فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

سێبەری سەر پردەکە

کات 02/03/1396 518 بازدید

سێبەری سەر پردەکە

ئەو رێک لەسەر ئەو پردە ون بوو وا ئەم بەراوبەری چۆمەکەی پێکەوە دەبەستەوە. لە بەیانییەکی سارد و زووی رۆژێکی پاییزی. ئەو چۆمەی چوار وەرزەی ساڵ دەخرۆشا و، ئاوە لێڵ و قوڕاوییەکەی قەت کۆتایی نەدەهات.

ئەوانەی دوواسات بینیبوویان، دوو دڵدار، سپوور و شۆفیر تاکسییەک بوون. دوو دڵدارەکە دەیانگوت پیاوێکیان بینیوە کە بە سەر پردەکەدا تێپەڕیوە. پیاوێک بە پاڵتۆیەکی درێژ لەبەردا و بە شەبقەیەک بەسەرییەوە. پیاوەکە نەرمنەرم تێپەڕیبوو. لە ناوەڕاستی پردەکە. جارجارە سەیری ئاوە بەخرۆشەکەی ژێر خۆی کردبوو. یەک دوو جارێک دەستی راستی لە گیرفانەکەی دەرهێنابوو و ئاماژەی بە ئەوبەر چۆمەکە دابوو. بگرە جارێکیشیان راوەستابوو و بەسەر نەردەی پردەکەدا شۆڕببووەوە، سەیری ناو ئاوەکەی کردبوو و ئاخی قووڵی هەڵکێشابوو. دڵدارەکان دەیانگوت هەر ئەوەندەیان بینیبوو، دەیانگوت چونکە بەردەوام خەریکی گۆڕینەوەی سۆز و خۆشەویستی لەو سپێدە دەگمەن و بێ وێنەیەی پاییزی جوانی هەیکەل زەرد بوونە، جوان نەیانتوانیبوو سەرنجی بدەنێ، دەیانگوت گەر دەیانزانی هەواڵی ونبوونی ئەو پیاوە ئەوەندە گرینگە، وەها کە سەرتاسەری خەڵکی شار باسی لێدەکەن، ئەوا بێگومان زیاتر دڵیان دەدایە دیمەنەکە، رەنگە تەنانەت بۆ ساتێکیش بایە ئەشقی خۆیان لەبیردەکرد و بۆ یەکجاریش لە ژیانیاندا بوایە دڵ و زەینیان دەدایە دەرەوەی خۆیان. بەڵام بڵێن چی کە نەیاندەزانی. تەنانەت پیاوەکە گوتی تاوانی ئەوان نیە و تاوانی کۆمەڵگایە، چونکە گەر کۆمەڵگا لەوە پێش خەڵک لەسەر رووداوی لەم چەشنە ئاگادار بکاتەوە، ئەوا بێگومان ئەوانیش وریاتر دەبوون. وتی کە راستە ئەو پیاوێکی ئاشقی سەوداسەری سەر لە ئاسمان و قاچ لە نێو ئاوە، بەڵام ئەوەندەیش گێل نیە ئەشقی لە ونبوونی پیاوێک لا گرینگتر بێت. وتی لەبەر ئەوەی کە بەڕاستی هیچ ئاشقێک حەزی بە مەرگی مرۆڤ و بگرە هیچ زیندەوەرێک لەم جیهانەدا نیە. پێویستە بڵێین کە ئەوان رێک لەسەر ئەو چوارپایە درێژەی سەر شۆستەکە دانیشتبوون وا پشتی لە پردەکە بوو،… لە راستیدا ئەوان بە رێکەوت و لە کاتی ماچکردنی یەکتردا سەریان وەرگێڕابوو و چاویان بە سێبەری سەر پردەکە کەوتبوو.

سپوورەکەیش دەیگوت لە تەواوی ژیانیدا کە بەردەوام خەریکی خاوێنکردنەوەی شەقام و شۆستەکەی تەنیشت پردەکە بووە، قەت بەو بەیانییە زووە مرۆڤی بە سەر پردەکەوە نەبینیوە، دەیگوت بە تایبەت لە کاتی پاییزدا کە هەمیشە بایەکی ساردی دێت و ئاوە قوڕاوییەکەیش ئەوەندەی تر تاریکتر و ترسناکتر دەنوێنێ. وتی جگە لەمە چونکە ئەو شەقامەی ئەو خاوێنی دەکاتەوە کاتی خۆی رووداوی گەورەی وەک تێپەڕینی پاشای تێدا روویداوە، ئەوا زۆر بیر لە رووداوی وەک تێپەڕینی پیاوێکی تەنیا لە بەیانییەکی زوو لە سەر پردێک ناکاتەوە، بەڵام ئەوەندەی لەبیرمابوو کە بڵێ پیاوێکی بینیوە بە پاڵتۆیەک بە سەر دەستێکییەوە و کڵاوێک بە دەستەکەی ترییەوە رێک لە ناوەڕاستی پردەکەدا. پیاوەکە بە قاچ شەقی لەو وردە شتانە داوە وا بە سەر پردەکەوە بوونە و فڕێی داونەتە ناو ئاوەکەوە، بگرە جارێک دانەویوە و دەستی داوەتە شتێکی زل و ئەویشی فڕێداوە ناو رووبارە لیخنەکەوە. ئەم کە پێی سەیربووە، سەرەتا راوەستاوە و لای لێکردووەتەوە، تەنانەت هەوڵیشی داوە پێی بڵێ لەم شارە کەس بەیانیان زوو لە پردەکە ناپەڕێتەوە، بەتایبەت لە پاییزاندا، بەڵام چونکە نەخۆش بووەو دەنگی نووساوە، نەیتوانیوە هاواری لێبکا و هەربۆیە بە ناچاری وازی لێهێناوە، ئەوەندەی نەبێ کە سەرێکی لێباداوە و لەبەر خۆیەوە وتویەتی خەڵکی کەلەپووت لە هەموو سەردەمێکدا دەستدەکەوێ! ئەوسا دەستی کردووەتەوە بە خاوێنکردنەوەی شەقام و شۆستەکەی تەنیشتی.

شۆفیر تاکسییەکەیش دەڵێ چونکە تەواوی ئەو شەوە بەخەبەربووە و ئیشی کردووە، ئەو بەیانییە زۆر ماندوو بووە و کاتێک لە رێی مشتەری لەناو ئۆتۆمبیلەکەی دانیشتووە، بەردەوام وەنەوز بردوویەتییەوە. دەڵێ لەبەر خۆیەوە وتویەتی گەر مشتەری هات، ئەوا دووامشتەری دەبێ و لەپاش لێخوڕینی ئیتر ئەمڕۆ واز لە تەمەح دێنێ و دەچێتەوە بۆ ماڵەوە. دەڵێ کتوپڕ لە ژێر پێڵوەکانییەوە سێبەرێکی بینیوە بە سەر پردە بەناوبانگەکەوە. سێبەرەکە شوش و باریک بە بێ جل و بەرگێکی ئەوتۆوە خەریکی پەڕینەوە بووە، رێک لە ناوەڕاستی پردەکەدا. دەڵێ بینیویەتی دەستەکانی لە گیرفانەکانیدا بووەو بە سەری نەوییەوە هەنگاوی هەڵێناوە. وەک بڵێی خەونووچکە دەیبردەوە،… شۆفیر تاکسیەکە لەدرێژەدا وتی لەبەر خۆمەوە وتومە خۆزگەم بە خۆی کە دەڕواتەوە بۆ ماڵەوە و دەچێ تەخت لەناو جێگاکەیدا لێی پاڵدەکەوێ و، دەخەوێ! پاشان لەبەر خۆیشیەوە یەک دوو جوێنی حواڵە کردووە، لەبەر ئەوەی پێی وابووە پیاوەکە لەجیاتی ئەوەی بەرەو ئەوبەر پردەکە بڕوات، دەبوایە بەرەو ئەم بهاتایە و تاکسییەکەی ئەمی بەکرێ بگرتایە و ئەوسا پێکەوە هەر کامەی بەرەو ماڵی خۆیان دەبوونەوە. ئەم بە خۆشی و ئەویش بە سڵامەت!

پۆلیس هەموو ئەمانەی لای خۆی نووسیوەتەوە و بگرە لە هەر چواریان بە زیاتریش لێکۆڵینەوەی کردووە. بەڵام نە سەروسەکوتی ئەم چوارە و نە جۆری گێڕانەوەی رووداوەکە هیچ سەرەداوێک سەبارەت بەوە نادەن بە دەستەوە کە یەکێک لەم چوارە تاوانباری ونبوونی پیاوی سەر پردەکە بێت. بگرە پۆلیس چووەتە سەر پردەکە و لەوێیش بەتایبەت رێک لە ناوەڕاستی دا ئەوەی پێویست بێت بۆ بینینەوەی بەڵگە و سەرەداوێک، کردوویانە، بەڵام دەڵێی پیاوەکە کتوپڕ بووە بە دووکەڵ و چووە بە ئاسمانا، هیچ شتێک لەبەر دەستدا نیە کە پیشانی بدا بەڕاستی چی بەسەر سێبەرەکەی بەیانیی زووی رۆژێکی پاییزە لەسەر پردەکەدا هاتووە.

بەڵام ئەو ژنەی لەوبەر پردەکە چاوەڕوانی پیاوەکە بووە، پێی وایە یەکێک لەو چوار کەسە سێبەرەکەیان کوشتووە. خۆی گوتەنی بەڵگەیشی هەیە! سەبارەت بە دڵدارەکان دەڵێ ئەوان کوشتوویانە چونکە ئەو دووانە بە دزییەوە یەکتریان خۆش ویستووە و بەو بەیانییە زووە پیاوی سەر پردەکە بینیونی و بۆیە ئەوانیش بۆ ئەوەی حەیا و ئابڕویان نەچێ و لە لای خەڵکی باسیان نەکرێ، لە پردەکە فڕێیان داوەتە خوارەوە و لەناویان بردووە. دەڵی خۆ لەم شارە نەک پۆلیس بگرە تەنانەت سوپایش زراوی ئەوەی نیە بچێ ناو رووبارەکە بپشکنێ بۆ ئەوەی تەرمەکەی بدۆزێتەوە. یان دەڵێ گەر ئەو دووانە نەیانکوشتبێ، ئەوا سپوورەکە کوشتوویەتی. کوشتوویەتی چونکە پیاوەکە جگەرەکێشێکی سەیر بووە و ئەمە رقی سپوورەکەی هەستاندووە، بۆیە لەناکاو و لە پشتەوە بە دەسکی درێژی گسکەکەی، کە لە دارگوێز بووە، لە پشتە ملی داوە و گیانی لێ ئەستاندووەو فڕێی داوەتە ناو رووبارە پیس و لێڵەکەوە. هەروەها لە درێژەی قسەکانی دا دەلی گەر ئەویش نەیکوشتبێ ئەوا بێگومان شۆفیر تاکسییەکە کوشتوویەتی، چونکە پیاوەکە نەیویستووە سواری تاکسییەکەی بێت و بە پێ رۆیشتووە.

پۆلیس هەڵبەت سەرەڕای ئەوەی هێشتا تەرمەکە و بکوژەکەی نەدۆزیوەتەوە، بەڵام لە چەند شت دڵنیایە: یەکەم ئەوەیکە سێبەری سەر پردەکە پاڵتۆ و کڵاوی پێ بووە (چونکە دڵدارەکان و سپوورەکە لە چاو شۆفیر تاکسییەکە دەبنە سێ کەس و بۆیە سێ کەس بەڵگەمەندترە تا یەک)، دووهەم ئەوەیکە پیاوەکە رێک لەناوەڕاستی پردەکەدا ون بووە (هەموویان باسی ئەمە دەکەن)، بەڵام هاوکات لە سەر سێ شت بەردەوام نادڵنیایە و بۆیە لەسەری خەریکی لێکۆڵینەوەو بیرکردنەوەی زیاترە: یەکەم ئەوەیکە پیاوەکە (گەر دڵدارەکان راست بکەن) بۆ دەستی بەرەو ئەوبەر راداشتووە؟… بۆ جاروبارە راوەستاوە و بەسەر نەردەکەدا شۆڕبووەتەوە و ئاخی هەڵکێشاوە؟ دووهەم، (گەر سپوورەکە راست بکا) بۆ بە شەق لە وردە شتی هەڵداوە و بگرە دانەویوە و شتێکی هەڵگرتووەتەوە و فڕێی داوەتە ناو ئاوەکەوە؟ سێهەم (گەر شۆفیر تاکسییەکە درۆ نەکا) بۆ بەو بەیانییە زووە و لەسەر ئەو پردە خەتەرە خەونووچکە بردوویەتییەوە؟

هەڵبەت پۆلیس لەیەک شتی تریش دڵنیایە، ئەویش ئەوەیکە چونکە سێبەرەکە بەو بەیانییە زووە لە ناوەڕاستی پردەکە کتوپڕ ونبووە، ئەوا ژنە چاوەڕوانەکەی ئەوبەریش بێ تاوانە و هیچ گوناحێکی نییە.

لە کۆتاییدا پۆلیس لە راپۆرتێکی چیرۆک ئاسادا دەنووسێ:

“چونکە دڵدارەکان خەریکی ماچکردنی یەکتربوونە و ئێمە دەزانین کە بە گوێرەی نەریتێکی کۆن و لەمێژینە لە کاتی ماچکردندا کەس ناتوانێ کەسی تر بکوژێ،… چونکە سپوورەکە نەخۆش بووە و بەردەوام زەینی نوقم و کەیلی رووداوێکی گەورەی مێژوویی لە کاتی کارکردندا بووە،… هەروەها چونکا شۆفیر تاکسییەکە خەونووچکە بردوویەتییەوە و هەر بەم هۆیەوە تەنانەت نەیتوانیوە لێکی بداتەوە کە پیاوی سەر پردەکە لە راستیدا پاڵتۆ و کڵاوی لەبەر و لەسەردا بووە یان نا، هۆکاری کوژران، یان باشتر بڵێین هۆکاری ونبوونی پیاو یان سێبەری سەر پردەکە دیار نیە. ئێمە لێرە بە شێوەی کاتی هەتا بەڵگەی تر دەستدەکەوێ، فایلەکە دەبەستین. هەر کە بەڵگە یاخود رێوشوێنی تر لە سەر ئەم فایلە ئاڵۆزە دەستکەوت، ئەوا دەستبەجێ دەکرێتەوە و هەوڵدەدرێ بکوژی پیاوی سەر پردەکە بدۆزرێتەوە!”

چەمە لیخن و لێڵەکەیش وەک هەمیشە بەردەوامە.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئەم چیرۆکە لە کتێی “نیشتمان بە زمانی با دەدوێ” چاپ کراوە.

خوێنەری هێژا، ئەم چیرۆکە بە شێوەی دەنگ گوێ بگرە > سێبەری سەر پردەکە

نوشته های مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *