فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

خائینترین بێ وڵات

کات 12/10/1391 309 بازدید

خائین ترین بێ وڵات

کە پێشبڕکێی یارییەکانی فووتباڵ دەست پێدەکا، ماڵی ئەمان دەبن بە چەندین دەستە. ئەوەندە زۆرن کە بەشی هەموو تیمەکان دەکەن. پێش ئەوەی یارییەکان دەست پێ بکەن، ئەوەی پێویست بێت دەیکڕن: گوڵەبەڕۆژە، کولا، چپس و بیرە. لە گەڵ هاتنی ئەم پێشبڕکێیانە، تەواو حاڵ و هەوای ماڵەوەیان دەگوڕدرێ. حەز، هەڵچوون، دەمەقاڵە و قاو و قیژ هەموو ژوورەکان دەتەنن. هەر کەسە و لایەنگری تیمی خۆیەتی و تا دەتوانێ بە سەریا هەڵدەدا، پشتی دەگرێ و هاواری بۆ دەکا، بەڵکوو بیباتەوە! تەنیا ئەمە لایەنگری هیچ  هەڵبژاردە و تیم و وڵاتێک نیە. ئەم هەموو هەڵبژاردەکانی خۆش دەوێت. یان رەنگە هیچیشیانی خۆش ناوێت. ئەم تەنیا لایەنگری جوان کایەکردنە. ئیدی بۆی گرنگ نیە کێ دەیباتەوە. ئەم لە گەڵ هەموو لایەنگرە جۆربەجۆرەکان لە کاتی گوڵکردن و شوێنە حەساسەکانی کایەکاندا دەقیژێنێ، هەڵدەخاتەوە و ئەوانی تر لە باوەش دەگرێ. هەربۆیە کە کایە تەواو دەبێ، لە هەموویان ماندووترە. ئەوەندەی قیژاندووە کە دەنگی نووساوە و ئەوەندەیشی چپس و کولا خواردووە و خواردووەتەوە کە دڵی بەیەکا دێت. لایەنگری تیمەکان لە کاتی وەرزی یارییەکاندا تەواو رقیان لێیەتی، بەڵام جگە لە تەحەمول کردنی، چاری دیکەیان نیە. لە بەر چاوی ئەواندا، ئەم گەورەترین خائینی جیهانە. ئەو خائینەی کە هیچ شوێنێک نایگرێتە خۆی! خائینترین بی وڵات.

رۆژێک یاریی نێوان دوو هەڵبژاردە بوو. گروپی یەکەم کە لایەنگری هەڵبژاردەی شین بوون لە دەستی راستی ئەم دانیشتبوون و، گروپی دووهەم کە لایەنگری گروپی قاوەیی بوون لە لای دەستی چەپی. ئەمیش لە ناوەراستیاندا. کایەکە زۆر گەرم بوو. دەنگی قیژ و قاو لە ناو ژوورەکەدا وەها دەهات و دەچوو کە بۆ کەسێکی ئاسایی تەحەمول کردنی مەحاڵ بوو. دەققەی شەست و چوار بوو و هەر دوو هەڵبژاردەکە سێ بە سێ بەرامبەر بوون. هەر دوو لا بەراستی ئەوەندە جوان یارییەکان دەکرد کە ئەمی لە خۆ بێ خۆ کردبوو. جوانترین کایەی دونیا! قەت لە ژیانیدا کایەی وەهای نەدیتبوو. قەتیش لە ژیانیدا بە قەدەر ئەمڕۆ باوەشی بە لایەنگرەکانی دوو گروپی رەقیبی یەکتردا نەکردبوو. کایە تا دەهات گەرمتر دەبوو. لە دەققەی هەشتا و پێنج دا هەر دوو لا شەش شەش بەرابەر بوون. یاریچییەکان، شەڵاڵی ئارەق و بە جەستەیەکی تەواو شەکەتەوە تا دەهات گەرمتر و گەرمتر، جوانتر و جوانتر کایەیان دەکرد. بوو بە دەققەی نەوەد. چوار دەققە کاتی ئیزافییان دا. هێشتا سێ خولەکێک تێنەپەڕیبوو کە هەڵبژاردەی شین گوڵی حەوتەمی خۆی کرد. گوڵەکە ئەوەندە جوان بوو کە ئەم دەستبەجێ لە جێی خۆی هەڵبەزییەوە و لە جیاتی ئەوەی باوەش بە لایەنگرەکانی دەستی راستی خۆیدا بکات، باوەشی بەوانەی بەشی چەپدا کرد. ئەوانەی دەستی چەپ کە ئیدی هیچ ئومێدێکیان بە لێدانی گوڵی بەرابەر نەمابوو، لە جێی خۆیان وشک بوون. ئەم بە دەم هاوار هاوارکردن و هەڵخستنەوەوە، لە هەوڵی گێڕانەوەی دووبارەی چۆنیەتی گوڵەکە بوو کە لە ناکاو شتێکی قورس بە توندی بەر پشتە سەری کەوت،… ئەوەندە قورس کە وەک فەردەیەکی بەتاڵ لەناو خۆیا چین چین دابەزی و لە سەر زەوی بوو بە توێژاڵێکی چرچ. 

فەڕۆخ نێعمەت پور

ئەم چیرۆکە لە کتێبی “لەگەڵ چپەی گەڵاکان” چاپ کراوە.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *