فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

گۆڕان بە بێ یەکگرتوویی

کات 15/06/1399 1,294 بازدید

دەگوترێ خەڵکێکی کەم بیردەکاتەوە و زۆرینەی هەر زۆریش شوێن دەکەوێ. رەنگە ئەمە بۆ سەردەمانێک دەیخوارد، ئەمڕۆکە وەزع گۆڕاوەو دەتوانین بڵێین خەڵکێکی کەم خاوەن دەسەڵاتن و زۆرینەی هەر زۆریش شوێن دەکەون.

دەسەڵات و هێز جێگای بیری گرتووەتەوە. ئەوەندەی هێز دەتوانێ شەرعیەت ببەخشێ، بیر نایبەخشێ. تەنانەت مەرج نیە هێز خاوەن بیریش بێت، تەنیا ئەوەندە گرینگە بتوانێ بیسەلمێنێ جێگرەوەی نیە و بۆ ئەوەی ئەم جێگرەوەیەیش نەبێ دیسان لە رێگای هێزەوە کاردەکا. بەو مانایە هێز دەتوانێ بە زەبروزەنگ کەسی بەرامبەر لە مەیدان بەدەربکا و ئەوسا بە رێکلامە ئەوەی خۆی باوبکاتەوە ئەگەرچی ناتوانێ هەمان بیر بکاتەوە بە بیری زۆرینە. لە راستیدا بۆ زاڵ بوون پێویست ناکا بیرەکەیشت زۆرینە بێت.

بەڵام هێز تەنیا لە رێگای زەبروزەنگەوە ئیش ناکا. زەبری پارە و پوڵ ئەمڕۆکە یەکجار دەور دەگێڕێ. ئەمڕۆکە پارە و سەرەوت و سامانێکی یەکجار زۆر لە لایەن دەسەڵاتەوە قۆرغ دەکرێ و بەم سامانە دەتوانن وەها بەشێکی گرینگ لە جەماوەر بە دەورەی خۆیانەوە گرێبدەن کە بتوانن تەمەنیان بۆ بپارێزن. بەم شێوەیە سەروەت و سامان دەبێ بە بەشێک لە پرۆژەی هێز و ئەوەندەی تر پاشەکشە بەبیر دەکا.

کاتێک لۆژیکی پوڵ زاڵدەبێ، کاتێک هەستدەکەین زیاتر لە هەر کاتێکی تر دۆخی ماددییە دیاری دەکا کێ لە کوێ راوەستاوە و چەندە خاوەن هێزە، بیر ئەوەندەی تر بەرەو پلەکانی خوارەوە دادەبەزێ و، پانتایی سیاسەت کە شوێنی گەمەی بیریشە زیاتر خۆدەداتە دەست هێز و دەست پارە.

سەردەمانێک ئانتۆنیو گرامشی باسی لە گرینگیی ئایدیۆلۆژیا لە بەرهەمهێنانەوەی دۆخی باو کرد. ئەمڕۆکە دەسەڵاتی چینی خاوەن هێز لە رێگای بەرهەمهێنانەوەی خودی ئایدیۆلۆژیای چینی خاوەن هێزەوە بەرهەم ناهێنرێتەوە ئەوەندەی کە لە رێگای بەتاڵکردنەوەی لایەنی بەرامبەر خۆی بەرهەم دێنێتەوە. واتە ئەگەرچی ئایدیۆلۆژیای باو خاوەن هێزی جاران نیە، بەڵام بەردەوام خاوەن هێزی بەتاڵکردنەوەی لایەنی بەرامبەرە. کەواتە ئێمە لەسەردەمێکدا دەژین کە هێزی جێگر جارێکە توانای خۆخەمڵاندنی نیە و هەتا جێگریش نەبێ، هیچ گۆڕانێکی بنەڕەتی روونادات.

هەستدەکەین لە قەیرانی دۆخێکدا دەژین کە هەتا دێت زیاتر بەرزەخ ئاسابوونی خۆی دەردەخا. بەرزەخێک کە بە لای دۆخی جاراندا زیاتر دەیشکێنێتەوە هەتا دۆخی داهاتوو. تەنانەت ئەو لامەرکەزییەتەی جیهانی نێت و تکنۆلۆژیای پێوەندی دروستی کردووە، چەندە لە بێ هێزکردنی ئایدیۆلۆژیای باو دەوری گێڕاوە رەنگە لەوە زیاتر لە بێ هێزکردنی رەوتی سەرهەڵدانی ئایدیایەکی جێگری یەکانگیر دەوری گێڕابێ. هەست دەکەین هیچ شتێک ناتوانێ وەک جاران کۆمان بکاتەوە، هەست دەکەین سەرەڕای هەموو دژبوونەکانمان دژی دۆخی باو، بەڵام ئەوەندە پچڕپچڕ و بێ شکڵ و شێوەین نەبێتەوە. ئەمەیش تا هەنووکە بە قازانجی ئایدیۆلۆژی خاوەن دەسەڵات شکاوەتەوە.

رەنگە بڵێن زۆر باشە کەواتە دەتوانین بۆ دەربازبوون لەم دۆخە یەکبگرین، بەڵام کێشە ئەوەیە چیتر یەکگرتووییەک نەماوە. جۆرێک لە بەتاکبوون و لە بە گروپ بوون هەموو جیهانی تەنیوەتەوە، لە هەمووشیان زیاتر خەسڵەتی بە تاکبوونەکەیە. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەجوانی ئەم دیاردەیە دەردەخەن.

لە خۆوە نەبوو پۆست مودێڕنەکان دەیانگوت ئایدیۆلۆژیا مرد. ئیستا پرسیار ئەوەیە داخۆ بە بێ ئایدیۆلۆژیا کە خاوەن هێزی یەکخستن و رێکخستن بوو، داخۆ دەتوانین بیر لە گۆڕان و لە هێزی ئاڵتەرناتیڤ بکەینەوە؟

واپێدەچێ سەردەمی ئێمە سەردەمی گۆڕانە بە بێ ئایدیۆلۆژیا. یاخود سەردەمی گۆڕانە بە حوزوری هەموو ئایدیۆلۆژییەکان تەنانەت ئەوەی وا خاوەن دەسەڵاتیشە. تەنیا ئەوەندەی کە دەبێ زیاتر پشوودرێژ بین بۆ ئەوەی سەرئەنجام ئەو رۆژە بێت.

راستە ئایدیۆلۆژیای باو دەتوانێ بەر بە هاتنی ئایدیۆلۆژیا تازەکان وەک جێگری خۆی بگرێ، بەڵام ناتوانێ بەر بە بەتاڵبوونەوەی خۆی بگرێ. بەهەرحاڵ ئایدیۆلۆژیا بۆ مانەوەی خۆی دەبێ سەرئەنجام بتوانێ خۆی بەرهەم بێنێتەوە نەک ئەوەی تەنیا بتوانێ بەر بە جێگری خۆی بگرێ.

بۆیە گۆڕان هەر دێت و ژیان وەک جاران قەت نامێنێ. لۆژیکی گۆڕان لە لۆژیکی راوەستان بەهێزترە. تەنیا ئەوەندەی کە لەم سەردەمی ئێمە شێوازی تری بەخۆیەوە گرتووە.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *