فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

تەنیا دەنگ، دەنگ دەخنکێنێ

کات 20/09/1400 699 بازدید

تەنیا دەنگ، دەنگ دەخنکێنێ

خولە لە سەردەمی منداڵی زۆر درەنگ زمانی گرت. ئارام و بێدەنگ بوو. تەنیا بە چاو پەیوەندی دەگرت و گەر شتێکیشی بویستایە ئەوا دەستی بۆ رادەکێشا و بە ئم ئمێکیش پێی لەسەر ددەگرت. دایکی و باوکی، بەتایبەت دایکی خەمێکی زۆری لێهاتبوو. دەیگوت لەم سەردەمەدا مرۆڤی کەمدوو و بێ زمان قوڕ دەکرێ بە سەریا. هەر بۆیە چووە لای نووشتەنووس و کە چاریشی نەهات بە تێبینی مامۆستای قوتابخانە، کە کرێچیی دراوسێکەیان بوو، رووی کردە دکتۆریش. کاکی دکتۆر لە پاش پشکنینێکی باش و دڵنیا بوون لە سیحەتی خولە، پێی گوتبوو هیچی نیە و بۆ خۆی کەمکەم زمانی دەپشکوێ. نووشتەنووسەکانیش لەپاش نووسینی چەند دێڕی خواروپێچ و شاردنەوەی لە تیکە پەڕۆیەکی سێگۆشی مەیلەوزەرد و جاری وابوو رەش، گوتبوویان چاوەڕێی رەحمەتی خودا بێت و ئینشاڵڵا شیفا بە نسیبی دەبێ.

کەس نازانێ قسەی دکتۆرەکە بوو یا نووشتە یەک لە دووای یەکەکان کە خولە کتوپڕ زمانی پشکوت و، ئەمجارە ئەوەندەی دەگوت کە مێشکی سەری پیاوی دەبرد!

ئیتر لە خولە بێدەنگەوە ناویان نا خولە چەقەنە. خولە وەک بڵێی دوواکەوتبێ، ماڵ وێران ئەوەندە بێ هۆ و بە هۆ دەیگوت و دەیگوت کە ئەوەندەی پێ نەدەچوو دەوریان چۆڵدەکرد و جێیان دەهێشت؛ بەڵام خۆ مەگەر بەمەیش وازی دێنا. دیسان بەردەوام دەبوو و، ئەمجارە لەبەر خۆیەوە جوێنی دەدا و بە دەنگی بەرز، بێ ئەقڵی و کەلەپووتیی خەڵکەکەی دەدایە بەر لێکدانەوە.

زەمانە وەک هەمیشە تێدەپەڕی و خولە لە دووای ئەوەی لە نیشتمان ئاڵوگۆڕێکی گەورە رووی دا و خەڵک گوتەنی مەلا جێگای پاشای گرتەوە، کتوپڕ تڕکنی لێ دەرچوو! ئەمجارە بە داخەوە نە باوکی مابوو و نە دایکی کە بیبەنە لای دکتۆر یاخود نووشتەنووس. خولە کە چەند کلاسێک دەرسیان پێ خوێندبوو و ئیتر خەریکی ئیشی سەرپێیی ناو بازاڕ بوو و هەمیشە دەمنەیەکی بە لالێوەوە بوو، بۆخۆیشی یان ئەقڵی پێ نەدەشکا، یان نەیدەویست بچێتە لای دکتۆر و نووشتەنووس. بۆیە هەروا درێژەی بە ژیانی دەدا. هەر ئەوەندەی کاتێک بای لێ دەبووەوە هاواری دەکرد کە “ئەها!” وەک بڵیی دەیویست بە دەنگ دەنگ بخنکێنێ.

خولە، کە سەرەتا کەمێک ئەمەی لا عەیب بوو و هەوڵیدەدا لە لای خەڵکی بای لێ نەبێتەوە، بەڵام هەوڵەکانی بێسوود بوون و خۆی چی پێ رانەدەگیرا و ئیتر بەری لێ بەرەڵڵا دەکرد. “حەک خوا غەزەبت لێبگرێ!”، “بەخوا کابرایەکی سووک و سەلیمە!”، “وەی لەم قن دڕاوە!” و “بێ ئەخلاقی تڕکن!” لەو جۆرە رستانە بوون کە خولە بەردەوام گوێی لێدەبوون؛ بەڵام چ بکا کە بە دەست خۆی نەبوو. چەند جارێک لەم لاولا باسی کردبوو و گوتبووی هی ئەوەیە لە بان لە کاتی بەفرڕاماڵین دا کەوتووەتە خوارەوە و ئیتر کەمەری شل بووە.

خەڵکی وەک چۆن بە بێدەنگی و چەنەبازیی خولە راهاتبوون، هەر بەو شێوەیەیش بە تڕکنییەکەی عادەتیان گرتبوو. بۆیە کەس بەو شێوەیە گوێی نەدەدایە، مەگەر ئەوانەی وا بۆ یەکەم جار گوێیان لێی دەبوو.

لەو لایشەوە راستییەکەی ئەوە بوو کە لە ژیانی رۆژانەدا، لەو کاتەوە نیشتمان شۆڕشی تیاکرابوو و، حکومەت گۆڕابوو، هەر رۆژەی شتێک ناخۆش و سەیروسەمەرە روویدەدا. کارەسات لە دووای کارەسات، بەزم لە دووای بەزم. وەک بلێی دونیا لە گرێژنە دەرچووبوو. خولە زۆر جار لەبەر خۆیەوە دەیگوت بەزنەبوو ژنم نەهێنا و بە رەبەنی مامەوە، بەخوا ئیستا ماڵ و منداڵم هەبووایە دەبووم بە پەندی زەمانە، جا وەرە ژن و منداڵ تێرکە و منداڵیشت لەم جەنگەڵستانەدا خوانەخواستە بەڵایەکی بەسەردا نەیەت!

بەڵام خولە تڕکن، ئاگای لەوە نەبوو کە بەزم و بەڵا بە زۆر و بۆریی بنەماڵە نیە و، گەر هات و رووی تێکردی، ئەوا وەک چۆن بزمار بە تەختەدا دەکوتی، ئاوەها بە چارەنووستەوە دەلکێ و بەزەحمەت هەڵدەکەندرێتەوە.

رۆژێکیان کاتێک خولە وەک هەمیشە لە بازاڕ خەریکی مامەڵە بوو و خەنی لەوەی خێرێکی باشی کردبوو، پارەکەی خنیە گیرفانی و بە مەبەستی تارەتگرتن روویکردە مزگەوت. لە ناو ئاودەستە بۆگەناوییەکانی مزگەوتی جامیعەی شار لێی هەڵتروشکابوو کە زرمەیەکی یەکجار سەیر و گەورە رایتڵەکاند. وەک بڵێی دونیا بە سەریا بڕوخێ. لە بن میچەکانەوە تەپ و تۆز بەرزبووەوەو هەندێ خۆڵیش بە سەرو ملیدا هەڵوەری. لە دەرەوە بوو بە هاوارهاوار. خولە کە تەواو نەببوو، هەروا خۆی مڵاس دا و لەبەر خۆیەوە گوتی کوڕە دوواتر هەر دەزانم چی بووە. ئەوەندەی نەخایاند کە گوێی لە هاڕەی ماشین بوو و لە ناو مزگەوتیش بوو بە هەراهەرا. وەک بڵێی خەڵک خۆی پیادەکەن و هەڵاتهەڵاتیانە و دەیانەوێ خۆیان لە چنگی شتێک رزگار بکەن. خولە کە جوان گوێی هەڵخست، ئاگای لێ بوو کەسانێک بە زمانی فارسی هاواردەکەن و دەنەڕێنن: “بگیریدشون!”، “نذارید فرار کنن!”… “توالتها رو بگردید!”

هێشتا ئەم رستەیەی دووایی تەواو نەببوو کە کتوپڕ یەکێک دەرگاکەی بەسەردا کردەوە و نووکی تفەنگێکی زەلام خرایە سەر ناوچاوانی خولە کە هێشتاکە بە گەڵ و قنی رووتی هەڵتروشکابوو. کابرای جل بەڵەک بە سەریا نەڕاندی کە “پدر سوختە تروریست پاشو!” خولە کە سەرەتا حەپەسابوو، ئەوەندەی پێنەچوو دەستبەجێ رابوو، بە بێ ئەوەی بتوانێ خۆی بشوا پانتۆڵە کۆنەکەی بە شێواوی هڵکێشاو بەنەخوێنەکەی بەست و بە ترس و لەرز لە ئاودەستەکە هاتە دەرەوە. هەر ئەو رۆژە لە گەڵ هەندێ خەڵکی تر کە لە مزگەوتەکە گرتبوویانن، راپێچی ئیتلاعاتیان کرد و لە ژوورێکی تاکەکەسیان خنی کە بۆنێکی یەکجار ناخۆش لێوە دەهات. بە هۆی ئەو بۆنەوە، خولە ئاگای لە بۆگەنی خۆی نەبوو.

لەوێیش ئەوەندەی نەخایاند و دوو چەکداری ریشن کێشایانەوە دەرەوە و، ئەمجارە لە ژوورێکی گەورەتردا کە تەنیا یەک مێز و یەک سەندەڵی لێبوو لە لایەن کابرایەکی قەڵەوی ریشنی مۆنی عەینەکییەوە کەوتە بەر لێپرسینەوە. کابرا نەڕاندی:

ـ اسم؟

خولە هەرچی کرد کە بیسەلمێنێ لە ناو ئاودەستەکەوە ئاگای لە زرمە بەسامەکە بووە و فڕی بە سەر ئەوەی وا لە کۆڵانی بەر مزگەوتەکەدا روویداوە نەبووە، بێسوود بوو. ئەو دووانەیش کە ئەمبەراوبەریان لێ گرتبوو هەر زوو زوو سوار سەری دەبوون و بە شەق و مشت دایاندەگرت. خولە، کە قەت بە ژیانیدا ئەوەندە نەترسابوو هەر پێی دەکرا بە دەست و قۆلەکانی سەروچاوی خۆی داپۆشێ بۆ ئەوەی بەلایەکی گەورەی بەسەردا نەیەت و سەرو گوێلاکی نەشکێت، بەڵام سەری چی و شتی چی، خوارەوە خراپتر بوو. ئەو ژانەی بە سکیا دەگەڕا لەوانە بوو لە ناو قەدیدا بیکا بە دوو کەرتەوە. ئەو سەگبابانە هەتا هێزیان تیا بوو بە شەق و بە مشت تێیان دەکوتا.

سەرئەنجام لێدان تەواوبوو و لە دووای دوو رۆژ مانەوە دەرکەوت کە خولەی داماو فڕی بە سەر رووداوی ئەو رۆژەی مزگەوتی کۆڵانەوە نەبووە کە تێیدا گوایا کابرایەکی سەر بە حکومەت بە نارنجۆک کوژرابوو. بۆیە مەرەخسیان کرد.

خولە، یەک هەفتە لە ماڵەوە مایەوە و نەهاتەدەر. ئامۆزایەکی تیماری کرد. ئامۆزاکەی هەرچی کرد نەیتوانی خولە رازی بکا بەوەی بچێتە لای دکتۆر؛ ئاخر نەکا لەبەر ئەوەی شوێنێکی شکابێ، یاخود ئازارێکی وەهای پێ گەیشتبێ کە خوانەخواستە بەرەبەرە بەتووش کێشەیەوە بکا؛ بەڵام خولە بە هیچ جۆرێک نەیدەویست لە ماڵ بچێتە دەر!

رۆژەکان دیسان وەک هەمیشە تێپەڕین و خولە بەرەبەرە چاک بووەوەو، بە تێبینی و پارێزێکی تەواوەوە روویکردەوە دەرەوە. وەک جارانیش دەستی کردەوە بە کەسابەتەکی خۆی.

بەڵام شتێکی سەیر روویدابوو. خولە چیتر تڕی بە وەخت و ناوەخت نەدەکەند! چاک چاک ببووەوە. ئەمجارە خەڵکی گاڵتەیان پێدەکرد کە سەرئەنجام لە رووداوێکی نەخوازراودا درمانی خۆی دۆزیبووەوە و شەقی پاسدار قنیان پێ قونجاندبوو! هەرچەند خولە، کە یەکجار خۆشحاڵە، پێی وایە هی ئەو زرمە ترسناکە بوو وا ئەو رۆژە لە ناو ئاودەستەکەوە گوێی لێ ببوو.

خەڵکی چی دەڵێن با بیڵێن. گرینگ ئەوەیە خولە لە دەردێکی ترسناک و حەیابەر رزگاری ببوو. ئەو، ئیستا گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە تەنیا دەنگ دەتوانێ دەنگی تر بخنکێنێ.   

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *