بەردەوامیی رۆحی کۆلۆنیالیزم

0 دیدگاه
۱۴۰۵-۰۸-۱۸ ۰۰:۲۸:۵۰

بەردەوامیی رۆحی کۆلۆنیالیزم

 

 

ڕۆمانی “دڵی تاریکی” بەرهەمی “جۆزێف کۆنراد“، کورتە رۆمانێکە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٨٩٩ی زایین چاپ و بڵاوکراوەتەوە و بە یەکێک لە بەرهەمە گرینگەکانی ئەو سەردەمە دادەنرێت. ئەم دەقە، ئەدەبیاتێکە پەیوەندیدار بە گێڕانەوەی ئەوەی وا لە سەردەمی کۆلۆنیالیزم لە ئەفریقا رووی دا.

چیرۆکەکە لە وڵاتی ‘کۆنگۆ’ی کۆلۆنیالیزمی وڵاتی بلژیکادا ڕوودەدات. گێڕەرەوەی سەرەکی، “مارلۆ”، وەک کاپتنی کەشتییەک دەچێتە ناو ڕووباری کۆنگۆ بۆ گەڕان بەدوای “کورتز” کە بریکارێکی ئەوروپیە و بووەتە کەسایەتییەکی بەهێز و نهێنی لە قووڵایی ئەفریقادا.

کورتز کێیە؟ کورتز لە سەرەتادا وەک نوێنەری شارستانیەتی ئەوروپی دەناسێنرێت؛ پیاوێکی خوێندەوار کە بڕیارە لە ئەفریقا بۆ ئەوروپییەکان کار بکات. بەڵام لەگەڵ نزیکبوونەوەی مارلۆ لێی، وێنەیەکی دیکە سەرهەڵدەدات: کورتز خۆی دەبێتە هێمای داڕمانی ئەخلاقی کۆلۆنیالیزم.

لە ژینگەیەکدا کە چاودێریی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی ئەوروپی نەماوە، کۆرتز دەسەڵاتێکی ڕەهای بەدەستهێناوە. رستەی کۆتایی بەناوبانگی رۆمانەکە “ترسناک! ترسناک!”، دەتوانێت دانپێدانانێک بێت بەو قووڵاییە تاریکییەی کە خۆی و سیستەمی کۆلۆنیالیزم تێیدا نوقم بوون.

رۆمانی دڵی تاریکی بێگومان بەجوانی و تا رادەیەکی زۆر ئەوەی وا کۆلۆنیالیزم بەسەر ئەفریقادا هێنای، بۆ ئێمە باس دەکا. کاتێک لە زمانی کاراکتێرەکانی رۆمانەکەوە ئەفریقا وەک سەرزەمینێکی پڕ لە تاڵاو و قەومە وەحشییەکان پێناسە دەکا بەجوانی روانگەی کۆلۆنیالیستە ئەورووپییەکانمان سەبارەت بە رەش‌پێستەکان بۆ دەردەخا. ئەم رۆمانە بەگشتی تیشک دەخاتە گەلێک لایەن کە دۆخی ئەو سەردەمەمان بۆ دەنوێنێتەوە. بۆ وێنە عەقڵی ئەورۆسەنتەریزم کە باس لە کەشفی کیشوەرێکدا کە هەیە! یان هێرشی شەریکە گەورە تیجارییەکان بۆ هێنانی عاجی فیل و هەناردەکردنی بۆ ئەورووپا، بەکۆیلەگرتنی ئەفریقییەکان، کوشتنیان بەبێ هیچ حسێب و کتێبک، تۆپباران کردنیان، بە بێ هۆ تەقە لە خەڵکی کردن، جەهەننەمێک وا سپی‌پێستەکان بۆ رەش‌پێستەکانی دەخوڵقێنن، پێداگرتن لەسەر هێزی حەیوانی وەک هێزێکی دەروونی کە پێویستیی سەرکەوتنە لە شەڕدا لە دژی رەش‌پێشتەکان، داگیرکردنی ئەفریقییەکان نەک تەنیا لە رێگای چەک و هێزەوە بەڵکو لە رێگای داگیرکردنی دەروونییەوە وەها کە سپییەکان دەبن بە خوایان.

لە ناو ئەم دەقەدا جگە لە هاندەرە بازرگانی و ئابوورییەکان کە بنەمای رەچاوکردنی سیاسەتی داگیرکاریی ئەورووپین، باس لە کاراکتێری مرۆڤی ئەورووپیش دەکا کە چلۆن تامەزرۆی گەڕان بە دونیادا و پەلهاویشتن بۆ هەموو شوێنێکی گۆی زەوییە. رۆمانی دڵی تاریکی هەروەها دەستەوەستانی و ملکەجیی مرۆڤی ئەفریقی لە ئاست پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیایی ئەورووپادا دەردەخا و، بەجوانی بۆمان دەنوێنێتەوە کە چلۆن وڵاتە پێشکەوتووەکان لە رێگای ئامراز، ئابووریی و هێزی سەربازیی پێشکەوتووترەوە توانیان جیهانی پاشکەوتووی دەرەوەی خۆیان ملکەچ بکەن. لەم بەرهەمەدا هەروەها تەنزێکی تاڵیشی تێدایە کاتێک دەبینین سپی‌پێستەکان بۆ ترساندن و راوەدوونانی رەشەکان لە فیقەی بەهێزی پاپۆڕەکانی خۆیان کەڵکیان وەردەگرت! جۆزێف کۆنراد هەروەها وشیارە لەوە تێ‌بگا شارستانیەتی ئەورووپی جۆرێک لە سەرشێتی تێدایە، کاتێک لە زمانی یەکێک لە کاراکتێرەکانەوە تەقەی تۆپهاوێژەکانی سەر پاپۆڕێک بە سەرشێتیی شارستانیەتی فەڕەنسی دەشوبهێنێ، سەرشێتییەک کە لای وایە جێگای گاڵتەپێکردنە. دەبێ بگوترێ ترۆپکی ئەم رۆمانە لەو کاتەدایە کاتێک دەڵێ کورتز لای وایە مرۆڤەکانی ئەو دەڤەرە سێ دەستەن: دوژمن و پیاوکوژ و کرێکار. واتە لە کلتوری کورتزدا شتێک بە ناوی “مرۆڤی دۆست” لەوێ لەو وڵاتەدا هەبوونی نیە.

لەسەر ئەوەی داخۆ ئەم رۆمانە رۆمانێکی پۆست کۆلۆنیالیستییە، مشت‌ومڕ هەیە. زۆر کەس پێیان وایە ئەم دەقە دەقێکی یەکجار گرینگە بۆ پیشاندانی تەمەح و دووڕوویی ئیستیعمار، بۆیە رەخنەیەکی جیددی لەم بەرهەمەدا سەبارەت بە کۆلۆنیالیزم هەیە. هەندێک کەسی دیکەیش بۆ وێنە خودی نووسەرە ئەفریقییەکان کە بەتووندی لە جۆزێف کۆنراد رەخنەیان گرتووە، دەڵێن مرۆڤی ئەفریقی لەم رۆمانەدا دەرفەتی خۆپیشاندانی پەیدا نەکردووە و بۆیە رەش‌پێستەکان تێیدا لەناو فەزایەکی تاریک و بێدەنگ و نائینسانیدا وێنا دەکرێن.

ئەوەیکە ئەم رۆمانە خۆی لەناو دونیای ئەدەبی پۆست کۆلۆنیالیستیدا دەبینێتەوە یان نا، جێگای مشت‌ومڕە، بەس لێرەدا وەک نووسەری ئەم دێڕانە من پێ لەسەر ئەو لایەنە دادەگرم وا ئەم دەقە لەبابەت چۆنیەتی ئیشکردنی کۆلۆنیالیزم لە ئەفریقادا دەیگێڕێ. رۆمانێک کە تا رادەیەکی باش دەروونناسیی کۆلۆنیالیزم بۆ ئێمە دەنوێنێتەوەو، هەروەها هۆکارەکانی پەلهاویشتنی ئەورووپا بۆ ئەفریقا بۆ خوێنەری خۆی بەشێوەیەکی شیاو دەخاتە بەرباس.

ئەم نموونەیەم لە ئەدەبی ئەورووپی هێنایەوە لەبەر ئەوەی نیشانی بدەم چلۆن ئەدەبییات وەک دەقی نواندنەوەی ژیان و، بەدەربەست بەرامبەر ئەوەی وا لە ژیاندا روو دەدا، خۆی دەهاوێتە هەموو کەلێن و قوژبنەکانەوە. بێگومان مێژووی کۆلۆنیالیزم، وەک چاخێکی نوێ یەکجار بۆ مرۆڤی رۆژئاوایی سەرنجڕاکێش بووە. وڵاتە بەکۆلۆنیاکراوەکان دەرفەت و پانتاییەکی نوێ و دیکە بوون کە ئەم مرۆڤە بتوانێ توانا و دەرفەت و لێهاتوویەکانی خۆی جارێکی دیکە لە پانتایی جیهانێکی نەناسراودا ببینێتەوە. جیهانێک کە هەم رۆژاوا ئەوی گۆڕی و هەمیش ئەوانیش بە نۆرەی خۆیان رۆژئاوایان گۆڕی. ئەفریقا وەک کیشوەرێکی نەناسراو، نەک تەنیا بەڕووی ئابووری و بازرگانیدا دەروازەیەکی دیکەی کردەوە، بەڵکو لە وەبەریەککەوتنی مرۆڤی ئەورووپی لەگەڵ کلتورێکی دیکە جیهانێکی ئەدەبی دیکەی خوڵقاند. جیهانێک کە ناوی لێ‌نرا ئەدەبی کۆلۆنیالیستی و دواتر پۆست‌کۆلۆنیالیستی.

کۆلۆنیالیزم رێک وەک ئەو ئەدەبەی بە شوێن خۆیدا خوڵقاندی، قۆناخ یاخود داهێنانێکی مرۆییە کە لە دوامانادا هەم لایەنی پۆزەتیڤی هەیە و هەم نێگەتیڤ. کۆلۆنیالیزم لەگەڵ هەموو نەهامەتییەکانی، هاوکات بەمانای راچڵەکاندنی کیشوەرێک بوو کە لە سەردەمی پێش مودێڕندا مابووەوە و، بە درێژەدان بە ژیانی گوندی و عەشیرەیی خۆی لەکاتیكدا پیاوسالاری و هەموو نەریتە کۆنەکان بەسەریدا زاڵ بوو خەریکی ژیانی تەریک و جودای خۆی بوو. کۆلۆنیالیزم دەستی لەم دووڕگە بێدەنگ و تەریکە وەردا و، فڕێی دایە ناو دۆخێکەوە کە دەیبەستەوە بە دیاردەیەک بەناوی “مێژووی جیهان”ەوە. کۆلۆنیالیزم وەبەریەککەوتنی جیهانی نوێ و نەریتییە، هەڵبەت زیاتر بە قازانجی کۆلۆنیالیستەکان. ئەگەرچی راتڵەکاندنی کۆمەڵگای نەریتیی وڵاتە بەکۆڵۆنیکراوەکانیش لایەنێکی دیکەی باسەکەیە. بەم شێوەیە مێژوو جارێکی دیکە بە هەموو هاودژییە زاتی و رووکەشییەکانی خۆیەوە ملی رێگا دەگرێتەوە بەر.

لێرەدا لەم بەشەی باسەکەمدا هەوڵ دەدەم ئەم لایەنە هاودژانە زیاتر روون بکەمەوە.

***

بێگومان کاتێک باس دێتە سەر ئەدەبی کۆلۆنیالیستی یان پۆست کۆلۆنیالیستی، قسە لەسەر چاخێکە کە دەوڵەت نەتەوەکان لە جیهانی پێشکەوتوودا سەریان هەڵداوە و خەریکن بەرەبەرە بە تەواوی جێگیر دەبن یان جێگیر بوون. بەڵام دەوڵەت ـ نەتەوە فۆڕمێکی نوێیە و لەپاش شۆڕشی فەڕەنسە سەرهەڵدەدات. پێش دەوڵەت ـ نەتەوە شێووازی دیکەی دەسەڵاتداری هەبوونە کە بەتەواوی لەم شێوازە نوێیە جیاوازن. بۆ وێنە شکڵی ئیمپڕاتۆری.

سەبارەت بەم شکڵە دەتوانین بڵێین سەردەمی ئیمپڕاتۆرییەکان سەردەمی فرەچەشنی لە بواری کلتوریدا بوو. دەسەڵاتی ناوەند خاوەن سیستمی یەکانگیر بەمانا مۆدێرنەکەی نەبوو. نە لە رێگاوبانی هاوبەش بەو شێوەیە کە هەموو جۆگرافیای ژێر دەسەلات بەیەکەوە ببەستێتەوە هەواڵێک هەبوو، نە لە سیستمی پەروەردەی هاوبەش، نە ئیدارەی هاوبەش، نە سنووری دانپیانراو و نە سەرئەنجام سیستمی تەندروستی یەکانگیر. ئیمپڕاتۆر لە رێگای لەشکرکێشییەوە تەنیا خاکی داگیر دەکرد و لە رێگای سوپاوە جۆگرافیایەکی هاوبەشی ژێر یەک دەسەڵاتی دادەمەزراند.

بەڵام کاتێک شۆڕشی پیشەیی کرا و نەزمی بۆرژوایی هاتە ئاراوە، هەموو چیرۆکەکە گۆڕانێکی بنەڕەتی بەسەردا هات. شۆڕشی مەزەنی فەڕەنسە کە دەستپێکی بونیاتنانی دەوڵەتی مودێڕن بە مانا دەوڵەت ـ نەتەوەییەکەی بوو، کتوپڕ هەموو دیمەنەکەی گۆڕی. لەم سیستمە نوێیەدا بە چێکردنی دەوڵەت ـ نەتەوە کە تێیدا پێداگری کرا لەسەر بازاڕی هاوبەش، بە شوێنیدا زەروورەتی کلتوری هاوبەشیش هاتە ئاراوە. وڵات خرایە ژێر دەسەڵاتێکی یەکانگیرەوە، زمانی هاوبەش گرنگی پەیدا کرد و بەم شێوەیە فرەچەشنیی سەردەمی ئیمپڕاتۆرییەکان کۆتایی هات.

بەڵام داستانەکە لێرەدا رانەوەستا. وڵاتانی پیشەیی کە پێویستیان بە بازاڕەکانی دیکەی جیهان بوو پەلیان بۆ وڵاتان و ناوچەکانی دیکە کێشا. بەم شێوەیە لۆژیکی دەوڵەت ـ نەتەوەیان گواستەوە بۆ شوێنەکانی دیکەی جیهان. هەڵبەت ئەمە بەو مانایە نەبوو کە لەو ناوچانە دەوڵەت ـ نەتەوە سازکران. ئەمە دواترە سەر هەڵدەدا. دەوڵەت ـ نەتەوە پیشەییەکان لە شێوازی داگیرکردنی کۆلۆنیالیستیدا پەلیان کێشا بۆ جیهان. جا جگە لەبەکارهێنانی هێزی سەربازی، هەوڵیان دا کلتوری وڵاتی ژێردەستیش بە مەبەستی سەپاندنی کلتوری خۆیان، بەتایبەت زمان و ئایین بسەپێنن. واتە جۆرێکی دیکە لە فەرهەنگ سازبکەن کە لەگەڵ هێزی دەسەڵاتداردا یەکبگرێتەوە. لێرەوە چەوساندنەوەی کلتوری دەستی پێکرد. سڕینەوەی کلتوری ژێردەستە یاخود ملکەچکردنی بوو بە بەشێکی گرینگ لە پلانی هێزی باڵادەست.

لێرەدا لۆژیکی دەوڵەت ـ نەتەوە گوازرایەوە.

سیستمی سیاسی مودێڕن بەپێچەوانەی سەردەمی ئیمپڕاتۆرییە کلاسیکەکان هەمیشە مەیلی بەرەو یەکدەستکردنی هەمووان هەبووە. ئەم پڕۆژەیە نەک تەنیا لە خودی وڵاتی باڵادەست، بەڵکو لە وڵاتی ژێردەستیشدا رەچاو کراوە. بەڵام لە ئەدەبییاتی سیاسیدا ئەوەی لە وڵاتی دایک کرا وەک کلۆنیالیزم ناوی لێ نابرێ، بەس ئەوەی بەسەر ناوچە دوورەکانی بۆ نموونە وەک ئەفریقا و ئاسیادا هات بە کلۆنیالیزم ناوزەد دەکرێ. پۆست کلۆنیالیزمیش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بەم چاخە دواتر سەر هەڵدەدات کە هەوڵ دەدات لە رێگای پێشکەشکردنی بەرهەمی ئەدەبی بۆ نموونە ئاوڕێک لە شێوازی ژیان لە وڵاتە کۆلۆنیالیزە کراوەکاندا بداتەوە.

ئەوەی وا لە سەدەی هەژدە و نۆزدەدا رووی دا و هەتا ساڵەکانی دوای شەڕی دووهەمی جیهانیش درێژەی کێشا لە بەرهەمەکانی بیرمەندانی مەزنی ئەورووپیشدا رەنگی دایەوە. بۆ وێنە مارکس بە پێشکەشکردنی نموونەی هێڵی لە رەوتی بەرەوپێشچوونی مێژوو لە کۆمۆنە سەرەتاییەکانەوە بۆ کۆیلەداری، فیودالیزم و سەرمایەداری و پاشان سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم هەوڵیدا بڵێ کە مێژوو خاوەن لۆژیکێکی تایبەت بە خۆیەتی کە تێیدا ئەو وڵاتانە بڕیاری سەرەکی دەدەن وا پێشتر لەوانی دیکە دەکەونە ناو ئەم هێڵەوە (لای مارکس لەم پێناوەدا ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و جۆری پیوەندییەکانی بەرهەمهێنان یەکلاکەرەوە بوون). بەم پێیە لای ئەم بیرمەندە وەک چۆن لە مانیفێستی کۆمۆنیستدا باسی کردووە ئیستیعماری ئینگلیس لەگەڵ هەموو داگیرکارییەکانی توانی بە هاوردەکردنی سیستمی نوێ بۆ هیندیستان ستۆرکتۆری ‘کاست’ی، پیاوسالاری و دواکەوتووی ئەو وڵاتە تێک بشکێنێ و بیخاتە ناو رەوڕەوەی مێژووەوە. کەواتە نەزمی کاپیتالیستی و نوێی رۆژئاوایی بە گوێرەی لۆژیکێکی مێژووی توانی خۆی بەسەر نەزمێکی پاشکەوتوودا بسەپێنێ. هیگڵ فیلسوفی ئاڵمانیش بە گوتنی ئەوەیکە رۆح لە گەشتی مێژوویی خۆیدا لە رۆژئاوا بە ترۆپکی خۆی دەگا و لەوێیە بەتەواوی خۆی دەخەمڵێنێ، دەیویست بڵێ کە رۆژئاوا بەهۆی پێشکەوتنی خۆیەوە رێگای رۆژهەڵاتیش بەرەو داهاتوو دیاری دەکا.

دیارە ئەم بۆچوونە دواتر لەلایەن کۆمەڵێک بیرمەندی دیکەوە خرایە بەر رەخنە. بۆ وێنە ئیدوارد سەعید بە بەکارهێنانی دەستەواژەی ئۆریانتالیزم هەوڵیدا ئەوە بسەلمێنێ کە رۆژئاوا دەیەوێ لە رێگای گوتاری هێڵی و خۆسەپێنەری ئۆریانتالیستییەوە ئەم لۆژیکە وەک دیاردەیەکی ئاسایی نیشان بدا. بەم شێوەیە لە کۆتامانادا کۆلۆنیالیزم وەک دیاردەیەکی سروشتی پێناسە بکا.

بە ئاوڕدانەوە بۆ رابردوو وا دێتە بەرچاو کە توانای وڵاتانی پیشەسازیی ئەورووپی بۆ داگیرکردنی جیهان کە خۆی لە لۆژیکی شۆرشی پیشەیی، بەدەست هێنانی بازاڕ و کەرەسەی خاودا لە شوێنەکانی دیکەی جیهاندا دەبینییەوە، دیاردەیەکی سروشتی بووە. واتە تەنانەت گەر ئەفریقا و ئاسیایش زووتر لە ئەورووپا بەتووش ئەم پیشکەوتنەوە بان، ئەوا ئەوانیش هەمان رەوتیان دەپێوا و بەداگیرکردنی رۆژئاوا بەتەمای سەپاندنی کلتوری خۆیان دەبوون. کلتورێک وا تەواوکەری هێزی پیشەسازی و سەربازی دەبوو و وەک ئامرازی سێهەم بۆ داگیرکاری کەڵکی لێ‌وەردەگیرا.

تا ئەو جێگایەی بۆ پۆست کلۆنیالیزم دەگەڕێتەوە، واتە وەک رەوتێک کە دواتر لە پاش ئازادیی وڵاتانی بەکۆلۆنیزەکراو دێتە ئاراوە (لەپاش شەڕی دووهەمی جیهان)، نووسەرانی بواری ئەدەب هەوڵ دەدەن بە نووسینی چیرۆک و رۆمان سەردەمی کۆلۆنیالیزم لە بەرهەمەکانی خۆیاندا بۆ ئێمە باس بکەن. ئەدەبی پۆست کۆلۆنیالیستی هەوڵێکە بۆ نواندنەوەی ئەم چاخە لە ژیانی مرۆڤەکان لە وڵاتە بەکۆلۆنیکراوەکاندا.

دەکرێ کەسێک بۆ وێنە مارکسی یا هیگلی بێ و، لۆژیکی لێکدانەوەی ئەم دوو بیرمەندەی سەبارەت بە رەوتی مێژوو وەک دیاردەیەکی بەرهەست قبووڵ بکا؛ دەشکرێ کەسێکی دی لەدژی ئەم بۆچوونە بێ و پێی وابێ کە مێژوو بەشێوەیەکی حەتمی رەوڕەوەیەکی بەرهەست و خاوەن لۆژیکی مەحکەم نیە و بۆیە ئەوەی وەک کۆلۆنیالیزم رووی‌دا چارەنووسی بێ ئەملاولای کۆمەڵگا دواکەوتووەکان نەبێ. بەڵام هەرچۆنێک بیر بکەینەوە ئەو راستییەمان لەبەر چاودا ون نابێ کە جیهان بەو ئاقارەدا رۆیشت کە بۆ وێنە مارکس باسی لێ‌کرد. ئیستیعمار بوو بە واقعی ژیانی بەشێکی زۆر لە وڵاتانی دواکەوتوو. لۆژیکی یەکدەستکردنی کلتور کە لەلایەن هێزی باڵادەستەوە رەچاو دەکرا، زۆر شتی لەم جۆرە وڵاتانە گۆڕی. بۆ وێنە جگە لەوەی کە پێوەندییە کۆن و پێش کاپیتالیستییەکانی گۆڕی، زمانی سەرەکی یان گشتیش بوو بە ئینگلیزی، ئاڵمانی، فەڕەنسی یاخود سپانیایی؛ دینی مەسیحیش تا رادەیەکی یەکجار بەرفراوان بڵاو بوویەوە و هەموو وردە دینەکانی تری قووت دا. لۆژیکی یەکدەستکردنی کلتوری بوو بە بەشێکی گرینگ لە کاراکتێری کۆمەڵایەتی و رۆحی ئەو ناوچانە.

ئەدەبی پۆست کۆلۆنیالیستی بە گێرانەوەی ژیانی ئەو سەردەمانە تا رادەیەکی زۆر ئێمە بە دۆخی ژیانی مرۆڤەکان لەو کاتانەدا ئاشنا دەکا. ئەدەب وەک هەمیشە بە پابەندبوونی خۆی بە گێڕانەوەی ژیان (مەرج نیە ئەم گێڕانەوەیە لایەنگر بێ)، هەوڵ دەدا بەزیندووکردنەوەی رابردوو بە خوێنەری خۆی بڵێ کاتێک هێزی باڵادەست بە کلتوری خۆیەوە خۆی دەهاوێتە وڵاتێکی دیکەوە و لەبیری تێک‌ومەکاندانی سترۆکتۆری کلتوریی ئەو وڵاتانەیە، لە راستیدا چی رووی داوە. ئەدەب وەک شێوازێکی ناسین لە گۆشەنیگای خۆیەوە تیشک دەخاتە سەر قۆناخێکی گرینگ.

بێگومان ئەو سەردەمانە گوزەراون و، لەگەڵ ئەوەی کۆلۆنیالیزم بەمانا کلاسیکییەکەی نەماوە بەڵام ئاسەوارەکانی کەم تا کورت هەر چالاکن و ئەو کۆمەڵگایانە هەتا هەنووکەیش لەژێر سریمەکانیاندا ماون. ئەدەبی پۆست کۆلۆنیالیستی بە ئێمەی نیشان دەدا کە چلۆن وردە کلتورەکان و مرۆڤەکانی هەڵگریان دەبا تا رادەیەکی زۆر رێگا چۆڵ کەن بۆ کلتورێکی باڵادەست کە خەونی بەجیهانیبوونی هەبوو.

هەڵبەت ئیمڕۆکە لە دەوڵەت ـ نەتەوەکانیشدا ئەگەرچی هەمان لۆژیکی ئەم سیستمە زالە، بەڵام جۆرێک لە فرەچەشنی رەچاو دەکرێ. بۆ وێنە مەرج نیە دینێکی سەرەکی بەشێوەی فەرمی بناسرێ، یاخود تەنیا زمانێک زاڵ بێ. هەروەها دەبێ دان بەو راستییە تاڵەیشدا بێنین کە لە وڵاتانی پیشتر بەکۆڵۆنیکراویش بەهۆی رەچاوکردنی سیستمی دەوڵەت ـ نەتەوە جۆرێک لە یەک چەشنی رەچاو دەکەن کە بە مانای درێژەدانی هەمان کۆلۆنیالیزمە کە لەوە پێش بەرۆکی پێ‌گرتبوون! واتە سەرەرای هەموو رەخنەیەک کە دەتوانین لە کۆلۆنیالیزمی بگرین، دونیا بە ئاراستەیەکدا رۆیشتووە تێیدا مەنتقی یەکدەستکردن هێشتا رەچاو دەکرێ جا چ لە لایەن هێزە دەسەڵاتدارە ناوخۆییەکانەوە یان دەسەڵاتە جیهانییەکانەوە.

وەک دەستەواژەی سیاسی، سەردەمی کۆلۆنیالیزم بۆ ئەو کاتانە دەگەڕێتەوە وا زلهێزەکان وڵاتانیان داگیر دەکرد و باوەریان بە سەربەخۆیی ئەوان نەبوو؛ بەڵام لە راستیدا مەیلی یەکدەستکردن کە زاتی کۆلۆنیالیزم بوو هێشتا وەک لۆژیکی دەسەڵاتی یەکدەستکەری کاپیتالیستی ماوە و بەردەوام ئیشی خۆی دەکا.

ئیمڕۆکە گەر سەفەر بکەی دەبینی هەموو شارەکانی دونیا لەیەکتر دەچن! چیتر شێوازی کۆمەڵگاکان زۆر لەگەڵ یەکتر جیاوازییان نیە. بەم پێیە لە کلتوریشدا جۆرێک لە هاوچەشنی پێک هاتووە. بەگشتی گۆی زەوی هەتا دێ زیاتر شێوازێکی تایبەت لە ژیان لەخۆیدا چێ دەکا. داخۆ ئەمە هەمان لۆژیکی روانینی مارکس لە مانیفستی کۆمۆنیستدا نەبوو کە لە سەدەی نۆزدە ئاماژەی پێ‌کرد؟

بێگومان فۆڕمی دەوڵەت ـ نەتەوە هەر وەک چۆن لە دووسەد ساڵ زیاتر تەمەنی نیە و لە شۆڕشی فەڕەنساوە سەری هەڵداوە، وەک دیاردەیەکی مێژووییش رۆژێک کۆتایی پێ دێ؛ بەڵام ئەستەمە بڵێین جارێکی تر ئیپڕاتۆرییەکان بەمانا کۆن و کلاسیکییەکەی دەگەڕێنەوە و جێگای دەگرنەوە. تازە لە جیهاندا جۆرێک لە هاوشێوەیی هاتووەتە ئاراوە کە تەنانەت گەر ئیمپڕاتۆرییەکانیش بگەڕێنەوە ئەوا ناتوانن وەک جاران فرەچەشنیی کلتوریی بژیەننەوە. گۆی زەوی بەهۆی نەزمی کاپیتالیستیەوە مەیلی بەرەو یەکهاوشێوە بوونە.

تا ئەو جێگایەیشی بۆ ئەدەبییات دەگەڕێتەوە کاری رۆمان و چیرۆک وەک هەمیشە نواندنەوەی ژیانە لە رێگای دەقەوە تا بە مرۆڤ بڵێ زیندەگی وەک هەمیشە لەگەڵ ئەوەی بە مرۆڤەوە مانا پەیدا دەکا، بەڵام شتێکیشە لە دەرەوەی دەسەڵاتی راستەوخۆی ئەو. دەبێ بڵێین رەوتی مێژوو لەدوامانادا بە هاودژییەکانی دەروونی خۆیەوە مانا پەیدا دەکا، نەک بەو خاسە و خراپانەوە کە یەکیان لەم بەرە و ئەوی دیکەیان لەو بەر. خاسە و خراپەکان لەگەڵ یەک رێدەکەن.

ئەدەبییات پێمان دەڵێ ژیان چەمک یاخود بوونێکی ئاڵۆز و لە زاتی خۆیدا خۆدەرنەخەرە کە دەقی ئەدەبی وەک خۆی هەوڵ دەدا تیشکێک بخاتە سەری.

بێ‌گومان پۆست کۆلۆنیالیزم بەشێکی گرینگ لە ئەدەبی جیهانییە. ئەدەبێک کە لە قەوارەی دیکەدا هەر ئێستاکە درێژە بە ژیانی خۆی دەدا. هەموو ئەو وردە کلتورانەی کە ئەمڕۆکە گیرۆدەی شەڕی مان و نەمانی خۆیانن، وەک میراتگری ئەم شێوەیە لە نووسین دەربڕی ئەم راستییەن.

 

بێگومان رۆمانی دڵی تاریکی وەک هەمیشە دەرخەری ئەوەیە وا لە سەردەمی کۆلۆنیالیزم بە مرۆڤی ئەفریقی و کۆمەڵگای ئەفەریقی کرا، بەڵام هاوکات ئەویشمان پیشان دەدا کە داهاتووی وڵاتان لە زۆر رووەوە لەیەکتر دەچێ. رووباری کۆنگۆ هەنووکە لە هەر دوو ئەو وڵاتەوە دەگوزەرێ وا ئەمڕۆکە بە “کۆماری دیمۆکراتیکی کۆنگۆ” و “کۆماری کۆنگۆ” بەناوبانگن. کۆنگۆکان خاوەن دەوڵەت و دامەزراوەی نوێن، بەڵام هێشتا سەرەڕای سەرچاوەی باشی ئابووری وەک وڵاتانی دواکەوتوو دێنە ئەژمار. ئەوان لە زۆر رووەوە ئەوەی ساڵان نین. شێوازی ژیانی نوێ لە رێگای کۆلۆنیالیزمەوە رووی تێکردوون. بەشێکی هۆکاری ئەم دۆخە شپڕێوە بۆ کۆلۆنیالیزم و پاشماوەکانی دەگەڕێتەوە، بەشێکی دیکەیشی بۆ هۆکارە ناوخۆییەکان. ئەو هۆکارە ناوخۆییانەی وا سەردەمانێک لە ئاستی خۆیاندا ملکەچی ئەورووپیەکانی کردن.

مرۆڤێکی ئەفریقی بە خوێندنەوەی دڵی تاریکی تێدەگا کە چلۆن بەکۆڵۆنیالیستی کرا و، هاوکاتیش هەر ئەم زانیارییە تێی‌دەگەیەنێ کە چلۆن خۆی لێ‌دەرباز کا.

ئەگەرچی ئەو پێوەندیی و دامەزراوە نوێ و کاپیتالیستیانەی وا کۆلۆنیالیزم لەگەڵ خۆی هێنانی، تازە بوون بەبەشێک لە هەمان کۆمەڵگا!

فەڕۆخ نێعمەتپوور

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

دسته بندی‌ها:

دیدگاه شما

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *