فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

بنێشت

کات 10/06/1401 421 بازدید

بنێشت

باوان بنێشتخۆرە. کەس نازانێ لە کەیەوە وای لێهاتووە. تەنانەت خۆیشی. هەر ئەوەندە دەزانن (بە خۆیشییەوە)، کە ماوەیەکی چاکە دەیجاوێ و دەیجاوێ! سەرەتا بنێشتی دەستکردی دەخوارد، لەبەر ئەوەی گران دەکەوت دوواتر رووی کردە بنێشتی کوردی. بە تۆپەڵ دەیکڕی و، بڕێکی لێ دەخستە گیرفانی و ئەوجا چکە چکە لێی دەکردەوە و دەیخنیە دەمییەوە. بنێشتی کوردی رەقە، بەڵام باشییەکەی ئەوەیە کە زۆر خێرا دەتوێتەوە! هەر ئەوەندەی هاڵاوی ناو دەمی پێ بگا و سووکە دیانێکی بەرکەوێ، ئیتر خۆی ناگرێ. لەپڕ وەها نەرم و شل دەبێ، پێت سەیرە! مەنتقی بنێشتی کوردی ئاوەهایە: سەرەتا ورد و خاش دەبێ، ئەوجا گەر هەروا کەمێک لە ناو زارتدا بیانگێڕی، دیسان لەیەکتر دەئاڵێنەوە و دەبنەوە بە بنێشتێکی یەکگرتوو.

باوان یەکجار بە جاوینی بنێشت خەنی بوو. خۆی گوتەنی لە سەردەمێکدا فرەوێژی باو بوو، بنێشت دەبێتە هۆی کشانەوە بۆ ناو سنوورەکانی خۆت و لەوێوە تەنیا دەبی بە بینەرێکی دونیا و رووداوەکانی. لای ئەو ئەمە باشترین شێوازی ژیانکردن لەم سەردەمەدا بوو. بەڵام هاوکات بنێشت بۆی ببووە هۆکاری گەلێک کێشەی دیکە. بۆ وێنە مینای دیانەکانی نەمابوون و، بەردەوام ئاڵ دەبوونەوە. بۆیە نە ئاوی بە جوانی بۆ دەخورایەوە و، نە چایی. بۆ نانخواردنیش کێشەی هەبوو. پارووەکان وەک بڵێی رقەبەرایەتییان لەگەڵ دیانەکانی دەکرد و، هەموو جارێک دەبووایە زیاد لە رادەی پێویست پارووەکانی ئەم بەراوبەر بکردایە. دیانەکانی، لە خواردن دەسڵەمینەوە.

جگە لەمە ئەگەرچی بنێشت دەبووە هۆی بۆنخۆشیی ناو دەمی، بەڵام بەردەوام قۆڕەی سکی دەهات و بەناچار دەبا هەمیشە دەستی بە سکییەوە بووایە. بیگووشێ بۆ ئەوەی کەس گوێی لە قاڕوقۆڕی بێتامی سکی نەگبەتی نەبێت. بەڵام ئەو زۆر گوێی نەدەدایە. سەرەڕای ئاڵبوونەوەی دیانەکانی و هاتوهاواری سکی نەگبەتی، لە جاوینی بنێشتی کوردی بەردەوام بوو.

هەڵبەت شتەکە هەر بەمە رانەدەوەستا. باوان زۆر ئاگایشی لە دونیا نەمابوو و، رووداوەکانی بە جۆرێکی تر لێکدەدایەوە. لەوە دەچوو تەنیا بینین یارمەتی نادا. جاوینی بنێشت کە دەبووە هۆی جووڵەی بەردەوامی کۆمەڵێک ماسوولکەی ناو دەم، ژێر چەناگە، ناو قوڕگ، لاجانگ و بگرە بەر یەککەوتنی دیانەکان، کە هەمووی ئەمانە پێکەوە لە گەڵ خودی شێلانی بنێشتەکە دەبوونە هۆکاری گمەگمێکی سەیر لە ناو دەمیدا، نەیدەهێشت بە جوانی گوێی لە شتەکان بێت. بۆ وێنە کاتێک سەددامی لە سەر تەلەفزیۆن بە گوریسێک بە دەوری ملەوە بینی، لای وابوو هالیوود وەک هەمیشە بەدەڵێکی لە شێوازی سەددام دروستکردووە و لە فیلمێکی ئەکشندا خەیاڵ بە لە سێدارەدانەکەیەوە دەبینن. یان دەیانەوێ بە سازکردنی وەها فیلمێک دیسان بە میلیۆنان دۆلار پەیدابکەن. یان کاتێک مام جەلالی لە یەکێک لە کۆشکەکانی بەغدا لە تەلەفزیۆندا بینی کە خەڵک بە رێزەوە بە دەورییەوە بوون و چەپ و راست لە بەردەمیدا راست و نەوی دەبوونەوە و بە ئیحتڕامەوە دەستیان لەگەڵ لێدەدایەوە و لەمە بەدەر سەددامیشی لێنەبوو، لای وابوو دیسان فیلمێکی تری هالیوودە و، بەڵام ئەمجارە قارەمانە سەرەکییەکەی مام جەلالە.

کەس و کاری باوان زۆر هەوڵیاندا تەرکی بنێشتخواردنی پێ بکەن. بۆ وێنە لێیان دەشاردەوە، نەوتیان پیادەکرد، خۆڵاوییان دەکرد، یاخود بیباری تیژیان لێ هەڵدەسوو،… بەڵام باوان عەینی خەیاڵی نەبوو و تەنیا ئەوەندەی کە سەرەتا کەمێک ناوچاوی تێکدەچوو و ئیتر ئەوەندەی پێ نەدەچوو وەک هەمیشە دەکەوتەوە سەر گەڕی خۆی. عەشقی باوان بە بنێشت بێ کۆتایی بوو.

ساڵان گوزەرا و کەس ئەمەی پێ ئەخت و چار نەکرا. بۆیە وازیان لێهێنا و، گوتیان ئیستا کە سەردەمی ئازادی و دیمۆکراسییە، با لێگەڕێین هەر کەس بە کەیفی خۆی. ئەگەر باوان لای وایە کە تەواوی تەمەنی خۆی بە بنێشتخواردن تێپەڕێنێ، با تێی پەڕێنێ! بە گونمانەوە! هەر وایشی لێهات. ئیتر کەس کاری پێی نەبوو و، ئەویش بە کەیفی خۆی بە مشت بنێشتی لە ناو دەمیدا ئەم بەراوبەر پێدەکرد. کاتێک باوان دەردەکەوت، لە دوورەوە بۆنی بنێشتی کوردی دونیای دەتەنی!

تا سەردەمی شەڕی داعش هات. باوان کە دیانەکانی وەک سمتی سپی و ساف و لووسی کچە هەتاونەدیتووەکانی باکووری زەوی دەبریسکانەوە، کاتێک داعشییەکانی لە سەر تەلەفزیۆن بینی کە چلۆن دیلەکانی بەردەستیان دانەدانە و بە پەلە بە دەمانچە دەکوشتن و دەیانخستنە ئاوی دیجلەوە، واقی وڕما و، لە کاتێکدا لە خێرایی جاوینی بنێشتەکەی ناودەمی کەمکردبووەوە، ورد ورد لە دیمەنەکەی بەر دەمی خۆی رووانی. شتێک لە دەروونەوە پێی دەگوت کە ئەمە ئیتر فیلمی هالیوودی نیە و، راستەقینەیە. بەڵام نەگبەتی باوان ئەوە بوو کە وازی لە جاوین نەدەهێنا و، بۆیە بە تەواوی بۆی ساغ نەدەبووەوە کە داخۆ وەهایە یان نا. ئەوەندەی پێ نەچوو، دەستی لە سەر قەراغی مۆبلەکان هەڵگرت و، دیسان پاڵی لێدایەوە و وەک هەمیشە بە پەلەپەل دەستی بە خواردنی بنێشتەکەی کردەوە. لەبەر خۆیەوە گوتی “نا، من چ گێژم،… ئەمەیان لەوانی تر بگرە زیاتر هالیوودییە!”

لە دەرەوە دەنگی تەقە دەهات. دایک و باوکی باوان خۆیان بە ژوورەوەدا دەکەن و، هاواری لێدەکەن کە دەبێ بڕۆن و هەرچی زووتر ئێرە بەجێ بێڵن. باوان کە لەبەر هاڕەهاڕی وەبەریەککەوتنی بنێشت و دیان و گەڕانی بەردەوامی ماسوولکەکانی دەورووبەریان، هەروەها قۆڕقۆڕی ناو سکی جوان گوێی لێ نیە، سەرێک بە نیشانەی “باشە” دەجووڵێنێ. بەڵام ناجووڵی و هەروا خەریکی سەیرکردنی تەلەفزیۆنەکە دەبێ.

دەنگی دەرگاکە دێتەوە کە بە پڕتاو دەکرێتەوە. باوان لادەکاتەوە و، چەکدارێکی رەشپۆشی ریش درێژی گەنج کە هەموو ئازای لەشی غەرقی ئارەق و تەپ و تۆزە بە پشت سەری خۆیەوە دەبینێ. باوان لای سەیرە چۆن چۆنی ئەم چەکدارە لە شاشەی تەلەفزیۆنەکەوە هاتووەتە دەرەوە. بەڵام دیسان زۆر بۆی گرینگ نیە. دەستێکی لێ بەرزدەکاتەوە کە بەڵێ بەم جۆرە تۆیش لێرەی! باوان پێی خۆشە کە هالیوود ژوورەکەی ئەویشی بە شیاوی بەشێک لە نواندنی فیلمەکە زانیووە.

چەکدارەکە لێی نزیک دەکەوێتەوە. چەکدارەکە کە کوردە و بە جوانی لەگەڵ بۆنی بنێشتی کوردی ئاشنایە، لەبەر خۆیەوە دەڵێ “ئەمەیان زۆر گوێی لە تەقەی دەمانچەکەی پشت ملییەوە نابێ!”

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *