دڵنیاییەکانمان یەکەم شتن کە لەبەردەم راستیی ژیاندا دەڕووخێن.
بۆ سەلماندنی ئەمەیش با سێ رووداوتان بۆ بگێڕمەوە.
لە تەنیشت خانووەکەمدا دار بڵاڵوکێک هەیە. دوێنێ، کاتێک لە کار دەگەڕامەوە، لامدا تا هەندێکی لێ بخۆم. نەسیمێکی خۆش هەڵیکردبوو. جانتای کارەکەم بە شانمەوە بوو. راوەستام، دەستم کرد بە لێکردنەوەی بڵاڵوکەکان و خواردنیان. چڵەکان زۆریان پێوە نەمابوو، بۆیە دەبوو خۆم بکێشم، یاخود لقەکان بەرەو خۆم ڕابکێشم تا دەستم پێیان رابگا.
لەنەکاو چاویلکەکەم بە چڵێکی وشکەوە گیر بوو. هەوڵم دا رزگاری کەم، بەڵام فریا نەکەوتم. چڵەکە لە چاومی فڕاند. لە دڵمدا گوتم ئەوەندە دوور نەکەوتووەتەوە.
سەرەتا لە پشت خۆمەوە دەستم کرد بە پشکنین. گژوگیاکە چڕ بوو. ترسم نەبوو. دڵنیا بووم دەیدۆزمەوە. هەرچی چاوم لێ تیژ کرد و لە زەویی بەردەمم مۆڕ بوومەوە، بێسوود بوو. لەوێ نەبوو! بە نیو میتر تا میترێک بە دەوری خۆمدا بەردەوام بووم لە گەڕان. دیسان بۆم نەدۆزرایەوە. ماندوو و وەڕەز، لە دوای گەڕانێکی زۆر بە چاوە کزەکانمەوە، سەرئەنجام بینیمەوە. ڕێک لەبەر پێمدا کەوتبوو!
بەختم هەبوو پێم لێنەنابوو. ئەگینا دەبا پارەیەکی زۆر بۆ چاویلکەیەکی نوێ تەرخان بکەم.
خۆشحاڵ لە دۆزینەوەی، بەرەو ماڵەوە ملم پێوە نا. تاقەتی خواردنی بڵاڵوکم نەما.
***
یان ڕۆژێکی تر، لە ئاودەست دانیشتبووم. موبایلەکەم بەدەستەوە بوو. سەرقاڵی فەیسبووک، ئینستاگرام و یوتوب بووم. هەست و نەستم بە قووڵی غەرقی جیهان. نازانم چەندە دانیشتم. هەر کە هەستام، موبایلەکە لە دەستم بەربووەوە. زرمەی هات. بە خۆشییەوە بە هۆی ئەوەی لە ناو بەرگێکی نەرمی دوو لۆنیدا بوو، هیچ زیانێکی پێ نەگەیشت.
دواتر چوومەوە ژوورەکەم. دەبا زەنگ بۆ شوێنێک بدەم. پێویستم بە کارتی بانکەکەم بوو کە هەمیشە لەناو بەرگی موبایلەکەمدایە. تیای نەبوو! بە خۆم گوت لە ئاودەست کەوتووە.
چوومەوە بۆ توالێتەکە. دەستم کرد بە پشکنین. هەرچی گەڕام، نەمدۆزییەوە!
ـ “دەبێ لە دەرەوە لێم کەوتبێت.”
ونبوونی کارتی بانک مەترسییە، بۆیە بڕیارم دا بانک ئاگادار بکەمەوە.
بەڵام دەستم ڕاگرت. بەخۆم گوتم: «جارێکی تریش بگەڕێ!”
من بەوە بەناوبانگم گەر وشتر لە ژوورێکی بچوکدا ون بێ، نایبینمەوە!
چوومەوە بۆ ئاودەست. ئەمجارە هەموو کەلێن و قوژبنی گەڕام. لە کاتێکدا تەواو هیوابڕاو ببووم، سەرنجم چووە سەر ئەو کورسییە سەوزە بچووکەی وا زیاتر لە بیست ساڵ لەوە پێش کچەکەم کاتێ منداڵ بوو لەسەری دادەنیشت. لێی ورد بوومەوە. بینیم کارتەکە لەوێ لەسەریەتی!
چۆن ئەو کارتە هەڵبەزیبووەوە و، خۆی گەیاندبووە ئەوێ،… کەس نازانێ!
***
رووداوی سێهەمیش هی گەلێک ساڵ پێش ئێستایە. پێم وابێ زیاتر لە چل ساڵ دەبێ. گەرمەی شەڕی ئێران و ئێراق بوو. کاتێک لە سەیرانگای دووکانان، لە بناری ئاربەبا خەریکی دەرس خوێندن بووم، لەناکاو فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی عێراق پەیدا بوون. بەجوانی لەو بەرزاییەوە چاوم لێیان بوو چلۆن گەڕەکی خواروویان بۆمباران کرد. بە سەدان و بە هەزارانی کوشت و، بریندار کرد. کتێبەکەم فڕێ دا و، بە هەڵەداوان خۆم گەیاندەوە ماڵەوە کە ئەوەندە دوور نەبوو. بەخۆشییەوە رێگا سەرەوخوار بوو و، راکردن ئاسان.
هەناسەسوار و جەستە شەڵاڵی ئارەق، کاتێک گەیشتم گەڕەک شێوابوون. قیژوقاو و هات و هاوار و ڕاکەڕاکەیەک بوو، نەبێتەوە. هەموو خێزانم بردە ژێرزەمینییەکە. تەنیا دایکم مابوو. فریا نەکەوتین. دوو فڕۆکەکە، کە لەسەر شاخی بابۆس دەوریان دەدایەوە هاتنەوە سەر شار. سەرم بەرز کردەوە. ڕێک لەسەر ماڵی ئێمە بوون. دوو باڵندە ئاسنینەکە بە تەمای نێچیر رادەخوشان! بینیم دوو بەرمیلیان لێ جیا بووەوە.
بە دایکم گوتم:
ـ ئیتر دەرفەت نییە.
لە ناو حەوشەکە دەمەونخوون راکشاین. گوتم:
ـ دایکە، بەدەست سەرت داپۆشە.
زەوی و ئاسمان دەلەرییەوە. بە دزییەوە سەرم هەڵبڕییەوە. بینیم دوو بەرمیلەکە لە ئاسماندا بوون بە بارانی نێزەک، بەڵام ئاراستەکەیان بەرەو ئێمە نەبوو. ئەوان بەرەو گەڕەکێکی دیکە دەفڕین.
هاوارم کرد:
ـ دایکە، هەستە! بۆمبەکان بەرەو ئێمە نایەن، با بچینە ژێرزەمین!
***
کاتێک بیر لەم سێ ڕووداوە دەکەمەوە، هەمیشە دەگەمە هەمان پرسیار: بۆچی هەموو شتێک بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانمان ڕوو دەدەن؟
هەست دەکەم شتێک هەیە ناهێڵێ خەیاڵ و لێکدانەوەکانی ئێمە بەدی بێن.
ئەو شتە چییە؟
رەنگە ‘با’ بێ. بۆ وێنە نەسیمەکەی رۆژی بڵاڵوکەکە، چاویلکەکەی لە چڵەکە سەند. یان ئەوە با بوو بەو ئاسمانەوە نێزەکەکانی بەرەو گەڕەکێکی تر پەلکێش کرد.
رەنگە بڵێن: “باشە قەبووڵ! ئەوا لەم دوو رووداوەدا هۆکار با بوو،… بەڵام لە توالێتەکەدا چی؟”
وەڵامێکی دڵنیام پێ نییە.
تەنیا ئەوەندە دەزانم هیچ شوێنێک بێ با نیە.
ئەو بایەی وا لە ژێر دەرگاکەوە دێت و، لە رۆچنەکەوە دەرباز دەبێت.
دەبێ بڵێم ئەو هێزەی وا پێشبینییەکانی ئێمە تێک دەشکێنێت، نە چارەنووسە، نە ڕێکەوت… .
تەنیا بایە.
فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاه شما