رۆمانی ‘ژانی گەل’ و سەرنجێک

0 دیدگاه
۱۴۰۵-۰۷-۰۹ ۱۵:۰۱:۳۲

رۆمانی ژانی گەل نووسینی ئیبراهیم ئەحمەد بێگومان یەکێک لە رۆمانە سەرەتاییەکانی ئەدەبی کوردییە. ئیبراهیم ئەحمەد هەوڵ دەدا لە رێگای ئەم دەقەوە قۆناخێک لە کۆمەڵگەی کوردی لەسەردەمی شۆڕشدا بۆ خوێنەر بگێڕێتەوە.

ئەم رۆمانە بەسەرهاتی کەسێکە بەناوی جوامێر کە ژنەکەی زەیستانە و بەمەبەستی هێنانی ماما روودەکاتە دەرەوە. جوامێر بۆ ئەوەی خێراتر بگاتە ماڵی ماما، رێگای بەردەرکی سەرا دەگرێتە بەر، بێ‌خەبەر لەوەی لەوێ لە دژی میری خۆپیشاندانە. کاراکتێری سەرەکیی رۆمانەکە نەخوازراوانە بەتووش رووداوێکەوە دەبێ کە هەموو چارەنووسی ئەو دەگۆڕێ. لە مەیدانەکە تەقە لەخەڵکی دەکرێ و، دەبێ بە هەڵات‌هەڵات. جەوامێر بە ناحق تووش دەبێ، دەگیرێ و دەساڵ دەخرێتە کونجی زیندانەوە. پاشی دەساڵ کاتێک لە بەندیخانە دێتە دەرەوە دەبینێ ژن و کوڕەکەی لە بوردومانی سوپای میری لە گوند تیاچوونە.

خاڵی بەهێزی ئەم رۆمانە ئەوەیە جوامێر کە لە بنەڕەتدا شۆرشگێڕ نیە لە کۆتایی رۆمانەکەدا دەبێ بە شۆڕشگێڕ! بەم شێوەیە نووسەر دەیەوێ بڵێ ئەوەی شۆڕشگێڕ دروست دەکا زاڵمە نەک هۆکاری دیکە. هەروەها ئەمە نیشانەی دینامیک‌بوونی کەسایەتی لەم رۆمانەدایە کە زۆر گرینگە.

بەڵام خاڵی لاوازی ئەم رۆمانە ئەوەیە کە لە فەزایەکی رەشی و سپی‌دا نووسراوە. هەموو شتێک بەقازانجی بەرەی شۆرشە و لە راستیدا نووسەر هیچ تیشکێک لە رێگای سازکردنی کەسایەتی بەرەی دژە شۆڕشەوە ناخاتە سەر لایەنێکی دیکەی بەسەرهاتەکە کە رۆڵی سەرەکی لەو کارەساتەدا دەبینێ وا بەسەر جوامێر و خەڵکیدا دێنێ. نووسەر ناهێڵێ خوێنەر خۆی لە رێگای شارەزایی لەسەر مرۆڤەکانی هەر دوو بەرەکە خۆی بەو ئامانجە بگا وا نووسەر خۆی دەمانگەیەنێ!

بەم شێوەیە نووسەر دەبێتە لایەنگر، ئیدی دەق فیدا دەکرێ و دەبێ بە رێکلامەی سیاسی. رۆمان شوێنی دەرخستنی ئاڵۆزیی ژیان و کەسایەتیی مرۆڤە، نەک شوێنی جوانیی لەسەداسەدی لایەک و خراپەی لەسەداسەدی لایەکی دیکە. بەگوتەیەکی دیکە لەم دەقەدا ئێمە هیچ کەسایەتییەکی دینامیک لە بەرەی دژی شۆرشدا نابینین.

رۆمان (بەتایبەت شێوازی ریالیستییەکەی) شوێنی گێڕانەوەی فرەچەشنە. وەها کە ژیان لەهەموو فرەچەشنی خۆیدا لەناویدا خۆی بنوێنێتەوە.

رۆمانی ژانی گەل بەهۆی ئەوەی پابەندی ئەم بنەمایە نیە دەچێتە ناو ژانری رێکلامەی سیاسی و خۆی لە بنەماکانی دەقی هونەری ئەدەبی تا رادەیەکی زۆر دوور دەخاتەوە. بەم شێوەیە دەق، ریالیزمیش پیشێل دەکا.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دسته بندی‌ها:

دیدگاه شما

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *