فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

فێڵ

کات 10/03/1401 545 بازدید

گوڵزار هێشتا تەمەنی نەگەیشتبووە چل، مێردەکەی، کە وەستای خانوو بوو، لە داربەستێک کەوتەخوارەوە و مرد. داربەستەکە زۆر بەرزنەبوو، بەڵام بەننای بێچارە بەختی نەبوو و، بە لایەکی خراپدا کەوتبووە خوارەوە و بۆیە دەستبەجێ گیانی سپاردبوو.

گوڵزار زۆر جوان و خان و مان بوو. لە تەمەنی پانزە ساڵیدا شووی کردبوو و لە هەفدە ساڵیدا یەکەم منداڵی بە دونیا بەخشیبوو. بۆیە ئیستا کوڕە گەورەکەی بیست و دوو ساڵی تەمەنە و کوڕ و کچەکەی تریشی بە نۆرە بیست و هەژدە. کوڕە گەورەکەی ژنی هێناوە و، کورەکەی تری دەرس دەخوێنێ و کچەکەیشی وەک خۆی لە تەمەنی پانزدە ساڵیدا شووی کردووە و ئیستا خاوەنی منداڵێکە.

لە مێژە کوڕە گەورەکەی، لەبەر ئەوەی ژنەکەی لە گەڵ گوڵزار نەدەسازان، گواستوویەتەوە و لە گەڕەکێک ئەولاتر دەژین. کچەکەیشی خاوەن مێرد و منداڵی خۆیەتی و لە گەڕەکێکی یەکجار دوورتر لەم دەژی. دەمێنێتەوە کوڕەکەی تری کە ئەویش لە شاران دەخوێنێ و، تەنیا هاوینان و نەورۆز دێتەوە.

بۆیە گوڵزار یەکجار تەنیایە. رۆژ تا ئێوارە بە ماڵەکەیەوە مەشغوڵە. خاوێنی دەکاتەوە، شتەکان سەد جار دەستماڵ دەکێشێ، حەوشە دەشواتەوە، گوڵەکان ئاودەدا، سەیری تەلەفزیۆن دەکا، گوێ لە رادیۆ دەگرێ، دەچێ سەردانی دراوسێکانی دەکا، ئەوانیش دێن بۆ لای،… بەڵام،… بەڵام کات هێشتا یەکجار بە دەستەوە دەمێنێتەوە و لە کۆتاییدا جگە لە سەیرکردنی دەرودیوار هیچی تری بۆ نامێنێتەوە. بە خۆی دەڵێ “لە خۆوە نیە ئەڵێن تەنیایی بۆ خوا باشە!” نەگبەتیی گوڵزار لەوەدایە کە کەس و کارەکەی خەڵکی شارێکی ترن و، ئەم زۆر دەستی پێیان راناگا.

گوڵزار لە پەنجەرەکەوە پیاوانی بینیوە کە لە کۆڵانەوە تێدەپەڕن. لە دووای مردنی مێردەکەی زۆر بیری لێ نەکردبوونەوە، بەڵام بە تێپەڕینی کات و دوورکەوتنەوەی رابردوو، بەرەبەرە خەیاڵی دەچووە سەر پیاوان. لەبەر خۆیەوە لەم کاتانەدا لێوی خۆی دەگەست و لەحنەتی شەیتانی دەکرد و هەوڵیدەدا بە خۆخەریک کردن بە شتێکەوە لە بیر خۆی بباتەوە. بەڵام خەیاڵەکە هەر دەگەڕایەوە. جاری وابوو بیری پیاوەکەی دەکەوتەوە و، چاوەکانی پڕدەبوون لە فرمێسک. بەڕاستی چەندە بەدبەخت بوو و، چەندە خێرا مێردەکەی کە تەمەنی لە چل و پێنج لاینەدابوو دونیای فانی جێهێشتبوو و ئەمی بە دونیایەک غەم و پەژارەوە جێ هێشتبوو.

هەڵبەت هاوکات گوڵزار ئەمەیشی دەزانی ئیستاکە ناوی بێوەژنی لە سەرە و، لەگەڵ ئەوەی تەڵاق نەدرابوو بەڵام خۆبەخۆ ئەو قەدر و حورمەتەی جارانی لە ناو خەڵکیدا نەمابوو. بگرە ژنانی گەڕەکیش کە زۆر بەینی لەگەڵیان خۆش بوو، لێی دەتەکانەوە و وەک جاران بە دەمییەوە نەدەچوون. وەک بڵێی لە مێردەکانیان دەترسان. نەک ژنیان بە سەردا بێنن و گوڵزاری دەستەخوشک و رازاوە کتوپڕ ببێ بە هەوێ و شەریکە بەشیان. گوڵزار ئەوەندەی تر فرمێسکی بەکوڵ دەڕێژێ و، جاری وایشە بەپەلە بە پشتە دەستی دەیانسڕێتەوە و خێراخێرا دەڵێ “خوایە گیان گووم خوارد،… گوو!”

کە تەمەنی لە چل لایدا رۆژێک ژنێکی دراوسێیان کە لەمێژبوو نەیبینیبوو، لە دەرگای ماڵیدا و خۆی کرد بە ژوورەوەدا. ژنە لە پاش چاک و چۆنی و زمان لووسییەکی زۆر، کە بە لای گوڵزارەوە عەجایەب دەینواند، سەرئەنجام هاتە سەر مەبەستەکەی و گوتی کە راسپاردەی ‘مامۆستا رازی’یە و هاتووە خوازبێنی لێ بکا. ئەوسا بە تێر و تەسەلی باسی مامۆستای بۆ کرد کە مەعلیمی قوتابخانە بووە و، ئیستا خانەنشینە و خاوەن ماڵ و موڵکی خۆیەتی و وەزعی شوکور زۆر باشە و شتی تری لەم بابەتە. هەروەها باسی ئەوەیشی کرد کە مامۆستا چەند ساڵێکە ژنەکەی مردووە و کەسی وەهای دەستنەکەوتووە و ئیستا گەر خوا یاربێ و بیکا بە نەسیب دەیەوێ گوڵزار ببێ بە هاوسەری.

گوڵزار مامۆستا رازی دەناسی، زیاتر لە شەست ساڵی عومر بوو و ئاسمیشی هەبوو. راستییەکەی ئەوە بوو ئەم خوازبێنیە کتوپڕییە پەشۆکاندی و تێگەیی کە وەهایش نیە و پیاوان چاویان لێیەتی. لەگەڵ ئەوەی لە دڵەوە خۆشحاڵ بوو، بەڵام کاتێک بیری لە منداڵەکانی و لە عەیبەی خۆی کردەوە، دەستبەجێ وەڵامی دایەوە کە:

ـ “خوشکێ گیان ئەیەڕۆ ئەم قسانە چییە، شووی چی و شتی چی! من تازە منداڵی گەورەم هەیە، عومرێکم بە سەرا تێپەڕیوە و جگە لەوە هێشتا غەمی ئەو خێرنەبینیو و رەحمەتییە لە دڵما سەوزە،… جا چۆن شتی وا ئەبێ!”

ژنە دراوسێکەیان هەر چی کرد کە گوڵزار رازی بکا، بێسوود بوو. ئەوەیکە هێشتا گەنج و جوانە و تەمەنێکی باشی بە بەرەوە ماوەو تەنیایی باش نیە و شووکردنەوە حەڵاڵە و حەرام نیە و… بەڵام ئەخت و چاری نەکرد و دەسخەڕۆ لە ماڵەکە چووە دەرەوە. وەک ئاخرین قسەیش گوتی کە ئەمە وەک دوواوەڵام وەرناگڕێ و، دوواتر دێتەوە. هەڵبەت قەتیش نەهاتەوە!

وەک بڵێی بەم خوازبێنیە کونی رەحمەت کرابێتەوە، ئیتر ناوەناوە خوازبێنیکەر روویان دەکردە ماڵەکەی. کەس نازانێ کوڕە گەورەکەی چۆن ئەم هەواڵەی بیست. رۆژێک بەپەلە هات بۆ لای دایکی و، لە پاش هەڕەشە و گوڕەشەیەکی زۆر گوتی گەر شووبکاتەوە یان سەری دەبڕێ، یان قەت ئەم لە ماڵی خۆیدا نابینێتەوە.

گوڵزاری دڵتەنگ، ئەمجارە کاتێک خوازبێنیکەر دەهاتن، زۆر بە توندی جوابی دەدانەوە و بۆیە ماوەیەکی چاک دونیا بێدەنگ بوو.

لەم کەین و بەینەدا بوو کوڕەکەی تری هاتەوە و کاتێک ئەویش بە شتەکەی زانی، لە پاش بیرکردنەوەیەکی زۆر، رووی کردە دایکی و پێی گوت کە مافی خۆیەتی و لە راستیدا دەبێ شووبکاتەوە. گوتی:

ـ “خەسرەو حەقی بە سەر ئەمەوە نیە، مەگەر بۆ خۆی گەر ژنەکەی بمرێ ژنی تر ناهێنێتەوە!؟… ها! نەک ئەیهێنێتەوە بگرە یەک هەفتەیش راناوەستێ. بۆ ئەو پیاوەی من ئەیناسم ئەهێڵێ کفنی ژنەکەی زەرد بێ! قسەی قۆڕ ئەکا، دایکە گیان هەر پیاوێکت هاتە خوازبێنی و بە دڵت بوو، دیارە پرسیکیش بە ئێمە بکە، شووی پێ بکە و تەواو. پێت وانەبێ منیش زۆر بە لاتەوە دائەنیشم و بۆ هەمیشە ئەمێنمەوە! خەسرەو ئەبێ تێبگا دونیا گۆڕاوە و، وەک جاران نەماوە. ئاگات لێ نیە ژنان ئیستا لە سەر تەلەفزیۆن گۆرانی ئەڵێن و ئەوانیش وەک پیاو لە دەرەوەن و کارئەکەن؟”

گوڵزار لەم هەڵوێستەی کوڕەکەی عەبەسا. هەرچەند لە دڵەوە دەیزانی کە لە زەمانی نەگۆڕدراوی جارانیش دا بێوەژن هەر شوویان کردووە و هیچ عەیبیش نەبووە. کەس نازانێ بۆ دونیا کتوپڕ وای لێهاتبوو.

یەک هەفتە دووای ئەمە لە نێوان خەسرەو و کوڕە خوێندەوارەکەی شەڕ و مقۆمقۆیەکی گەورە سازبوو، بەڵام خەسرەو لەگەڵ ئەوەی بە تەمەن گەورەتر بوو، لە ئاست قەڵافەتی زلتر و کەسایەتی بەهێزتری براکەیدا کشایەوە و لە کوڵ و کفی جارانی کەوت. وەک بۆ خۆی گوتبووی بۆ هەمیشە تەرکە ماڵی دایکی کرد. بە خۆشییەوە دەستی چەقۆی نەگرتبوو.

بەڵام راستییەکەی ئەوە بوو کە گوڵزار دیسان لە دەروونەوە بەوە رازی نەبوو شووبکاتەوە. بۆیە وەک هەمیشە لە خانووە قەدیمییەکە بە ژیانی ئاسایی خۆیەوە خەریک بوو. بەرەبەرە چەند تاڵێکی سپیشی بە تەوقەسەرییەوە بینیبوو و ئیتر ئەمە تەواو دایچڵەکاندبوو. تەمەن چ بازبازێنێکیەتی!

کتوپڕ دونیا گۆڕا و بوو بە شۆڕش. خەڵکی هاتنە سەر شەقام و، جیهان وەها شڵەقا کە بیری هەموو کەس تەنیا لە لای حکومەت و خۆپیشاندان و کوشتن و گرتن و شتی لەم بابەتە بوو. گوڵزار لە پشت پەنجەرەکەوە گوێی لە دروشمدانی بە هێزی خەڵکی بوو  کە پڕ بە دەم لە دژی شا هاواریان دەکرد و، خوازیاری رووخانی بوون. کوڕە خوێندەوارەکەی گوڵزاریش یەکجار بەم بەزمەوە سەرقاڵ بوو و بگرە یەکێک لە ڕیبەرانی رێکخستنی تەزاهوراتەکان بوو. شۆڕش ببووە هۆی ئەوەی ژنانیش کۆمەڵ کۆمەڵ بچنە ریزی خۆپیشاندانەکانەوە. زۆر جار گوڵزار دەنگی تێکڕا و تیژی ژنانی دەبیست کە چەن بڕیادەرانە و ئازایانە لە دژی دەوڵەت شوعاریان دەدا.

هیشتا شا نەڕووخابوو کە دیسان کابرایەکی تر هاتە خوازبێنی گوڵزار. ئەمەیان لە چاو ئەوانی تر یەکجار جەوانتر بوو. لەوە دەچوو هاوتەمەنی خۆی بێت. شتێک لە دەورووبەری چل و دوو چل و سێ ساڵدا. پیاوێکی ماقوڵ و خۆشناو و ئەمیش وەک مامۆستا رازی مەعلیمی قوتابخانەی ناوەندی بوو. گوڵزار لێکی دایەوە کە ئیستاکە بە هۆی دۆخی پەرۆشی دونیاوە باشترین هەل بوو بۆ شووکردن. ئیتر نە خەڵک سەریان دەپڕژا باسی بکەن و نە تەنانەت کوڕەگەورەکەیشی ئەو کاردانەوە شێتانەی جارانی دەبوو. جگە لەوە گوڵزار زۆر جار لەم لاولا باسی مافی خوراوی ژنانی بیستبوو و ئەمە کەمێک بوێرتری کردبوو. لە پاش پرس و جۆ بە کوڕە خوێندەوارەکەی و هەروەها کچەکەیشی، کە هەمیشە لەم بوارەدا بێدەنگ بوو، سەرئەنجام شووی پێکرد. مەراسمێکی زۆر بێدەنگ و خۆمانەیان گرت و، ئیتر کۆتایی بە سەردەمی تەنیای گوڵزاردا هات.

ژیانی نوێ بە پێچەوانەی چاوەڕوانیی گوڵزار، هەر زۆر باش بوو. مێردە نوێیەکەی پیاوێکی پیاوانە و رێزدار بوو. زۆر حورمەتی گوڵزاری دەگرت و، بگرە بۆ یەک جاریش بێت دەنگی لێ بەرزنەدەکردەوە. ‘مامۆستا وەزیری’ ئەهلی خۆپیشاندان و سیاسەت نەبوو و، لە کاتێکدا خەڵکی لە دەرەوە قوڕگی خۆیان دەدڕی ئەم لە تەنیشت پەنجەرەکە دادەنیشت و جگەرەی دەکێشا و تەنیا بیری دەکردەوە. هەڵبەت عادەتێکی تریشی هەبوو. کتێبخانەیەکی گەورەی لە ماڵەوە هەبوو و، زۆربەی کات خەریکی خوێندنەوە بوو. بەتایبەت لەم سەردەمەدا کە زۆربەی رۆژەکان قوتابخانەکان دادەخران و، مامۆستاکان وەک جاران نەدەچوونەوە سەر ئیش و کاریان.

سەرئەنجام وەک پێش بینی دەکرا شا رووخا و، حکومەتێکی نوێ هاتە سەر کار. دونیا وەها شڵەژابوو کە کەس هەر گوڵزاریشیان لەبیر نەمابوو. جاری وابوو بە خۆی دەگوت “عەجەب بەختێکم هەبوو!”

بەڵام بە پێچەوانەی چاوەڕوانیی خەڵکی، ئەگەرچی شا رووخابوو و دونیا بە لایەکی تردا وەرگەڕابوو، کەچی هەر رۆژەی شتێک روویدەدا. جۆرەها حیزب و سازمان گروپ سەریان هەڵدابوو و هەر کامەیان داوای شتێکیان دەکرد، حکومەتی نوێ لەوەی کە دەسەڵاتی بە سەر هەموو وڵاتدا نەبوو تووڕە بوو و هێزی چەکداری دەناردە سەریان. بە کورتی لە زۆربەی شوێنەکان ئەوەی هەبوو پشێوی بوو و بۆیە رۆژ نەبوو خەڵکی زیاتر نەکوژرێن و شەڕ و پێکدادان روونەدا. لە یەکێک لەم شەڕانەدا بوو کە کوڕە خوێندەوارەکەی گوڵزار بە فیشەکێک کە لە سەری درابوو، کوژراو و رێک لە تەنیشت گۆڕەکەی باوکیا ناشتیان. گوڵزار تا چەند مانگ دوواتریش هەر چاوی بە فرمێسک بوو و، وەها خەمێکی قورس لە سەر دڵی بوو کە لەوانە بوو لە ژێریا بخنکێ. بەڕاستی گەر مامۆستا وەزیری نەبووایە، رەنگە بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە ژیان بکردایە. بەم شێوەیە رۆژ بە رۆژ زیاتر میهر و موحیبەتی مێردە نازدارەکەی دەچووە دڵییەوە و، لە بەر خۆیەوە زیاتر شوکری خوای دەکرد.

ساڵێکی دیکەش تێپەڕی. وڵات کەمێک ئارامتر ببووەوە، بەڵام خراپتر لە هەر شتێکی تر ئەوە بوو کە عێراق هێرشی هێنابوو و شەڕێکی گەورە بە تووش نیشتمانەوە ببوو. وا دەهاتە بەرچاو کە بە گشتی هیچ داهاتوویەکی ئارام بەم زووانە پیش بینی نەدەکرا و، وەک بڵێی کونی بەڵا وەها رەها ببوو کە هیچ عیبادەلبەشەرێک نەیدەتوانی بیگرێتەوە. گوڵزار کاتێک لای دەکردەوە و سەیری رابردووی لە کاتی شۆڕشەوە دەکردەوە، جگە لە رووخانی شا کە خەڵکی خۆشحاڵ کردبوو و شووکردنی خۆی کە خۆی و مامۆستا وەزیری و کوڕە خوێندەوارەکەی خەنی کردبوو، هیچ رووداوێکی خۆشی تری نەدەبینییەوە. وەک بڵێی زەمەن لەو کاتەوە وەستابێ و خوا دونیای فەرامۆش کردبێ. بەڵام بە خۆشییەوە مامۆستای هەر لە تەنیشتدا بوو و ئەمە گەورەترین خەلاتێک بوو وا پێی بەخشرابوو.

دیسان ساڵێکی تر تێپەڕی. لەو ماوەیەدا گوڵزار بوو بە خاوەن کچێکی تر و ناوی لێنا “دیاری”. دیارە مێردەکەی ئەم ناوەی هەڵبژارد. دیاری کەوتە گڕوگاڵ و بە بوونی خۆی ئەوەندەی تر هەستی خۆشبەختیی لە گوڵزاردا بزواند. لەو ماوەیەدا مامۆستا دەستێکی بە ماڵەکدا هێنا. حەوشەی پشتەوەی چیمەنتۆ کرد و، فەرشێکی تازەیشی کڕی.

***

بەڵام مامۆستا وەزیری ماوەیەکە گۆڕاوە. وەک جاران نەماوە. توڕە دیارە، هەڵبەت نە لە بەرامبەر ژنەکەیدا یاخود دیاریی کچیدا. نا، بە گشتی کاتێک لە دەورووبەری دەڕوانێ، گنجەکانی تەوێڵی لە هەر کاتێکی تر زیاترن. رەنگە باشترە بڵێین بە هۆی بیرکردنەوەی زۆرەوە. کەمتریش دەدوێ و، زیاتر لە هەر کاتێکی تر دەخوێنێتەوە. لە جیاتی یەک رۆژنامە، ئابوونەی دووانە. جگە لەوە ئیستا چەند پیاوێک هاتووچووی دەکەن کە گوڵزار لەوە پێش قەت نەیدیبوون. دێن و، دەچنە ژوورەکەی تر و تا درەنگان قسەدەکەن. گوڵزار جاری وایە بە ترس و دڵەڕاوکەوە، لەبەر ئەوەی نەکا پێی بزانن، دەچێ و لە پشت درگاکەوە گوێیان لێدەگرێ. لە قسەکانیان ناگا. بەڵام هەندێ وشە دەناسێتەوە: حکومەت و ماف و ئازادی. یاخود “وا نابێ…. وانابێ!” جاری وایە ژوورەکەیش وەها پڕ دەبێ لە دووکەڵی جگەرە کە گوڵزار ناچارە لە دووای رۆیشتنیان تای پەنجەرەکان بکاتەوە، بۆ ئەوەی هەوای ئازاد بێتە ژوورەوە. گوڵزار دەبینێ مێردەکەی لە ناویاندا خاوەن پێگەیەکەی تایبەتە. لەبەر خۆیەوە، لەگەڵ ئەوەی نیگەرانە، بەڵام ئەوەندەی تر شانازی بە مامۆستا وەزیرییەوە دەکا.

لەگەڵ ئەوەی هەموو شتێک کەمێک باشتر دێتە بەر چاوی، بەڵام دڵەڕاوکێکانی گوڵزار وەک گیاجاری بەهار هەڵدەکشێن و هەتا دێت زیا و زیاتر دەکەن. لە ژێر چاوەوە سەیری مامۆستا وەزیری دەکا، بەڵام قەت هیچی لێ ناپرسێ. دەزانێ ئەم کۆبوونەوانە نائاسایین. جگە لەوە هەندێ رۆژنامەی تر بە دەست مێردەکەیەوە دەبینێ کە لەوانی تر بچووکترن و مامۆستا وەزیری زۆر لە بەر دەستدا دایاننانێ. هەمیشە لە گەڵ خۆیەتی. بە خۆی دەڵێ “خوا بە رەحمی دەگێڕێ، ئا… حەتمەن!”

لە سەروبەندی پێگرتنی کچەکەیدایە کە وڵات دیسان ئەوەندەی تر ئاڵۆزدەبێ. لە یەکێک لە نیوەشەوەکانی ژیاندا دەستەیەک چەکدار خۆ بە ژوورەوەدا دەکەن. بەر کۆڵان، سەر بانی و تەنانەت حەوشە چیمەنتۆکراوەکەی پشتەوەیش پڕدەبن لە پیاوە توڕە و تەوسنەکان. گوڵزار کە بە ژیانی (تەنانەت لە کاتی مەرگی مێردەکەیشیدا) نەیقیژاندووە، دەقیژێنێ، منداڵەکەی دەگری و مامۆستا وەزیری کە نازانێ چۆن چۆنی سەروبنی رووداوەکە وەها یەک بخاتەوە کە ژنە و منداڵی ئەهوەن ببنەوە، هەر ئەوەندەی لە دەم دێتە دەر کە تکایە… تکایە لە دەرەوە راوەستن بۆ خۆم دێم! داوایەکی بێسوود. هەر لەوێدا بە پەلە جل و بەرگەکەی پێ لەبەردەکەن و، دەیبەن.

ساڵەکان دیسان تێدەپەڕن و مامۆستا وەزیری نایەتەوە. گوڵزار جاری وایە دەچێ بۆ سەردانی. خەسرەو کە سوێندی لە دایکی خواردبوو یان بیکوژێ یا سەردانی نەکا، لەگەڵی سوار ماشین دەبێ و دەیبا بۆ ئەو شارە گەورەی وا زڕباوکەکەی تیایا زیندانیە. گەر سۆنیای زڕخوشکیشی گەورەبێت، رەنگە بتوانێ یارمەتی دایکی بدا و چیتر ئەو پێویست نەکا بە شوێن دایکییەوە بێت.

گوڵزار جاری وایە بیر لە رابردوو دەکاتەوە. نا هیچ شتێک سەبارەت بە شێوازی شووکردنەکەی بە هەڵە نایەتە بەرچاو. هەرچەند بیستوویەتی کە خەڵکی دەڵێن “ئەمەیش عاقیبەتی فێڵکردنە لە شۆرش!”

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ، ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *