فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

شێرەقوڕینە

کات 01/07/1401 386 بازدید

شێرەقوڕینە

چەند رۆژێکە لە پشت شاخەکەی باشووری شارەوە، تۆزێکی زۆر بە ئەسپایی دێت و خۆی بە ئاسمای شاردا دەکا. سەرەتا زۆر دیاری نەدەدا، بەڵام بەرەبەرە خەست بووەوە وەها کە ئاسمانی شینی لێڵ کرد و خۆی بە هەموو کووچە و کۆڵان و خانووەکانی ناو شاردا کرد. چاوەکان دەستیان کرد بە سووتاندنەوە و، گەروو بە گیران.

ئیتر لە پەنجەرەکەمانەوە چاوم لەو کیژە شۆخەی دراوسێمان نەما وا لە پەنجەرەکەیانەوە بە بیانوو و بێ بیانوو خۆی دەردەخست، یان کاتێک لە حەوشە جلی بە تەنافەکەدا هەڵدەخست،… ئەوەی مایەوە تارماییەکی سێبەرئاسا بوو لە ئەو لە ناو بەستێنێکی زەردی تەماویدا. بە خۆم گوت چەند رۆژێکی تر چاوەڕێ دەبم.

گوێم لێ بوو یەکێک لە دراوسێکان هاواری کرد “ئۆخەی، ئەوە خاکی پیرۆزی مەککە و مەدینەیە،… ئۆخەی خوایە گیان  بۆ ئەو نیعمەتەی وا بە نەسیبت کردووین،… دەی یاڵڵا رۆڵە رووبکەنە حەوشە، دەرگا و پەنجەرەکان بکەنەوە با ئەم رەحمەتە بێ وێنەیە بێتە ژوورەوە… ئەمە ئەو خاکەیە حەزرەتی محەممەد هەنگاوی لە سەر هەڵێناوە و نوێژی لەسەر خوێندووە… ئەو خاکەیە پەیکەری پیرۆزی ئەوی لە باوەش گرتووە… حوک بە قوربانی بۆن و بەرامەی بم!”

ئەوسا گوێم لێ بوو بە تووندی کۆکی. زانیم دایەگەورەی هاورێکەی منە کە لە مێژە نەخۆشە و بە دەست نەفس تەنگییەوە دەناڵێنێ. وەک دەڵێن ئاسمی هەیە.

من لە ئاسمان دەڕوانم کە چەند رۆژێکە دیار نیە. سەیری پێڵاوەکانم دەکەم بە توێژاڵێک خۆڵ بە سەریانەوە. سەیری دەورووبەر کە هەر هەمووی خۆڵە. دایکم دەڵێ “رادەوەستین تا تەواو ئەبێ، ئەوسا دەرک و ماڵ و حەوشێ هەر هەمووی پێکەوە ئەشۆینەوە.”

ئەوەندەی پێ ناچێ گوێم لە دەنگی ئامبوڵانسە. بە زیق و زاق نزیک و نزیکتر دەکەوێتەوە. بە خۆم دەلێم داخۆ بۆ کوێ دەروا. کتوپڕ شەوقی گڵۆپە هاروهاجەکەی کە ساتێک هەدای نیە، دەدا لە گوێسبانەکەی ئێمە. لەوانە گوێم کەڕ بێت. رێک لە تەنیشت دراوسێکەی ئێمە رادەوەستێ، بەپەلە چەند کەسێک لێیەوە دەردەپەڕنە دەرەوە و بە برانکاردێکەوە خۆ دەگەیەنە دایەگەورەکەکە.

لە ئاسمان دەڕوانمەوە. نازانم بۆ ئەوەندە سەرقاڵی ئاسمانم. رەنگە لەبەر ئەوەی چاوەڕێی ئەوەم لە پشت هەمان شاخەوە کونێکی تێبێ، شینایی دەرکەوێتەوە و دیسان دونیا وەهای لێ بێتەوە کە بوو. شاخیش ئەوەندە نوقمی مژە کە بووە بە هەیکەلێکی ترسناکی وەک ناو چیرۆکەکانی سەردەمی مناڵی،… کاتێک هەمان دایەگەورە بۆی دەگێڕاینەوە.

سەیری باخچەکە دەکەم. گوڵەکان سیس و تۆزاوی لێم دەڕوانن. دایکم چیتر ناوێرێ ئاویان بدات. تۆزەکە دەبێ بە قوڕ و ئەو تۆزەیش وا بەڵێنە دەستبەجێ لە سەر بنیشێتەوە، دیسان دەبێ بە قوڕ. پەڕەکان قورس قورس سەر نەوی دەکەن. دایکم بە پەنجەکانی روومەتی خۆی دەگرێ. پێم وایە دەبێ باخچەکەیش وەک دەرک و ناوماڵ و حەوشێ دەبێ راەستێ.

هەموو شتێ چەند بۆنێکی سارد لە خۆ دەگرێ. بۆنەکان ونن. ناو دەمم تفت و تاڵە. بە خۆم دەڵێم داخۆ کێ بە سەر ئەم خاکەدا لە مەککە و مەدینە رۆیشتبێ وا وەها مزرە!

باڵندەکانیش ئەم رۆژانە کەمتر دەفڕن، یان دەفڕن و من زۆریان نابینم. راستی دەزانن بۆ کوێ دەفڕن؟

لە سەر خیابانەوە دەنگێک دێت، کەسێک تاکسییەکی راگرتووە و دەڵێ دەچێ بۆ ئیدارەی ئاو. دەڵێ ئاویان نیە و تۆز خەریکە قڕیان دەکا. تاکسییەکە دەڵێ دەبێ بە دە هەزار. کابرا بە سەرسوڕمان و کەمێک تووڕەییەوە دەڵێ  دەهەزارتمەن! شۆفیرەکە دەڵێ بەڵێ دەهەزار! کابرا دادەبەزێتەوە و، دەڵێ “لەم تۆز و بێ ئاوییەدا خنکاندن باشترە لە قبوڵکردنی زوڵم!” ئەوسا دەنگی زرمەی پێوەدانی دەرگای تاکسییەکە دێت. گڵۆپە سوورەکان زۆر زوو لە ناو تەپ و تۆزەکەدا وندەبن.

بیر لە مەککە و مەدینە دەکەمەوە. وڵاتێک یەکجار دوور لێرە. داخۆ ئەوە چ با و گێژەڵووکەیەک بێت وا دەتوانێ خاکی سەحرا هەڵگرێ و بە هەزاران کیلۆمەتر راپێچی بدا و بیگەیەنێتە ئێرە! هەرچی ئەکەم باوەڕناکەم. بە خۆم دەڵێم دەستێکی لە پشتە، ئەگینا بۆ جاران وا نەبوو! بۆ شەو تەلەفزیۆن باسی گۆڕانی ئاو و هەوای زەوی دەکا و، پسپۆڕێک دەڵێ لەمە بە دووا دەبێ زیاتر چاوەڕوانی شتی لەم بابەتە بین. دەڵێ مرۆڤ زەوی تێکداوە. بە خۆم دەڵێم “نەمگوت دەستێکی لە پشتە!”

شەو لە پەنجەرەکەوە سەیری حەوشە دەکەم. بارستایی تۆزەکە زۆرتر بووە. جێ هەنگاوی چەند باڵندە بە سەر خۆڵەکەوە بە جێ ماون. دیارن. لە قەراغەکانیشدا جێ هەنگاوی جرج یاخود شتی تر کە من نازانم چین. بە خۆم دەڵێم لانیکەم دەزانین کێ بە حەوشەکەدا دێ و دەڕوا. لە ماڵی دراوسێکەمانەوە دەنگی گریان دێت. کەسێک دەڵێ “دەسگایان پێوە وەسڵ کردووە،… حەک کوێربم دایەگیان!”

دوو رۆژی تریش تێدەپەڕێ. ئاسمان لێڵ و لێڵتر و توێژاڵی خۆڵ ئەستوورتر و ئەستوورتر. رێک وەک زستان، کاتێک بەفر دەباری. وەک ئەو کاتانەی شێرەبەفرینەمان دروستدەکرد. تیشکی کزی گڵۆپی سەر دەرگای حەوشێ، دنکە تۆزەکانی پێ نابڕێ و لە خۆیدا دەکشێتەوە و دەمرێ. چاوم لە سەمای وردیلەکانە. زەرد زەرد لە ناو خۆیاندا کێ بەر کێیانە.

ئەم رۆژانە کە ژیان راوەستاوە و، کارێکی وەها نیە چی لەوە باشتر بڕۆمە دەرەوە و شێرەبەفرینەیەک،… نا، شێرەخۆڵینەیەک سازبکەم. دەچمە حەوشێ. بە خۆشییەوە، ئێمە بە پیچەوانەی کابرای تاکسی ئاوی بیرمان هەیە. دەچم و پووتێک ئاوی لێ دێنم. ئەوسا بە خاکەنازێک خۆڵی باریوی چەندین رۆژە هەڵدەدەمەوە. پووتێک ئاوی تریش دێنم. قوڕێکی چاکی لێ دەگرمەوە و، دەست دەکەم بە دروست کردنی شێرە خۆڵینەیەک،… نا،… شێرە قوڕینەیەک.

نازانم چی سازبکەم،… بەڵام دەستم بۆ خۆی خەریک دەبێ. تەواوی شەو مەشغوڵم. کە لێدەبمەوە، بەیانی زووە. ماندووم. پشتم دێشێ. چاوم دەکزێتەوە،… بەڵام خۆشحاڵ لەوەی توانیوومە شتێک لەم دونیا تەپ و تۆزاوییەدا بخوڵقێنم، حەجمینم نیە.

کتوپڕ بایەکی توندی شێتانە هەڵدەکا و لە چەند چرکەدا تۆزی خەستی ئاسمان دەڕەوێنێتەوە. ئاسمانی شین لە دووای چەندین رۆژ دەردەکەوێتەوە. سەیری شێرەقوڕینەکەم دەکەم. لێی ورد دەبمەوە. مرۆڤێک بە قەدەر خۆم، نا کورتەباڵاتر. راستی ئەمە کێیە؟… لە کێ دەچێ؟ هەر چی لێی دەڕوانم و، بیری لێ دەکەمەوە بە هیچ شوێنێک ناگەم.

کەسێک لە پشت پەنجەرەکەوە لێم دەڕوانێ و ماڵی دراوسێکەیشمان هەر هەموویان هاتوونەتە سەر بان. کە هەتاو هەڵدێ، ئاسمان ساماڵی ساماڵە. دونیا ئەوەندە گەرمە سەرتاپا شەڵاڵی ئارەق دەبم. هەناسەم سوارە. کتوپڕ پەڵە هەورێک لە ئاسۆوە پەیدادەبێ و، خۆی دەگەیەنێتە ماڵی ئێمە و رێک لە سەر سەری شێرەقوڕینەکە رادەوەستێ و دەیکا بە سێبەر.

گوێم لە دایەگەورەی هاوڕێکمە کە لە بیمارستانەوە، پڕ بە سینگی نەخۆش و دەنگی قرخنی هاواردەکا:

ـ “نەموت خاکی مەککە و مەدینەیە،… نەموت!”

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ، ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *