فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

رەشەبا

کات 09/05/1399 1,313 بازدید

رەشەبا

دیسان رەشەباکە هەڵیکردەوە. بە هەرچی هێزیەتی بە شەقامەکاندا دادەگەڕێ، خۆی بە کۆڵانەکاندا دەکا و وەها لە جەستەی رێبوارانیش دەئاڵێ کە دەڵێی کەسێکی نادیار بە زۆر بەرەو ئەو شوێنەی خۆی دەیەوێ راپێچیان دەکا. خۆراگرتن چیتر مانای نەماوە. منیش دیسان جانتاکەم کە بۆ رۆژێکی وەها ئامادە کردەبوو دەدەمەوە بە کۆڵمدا، پێڵاوەکانم هەڵدەکیشم و دەمەوێ بڕۆم کە دیسان دایکم خۆی بە قاچەکانمدا دەداتەوە و دەڵێ تکایە… تکایە نا!

من کە لە نێوان رەشەبا و نزاکانی دایکم مابوومەوە، گوتم ئەی چی بکەم؟… ها! رەشەبا بە تووش سەرئێشەمەوە دەکا و ناهێڵێ هەناسەبکێشم،…ژیان ئیتر لێرە مەحاڵە،… دەبێ بڕۆم!

بەڵام دایکم واز ناهێنێ. ئەوسا منیش ئارام جانتاکەم دادەنێمەوە و بەرەو ژوورەکەی پشتەوە دەگەڕێمەوە،… ژوورە هەمیشەییەکە. لەوێ پەنجەرەکە و دیوارەکان چاوەڕوانم بوون. من لە خۆڕاگریی ناو ژوورەکان بێزارم.

دیسان دایکم بردییەوە.

من هەموو ئەو رۆژانە لە ژوورەکە لە کاتێکدا کتێبم دەخوێندەوە و لە دیوارەکان رادەمام، گوێم بۆ لوورەی رەشەباکە هەڵدەخست. دایکشیم لە هۆڵەکە دڵنیا لەوەی من لە ماڵەوەم و رەشەبا نەیڕفاندووم، دانیشتبوو و وەک هەمیشە لەسەر بەرماڵەکەی دۆعای دەکرد کە خوایە گیان بەڵکو ئەمجارە دوواجاری رەشەبا بێت!  دایکم ئاگای لە سەرئێشەکانی من نیە.

بەڵام مەگەر خوا گوێی لە نزاکانی دایکم دەگرت و ئەم فش و هووڕەی با تەواودەبوو. مامۆستاکەمان لە قوتابخانە دەیگوت لەبەر ئەوەی شارەکەمان رێک لە سەر سنووری گەرمێن و کوێستانە ئەوا قەت لە رەشەبا رزگارمان نابێ و هەتا هەین دەبێ لەگەڵیا بژین. من دەستم هەڵبڕی و گوتم ئەی گەر کەسێک نەتوانێ لەگەڵیا بژی چی؟ ئەویش لە کاتێکدا سەیری لاپەڕەی کتێبی جۆگرافیاکەی دەکرد گوتی لێرە وەڵامێک بۆ ئەم پرسیارە نابینمەوە، رەنگە وا باشترە لە مامۆستای مێژوو بپرسم.

بەڵام مامۆستای مێژوو ئەوەندە ناوچاو تاڵ و ئەوەندە مڕومۆچ بوو کە کەس نەیدەوێرا پرسیاری لێبکا. ئەو تەنیا حەزی دەکرد قوتابییەکانی گوێی لێبگرن و رستە بە رستەی قسەکانی هەڵبگرنەوە. دەیگوت لەبەر ئەوەی مێژوو بەسەرهاتی ئەو رووداوانەیە وا روویانداوە و چیتر هیچیان لەگەڵ ناکرێ، بۆیە واباشترە قوتابی تەنیا گوێ بگرێ و هیچی تر. دەیگوت مێژوو یەعنی لەبەرکردن. ئێمەیش گوێمان دەگرت و لەبەرمان دەکرد. بەڵام مەگەر رەشەباکە دەیهێشت؟ بۆیە رۆژێکیان جورئەتم بەخۆمدا و گوتم مامۆستا ئەم پرسیارەی من دەیکەم راستە لە بنەرەتدا پێوەندیی بە جوگرافیاوە هەیە و نەک بە مێژووەوە، بەڵام گەر کەسێک رەشەبا تەحەمول نەکا چی بکا باشە؟ مامۆستا کەمێک لێم راما، ئەوسا لە پەنجەرەکەوە سەیری دەرەوەی کرد و درێژەی بە دەرسەکەی دایەوە. بۆ سبەی مودیر بانگمی کرد بۆ ژوورەکەی و بە تاوانی قسەی بێ سەرەبەرە و بە دوور لە هەر چەشنە پێوەندییەک بە دەرسەکەمەوە بیست شووڵی چاکی لە دەستەکانم سرەواند. من کە لەپی دەستەکانم دەکزانەوە و هەڵماسیبوون، زانیم کە بەڕاستی رەشەبا هیچ پێوەندێکی بە دەرسی مێژووەوە نیە.

رۆژێکیان مامۆستای مێژوو وانەی شەڕی دووڕگەی فارسی لە سەرەتاکانی دەیەی نەوەدی زایین لە سەدەی رابردوودا دەگوتەوە. گوتی کە لە دووای کۆتایی هاتنی شەڕی ئێران و عێراق، دەوڵەتی بەعس هێرشی کردە سەر کووەیت لەبەر ئەوەی عیراق سەدو سی میلیارد دۆلار بە کووەیت بە هۆی شەڕ لە گەڵ ئێران قەرزداربوو، جا چونکە سەددام شەڕی خۆی لەگەڵ ئێران بە قازانجی وڵاتانی عەرەبی دەبینی داوای دەکرد ئەم قەرزەی پێ ببەخشن و کووەیتیش قبوڵی نەکرد. بۆیە سەدام بە لەشکرێکی زۆرەوە هێرشی کردە سەر ئەم وڵاتە و داگیری کرد. دوواتریش ئامریکا کە چاوەڕوانی وەها هەلێک بۆ ئازادکردنی جڵەوی هێزی زەبەلاح و بێ وێنەی خۆی بوو، دەرفەتەکی قۆستەوەو هێرشی کردە سەر هێزەکانی سوپای عێراق بەمەبەستی دەرکردنیان لە کووەیت و ئەم چالاکییە سەربازییەیان ناو نا ‘تۆفانی سەحرا’. هەر ئەمەی گوت من دەستبەجێ پەڕیمە ناو قسەکانی و بە دڵخۆشییەکی سەیرەوە گوتم ئەی ئەوە نیە باسی تۆفانە، کەواتە رەشەبا پێوەندی بە مێژووەوە هەیە. مامۆستاکە دیسان لێی رووانیمەوە و لە پاش ئەوەی لە پەنجەرەکەوە سەیرێکی دەرەوەی کردەوە، دیسان درێژەی بە قسەکانی دایەوە. بۆ سبەی دیسان مودیر بانگی کردمەوە بۆ ژوورەکەی خۆی و ئەمجارە لە جیاتی بیست قەمچی، چلی لێدام. بەڵام ئەم جارەیان من بە پێچەوانەی جارەکەی پێشوو لە سەداسەد دڵنیا بووم کە رەشەبا تەواو بە مێژووەوە رەبتی هەیە.

لە دەرەوە هەر دەنگی رەشەبا تەواو نابێ. مێژوویش کە تێپەڕیوەو هیچی لەدەست نایەت. جاری وایە هەست دەکەم لەگەڵیا لوورەی گورگیش تێکەڵە. جوان گوێ هەڵدەخەم. ئا، دڵنیام ئەوانیشن. بۆ سبەی کە دەرسی ژینگە ناسیمان هەیە بە مامۆستاکەمان دەڵێم بۆ دەنگی رەشەبا و گورگ لە یەک دەچن. مامۆستا دەڵێ رەنگە لەبەر ئەوەی گورەکان لە کاتی رەشەبادا لە دایک دەبن و یەکەمین دەنگ کە دەیبسیتن دەنگی لوورەی رەشەبایە. من کە ئیستا بیانووم بۆ سەفەر زۆرترە دیسان جانتاکەم بە کۆڵمدا دەدەمەوە و ئەمجارەیان بە دایکم دەڵێم تۆیش لەگەڵم وەرە. دایکم کە لای وایە دونیا تەنیا بریتییە لە شارەکەی ئەو، چاوەکانی پڕ لە فرمێسک دەبنەوە و دەڵێ بەڵام من حەزدەکەم لێرە بمرم. دەڵێم قسە لە سەر ژیانە نەک مردن، کە مردین ئیتر لە هەر کوێ بێت چ فەرق دەکا. دایکم وەک مامۆستای مێژوو تەنیا بێدەنگ دەبێ و لە پەنجەرەکەوە سەیری دەرەوە دەکا. بەخۆشییەوە بەو جیاوازییەوە لە ماڵی ئێمە مودیرێکی تری لێ نیە تا لەم کاتانەدا بە تاوانی قسەی بێ سەرەوبەرە بیست یان چل شوڵی مزرم تێسرەوێنێ.

سەرئەنجام رۆژێک دایکم رازی دەکەم و لەگەڵم دەکەوێ. جانتایەک بۆ ئەویش دەکڕم و پێکەوە لە بەیانییەکی پاییزییدا بەڕێدەکەوین. لە دووای یەک رۆژ رێگاکردن ئەوەندە دووردەکەوینەوە کە چیتر گوێمان لە دەنگی رەشەبا نامێنێ. دەڵێم دایە ئاوا خۆشتر نیە؟… ئاگات لێیە ئیستا گوێمان لە شتی تریشە. دایکم پڕ بە جانتاکەدا دەکا، روخساری خۆی تیا نوقم دەکا و هۆڕە هۆڕ دەستدەکا بە گریان. من کە دەزانم هەستی غەریبی گرتوویەتی و بیری نیشتمان دەکاتەوە، دەڵێم دایە نیشتمان جاری وایە دەبێ بە مێژوو و مێژوویش هی رابردووەو بۆیە تەنیا دەبێ لەبەری بکەین و بەس. دایکم کە لە قسەکانم تێناگا لەبەر من دەست لە گریان هەڵدەگرێ و دیسان شوێنم دەکەوێتەوە.

ئەوەندە دەڕۆین دەگەینە سنووری کووەیت. من کە بە چاڵەکانی ئەنفال و جێی بۆمبەکان و بە پاشماوەی تەرمی سەربازە عێراقییەکان دەیناسمەوە و دەزانم رێگام هەڵە کردووە، بۆ دڵخۆش کردنی دایکم دەڵێم ئەوەندەمان نەماوە بگەینە مەککە و مەدینە، مەگەر تەواوی تەمەنت حەزت نەدەکرد بچیت و زیارەتیان بکەیت! ئیستایش ئەو دەرفەتە رەخساوە. دایکم بزەیەک دەیگرێت، دادەنەوێ و چەند بەرد دەخاتە گیرفانییەوە و بەڕێ دەکەوینەوە.

لە مەککە ماڵی خودا رەش رەش دەبریسکێتەوە. دایکم لە خۆشیانا رادەکا زوو بیگاتێ، بەڵام چەند پاسەوانی مل پانی گۆپاڵ بەدەست دەیگێڕنەوە و داوای پووڵ و داوای پسولەی لێدەکەن. دایکم لادەکاتەوە و بە سەرسوڕمانەوە لە من دەروانێ. من کە عەرەبی نازانم دەستی دەگرم و دەگەڕێینەوە. دایکم دەڵێ حەیفی ئەو بەردانەی ئەو هەموو رێگایە خستمە گیرفانمەوە بەتەمای رەجمی شەیتان. من پێدەکەنم و دەڵێم ئەمجارە بەرەو باکوور دەڕۆین. دایکم کە نازانێ باکوور چییە دەڵێ بۆ کوێ!؟ دەڵێم بەرەو کوێستان، ئێرە گەرمێنە و دەچین بۆ کوێستان. دووای چەند رۆژ دەگەینە شارێکی خۆش. شارێکی چراخانی بەو شەقامانەوە پڕی خانمی مۆدە. دایکم بە سەری پێنج پەنجەی دەستی راستی روومەتی دەگرێ و دەڵێ ئەیەڕۆ منت هێناوە بۆ وڵاتی کافرستانی!؟ دەڵێم دایە داخۆ لە رەشەبا باشتر نیە؟…

سەرئەنجام لە دووای بێنە و بەرەیەکی زۆر خانوویەک دەگرین و ژیانێکی نوێ دەست پێدەکەین. چەند مانگێک گوزەرا. رۆژێک کە بۆ کڕینی میوە و سەوزە چووبوومە دەرەوە، لە راستە شەقامەکدا لووتم بە لووتی مامۆستای مێژوودا تەقییەوە. مامۆستا بە پێچەوانەی نیشتمان زۆر رووی خۆش بوو و لە دووای ئەوەی دەستی لەگەڵ لێدامەوە گوتی ئەوە لێرە چیدەکەی. منیش هەر ئەو پرسیارەم لەو کردەوە. ئەوجا زانیم کە ئەویش وەک من وازی لە نیشتمان هێناوە و ماوەیەکی باشە لێرە دەژی. من کە بە هۆکارێکی سەیر شەرمم شکابوو پێم گوت ئیستا دەزانم بۆ وەڵامت نەدەدامەوە. پێکەنی و گوتی گەر رێگاکان لە قاو بدەین ئەوا رێی خۆشمان لێدەگرن. گوتم ئیستا چ کارێک دەکەی، بەردەوام مامۆستای مێژووی؟ پێکەنی و وتی هەروا بەردەوام گەمژەی! مامۆستای چی و مێژووی چی، تاکسییەکم هەیە و بەخۆشییەوە بە جوانی ژیانمی پێ دەگوزەرێنم.

شەو سەیری لەپی دەستەکانم دەکەم. لەمێژە نە ژانیان ماوە و نە شوێنی تووڵەکەیان چیتر پێوەماوە. لە درزی دەرگاکەوە لە دایکم دەڕوانم کە نوقمی خەوە.

خۆشحاڵم لە رەشەبا رزگارم بووە، ئەگەرچی دایکم جاری وایە دەیهێنێتەوە بەر باس و بیری لێدەکاتەوە. بزەیەکم دێتێ و بەمەیش خۆشحاڵم!

پێم وایە رەشەبا تەنیا بە مێژووکردنی دەفەوتێ و بەس.

فەڕۆخ نیعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *