فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

کۆڵوانە سوور

کات 13/11/1400 642 بازدید

کۆڵوانە سوور

کۆڵوانە سوور لەگەڵ ئەوەی بە گۆرانی زۆریان بەسەردا هەڵگوتبوو کە “کۆلوانە سوور تۆم دەوێ، چارۆکە سوور تۆم دەوێ”، بەڵام هەر نەیتوانیبوو شووبکات و بە تەنێ و بە کچیەتی مابووەوە. دەڵێن هۆکارەکەیشی ئەوە بوو ئەو گۆرانی بێژەی وا ئەم شیعرەی بە سەردا گوتبوو زۆر زوو لە تەمەنی لاویەتیدا مردبوو و ئیتر لە دووای ئەمە بە هۆی زڕاندنی ناوەکەیەوە، کەس نەچووبووە خوازبێنیی و، بە کچێتی مابووەوە.

بەم شێوەیە، جاری وایە جوانی دەبێتە بەڵا و هیچ چەشنە خێرێکی لێ ناکەوێتەوە.

کۆڵوانە سوور کە تەمەنی هەڵکشابوو و گنج نیشتبووە گۆشەی لێو و قەراغ چاوەکانی، بڕیاری دا لە کۆڵوانەسوورەوە ببێ بە کەواسووری بەر لەشکر. بۆ ئەم مەبەستە رووی کردە خەیاتێک و داوای لێکرد کۆڵوانەکەی بۆ بکا بە کەوا. کاکی جل و بەرگدروو، پاش کەمێک هێنان و بردنی کۆڵوانەکە، گوتی کە بچووکە و بەشی کەوا ناکا. گوتی کۆڵوانە عەیب نەبێ هەتا سەر سمت و کەممەر دێ و لە کاتێکدا کەوا سەرتاپایە. هەرچی کۆڵوانە سوور پێی لە سەر ئەوە داگرت کە رەنگی هەر دووکیان سوورە و رەنگە ئەمە بتوانێ یارمەتیی کاکی خەیات بدا، بێسوود بوو و بە هیچ شوێنێک نەگەیشت.

کۆڵۆانە سوور نەیدەزانی لە نێوان رەنگ و قەبارەدا جیاوازی هەیە.

بەڵام کۆڵوانە سوور وازی نەهێنا و بڕیاری دا جووتێک پۆستاڵی درێژ هەڵکێشێ بۆ ئەوەی قەرەبووی کورتیی کۆڵوانەکەی بکاتەوە. بۆ ئەم مەبەستە رووی کردە دووکانێکی پۆستاڵفرۆشی، جووتێک پۆستاڵی کڕی و کردیە پێی. لە دووای ئەمە چوو و لە دەرگای مێژووی دا و پاش کەمێک راوەستان کە لە چەند خولەکێک زیاتر نەبوو، دەرگایان لێکردەوە و کردیانە ژوورەوە. لەوێیش لە دووای سەعاتێک چاوەڕوانی، بردیانە هۆڵێکی گەورەوە کە سوڵتان ئورخانی عوسمانی بەتەواوی هەیبەت و شکۆی خۆیەوە لەسەر کورسی پاشایەتی پاڵی لێدابووەوە و، دانیشتبوو.

کۆڵوانەسوور بەسەرهاتەکەی خۆی بۆ سوڵتان گێڕایەوە و بەم رستەیەی کە “دەمەوێ ببم بە کەواسووری بەر لەشکر”، کۆتایی بە قسەکانی خۆی هێنا.

سوڵتان بە نیگایەکی وردەوە سەرتاپا لێی رووانی و، گوتی “جا پێت وایە بەم تەمەنەوە و بە ژنیەتی خۆتەوە، بتوانی پێش لەشکری من بکەوی و رێگا بکەیتەوە و ریزی دوژمن بشکێنی؟”

کۆڵوانەسوور کە چاوەڕوانی وەها قسە و پرسیارێکی نەدەکرد، کەمێک تیایا مایەوە و، ئەوسا گوتی “قوربان خۆ لانیکەم دەتوانم هەر کە بە تووش دوژمنەوە بووین، جل و بەرگەکەم لە خۆم داماڵم و بە نوواندی سینگ و لەش و لاری ناسکی ژنانەم سەریان لێ بشێوێنم و ئەوسا سەربازەکانی تۆ بە شمشێر و چەکی کوشندەی خۆیان قەڵاچۆیان کەن!

پاشا لە سەر جێگاکەی کەمێک جووڵا و دەنگی هەڵبڕی کە “تۆ پێت وایە لە کاتی شەڕ و هێرشی هەزاران سەرباز و رمبەی پێی قورس و گرانی ئەسپەکان و بەر یەککەوتنی شمشێر و کالان و هات و هاوار و نەڕەی شێرئاسانی شەڕکەرەکان، بەو جەستە لاواز و سیس و بچوکەتەوە سەرنجی ئەوان بقۆزیتەوە و ببیە هۆی شکستیان!؟”

پاشا ئەمەی گوت و نەڕاندی کە “هەرچی زووتر ئەم سەڵیتەیە ببەنە دەرەوە و بە شمشێر کەلەی پووتی بقرتێنن.”

کۆڵوانە سوور بە بێ ئەوەی بشەمزێ گوتی قوربان بۆ تاقی ناکەیتەوە، خۆ زەرەر ناکەی، یان ئەوەتا من سەرنجیان بە لاڕێدا دەبەم، یان وەک جاری جاران جەنابت شەڕی خۆت دەکەی و تەواو؟”

بەڵام سوڵتانی عوسمانی لەوە تووڕەتر بوو ئەم جۆرە قسانە کاریگەرییان هەبێ لە سەری. بۆیە کۆڵوانە سووریان برد و لە زیندانیان خنی تا سبەی سەری بپەڕێنن.

لە دووای بردنی کۆڵوانە سوور یەکێک لە راوێژکارەکان لە سوڵتان نزیک کەوتەوە و گوتی “قوربان من لام وایە ئەم ژنە سیخوڕی ئینگلیزییەکان بوو، بینیت وەک هەندێ لە سەربازە تایبەتەکانی ئەوان چارۆکەی سووری لە کۆڵ نابوو؟ من پێم وایە دوژمن بە دوو شێوە بە ناردنی ئەم سیخوڕە دەیویست لە شکۆی جەنابت بدات: یەکەم ئەوەی لە دونیادا بڵاوی بکەنەوە کە سوپای دلێری عوسمانی ئەوەندە سووک و سەلیمن کە تەنیا ژن دەتوانێ بە فریایان بگا و، دووهەم ئەوەی کە ئەو ژنە باسی کەوای سووری دەکرد لە حاڵێکدا کۆڵوانەی لەبەردا بوو!”

سوڵتان خەنی لە زیرەکیی راوێژکارەکەی ئەمری دەرکرد کیسەیەک زێڕی خەڵات کەن.

کۆڵوانە سوور کە نە توانیبووی شوو بکات و نە توانیبووی ببێ بە کەوا سووری بەر لەشکر، ئەو شەوە تا بەیانی، هەتا کاتی مل پەڕاندنی، لە ژوورە تاکەکەسییەکەی خۆیدا لە زیندان بە یادی جاران گۆرانی کۆڵوانە سووری چڕی. کاتێک هەتاو یەکەم تیشکی خۆی لە پشت کەژەوە بە سەر وڵاتدا پژاند، ئەو بەو ئاکامە گەیشت کە لە گۆرانی فشەتر لە دونیادا دەست ناکەوێ.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ، ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *