فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

سەرێک لە بیابان

کات 19/11/1393 472 بازدید

سەرێک لە بیابان

لە بیابان سەرێک لە شەڕەکان بە جێ مابوو. سەرێکی زیندوو کە جەستەی لە شوێنێک بە مردوویی مابووەوە. سەرەکە، کە هێشتا نەیدەزانی دیسان بە شوێن هاوڕێکانیدا بڕواتەوە و رێگای ئەوان بگرێتەوە بەر، یاخود بەرەو ماڵەوە بگەڕێتەوە، دەستەوەستان لە توانای بڕیاردان و، بێ توانا لە دۆزینەوەی رێگاکان لەو بیابانەدا لە دەورووبەری خۆی دەڕوانی. ئەو کە پەیکەری خۆی لە دەست دابوو و چیتر نەیدەتوانی وەک جاران لە بەرزایی جەستەیەوە لە دوورەکان بڕوانێتەوە، وەڕەز لە شوێنی نزمی خۆی، لە شوێنێک دەگەڕا کە خۆی تێدا لە گەرمای پڕوکێنەر و تیشکی بێ بەزەیی هەتاو بۆ ساتێکیش بێت، رزگار بکا.

لە کاتێکدا هیچ دەستێک نەبوو تا خوێنە مەییوەکانی ناو گوێچکە و سەر ناوچاوان و دەورووبەری لووتی بە پەڕۆیەک بسڕێتەوە، بە زەحمەت پێڵووە ماندوو لە ئازارەکانی هەڵدێنا و، ورد ورد لە دەورووبەری دەڕوانی. تا چاو هەتەری دەکرد، جەستە لەت و پەتەکان و چەکە شکاوەکان و ئەو جێ هەنگاوانەبوون کە بە هەر چواردەوردا لە دوورەکاندا ون دەبوون. پێکەنینیێکی تەڵخ دەیگرێ. باشە ئەو چۆن دەتوانێ جێ هەنگاوە ئاشناکان بدۆزێتەوە؟ کامە لەمانە هی ئەوانن،… هی هاوڕێکان؟ کامە هی دوژمنان؟ جێ پۆستاڵەکان هیچ جیاوازییەکیان لە نێواندا نەبوو.

کتوپڕ چاوی بە شتێک دەکەوێ کە لە تاقە درەختی دەکرد. بە تلاوتل لێی نزیک دەکەوێتەوە. درەختێکە بە چەندین لقی سەوزەوە و بە کانییەکی کەم هێز لە بنی دا. بۆ یەکەم جار بزەیەک دەیگرێ. بە ئارامی لە ئاوەکە دەخواتەوە، بە زمان هەوڵ دەدا تا ئەو جێگایەی بۆی دەکرێ خوێنی دەوری لێوەکانی خاوێن بکاتەوە، پاشان دەچێ لە سەر ئەو چەند گەڵا هێشتا نیوە سەوزانە رادەکشێ وا لە لقەکانەوە وەریون و، لە بن سێبەری درەختەکەدا خەون بە تێکەڵ بوونەوە لە گەڵ خاکدا دەبینن.

نیوە شەو بە دەنگی شتێک خەبەری دەبێتەوە. چاو هەڵدێنێ. نا، بە راست دەنگە. ئارام زیاتر خۆی لە قەدی درەختەکە نزیک دەکاتەوە. وەها کە پێیەوە دەلکێ. بە هۆی نزیک بوونی لە زەوی بۆ یەکەم جار لە ژیانیدا ئاسمانێکی گەشتر بە ئەستێرە و قوڵتر بە تاریکاییەکانی پشتی ئەستێرەکان دەبینێ. سەرسام لە وێنەکەی بەردەمی، گوێ زیاتر هەڵدەخا. دەنگی پێ دێت. ئەو هەنگاوانەی جاری وایە ئارام دەنیشنە سەر زەوی و جاری وایشە بە قورسی. هیچ ریتمێک لە بە رێگا رۆیشتنەکەیدا نیە. وەک بڵێی کەسەکە بەم لاو ئەولادا دەکەوێ. مەست مەست. سەرئەنجام لە ناو تاریکاییەوە جەستەیەک دەردەکەوێ،… جەستەیەکی بێ سەر.

پەیکەرەکە سەرەتا لە تەنیشت دارەکەدا رادەوەستێ و، لە کاتێکدا بە قورسی، کێشی جەستەی خۆی دەخاتە سەر ئەو دەستەی وا بە درەختەکەیەوە ناوە، وچانێک دەدا. پاش ماوەیەکی کورت، هەر بەهەمان شێوەی کە دەڕۆیشت، بەرەو کانییەکە هەنگاو هەڵدێنێ. هەر کە گەیشتیە، راکشاو و گەردنی بەر ئاوەکە دا. زۆری خایاند. رەنگە زیاتر لە پێنج خولەک. ئەوسا هەستا و لە کاتێکدا هەر دوو ئەژنۆکەی لە باوەش گرتبوو، نیو مەترێک دوور لە کانییەکە دانیشت.  

سەرەکە ماوەیەکی چاک راوەستا. بێگومان پەیکەرەکە ئەمی نەبینیبوو و لە راستیشدا نەیدەتوانی بیبینێ. باشە ئەی چۆن ئێرەی دۆزیبووەوە؟ مایەوە چی بکا. ئەمیش نە دەیتوانی قسەی لە گەڵ بگا و، نە دەیتوانی قسەی لێ ببیستێ، بەڵام لەوەی کە توانیبووی تەنانەت بە رێکەوتیش هاوڕێیەک لەم دۆخەدا ببینێتەوە، یەکجار خۆشحاڵ بوو.

لێی نزیک کەوتەوە. چەند خۆی لە ئاست جەستەکەدا بچوک دەبینی. تا ئیستا ئەمەی نەزانیبوو. لە تاریک و روونیی شەڕی نێوان ئەستێرەکان و تاریکایی و، هەر وەها لە ژێر ئەو تیشکانەیدا کە جار و بار ئاسۆی چوار دەوری بە ئاستەم روون دەکردەوە (گڕی چەکە دوورەکان)، توانی پەیکەرەکە جوانتر ببینێ. چەند ئاشنا بوو! زیاتر لێی ورد بووەوە. پەککوووو…، خۆی بوو، خۆی. جەستەی خۆی. چ رێکەوتێک! لە کاتێکدا هومێدێکی سەیر رووی تێکردەوە، بیری لەوە کردەوە کە دەبێ ئەو یەکجاری تر بچێتەوە ئەو سەرە، واتە شوێنە راستەقینەکەی خۆی. بەڵام هومێد، زۆری نەخایاند. پرسیارێکی کوشندە رووی تێکرد: “باشە، چلۆن؟”

بە تلاوتل چووەوە بەر درەختەکە و دەستی کرد بە بیرکردنەوە. نە دەیتوانی باز بداتە ئەو سەرە و نە دەستەکانی پەیکەرەکەیش ئەقڵی بەوە دەشکا کە دانەوێ و سەرە بەجێماوەکەی بخاتەوە سەر جێگای خۆی. ئەها، چار نیە دەبێ راوەستێ تا پەیکەرەکە رادەکشێ و دەخەوێ. ئەوجار دەرفەت هەیە. راوەستا و راوەستا. خەمی ئەوەی جەستەکە نەخەوێ و پاش ماوەیەک رابێ و بڕوا، هەراسناکی کرد. نا، شتی وا نابێ،… نابێ رووبدات! روویشی نەدا. سەرئەنجام جەستەکە پاڵکەوت، وەهایش پاڵکەوت کە بە خۆشییەوە لە ملی بەرەوسەرتر دەگەییە قوڵاییەکی بە ئاستەم. بە قەدەر یەک سەر. سەرەکە بە ئارامی لێی نزیک کەوتەوە. نابێ بیترسێنێ، یان بیتارێنێ، یان لە خەوی بێ سەرانە رایچڵەکێنێ. هەموو هومێدی ئەم، ئەم چرکەساتە بوو. بە خۆشییەوە دەرفەتەکە رەخسا. وەها خۆی لە گەڵ پەیکەرە راکشاوەکەدا رێکخست کە سەر و پەیکەر هەر وەک جاران بە هەمان ئاراستەدا بتوانن یەک بگرنەوە. ئارام ئارام، خۆی لێ نزیک کردەوە و خۆی پێوە چەسپاند. ئیتر هەموو شتێک رێک وەک جاران.  

وەک بڵێی هەورە تریشقە هاتبێ. جەستەکە وەها لەرزی و وەها راتڵەکی کە درەختەکەی تەنیشتی چەند گەڵای تری لێ هەڵوەری. سەرەتا هەمان ئازار هاتەوە، بەڵام پاش ماوەیەک ئازارەکە رەوییەوە. جەستەکە، کە دیسان خۆی لە دۆخی جاراندا دەبینییەوە. دانەوییەوە و تێر تێر ئاوی خواردەوە. ئەوسا هەستایە سەرپێ و ملی رێگای گرتە بەر. کە بوومەلێڵی دا و دونیا بەرە بەرە مەیلی رۆژی گرتەوە بەر، سەرەکە بینی کە جەستە رێک خەریکە بەرەو ماڵەوە دەگەڕێتەوە. ئەم لەو سەرەوە بە جوانی ئەو خانووانەی دەبینی وا لە دوورەوە بەرە بەرە خەریک بوون خۆیان دەخەمڵاند. بەڵام نا، راوەستە! جەستە هەڵە دەڕۆیشت. ئەوان دەبا بەرەو مەیدانی شەڕ گەڕابانەوە. پاش تەقەلایەکی زۆر سەرئەنجام توانی پەیکەرەکە بەو ئەنجامە بگەیەنێ کە بگەڕێنەوە. گەڕایشنەوە. بەڵام تا ئەو مەیدانەی وا لەوێ لێک جیاببوونەوە.

لەو کاتەوە لەو دەشتە کاکی بەکاکییەدا بوونەوەرێک لە دوورەوە دەبینرێ کە بە دەوری خۆیدا بەردەوام سوڕدەخوا و لە ناو جێ پۆستاڵەکاندا ناتوانێ جێ هەنگاوی هاوڕێکانی خۆی بدۆزێتەوە. جەستەی ئەو بوونەوەرە، لە ترسی ئازاری سەربڕینێکی تر حەزی بە گەڕانەوە بۆ ماڵەوەیە و، سەریش لە خۆشی ئەوەی دیسان لە شوێنێکی بەرزەوە دەڕوانێتەوە ژیان، ئازاری لە لا بووەتەوە بە ئەفسانە،… ئەفسانەیەکی دوور.       

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئەم چیرۆکە لە کتێی “سێوە گڕاویەکان” چاپ کراوە.

نوشته های مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *