سنووری سەگەکان

0 دیدگاه
۱۴۰۵-۰۸-۲۰ ۱۴:۴۵:۵۹

فەڕۆخ نێعمەتپوور

یەکێک لەو شتانەی لەو کاتەوەی هاتوومەتە خاریج بەلامەوە سەرنجڕاکێش بووە، سەگە! لە تەمەنی مندا ئەو سەردەمانە لە نیشتمان هیچ کەس خاوەن سەگ نەبوو جگە لە شوان و خەڵکی دێهات کە بۆ پاراستنی ئاژەڵەکانیان لەدەست گورگ و دڕندەی دیکە رایاندەگرتن. بەم شێوەیە دیاردەیەک بەناوی سەگی ماڵی یاخود دەستەمۆ لە قوتووی هیچ عەتارێکدا دەست نەدەکەوت. ئەوەی هەبوو سەگەبەڕەڵلا بوو. بەناو کووچەوکۆڵاناندا بەشوێن پاروویەک نانەوە وێڵ‌وسەرگەردان بوون و، زۆر جاریش بەر رەحمەتی شەق و بەردی میللەتی دڵسۆزیش دەکەوتن.
هەر لە سەرەتاوە بەلامەوە ئەنتیکە بوو کە ژنێکی خان‌ومان یاخود پیاوێکی کەشخەی خۆشپۆش بە سەگێک بە دەستەوە بە کۆڵان و شەقامدا تێدەپەڕین. سەگەکە بە تەنیشت خاوەنەکەیەوە مڵ‌ومۆی بوو و، لەکاتێکدا هەوڵی دەدا سەر بە هەموو کونێکدا بکا ساحەبەکەی بەو پەتەی وا سەرێکی بە دەستی خۆیەوە بوو و سەرەکەی دیکەی بە ملی سەکەگەیەوە، رایدەکێشا و لە رێی دەهێنایەوە.
دەبێ بڵێم شتێکی تر کە سەرنجی رادەکێشام، میزکردنی زۆری سەگی خاریج بوو. دەگەیشتنە هەر دار و درەخت و رووەکێکی کەمێک هەڵکشاو، خێرا لینگێکیان بۆ قنج دەکردەوە و پیایا هەڵدەمیزان. نازانم ئەو هەموو میزەیان لەکوێ دەهێنا!؟ سەرەتا وام دەزانی بەتووش نەخۆشیی شەکرە هاتوون، بەڵام زۆرخێرا زانیم کە نەخێر ئەمە لە خوویەکی ترەوە دەهات: خووی ئەوەی کە دەیانویست بە سەگەکانی دیکە بڵێن: من لێرە بووم، ئێرە سنووری منە و جگە لەوە من نێرینە یاخود مێینەیەکم کە حەزم بە دیداری ئێوەی خۆشەویستە!
راستییەکەی لەهەموویان زیاتر باسی سنوور سەرنجی رادەکێشام. ئەم سەگانە کە بۆخۆیان پەتیان بە ملەوە بوون و گیرۆدەی یەکی دیکە بوون، چەند حەزیان بەوە بوو لە رێگای میزکردنەوە بەوانی دیکە رابگەیەنن و هاوکاتیش پێیان بسەلمێنن کە بەڵێ ئێرە سنووری منە،… ئەوە منم لێرە دەسەلاتدارم! سەیر ئەوە بوو ئەوەندەی پێ‌نەدەچوو سەگێکی تریش پەیدا دەبوو و رێک بەهەمان شوێندا دەیمیزاند. ئەمجا نۆرەی ئەو بوو بڵێ نەخێر کاکە گیان ئێرە لەڕاستیدا سنووری منە نەک جەنابت!
بەم شێوەیە هەتا ئێوارە سنووری دەستکرد چەند جار خاوەنی دەگۆڕی!
دەبێ بڵێم من قەت نەمزانی کامە سەگ خاوەنی راستەقینەی وڵات بوو! بەڵام گرینگ ئەوە بوو سەگەکان خۆیان دەیانزانی و بەم وەزعەیش یەکجار رازی بوون. هەر ئەوەندەی بۆ ساتێکیش وڵات هی ئەوان بایە، خۆی‌لەخۆیدا دونیایەک بوو!
بیر دەکەمەوە خۆزگە بنیادەمەکانیش وەها بوونایە. هەر کامەی بۆ چەند چرکەیەک لینگی لێ‌هەڵێنایە و میزی بە دارێک یاخود هەڵدێرێکدا بکردایە و، هەتا یەکی تر هەڵیدەمیزاند وڵات هی ئەو بایە.
بەم شێوەیە پێم وابێ کیشەی سنوور کۆتایی دەهات و، ئیتر کەس لەگەڵ ئەوی تر بەشەڕ نەدەهات.
بەم شێوەیە بنیادەمیش وەک سەگی خاریج لەخۆشی و ئارامیدا دەژیا.

دسته بندی‌ها:

دیدگاه شما

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *