فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

جیهانبینیی تایبەتی

کات 09/08/1401 475 بازدید

جیهانبینیی تایبەتی

کاک کۆچەر خەڵکی ‘سلێمانی’یە و ماوەی زیاتر لە بیست و پێنج ساڵە لە وڵاتی سوید ئەژی. وەک بۆ خۆی ئەڵێ خۆی بە ئاو و ئاگرا دا تا خۆی بگەیەنێتە ئەورووپا. کاک کۆچەر کە لە کردەیەکی سەیرو سەمەرە بە لێوەکانی و لە کاتێکا خێراخێرا لەسەر یەک ئەیانجوڵێنێ و ئەیەوێ پاشماوەی ئەو ‘سنووس’ـەی (١) وا لە نێوان لێوی سەرەوەی و پووکی دیانیایە دەربێنێ، بە بێ هیچ شەرم و سڵکردنەوەیەک ئەڵێ “کاک کارۆخ گیان من هیوایەتم گانکردنە!” بەمەیش رازی نابێ و ئەڵێ ئێمە سێ براین. من ناوینەکەیانم، یەکیان لە من گەورەترە و ئەوی تریان لە من بچووکتر. ئەڵێ بە نۆرە تا ئەگاتە سێهەمینمان هەتا ێت کێرمان زل و زلتر ئەبێ. ئەوسا پێ ئەکەنێ و ئەڵێ کێری برا بچووکەکەمان لەوەیا نیە، هەر پیاو لێی ئەتۆقێ، ئەهاها ئەئەمەنەیە (ئەوسا قۆلی بەرزئەکاتەوە و لە هەنیشکییەوە بەرەو حەوا ئەیشکێنێتەوە و هاوزەمانیش دەیلەقێنێتەوە) خواز غەزەب لێگیراو ئەڵێی لە کەری دزیوە، دەسکە کوتکێکە بۆخۆی! پاشان  کاک کۆچەر خۆی هەڵئەگڵۆفێ و ئەڵێ حەزم ئەکرد پاشەبەرەکە من بوومایە، کوڕە کێر کە گەورە نەبوو ژیان فایەی چییە. بە خوا خوای گەورە دونیای لەبەر جنس دروستکرد!

کە سەیری کاک کۆچەر ئەکەی پیاوێکی سەرو ریش سپی ئەبینی کە بە شێوەی گەنجانە دەرئەکەوێ و، خۆی ئەڕازێنێتەوە. بەلەباریکە و لەشی وەک خۆی ئەڵێ لە خوا بەزیابێ ریازی هەڵکەوتووە. نەک ئەوە وەرزش بکات، نا، خۆی لە خۆیا وەهایە. خوا یاخود سروشت جسمێکی رێک و پێک و لاوازی پێداوە و گەر رۆژی مانگایەکیش بخوا قەلەو نابێت. لەبەر ئەمە سەرەڕای تەمەنی زۆری گەنجانە ئەنوێنێ. ئەوەی جلی تەسکی مودیل و باشە لەبەری ئەکا، قژیشی هەڵئەداتەوە و وەک ئاسکی نێر لە رێگاڕۆیشتندا چوست و چالاکە. قیت و قۆز کەس بە نۆکەر و قەرەواشی خۆیشی قبوڵ ناکا.

بۆ خۆی ئەڵێ چل و پێنج ساڵی تەمەنە و لە هەشتاکانیش پێشمەرگە بووە! من دڵنیام کاک کۆچەر سەبارەت بە تەمەنی راست ناڵێ. نە سەروسەکوتی و، نە بیرەوەرییەکانی سەردەمی پێشمەرگایەتییەکەی ئەمە ناسەلمێنن. یەعنی هیچ بیرەوەرییەک لە سەردەمی پێشمەرگایەتی ناگێڕێتەوە. کت و مت ئەوەی هەیەتی تەنیا ئەوەندەیە کە ئەڵێ تا بەیانی چەک لە باوەش لە شاخ و دەشت خەوتووە و لەوانە بووە رەق بێتەوە. هەر ئەوەننە! ئیتر نە باسی شەڕە و نە باسی شتی تر. ئەشەوبیللا شتێکی تریش ئەگێڕێتەوە. ئەڵێ لە عەشیرەیەکی گەورەیە و کاتی خۆی لە دووای راپەڕین کاتێک لە بەر دەم ماڵی خۆیان نیگابان بووە، دووسەد کەسی راوناوە کە ویستوویانە بێن و تەعەدا لە عەشرەتەکەیان بکەن. بەڵام من هیچ ناڵێم و، تەنیا گوێی لێ ئەگرم. ئەڵێ کاک کارۆخ گیان بۆ کێمان کرد و بۆ کردمان، بەخوا سەدام هەزاری وەک ئەم گەواد و دز و حیزانەی ئێستای ێنا، بەس نەبوو پیاو بوو و وڵاتی راگرتبوو و دز و حیزیی نەئەکرد! ئەڵێ کوڕە گەر ئەقڵی ئیستام بووایە چەکم هەڵئەگرت! ئەبەد… ئەبەد شتی وام نەئەکرد. لای ئەو گەوادە ژن حیزە هەر کارت بە سەر سیاسەتەوە نەبووایە بەخوا برا کاری بە سەرتەوە نەبوو. ئەوسا ئاخێک هەڵئەکێشێ و، ئەڵێ ئەمەریکای بێ نامووس ئەم بەلایەی بەسەرا هێناین.

کاک کۆچەر لە ساڵی ١٩٩۶، رێک لە گەرمەی شەڕی ناوخۆیا رووی لە دەرەوە کردووە. کە باسی شەڕی ناوخۆ یەت، دەستبەجێ گرێ ئەنیشێتە ناوچاوانی و ئەڵێ پارتی هەر هەمیشە وەها بووە، پشتی بە بێگانە بەستووە و جاشی ئەم و ئەو بووە. ئەڵێ هەر زوو ئەمزانی هەتا ێت زیاتر تورکیا لە کێشەکە ئەرووکێنێ، بۆیە وازم هێنا و رۆیشتم. ئەڵێ ئەو ساڵەیش وا یەکیەتی لەگەڵ پارتی کەوت و پێش سوپای تورک کەوت ئەو گەوادانە بوون بە یەکیەتیان کرد، ئەگینا یەکیەتی وای نەئەکرد. ئەڵێ ئەو خوشک حیزە جامانە سوورە دەم خوارە دایک حیزی وەک خۆی نیە، ئەشڵێن سەڕەتانی دیانی گرتووە و ئەوەننەی نەماوە بتۆپێ،… بە من بێ هەر هەموویان لە بەنداوەکەی دووکانا نوقم ئەکەم و ئەیانخنکێنم!

لەگەڵ کاک کۆچەر لە شێتخانەیەک پێکەوە کارئەکەین. شێتخانەکە لە دەورووبەری یۆتۆبۆرییە. لە یەکێک لە شارۆچکەکانی قەراخ شار. تا ئیستا چەند جار لە گەڵ هاوکارە سویدییەکانی، کە دیارە خەڵکی پەنابەریشیان تیایە، لە کاتی گۆڕینەوەی کاتی ئیشکردنەکەی بەزم و هەرای سازکردووە. بە تووندی لەوە تووڕەیە کە تەمبەڵن و ئیشتی خۆیان ناکەن و کارەکە بە پیس و پڵۆخی رادەست ئەکەن. ئەڵێم کاک کۆچەر گیان گوێ مەیەرێ، کوڕە هەر کاری دە دەقیقەیە، واز بێنە! ئەڵێ نا کاک کارۆخ گیان وەها نیە، ئەم گەوادە قن حیزانە لە جیاتی ئیشکردن هەر دائەنیشن و قسەئەکەن، ئیشەکەیان بە جوانی ناکەن، خۆ منیش نۆکەریان نیم، تا ئیستا چەن جار راپۆرتم لەسەر نووسیون، ئەبێ فێربن سوپور (مەبەستی ئەشغاڵە بە سویدی) فڕێ ێەن و پاک و خاوێنی جوانتر رابگرن، خۆ نۆکەریان نیم! هەرچی پێی ئەڵێم بێسوودە. سەرئەنجام وایان لێ ئەکا کارەکە بە جوانی بکەن. لانیکەم کاتێک ئەزانن ئەو دێت. ئەگینا بۆ من و ئەوانی تر وەها نین. کاک کۆچەر ئەڵێ ئاوەها خوشکیان ئەگیەم! ئەم سوورە چاو شینانە تەنیا بۆ گایین باشن!

کاک کۆچەر ساڵی جارێک سەردانی کورستان ئەکاتەوە. لانیکەم مانگێک ئەمێنێتەوە. لەبەر ئەوەی خۆی گوتەنی منی زۆر خۆش ئەوێت و رێزی تایبەتی بۆم هەیە، لەوێیشەوە بە واتساپ زەنگم بۆ ئەدا. لە تەلەفۆنەکەیا ئەقیڕێنێ کە کاک کارۆخ گیان چۆنی… چۆنی، باشی برا،… بە خوا برا خەریکە لە گەرما ئەتەقم، کوڕە پیاو هەر ناوێرێ بچێتە دەرەوە، ئاگر ئەبارێ ئاگر، جا وەرەوە لەم وڵاتە نەگبەتە گان بکەی، بە خوا برا هێشتا ئاوت نەهاتووەتەوە ئەتوێیتەوە، لەگەڵ ئاوەکە بۆ خۆت دەرئەپەڕیتە دەرەوە… هە هە هە… ئیتر ئەبێ خەڵکی گەڕەک و شوڕتە بە شوێنتا بگەڕێن، بشتدۆزنەوە هەر باشە، هە هە هە… خۆزگەم بە خۆت کاک کارۆخ گیان کە لەوێ ماویت و ناجووڵێیت، خەفەتی ئەوە نەخۆی کە جمهوری ئیسلامی ناهێڵێ بڕۆیتەوە، بە خوا برا لەوێ کەڕ و کاس ئەبێ، بە گیانی برایەتیمان ئەمجارە بێمەوە ئیتر سەر بەم کاولخانەیەیا ناکەمەوە، بۆ مەگەر سەرم با گاز گیراوە، ها! چم لەم بەزمە یاوە، بۆ خۆم ێمەوە و لە فێنکی و سەرمایا لەبەر زۆپای سویدی گانی خۆم ئەکەم و تەواو.

بەڵام ساڵ سووڕی تەواو نابێ کە دیسان کاک کۆچەر ئەچێتەوە بۆ کوردستان. ئەڵێ کوڕە دایکوباوکێکی پیرم هەیە و ئەبێ رێزیان لێ بگرم، خۆ هەتیوی برا گەورەم لە ئاڵمانیا پاڵی لێ یاوەتەوە و تەنانەت یەک تەلەفۆن چییە لێیان ناکا، ئەو کێرگەورەی براچووکەیشم کە هەر لێی گەڕێ لە نەرویج کەس نازانێ خەریکی چییە. بە خوا برا کاک کارۆخ گیان منی ناوینە بەڕەحمم و دڵم نایەت پشت لە دایک و باوک بکەم، هەر خوا غەزەبیشم لێ ئەگرێ، ئەرێ بە خوا، رێزی دایک و باوک لەسەرمان واجیبە، فەڕزە. تەلەفۆنەکە کتوپڕ بۆ ماوەیەک قەتع ئەبێ، گوێم لێی نیە. هاوار ئەکا کاک کارۆخ گیان… کاکە گیان ئەرێ دەنگم یێ؟ ئەڵێم بەڵێ دێ. ئەوسا ئەڵێ کوڕە قسەی خۆش خۆشە و با ون نەبێ، لێم گەڕێ با بۆتی بگێڕمەوە. کوڕە بە خوا باوکم بەو تەمەنەی خۆیەوە نەگبەتە، ئیستا ئەزانم برا چووکەکەم ئەو کێرە زلەی لە کوێوە هێناوە. لەم شەوانەدا بە بێ پرس و بە بێ ئەوەی لە دەرگا بەم خۆم بە ژووری خەوی دایکم و باوکما کرد، چی ببینم باشە… ها چی ببینم؟ بینیم باوکم لەسەر کورسییەکە رووت و قوت بە فانیلییەکەوە دانیشتووە و ئەو گەوادە کێری کە بە قەد کێرە کەرێک ئەبوو لە مشتیا بوو و خۆی بۆ دایکم حازر ئەکرد، دایکی بەسەزمانیشم کە لە سەر سیستەمەکە پاڵ کەوتبوو هێشتا دەرپێی دانەکەندبوو و، بەڵام جوان دیار بوو چاوەڕوانی باوکم بوو… بە خوا برا بە بینینی من باوکم یەک بە خۆی داچڵەکا و پێم وابێ کێری نیشتەوە و وەک بەفری پار تووایەوە… هەر نەمایەوە کە نەمایەوە. منیش ناپیاوم نەکرد و دەستبەجێ هەڵاتمە دەرەوە. جا قسەی خۆشتر بڵێ چی بێ؟ بۆ سبەی باوکم لە سەر نانی بەیانی چی بڵێ باشە؟ وتی ئەم هەتیوە کەرە ئەمشەو چاکی لێ تێک ئام و نەیهێشت دایکی بگیەم… هە هە هە… .

کاک کۆچەر کە لە کوردستان دێتەوە ئەنواعی چەرەسات و خواردنی گیا و شتی وشکە و دەرمانی گیا و گوڵ لە گەڵ خۆی دێنێ. ئەڵێ کاک کارۆخ گیان نەخەڵاتبێتی لە ژیانتا بە قسەی دکتۆری خوێڕی بکەی و دەرمان بخۆی، باشترین شت بۆ زەختی خوێن زەردەچێوەی تازەیە و دنکێک سیر کە هەموو شەوێک پێش خەوتن قلێکیان لێ بخۆی. ئەڵێ بەڵام نەخەڵاتبێتی چەقۆ لە سیرەکە بدەی لەبەر ئەوەی عەمەلی نامێنێ، ئەبێ بە چیلکەیەکی دیان چەند کونی تێبکەی و ئەوجا قووتی یەی. سرکەیش باشە، هەموو رۆژێک چەند کەوچک سرکە بکە پەرداخێک ئاوەوە و بیخۆرەوە، ئیتر نە شەکرە و نە زەختی خوێن چییە لە ئازای ئەندامتا نامێنێ. ئەڵێ ئیتر هەر باسی ئەوە مەکە کە ئەمانە چەندە بۆ پەستاوی خوێن باشن. ئەوسا ئەلیقێتەوە و ئەڵێ بە خوا برا کێریش وەک بەرد لێ ئەکەن بۆت!

لە دووا سەفەریا کە کاک کۆچەر هاتەوە کەمێک پەستتر لە جاران ئەینواند. وتم چییە کاک کۆچەر بەڵابەدوور، خۆ هیچ نەقەوماوە؟ بە چاوە خەمگینەکانی سەیری کردم و، وتی وەڵڵا چی بڵێم کاک کارۆخ گیان، باوکم تەمەنی بەخشی بە تۆ و بە داخەوە کۆچی دووایی کرد و مرد. من کە بەزەییم بە سەریا ئەهاتەوە، وتم یاخوا رۆحی شادبێ و دوواخەمتان بێت. کاک کۆچەر کەمێک لە عەرزەکە راما و وتی بەزەییم بە دایکما ێتەوە. لە خوا بەزیابێ وەزعمان باشە و های لایف ئەژی، بەڵام بە خوا برا تەنیایی خراپە و باش نیە بەتایبەت لە تەمەنی پیریدا. بە خوا برا بێ کێری لەهەر تەمەنێکا بێ بەدبەختییە! ئەو هەتیوانەی برایشم کە بۆ سەرەخۆشی هەر نەگەڕانەوە. ئەڵێم کاکە گیان خوا تۆی لێ نەستێنێ ئەی ئەوە نیە تۆی هەی و، هەموو ساڵێک سەردانی ئەکەی، نا ئەوەننەیش ناشوکور مەبە ئینشاڵڵا سەلامەت بێ و زەلیل نەبێ.

لە دوواسەفەری کە بۆ کوردستان کردی، کتوپڕ دۆخی ئێران شێوا و خەڵک رژانە سەر شەقام. ئەمەیش بە هۆی کوشتنی کچێکی بەستەزمانی سەقزی بە ناوی ژیناوە بوو کە ببووە هۆی راپەڕینێکی گشتی لە سەرتاسەری وڵاتا. حکومەتی ئێران کە وەزعەکەی بۆ چاک نەئەبووەوە، هێرشی کردبووە سەر مەقەڕەکانی حیزبە کوردییە ئێرانییەکان لەو دیو سنووریش. ئیتر دۆخی ناوچەکە بە تەواوی شڵەژابوو. من کە رۆژ تا ئێوارە گوێم بە رادیۆ و چاوم بە تەلەفزیۆن و موبایلەکەمەوە بوو، بۆ دەست خستنی هەواڵی باشتر زەنگم بۆ کاک کۆچەر لێدا.

کاک کۆچەر کە بە بیستنی دەنگم یەکجار خۆشحاڵ بوو، دەست بە جێ کەوتە گێڕانەوە و باسکردنی دۆخەکە. وتی وەڵڵا چی بڵێم کاک کارۆخ گیان! بە خوا برا بە سارۆخ و بە درۆن هێرشی کردووە و هیچی نەهیشتووە، گوایا هەشتا کەسی کوشتووە و بە دەیانی تریش بریندار. بە خوا برا لە شوێنێکی نزیک کەرکووکیشی داوە. کاکە گاڵتە نیە حکومەتە و ئەوانەی لای ئێوەیش بەستەزمان و داماون. ئاخر برا بڵێ تۆ کە هیچت پێ ناکرێ ئیتر بۆ وازناهێنێ… ها بۆ وازناهێنی؟ ژن و منداڵێکی زۆر ئاوارە بوون و قوڕ کراوە بە سەریانا. ئاخر کاکە بۆ واز ناهێنن؟ دەیانەوێ بیڕوخێنن و وەک لای ئێمەی لێبکەن؟! بڵێ بۆ بە دەردی خۆتان دانانیشن. جارێکە لەو ژنبازە سمێڵ حیزەی داوە و خوشک و مریشکی گاون و هیچی پێوە نەهێشتوون. خۆ دەزانێ کێ ئەڵێم؟ ئەو گەوادەی جاشی بارزانی کە هەر ژن و کچی لووسکە لە دەوری خۆی کۆدەکاتەوە و کەس لە خۆی زیاتر بە کورد نازانێ! باش نیە ناو بێنم، بەڵام ئەزانی مەبەستم کێیە. لەم وەزعەدا ناوهێنان باش نیە. ئەڵێ بە خوا برا حکومەتی ئێران بەمانە ناڕوخێ، نێرەکەرە نێرەکەر، ئەوە نیە ئەمەریکایشی خستووەتە شووشەوە و پێی رادەبوێرێ. راستی کاک کارۆخ گیان گەرماکەیشی لەوەیا نیە، ئەمساڵ هەر زۆرزۆر گەرمە. بە خوا برا ئێوارانیش زەحمەتە بچیتە دەرەوە. موبەڕیدە و شتی وایش هەمووی فشەیە، بە خوا برا ئەمجارە راناوەستم زووتر ێمەوە، خۆزگەم بە خۆت برا خۆزگەم بە خۆت!

تەلەفۆنەکە دائەخەم. کاک کۆچەر راست ئەکا. ئەمساڵ ئێرەیش هەوا گەرمە. لە راستیا دونیا لەم ساڵانەی دوواترا هەتا هاتووە گەرمتر بووە. بە خۆم ئەڵێم ئێرە باکووری زەوی وەهای لێ بەسەرهاتبێ، داخۆ ئەوێ ئەبێ چۆن بێت! وادیارە سەردەمانێک دێت کە ئاخرییەکەی هەر هەموو خەڵکی بە هەر رەگەز و نەتەوە و عێڵ و عەشرەتێکەوە لێرە لە باکوور لە قووتەی زەوی کۆئەبنەوە.

چەند مانگی تر ئەگوزەرێ. رۆژێک کاک کارۆخ تەلم بۆ ئەکا، ئەپرسێ داخۆ کاتم هەیە پێکەوە بچین پیاسەیەکی بۆ بکەین و لە شوێنێک دابنیشین و قاوەیەکی بخۆینەوە. لەگەڵ ئەوەی ئیشم هەیە و سەرم قاڵە، ئەڵێم باشە. پێم وابێ بێتاقەتی شێوەی قسەکردن و جیهانبینیی تایبەتی کاک کۆچەر بووم.

ئەو رۆژە هەوا ئەگەرچی رۆژێکی پاییزییە، بەڵام خۆشە و سروشتی رەنگاوڕەنگ سەرنج دەقۆزێتەوە. بە بینینی کاک کۆچەر بزەیەک ئەمگرێ. لەبەر خۆمەوە ئەڵێم کوڕە خۆزگەم بە خۆی، بەس نیە زۆر کۆڵی پێوە هەڵنەگرتووە!

هێشتا چەند خولەکێک تێنەپەڕیوە کە هەست ئەکەم کاک کۆچەر پەستە. بەڵام هیچ ناپرسم. ئەزانم بۆ خۆی ئەکەوێتە قسە. ئێ سیحەتت چۆنە کاک کارۆخ گیان، بە خوا برا وەڕەزیم کردبووی، دەی لەگەڵ ئیشا چۆنی ها، خۆ ئەڕوا؟ کوڕە خۆ ئەزانی نەخۆشێکی تازەمان بۆ هاتووە. ئەو رۆژە ئیشم لەگەڵا کرد. گەوا بە رووت و قووتی ێت و ئەچێ، ئاگات لێ نەبێ دەستبەجێ خۆی رووت ئەکاتەوە و گەواد کێریشی ئەڵێ لە هێستری دزیوە، ئا ئەمەندە ئەبێ هە هە هە… بەڵام ئاسان بە دەستەوە ێت، کارکردن لەگەڵیا خۆشە، گوێت لە ئەگرێ، بەستەزمانە. هەر ئەمەیش بۆ ئێمە گرینگە وا نیە کاک کارۆخ گیان؟! ئەڵێم بێگومان وایە، ئێمە کارمان بە شتی تریەوە نەداوە. بە من چی لە هێستری دزیوە!

لێرەدا کتوپڕ مەوزوعی قسەکە ئەگۆڕێ و ئەڵێ کاک کارۆخ گیان بە خوا برا، ژنەکەم لێم جیا بووەوە، بە خوا برا لەگەڵیا پیاو بووم، ئەوەی لە دەستم هات بۆم کرد، لەگەڵیشیا بەڕاستی پیاو بووم، بەنەخوێنی حەرامم نەکردەوە، بەڵام پێی نەزانی، دووای هەشت ساڵی رەبەق ژیانی هاوبەش لێم جیابووەوە، ئەها بەخوا ناوەکەیشم لەسەر قۆڵم نووسیوە (کراسەکەی هەڵداوە و تاتووێکی گەورەی پیشاندا)، ئەیچۆن من ئاوا بووم لەگەڵیا، بەڵام پێی نەزانی، بە خوا برا نە دەستم لێ بەرزکردەوە و نە لە گوڵ کاڵترم پێ وت، بەڵام ئیتر ژنە و وایە! دەی با خۆی بڕوا بزانم چی ئەکا. پێت وایە لەم وڵاتە حیز و گەوایە پیاوی وەک منی بۆ ئەدۆزرێتەوە؟ خۆت باشتر لە من ئەزانی کاک کارۆخ گیان کە لەم وڵاتە پیسە هەموو بە شوێن گایینی ژنەوەن نەک ژیانکردن لەگەڵیا. وەک پەڕۆ کۆنی لێ ئەکەن، ئەویش لەو تەمەنەی ئەوا کە ئیتر ئەوە نەماوە، دڵنیات ئەکەم پەشیمان ئەبێتەوە، ئا، ئەوەننەی پێناچێ خەفەتی من دایئەگرێتەوە،… ئەیچۆن، پیاوەتی لە دوورەوە جوانتر دەرئەکەوی. لە نزیکەوە قەت قەدری نازانی.

من جگەرەیەک دائەگیرسێنم. سەیرم ئەکا و ئەڵێ نەمزانیبوو جگەرە ئەخۆی! ئەڵێم جگەرەخۆر نیم، جاروبارە ئەویش زۆر بە دەگمەن حەزم لێیەتی. ئەڵێ کاکە وازی لێ بێنە، وەک من سنووس بخۆ، باشترە. ئەو دووکەڵە حیزە باش نیە سی و میت دائەڕزێنێ، بۆنی دەمیشت ناخۆش ئەکا و پەستاوی خوێنت ئەباتە سەرەوە. کاکە گیان تۆ ژنت هەیە و ئەبێ ئاگات لێی بێ. ئەوسا سنووسەکەی دەردێنێ و ئەوی پێشووی ناو دەمی فڕی ئەدا و یەکی تر ئەخانە ناو دەمییەوە. دیسان لێوەکانی و شەویلکەکەکانی دەکەونەوە گەڕێکی بێ بەزەییانە،… هەتا سنووسە تازەکە جێی خۆی لە شوێنێک لە نێوان لێوی سەرەوەی و پووکەکەی ئەدۆزێتەوە. ئەیچۆن کاکە من پیاوێکی دامێن پاک بووم، یەعنی بە حەیاتم بەنەخوێنی حەرامم نەکردووتەوە و بگرە لە کاتی گەنجیەتیشما. لێی گەڕێ ئەوە چییە پیاو ئەوەننە بێ قیمەت بێ و بچێ قەحبە بگیێ! جا تخوا ئەوە پیاوەتییە، ئێ گەر ژنت دەست نەکەوت دەستی خۆت بگیێ و تەواو، رێز و حورمەتت زیاترە، ویژدانت پارێزراوترە. ئەوانەی ئەوە ئەکەن پیاو نین، گەوا و ژن حیزن! بە خوا برا ئەو کوردستانە دەیبینی پڕبووە لە قەحبە، لەهەر جۆرێکی پێت خۆش بێ دەست ئەکەون، قەحبەی ئێرانی، رووسی، عەرەب، تورک و بگرە لە چاوبچووکەکانیشی، ئەم گەوادە دایک حیزانە بە برایم خەلیل و بە دوکان و بازاڕ و شەریکە و بازرگانی و نەوت و غاز رانەوەستان و، پەنایان بردووە بۆ ناوگەڵی ئافرەتیش،… ئەیچۆن هەر خەریکی پارە کۆکردنەوەن، کوردستان پڕ بووە لە مەنها، کاکە گیان لە قەراخ جادەکان رائەوەستن، گازینۆ و باڕ هەیە، بە خوا برا ئافرەتی وای تیایە سەرت بە جوانی و بە لەش و لاری سووڕئەمێنێ، ئەڵێی حۆری بەهەشتن. کە ئەیانهێنن لە پێشا مەسئوولەکان سواریان ئەبن و ئەیانگیێن و ئەوسا نۆرەی خەڵکی ێت، تەقانن سەرەتا هی خۆیانە، ئەیچۆن میللەت پاشەخۆرەیە، یەعنی هەمیشە پاشەخۆرە بووە، لە کووزیشا وایە، جا ئەو خەڵکە حیزەی ئێمە فێرە، فێری گەوادیە. بە خوا برا وەهایش نیە، پارە هەیە و شوکور وەزع باشە، بەڵام ئەم سەروسەکوتانە خەڵکیان بێتاقەت کردووە. کاک کارۆخ گیان ئەمە پلانی ئەمەریکا و ئیسرائیلە ئێران و تورکیا و عێراق ئەبێ هەڵوەشێتەوە و پارچەپارچە بکرێن، ئا ئەمە پلانی ئیزرائیلی خوشک حیزەو لە بەرژەوەندیی ئەوانایە. پارچەپارچەیشی ئەکەن، ئەیبینی، ئەیچۆن بە چاوی خۆمان ئەیبینین، ئەم سەردەمە وەهایە کە پیاو زۆر شت ئەبینی، هەڵبەت نایدەنە دەستی ئەم خوشک حیزانەی ئیستا، نا نا، ئەبەد،… گرووپێکی تر ێنن، ناوی کوردستانیش ئەگۆڕن، ئەیکەن بە کوردستانیا، یان میری یان هەر شتێکی تر، بەڵام ناوەکەی ئیستا نامێنێ. ئەیچۆن کاک کارۆخ گیان! ئەبێتە شەڕ. تورکیا و ئێران و عەرەبەکان و ئیسرائیل ئەچنە شەڕێکی وێرانگەرەوە. رۆژهەڵاتی ناوەراست ئاداری بە سەر پادارەوە نەهێڵن. ئەیچۆن لات وایە ئەهێڵن ئەم خوشک حیزانەی ئیستا هەر ئاوا تا ئەبەد بە ئاسانی بیخۆن؟ نا نا، ئەبەد، ئەمان بەشی خۆیان بردووە و ئیتر تەواو، ئەبێ خەڵکی تر بێن. خەڵکێک کە باشتر بەرژەوەندی ئەوان بپارێزن.

کاک کۆچەر کە بە بێ پرسیارکردن لە من قاوەی ئیسپرێتۆی داواکردووە، قومێک لە قاوەکەی ئەدا و ئەڵێ کاکە گیان قاوەی ئیسپرێتۆ بخۆرەوە، دەرمانی دەردی زەختی خوێنە، سووڕی خوێن زیائەکا و ئیتر بۆ سەلامەتی باشە، بە خوا برا من رۆژی چەن جار ئەیخۆمەوە، جیهازی تایبەتم بۆ کڕیوە، بەڵام هۆشت بێ لەمە زیاتر نا، زیاڕەوی باش نیە، لە هیچ شتێکا باش نیە، جا کاکە گیان من قەحبەگێ نیم بەخوا لەگەڵ ئەوەی لە ژنەکەم جیابوومەتەوە، بەڵام دەستم بۆ ئافرەت بە پارە نەبردووە. خۆ خوا پەکی نەخستووە، چی زۆرە ئافرەتە، قەدریشم ئەزانن، خۆ وەک ئەوەی خۆم نیە. نا، کەر بوو و نەیزانی منی لە کیس چوو. دوواتر پێی ئەزانێ و ئەوجا بە ئەژنۆکێشانیش دادی نایا، من ژنیشم دەست نەکەوێ دەستپەڕئەکەم، ئەیچۆن کاک کارۆخ گیان، ئەی خوا دەستی بۆ داوە، ها، بۆ یاویەتی؟ عەقڵیشی یاوە تا لە کاتی وەهایا شەرەف و کەرامەتی خۆت بپارێزی، ئا، دەست و ئەقڵ کە یەککەوتن دەبن بە کەرامەت نەک بە ئاودەست! لێرەدا کاک کۆچەر بزەیەک ئەنیشێتە سەر لێو و قەراخ چاوەکانی و لێم ورد ئەبێتەوە. ئەوسا ئەڵێ چۆن بووە کاک کارۆخ ها، تو خوا پێت چۆن بوو؟ ئەیچۆن کاکە ئەوەننە گێژ و وڕیش نیم، کەمێک لە دونیا ئەگەم، ئا، لە قسەیش ئەزانم. بەشەرەفم بەختم نەبوو، ئەو گەوادەی باوکم نازانم بۆ پێی نەخوێندم. زیرەک بووم لەبەر ئەمە. بە خوا برا کە زیرەک بووی باوکیشت لێ ئەبێتە دوژمن، ئیتر ئەوە شوێنی تر هەر هیچ، لە پێشمەرگایەتی ئەو مام جەلالە پیاکوژە نەیهێشت ببم بە شت. دەیزانی زیرەکم، ئەچوو خولەی مینای ئەکردە مەسئول کە ئەو ژن حیزە ئەچوو خوشکەزا و حیمایە گەنج و لووسەکانی خۆی ئەگا، دوواتریش حیمایەکانی ئەچوون ژنەکەیان ئەگایەوە. ژنەکەی قوونی بە پەنجەرەکەوە ئەنا و ئەوانیش دەی یاڵڵا! ئا، ئەو خوشک حیزە قوونگێ بوو. شوکور لە دووای راپەڕین تووش سەڕەتان بوو و تۆپی، ئەگینا مناڵی کەس و کار و هەموو کوردستانی ئەگا. پێم وابێ مام جەلام کە ئاگای لە هەموو شتێ بوو، هەتا راپەڕین تەحەممولی کرد و بەڵام لەوەبەدووا ژەهرخواردووی کرد و تۆپاندی. ئیتر پێویستی پێی نەما. ئەو گەوادە پیاوکوژ بوو پیاوکوژ، لە دووای راپەڕین جەلالی گەواد دەیزانی خولەی قوونگێ حەیای دەبا و ئێرە شارە و شتی وانابێ، دەرمانداوی کرد و تۆپاندنی، دەستی خۆش بێت. بە خوا برا لە پێشمەرگایەتیش من بەنەخوێنی حەرامم نەکردەوە. ئەی کاک کارۆخ گیان چۆن شتی وا ئەبێ، ئێمە لەسە گەیەی ئەو خەڵکە فەقیر و هەژار و قوڕبەسەرە بووین و بچین کچ و ژنیشیان بگیەین!؟ نانا، شتی وانابێ، بەڵام هەبوو ئەیکرد، بە خوا برا هەبوو لەبەر ئەمە هاتبوو ببووە پیشمەرگە. هەر ئەوانەیش، ئیستاکە مەسئوولن! تێدەگەی مەسئوولن! دە تو خوا لێی گەڕێ خەڵی دوواکەوتوو و نەزان هەر بۆ گایین باشن. ئەی وانیە توخوا؟!

کاک کۆچەر نەیهێشت پارەی قاوەکان بەم. وتی جا چۆن شتی وا ئەبێ، وتی تۆ میوانی منی نەک من میوانی تۆ. بەڵگەکەیشی ئەوە بوو ئەو منی بۆ دەرەوە بانگ کردبوو، نەک من ئەو. وتم کوڕە فەرقی چییە؟ وتی نا فەرقی زۆرە، تۆ رێزی تایبەتیت هەیە و هەر ئەوەننەی ئەمڕۆ لەگەڵما بووی بۆ من زۆر و تایبەتە!

لەگەڵ کاک کۆچەر ماڵئاواییمان کرد و، هەر کامەمان بە رێی خۆماندا رۆیشتن. کاک کۆچەر خۆی بە دووکانێکا کرد. بە خۆم وت بێگومان سنووس ئەکڕێ. ئەمڕۆ سنووسێکی زۆری بە نێوان لالێو و پووکیا کردبوو.

لە سەر رێی ماڵەوە بیرم لەوە ئەکردەوە کە ئاخۆ لەملاولا بە من چی بڵێ!

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ژێرنووس:

١ـ سنووس جۆرێکە لە جگەرە یاخود تووتنی بێ دووکەڵ کە تەنیا لە نۆروێژ و لە سوید دەستدەکەوێ و لە قوتووی بچوکدا دەیفرۆشن. شێوەی بەکارهێنانیشی وەهایە کە هەر جارەی دنکێکی بچووک دەخەنە دەمیانەوە و لە نێوان پووک و دیوی ناوەوەی لێو رایدەگرن تا بۆ خۆی بەرەبەرە دەتوێتەوەو جەزبی خوێن دەبێ. سنووس لەم دوو وڵاتە یەکجار باوەوە و، خەڵکێکی زۆر بەکاری دێنن. (نووسەر)

ئەم چیرۆکە لە کتێبی “دەنگی شەقام” چاپ کراوە.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *