فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

نووسەری ئاڵۆز و ئاڵۆزیی نووسەر

کات 22/01/1396 59 بازدید

نووسەری ئاڵۆز و ئاڵۆزیی نووسەر

جۆیسی نموونە:

لە پێشەکیی کۆمەڵە چیرۆکی “دوبلینییەکان” لە نووسینی جێمز جۆیس، سەبارەت بە کەسایەتیی ئەم نووسەرە بەناوبانگە بەم شێوەیە نووسراوە: “زێدەگۆیی نییە گەر بڵێین جێمز جۆیس خاوەن کەسایەتییەکی ئاڵۆز بوو. ئەو دوبلین واتە زێدی خۆی هەم خۆشدەویست و هەم زۆری رق لێبوو.” (1) 
لێرەدا “ئاڵۆز” وەک کۆبوونەوەی دوو خەسڵەتی دژبەیەک، واتە “خۆشەویستی و رق” لە یەک جەستە، شوێن یاخود رۆحدا پێناسە کراوە. بەم پێیە جۆیس ئاڵۆز نەدەبوو گەر تەنیا خاوەنی رق یان خۆشەویستی بایە سەبارەت بە شارەکەی خۆی.

تا ئێرە ئەو رستەیەی پێشەکیی کتێبەکە شتێکی ئەوتۆی سەبارەت بە جۆیس پێ نییە، چونکە ئەم خەسڵەتە دژبەیەکانە دەکرێ لە زۆربەی مرۆڤەکاندا هەبن، جا چ بۆخۆیان پێی بزانن یان پێی نەزانن. ئەوەی سەبارەت بەم نووسەرە گرنگە، ئەوەیە کە توانیویەتی تەکنیکێک لە شێوازی نووسینی رۆمان و چیرۆکدا بەناوی “شەپۆلی هۆش” بخوڵقێنێ و بە کەڵکوەرگرتن لەم شێوازە بەرهەمی بەهێز پێشکەش بە جیهانی ئەدەب بکات. کەسایەتیی گرنگی ئەو وەک ئەدیبێک، ئەوجا وا دەکا کە لایەنەکانی دیکەی کەسایەتیی وی وەک “ئاڵۆزبوون” بکەوێتە جێگای سەرنج و لێکۆڵەران و رەخنەگران هەوڵ بدەن پێوەندی و کاریگەریی ئەم خەسڵەتە لە گەڵ بەرهەمەکانی پەیدا بکەن. ئیتر هەر شتێکی ورد و درشت دەکرێ پنتێک بێ بۆ دەرخستنی پتری رازەکانی سەرکەوتنی جۆیس یا پێشکەوتنەکانی لە جیهانی ئەدەبدا.

لێرەوە دەکرێ لای هەر خوێنەرێک ئەم پرسیارە بوروژێت کە داخۆ ئاڵۆزبوونی کەسایەتی دەتوانێ سەرچاوەیەکی گرنگ بێت بۆ بوون بە نووسەرێکی گرنگ؟ بە تایبەتی ئەم پرسیارە زەمانێک چڕتر دەبێتەوە کە بزانین گەورەترین بەرهەمە ئەدەبییەکانی جیهان ئەو بەرهەمانەن پاڵەوانەکانی نێوانیان ئاڵۆزن و لە پانتایی رۆمان یان چیرۆکەکەدا دەکرێ بە چەندین قۆناغی جۆربەجۆر و دژبەیەکدا تێپەڕ بن (نموونەی پاڵەوانی سەرەکیی رۆمانی “دۆنی ئارام” ی شۆلۆخۆف و کەسایەتی “ئاخیل” لە هۆمێر و ئۆدیسەی یۆنانیدا).

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، دەتوانین بڵێین کە نووسەر بەهۆی کاری نووسین و بیرکردنەوەی پتر سەبارەت بە هەندێ دیاردە، رەنگە زووتر بە ئاڵۆزیی بوونەوەرێک بەناوی مرۆڤ بگات. ئاڵۆزییەک کە لە رێگای نووسینەوە هەوڵی دۆزینەوە و ئانالیزەکردنی ئەدەبیانەی بدات. لێرەدا نووسەر تێدەگا کە هۆکارەکانی ئاڵۆزی دەتوانن دوو شت بن: ئاڵۆزیی دەرەکی، واتە دونیای دەرەوە و دەوروبەر، دووەم ئاڵۆزیی دەروونی. ئاڵۆزیی دەرەکی بۆ وێنە دەکرێ سادەترین نموونەی، شەو و رۆژ بێت کە تەواو پێچەوانەی یەکترن، ئاڵۆزیی دەروونیش دەکرێ سادەترین نموونەی، خەو و بێداری بێت، یاخود خواردن و دانەوە. 

گەشت بەناو دیاردە ئاڵۆزە دەرەکی و دەروونییەکان و دۆزینەوە یاخود چێکردنی پەیوەندیی نوێ لە نێوانیاندا، رەنگە وەزیفەی سەرەکیی کاری ئەدەبی بێت. جاری وایە نووسەر ئەوەندە سەرقاڵی ئەمەیە کە پەیوەندە ئاساییەکانی لەگەڵ دەوروبەر لەدەست دەدات و غەریب دێتە بەرچاو. غەریبیی گەڕان، کەسایەتی غەریب دروست دەکا. کە شوێنە ئاڵۆزەکانت نە وەک دیاردەیەی ئاسایی، بەڵکوو وەک دیاردەیەک بۆ لێ قوڵبوونەوە سەیر کرد، ئیتر بۆخۆیشت دەکەویتە ژێر سریمەی. کەواتە گەر نووسەر نەیەوێ ئاڵۆزیش بێت، خۆبەخۆ بەهۆی کارەکەیەوە ئاڵۆز دەبێت، … ئاڵۆزتر لە کەسەکانی تر. بوونەوەرێک کە جاری وایە ئەو سەرەداوی ئاڵۆزییەکانی بە دەستەوەیە و جاری وایە ئاڵۆزییەکانن کە سەرەداوی ئەویان بەدەستەوەیە. بوونەوەرێک لە نێوان دوو گەمەی گەورەدا.

دوو دەستەواژە: 

لێرەدا دەتوانین دوو دەستەواژە لە یەکتر جیابکەینەوە: نووسەری ئاڵۆز و ئاڵۆزیی نووسەر کە مەبەست لە نووسەری ئاڵۆز ئەو کەسەیە لە کەسایەتیی خۆیدا ئاڵۆزە و ئاڵۆزیی نووسەریش ئەو دیاردەیەیە کە خۆی لە ئاڵۆزیی نووسینەکاندا پیشان دەدات. دوو جەمسەر کە یەکەمینیان خۆی لە نووسەردا دەبینێتەوە و دووەمیشیان لە نووسینەکاندا. ئاڵۆزبوونیش، خەسڵەتی هاوبەشی هەردووکیان.

لە پەیوەندی لەگەڵ ئەم دەستەواژە گرنگەدا، دەکرێ دوو دیاردە سەرهەڵبدات کە رەوتی سروشتیانەی ئاڵۆزبوون بخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە. یەکەمین دیاردە ئەوەیە کە نووسەر بەرەبەرە بە وەرگرتنی زانیاریی زیاتر لەسەر ئاڵۆزی، بەو ئەنجامە بگات کە بۆئەوەی بتوانێ بەرهەمی باشتر پێشکەش بکات، لەڕێگای ئیرادە و حەزەوە ئەم خەسڵەتە لە خۆیدا بەهێزتر بکا، بۆ وێنە لاساییکردنەوەی نووسەرە بەناوبانگەکان، زێدەڕۆیی لە دوورەپەرێزیدا و گومانکردنی ریشەیی و بەردەوام لە هەموو شتێک دەکرێ ئەو ئامرازە فیکری و رۆحیانە بن کە نووسەر دەتوانێ کەڵکیان لێوەربگرێ. دووهەمین دیاردە ئەوەیە کە نووسەر لە هەندێ ئامرازی ماددی وەک خواردنەوە و … 

کەڵک وەربگرێ بۆ ئەوەی بتوانێ بە رەهاکردنی دەروون لە قەید و بەندە باوە کۆمەڵایەتییەکان، قۆناغی ئاڵۆزی بە چڵەپۆپە بگەیەنێ. بە واتایەکی تر مێتاکۆگنیتیزمی نووسەر “زانیاریی نووسەر بەسەر زانیارییەکانی خۆیدا”، ئەو بخاتە حاڵەتێکەوە کە رەوتی سروشتیانەی ئاڵۆزی لەودا تێکبدا و ئیتر ئاڵۆزبوون خەسڵەتی دەستکردیش پەیدا بکات. هەڵبەت دۆزینەوەی ئەم حاڵەتە دەستکردە و جیاکردنەوەی لە حاڵەتە سروشتییەکەی زەحمەتە، رەنگە باشترین پێوەر ئەوە بێت کە نووسەر لە حاڵەتی “ئاڵۆزبوونی دەستکرددا” رەفتارە کۆمەڵایەتییەکانی گاڵتەجاڕانە دەردەچن، بەڵام لە حاڵەتی “ئاڵۆزیی سروشتیدا” رەفتارە کۆمەڵایەتیەکانی تا ئاستێکی زۆر لە جێی خۆیانن، بەڵام نووسینەکانن کە ئەو ئاڵۆزییە دەنوێننەوە. هەروەها بەسەر خۆدا هەڵگوتن دەتوانێ دەربڕێکی تری “ئاڵۆزیی دەستکرد” بێت.

گرفتێک:

لێرەدا گرفتێک دێتە پێش. گرفتەکە ئەوەیە کە نووسەر لە توانای تێگەیشتن بەسەر ئاڵۆزیی خۆیدا بەهرەمەندە و هەر ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی “ئاڵۆزبوونی دەستکردیش” وەک دەستکرد نەیەتە بەرچاو. ئەو دەتوانێ ئەم حاڵەتە لە فۆڕمی یەکێک لە پاڵەوانەکانی چیرۆکەکانیدا بەرجەستە و ئانالیزەی ئەدەبیانە بکات و بەم شێوەیە لە رێگای مێتاکۆگنیتیزمەوە بەرگی ئاسایی بە حاڵەتەکە ببەخشێ. بەڵام وەک گوترا تەنیا لە رەفتاردایە کە بەشێوەی سەرەکی دەتوانرێ جیاوازیی نێوان ئاڵۆزیی دەستکرد و ئاڵۆزیی سروشتیانە پەیدا بکەین.

دوا وشە:
 
دەقی ئاڵۆز و خوێنەری ئاڵۆز، دەرگا بۆ دەق و خوێندنەوە ئاڵۆزەکانی دیکە دەکەنەوە و هەر لەم روانگەیەوە رێگا بۆ گەشەی بیر ئاوەڵا دەبێ. گەشەیەک کە تێیدا کاکڵ راستی و دروستیی لایەن یان لایەنەکان نییە، بەڵکو کاکڵ بریتی دەبێ لە بیرکردنەوە لە فۆڕمی ئەدەب و فەلسەفە و زانستە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەدا.

فەڕۆخ نێعمەت پور

ئەم وتاره لە ماڵپەڕی “رووداو” چاپ کراوە.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *