فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

سێ هاوڕێ و یەکی تر

کات 09/10/1400 629 بازدید

سێ هاوڕێ و یەکی تر

ئەوان سێ هاوڕێ بوون و لە گەڕەکێدا دەژیان. یەکیان لە کۆڵانی ژمارە یەک، ئەوی تریان لە کۆڵانی ژمارە دوو و سێهەمیان لە کۆڵانی ژمارە سێ. چەند ساڵ دوواتر، کابرایەکی ناقۆڵای زەلام کە کەس بە هۆی گەورەییەکەیەوە سەروبنی لێک نەدەکردەوە، هات و بۆ ماوەی چەندین مانگ بە سێبەری گەورە و گرانی خۆیەوە هەموو گەڕەکی داپۆشی. کە رۆیی، لەو سێ هاوڕێیە، بە تەرتیبی ژمارەی کۆڵانەکان، یەکیان بوو بە ئیسلامی، ئەوی تریان کومونیست و سێهەمیان بوو بە ناسیونالیست. بۆ خۆشیان نازانن بۆچی کاتێک بوون بەم شتانە، سەری خۆیان  هەڵگرت و هەتا ساڵانی ساڵ ون بوون و نەهاتنەوە. کەس نە هەواڵێکی لێ زانین و نە زانیان داخۆ ماون، مردوون یاخود چی.

سەرئەنجام، دەستی چارەنووس، لە دووای ساڵانی ساڵ، ئەگەرچی دونیا یەکجار گۆڕابوو، بە سەری سپی و دەموچاوی داتەپیو و گنج گنجەوە، لە هەمان گەڕەک یەکی خستنەوە. خەنی لەم بەیەک گەیشتنەوەیە، ماندوو، بڕیاریان دا لە چاخانە قەدیمییەکە، کە بە رێکەوتێکی سەیر وەک خۆی مابووەوە و هیچ نەگۆڕابوو، پێکەوە دانیشن. لە دووای قسە و باسێکی زۆر بەو ئاکامە گەیشتن کە تەمەنیان هی ئەوەی پێوە نەبوو نە بگەنە دەوڵەتی ئیسلامی و نە دەوڵەتی کۆمۆنیستی و نە خودموختاریش.

هاوڕێی چوارەمیان کە فڕی بە سەر ئەم شتانەوە نەبوو و لە مێزێکی نزیک لە تەنیشتیانەوە دانیشتبوو و گوێی لەم قسانە بوو، ئەو هاورێیەی لە کۆڵانی ژمارە چواردا دادەنیشت و چارەنووسی مانەوە و پیربوون لە هەمان گەڕەک بوو، گوتی من هەر لە سەرەتاوە پێم سەیربوو کە ئێوە لاتان وابوو تەمەن بۆ ئەم جۆرە شتانە دروست کراوە. ئەوان کە چاوەڕوانی ئەمە نەبوون، لایان کردەوە و بە سەرسوڕمانەوە لێێان رووانی. لە دووای رامانێکی کورت، هەر سێکیان تێکڕا بە لاملی خۆیاندا کێشا و یەک دەنگ گوتیان کە “ئەشەمبیللا وایە!”

رۆژەکان، خێراتر لەوەی حیسابیان بۆ دەکرد، تێدەپەڕین. دیسان سێ هاوڕێکە لە هەمان چاخانە کۆبوونەوە. ئەمجارە بێدەنگ بوون،… لە چاییەکەی بەردەمیان دەڕوانی، بە تەسبێحەکانیان کایەیان دەکرد و جاروبارەیش لە شووشەکانەوە لە دەرەوەیان دەڕوانی. بێدەنگ و بێ چرتە. دەنگی مێش دونیایان کاس کردبوو. لەو کاتەوە وازیان لە شێوازی ژیانی رابردوویان هێنابوو، قسەیەکی وەهایان پێ نەمابوو. یەکیان کتوپڕ وتی ئەرێ راستی هاورێکەی لاتەنیشتمان چۆن ئەم هەموو ساڵە بە بێ هیچ ژیاوە! دووانەکەی تر کێشایان بە لاملیاندا و گوتیان ئەشەمبیللا پرسیارێکی بە جێیە!

ئەوسا بەو ئاکامە گەیشتن کە راستە تەمەن بۆ ئەم جۆرە شتانە نەخوڵقاوە، بەڵام بە بێ ئەو جۆرە شتانەیش هیچ تامێکی تیا نیە. بۆیە لە جێی خۆیان جوولان و بە تەمای دووپاتکردنەوەی ژیانی جاران لە چاخانە قەدیمییەکە بە سەری سپی و روخساری گنج گنجاوی وەدەرکەوتن.

بەڵام شتێکیان کەم بوو. سێبەرێکی زەلام دەبوایە بهاتایە و دیسان بۆ چەندین مانگ و رەنگە بۆ چەندین ساڵیش بەسەر گەڕەکدا بکەوتایە.

بە چاوە پڕ لە حەسرەت و پرسیارەکانیانەوە لە یەکتریان رووانی.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *