاک دەکەن و بە گشتی خراپە ناهێڵن.

من کە وەک ئەوان باڵام بەرزنەبوو، هەمیشە خەونم دەبینی وەک ئەوان بم، قسەی چاک بکەم و ئاواتی باش بخوازم. لەم شارەی ئێمەیش ئەوەندە خەڵکی هەژار و کێشەی کۆمەڵایەتی و بەدبەختی هەبوو کە هەمیشە بە بینینیان بیری ئەوان بکەومەوە. بە خۆم دەگوت ئەوان راستدەکەن، بەم هەموو نەهامەتی و بەدبەختییەوە کە هەیە ئەوان سەردەکەون،… یەعنی دەبێ سەرکەون!

ئەوەندەی پێنەچوو چوارباڵابەرزەکە گیران، خرانە زیندانەوە و ساڵانی ساڵ لەوێ لە ژوورە تەنگ و تاریک و ترسناکەکاندا مانەوە. ئەوەندە راگیران، کەمکەم خەڵکی شار ئەوانی لە بیر چووەوە. لە لایەکی تریشەوە خەڵکی هەژار هەر وا بە دەست نەهامەتیی ژیانی خۆیەوە دەیناڵاند، کێشە کۆمەڵایەتییەکان هەر وا مانەوە و بەدبەختیش بەردەوام لە زیادبووندا بوو.

لە پاش ساڵان، چوار باڵابەرزەکە لە بەندیخانە هاتنە دەرەوە… ئازادکران. ئیتر نە کتێبیان خوێندەوە، نە دەیانگوت هەموو شتێک تاوانی کۆمەڵگایە، نەک میهرەبان مابوونەوە و نە بە تەمای بە دەستەوەگرتنی دەسەلاتیش بوون. تەنانەت وەک یەک جلی کوردیشیان لەبەر نەکرد و، پێکەوە نەچوون بۆ زەماوەند. نە پێکەوە هەڵپەڕین و، نە خەڵکیش ئیتر پێیان وابوو ئەوان شیرین و لەبەر دڵان بوون و رۆژێک لە رۆژان کۆمەڵگایش چاک دەکەن.

لە چوار باڵابەرزەکەی شارەکەی ئێمە، یەکیان بوو بە میکانیک، دووهەمیان بە شۆفیر تاکسی، سێهەمیان بە سیمکێش و چوارەمیان بە مەعامەلەچی.

پێکەوە پێوەندیشیان نەما. ئەوەندەی کە لە کاتی مردن لە کاتی ناشتنیان دەچوونە سەر قەبری یەکتری.

دیسان ساڵان گوزەرا و رێک لەو دیو سنوور، لەو وڵاتەی وا چوار باڵابەرزەکەی شارەکەی ئێمە خەونیان پێوە دەبینی، میخائیل گۆرباچۆڤ وەک پیاوێکی لاکەوتەی سیاسی کە دووا سەرۆکی سۆڤیەت بوو، ژنەکەی مرد و ئەوەی لە تەنیایی خۆیدا بۆی مایەوە گۆرانی “شەوانی مۆسکۆ” بوو. ئەو گۆرانییەی بە دڵ حەزی لێی بوو:

لەم شەوە ئارامانەدا

رووبار دەڵێی ناجووڵێ

دەڵێی ماوەتەوە

گەش بە تیشکی مانگ.

گۆرانییەک دەگاتە گوێ

وەک بڵێی نا.

تۆ بۆ بە گۆشەی چاوەکانت لێم دەڕوانی

ئەی خۆشەویستم

چەند دژوارە

باس لە قسەی دڵ کردن

هەمیش نەگوتن.

بەیان دەڵێی نزیکە

کەواتە ئەی میهرەبان

هەوڵبدە

لە یادت بمێنێ

شەوانی هاوینیی مۆسکۆ

شەوانی هاوینیی مۆسکۆ

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *